شه‌ڕ و دێموکڕاسی و شه‌ڕی دێموکڕاسی
شه‌ڕ و دێموکڕاسی و شه‌ڕی دێموکڕاسی
له ده‌ستپێکی باسه‌که‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م له رێگای پێناسه گشتییه‌کانی شه‌ڕ و دێموکراسییه‌وه بچمه ناو باسه‌که‌وه و له کۆتاییدا پێوه‌ندییه‌کانی نێوان شه‌ڕ و دێموکراسی له ڕێگای هه‌لسه‌نگاندنی بۆچوونه‌کانی بیریارانه‌وه بدۆزمه‌وه. له راستیدا ئه‌مه گه‌ڕانێکی گه‌لێک زه‌حمه‌ته، چوونکه له یه‌که‌م تێڕامان و وردبوونهوهدا هه‌ست ده‌کرێ پێوه‌ندییه‌کی ئالیکی له نیوان شه‌ڕ و دێموکراسی دا نیه و زیاتر بارودۆخی ئێستای جیهان وایکردووه به‌م ئه‌نجامه بگه‌ین، به‌ڵام له ناوه‌رۆکی باسه‌که‌دا هه‌ر وه‌ک دواتر پێیده‌گه‌ین ده‌بینین شه‌ڕ کاریگه‌ری به سه‌ر هه‌موو بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی مرۆفهکاندا هه‌بووه و هه‌ر به هه‌مان شێوه‌ش کاریگه‌ری به سه‌ر هه‌موو چه‌مکه‌کانی پێوه‌ندیدار به ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤه‌کانیشه‌وه هه‌یه، بۆیه سه‌یر نیه که پێوه‌ندی له نێوان دوو چه‌مکی ناته‌بای شه‌ڕ و دێموکراسی‌دا بدۆزرێته‌وه.
شه‌ڕ:
شه‌ڕ وه‌ک زۆربه‌ی زۆری چه‌مکه‌کانیتر پێناسه‌ی زۆری بۆکراوه و هه‌ر یه‌ک له بیریاران له لای خۆیانه‌وه به پێی بواره زانستییه‌که‌یان ئه‌م چه‌مکه‌یان پێناسه کردووه. له ڕوانگه‌ی بیریارانی فه‌لسه‌فه‌ی کۆنی یۆنانییه‌وه وه‌ک ئه‌فلاتون و ئه‌ره‌ستو، شه‌ڕ خواستێکی خوداییه، به‌و مانایه که له ده‌سه‌ڵاتی ئاده‌میزاد به‌ده‌ره. لای ئه‌وان شه‌ڕ ئه‌رکێکی پێویسته له پێناوی پاراستنی سنووری ده‌وڵه‌ت ـ شار و ده‌وڵه‌ت ـ شاریان وه‌ک بنکه‌ی کۆمه‌ڵ و قه‌ڵایه‌کی گشتی و رێکخستنێکی به‌رگریکارانه چاو لێ کردووه. بۆیه شه‌ڕ له روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه زیاتر پێناسه‌یه‌کی به‌رگریکارانه‌یه له ده‌ست درێژی لایه‌نه ده‌ره‌کییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت ـ شار.
له لای دۆرکهایم شه‌ڕ دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه،چوونکه مێژوو ده‌خولقێنێ و له هه‌مان کاتدا که شارستانیه‌ت دروست ده‌کا شارستانیه‌ته‌کانیش وێران ده‌کا. به واتایه‌کی تر شه‌ڕ ئه‌و سنووره‌یه که قۆناغه گرینگه‌کانی رووداوه مێژووییه‌کان لێک جیاده‌کاته‌وه.
ماکس ڤێبێر به‌م چه‌شنه له شه‌ڕ ده‌دوێ: “کۆمه‌ڵگاکان کۆمه‌ڵه‌یه‌کی هاوچه‌شن و یه‌کده‌ست نین و بۆ گه‌یشتن به هاوچه‌شنی و وه‌ک یه‌کبوون ناکرێ نه‌که‌ونه به‌رامبه‌ر یه‌کتری و شه‌ڕ نه‌که‌ن”. ئه‌و شه‌ڕ وه‌ک پێوه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بنیاتنه‌ر چاو لێده‌کا، پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خه‌بات له لای ئه‌و به جۆرێکن که له رێگای سه‌پاندنی خواستی یه‌کێک له لایه‌نه‌کان به سه‌ر ئه‌ویتردا پێک دێن. ماکس ڤێبه‌ر خه‌باتی له هه‌موو شوێنێک و له هه‌موو بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌لایه‌تیدا ده‌بینی، به‌ڵام سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی به ده‌رجه‌ی یه‌که‌م داده‌نا و پێش بابه‌تاکانی تری ده‌خست و، له هه‌مان کاتدا یه‌کپارچه‌یی نه‌ته‌وه‌یشی له به‌ر چاو ده‌گرت. ئه‌و پێی وابوو که سیاسه‌ت ده‌سه‌ڵاتی نێوان نه‌ته‌وه‌کان به وێنه‌ی به‌جێماوی راستیه تێپه‌ڕیوه‌کانی رابردوو نییه که شه‌ڕه‌کان بیچم و نمای و رووکاری رواڵه‌تی ئه‌وان بن. به‌ڵکوو شێوازێکه له خه‌بات بۆ مانه‌وه له نێوان چینه‌کان و نه‌ته‌وه‌کانی تر.
گاستۆن بوتۆڵ پێی وایه شه‌ڕ خه‌باتێکی چه‌کدارانه و خوێناوییه له نێوان گرووپه رێکخراوه و سازماندراوهکاندا.
به‌شێک له‌و ئامانجانه‌ی شه‌ڕی له سه‌ر بنیات نراوه هه‌م له چاخه‌کۆنه‌کاندا و هه‌م له سه‌رده‌می نوێ‌دا ده‌کرێ برێتی بن له:
· سه‌رکه‌وتن به سه‌ر دوژمن‌دا و ناچارکردنی بۆ خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی به ته‌واوه‌تی و ملکه‌چ بوونی.
· ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی زه‌وی و داراییه‌کانی دوژمن که ئه‌م ئامانجه زیاتر شه‌ڕه‌کانی رابردوو ده‌خاته روو که تێیدا ده‌ست به سه‌ر سه‌روه‌ت و سامان و به‌رینکردنه‌وه‌ی سنووره‌کان له سه‌ره‌کی ترین ئامانجه‌کانی شه‌ڕ له قۆناغانه‌دا بوو.
· به‌رگری کردن له خۆ له به‌رامبه‌ر ئه‌و شتانه‌ی دوژمن ده‌یانڵێت و ده‌خوازێ بیانسه‌پێنێت.
· سه‌پاندنی خواست و داواکانی خۆت به سه‌ر دوژمن‌دا و ناچار کردنی به په‌سند کردنیان.
· له جیهانی ئه‌مڕۆدا گه‌ڕان به شوێن ده‌سکه‌وته سیاسیه‌کان بایه‌خیان زیاتره له ده‌ستکه‌وته ماددییه‌کان و شه‌ڕ زیاتر له پێناو به ده‌ستهێانی ده‌سکه‌وتی زیاتری سیاسیه و ده‌سکه‌وته سیاسی یه‌کان گه‌وره‌ترن له سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر دوژمن‌دا.
هه‌ندێک له زانایانی سه‌رده‌م پێیان وایه شه‌ڕ له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ماڵوێرانی به دواوه بووه و قوربانی زۆری بووه، به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندی باشیشی هه‌بووه و به‌شێک له‌وان ده‌سکه‌وته‌کان و پێشکه‌وتنه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه له بواری تهکنولۆژیا و زانسته جۆراوجۆره‌کاندا به به‌رهه‌می شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م و دووهه‌م ده‌زانن و بۆ نموونه له‌و ده‌سکه‌وتانه ئاماژه به کۆتایی پێهێنانی ده‌سه‌ڵاتی چوار ئیمپراتوری گه‌وره ده‌که‌ن له ئه‌نجامی شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م، هه‌رچه‌نده دواتر نازیزسمی ئاڵمانی و فاشیزمی ئیتالیایی لێکه‌وته‌وه.
دێموکراسی:
دێموکراسی له فه‌رهه‌نگه‌کاندا به‌م چه‌شنه پێناسه کراوه “ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵک” و ئه‌م مانایه‌ش له ریشه یۆنانییه‌که‌ی دێموکراسی وه‌رگیراوه که تێیدا “دێمۆ” واتای خه‌ڵک ده‌دا و “کراسی” یانی ده‌سه‌ڵات. یانی حکومه‌تی خه‌ڵک به سه‌ر خه‌ڵکدا که دواتر له لایه‌ن “ئابراهام لینکۆڵن”وه “بۆ خه‌لکیش”ی لێ زیادکرا که پوخته‌که‌ی لای ئه‌و به‌م چه‌شنه بوو:”حکومه‌تی خه‌ڵک به سه‌ر خه‌ڵکدا و بۆ خه‌ڵک.”
ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ له مارکسییه‌کان پێیان وایه که ئه‌مه ته‌نیا پێناسه‌یه‌کی رواڵه‌تی و سه‌ر پێیه که کۆمه‌ڵناسی بورژوایی قه‌ناعه‌تی پێکردووه و به بێ ئه‌وه‌ی ره‌چاوی هه‌ل و مه‌رجی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی ژیانی سه‌رده‌م بکا. ئه‌وان پێیان وایه که کۆمه‌ڵناسی بورژوایی دێموکراسی ته‌نیا له به فه‌رمی ناسینی ده‌سه‌ڵاتی زۆرینه به سه‌ر که‌مینه‌دا و مافی یه‌کسانی تاکه‌کان و هاوڵاتیاندا ده‌بینێ، به بێ له به‌ر چاو گرتنی هه‌ل و مه‌رجی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ر ئه‌مه وای کردووه له دێموکراسی‌دا رێگا بۆ به‌شداری و خه‌باتی چینایه‌تی نه‌بێت. له روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه سیمای هه‌ره دیاری دێموکراسی بورژوایی له پارلمان و جیا کردنه‌وه‌ی سێ ده‌سه‌ڵاتی یاسا دانان و به‌رێوبه‌ری و دادوه‌ریدا ده‌بیندرێ. ئه‌گه‌ر واز له مشتومڕی ئه‌م دوو لایه‌نه بێنین و ته‌نیا قه‌ناعه‌ت به مانا و سه‌رچاوه سه‌ره‌کیه‌که‌ی دێموکراسی بکه‌ین، ئه‌وا ده‌رده‌که‌وێ که به‌شداری خه‌ڵک به شێوازێکی یه‌کسان له دیاری کردنی ده‌سه‌ڵات یه‌کێک له ته‌وه‌ره سه‌ره‌کی یه‌کانی دێمۆکراسییه که هه‌نووکه له رێگای به‌شداری خه‌ڵک و به‌شێوازی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه ده‌چێ.
کۆڵه‌که سه‌ره‌کی یه‌کانی دێموکراسی:
o ئه‌سپاردنی ده‌سه‌ڵات به خه‌ڵک
ئه‌سپاردنی ده‌سه‌ڵات به خه‌ڵک له راستیدا هه‌وێن و رۆحی دێموکراسییه، به‌ڵام له سه‌ر چۆنیه‌تیی به‌خشین و ئه‌سپاردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته گه‌لێک جیاوازی ڕاو بۆ چوون هه‌یه. له راستیدا ئه‌م پرسیاره زه‌قترین و به‌رچاوترین پرسیاره که له هه‌موو شوێنێک قورسایی خۆی هه‌یه، ئایا ئه‌و ده‌سه‌ڵات و حکوومه‌ته‌ی ئیداره‌ی وڵاتی به ده‌سته‌وه‌یه به راستی نوێنه‌ر و هه‌ڵبژارده‌ی خه‌ڵکه و ده‌کرێ به سانایی بگوترێ که ئه‌مه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه که خه‌ڵک خوازیاریه‌تی یان به جۆرێکی تر ده‌کرێ بپرسین به راستی ئه‌وه هاوڵاتیانن وڵاته‌که‌یان ئیداره ده‌که‌ن؟
o یه‌کسانی سیاسی
o یه‌کێک له کۆڵه‌که سه‌ره‌کی یه‌کانی دێموکراسی یه‌کسانیی سیاسیه له چوارچێوه‌ی وڵاتێک‌دا. یه‌کسانیی سیاسی زیاتر ئه‌م پرسیارانه لای هاوڵاتی دروست ده‌کات: ئایا هه‌موو ئه‌ندامانی پێکهێنه‌ری کۆمه‌ڵگا به تاک و به کۆ وه‌ک یه‌ک مافی به‌شدار بوونیان هه‌یه له پرۆسه‌ی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا؟ ئایا له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و به‌شداری سیاسی وڵات‌دا هه‌موو که‌مایه‌تییه ره‌گه‌زی، ئیتنیکی، کلتووری و جیا بیره‌کان ده‌توانن به بێ هه‌ڵاواردن به‌شدار بن و هیچ لایێک نه‌خرێته په‌راوێزوه؟ ئایا به هه‌موو که‌مایه‌تییه‌کان ده‌رفه‌تی وه‌ک یه‌ک ده‌درێ بۆ ئه‌وه‌ی کار بۆ ناساندنی خۆیان بکه‌ن و رێگریان له به‌شداریکردنی پرۆسه‌که‌دا بۆ دروست ناکرێ؟ ئایا هه‌موو کۆمه‌ڵه و گرووپێک وه‌ک یه‌ک مافی پڕوپاگه‌نده‌یان هه‌یه، یان ته‌نیا بۆ کۆمه‌ڵێکی هه‌ڵبژارده‌یه؟
o به‌شداری گشتی خه‌ڵک
به‌شداری ئاگایانه و چالاکانه‌ی خه‌ڵک له راستیدا جۆری دێمکراسی دیاری ده‌کات. له به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م سه‌رده‌مه‌دا هیچ وڵاتێک نییه خۆی به دێموکرات و هه‌ڵبژارده‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی نه‌زانێ و له هه‌موو وڵاتێکیشدا خه‌ڵک به خواستی خۆی یان به ناچاری به‌شداری ده‌که‌ن له پرۆسه‌ی ده‌نگداندا، به ڵام جۆری تێگه‌یشتن و جۆری به‌شداری خه‌ڵک و تێگه‌یشتن و ئاگایی خه‌ڵک له‌م چه‌مکه جۆر و شێوازی دێموکراسی دیاری ده‌کا. مودێل و شیوازه‌کانی دێموکراسی لای ANDREW HEYWOOD به‌م جۆره‌ن:
o لیبراڵ دێموکراسی
o دێموکراسی گه‌لی
o دێموکراسی وڵاتانی جیهانی سێ
o دێموکراسی رادیکاڵ
له به‌ر ئه‌وه‌ی دێموکراسی چه‌مکێکی ئاشنایه به هه‌موومان و به که‌سمان نامۆ نییه له درێژ کردنه‌وه‌ی پێناسه و جۆر و ئامانجه‌کانی دێموکراسی خۆ ده‌بوێرم و ته‌نیا بهوهندی که گوترا قه‌ناعه‌ت ده‌که‌م. جا هه‌وڵ ده‌ده‌م به وردبوونه‌وه له‌م چه‌مکانه و به دروستکردنی هه‌ندێ پرسیار ئه‌و پێوه‌ندیانه بدۆزمه‌وه که له نێوان ئه‌م دوو چه‌مکه‌دا هه‌یه و بزانیین که‌ی و له کوێدا شه‌ڕ و دێموکراسی هاوته‌ریب ده‌بن و له کوێدا یه‌کتر ده‌بڕن.
له ئامانجه‌کانی شه‌ردا ئاماژه‌م به دیارترین و بهرچاوترینهکانیان کرد، به‌ڵام ئایا به راستی دێموکراسی یه‌کێکه له‌و ئامانجانه‌ی شه‌ڕ که‌ران به دوایدا وێڵ و سه‌رگه‌ردانن؟ ئایا دێمۆکراسی ئه‌و پانتاییه‌یه که بکرێ به شه‌ڕ ده‌ستی به سه‌ردا بگیردرێ؟ له شه‌ڕه سه‌رده‌مییه‌کاندا باسمان له ده‌سکه‌وتی سیاسی کرد، ئایا دێموکراسی ده‌سکه‌وتی سیاسی بۆ وڵاتانی شه‌ڕکه‌ر هه‌یه که حازرن هاوڵاتیانی خۆیانی بۆ به کوشت بده‌ن؟ ئایا شه‌ڕکه‌رانی دێموکراسی خۆیان چۆن له دێموکراسی ده‌گه‌ن و لای خۆیان دێموکراسی چۆنه و به‌و ئیمانه له دێموکراسی گه‌یشتوون که پێغه‌مبه‌رایه‌تی به سه‌ر دێمۆکراسیدا بکه‌ن؟ ئایا به چه‌ک و به هه‌ڕه‌شه دێموکراسی له وڵاتانی دۆڕاودا پیاده ده‌کرێ؟ ئه‌گه‌ر باس له سه‌پاندنی روانگه و بۆچوونه به سه‌ر دوژمندایه، ئایا دێموکراسی ئه‌و چه‌مکه‌یه که به شه‌ڕ بسه‌پێندرێ و له راستیدا له سه‌پاندنی دێموکراسی به سه‌ر دوژمن‌دا چ ده‌سکه‌وتێکی هه‌یه بۆ وڵاتانی شه‌ڕکه‌ر؟ ئایا باشتر نیه بڵێین که دێموکراسی به‌هانه‌یه‌کی شه‌رعیه بۆ ته‌سلیم کردنی به‌رامبه‌ر وه‌ک له ئامانجه‌کانی شه‌ڕدا دیاری کراوه بۆ ئه‌وه‌ی له پاش ته‌سلیم بوونی دوژمن له خێر و بێری ڵلاتی ته‌سلیم بوو به‌هره وه‌ربگیردرێ؟ ئایا دێموکراسی به‌هانه‌یه‌کی تازه نییه بۆ دزین و راماڵینی به‌رهه‌م و داراییه‌کانی وڵاتی دۆڕاو؟ ئایا ئه‌مه هه‌مان ئه‌و مه‌به‌سته‌ی شه‌ڕه کلاسیکیه‌کان نیه؟
ماوه‌ته‌وه بڵێین دێموکراسی پرۆسه‌یێکه که به خه‌ڵک ده‌ست پێ ده‌کا و بۆ خه‌ڵکه و به خه‌ڵکیش کۆتایی پێ دێت. ئه‌گه‌ر شه‌رێکیش شه‌رعییه‌تی هه‌بێ ئه‌وا شه‌ری سه‌قامگیر کردنی دێموکراسیه که له ناو خۆی وڵاته‌کاندا ده‌کرێ که ئه‌ویش له رێگای چه‌ک و تووند و تیژیه‌وه ده‌سته‌به‌ر ناکرێ. ده‌کرێ بڵێین ئه‌مه ته‌نیا شه‌ڕێکه که چه‌ک تێیدا نامۆیه!
له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانی سێ‌دا که باس له دێموکراسی ده‌که‌ن له راستیدا شتێکی ناحه‌قیان نه‌گوتووه، به‌ڵام ئه‌و دێموکراسییه‌ی ئه‌وان باسی ده‌که‌ن دێموکراسییه‌کی کلک و گوێکراو و سه‌قه‌ته. ئه‌وان به مه‌یلی خۆیان ته‌نیا ئه‌و به‌شانه له بنه‌ماکانی دێموکراسی وه‌رده‌گرن که زه‌ره‌ری بۆ ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری وسهرهڕۆیانهی خۆیان نه‌بێت، له هه‌مان کاتیش‌دا بۆ ئه‌وه‌یه بتوانن بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بکه‌ن که وڵاتێکی پڕاوپڕ دێموکراتن. گاڵته جاڕی دێموکراسی له‌م جۆره وڵاتانه‌دا به چه‌شنێکه که به رۆژی روون به‌رامبه‌ر به دێموکراسی ده‌وه‌ستنه‌وه و ته‌نیا ئه‌و کاته‌ی که پێویستیان به ده‌نگی خه‌ڵکه له رێگای هه‌ڵبژاردنێکی نمایشی گاڵته ئامێزهوهیه به‌هره‌ی لێ وه‌رده‌گرن و کاتێکیش ده‌ستیان به سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرت، ئه‌و جار له خیتابهکانیاندا به ئاشکرا به‌م چه‌شنه وه‌ک یه‌کێک له رێبه‌رانی رۆژهه‌ڵاتی باسی لێوه ده‌که‌ن:
“مرۆڤ به بیستنی ناوی دێموکراسی ده‌که‌وێته حاڵه‌تی رشانه‌وه‌وه. گوایا که‌سی هه‌ڵبژێردراو قه‌راره که مرۆڤه‌کان به‌ره‌و به‌خته‌وه‌ری راپێچ بکه، به‌ڵام هیچ که‌س ناتوانێ ئینسانه‌کان بگه‌یه‌نێته شوێنی به‌خته‌وه‌ری، خودی “ئیمامی موزڵووم” نه‌بێ!”.
ئه‌مه ئه‌و ترسه‌یه که روووبه‌ڕووی هه‌وڵدان بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی ئاشتیانه‌ی دێمۆکراسی ده‌بێته‌وه. ئه‌مه ئه‌و مه‌ترسییه‌یه که له‌وانه‌یه پێوه‌ندی له نێوان شه‌ڕ و دێموکراسی‌دا بخوڵقێنێ. چوونکه ئه‌م جۆره بیر کردنه‌وه و تێگه‌یشتنه له دێموکراسی به سانایی و به بێ شه‌ڕ زه‌حمه‌ته بسردرێته‌وه.
جه‌مال ئه‌حمه‌دزاده
سه‌رچاوه‌کان:
سایتی ئینتێرنێتی رشد
رێنێسانس نیوز
ویکیپیدا
دموکراسی،فیمینسم و سوسیالیسم نوشته: ANDREW HEYWOOD ترجمه: دکتر زهرا عرفانی
دیدگاهتان را بنویسید