کەسەکەی ئەو دیتی
کەسەکەی ئەو دیتی (چیرۆک بۆ مێرمنداڵان)
وەک هەمیشە دەچم بۆ پۆلەکەم. لە گەڵ “برێندا” و “ئێمیلی” چات دەکەم، هاوڕێ دێرینەکانم، وەک بۆخۆیان دەڵێن باشترین هاوڕێکان بۆ هەموو ژیان. ئەوان بەردەوام لە گەڵ یەکدان، بەلام لە دووای پێکدادانەکە هەست دەکەم من وەک جاران نەماوم.
لێرە لە پۆلەکە دانیشتووم و چاوەڕوانی مامۆستاکەم تا پێی بڵێم من دەتوانم بیرەکان قوت بدەم هەتا کۆتایی کلاس، تا کاتێک زەنگی دەرەوە لێدەدات.
پاش وانەی بێزارکەری ئینگلیزی لە گەڵ خانمی “هێندون”، بڕیار دەدەم وچانێک وەرگرم. لە دەرگای گەورە و رەنگ شینی قوتابخانەی “ئۆرێنج کۆنتای بە ۲۵۵۹ قوتابییەوە دەردەکەوم و دەچم لە قەراخ دەریاچەکەی تەنیشت قوتابخانەکە دادەنیشم. باشییەکەی ئەوەیە جگە لە هەندێ لە قوتابییەکان کەسی تر بەم شوێنە نازانێ. شوێنێک کە بای تێناکەوێ و دەربازت دەکا لە سترێسی بەیانیان. من لەوێ لە بەر هەتاوی گەرم و ئاگریندا دادەنیشم و چاوەڕوانی شتێک دەمێنمەوە. شتێک کە نازانم چییە. یەک کاتژمێری تەواو وەک بەرد لە شوێنی خۆم دادەنیشم، تا دەنگی زەنگی قوتابخانە دووبارە دەبیستنمەوە. لە دووای کلاس هەست دەکەم شتێک پاڵم پێوە دەنێ سەر لە نوێ بچمەوە هەمان شوێن، بەڵام من دەبێ بڕۆمەوە بۆ ماڵەوە پێش ئەوەی دایک و باوکم پێیان دڵەڕاوکێ بیانگرێ. بەلام ناتوانم خۆم راگرم، دەچم و لە هەمان شوێن بۆ سەعاتێکی تر وەک بەرد دادەنیشمەوە. لە بیری ژیانی خۆمدام کتوپڕ دەنگێک دەبیستم، رادەبم، هەست دەکەم کەسێک سەیرم دەکا.
کوڕێکە. دێتە خوارەوە، شوێنەکە لێژە و زەحمەتە، هەوڵدەدەم خۆم لادەم، بەڵام بەرم دەکەوێ. من دەیناسم. پێم وابێ لە کلاسی سپانیدا پێکەوەین. ناوی… “هارڤەی فینچ” ە. بە زەحمەت خۆی بە پێوە دەگرێتەوە و دەڵێ ببورە. بە روخسارێکی داماونەوە دەڵێم:
“ئەوە… گرینگ نیە،… پێم وابێ دەتناسم…”
دەڵێ :هارفەی فینج،… لێرە چ دەکەی؟
منیش دەڵێم گرینگ نیە. لە کاتێکدا لە خۆمدا زیاتر رۆدەچم. شتێک لەودا هەیە… شتێکی ترسناک… کە… کە حەز دەکەم راکەم بۆ ماڵەوە، زۆر خێرا… تا دەتوانم، ئەوسا خۆم لە ناو جێگاکەمدا بشارمەوە. نیگایەکی سەیرم دەکا، وەک بلێی دەزانێ چم بە سەردا هاتووە. دەڵێم بەڵێ من ئەو کچەم کە لە پێکدادانی ئۆتۆمبیل سەرەڕای ئەوەی چوارسەعات لە ناو چەمەکەدا بووم رزگارم بوو. ئەو بە سەرسوڕمانەوە لێم دەڕوانێ. دەڵێ بە راستی سەرسوڕهێنەرە، تۆ دەبێ شۆشی گەورەت هەبێ، بەلام بۆ ئەمەم بۆ باس دەکەی؟ هەر کە رستەکەی تەواو دەکا، دەست دەکا بە پێکەنین. من سوردەبمەوە، چونکە ئیستا ئەو شتێک لە سەر من دەزانێ. ئەو شتەی وا من حەز ناکەم کەس بزانێ.
گوێمان لێیە کەسێک بەرەو ئێرە دێت، هەردوو پێمان وایە نیگابانەکانی قوتابخانەکەن، چونکە هارڤەی دەنگەدەنگەکێکی زۆری سازکرد. دەمگرێ و بەرەو ناو دارەکان دەمکێشێ. لە ژێر درەختێکدا خۆمان حەشاردەدەین. بە سەر قەدی درەختەکەدا پاڵم دەداتەوە و دەم دەخاتە دەممەوە. بەردەوام دەبێ لە ماچکردنم، ئەگەرچی نیگابانەکان دەڕۆن، بەڵام ئێمە هەر بەردەوامین و من هەر ئەوەندە دەزانم کە حەز ناکەم ببزوێم. لە دەروونەوە شتێک پێم دەڵێ تۆ دەبێ بڕۆی، تۆ ئەم کوڕە ناناسی و کەچی لێرە خەریکی ماچکردنی، ئەمە حەزی تۆ نیە. دەروونم ئەمەم پێ دەلێ و، کەچی جەستەم حەزناکا ببزوێ. بە خۆم دەڵێم حەزم بەمە نیە، بەلام،… بەڵام تێدەگەم کە ئیستا من منێکی تازەم، هەربۆیە دەست دەکەمەوە بە ماچکردنی، ئەمجارە خێراتر و توندتر لە جاران.
کەسەکەی ئەو دیتی
نوسینی: جێسیکا کراولی
وهرگێڕانی له ئینگلیسیەوە: فهڕۆخ نێعمهتپور
سەرچاوە:
http://www.storystar.com/php/list.php?sub_category_id=2
ئەم چیرۆکە لە کتێبی “ئەستێرەکان چیرۆکی عاشقانە دەگێڕنەوە” چاپ کراوە.
دیدگاهتان را بنویسید