ئێسکی ناو قوڕگ
ئێسکی ناو قوڕگ
هەبوو نەبوو سەردەمانێک گورگێکی تەمەڵ لە دارستانێکدا دەژیا. لە نزیک خانووەکەیدا گۆلەئاوێکی لێبوو. ئاژەڵێکی زۆر لەو گۆلە، ئاویان دەخواردەوە. گورگەکەیش هەمیشە بە شوێن راوەوە بوو.
رۆژێکیان بە تەمای راوکردنی نێچیرێک لە تەنیشت گۆلەکە خۆی حەشاردابوو. کتوپڕ گایەکی مردارەوەبووی بینی. لە کاتێکدا لیک بە دەمیا دەهاتە خوارەوە، لەبەر خۆیەوە گوتی “هەی لەو بەختە! ئیستا بە کەیفی خۆم دەخۆم.”
دەستی کرد بە خواردنی گاکە. بیرێک گەستی “ئەگەر ئاژەڵێکی تر پەیدا بێ، ئەوا داوای بەشم لێدەکا. جا وا باشترە بەپەلەپەل بیخۆم. “حم! حم! حم!…” هەتا توانی بە پەلە و پەلەتر خواردی.
لەبەر پەلە پەلی، کتوپڕ ئێسکێک لە گەرووی گیری کرد. “ئاخ!” گورگەکە دەستی کرد بە ناڵین. هەوڵی دا لە قوڕگی دەری بێنێ. سەرەتا هەوڵی دا لە رێگای کۆکەوە فڕێی بداتە دەرەوە، بەڵام بێسوود بوو. دوواتر بە تەمای قووتدانی کە ئەویش بێ فایدە بوو.
لەبەر خۆیەوە گوتی “ئاخ! چەندە ئێشێ!… ئیستا چ بکەم؟” لەناکاو بیری کەوتەوە ماسیخۆرێکی زەلام لەو نزیکانەدا لە قەراخ رووبارەکە دەژیا.
گورگەکە رووی لە ماسیخۆرەکە کرد و لێی پاڕایەوە “ماسیخۆری ئازیز! ئێسکێک لە بینم دا گیراوە. گەر بە دەندووکە درێژەکەت بۆم دەربێنی، ئەوا خەڵاتێکی باشت دەدەمێ.”
ماسیخۆرەکە بەزەیی پێدا هاتەوە. داوای لە گورگەکە کرد لە حەوا بڕوانێ و زاری داپچڕێ. ماسیخۆرەکە دەندووکی لە قوڕگی کرد و ئێسکەکەی بۆ دەرهێنا.
گورگەکە گوتی “ئاە، چەند خۆشە!”
ماسیخۆرکە پرسی “ئیستا کوا خەڵاتەکەم؟”
گورگەکە لە کاتێکدا وای دەنواند قەت وەعدی وەهای نەداوە، وتی “کامە خەڵات؟”
ماسیخۆرەکە بە سەرسوڕمانەوە گوتی “مەگەر بەڵێنت نەدا گەر ئێسکەکەت بۆ دەربێنم، ئەوا خەڵاتم دەکەی؟”
گورگی سپڵە و پێنەزان گوتی “جا ئەمە خەڵات نیە کە تۆ سەرت خستە ناو دەمی منەوە و بە سەلامەت دەرچووی، لە کاتێکدا من بە ئاسانی دەمتوانی ورد و خاشی بکەم؟” ئەمەی گوت و خۆبەزلزانانە دوور کەوتەوە.
ماسیخۆرەکە هەستی بە ناخۆشی کرد و بڕیاری دا ئیتر قەت لەمەبەدووا یارمەتی هیچ بوونەوەرێکی سپڵە و پێنەزان نەکا.
نوسینی:
وهرگێڕانی له ئینگلیسیەوە: فهڕۆخ نێعمهتپور
ئەم چیرۆکە لە کتێی “ئەستێرەکان چیرۆکی عاشقانە دەگێڕنەوە” چاپ کراوە.
دیدگاهتان را بنویسید