فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

نسکۆ و لێ‌فێربوونی

کات 15/11/1404 40 بازدید

نسکۆ و لێ‌فێربوونی

نسکۆ نەک بۆ گەلێک، بەڵکو بۆ تاکێکیش خاوەن کاریگەریی نگەتیڤی گەورەیە. راستە مرۆڤ هەر تەنیا بۆ سەرکەوتن نەئافرێندراوە، بەڵام ئەوەندە بەئاسانیش نسکۆ قبوڵ ناکا. هاوکات بۆ ئەوانەی وا کۆڵ نادەن، نسکۆ دەتوانێ هەوێنی رابوونی باشتر و کاریگەرتر بێ.

کاتێک نسکۆ دێت، دەکرێ بە دوو شێوەی سەرەکی لەگەڵی رووبەڕوو بینەوە: بەشێوەی سۆز، یاخود لێیەوە فێربوون.

ئەمڕۆکە بە هۆی ئەو دۆخەی وا بەسەر رۆژئاوادا هاتووە، گۆڕەپانی کوردی تەژییە لە هەست و سۆز و هەڵسوکەوتێکی پڕ لە ئیحساس. دیارە ئەمەیش شیاوە و دەبێ ببێ، بەڵام مێژوو و رەوتی رووداوەکان لەوە دڵڕەقترن پێمان وابێ تەنیا بەم شێوەیە دەتوانین لەگەڵ ئەو نسکۆیە رووبەڕوو بینەوە وا بەسەر رۆژئاوادا هاتووە. جا بۆ ئەوەی نسکۆ لە قەوارەی رووتی نسکۆدا نەهێڵینەوە و بیگۆڕین بۆ بارێکی لەبارتر، دەبێ لێیەوە فێربین.

گرینگترین ئەرک لەکاتی سەرهەڵدانی نسکۆکاندا، فێربوونە لێیانەوە. ئەوەی کە بۆچی سەرەڕای هەموو گیانبازی و فیداکاری و بگرە لەمەیدانا بوونی زۆرینەی گەل، بەڵام شکست بەرهەم دێتەوە، ئەرکێکی دژوارە کە بەئاسانی خۆی بەدەستەوە نادا.

ئەوەی وا لە رۆژئاوا رووی دا، ئێمە بەرەوڕووی چی دەکاتەوە؟… ئەو وانانە چین دەبێ لێیانەوە فێربین؟

لەم کورتە وتارەدا هەوڵدەدەم بەگوێرەی ئەزموون و بۆچوونی خۆم هەندێکیانی بخەمە بەرباس. هەرچەند ئەم سەرنجانە بەو مانایە نین کە هەر هەموویان سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوا بن، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتگیرتر میتافیزیای دۆخی کورد بەجۆرێک دەخاتە بەرباس. جگە لەمە، ئەم گوتارە هەوڵ دەدا تەنیا خۆی لە چوارچێوەی رووداوەکانی رۆژدا خۆی قەتیس نەهێڵێتەوەو، هەندێ دیاردەی بنەڕەتی‌تر بخاتە بەرباس.

*لێکدانەوەی ئاڵۆز لەسەر هەلومەرجی مێژوویی:

 خوێندنەوەی بابەتیانە دۆخی مێژوویی لەدیاریکردنی سیاسەت و روانگەی داڕشتنی رێگادا، گرینگیی تایبەتی هەیە. لەراستیدا بەبێ خوێندنەوەیکی وەها، سیاسەت پێوەندیی خۆی لەگەڵ ئەمری واقیع لەدەست دەدا و، بەم شێوەیە بەرهەمهێنەرەوەی دژواری و شکست دەبێ.

سەبارەت بەو قۆناغە مێژووییەی وا کورد تیایا راوەستاوە، دەبێ بگوترێ لەمێژە کورد هەلە مێژووییەکانی لەدەست داوە. کوردستان چیتر لەچاخی سەدەی نۆزدەدا ناژی. چ بمانەوێ و چ نەمانەوێ هەموو ئەو وڵاتانەی کوردیان تێدا دەژی، دەوڵت ـ نەتەوەیان تیا پێک هاتووە، دیارە هەرچەند بەشێوەی خوار و خێج. ئەو خواروخێجیەی وا دەبێ راست بکرێنەوە. ئەم دەوڵەت ـ نەتەوانە لەدرێژەی بوونیاندا تا رادەیەکی بەرچاو بوونەتە هۆی تێکەولێکەیی لەناو گەلانی وڵاتەکانیاندا و، ئیتر سنوور بەمانا نەریتییەکەی خۆی، واتە پێش ئەم دەوڵەتانە (سەردەمی ئیمپڕاتورەکان)، نەماوە. لەراستیدا قبوڵکردن یاخود سەلماندنی ریالیستیانەی دەوڵەت ـ نەتەوە لەم وڵاتانەدا دەبێتە هۆکاری ئەوەی واقعیتر لەو دۆخەی وا هەیە بڕوانین.

رەوتێکی بەهێز لەناو بزووتنەوەی کوردیدا هەیە کە واقع‌بینیی سیاسیی خۆی سەبارەت بە دۆخی مێژوویی کورد و، ئەو هەلومەرجە راستەقینەیەی وا تیایەتی لەدەست داوە و تا رادەیەکی زۆر بەگوێرەی عەقڵێکی سەدەی نۆزدەهەمیانە سیاسەت دەکا. ئەم ناواقع‌بینییە ئەگەر لە سیاسەتیشدا نەبێ، ئەوا لە زمانی رۆژانەدا بە تووندی کەڵکی لێ وەردەگیردرێ. ئەم عەقڵە کە خۆی لە نەفی تەواوی لێکەوتەکانی دەوڵەت ـ نەتەوەکاندا دەبینێتەوە (ئەم نەفی‌کردنە دەبێ دیالکتیکی بێ، واتە هەموو شتێک رەت نەکرێتەوە)، واتە ئەو دەوڵەتانەی وا کوردیان تیا دەژی، لەگەڵ ئەوەی توانیویەتی سۆزی زۆرینەی جەماوەری کورد بەرەولای خۆی رابکێشێ، بەڵام هەر بەو رادەیەیش هاوپشتی گەلانی دەورووبەری خۆی لەدەست داوە کە یەکجار بۆ سەرکەوتنی مافەکانی کورد ئەم هاوسۆزییە گرینگە. جگە لەوە دەبێتە هۆی ئەوەی سیاسەت لەسەر خەونی رووت دابمەزرێ، نەک ئەوەی وا هەیە. دیارە ئەم دیاردەیەیش تازەیە و، بەتایبەت لەدوای شەڕی کەنداوی فارس و هاتنە ژوورەوەی زلهێزەکان بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بووە. ئەمە وەهای کرد کە بۆچوونێک لەناو کورداندا سەرهەڵبدا کە گوایا چیتر پێویستی بە گەلانی فارس و تورک و عەرەب بۆ سەرخستنی دۆزی عادڵانەی خۆی نیە. بگرە کێشەی کورد بەجۆرێک کرا بە شەڕی قەومی لەگەڵ نەتەوەکانی تر. ئەگەر جاران وا دەگوترا ئێمە ماندووی دەستی شۆڤینیزمی دەسەڵاتدارانین، ئەمجارە تا رادەیەکی زۆر دوژمن کرا بە نەتەوەکانی تر. ئەمە لەکاتێکدایە کە کێشە و مافەکانی کورد کێشەیەکی دیمۆکراتیکە و بۆیە بەهۆی ئەو هاوبەشیەی لەگەڵ گەلانی دیکە هەیەتی، ناکرێ بەبێ جۆرێک لە یارمەتیی ئەوان یاخود بەڕێوەبردنی سیاسەت لەگەڵیاندا بە ئاکام بگا.

*زلکردنەوەی نابەجێی زلهێزەکان

نەک لەم سەردەمەی ئێمەدا، بەڵکو لەهەموو کاتێکدا گرینگیی لەبەرچاوگرتنی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان شتێکی حاشا هەڵنەگر بووە. بەتایبەت لەسەردەمی ئێمەدا کە جیهان وەک دەڵێن بووەتە گوندێکی بچووک. کورد نابێ لەبیری بچێ کە زلهێزەکان هەمیشە خاوەن بەرژەوەندیی خۆیان بوون. هەر بۆیە سەرەتای لێکدانەوەی دۆخ و رەچاو کردنی سیاسەت دەبێ تا رادەیەکی بەرچاو بەگوێرەی بەرژەوەندیی ئەوان بێ (دیارە ئەگەر ئومێدێکمان بەوان هەیە). دەبێ لەوە بگەین سیاسەت پێش هەر شتێک بەرژەوەندییە. بەداخەوە رەوتێکی گرینگ لەناو بزووتنەوەکدا هەیە کە هەڵوێست یاخود جۆری پلانی زلهێزەکان بەگوێرەی خەونەکانی خۆی لێک دەداتەوە. جگە لەمە سیاسەتی کوردی کەمتر توانای جیاکردنەوەی جۆری ئەو باڵانەی هەیە وا لەهەمان وڵاتی زلهێزدا دەتوانن بێنە سەر دەسەڵات. هەروەها لەناو کورددا جۆرێک خۆرێکخستنی بێ پلان و بێ بەڵگە لەگەڵ زلهێزەکاندا هەیە کە سەیرە. ئەمە لەکاتێکدایە هەمیشە لەنێوان دوو لایەندا، بەمەرجی رەچاوکردنی رێزی خۆ و بەرژەوەندیی خۆ، دەبێ جۆرێک لەبەڵگە لە نێواندا هەبێ. بۆ وێنە هەتا ئیستایش لەنێوان ئەو حیزبانەی لەکاتی شەڕی پارتیزانیدا لە یارمەتیی ئێران یان عێراق بەهرەمەند بوون هیچ بەڵگەیەکی وەها بەدەستەوە نیە. ئەوەی کە ئەگەر یارمەتیی یەکتر دەدەن، بۆ؟ یان لەنێوان لایەنەکانی تر لەگەڵ ئامریکادا. ئەوەی هەیە جۆرێک لە هاوکاری پراگماتیستییە کە بەتەواوبوونی ئەو هەلومەرجە تایبەتییەی وا پێکهێنەری بووە، بەبێ ئەوەی بە دەرئەنجامێک بگا، کۆتایی دێ.

*قەبارەی زلی میدیای کوردی و ناهاوسەنگیی ئەم قەبارەیە لەگەڵ جیهانی واقیع (کاریگەریی نگەتیڤی لەسەر دەروونناسیی مرۆڤی کورد)

لەدوای راپەڕینەوە لە هەرێمی کوردستان و بەشوێن ئەو سەروەت و سامانەی وا دەست لایەنەکان کەوت، پارە و پووڵێکی زۆر سەرفی تەلەڤیزیۆن و بەگشتی میدیا کراوە و دەکرێ. زۆری و بۆریی ئەو هەموو تەلەفزیۆنە کە رۆژانە بەپارەی گەل دابین دەکرێن و بەڵام زۆریان گەل هیچ کۆنتڕۆڵیکی بەسەردا نیە، هەروەها جۆری رێکلامەیان کە بەردەوام ئەوە بەئێمە دەگەیەنن کە گوایا ئەوەندەی نەماوە کوردستانی گەورە دروست بێ، دەروونناسیی مرۆڤی کوردیان ئاڵۆز کردووە. هەمیشە مرۆڤی کوردیان لەبەردەم دەروازەی خەونێکدا راگرتووە کە فڕی بەسەر ژیانی راستەقینەوە نیە. لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا کێشەی جیددی هەیە و لەڕاستیدا حکومەت نیە و دابەشە بەسەر دوو زۆندا، بەڵام ئەم میدیایانە وەها تەبلیغ دەکەن و وەها دەردەکەون کە هەموو دونیا بەدەستی کوردەوەیە! دیارە دەسەڵاتی کوردی بۆخۆی ئاگای لە توانای راستەقینەی خۆیەتی، بەڵام بۆچی وەها مامەڵەیەک لە میدیاکانەوە لەگەڵ بیروڕای کوردی دەکا، سەیرە! لەراستیدا جۆرێک لە وەهمی دیجیتاڵی چێکراوە کە جێگای وشیاری و ژیانی واقعی گرتووەتەوە. ئەمەیش زیانی گەورەی هەیە. لەبەر ئەوەی سیاسەت لەسەر عەرزی واقع دەکرێ، نەک لەناو جیهانی وێنەیی و دەنگیدا. وەهمی دیجیتاڵی نابێ شوێنی ژیانی راستەقینە بگرێتەوە.

*دان‌پیانان بە تایبەتمەندبوونی کێشەی هەر پارچەیەک

ئەم دان‌پیانانە پێش لەهەر شتێک پەیوەندی بە قبوڵکردنی ریالیستیانەی واقعی دەوڵت ـ نەتەوەی ئەو وڵاتانەی هەیە وا کورد بەسەریاندا دابەش بووە. ئەمە ئەوە دەسەلمێنێ کە هەر پارچەیەک دۆخی تایبەت بەخۆی هەیە و، نابێ لەگەڵ ئەوانی دیکە بەشێوەی نادروست تێکەڵ بکرێ. ئەگەریش یارمەتییەک دەبێ ببێ ئەوا زۆرتر مەعنەوییە، نەک تێکەڵکردنێکی سیاسی وەها کە بەیەکتریان بچوێنێ. کەیسی رۆژئاوا لەم بارەیەوە نموونەیەکی بەرجەستەیە. هەر لەسەرتاوە رۆژئاوا سیمای ئۆج ئالانی و پەکەکەیی بەخۆی دا و، ئەمە ئەوەندەی دیکە رژێمی زاڵمی تورکیای لەدژی ئەزموونەکە هەڵخڕاند. لەراستیدا پێویست نەبوو رۆژئاوا بەو چەشنەیە خۆی تەنانەت لە جۆری ناولێنان و کلتوری سیاسیشدا بە نەریتی پەکەکەوە گرێ بدا. نەدەبا تورکیە کە دراوسێی سەرەکیی رۆژئاوا بوو، بەو شێوەیە بەرەو دوژمنکاریی زیاتر پاڵ پێوە بنێ. یان لەپێوەندی لەگەڵ کوردستانی ئێران نەدەبا ئاڵای هەرێم کە تایبەت بەخۆیان بوو و لەراستیدا فڕی بەسەر کۆماری کوردستانەوە نەبوو، بکرێ بە ئاڵای کوردانی نیشتەجێی ئێران و بەم جۆرە کێشەی کورد لە کوردستانی ئێران بکا بە بەشێک لە هەرێمی کوردستان. کاری لەم چەشنە رواڵەتی جودایی خوازیی کورد لەناو گەلانی تری ئێراندا زەق دەکاتەوە و، بەم شێوەیە هاودژییەک لەگەڵ بەرنامەی خودی ئەو حیزبانە دروست دەکا کە قەت باسی جودایی خوازیان نەکردووە. یاخود کەڵک وەرگرتن لە دەستەواژەی وەک رۆژهەڵات و رۆژئاواو و باکوور و باشوور کەدیسان ترسێکی زۆری لەناو ئەو وڵاتانەدا پێک هێنا. ئەم دەستەواژانە راستە سۆزی ناسیۆنالیزمی کوردی برەو پێدا، بەڵام بەهەمان ئەندازەیش بووە هۆکاری دوورکەوتنەوە لە دۆخی بابەتیی ئەو وڵاتانەی وا کوردیان تیا دەژی. لەراستیدا زاڵبوونی جۆرێک لەگوتاری نەتەوەپەرستی لەناو کورددا و پێداگرتن لەسەر ئەوەی کە کوردستان یەک وڵاتە لەجیاتی ئەوەی ئەوانی تر لاواز بکا، بووە هۆی ترسی زیاتر لەناویاندا. بۆیە بووە هۆکاری هاندانی پتریان بۆ کاری زیاتر لەپێناوی لەناو بردنی ئەزموونە کوردییەکان یاخود داڵدەنەدانی مەعنەوی و سیاسییان.

دیارە خاڵی دیکەیش زۆرن، بەڵام ئەم چوار خاڵەی وا لێرەدا باس کران، بەڕای من سەرەکیترینی ئەو دەرسانەن وا دەکرێ لێیانەوە فێربین بۆ ئەوەی بزووتنەوەی رەوای کورد باشتر بتوانێ بە ئامانجەکانی خۆی شاد بێت. خوێندنەوەی بابەتیانەی دۆخە مێژووییەکان، دروست لێکدانەوەی هاوکێشە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکان، هەڵنەخڕاندنی زیاتری نەیار بەڕەچاوکردنی سیاسەتی شیاو و سەرئەنجام گەڕانەوە بۆ ئەرزی واقع نەک باوەڕهێنانی لەڕادەبەدەر بە دونیای دەنگ و رەنگ ئەو خاڵانەن وا دەتوانن یارمەتیدەر بن.

سیاسەت وەک هەمیشە گوتراوە هونەری مومکینە، نەک شوێنێک بۆ تەراتێنی ئەو خولیایانەی وا هێشتا دەرفەتی دەستەبەرکردنیان لەئارادا نین.

بەوهیوایەی کێشەی رەوای کورد بە ئەنجامی شیاوی خۆی بگا.

رێبەندانی ۲۰۲۶

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *