فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ماڵەوە کوێیە

کات 02/12/1404 65 بازدید

ماڵەوە کوێیە


هەمیشە لەخۆم پرسیوە ماڵەوە کوێیە و ماڵەوە چییە؟ پرسیارێک لەوەتەی لەیەکەم ئەو خانووەی وا سەرەتا تیایا ژیام و پاشان جێم هێشت، لە مێشک و لەدەروونمدا سەری هەڵداوە.

بەراستی ماڵەوە کوێیە؟

ئەو شوێنەیە وا تیایا لەدایک بووی و، پاشان دوای ئەوەی گەورە بووی و بەربەرە چوویتە ناو ژیانی گەورەکانەوە بەهۆی خەون و خەیاڵێکی سیاسییەوە کە تیاتا سەری هەڵدا، جێت هێشت؛ یان ئەو خانووانەی تر وا لەکاتی کۆچدا تیایانا لەم وڵاتە و ئەو وڵات ژیانت بەسەر برد؟

داخۆ ماڵەوە تەنیا بریتییە لەو خانووەی وا تیایا دەژی، یان شتێکی لەمە زیاترە؟

بێگومان ماڵەوە تەنیا خانوو نیە و، شتێکە زیاتر لەمە. بۆ وێنە هەستێکی خۆشە کاتێک جلوبەرگ لەبەر دەکەی و، بەتەمای بینینی دۆست و هاوڕێ دەرگای دەرەوە دەکەیتەوە و روو لە کووچە و کۆڵان و شەقام دەکەی. یان ئەو بۆنەیە وا لە هەوادا هەیە و تۆ بەئەشق و حەزێکی زۆرەوە هەڵیدەمژی.، یاخود ئەو چێژە تایبەتەیە وا لە حاڵ و هەوای دەوروبەرتدا هەیە و تۆ بەتامەزرۆییەوە لێی دەڕوانی و بەهەموو بوونتەوە هەستی پێدەکەی.

بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە هەمیشە وەها نیە. یەعنی یەکەم خانوو کە تیایا ژیاوی کاکڵی سەرەکیی ئەو “ماڵ”ەیە وا لە دەروونی تۆدا شکڵی گرتووە و بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە. لەڕاستیدا بەبێ ئەو خانووە ئەوی دیکە ئەوە نیە کە دەبێ ببێ. خانووی یەکەم سەرەتای ئەو چێژەیە وا دواتر لە شتەکانی ترەوە دێن. زیاتر لەسەرەتایش، دەبێ بڵێم خودی شتەکەیە.

هەروەها مرۆڤ ئەو خانووە جێ‌دێڵی بەبێ ئەوەی بەتووش خەونی سیاسیشەوە بووبێ. تەنیا جیاوازییەکە لەوەدایە ئەوانەی وا خەونی سیاسیان هەیە، زووتر دەبێ جێی بێڵن.

جگە لەوە کە لەشوێنی دیکەیش ژیای، بەگوێرەی عادەت دەبنە ماڵەوە بۆ تۆ. دیسان بەو جیاوازییەوە وەک ئەوەی یەکەمیان لێ نایەتەوە. یەعنی دەبن بە ‘ماڵەوە’، بەبێ ئەوەی ئیتر ‘ماڵەوە’ بن.

لەڕاستیدا مرۆڤ هەمیشە خەریکی ‘ماڵەوە’ دروستکردنە بۆخۆی. مرۆڤ هەمیشە بە شوێن ئەو دڵنیاییەوەیە وا بەهۆی شتێک بەناوی ‘ماڵەوە’ تێیدا پێک دێ. لەڕاستیدا بەبێ ماڵەوە ئاسوودەیی و دڵنیاییەک بوونی نیە. ‘ماڵەوە’ ئاسوودەیی و، ئاسوودەیی ‘ماڵەوە’.

بەڵام ‘ماڵەوە’ تەمەنیشە، سەردەمێکی تایبەتە لە ژیان کە ئەویش سەردەمی منداڵییە. واتە مانای ‘ماڵەوە’ بەستراوەتەوە بەجۆرێک لە چۆنیەتیی بوونی ئێمە لەناو ڕەوڕەوەی ژیاندا. کەواتە ‘ماڵەوە’ هەستە، بۆچوونە، جۆرێک لە روانینی سەرەتایی لە ژیانماندا کاتێک هێشتا دەرەوەمان بەو شێوەیە ئەزموون نەکردووە.

بەم پێیە ‘ماڵەوە’ هەستێکی رووتی بێ بیرکردنەوەیە کاتێک هێشتا بیرەکان بەو شێوەیە نەهاتوون. کە بیرەکانیش دێن لەگەڵ خۆیان ‘ماڵەوە’ لای ئێمە کاڵ و کاڵتر دەکەنەوە. بەو مانایە کە تەنیا دەبێ لەخەونەکانماندا بەشوێنیا بگەڕێینەوە.

ئیتر ‘ماڵەوە’ نامێنێ. ئیتر رۆژەکانی هاوترازبوون و وەک یەکبوونی ‘من’ و ‘ماڵەوە’ بۆ هەمیشە ون دەبن.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *