فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

وێنەی کەر

کات 17/01/1394 765 بازدید

وێنەی کەر

حەزی لە وێنەی کەرە. لە مێژ نییە ئەم حەزە تێیدا سەری هەڵداوە. لەو کاتەوەی کەری کۆڵانەکەیانی بینی کە بە دەم راکێشانی گارییەکی زەلامی قورسی پڕ لە دۆی ترشەوە، پێدەکەنی و لە گەڵ هەموو کەس دەکەوتە قسەی قۆڕ و گاڵتە و جەفەنگ، ئیتر ئەو دڵی پڕ بوو لە کەر.

بە خۆشییەوە کەرەکان یەکجار جۆراوجۆر بوون: سپی، رەش، بەڵەک، قەڵەو، لەڕ، سەر زل. چاو خەمین، چاو زەق، کلک درێژ، کلک کورت، بەڕەڵڵا، خانەدان، روخسار پڕ لە مێش و مێشولە، رەزا قورس، رۆح سووک، کلک فڕفڕە، لووت چڵماوی، دەم بڵ، بێ خەیاڵ، نیگا مەند، گون درێژ، بێ حەیا، جووتە هاوێژ، هێور و لەسەرەخۆ، ئارەقاوی، بریندار، گوێ قوت، گوێ حیز، چاو حیز، یەک دەندە و سەرئەنجام خێر نەدیتوو، لە جۆرەکانیان بوون، بەڵام کەری ئەو رۆژەی گەڕەکەکەیان جۆرێکی تر بوو، جۆرێک کە سەرەڕای باری قورس، گەرمای تاقەت پڕوکێنەری هاوین، تەپ و تۆزی کۆڵان و شەق و جوێنەکانی خاوەنەکەی، پێدەکەنی و لە کاتێکدا دەنکە شقارتەکەی ناو دەمی بە ئوستادییەکی تەواوەوە ئەم بەراوبەر پێدەکرد، باسی لەو پشکەڵانە دەکرد کە تەنیا چەند سەعاتێک لەمەوبەر لە ناو تۆنگە دۆیەکان رێک پێش ئەوەی بگەنە شاری، دەریانهێنابوون. ئەم کە لە بەر تاقە دووکانی گەڕەکەکەیان دانیشتبوو و سەیری ئەو دیمەنەی دەکرد، پێی سەیر بوو کە بۆچی هێشتا ئەو هەموو خەڵکە لە گارییەکە ئاڵاون و لە سەر تۆنگێ دۆی تام پشکەڵاوی، هێشتا مقۆمقۆیانە و شەڕدەکەن. ئەو پێی سەیر بوو کە بۆچی خەڵک زۆرتر باوەڕیان بە خاوەنەکەی دەکرد تا خودی کەرەکە.  

ئیتر لەو رۆژەوە هەوڵی دا کەر تەنیا لە دەروونیدا نەبێ، بەڵکوو دیواری ژوورەکەیشی پڕ بکا لە وێنەیان. بۆ ئەم مەبەستە زۆر خێرا دەست بەکار بوو، بەڵام بە داخەوە وێنەی کەر زۆر بە دەگمەن دەست دەکەوت. بە ناچار پاش ماوەیەک کۆکردنەوەی پارە، توانی کامێرایەک بکڕێ و ئەوجار دەست بکا بە هەڵگرتنی وێنە لە کەرەکان. بۆ ئەم مەبەستە نەک تەنیا کۆڵانەکانی شار، بەڵکوو زۆربەی گوندەکانی دەورووبەری شاریش گەڕا و لە پاش ماویەکی باش، کۆمەڵێک وێنەی چاکی کەری کۆکردەوە. دوواتر یەک بە یەک وێنەکانی لە سەر دیواری ژوورەکەی هەڵواسی. وەها، جێگا بۆ شتی تر نەما. تەنانەت وێنەی کۆنەکانی باو و باپیرانیشی بە وێنەی کەرەکان داپۆشی. خەڵک گوتەنی، گەر زەمانێک ماڵەکە بە بوومەلەرزە رووخابا، ئەوا کەر دەیگرتەوە!

بە چەندین رۆژ لە ژوورەکەی دانیشت و، سەیری وێنەکانی کرد. رازی بوو. لێیان تێر نەدەبوو. بەو ئاکامە گەیشتبوو گەر مرۆڤ کاتی زیاتر بۆ ئەم وێنانە تەرخان بکا، دەیتوانی حاڵەتی زۆر زیاتر لەوەی کە سەبارەت بە کەر و دونیای کەر دەیزانێ، هەڵێنجێنێ. ئەو جاری وابوو بۆ ئەم مەبەستە نەک لە تەواوی وێنەکە، بەڵکوو تەنیا لە بەش یان پنتێکی بچووکی دەڕوانی. بۆ وێنە جارێکیان توانی لە برینی پشتی کەری ناو وێنەیەک، وێنەی بە دەیان و سەدان کەری تر بدۆزێتەوە کە خۆیان تێدا حەشار دابوو.

رۆژەکان تێدەپەڕین و ئەو، رازی و دڵخۆش تەنیا خەریکی بە سەرکردنەوەی وێنەکان بوو. تا کتوپڕ تێگەیشت کە وێنەیەک کەمە. رێک وێنەی کەری دۆکێشی لێو بە بزە و قسە خۆشی ناو کۆڵانەکەیان بوو کە جێگای لە ناو وێنەکاندا بەتاڵ بوو. لە کاتێکدا پێکەنینی بە گەمژەیی خۆی دەهات و لە کاتی هەستاندا بە ئەژنۆکانی خۆیدا دەکێشا، دەستی برد کامێراکەی هەڵگرت و رووی لە کۆڵان کرد. بەختی ئەو، رێک نیوەڕۆێکی گەرمی هاوین بوو. لە رۆژێکی وادا دۆغرمە خۆراکی خۆشەویستی خەڵکی گەڕەک بوو. دڵنیا لەوەی کەرەکە لە گەڵ خاوەنەکەی ئیستا لەوێ لە دەرەوە لە خول و جەولەی هەمیشەیی خۆیاندان، رووی لە کۆڵان کرد، بەڵام کۆڵان چۆڵ چٶل بوو. نەک تەنیا کەرەکە، بەڵکوو تەنانەت خەڵکیشی لێنەبوو. سەیرێکی سەعاتەکەی دەستی کرد. سەعاتی دووانزەی نیوەڕۆ بوو. بۆ دڵنیایی زیاتر سەری هەڵبڕی و لە ئاسمانیشی رووانی. هەتاو رێک لە سەر سەری بوو. کەواتە هەڵە نەبوو. ئەی باشە کەرە گاڵتەچییەکە بۆ دیار نەبوو؟

چوو لە بەر دووکانەکەدا وەک هەمیشە هەڵتووتا. چاوەڕوان مایەوە. جار جارە گوێی هەڵدەخست، هەم بۆ ناو دووکانەکە و هەم بۆ ئەو دەنگانەی “با” لەو سەری کۆڵانەوە جاروبار دەیهێنان. بەڵام هیچ خەبەرێک نەبوو. کات تێپەڕی. هەتاو کەمێک ملی بە حەوت تەبەقی ئاسمانەوە خوار کردەوە. وەک بڵێی دەیەویست جوانتر لە سیمای ئەم بڕوانێ. بێگومان خەڵک لە خواردنی دۆغرمەی ئەو رۆژە ببوونەوە، هەڵبەت گەر دۆغرمەیەک لە ئارادا بووبێ. ئەم پێی وا نیە دۆی ئەم رۆژانە بەشی چەند رۆژ بکا. لە بەر خۆیەوە گوتی: “هەر دێن، بۆ کوێ دەچن!”

بەڵام نەهاتن. خۆر داچوو و ئاسمان جارێکی تر وەک هەمیشە سەرەتا لێڵ و ئەوسا رەش هەڵگەڕا. هەستا و چووەوە بۆ ماڵ. خاوەن دووکانەکە کە بۆ یەکەم جار بوو دەیدیت درەنگ دەڕواتەوە، لە کاتێکدا بە سەرسوڕمانەوە سەیری دەکرد، گوتی: “خێرە؟” ئەم بە بێ ئەوەی وەڵامی بداتەوە، تەنیا رۆیشت.

کە گەیشتەوە ماڵ، لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا دانیشت و، لە وێنەکان لە ژێر تیشکی زەردی تاقە گڵۆپەکە راما. هەستی کرد یەکجار جێی ئەو کەرە شۆخە چۆڵە. دەبا هەرچی زووتر شتێکی کردبا. کە جوانتر لە وێنەکان راما، دیتی هیچ کام لە کەرەکان نەک تەنیا پێناکەنن، بەڵکوو زۆر مڕ و مۆچیشن. لە روخساری هەموویاندا (تەنانەت ئەوانەی وا لە پشتیشەوە وێنەیان گیرابوو)، خەم و کەسەرێکی سەیر دەبینرا. تەنیا، کەرە دۆکێشەکە بوو سیمای جۆرێکی تر بوو، جۆرێک وەک ئەوانەی وا گوێ نادەنە دونیا، یان وەک ئەوانەی پلانی گەورەیان بۆ دونیا هەیە. پلانێک وەک گۆڕان و دونیایەکی نوێ. دونیایەک کە تێیدا چیدی هیچ کەرێک دۆی تام و بۆن پشکەڵاوی بە گەرمای تاقەت پڕوکێنی نیوەڕۆ بۆ ناو کۆڵانەکان راناگوێزێ.

وەڕەزە. رقی لە گەمژەیی خۆیەتی. ئەو دەبا زانیبای کە هەندێ وێنە و رووداوی ژیان، یان تەنیا جارێک خۆ دەردەخەن، یان تەنیا چەند جارێک دووپات دەبنەوە. ئەو، دەبا بە شێوازی کەرەکە زانیبای کە لە گەڵ دیمەنێکی یەکجار دەگمەن رووبەڕوویە. لە بەر خۆیەوە گوتی:

ـ ” خەتای ئەویشە، گەر چاویلکەیەکی رەشی لە چاودا بایە، زووتر دەمزانی!”

دووکانەکەی گەڕەکەکەشیان پڕ بوو لە چاویلکەی رەشی بەرهەتاو.

چەند رۆژ دوواتر لە کاتێکدا لە ژوورەکەی دانیشتبوو، دیسانەوە گوێی لە دەنگی دۆفرۆشەکە بوو. خۆشییەک بە لەشیدا گەڕا. ئەوان لەوێ لە کۆڵان بوون، وەک هەمیشە. بە پەلە کامێراکەی هەڵگرت و چووە دەر. لەبەر خۆیەوە گوتی: “ئەگەرچی هەوا کەمێک فێنکی کردووە، بەڵام گرینگ نیە، بڕوا ناکەم لە جەفەنگی خۆی کەوتبێ.”

کە چووە دەر، لە بەر دووکانەکە هەمان پیاو و هەمان گاری و هەمان کەری بینییەوە. بەڵام راوەستە! لە جیاتی کەرێکی شۆخی گاڵتەچی، کەرێکی بینی کە بە جێی خاوەنەکەی هاواری دەکرد و باسی لەوە دەکرد باشترین دۆی دونیا لای ئەوان دەست دەکەوێ. کە ماندوویش دەبوو، لە کاتی پشوودان دەستی دەبرد و لە جیاتی دنکە شقارتەکەی جاران، جگەرەیەکی بە لێوەوە دەگرت، کاتێکیش دایدەگیرساند و مژی لێدەدا، بۆنی پشکەڵی بە هەموو گەڕەکەکەدا بڵاو دەکردەوە. بۆنێکی چڕی بن ژەنگاوی.

ئەم بیری کردەوە:

ـ “کەری بە راستی گوێ لە مست!”

وێنەیەک کە جێگای ئەویش لە ناو وێنەکانی ژوورەکەیدا یەکجار بەتاڵ بوو.  

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لە کتێی “سێوە گڕاویەکان” چاپ کراوە.

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *