گرێی سپی جێژنانە
گرێی سپی جێژنانە
نەک ئێمە، بەڵکوو چۆلەکە پاسارییەکانی بن میچ و ناو درەختەکانی کۆڵانەکەیشمان تەواوی ساڵ (ئەوانەی وا دەیانتوانی لە سەرمای تاقەت پڕوکێنی زستان دەربازیانبێ) چاوەڕوانی جەژنی رەمەزان و قوربانیان دەکرد. چونکە لەو دوو رۆژەدا هەم زبڵدانەکان ئاوەدانتر دەبوونەوە و، هەم منداڵەکانیش لەتاو جێژنانە ئەوانیان لەبیردەچووەوە و، ئیتر بەردیان تێنەدەگرتن. لە لای چۆلەکە پەسارییەکان ئەو دوو رۆژە رەحەتترین رۆژەکانی ساڵ بوون. رۆژە بەهەشتییەکان. تەنانەت هەندێکیان ئەوەندە خۆشحاڵ دەبوون کە پشیلەکانیان لەبیردەچووەوە و هەربۆیە زۆر ئاسان دەبوون با داویانەوە. لە گەڕەکی ئێمە نەک منداڵ و چۆلەکەکان، بەڵکو پشیلەکانیش سەرتاپا تامەزرۆ و بێ ئۆقرە، چاوەڕوانی ئەو دوو رۆژەی ساڵیان دەکرد.
لەبیرمە بە جل و بەرگی کەمێک رێک و پێکەوە (تا ئەو جێگایەی دەستی دەدا)، لە داڵانەکەدا رێک لە سەر ئەو رێگایەی بەرەو ژووری میوانەکان دەڕۆیشت، رادەوەستاین و بە حوجب و بزەیەکی پڕ لە دڵەڕاوکێ و خۆشیرین کردنەوە وە (ئەوەی کە داخۆ ئەم میوانە لە کاتی رۆیشتن دا جێژنانە دەدا یان نا)، وەها داماوانە و بە دەنگێکی پڕ لە پاڕانەوەی نهێنی سڵاومان لە میوانەکان دەکرد کە جاری وابوو پێمان وابوو تا گریان تەنیا یەک هەنگاومان ماوە. گریانی خۆشەویستی و پاڕانەوە و یەئس. میوانەکانیش کە دەستە دەستە، تاک تاک و دوو دوو دەهاتن و دەڕۆیشتن، وەها سەیریان دەکردین وەک بڵێی قاتڵی گیانیانین! هەر دوو لامان بە جوانی نیگای یەکترمان دەخوێندەوە و، لە مانا شاراوەکان دەگەیشتین. لە لایەن ئێمەوە:
ـ “تۆ بڵێی ئەمە چەندەی لێ هەڵوەرێ؟”
و لە لایەن ئەوانیشەوە:
ـ “ئەم هەتیوە پیسە چڵکنە، شەرت بێ خۆمی لێ گێل کەم!”
لەم دوو رۆژەدا ئێمە واتە چۆلەکە و پشیلە و منداڵ هەموومان پێکەوە بەختەوەرترین بوونەوەرەکانی جیهان بووین. بە پێچەوانەوە، گەورەکان، ئەوانەی وا ناچاربوون کۆڵانە و کۆڵان و ماڵەوماڵ بکەن، خەمگینترین بوونەوەرەکانی جیهان بوون!
لە ناو منداڵانی گەڕەکەکەی ئێمەدا تەنیا “خولە” بوو رقی لە جەژن بوو. خولە کاتێک خۆی لەوێ نەبوو، پێیان دەگوت “خولە قون خوار”، هەمیشە یان سەریان پاک پاک بۆ دەتاشی، یان ئەوەندە قژی بە سەرەوە دەبوو کە بە زەحمەت تەوێڵ و چاوەکان و لووتی دەبینران. ئەو لەم دوو رۆژەدا نە جل و بەرگی جوانی لەبەردەکرد (بۆ خۆی دەیگوت نیەتی)، نە بە تامەزرۆییەوە لە سەر رێگای میوانەکان رادەوەستا و، نە لە نێوچاوانیان رادەما. خولە، تەنیا کەسێک بوو لەو دوو رۆژەیشدا بەردەوام بیری لە چۆلەکە پاسارییەکان و کوشتنیانی دەکردەوە. وەک بۆ خۆی دەیگوت:
ـ “جەژنی قوربان یانی قوربانی کردنی چۆلەکە و یانی بۆنی خۆشی برژاویان، تەنانەت خۆشتر لە کەبابخانەکانی شار!”
لە حەوشەی قوتابخانەکە بە چقڵ و زبڵ و چیلکەی رزیو ئاوری بۆ دەکردنەوە.
خولە کە لە راستیدا ناوی “محمود امین اللە” بوو و منداڵی گەڕەک بۆ ئاسانکاری ناوی خولەیان سەر خستبوو، لەو دوو رۆژەیشدا هەر کە دەرفەتی دەهێنا، قۆچەقانییەکانی کە باشترین قۆچەقانییەکانی گەڕەک و رەنگە شاریش بوون، دەهێنا و دەستبەجێ یەک دوو چۆلەکەی بەردەدایەوە و تەختی زەوی دەکردن. ئەوسا ئێوارە درەنگان چۆلەکەکانی (کە لە دڵقێکی رەشی دەهاویشتن)، دەبردە حەوشەی قوتابخانە و دەستی دەکرد بە برژاندنیان. ماڵی خولە بە جەژنیش گۆشتیان نەدەخوارد. لەبیرم دێت خولە لە لای چۆلەکەکان بێزراوترین ناو و ناشیرینترین پەیکەری گەڕەک بوو. ئەوان کە ناوی خولەیان بۆ نەدەهات و لە جیاتی “خ”، بە “ج” دەیانگوت وەها بۆ “جولە”یان دادەگرت و جوێنی ئەوەندە پیسیان پێدەدا کە پشیلەکان لە شەرما جاری وابوو خۆیان لە پشت تەنەکە زبڵەکاندا دەشاردەوە!
کەس نەیدەزانی خولە بۆ رقی لە جەژن بوو. منداڵانی گەڕەک ئەم راستییەیان تەواو وەرگرتبوو و، ئیتر لە لایان ببووە شتێکی ئاسایی و هەربۆیە زۆر با سانایی لەگەڵیا دەژیان. بەڵام لای من بەردەوام ئەمە پرسیارێکی گەورە بوو. بەڕاستی خولە بۆ رقی لە جەژن بوو؟
سەرئەنجام یەکێک لەو رۆژانەی وا بە رێکەوت توانیم ببم بە میوانی گۆشتە برژاوەکانی خولە لە حەوشە گەورە و پڕ لە دڕکەکانی قوتابخانە، توانیم رازی ئەم رقە بدۆزمەوە (دە ساڵ دوواتر کاتێک شۆڕش کرا و بۆ یەکەم جار شیعری رقی پیرۆزی هێمنی شاعیرم خوێندەوە، یەکسەر بە پێچەوانەی خەڵکی تر لە جیاتی جەللاد بیری خولە دەکەوتمەوە). ئەو رۆژە خولە لە کاتێکدا پەڕوپۆی چۆلەکەکانی بەجوانی لێنەدەکردەوە (بە تایبەت هی باڵەکانیان)و، بە تینی ئاور دەیسوتاندن (هەربۆیە گۆشتەکە تامی پەڕی سووتاویشی دەدا)، شووشە ئاسنێکی ژەنگاوی لە قونی چۆلەکە مرداربووەکان رۆدەکرد و دەیخستنە سەر ئاگرە پڕ لە دووکەڵەکە. لە دەرفەتێکدا سەرئەنجام دەستی کرد بە گێڕانەوە:
ـ “یەکەم جەژن، ئەوەی من لە بیرم دێ، ئیتر ئەوەندە گەورە ببووم کە بتوانم لە سەر رێگای میوانەکان راوەستم و بەخێرهاتنیان بکەم. دووای ئەمە، بتوانم چاییان بۆ دابنێم و هەروەها نوقڵیشیان بۆ بگێڕم. ساڵانی ساڵ لەوە پێش بوو. بەیانی زوو لە خەو هەستانیانم، جل و بەرگی کۆن بەڵام خاوێنیان بۆلەبەرکردم و پێیان وتم لە کوێ بێستم و چی بکەم و چۆن. منیش وامکرد (خولە گرێیەک لە منداڵییەوە لە دەنگیدا بوو، کە هەر ئەو سەردەمەیش دەنگی وەک دەنگی گەورەکان لێدەکرد. پێم وابێ هی دووکەڵ یان هی ئەو پەڕە سووتاوانە بوو وا بە گەروویەوە ساڵانی ساڵ بوو دەنووسا و دەنووسا). هەتا ئێوارە راوەستاوم. هەڵبەت خەڵک زۆر سەردانی ماڵئ ئێمەیان نەدەکرد. هەر ئەمە ببووە هۆی ئەوەی زۆر بە سەر پێوە بێستم و ئیتر زۆر نەجوڵێم. کە دەمویست بچم دابنیشم و کەمێک بحەسێمەوە، نەنکم وەها بە سەر سەرما ئەیقیژاند کە لەوانە بوو گوێم کەڕ بێ. باوکم و باوەگەورەیش ئەوانیش ئەبووایە بچنە دەرەوە و سەردانی ماڵی خزم و ئاشنا و خەڵک بکەن و جەژنەپیرۆزەیان لێبکەن. قسەکانی نەنکم کە هەر لە بەیانی زووەوە پێی وتبووم لە گوێما ئەزرینگانەوە، ئەبێ زۆر بە ئەدەب بی، کە سڵاو ئەکەی سەرت داخە، دەستت راست بگرە، رێک لە سەر رانەکانت، کە دەستیان بەسەراهێنای زیاتر مل خواربکەوە، لە کاتی نوقڵ دانانا بە هەموویان بڵێ فەرموو، زۆریش رامەوستە با نەتوانن زۆر هەڵبگرن، کە هەستان و ویستیان بڕۆن کاتێک بە بەردەمتدا تێئەپەڕن ئەبێ بە دەنگی بەرز حواحافیزیان لێبکەی و رێک هەر لەو کاتەیشا سەیری دەست و گیرفانیان بکەی، خولاسە لە ناوقەد بەرەوسەر سەیرکردن مەمنووعە!”
من کە جاری وابوو بۆنی خۆشی گۆشتی برژاو هۆشی لێدەبڕیم، لەوانە بوو لە هەموو قسەکانی تێنەگەم، بەڵام خولە جۆرێکی دەگێڕایەوە کە بۆنی هەر چی گۆشتی خۆشی دونیایە نەیدەتوانی سەرنجت لێ ون بکا. بە ئیستایشەوە پێم وابێ خولە گەر خوێندەواری هەبایە و کەسی خۆی بە دەورەوە بایە، دەبوو بە یەکێک لە نووسەرە گەورەکانی جیهان. بەهەرحاڵ، خولە درێژەی بە قسەکانی دایەوە و، گوتی:
ـ “لەبیرم دێ میوانەکان زۆریان نەئەدامێ. جاروبار ئەچوومە دەرەوە و لە منداڵەکانی ترم ئەپرسی، ئەمبینی ئەوان زۆر زیاتریان لە من پەیاکردبوو. من کە بەرەبەرە هەم ترس (ترس لە نەنکم) و هەم رق (رق لە رفیقەکانم) دایگرتبووم، ئەمجارە کە میوانەکان ئەهاتن تا ئەمتوانی بە دەنگی بەرز بەخێرهاتنم ئەکردن و، تا ئەمتوانی وەهایش سەیری دەست و گیرفان و خوار کەمەریانم ئەکرد کە لەوانە بوو بکەومە ناو پانتۆڵەکانیانەوە! بەڵام چاری نەئەکرد. بە پێچەوانەوە وەها بە تەعەجوبەوە سەیریان ئەکردم وەک بڵێی سەیری مناڵێکی شێت ئەکەن. بگرە هەتا رۆژ لێی ئەڕۆیشت، وەک چۆن هەتا هەتاو دائەچێ و تیشکی کز و کزتر ئەبێ، ئاوا جێژنانەکان کەم و کەمتریان ئەکرد. تەنانەت ئەوانەی وا جێژنانەیان نەئەدا بگرە زیاتریشیان ئەخوارد و چنگیان وەها لە جامۆڵکەی نوقڵەکان رۆئەکرد کە لەوانە بوو لە دەستمەوە بکەوێتە خوارەوە. جارێکیان نەنکم وەها زلەیەکی لێدام کە لەوانە بوو پەردەی گوێم بدڕێ. ئاخر ئەو پێی وابوو بۆخۆم نوقڵەکان ئەدزم!”
خولە سینگە چۆلەکەیەکی برژزاوی بەدیان لێکردەوە و بە بێ ئەوەی بیجاوێ، یەکسەر قوتی دا و ئەوجار درێژەی بە قسەکانی دایەوە:
ـ “سەرئەنجام بە هەر لەقەلەقێک بوو ئێوارە و شەو هات و ئیتر میوان تووی بڕا. باوکم و باوەگەوریشم هاتنەوە، بە گیرفانە هەڵماسیوەکانیانەوە کە پڕ بوون لە نوقڵ. من کە ئەبوایە قڕان بە قڕانی هەر جێژنانەیەک تەسلیمی نەنکم بکەم (نەنکم کە میوانەکان ئەڕۆیشتن هەر زوو ئەگەیشتە سەرم و سەرەڕای ئەوەی دووافلسم دەخستە مشتییەوە، بەڵام وەها بە دڕدۆنگی لێی ئەڕوانیم کە لەوانە بوو بۆخۆشیم باوەڕبکەم کە بەڕاستی هێشتا پوڵم لاماوە و هەموویم نەداوەتە دەستی! کە نانی شەو خورا، باوکم و باوەگەورەم چاییەکیان بەسەراکرد و یەکی توتن و پەڕەیەکیان پیچایەوە و کێشایان و ئەوسا باوەگەورەم کە هەمیشە بە مۆڕەکەوە سەیری منی ئەکرد، رووی لە نەنکم کرد و وتی بیانهێنە! نەنکم هەستا، چوو لە سەر تاقەکە لە پشت ئەو قاپەی کە ئایەتێکی قورئانی لەسەر نووسرابوو، دەستماڵێکی سپیی گرێدراوی هێنا. خستیە بەردەمی باوەگەورەم. باوەگەورەم بە لاچاو سەیرێکی باوکمی کردوو و، ئارام و بە بسم اللە وتن دەستی کرد بە کردنەوەی گرێ سپییەکە. گرێی یەکەم ئاسان کرایەوە، بەڵام گرێی دووهەم لەوەیا نەبوو! نە نینۆک، نە دیان، چاری نەئەکرد. هەڵبەت من کە پێم سەیر بوو چۆن باوەگەورەم کە باوەڕی توندی بەوە هەبوو کە نینۆک تاقە ماڵ و کۆخی ناو دونیای شەیتانە، نینۆکی ئەهێشتەوە، چوومە تەنیشت دایکمەوە کە بە دیار سەماوەرە خەڵووزەکەوە دانیشتبوو و وەک هەمیشە هەناسەی قوڵ و درێژی بە دزییەوە هەڵئەکێشا. باوەگەورە کە گرێی دووهەمی بۆ نەئەکرایەوە، رووی لە نەنکم کرد و وتی ئەرێ قەحبەی سەڵیتە! ئەوە میزت پیاکردووە و، لە بەر هەتاوا داتناوە وشک بێتەوە وا ئەوەننە توند و قایم بووە،… ناکرێتەوە؟ باوگەورە هینکەهینکی پێکەوتبوو. نەنکم بە بێ ئەوەی جواب بداتەوە، هەستا و چووە پێشەوە. بە دوو پەنجە گۆشەیەکی گرێکەی گرت و بەرەو لای خۆی رایکێشا و ئەوسا زۆر بە ئاسانی بە پەنجە پیر و گڕۆڵەکانی گرێ سپییە سیحراوییەکەی کردەوە. پەڕۆکەی خستەوە بەر دەمی باوەگەورە. باوەگەورەم کە مابووەوە چی بکا، وەها بە خێسەوە لە نەنکمی رووانی کە هەنێ لە قڕانی و دووقڕانییەکان لە سەر یەک خزان و پەڕۆکەیان بڵاوتر کردەوە. ئەوسا وتی حەک عەمر کورت بیت! لە رێوی ئەچێ و کەچی تاقەت و وزەی ورچی تیایە! نەنکم ویستی شتێک بڵێت، بەڵام گێڕایەوە. پێم وابێ ئەیویست پێی بڵێ کە پوڵەکە چەنەیە. بۆ پەشیمان بووەوە، نازانم. رەنگە لەبەر قسە ناخۆش و ناشیرینەکانی باوەگەورەم بوو کە ئیستاکە بە پێچەوانەی جاران یەکجار رقی هەستانبوو. باوەگەورە دەستی کرد بە ژماردن. بە باوکیشمی وت کە بە شوێن ئەوا بیانژمێرێتەوە. کە لێبوونەوە، ئاگام لێبوو باوەگەورە رەنگی گۆڕا. سەری هەڵبڕی و بە خێسەیەکەوە کە لە ژیانمدا شتی وام لێ نەبینیبوو، سەیرێکی کردم. دەستی کردەوە بە ژماردن. باوکیشم دیسان. بژمێرە و بژمێرە. ئەمجارە ئیتر کە لێبوونەوە خۆی پێ رانەگیرا و بە دەنگی بەرز وتی، بە بێ ئەوەی سەرهەڵبێنێ، هەتیوە حیزە! کوڕی سەگباب! هەر ئەوەیە؟… هەر ئەمە بوو؟ من کە نەمئەزانی مەبەستی کێیە، لە خۆشیی ئەوەی کە رەنگە لە گەڵ نەنکمی بێ زیاتر خۆم بە دایکمەوە چەسپاند. بەڵام خۆ هەتیو بە ژن نەئەگوترا. تامێکی تاڵ وەک نانی سووتاو کە جاری وابوو لە ترسی باوەگەورە لە سەر سفرە تفمان نەئەکردەوە و قوتمان ئەدا، لە ناو دەممەوە بەرەو ناوسکم بەڕێکەوت. دایکم هەناسە بێدەنگەکانی زیادیان کرد. ئەژنۆی بە ئەژنۆمەوە نا. دەستیشی سەرگەردان لە سەر قاڵییەکە دەهات و دەچوو. ئەرێ لە گەڵ تۆمە کوڕی زۆڵ! هەر ئەمە بوو؟ ئەوسا سەری هەڵبڕی و راستەوخۆ سەیری منی کرد،… سەیری ناوچاوانم. نازانم چۆن ئیستایش چاوەکانم لە جێی خۆیان ماون. نیگاکانی وەها قورس بوون وەک بڵێی خەریک بوون چاوەکانم لە ناو سەرمەوە بەرەو ناو سکم بە فشار بەرنە خوارەوە. رێک بەرەو ئەو خوارخوارانە. ژانەچاوێکی سەیر ئان و سات رووی تێکردم. دایکم دەستی گرتم. دەنگی باوەگەورە نەک ژوورەکە گەڕەکەکەیشی تەنیبوو. وتی، وەک سەگی پێ سووتاو قاچمان توێخی پێوەنەما ئەمڕۆ ئەوەندە گەڕاین، تا توانیمان ئەو بڕە پارەیەی پێمان بوو دەستمان پێیەوە گرت و تا توانیشمان گیرفانمان پڕکرد لە نوقڵ. بگرە ئەمساڵ کەمێک گیرفانەکانمان لای ئەحەی خەیات زلترکردەوە، تا توانیم خۆم لە نیگای منداڵە زۆڵەکان دزییەوە، هەتا توانیمان لە کاتی خواحافیزیدا خۆمان دووا ئەخست بۆ ئەوەی بە هۆی ئەوانەی پێشەوە لەبیرمان کەن، کەچی… کەچی ئیستا ئەبینم لەوەی داومانە یەکجار کەمترمان دەست کەوتووەتەوە. تۆی سەگباب، ئا، تۆی سەگباب ئەمڕۆ چیت کردووە؟… ها، پێم ناڵێی؟ بە قەد مناڵی خەڵکیت پێناکرێ؟ بە قەد کوڕە زۆڵە شەلەکەی سەیزایەت پێناکرێ کە ئەمڕۆ لە بەرچاوی خۆما یەک دنیا جێژنانەیان دایە؟
لێرەدا خولە قسەکانی راگرت. رووی لە ئاگرەکە هەڵگرت و کردیە من و، گوتی:
ـ “دەزانی سەیزادە بێوەژن بوو!”
منیش سەیزادەم دەناسی. سمتەکانی ئەوەندە گەورە بوون کە کاتێک بە رێگادا دەڕۆیشت، وەک کێوێک لە گۆشت دەلەرینەوە. کەس بە قەد نیگای پیرەکانی گەڕەک ئاشنای لەرینەوەی ئەو سمتانە نەبوون. خولە درێژەی بە قسەکانی دایەوە:
ـ “باوەگەورەم هەستایە سەرپێ. سەرەتا پێم وابوو بۆ من دێ، بەڵام هەستا و چووە بەر پەنجەرەکە. کتوپڕ ئارام بووەوە. باوکم توتن و پەڕەیەکی تری پێچایەوە و سوێندی خوارد کە لەم دونیایەدا هەموو شتێ به شانسە. وتی ئەڵێن گەر حەمە رەشی خان تەنیا دە تفەنگچی تری بوایە، حکومەتی بۆ هەمیشە دەشکان، ئەوسا ئیتر شاریشی نەئەسوتاند. باوەگەورەم کە دووکەڵەکەی بەسەرائەچوو (دووکەڵەکە وەک مار بەرەو پەنجەرەکە ئەکشا)، وەها بە خێسەوە لە باوکمی رووانی کە پشتە ملی باوکم سوورهەڵگەڕا. ئەوسا هەر بەو نیگایەوە رووی لە من کرد، هاواری کرد ئا وەرە ئێرە،… ئا وەرە ئێرە توخمە زۆڵ! من ئەمویست لە بیری خۆمی بەرمەوە کە لە گەڵ منیەتی. دایکم ئەژنۆی لە ئەژنۆم قایمتر کرد. دەستمی گوشی و، کەمێک خۆی لە سەر جێ جوڵاند. وەک بڵێی سکڵێک لە سەماوەرەکەوە کەوتبووە ژێر رانی. دەنگی باوەگەورە هەر دەهات، لە گەڵ تۆمە نگریس، باوان سووتاو! ئارام جوڵام. رێک بەرەو باوەگەورە. نازانم بۆ کتوپڕ هەستم بە غیرەتێکی سەیر کرد. بە دەم رێگاوە بیرم کردەوە چی ئەبوو گەر هەموو رۆژێکی ساڵ رۆژی کوشتنی چۆلەکە پاسارییەکان ئەبوو، رۆژی بۆنی گۆشتی برژاو لە سەر دڕک و داڵ و زبڵ. چی ئەبوو بمتوانیایە دایکیشم دەعوەت کەم و ئەوەندە بە دزییەوە لە ناو رۆژنامەی رزیو و کۆندا بۆی نەهێنمەوە. من نازانم خودا بۆچی جەژنی دروست کردووە. ئەڵێی رێگاکە سەدان کیلومتر دووربوو. هەر نەئەگەیشتمێ. باوەگەورەم وەک خاڵێکی بچوک، یەکجار بچووکی ئەو سەری رێگاکە دەهاتە بەرچاوم. سەرئەنجام گەیشتم. کە گەیشتم، کتوپڕ خاڵە دوورەکە وەها گەورە ببووەوە نەک هەر پەنجەرەکە، بەڵکوو هەموو ژوورەکەی لەخۆگرتبوو. ئێمە هەموومان ون بووین. ئیتر شتێکی وام لەبیرنەماوە. پشتم لێی بوو، لاشان یان رووبەڕووم،… نازانم. هەر ئەوەندە ئەزانم زەبرێکی وەها قورس سمت و کەلەکەی پێکام کە دونیا یەکسەر لەبەرچاوما رەش رەش هەڵگەڕا،… هیچ شتێکم ئیتر لەبیرنەما. دونیا تەخت تەخت، وەک فەرشی حەزرەتی سلێمان!”
سەیری خولە دەکەم،… خولە قون خوار. کە هەڵدەستێ بۆ ئەوەی چقڵ و زبڵی زۆرتر بۆ ئاگرەکە بێنێ، دەلەنگێ،… بە جەستەی خوارییەوە لەو پەیکەرانەی یۆنانی کۆن دەکا وا بە سەقەتی بەجێ ماون. کە دووکەڵەکەی لێدەئاڵێ، رێک لە شوێنی خواری جەستەی، بەشێک لە دووکەڵەکە چڕدەبێتەوە و لەوێدا زیاتر گێژ و لوول دەخوا. وەک بڵێی دەیانەوێ خولە راست بکەنەوە. وەها راست، کە بتوانێ ئاگرێکی وەها بکاتەوە بێ دووکەڵ. تەنیا گڕ،… گری خالس و بێ خەوش،.. خالس خالس. وەک ترس و خەونەکانی خولە، خولەی قون خوار!
فەڕۆخ نێعمەتپوور
ئەم چیرۆکە لە کتێی “دراکولا و سەفەر بۆ رۆژھەڵات” چاپ کراوە.
دیدگاهتان را بنویسید