تاک و بەژمارەبوون
تاک و بەژمارەبوون
سەردەمانێک مارکس لە وەسفی کۆمەڵگای بۆرژوازی گوتی کە تێیدا ئەوەی سفت و سەخت و پیرۆز دێتەبەرچاو دەبێ بە دووکەڵ و دەچێ بە ئاسمانا.
دیارە خاڵی دەستپێکی مارکس بۆ ئەم وەسفە داڕمانی سیستمی دەرەبەگایەتی و ئاغاوەتییە کە لە سەردەمی فیوداڵی باو بوو و بە هاتنی بۆرژواکان کە تەنیا پووڵ و پارە و سەروەت و سامان پلەی پێدەبەخشین، داڕما و ئەوەی لە دەرەبەگەکان مایەوە تەنیا کۆمەڵێک ناوی بە زریقە و بریق لە رابردووەوە بوو کە ئەویش پاش ماوەیەک پووکایەوە. بەم شێوەیە لە کۆمەلگای نوێدا پیرۆزەکان لەبەرگی خۆیان داماڵدران و هەموو شتێک تا رادەیەکی زۆر ئاسایی بووەوە. لە کۆمەڵگای نوێدا ئیتر ئەوەی پلە و پایەی دەبەخشی پووڵ بوو نەک نازناو و لەقەب.
دیارە ئەم رەوتە هەر بە داڕمانی نازناوە سەیروسەمەرەکانی سەردەمی فیودالیزم رانەوەستا و سیستمی کاپیتالیستی بەردەوام لە رەوتی داڕماندنی دیاردە پیروزەکاندایە. جگە لە ئاغاوات و قەشەکان، شوێنی باوکیش لە بنەماڵە لە مانای نەریتیی خۆی داماڵدرا و مرۆڤەکان تا رادەیەکی زۆر بوون بەو تاکانەی وا دەیانتوانی لەسەر تاکایەتی خۆیان راوەستن و بەدوور لە لەقەب و تۆڕە نەریتییەکانی وەک بنەماڵە و عەشیرە و… خۆیان وەک خۆیان پێناسەبکەن.
بەهاتنی سەردەمی نێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دونیای دیجیتاڵی لەوە دەچێ ئەم رەوتە هەتا دێ خێرایی و چەندایەتی و چلۆنایەتیی زیاتر و سەرسوڕهێنەرتر بە خۆیەوە دەبینێ. تەواوی ئەو کەسانەی وا بە هۆی دامەزراوە تازەکانی وەک رێکخراو و حیزب و گرووپە نوێکانەوە دەیانتوانی بەجۆرێک پیرۆزییەک بۆخۆیان دەستەبەر بکەن، کەوتوونەتە بەر تیشکی لێکدانەوە و رەخنەوە و لە قولەی قاف هێنراونەتە خووارەوە. تەنانەت ئەمە بیرمەندان و نووسەرانیش دەگرێتەوە. ئیتر هیچ کەس ئەوەندە خاوەن شوێنێکی پیرۆز نیە کە بتوانێ پڕاوپڕ ئەو شوێنە پڕبکاتەوە. بگرە بۆ ئەوەی کەسێک بتوانێ خاوەن شوێنی دیاریکراو و کارتێکەر بێت دەبێ لە ناو رەوتی داماڵینی پیرۆزیدا بێ و خۆی وەک تاکێک هەم پابەند بێت بەم لۆژیکە و هەم دەرفەتیش بۆ کەسانی تر بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
دیارە دەبێ پێ لەسەر ئەوە دابگرین کە داماڵینی بەرگی پیرۆزی بە مانای داماڵینی رێز نیە. بەڵکو بەو مانایە مرۆڤەکان لەسەردەمی نوێدا ئیتر رێزیان وەک تاک بەخۆیانەوەیە و کەمتر پێوەندی بە پلە و پایەی کۆمەڵایەتی ئەوانەوەیە. ئەم دیاردەیە نەک تەنیا بنەمای لەوەدا هەیە کە تاک وەک خۆی دەبێ بە بەرپرسی ماددی و ژیانی خۆی، بەڵکو پێوەندی بەو سەرخانە تازەیشەوە هەیە کە تێیدا مرۆڤ وەک تاک بە خاوەن ماف دەزانێ و باشترین بەڵگەیش بۆ ئەمە ئەو پێناسانەیە وا لە جاڕنامەی جیهانی ماڤی مرۆڤدا هاتوون وا رەگی لە بیری بیرمەندە لیبڕاڵەکاندا هەیە.
بەدووکەڵبوونی بەردەوامی هەموو ئەو شتانەی وا سفت و رەق دێنەبەرچاو، بێگومان لەگەڵ خۆی هەڵگری جۆرێک لە دڵەڕاوکێ و بێ ئۆقرەییە کە بە مرۆڤی دەبەخشێ. مرۆڤەکان چیتر وەک جاران هەست بە ئارامی و بەردەوامی لە دیاردەکاندا ناکەن و هەمیشە خۆیان بە جۆرێک لە دۆخی تازەدا دەبیننەوە. نەک تەنیا لە دۆخی تازەدا بەڵکو لەو دۆخەیشدا وا هێشتا نەهاتووە! لە رێگای نێت و جیهانی دیجیتاڵییەوە بۆ وێنە ئەو شوێنانەی وا لامان وابوو شوێنی تەراتێنی کۆمەڵێک مرۆڤی دیاریکراون، دەبینین بە دەیان و سەدان و هەزاران کەسی تر کاری تیادەکەن. ئەگەر ناوێکی، دەبینی خێرا دەبی بە ناوێک کە بووی. لە نێوان ‘هەیت’ و ‘بووی’ مەدوایەکی زەمەنیی یەکجار کەم هەیە. جا بۆ ئەوەی بەردەوام بتوانی ببی دەبێ باوەڕت بە کار و ماندووبوونی تاقەت پڕووکێن هەبێ. دەبێ چالاکتر و بەتواناتر و گورج وگۆڵتر بی لەوەی وا بۆی دەچووی. تەنانەت ناگەی بەرگی پیرۆز لەبەرکەیت لەبەرتی دادەکەنن! رەنگە هەر پێویستیش نەبێ بەم نازناوەوە بتەوێ جێگا بۆخۆت دەستنیشان بکەیت. تۆ تەنیا دەبێ بە یەکێک لەو هەزاران کەسەی وا بە رێگاوەن و جا هەر رۆژە و هەر سەردەمەی یەک یان چەند کەسێکیان زیاتر لەوانی تر تیا دەردەکەوێ.
بەڵام پرسیار ئەوەیە داخۆ ئەم دیاردەیەی ناو کۆمەڵگای بۆرژوازی دیاردەیەکی جێگای پەسندە (دیاە گەر رەوا بێت پرسیاری ئەخلاقیانەی ئاراستەبکەین)؟ بێگومان ئەوەیکە کۆمەڵێک مرۆڤ خاوەن شوێنی پیرۆز بن و ئەوانی تر بە جۆرێک بکەنە کۆیلەی خۆیان دیاردەیەکەی ناڕەوایە، بەڵام وەها خێراییەکەیش لە دەرکەوتن و لە ونبوون لەگەڵ خۆی هەڵگری دڵەڕاوکێیە. وا دەردەکەوێ کۆمەڵگا مەیلی بەرەو وەک یەک لێکردنی مرۆڤەکانە.
داخۆ دەتوانین بڵێین کە سەرەڕای مەیلی کۆمەڵگای بۆرژوازی بۆ بەرجەستەکردنی تاکەکان و لەناوبردنی پیرۆزییەکان، بەڵام جۆرێک لە بەژمارەبوون خەریکی سەرهەڵدان نیە؟
بێگومان سەردەمی مرۆڤە بەرجەستەکان قەت تەواونابێت، بەڵام مامەڵە لەگەڵیان بەردەوام دەچێتە دۆخی تازە و نوێوە.
فەڕۆخ نێعمەتپوور
دیدگاهتان را بنویسید