فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

بزن و نووسەر

کات 09/05/1403 114 بازدید

بزن و نووسەر

لەم رۆژانەدا لەگەڵ چیرۆکنووسێک دەدوام. گوتی من هەمیشە ویستوومە خۆم لە پشت وشەکان بشارمەوە. گوتی نووسین بۆ من هەر لە سەرەتاوە جۆرێک بووە لە خۆحەشاردان و ونبوون بۆ ئەوەی کەس بە جێگاکەم نەزانێ!

بەڵام بەڕاستی نووسین شوێنێکە بۆ خۆحەشاردان؟

دەبێ بڵێم کەس بە قەدەر نووسەر جیهانی بۆ خەڵکی دەورووبەری و، بۆ کۆمەڵگا روون و ئاشکرا نیە. کەس بە قەدەر نووسەر خۆی دەرناخا. ئەگەر جیهانی دەروونی مرۆڤ شاراوەترین بەشی کەسایەتیی مرۆڤە، ئەوا کەس بە ئەندازەی نووسەر لە رێگای وشە و دەربڕینەوە کە هەموو کەس دەرفەتی خوێندنەوە و رۆچوون بەناویدا پەیدا دەکەن، خۆ دەرناخا.

بۆیە خۆشاردنەوەی نووسەر درۆیەکی گەورەیە کە نووسەر لەگەڵ خۆی دەیکا. زۆرتر رواڵەتێکی رۆمانسیە بۆ ئەوەی شکۆ بە شوێنی خۆی ببەخشێ!

راستە نووسەر زۆربەی کاتەکانی ژیانی بە هۆی خوێندنەوەو نووسینەوە لە تەنیایی‌دا بەسەر دەبا، بەڵام ئەم تەنیاییە جەستەییە تەنیا بیانوویەکە بۆ بازدان لە خۆوە بۆ دەرەوە. لە ژوورەوە بۆ دەرەوە. نووسەر بە تەنیا لەگەڵ خۆی دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی دوواتر زیاتر لەهەر کەسێکی دیکە خۆی ئاشکرا بکا. بۆ ئەوەی ئەو مەجالە بەخۆی بدا کە هەست و نەستی خۆی دەربخا و، لەڕاستیدا هەموو کەلێن و قوژبنەکانی ناو رۆحی خۆی و جۆری ئەندێشەکانی بخاتە بەردەست.

لێرەوە هەمیشە جۆرێک لە دڵەڕاوکێ سەر هەڵدەدا کە تایبەتە بە جیهانی نووسین و بە کەسی نووسەر. کەسی دیکە ناتوانێ ئەمە ئەزموون بکا. ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی کە نووسەر زیاتر لە هەر مرۆڤێکی تر دەرفەتی تێگەیشتن یاخود هوروژمی کەسانی دیکە بۆ سەر خۆی بڕەخسێنێ. لەڕاستیدا باشترین نووسەر ئەوەیە کە بتوانێ شاراوەکانی دەروون و رۆحی خۆی باشتر لەوانی دیکە بخەمڵێنێ و، بیانخاتە سەر لاپەڕەی کاغەز. بە بێ ئەم خۆئاشکراکردنە قەت دیاردەیەک بەناوی نووسەر و نووسین سەر هەڵنادا و، بۆیە نووسەر ئاشکراترین بوونەوەری سەر رووی زەوییە.

پارادۆکسی نووسین لەوەدایە کە بە بێ تەنیایی ناتوانێ بگاتە قۆناغی خۆدەرخستن. تەنیایی جەستەیی دەبێتە پردەبازێک بۆ بەگشت بوونەوەیەک کە لە دەرکەوتنی جەستەیی ترسناکترە. نووسەر جەستە دەشارێتەوە بۆ ئەوەی رۆح زیاتر ئاشکرا بکا.

هەموو نووسەرە گەورەکانی جیهان ژیانیان پرە لە رووداو و لە تێپەڕین بەناو دیاردە و کارەساتە بچووک و گەورەکاندا. ماکسیم گورکی، بۆکۆسکی، داستایڤسکی و… گەلێکی تر. بەڵام دەبێ پێ لەسەر ئەوەیش دابگرین کە نەفسی کارەسات و رووداو خۆبەخۆ نابێ بە دەق. بۆ ئەوەی رووداو ببێ بە دەق، پێویستی بە رۆح و رووانینێکی جیاواز و هەستیارترێکە کە تەیارە بە تکنیکی نووسین.

بۆیە لە کۆتایی قسەو باسەکەمدا لەگەڵ ئەو نووسەرە گوتم کە بە پێچەوانەوە نووسین شوێنێک نیە بۆ خۆحەشاردان، بەڵکو شوێنێکە بۆ خۆ دەرخستن.

گوتم نووسەر وەک بزن وایە، هەمیشە ئەو شوێنەی بەدەرەوەیە!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *