دۆستان! فرە خۆشحاڵم
دۆستان! فرە خۆشحاڵم
ماوەیەکی کورتە شەپۆلۆچکەکان خەریکن بەستێنی مەندی ئەدەبیاتی داستانی لای خۆمان ئەبزوێنن، چیتر رووپەڕە مەند و وێستاوەکەی وەڕەزم ناکا و پرشنگی شەوقێ ــ هەرچەند کاتی ــ دەروونم دائەگرێ و ئۆخژنێ بە دەمارەکانمدا ئەگێڕێت. هەر لە گێڕانی کۆڕە داستانییەکەی مەریوانەوە بگرە تا زنجیرە کۆڕەکانی ‘رەخنە و لێکۆڵینەوە’ی ئەم دواییانەی سەقز و هەنووکەش دەرکەوتنی تەئویلێکی شەخسی بۆ رۆمانی “باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام”ی فەڕوخ نێعمەت پوور لە لایەن بەڕێز عەزیز مەحموودپوورەوە. هەموو ئەمانەش بە شەماڵن رادەخووشێن و بە گوێماندا ئەچرپێنن کە هەواڵی خۆشی داستانی بەڕێوەن و چیتر شێعر تەنهاداگیرکەری ساحەی ئەدەبیاتی کوردی نابێ و لەمەدوا دەبێ کەمێک خۆی هەڵڵوشێتەوە.
هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نایات کە ئەبێ لە قەدر و بایەخی شێعر هەڵگیرێ و بخرێتە سەر چیرۆک و رۆمان، بەڵکوو مەبەست وایە ئەم دوو ژانرە بەرچاوەی ئەدەبیات وەک جووتێکی هاوکەفوو، ببنە رێبواری ئەو بەستێنە بکر و نەناسراوە یان کەم ناسراوە. لەو سێ ئێلێمانەشی کە لە پێشدا ئاماژەم پێداون نووسراوەکەی کاک عەزیز مەحموودپوور ــ کە لە سایتی قەڵەمیشدا هاتووە ــ زیاتر لەوانیتر خەنی کردم و بووە مایەی خۆشحاڵیم. هەڵبەت ئەم خۆشحاڵییەم لە بەر ئەوە نییە کە نێوەرکی دەقەکەی ئەو بەڕێزە پڕاوپڕ سەرنجمی پێکابێ و لە گەڵ بۆچوونەکانی مندا وێک بێنەوە، بەڵکو جۆری رچەشکێنی و بوێرییەکەیەتی کە لە گۆڕەپانی پیرۆزکراو و نانبەقەرزدەری ئەمڕۆی ئەدەبیاتی ئێمەدا ئەمهەژێنێ و دەبێتە هۆی وەگەڕخستنی زنجیرەیەک لەرە بۆ راچڵەکاندنی جەستە و زەینە مەییوەکانمان.
هەرچەند ئەشکرا ئەو راچڵەکانە پتر بە ئامێری رەخنە بکرێ تا جۆرێک رەتکردنەوە و بە کاربردنی زمانێکی زبر و رووشێنەر. ئەوەش ئەزانم کە ئێمە هاتووین تابۆکان بشکێنین نەک بەرهەمهێنەریان بین و شکاندنی تابۆش، بە دەربڕینێکی سۆزاوی و نەرمە بێژی ناکرێ و گەریش تابۆی دەقێک بشکێندرێ، لە ئان و ساتی یەکەمدا خۆدی نووسەرەکەی سوودی لێ ئەبینێ پاشان رەوەندەکە. نامەوێ لەوە زیاتر زێدەڕۆیی بکەم و دەچمە سەر مەبەستی سەرەکیم لەم نووسینە و، وەک خوێنەرێکی ئەو رۆمانە ــ کە چەند جاریش خوێندوومەتەوە ــ نەک لێکۆڵەر و رەخنەگرێک، بۆچوونەکانی خۆم گەڵاڵە ئەکەم و ئەوەی لێی هەڵدێنجم وەک بێلایەنێک دەیخەمە بەر تیشکی سەرنجی ئێوەی ئازیز.
۱ــ ئێمەی رۆژهەڵاتی بە گشتی و کورد بە تایبەتی، تا ئاسۆکانمان بەربڵاو نەکەین و نیگامان نەبەینە دەرەوە و لەو دوورانەوە خۆمان نەبینین ئەستەمە لەم دۆخەی ئێستامان دەرباز و لە بەرخۆری رزگارمان ببێت؛ واتە دەبێ ژاپۆنیانە لە دەرەوەی هەسارەکەمانەوە بڕوانینە گۆی زەوی و پاشان کیشوەر(قارە)ەکەمان و دواتر ناوچەکە و، ئینجا ژینگەی دەروبەرمان، تا ئەوەی وا هەست نەکەین تەنها ئەم جوغرافیا بچووکەی ئێمە لە جیهاندا هەیە و ئەوەی لێرەیە و دەورووبەری ئێمەی تەنیوە هەمان شتگەلن کە لە تەواوی دونیادا بوونیان هەیە. واتە بینینی دونیا بە چاوی ئێرە و لە روانگەی دەقە ساکار و لاوازەکانی خۆمانەوە، غافڵ لەوەی کە لە هەشتاکانی زایینی بەم لاوە شەپۆلێکی ئەدەبی/ فەلسەفی نووسین لە رۆژئاوادا دەستی پێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە و رۆمانی ” دونیای سۆفیا”ی یۆستین گۆڕدێر یەکەیەکی بچووکە لەو خەرمانە.
۲ ــ لەم رۆژانەی ئەخیردا بەرنامەی “ئاپاڕات”ی بیبیسی، فیلمێکی زۆر جیاوازی نووسەر و دەرهێنەری بە ناوبانگی ئێرانی” موحسێن مەخمەڵباف “ی لە ژێر ناوی ” هاواری مێرووەکان ” بڵاو کردەوە کە جیاواز لە شکاندنی تابۆی سێکسی، بە وتەی خودی موحسین مەخمەڵباف و چەند لێکۆڵەری دی، فیلمەکە شێوازێکی (غیر معمول) هەرە جیاوازی رەوایەتی گرتۆتە بەر و لە گەڵ هیچ پرێنسیبێکی داستانیدا ناخوێنێت. ئایا ناکرێ ئەمە لە دەقێکی داستانی لای ئێمەشدا وەدی بێت؟
۳ ــ وەک بەڕێز عەزیز مەحموودپوور لە دەقەکەیدا ئاماژەی پێداوە و ئاراستەی رەخنەکەشی بەرە و هەرێمی تەداعی رەخنەی سوننەتی و کلاسیکی سەدەی هەژدە و نۆزدەیەم دەیبا و وەک شێواز و فۆرمی رەخنەی نوێ ” منطبق ” نییە بە سەر بەستێنی تیۆریدا، منیش هەر بەو دابە لە وتەی یەکێک لە ساحەب نەزەرانی سەدەی نۆزدەیەم کەڵک وەردەگرم و لەو بڕوایەشدام ئەو بەڕێزەش وەک نووسەرێکی کلاسیک نووس رێزی بۆی دەبێت: مێتیو ئارنۆڵد، یەکێک لە بەناوبانگترین نووسەرانی سەدەی نۆزدەی ئینگلستان کە لە ئاکسفوردیش مامۆستا بووە و بۆچوون و تیۆرەکانی یارمەتی زۆریان بە پێشکەوتنی ئەدەبیات گەیاندووە لە شوێنێکدا دەڵێ: ” ئەدەبیات جودا لە لایەنە جوانیناسانەکەی و چێژبەخشییەکەی، دەکرێ هەڵگری گەلێک ‘آموزە’ی تریش بێت”. کە ئەم وتەیە پرشنگێکە بۆ رووناک کردنەوەی ئەو هەرێمە تاریکەی پێمان وایە ئەدەبیات تەنها لە چێژ و ئیستاتیکادا چڕ بۆتەوە و نابێ بپەرمێتە سەر لایەنەکانی دیکەی بوون. هەرچەند نکۆڵی لەوە ناکرێ گەر دەقێکی ئەدەبی ئەم دوو فاکتەرەی تێدا نەبێ، بێ گومان ناوازەتریش نابێت.
۴ ــ ئایا دەکرێ دەقێک بنووسرێ و نۆرمی دەقە باوەکانی رابوردوومان بشکێنێ کەچی ئێمەش زۆر بە سانایی لە گەڵیدا پەیوەندی بگرین و چێژ و لەزی خۆمانی لێبەرین؟ تۆ ناڵێی ئەگەر خوێندنەوەمان رەوتێکی عادی بپێوێ و لە گەڵ جاران هیچ جیاوازییەکی نەبێ لە گەڵ دەقێکی ئاسایی تردا بەرەوڕوو نین؟
۵ ــ ئەوەی بزووتنەوە ئەدەبییەکانی خوێندبێتەوە و لە سەر توخمی کات/شوێنی ئەدەبیاتی پۆست مۆدێڕندا هەڵوێستەی کردبێ، بە روونی لای ئاشکرایە کە کات/شوێن هەمان کات/شوێنی کۆنکرێتی دەقە کلاسیکەکان نییە و دەکرێ ــ وەک چۆن خیاڵ و رۆئیا سنوور ناناسن ــ رووداوەکان لە شوێن/کاتێکدا رووبدەن بە هیچ شێوەیەک بۆنی واقعیان لێ نەیێت.
۶ــ وەک خۆم ئەوەی بە زەقی لەو رۆمانەی فەڕوخ نێعمەت پووردا دیبینم و بە بۆچوونم بووەتە هۆی نزمبوونەوەی ئاستی ئەدەبی دەقەکە، لاوازبوونی رەوایەتی داستانییەکەیەتی و نەبوونی گرێچن و رووداوگەلێک کە دەبنە هۆی دەرگیرکردنی خوێنەر و، بەرەو کرانەوەی گرێچنەکان دەیجووڵێنن. جیاواز لەم بۆچوونانە، بە کارێکی جیاوازی ئەزانم و هیوادارم کەسانێکی زیاتری وەک بەڕێز عەزیز مەحموودپوور ببنە هۆی نەکوژانەوەی گڕی ئەو هەڵگیرسانە.
لە کۆتاییدا دووپاتی ئەکەمەوە من رەخنەگر نیم و تەنها بەشێک لە بۆچوونەکانم دەربڕیوە و ئەشزانم ئەو دەقە و تەنانەت دەقە زۆر لاوازەکانیش شیاوی زۆر لەوە زیاترن کە ئاوڕی جیدییان لێ بدەینەوە.
سپاس بۆ عەزیز مەحمودپوور
سپاس بۆ فەڕوخ نێعمەت پوور
دۆستان! فرە خۆشحاڵم. – رزگار لوتفی
دیدگاهتان را بنویسید