سه‌فه‌ر به‌ره‌و ئه‌ودیوی بوون
سه‌فه‌ر به‌ره‌و ئه‌ودیوی بوون
خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ رۆمانی ” باڵنده‌ی بریندار، ماسی سه‌رسام ”
ئارام سدیق (سلێمانی)
سه‌ره‌تا
ئه‌لبێر کامۆ له به‌رگی یه‌که‌می یاداشته‌کانیدا ده‌نوسێت:”له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆژ له دوای رۆژ بیروڕاکان له‌سه‌ر ئه‌وه کۆک ده‌بن، ئه‌وه‌ی که ژیان به جوان و ساده بزانێت، که‌واته ناتوانێت له ژیان تێبگات”. مرۆڤ به درێژایی بوونی له هه‌وڵی ته‌فسیرکردن و تێگه‌یشتنه له بوون و ده‌خوازێت مانای پێ بدات. بۆیه کۆششی مرۆڤ ساڵ دوای ساڵ زیاتره و به سه‌دان و هه‌زاران رێگه‌ی جۆر به جۆریش گیراوه‌ته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به مانای جیاوازی بوون بگه‌ن. ده‌مه‌وێت له‌م رستانه‌وه بچمه سه‌ر رۆمانی (باڵنده‌ی بریندار، ماسی سه‌رسام)ی فه‌رۆخ نیعمه‌تپوور، یه‌کێکه له‌و رۆمانانه‌ی ده‌یه‌وێت به زمانێکی ساده باس له ئاڵۆزییه‌کانی ژیان بکات و له‌م رۆمانه‌وه ده‌یه‌وێت له‌ڕێی دوو فیگۆری سه‌ره‌کی رۆمانه‌که‌وه بگاته به ماناکانی بوون و تا له‌وێوه پێناسه‌یه‌ک بۆ ژیان ببینێته‌وه.
فه‌رۆخ له‌م رۆمانه‌دا جیا له رۆمانه‌کانی پێشووتری ده‌یه‌وێت خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ رسته‌کاندا به‌ره‌و دونیای بیرکردنه‌وه ببات. بیرکردنه‌وه‌یه‌ک له بوون و ئه‌و شوێنه‌ی ئێستا ئێمه تێیدا وه‌ستاوین. یه‌کێک له‌و شتانه‌ی له‌نێو بوونی مرۆڤدا گرنگی هه‌یه وشیارییه. بۆیه ئاماده‌بوون له‌نێو بووندا به وشیارییه‌وه گرنگییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه و هاوکات یه‌کێکیشه له‌و خاڵانه‌ی فه‌یله‌سوفانی بوونگه‌ری جه‌ختیان له‌سه‌ر کردۆته‌وه. هه‌روه‌ها بوونگه‌راییه‌کان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش کردۆته‌وه، که پێویسته مرۆڤ به نیگه‌رانییه‌وه له بووندا ئاماده‌یی هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌م نیگه‌رانییه نابێت ببێته هۆی تێکشکاندنی و بوونی بڕوخێنێت، به‌ڵکو بوونگه‌راکان داوای ئه‌وه ده‌که‌ن، که مرۆڤ نیگه‌رانییه‌کانی بکات به پرۆژه. مرۆڤ به پرۆژه‌کانییه‌وه ده‌توانێت بوونی خۆی له جیهاندا بسه‌لمێنێت.
له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌ی رۆمانی (باڵنده‌ی بریندار، ماسی سه‌رسام)ی فهرۆغ نیعمه‌تپوور ده‌ده‌ین به کۆمه‌کی فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی و هاوکات قسه له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێکی تری ده‌قه‌که‌ش ده‌که‌ین.
رۆمانه‌که
ڕۆمانه‌که بەسەرهاتی دوو برای خەیاڵی دەگێڕێتەوه، کە سەرەڕای ئەوەی لە دایکێک له دایک ده‌بن و دوانه‌ن، بەڵام هەر یه‌که‌یان خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی و ئه‌وه‌ش له‌وکاته‌وه ده‌ستپێده‌کات، که هه‌ر یه‌کێکیان لە یەکێک لە مەمکەکانی دایکی شیر ده‌خوات و ئەمەش چارەنووس و رێگای ژیانی ئەم دوو برایه له یه‌کدی جیا دەکاتەوە. رۆمانەکە سەفەری دوو برایە به‌نێو بووندا و نووسه‌ر که‌شێکی فه‌نتازی له‌نێو فه‌زای گشتی رۆمانه‌که‌دا خولقاندووه. نووسەر بە جوانی بیرۆکەی فەلسەفی لەسەر ژیان و بوون، به هه‌ناسه‌یه‌کی شاعیرانە له‌نێو رۆمانه‌که‌دا نه‌خشاندووه و هه‌ر ئه‌م زمانه شیعرییه وه‌کو یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه دیاره‌کانی ئه‌م ده‌قه ده‌رده‌که‌وێت.
هەڵبەت بۆ تێگەیشتنی ته‌واوه‌تی له رۆمانەکه خوێنه‌ر پێویستی به وردبوونه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی له ده‌قه‌که ده‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێک له رسته‌کانی نێو ئه‌م رۆمانه رسته‌ی کۆدئاسان. به‌بێ ئاگاداربوون له‌و کۆدانه کردنه‌وه‌ی ده‌رگا داخراوه‌کانی تێکسته‌که ئه‌سته‌م ده‌بێت.
ئه‌م له‌م رۆمانه‌دا لای من سه‌رنجڕاکێش بوو ئه‌وه‌یه که بوون تێمای سه‌ره‌کی رۆمانه‌که‌یه، به‌ڵام روون نییه نووسه‌ر ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێیته‌وه بۆ سه‌ره‌تاکانی بوون و له‌ڕێی هه‌ردوو فیگۆره سه‌ره‌کییه‌که‌ی رۆمانه‌که‌وه “باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام”ه‌وه ئایا ده‌یه‌وێت، چۆنێتی په‌یدابوونی ده‌ستنیشان بکه‌یت، بوونێکی نوێی فه‌نتازی بخولقێنیت؟ بێگومان نووسه‌ر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه له تێکسته‌که‌دا به رێژه‌یی ده‌داته‌وه و به جۆرێک ده‌توانین بڵێین له رۆمانه‌که‌دا به‌ر بۆچوونێکی ته‌واو یه‌کلایکه‌ره‌وه ناکه‌وین، که ئه‌مه‌ش پێده‌چێت په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌بێت نووسه‌ر بواری بیرکردنه‌وه و به‌شداربوونی بۆ خوێنه‌ر به جێهێشتبێت. به گشتی رۆمانه‌که تا دوا رسته‌کانی کۆتایی به ده‌وری فیگۆری “باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام”دا ده‌خولێته‌وه و هه‌ریه‌که‌شیان ڕووبه‌ڕووی چاره‌نووسی خۆیان ده‌بنه‌وه.
له‌باره‌ی ناونیشانه‌وه
نووسه‌ر بۆ ناونیشانی رۆمانه‌که‌ی په‌نای بردۆته به‌ر ناوی هه‌ردوو فیگۆره سه‌ره‌کییه‌که‌ی رۆمانه‌که‌ی که ئه‌مه‌ش به به‌راورد به دوو رۆمانه‌که‌ی پێشووتری نووسه‌ر جیاوازی ده‌بینین. ئه‌گه‌ر له ناونیشانی هه‌ردوو رۆمانه‌که‌ی پێشووتری نیعمه‌تپوور وردبینه‌وه ده‌بینین یه‌کێکیان ناوی “ساڵه‌کانی خه‌ون”ه و ئه‌ویدیکه‌شیان ناوی “په‌ڕه‌سێلکه‌کانی کۆچ”ه به‌ڵام له‌م رۆمانه‌دا باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام” نووسه‌ر جیاوازتر کاری له‌سه‌ر ره‌گه‌زی ناونیشان کردووه و ناوی هه‌ردوو فیگۆره سه‌ره‌کییه‌که‌ی نێو رۆمانه‌که‌ی کردۆته ناونیشانی رۆمانه‌که به‌ڵام هه‌ر له دوو رۆمانی پێشووتری نیعمهتپووردا هه‌ست به‌وه ناکه‌ین.
هه‌ڵبژاردنی ناوی فیگۆره سه‌ره‌کییه‌کان بۆ رۆمان به‌شی هه‌ره زۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و قورساییه‌ی ئه‌و فیگۆره له‌نێو بونیادی ده‌قه‌که‌دا هه‌یه‌تی. ده‌توانین ئاماژه به رۆمانی “زۆربا”ی نیکۆس کازانتزاکیس بده‌ین، که فیگۆرێکه قورساییه‌کی ته‌واوی له‌رۆمانه‌که‌دا هه‌یه، هه‌ر بۆیه کازانتزاکیس ئه‌و ناونیشانه‌ی هه‌ڵبژاردووه. هاوکات ئه‌گه‌ر سه‌رنج له چه‌ند نموونه‌یه‌کی رۆمانی کوردی بده‌ین ده‌بینین عه‌تا محه‌مه‌د له رۆمانی “خواجه نه‌سره‌دین”، که له پێناو پێکه‌نینێکدا ده‌کوژرێت، ناوی “خواجه نه‌سره‌دین” قورسایی ته‌واوی له‌سه‌ر رۆمانه‌که هه‌یه بۆیه نووسه‌ر ناوی ئه‌و فیگۆرهی له ناونیشانی رۆمانه‌که‌یدا به‌کار بردووه. هاوکات رۆمانی “هه‌وره‌کانی دانیاڵ”ی به‌ختیار عه‌لیش یه‌کێکه له‌و رۆمانانه‌ی دیکه له به‌هۆی قورسایی دانیاڵ له‌سه‌ر کۆی حیکایه‌تی رۆمانه‌که بۆیه نووسه‌ر ناوی ئه‌م فیگۆرهی لهناونیشاندا به‌کار بردووه.
لای نیعمهتپووریش به‌کاربردنی ناوی هه‌ردوو فیگۆری “باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام” به‌ته‌واوی په‌یوه‌ندی به قورسایی ئه‌م دوو فیگۆرهوه هه‌یه له‌سه‌ر حیکایه‌ته‌کان و زیاده‌ڕه‌وی نییه که بڵێین کۆی حیکایه‌ته‌کانی ئه‌م رۆمان له ده‌وری ئه‌واندا ده‌سوڕێته‌وه.
گێڕانه‌وه له‌نێوان ساده‌یی و ئاڵۆزیدا
کاتێک ڕۆمانه‌که ده‌ست پێده‌کات هیچ کام له دوو فیگۆری سه‌ره‌کی ڕۆمانه‌که بوونیان نییه و له به‌شی دووه‌می رۆمانه‌که‌دا له دایک ده‌بن. له به‌شی یه‌که‌مدا ده‌نگی گێڕه‌ره‌وه به‌ره‌و رووداوه‌کان ده‌مانبات و له به‌شی دووه‌مدا له‌گه‌ڵ له دایکبوونی دوانه‌ی باڵنده‌ی بریندار و ماسی سه‌رسامدا خوێنه‌ر له‌ڕێی هێزی گێڕانه‌وه‌وه به‌و دۆخگۆڕانه کوتوپڕ و له‌ناکاوه ئاشنا ده‌بێت، که هه‌ریه‌ک له دوو بوونه‌وه‌ره‌ی له دایک ده‌بن ده‌بنه دوو فیگۆری جیاواز له مرۆڤی ئاسایی. نووسه‌ر زۆر به ساده‌یی و له دایکبوونی ئه‌م دوو فیگۆره خه‌یاڵییه به خوێنه‌ر ده‌ناسێنێت و وه‌کو دوو سیمبوولی بوون دێنه نێو دونیای حیکایه‌تی ئه‌م رۆمانه‌وه.
هونه‌ری گێڕانه‌وه له‌م رۆمانه‌دا به‌شێوه‌یه‌کی ئاسان و هێڵێکی ته‌ریب نییه، به‌ڵکو خودی رۆمانه‌که جۆرێکه له گێڕانه‌وه‌یی تایبه‌تمه‌ندی شیعریی به‌سه‌ریدا زاڵه و له زۆرجێگادا ئه‌و زمانه شیعرییه که‌شێکی فه‌نتازی ته‌واوی خولقاندووه. وه‌لێ زاڵی ئه‌م زمانه شیعرییه چه‌ند بۆته هۆی خاڵێکی ئه‌رێنی بۆ رۆمانه‌که، به‌ڵام له هه‌مانکاتدا وه‌کو خاڵێکی نه‌رێنیش دێته به‌رچاو به‌وپێیه‌ی له هه‌ندێک شوێندا هێڵه گشتییه‌کانی گێڕانه‌وه به‌هۆی ئه‌م زمانه‌وه ون بووه. بۆیه ده‌بوو هاوسه‌نگی ته‌واوه‌تی له‌نێوان زمانی شیعریی تێکسته‌که و زمانی گێڕانه‌وه‌دا رابگیرایه.
نووسه‌ر له زۆر شوێندا هه‌وڵی ساده‌کردنه‌وه و ساده باسکردنی حیکایهتهکهیداوه، به‌ڵام له زۆر شوێندا ئه‌م ساده‌کردنه‌وه‌یه به ده‌ردی بونیادی رۆمانه‌که‌ی نه‌خواردووه، هه‌ر بۆیه نووسه‌ر ونبووه له‌نێوان ساده‌یی و ئاڵۆزیدا. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه که‌مێک حه‌وسه‌ڵه‌ی ده‌وێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌کو رۆمانێکی ئاسایی ناچێته نێو قاڵبه کلاسیکییه‌کانی رۆمانه‌وه، ئه‌گه‌رچی گێڕانه‌وه‌کان که‌مێک پچڕ پچڕه، به‌ڵام ئه‌و تێمایه‌ی نووسه‌ر هه‌ڵیبژاردووه و خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ رووداوه‌کاندا ده‌بات تا دوا لاپه‌ڕه‌کانی کۆتایی.
سه‌فه‌ر به‌ره‌و ئهویوی بوون
رۆمانی “باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام” له شێوه‌ی سه‌فه‌رێکه له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا سه‌فه‌رێک به‌ره‌و ئه‌ودیوی بوون، یان سه‌فه‌رێک بۆ ئاشنابوون به بوون. به جۆرێک نووسه‌ر جارێک بوون وه‌ک دیارده بۆ خوێنه‌ر ده‌خاته‌ڕوو و جارێکی دیکه بوون وه‌کو چه‌مکێک ده‌خاته به‌رده‌م شرۆڤه. ئه‌م رۆمانه رۆمانی سه‌فه‌ره. سه‌فه‌رێک به‌ره‌و ناوه‌وه‌ی خۆمان سه‌فه‌رێک به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی خۆمان. ناوه‌وه بۆ بیرکردنه‌وه له بوونمان وه‌کو بوویه‌کی سه‌ر زه‌وی. ده‌ره‌وه‌ش پێگه‌مان له‌نێو گه‌ردووندا چییه. هه‌ردوو فیگۆری “باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام” هێمان بۆ دووجۆر بوون جۆری یه‌که‌میان وه‌کو هێمای ئاسمان، که ده‌توانین فیگۆری باڵنده له‌م پۆلینبهندییهدا دانێین. جۆری دووه‌میش فیگۆری ماسی وه‌کو هێمای بوونی زهمیننشینی.
یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م رۆمانه که به‌ره‌و رۆمانێکی فه‌لسه‌فی، یان دروستتر بڵێم بوونگه‌ری په‌لکێش ده‌کات ئه‌و دابه‌شکارییه‌ی بوونه له‌نیوان ئاسمانی و زه‌ویدا. نووسه‌ر له سه‌ره‌تای رۆمانه‌که‌دا بوون له دیدی ئایینه‌کانه‌وه ره‌تده‌کاته‌وه و هه‌ست به‌وه ده‌کرێت که نزیکی له په‌یڕه‌وکردنی تیۆره‌ی فرۆیدی هه‌بێت کاتێک له لاپه‌ڕه ۳۱دا ده‌نوسیت”چ درۆیه‌کی گه‌وره‌یه مرۆڤ له ئاسمانه‌کانه‌وه دابه‌زیوه‌ته خواره‌وه”، لێره‌وه هه‌ست به ڕه‌تکرنه‌وه‌ی بیردۆزه ئاینییه‌کان ده‌کرێت بۆ بوون، به‌ڵام نووسه‌ر له لاپه‌ڕه ۷۵دا بوون وه‌ک ئه‌وه‌ی له ئاییندا باس کراوه به به‌رهه‌می ده‌سه‌ڵاتی ئیلاهی ده‌زانێت. خستنه‌ڕووی هه‌ردوو بۆچوونه‌که و ساغنه‌بوونه‌وه‌ی نووسه‌ر له‌سه‌ر یه‌کێک له‌م دووبۆچوونه پێده‌چێت گه‌ڕان بێت به‌دوای رێگه‌ی سێیه‌مدا و ره‌نگه مه‌به‌ستی خودی رۆمانه‌که‌ش هه‌ر بۆ ئه‌م رێگای سێیه‌مه بێت. به‌ڵام ئاخۆ رێگای سێیه‌م بوونی هه‌یه؟
بێگومان قسه‌کردن له‌سه‌ر رێگای سێیه‌م کارێکی ئاسان نییه و نووسه‌ریش له خستنه‌ڕووی ئه‌مه‌دا ساغ نه‌بۆته‌وه، هه‌ر بۆیه پرسیاری بوونی رێگای سێیه‌م به کراوه‌یی ماوه‌ته‌وه و وه‌ڵامه‌که‌ی نادیاره. نووسه‌ر له لاپه‌ڕه ۵۹ی رۆمانه‌که‌دا باس له سنووردارکردنی ئازادی ئینسان ده‌کات و ده‌یبه‌ستێته‌وه به خه‌مناکی مرۆڤه‌وه ده‌ڵێت: یه‌کێک له هۆکاره‌کانی خه‌مناکی بوون له قاڵبدانی بوونه‌وه‌ره. فیگۆری باڵنده‌ی بریندار هێمایه بۆ ئه‌و خه‌ونه‌ی مرۆڤ به درێژایی مێژوو خه‌ونی فڕینی هه‌بووه و ئه‌م فیگۆره ئه‌و خه‌ونه جێبه‌جێ ده‌کات. هاوکات ماسی سه‌رسامیش به‌رده‌وامه له گه‌شته هه‌میشه‌ییه‌کانی به نێو دونیای ئاوه‌کاندا و بینینی ئه‌و دونیا به‌رینه‌ی تا زیاتر لێی وردبیته‌وه زیاتر نهێنییهکانیت بۆ ئاشکرا ده‌بێت.
خاڵێکی دیکه که ده‌مه‌وێت لێره‌دا باسی بکه‌م نزیکی به‌شێکی زۆر له بۆچوونه‌کانی نێو ئه‌م رۆمانه‌یه له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی، به‌و پێیه‌ی نووسه‌ر له لاپه‌ره ۵۸ دا هه‌بوون ده‌خاته پێش گرنگییه‌وه، که ئه‌مه‌ش نزیکی ده‌رده‌خاته له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌راییدا که بوون لای ئه‌وا بنه‌ڕه‌ته. هه‌ر لێره‌وه‌یه که ئه‌م رۆمانه له رۆمانی فه‌لسه‌فی نزیک ده‌بێته‌وه.
بوون وه‌کو ژماره
یه‌کێک له ده‌سه‌ڵاته‌کانی نێو بوون ژماره‌یه، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هه‌ر له کۆنه‌وه پێگه و گرنگی هه‌بووه و تا هه‌نووکه‌ش ئه‌و پێگه و گرنگییه‌ی خۆی پاراستووه. پێده‌چێت هه‌ر ئه‌مه‌ش بووبێته هۆی ئه‌وه‌ی له‌م رۆمانه‌دا باسکردن له ژماره‌کان پێگه و گرنگی تایبه‌تیان پێدرا بێت. نووسه‌ر هه‌ر له لاپه‌ڕه‌کانی سه‌ره‌تای رۆمانه‌که‌وه باسی له گرنگی ژماره کردووه و سه‌ره‌تا له لاپه‌ڕه ۱۳دا ده‌نوسێت”تێگه‌یشتن له مانای ژیان به‌بێ ژماره مه‌حاڵه” دواتریش له زۆر شوێنی دیکه‌ی رۆمانه‌که‌دا باسی ده‌کاته‌وه و هه‌تا له شوێنێکدا ده‌ڵێت بوون له کۆمه‌ڵێک ژماره پێکهاتووه.
ده‌کرێت بپرسین بۆ نووسه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان بوون و ژماره‌ی گرێداوه؟ خودی بوون خۆی له کۆمه‌ڵێک ژماره پێکنه‌هاتووه؟ وه‌ک له‌سه‌ره‌تاشه‌وه باسمان کرد رۆمانه‌که له‌رێی دوو فیگۆری باڵنده‌ی بریندار و ماسی سه‌رسامه‌وه ده‌یه‌وێت خۆی له کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی نێو فه‌لسه‌فه بدات که کێشه‌ی بوونه و ئه‌م دوو فیگۆرهش دوو فیگۆری خه‌یاڵین و ئه‌فرێنراوی خه‌یاڵی نووسه‌رن، وه‌ڵی باسکردن له بوون باسکردنه له حه‌قیقه‌تێک که خۆمان به‌ری که‌وتووین و بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه‌ت نووسه‌ر پێویستی به باسکردنی ژماره هه‌بووه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌لێنه‌ی به‌هۆی دوورکه‌وتنه‌وه‌وه له واقیع له رۆمانه‌که‌دا دروست بووه له‌ڕێی هه‌ردوو فیگۆره سه‌ره‌کییه‌وه به باسکردن له ژماره و نهێنی ژماره‌کان پڕی بکاته‌وه، چونکه ژماره وه‌کو هێزێک، یان وه‌کو حه‌قیقه‌تێکی موتڵهت وه‌هایه.
یه‌کێک له‌و رسته زۆر سه‌یر و سه‌رنجراکێشانه‌ی له رۆمانه‌که‌دا خوێنه‌ر به‌ری ده‌که‌وێت دوا رسته‌ی رۆمانهکهکه که نووسه‌ر بۆ خوێنه‌ری خستۆته نێوان دوو که‌وانه‌وه و نووسویه‌تی “بوون چه‌ند سه‌یره”. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بپرسین سه‌یریی بوون له چیدایه بڵێی وه‌ڵاممان ده‌ست بکه‌وێت. بێگومان سه‌یریی بوون له‌وه‌دایه، که چه‌نده کۆنه به‌ڵام پرسیاری بوون چییه هێشتا پرسیارێکی نوێیه و ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به نه‌بوونی وه‌ڵامێکی موتڵه‌قه‌وه هه‌یه، هه‌ر بۆیه سه‌یریی بوون له وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی، یان له زۆری وه‌ڵامه‌کانی بوون چییه‌وه هاتووه.
ئه‌نجام
به‌ر له‌وه‌ی دواخاڵێک بۆ ئه‌م نووسینه دابنێم کۆی سه‌رنجه‌کانم له‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه له چه‌ند خاڵێکدا ده‌خه‌مه‌ڕوو، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ش ده‌مه‌وێت باس له‌وه بکه‌م بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه پێویستمان به دیدێکی نوێ هه‌یه بۆ ڕۆمان، دیدێک که ئه‌م رۆمانه وه‌کو تێکستێکی سه‌ربه‌خۆ ببێنین و به هیچ رۆمانێکی دیکه به‌راوردی نه‌که‌ین، یان کۆمه‌ڵێک قاڵبی دیاریکراومان نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌ی تێ بکه‌ین. بێگومان ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه هاتووه، که ئه‌م رۆمانه خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی هونه‌ری گێڕانه‌وه و زمانی خۆیه‌تی. کۆی سه‌رنجه‌کانم له‌م چه‌ند خاڵه‌دا چڕ ده‌که‌مه‌وه:
۱- شوێن له‌م رۆمانه‌دا زۆرجار دیاریکراو نییه و ده‌کرێت هه‌ر شه‌وێن و جوگرافیایه‌ک بێت، بۆیه نووسه‌ر خۆی له دیاریکردنی شوێنێکی دیاریکراو پاراستووه.
۲- ده‌کرێت ئه‌م رۆمانه وه‌کو هه‌وڵێک بۆ نزیکبوونه‌وه له ته‌وزیفکردنی بۆچوونی فه‌لسه‌فی له رۆمان‌دا ئه‌ژمار بکرێت و ره‌نگه زیاده‌ڕه‌ویش نه‌بێت که وه‌کو رۆمانێکی فه‌لسه‌فی(به کاریگه‌ریی فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی) ئه‌ژماری بکه‌ین.
۳-ساغنه‌بوونه‌وه‌ی نووسه‌ر له خستنه‌ڕووی بۆچوونه‌کانی له‌سه‌ر بوون به‌وپێیه‌ی که جارێک بوون له روانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رییه‌وه ده‌خاته‌ڕوو و جارێکی دیکه وه‌کو به‌رهه‌می کارکردنی خالق پیشانی ده‌دات. له‌م نێوانه‌دا خوێنه‌ر له بۆشایدا ده‌مێنێته‌وه، یان چاو بۆ رێگای سێیه‌م ده‌گێڕێت.
۴-نه‌بوونی هێڵێکی گێڕانه‌وه‌ی دیاریکراو و زاڵبوونی زمانی شیعری له زۆر شوێندا هه‌م بۆته هۆی زیان گه‌یاندن به تێکسته‌که و هه‌م وه‌کو یه‌کێکیش له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م تێکسته دێته ئه‌ژمار، وه‌لی لاموایه ئه‌مه له زۆر شوێندا به زیانی رۆمانه‌که شکاوه‌ته‌وه.
۵- خاڵێکی دیکه که ده‌مه‌وێت لێره‌دا باسی بکه‌م نزیکی به‌شێکی زۆر له بۆچوونه‌کانی نێو ئه‌م رۆمانه‌یه له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی و ئه‌مه به ڕوونی له چه‌ند جێگه‌یه‌کدا به روونی هه‌ستی پێده‌کرێت.
ئارام سدیق (سلێمانی) ئەم بابەتە لە گۆڤاری ڕامان ژمارە 219 ىڵاو کراوەتەوە.
ئەم کتێبە بە شێوەی pdf داگرە: سه‌فه‌ر به‌ره‌و ئه‌ودیوی بوون
دیدگاهتان را بنویسید