قه‌یران له شوناسی كورد بوون دا
قه‌یران له شوناسی كورد بوون دا
“ده‌ستپێك”
“كوردبوون” ئه‌و مانایه‌یه‌كه هێشتا سنوور‌و تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌كانی به جوانی دیاری نه‌كراوه‌و دانه‌ڕێژراوه. هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا مه‌به‌ستمان له “كورد بوون” ته‌نیا له‌وه نیه كه مرۆڤێك هه‌یه‌و به‌كوردی ده‌دوێ‌و به‌كوردی داب‌و نه‌ریته‌كانی به‌ڕێوه ده‌با. به‌ڵكوو واوه‌تر له‌مه مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه ئه‌م مانایه هه‌ڵده‌داته‌وه مانای سیاسی‌و جوگرافی‌و فیكری‌و ده‌یه‌وێ وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو له پاشایی نه‌خشه‌ی دونیادا شوێنی دیاریكراوی هه‌بێت. واته “كوردبوون” وه‌ك مانا‌و بوونێكی زمان‌و نه‌ریتی ده‌بێ به بوونێكی ئه‌كتیڤ‌و چالاك له رووبه‌ری سیاسه‌ت‌و فیكردا. ئه‌م وته‌زایه لێره‌دا ده‌بێ به جه‌وهه‌ری بوون‌و ده‌بێ به ئامانج, به‌جۆرێك كه نه ته‌نیا شوێنی ده‌ستپێكردن, به‌ڵكوو شوێنی مه‌به‌ستیش (ئامانج) دیاری ده‌كا. “كوردبوون” ده‌بێ به ماهییه‌ت. ماهییه‌ت نه ته‌نیا له ژیانی تاكه كه‌سیدا, به‌ڵكوو له ژیانی گروپی‌و گشتی‌دا. ده‌بێ به فه‌لسه‌فه‌ی بوون‌و له ده‌سته‌واژه‌ی “كوردایه‌تی” داخرا‌ودا چڕ‌وپڕ ده‌كرێته‌وه. كاتێك “كوردبوون” ده‌بێ به فه‌لسه‌فه‌ی بوون, مانای ئه‌وه‌یه كه مرۆڤی كوردزمان ناتوانێ به‌بێ ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه له جوگرافیای ژیاندا شوێنی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت‌و بوونێكی پێشێل كراو‌و شێواو. كه‌واته “كوردبوون” به‌م مانایه, ده‌یه‌وه‌ێ هه‌موو فیكر‌و بۆچوونه‌كانی دی له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ته‌عریف‌و پێناسه بكا. ئه‌مه نه ته‌نیا له دنیای سیاسه‌تدا به‌ڵكوو له دنیای فیكریش دا راسته. واته “كوردایه‌تی” سیاسه‌ت له چوارچێوه‌ی به ده‌وڵه‌ت بوونی كورددا پێناسه ده‌كا‌و هه‌موو چالاكیه سیاسیه‌كان به‌ره‌و ئه‌م مه‌به‌سته ئاراسته ده‌كا. به‌ڵام گرفت له‌وه‌دایه كه له دنیای فیكردا نه‌یتوانیوه ئه‌م كاره بكا. واته به‌گشتی نه‌یتوانیوه بنه‌مایه‌كی فیكریی پته‌و سیستماتیك بۆ “كوردایه‌تی” دابڕێژێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به‌و مانایه نیه كه توانیویه‌تی له بواری سیاسه‌تیش دا بنه‌مایه‌كی پته‌و‌و سیستماتیك دامه‌زرێنێ. به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ له كرده‌ی سیاسی‌دا له دۆخێكی باشتر دایه له چاو دۆخی فیكری. چونكه لانی كه‌م خاوه‌نی حیزبه‌و به‌شێوه‌ی پڕاگماتیتیش بێت له جیهانی سیاسه‌ت دا حوزوری هه‌یه.
ئاشكرایه كه “كوردبوون” خۆبه‌خۆ ناتوانێ مه‌به‌ست بێت, به‌ڵكو زۆرتر رواڵه‌تێكه بۆ نیشاندانی دیارده‌یه‌كی قوڵتر‌و ریشه‌یی‌تر. كاتێك داگیركه‌ر كوردستان داگیر ده‌كا, بۆ گۆڕین‌و شێواندن‌و له نێوبردنی سیمای كوردیانه‌ی مرۆڤی كورد نه‌هاتووه. به‌ڵكوو له راستی‌دا بۆ سامان‌و سه‌روه‌تی ناوچه‌كه هاتووه‌و شێواندنی سیمای ئه‌و مرۆڤانه‌ی وا له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌ژین به مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ر كردنی ئه‌به‌دیانه‌ی ئه‌و سه‌روه‌ت‌و سامانه‌یه. واته لێره‌دا سڕینه‌وه‌ی ره‌واڵه‌تی كوردیانه مه‌به‌ستی دووهه‌مه. لێره‌ش دا مرۆڤی كورد بۆ ئه‌وه‌ی به ژیانی شیاوی خۆی بگا له رێگای پێ‌داگرتن له‌سه‌ر كورد بوونی خۆی ده‌یه‌وێ ره‌وتی به‌تاڵان بردنی سامانه‌كه‌ی تێك بدا. جا ئه‌گه‌رچی سیمای كوردیانه بۆ هه‌ر دوولا (داگیركهرو كورد) مه‌به‌ستی دووهه‌مه, به‌ڵام سیمای سه‌ره‌كیه, كه لێیه‌وه, ره‌وتی به تاڵان بردنی سامان یا خود ئه‌ستاندنه‌وه‌ی گوزه‌ر ده‌كا.(1)
كاتی خۆی عوسمانیه‌كان له رێگای سیستمی ئیمپڕاتۆریی خۆیانه‌وه خه‌ریكی باج ئه‌ستاندن بوون. بۆ ئه‌وان تێكدانی سیمای كوردی یان عه‌ره‌بی یان.. . وه‌ك ئیستا كه ئه‌تاتووركه‌كان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی نه‌بووه. ئه‌ماڕات‌و ناوچه كوردی‌یه‌كان ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی خۆیان هه‌بووه, به‌مه‌رجێك له‌سه‌ر دانی باج‌و خه‌راجی خۆیان به‌رده‌وام بوونایه. ته‌نیا كاتێك به سه‌ختی ده‌ستیان له‌م دۆخه وه‌رده‌دا كه شۆڕش‌و ڕاپه‌ڕینێك هه‌بایه‌و مه‌ترسێكی جیددی به‌رۆكی پێ‌گرتبان.
به‌ڵام ئه‌و كاته‌ش ڕاپه‌ڕینه‌كان (بۆ وێنه شێخ عوبه‌یدولڵا) ره‌واڵه‌تی كوردیانه‌ی ده‌گرته خۆ. به‌رژه‌وه‌ندییه مادییه‌كان به‌بێ ره‌واڵه‌تێكی كولتوری‌و رۆشنبیریانه نابنه خاوه‌ن چوارچێوه‌یه‌كی پته‌و سیستماتیك.
هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه كه داڕشتنی بنه‌مایه‌كی فیكری بۆ “كوردبوون” خۆی ده‌سه‌لمێنێ. بنه‌مایه‌ك كه تێیدا سیاسه‌ت بكه‌وێته ژێر ركێفی فیكره‌وه, نه‌ك به پێچه‌وانه.
ئایدیۆلۆژیای نه‌ته‌وه‌یی
بێگومان پرسیار ده‌كرێ كه بنه‌مای فیكری یانی چی‌و چۆن؟ له وه‌ڵام دا ده‌توانین بڵێین كه بنه‌مای فیكری بۆ كورد بوون خۆی له ئایدیۆلۆژیادا ده‌بینێته‌وه. واته ئایدئۆلۆژیای كوردایه‌تی. ئه‌مه‌ش ده‌بێ ئایدئۆلۆژیی نه‌ته‌وه‌یی. ئایدئۆلۆژییه‌ك كه سیسته‌مێكی نه‌زه‌رییه له هه‌موو بواره‌كانی په‌یوه‌ندی‌دار به ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی وبه بوون. لێره‌وه ئه‌م ئایدیۆلۆژییه ڕوانگه‌ی تایبه‌تی بۆ بواره‌كانی كۆمه‌ڵگا‌و بوون ده‌بێ. ڕوانگه‌ی تایبه‌ت بۆ كۆمه‌ڵگا به‌و مانایه كه له ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی كوردییه (كه زۆرتر له به‌رامبه‌ر ئه‌وی دی‌دا ده‌رده‌كه‌وێ, واته (كورد ـ نه‌كورد) پێناسه ده‌كرێ. بۆ ته‌عبیر له “بوون”یش له رێگای ته‌عبیرێكی تایبه‌تی له ئاینێك ده‌زگای نیوه دنیای نیوه ئایدیالیستی خۆی داده‌ڕێژێ. (وه‌ك چۆن عه‌ره‌ب له رێگای ئیسلامه‌وه‌و ئێران له رێگای ئیسلامی شیعیه‌وه ده‌یكا, یان له رێگای گه‌ڕانه‌وه بۆ ئاینه كۆنه‌كانی تایبه‌تی خۆی). به‌ڵام ده‌شێ ته‌نیا “ئایین” سه‌رچاوه‌ی ته‌عبیر له “بوون” له ئایدیۆلۆژی نه‌ته‌وه‌یی دانه‌بێت. به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌می ئێمه‌دا كه ئایین له دۆخی جارانی خۆی كه‌وتووه. به‌ڵام حاشا له‌وه ناكرێ كه له وه‌ڵاتانی وه‌ك ئێمه‌دا بیره‌نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له ژێر سریمه‌ی بیره ئایینیه‌كاندان. كه زۆرتر بیری نه‌ته‌وه‌یی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بیری ئایینی زۆرینه هه‌ڵده‌بژێرێ. چونكه بیری ئایینی زۆرینه هه‌م نفووز‌و ده‌سه‌ڵاتی زیاتری ده‌داتێ‌و هه‌م ده‌بێ به فاكته‌رێكی دیكه بۆ یه‌كگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی. ته‌نانه‌ت ئه‌و حیزبانه‌ش كه به‌ڕه‌سمی ئایینێك قبووڵ ناكه‌ن, لانی كه‌م له هه‌ڵسووكه‌وت‌و قسه‌كانیان دا پێملی ئایینی زۆرینه‌ن.
ئایدئۆلۆژیی نه‌ته‌وه‌یی له “بواره‌كانی كۆمه‌ڵگادا” زۆرتر له ژێر سریمه‌ی (كورد / نه‌كورد) دایه. واته زۆرتر خه‌سڵه‌تی ده‌ره‌كی هه‌یه. ناسێنه‌ری مافی كورده له به‌رامبه‌ر غه‌یره كوردا. ئه‌و غه‌یره كورده كه ئیزنی كۆكردنه‌وه‌ی كوردمان پێ ده‌دا له ژێر ناوێكی گشتیی وه‌ك “كورد” دا. ئه‌گینا ئایدئۆلۆژیی نه‌ته‌وه‌یی له بواری نێوخۆیی دا كاتێك غه‌یره كورد ون ده‌بێ مانای نامێنێ (ره‌نگه ته‌نیا مانای له به‌رامبه‌ر كێشه‌ی چینایه‌تیه‌كاندا هه‌بێت) كۆمه‌ڵگا له ئاست خۆیدا له باری ده‌روونییه‌وه ته‌نیا یه‌ك پێناسه‌و یه‌ك به‌رژه‌وه‌ندیی نیه. به‌ڵام كاتێك له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ده‌ره‌كیدایه ده‌كرێ یه‌ك پێناسه‌و به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌بێت. كه‌واته له بواره‌كانی كۆمه‌ڵگادا ئایدئۆلۆژیای نه‌ته‌ویی ده‌بێ پێناسه‌یه‌كی ڕه‌گ داكوتراو‌و روونی هه‌بێت بۆ خود‌و غه‌یری خود.(2)
كاتێك خود‌و غه‌یره خود لێره‌دا جیاده‌كرێته‌وه به‌و مانایه‌یه كه له بواره‌كانی ئابووری‌و سیاسه‌ت‌و كه‌لتوور‌و كۆمه‌ڵ تۆ هه‌ندێك داواكاری‌و چوارچێوه‌ی دیكه‌ت هه‌یه كه له غه‌یری خۆت جیات ده‌كاته‌وه. ئه‌مه مانایه‌كی گشتییه, به‌ڵام ئه‌م مانا گشتییه ئه‌گه‌ر ورد نه‌كرێته‌وه, ئایدیۆلۆژیای نه‌ته‌وه‌یی نه‌یتوانیوه بێته چێ‌كردن (كاتێك دێته سه‌ر كۆمه‌ڵگا ته‌نیا یه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵ‌دا نه‌سه‌پێ, به‌ڵكوو كۆمه‌ڵ له ره‌نگاوره‌نگی خۆیدا ببینرێ).
ره‌نگه نه‌توانین ئیتر ئه‌مه ناوبنێین ئایدئۆلۆژیی نه‌ته‌وه‌یی. به‌ڵام له‌بیرمان نه‌چێ ئایدئۆلۆژیای نه‌ته‌وه‌یی گه‌لێك جار حه‌زی له به‌زاندنی ئه‌م دۆخه‌یه كه ته‌نیا ده‌یه‌وێ له سنووری “خود‌و غه‌یری خوددا” بیهێڵێته‌وه. ئایدئۆلۆژیای نه‌ته‌وه‌یی كه مه‌به‌ستی چێ‌كردنی وته‌زای نه‌ته‌وه‌یه (ناشون) بێگومان ده‌بێ پڕۆسه‌یه‌كی دێموكراتیزا‌سیۆن بپێوێ, كه دێموكراتیزاسیۆنیش هه‌روه‌ك ده‌زانین دژی وێنایه‌كی تۆتالیتاری له “خود‌و غه‌یری خود”ه. دێموكراتیزا‌سیۆن ئیمكانی هاتنه ئارا‌و پرۆڤه‌كردنی به‌رژه‌وه‌ندییه جۆربه‌جۆره‌كانی نێوكۆمه‌ڵگایه.
به‌ڵام بۆ كورد كه هێشتا له بازنه‌ی “خود‌و غه‌یری خود دایه”, ره‌نگه ئه‌م مانایه‌ی دواتر كه باسمان لێ‌كرد دژوار بێت. به‌ڵام ئه‌وه ئه‌و خاڵه‌یه كه ئێمه ئێستا زۆر پێویستیمان پێیه‌تی. له بارودۆخی ئه‌ڕۆی دنیادا كه وته‌زاكانی وه‌ك مافی مرۆڤ‌و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی‌و دێموكراسیش, پێناسه‌یه‌كی جه‌وهه‌رین بۆ كۆمه‌ڵێكی مۆدێڕن, ناكرێ بیرێكی نه‌ته‌وه‌یی ته‌نیا له سنووری”خود‌و غیری خودادا” بژی. به‌ڵكوو گه‌لێك واوه‌تر له‌مه هه‌ڵده‌داته‌وه ئه‌وه‌ی كه ئه‌م مانایه‌ش بو غه‌یری خود قاییل بێت. جا لێره‌وه دۆخی دژواری بیری نه‌ته‌وه‌یی له‌م رۆژگاره‌ی ئه‌وڕۆ دا ده‌رده‌كه‌وێ. كه بازنه‌ی “خود‌و غیری خود”, من ئه‌و لێك جیاده‌كاته‌وه, به‌ڵام پڕۆسه‌ی دواتر”من‌و ئه‌و”پێكه‌وه گرێ ده‌دا.
كه‌واته ده‌توانین بڵێین كه تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌كانی بیری نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مانه‌ن:
1. دیاری كردنی خود‌و غه‌یری خود (لێره‌دا به‌رژه‌وه‌ندی گشتی زاڵه)
2. بینینی كۆمه‌ڵگا له ره‌نگاوره‌نگیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كاندا
3. هه‌وڵدان بۆ شوناسێكی دیموكراتیانه بۆ غه‌یری خود.
به‌و تێ‌بینی‌یه‌وه كه سنووره‌كانی ئه‌م سێ به‌شه به‌رده‌وام تێهه‌ڵكیش ده‌بنه‌وه‌و ئیتر ئه‌مه به‌و مانایه كه به قۆناغ ده‌بێ بیانبڕین.
(قه‌یران یان نه‌بوونی بیری نه‌ته‌ه‌یی)
ئاكامه‌كانی بزربوونی بیری نه‌ته‌وه‌یی
كاتێك باس له قه‌یران ده‌كرێ, مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه مانایه‌ك یان دیارده‌یه‌ك بوونی هه‌یه, به‌ڵام دوچار ئاڵۆزی یان گرفتێك بووه. كه‌واته قه‌یرانی بیری نه‌ته‌وه‌یی, مانای ئه‌وه‌یه كه بیری نه‌ته‌ه‌یی هه‌یه‌و به‌تووش گرفت‌و ئاڵۆزییه‌وه بووه. به‌ڵام به‌و پێناسه‌ی كه بۆ بیری نه‌ته‌وه‌یی كردمان, من پێم وایه هێشتا له‌دایك نه‌بووه. ئه‌ویشی كه هه‌یه زۆرتر گه‌ڕان‌و سه‌ره‌تاكانی بیرێكی نه‌ته‌وه‌ییه. بۆ وێنه ده‌توانین بڵێین كه هێشتا لای كورد سنووره‌كانی دۆست‌و دوژمن دیاری نه‌كراون, هه‌روه‌ها هێشتا خاوه‌نی دێموكراتیزسیۆنێكی نێوخۆیی نین.
ئێستاش كورد وه‌ك گشتێك له به‌رامبه‌ر گشته‌كانی دیكه‌دا خۆی پێناسه نه‌كردووه. جا لێره‌وه كه خه‌یانه‌ت‌و هه‌ڵه كوشه‌نده‌كانی هه‌ر ناوچه‌و پارچه‌یه‌ك له‌دژی ناوچه‌و پارچه‌ی دی سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها هاتنه ئارای جووڵانه‌وه له‌سه‌ر حسێبی داگیركه‌رانی كوردستان ده‌بێته فاكته‌رێكی دیكه بۆ چێ نه‌بوونی بیری نه‌ته‌وه‌یی. جووڵانه‌وه‌یه‌ك كه له سه‌ر هێزی راسته‌قیتنه‌ی خۆی پی‌ناگات‌و هێزێكی كتوپڕی په‌یدا بكا, زۆر بیر له بنه‌ماكانی خۆی ناكاته‌وه. ته‌نیا بیر له رێكخراوی ئاشكرای پارتیزانی‌و چه‌كداری ده‌كاته‌وه. هێزێكی واش هه‌موو جۆره شه‌ڕێكی پێ‌ده‌كرێت. هه‌م شه‌ڕی داگیركهرو هه‌م شه‌ڕی نێوخۆیی تا ئاستی خۆكوژی. گرفت‌و كه‌مایه‌سی جووڵانه‌وه‌یه‌كی وا ئه‌وه‌یه كه له‌و په‌ڕی به‌هێزی‌دا ده‌كرێ بێ هێوا بێت. له دۆخێكی وادا هاوكێشه‌ی نێوان بێ‌هێز‌و به‌هێزی زۆر سه‌یری لـێ ده‌رده‌چێ.
له نه‌بوونی بیری نه‌ته‌وه‌یی دا گرفتی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه دیاری ناكا چ كرده‌وه‌یه‌ك نه‌ته‌وه‌ییانه‌یه‌و چ كرده‌وه‌یه‌ك نه‌ته‌وه‌ییانه نیه. هه‌موو شتێك له كرده‌وه‌ی رۆژانه‌ی سیاسیی رۆژانه‌دا نوقم ده‌بێ. بۆوێنه هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی كوردیان به‌سه‌ردا دابه‌ش كراوه(3) له یه‌ك كاتدا هه‌م ده‌توانن دوژمنی كوردبن, هه‌م دۆست. دوژمنن, چونكه كوردی خۆیان ده‌توێننه‌وه, دۆستن, چونكه یارمه‌تی كوردی به‌شه‌كه‌ی دیكه ده‌ده‌ن! ئه‌گه‌ر زه‌مه‌نی هه‌ڵدانه‌وه‌ی دۆسیه‌كان بێت, زۆر ئاسان حكوومه‌ته‌كانی ئێران‌و عێراق‌و سووریا ده‌توانن به‌ڵگه‌ی به‌هێز‌و جۆراوجۆر له‌سه‌ر خه‌باتی كوردایه‌تی خۆیان پیشان بده‌ن!؟ ئه‌وه شتێكه كه ته‌نانه‌ت ئێستا هه‌ندێك له حیزیه كوردیه‌كان به‌ئاشكرا باسی لـێ‌ده‌كه‌ن‌و به‌سه‌ر ئه‌م حكوومه‌تانه‌دا هه‌ڵ‌ده‌ڵێن. راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه بیری تاكتیكه‌و خاوه‌نی ستراتژی نیه. تا جۆری خه‌باتیش به‌م شێوه‌یه بڕواته پێش پێ‌ده‌چێ كارێكی ئه‌وتۆ نه‌كرێ. تا ئێستا جووڵانه‌وه‌ی حیزبیانه ویستوویه‌تی وای نیشان بدات كه ئه‌وه ئه‌وانن له هاودژیی ناوچه‌یی ده‌وڵه‌ته‌كان بۆ كێشه‌ی كورد كه‌ڵك وه‌رده‌گرن. له‌و تێۆریه‌دا دوژمنانی كورد زۆر به گێل‌و نه‌زان دانراون. جووڵانه‌وه‌ی حیزبایه‌تی تا ئێستا وه‌ك فاكته‌رێكی ئامرازی له هاوكیشه‌ی نێوان ده‌وڵه‌تان كه‌ڵكی لـێ‌وه‌رگیراوه‌و كاتێك ده‌وڵه‌ته‌كان هه‌ستیان كردووه ده‌گاته شوێنی زۆر ناسك, له‌گه‌ڵ یه‌ك سازاون. له‌م باره‌یه‌وه ئێمه خه‌ریكی دووپاتكردنه‌وه‌ی خۆمانین. گه‌وره‌ترین ڕاپه‌ڕینه‌كان له خه‌یانه‌تی ده‌وڵه‌ته ناوچه‌ییه‌كانی پشتیوانیان راحه‌ت هه‌ره‌سیان هێناوه.
له نه‌بوونی بیری نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌كرێ “یه‌ك كرده” جۆره‌ها ته‌عبیری سه‌رتاپا دژی لـێ بكرێ. لایه‌نێك به نیشتمانی ناوی ده‌با‌و لایه‌نێكی دی به خه‌یانه‌تكارانه. لایه‌نێك مانه‌وه‌ی كێشه‌ی كورد به‌م كرده‌وه‌یه ده‌به‌ستێته‌وه‌و لایه‌نێكی دی به هۆی كز بوون‌و له نێوچوونی كێشه‌كه‌ی ده‌زانێ. لێره‌دا ده‌یارده رۆژانه‌كان باڵ به‌سه‌ر جه‌وهه‌ر دا ده‌كێشن. سیمای گشتی (به پێچه‌وانه‌ی راو مه‌به‌ستی نه‌ته‌وه‌خوازان) بزر ده‌بێ‌و بوونه‌كاتیه‌كان ده‌بن به بوونه ئه‌به‌دیه‌كان. بزووتنه‌وه‌یه‌كی حیزبیانه هه‌موو مانا‌و بوونی نه‌ته‌وه‌یك له خۆیدا خڕ ده‌كاته‌وه‌و ئیزنی ئه‌وه به‌خۆی ده‌دا كه جۆرها هه‌ڵس‌و كه‌وتی له‌سه‌ر بكا. لێپرسینه‌وه‌یه‌ك نیه. ئه‌ڵبه‌ت نه‌پرسینه‌وه‌یه‌ك له جه‌ماوه‌ره‌وه بۆ حیزب (چونكه فه‌زایه‌كی دێموكراتیك له ئارادانیه) به‌ڵام خۆده‌كرێ لێپرسینه‌وه‌یه‌ك له بیری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه هه‌بێت كه نوخبه رۆشنبیره نه‌ته‌وه‌ییه‌كان خاوه‌نین. ئه‌مه‌ش بزره. چونكه‌ی نوخبه‌ی رۆشنبیری وه‌ك بنه‌مای سه‌ره‌كیی داڕشتنی بیری نه‌ته‌وه‌یی شوێنی خۆی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌و ئه‌ویش سه‌رقاڵی كار‌وباری رۆژانه‌ی كوردایه‌تیه.
بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كاری‌یه‌كان, نوخبه خه‌ریكی حیزب درووست كردنه. به‌و مه‌به‌سته له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كاریی ئه‌وانه‌ی پێشوو شتێكی نوێ بێته ئاراوه‌و سه‌ره‌نجام سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ركه‌ن. به‌ڵام له‌و بواره‌ش دا دووپات بوونه‌وه‌یه‌كی سه‌یر له ئارادایه. نه‌وه‌كان زۆر ئاسان لێك جیاناكرێنه‌وه. نوخبه به‌رده‌وام بۆ قاڵبی حیزبی‌و جووڵانه‌وه‌ی عه‌مه‌لی ده‌گه‌ڕێته‌وه, بێ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر تێوه‌رێكی گشتگیر راوه‌ستا بێت‌و قوناغ‌و ده‌سكه‌وت‌و چوارچێوه‌ی پێشووی تیوریزه كردبێت. هه‌موو شته‌كان له ده‌ست نیشان كردنی هه‌ڵه‌كانی ئه‌وانه‌ی پێشووه‌وه ده‌ست پێده‌كاته‌وه. ئه‌وه‌نده‌ی چاوی له هه‌ڵه‌كانه له ده‌ستكه‌وته‌كان نیه. پێی‌وایه دوای باشتر بوونی هه‌میشه تا راده‌یه‌كی به‌ر چاو داخراوه‌و نه‌گواستراوه‌ته‌وه بۆ ئاشتی‌و سیاریی جه‌ماوه‌ری. زه‌بر‌و زه‌نگی دوژمن گه‌وره‌ترین یارمه‌تی‌بووه بۆ بیانووی شاردنه‌وه‌ی.
بۆ دووركه‌وتنه‌وه له‌م دۆخه دژواره (كه كورد خۆی ده‌بێ به‌دژی خۆی) رێگا چاره‌یه‌ك نیه جگه له‌وه‌ی كه بزووتنه‌وه‌ی هه‌ر به‌شێكی كوردستان بۆ تێز‌و راسته‌قینه ده‌روونی‌و نێوخۆییه‌كانی خۆی بگه‌ڕێته‌وه. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمان به‌وه هه‌یه كه كێشه‌ی كورد كێشه‌یه‌كی واقعی‌و جه‌ماوه‌رییه, ئه‌وا جه‌ماوه‌ر خۆی رێگا شیاو‌و واقعییه‌كانی بۆ ده‌دۆزێته‌وه. به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می ئێمه‌دا كه ماناگه‌لی وه‌ك كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی‌و دێموكراتیه‌ت‌و مافی مرۆڤ مانای گشتگیریان‌و ره‌وتی جیهانی‌په‌یدا كردووه. گه‌ڕانه‌وه بۆ هێزه نێوخۆیی‌و ده‌روونیه‌كان ده‌ستپێكی به‌هێزه بۆ داڕشتنی بیری نه‌ته‌وه‌یی (گرێ دراو به‌مافی مرۆڤ‌و مافی‌هاووڵاتی بوون كه په‌یوه‌ندی‌دارن به دۆخی پۆست‌مۆدێڕنه‌وه)و له زاڵ بوونی كێشه‌ی رۆژانه‌كان به‌سه‌ر‌و ته‌زا جه‌وهه‌رییه‌كاندا.
* * *
جاران كه وڵاتێك ده‌یویست له ده‌ست وڵاتێكی دی رزگاری ببێ, بیری له دۆخی وڵاتی داگیركه‌ری خۆی نه‌ده‌كرده‌وه, به‌ڵكوو ته‌نیا له بیری ئه‌وه‌دابوو كه به زه‌بری هێز خۆی رزگار بكا. به‌ڵام ئاشكرایه كه كوردستان ئه‌وڕۆ له دۆخێكی وا دانیه. واته كوردستان ناتوانێ ته‌نیا به زه‌بری چه‌ك‌و هێز‌و به‌بێ گوێ‌دان به سیسته‌می ده‌سه‌ڵات له‌و وڵاتانه‌ی كه كوردستانیان تێدایه, بیر له مافی خۆی بكاته‌وه. بۆیه به‌ناچار بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردی مۆركێكی فراوانتری له كورد بوون‌و له كوردستانی بوون هه‌یه‌و به كه‌ڵك وه‌رگرتن له پێناسه مۆدێڕنه‌كان خه‌سڵه‌تێكی ته‌نانه‌ت ئه‌و په‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی وه‌رده‌گرێ.

له جیهانی تێك قونجاو‌و پێكه‌وه گرێ دراوی ئه‌ورۆدا ئه‌مه هه‌م ده‌توانێ جێگای هومێدبێ‌و هه‌م ناهومێدی, جێگای هومێده كه كێشه‌كانی جیهانی بووه‌ته‌وه‌و جێگای ناهومێدییه چونكه مرۆڤ هه‌ست ده‌كا ئه‌ركه‌كان گه‌لێك قورسترن.
دوا وته
هه‌روه‌ک ئاماژه‌مان پێ‌کرد بیری کوردی به هۆی نه‌بوونی سیسته‌مێکی نه‌زه‌ری و فیکری له که‌م و کۆڕیێکی کوشه‌نده‌دایه. بنه‌مایه‌کی گشتی به کرده‌وه‌و له درێژخایه‌ندا کۆی ناکاته‌وه. ناسیۆنالیسمی ته‌نیا چه‌مکی سیاسی‌دا پێناسه کردوه. ئه‌مه له کاتێکدایه که ناسیۆنالیسم ده‌بێ پڕۆژه‌یه‌کی فراوانتر بێت, واته سیسته‌مێکی نه‌زه‌ری و فیکری له روانگه‌ی مێژوویی ئه‌و دیاری ئه‌کا.
له سیاسه‌تی ژماره دوودا نووسراوه: “… ناسیۆنالیسم زۆرتر به دوای ئامانجی سیاسی و بۆ مه‌به‌ستی سیاسی دێته ئاراوه، هه‌تا ئه‌وه‌ی سیستمێکی فیکری بێت بۆ چاره‌سه‌ری گرفته ریشه‌ییه‌کانی کۆماڵایه‌تی”.
ئه‌م جۆره ته‌عبیره به جوانی کاکڵی ناسیۆنالیسمی کوردی ده‌رده‌خا، به‌ڵام هه‌ر له‌و کاته‌دا قووڵایی کاره‌ساته‌که پێشان ئه‌دا. ئه‌م جۆره له ناسیۆنالیسم له بیری گرفته کۆماڵایه‌تیه‌کاندا نیه‌و سیاسه‌تی ته‌نیا له پێناوی سیاسه‌تدا ده‌وێ. تێیدا مه‌علوم نیه بۆچی نه‌ته‌وه‌یێک ده‌بێ رزگار بێت، ئه‌گه‌ر قه‌راره بیر له دۆخی کۆمه‌ڵگا نه‌کرێته‌وه. ئه‌م جۆره بیره به‌رده‌وام دۆخێکی قه‌یراناوی بۆ خۆی به‌رهه‌م دێنێته‌وه چونکه شوناسی کوردی ته‌نیا کوردبوون نیه. کوردبوون خۆبه‌خۆ هیچ مانایه‌ک به ده‌سته‌وه نادا ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ چه‌مک و ماناکانیدی کۆ نه‌کرێته‌وه.
…………………………………………………………………
(1) ئه‌م دۆخه زۆرتر له حاڵه‌تی ئیستعمار ده‌چێ. ئیستعمار سه‌ره‌تا ناوچه‌كانی راسته‌وخۆ داگیر ده‌كرد, به‌ڵام دواتر به هۆی په‌ره‌ئه‌ستاندنی بزاڤی رزگاریخوازی‌و گوشار‌و زه‌بریان بۆ سه‌ر وڵاتانی داگیركه‌ر, ئیستعمار شێوازی دیكه‌ی هه‌ڵبژارد (هه‌ڵبژاردن به مانای جه‌بری دۆخێكی مێژوویی) كه ئه‌ویش بریتی بوو له ده‌سه‌ڵات له رێگای ئابووری‌و سه‌رمایه‌و درووست كردنی ده‌وڵه‌ته ده‌س نیشانكراوه‌كان. دواكه‌وتوویی ئه‌و وڵاتانه‌ی كوردیان تێدایه‌و لاوازیی جه‌سته‌ی ئابووری‌و ماڵی‌یان, نه‌یهێشتووه ئه‌وان به‌ره‌و دۆخێكی دیكه‌ی مامه‌ڵه له كوردستان بچن.
(2) ئه‌گه‌رچی ئایدیۆلۆژیی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لێك خاڵی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هه‌رجۆره ئایدیۆلۆژییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی دی هه‌یه به‌ڵام هه‌ر له‌و كاته‌دا سنووره‌كانی‌به‌رژه‌وه‌ندیی كۆمه‌ڵی كوردی له كورت خایه‌ن‌و درێژخایه‌ندا دیاری ده‌كا. بۆ ئه‌م دیاری كردنه‌ش كۆمه‌ڵی كوردی وه‌ك گشتێك ده‌بینێ نه‌ك وه‌ك به‌شێك یا خود جووڵانه‌وه یان حیزبێك. جا كاتێك جۆری تێروانینه‌كه ئاوا بوو خۆبه‌خۆ ئه‌و جووڵانه‌وه‌یه‌ش كه ده‌بێ بێته ئاراوه له تێ‌ڕوانینێكی گشتییه‌وه ده‌بێ. ئه‌ڵبه‌ت نه‌ك به‌و مانایه كه حیزبێك به ناوی كوردستانی گه‌وره‌وه مافی ئه‌وه به خۆی بدات كه ئه‌وانی دی له مه‌یدان به‌ده‌ربكات. مه‌سه‌له‌كه گه‌وره‌تر‌و به‌رفراوانتره له‌مه. ئاراسته‌ی ئه‌م قسه زۆرتر به‌ر‌و بنه‌ما تیۆرییه‌كانی خه‌باتی چه‌كداریه. تا شكڵی زاڵی خه‌بات بۆ ئه‌ستاندنی ماف چه‌كادریانه بێت (جا چ ناوچه‌یی یان له یان له ئاستی گشتی) ناتوانێ بنه‌مایه‌كی گشتی بۆ بیری نه‌ته‌وه‌یی درووست ببێ. ته‌نانه‌ت, جووڵانه‌وه‌یك ده‌توانێ ته‌نیا تایبه‌ت به به‌شێكی كوردستان بێت‌و له هه‌مان كات دا خاوه‌ن بیری نه‌ته‌وه‌یی بێت. واته له روانینێكی گشتیه‌وه سه‌یری مه‌سه‌له‌كه بكا‌و به‌هۆی ره‌چاونه‌كردنی خه‌باتی چه‌كداری ئیتر به پێچه‌وانه‌ی خواستی خۆی نه‌كه‌وێته داوی ئه‌و كردانه‌ی كه پێشێل كه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی بوونی خۆیه‌تی.
(3)
فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپور





وەڵامێک بنووسە