فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

وێنەی نۆستالۆژیا

کات 27/10/1393 607 بازدید

وێنەی نۆستالۆژیا

وێنەکەیان لە رێگای ئینتەرنێتەوە ناردبوو،… لە پەیامێکی فەیسبووکیدا. نێرەری وێنەکە بۆخۆیەتی، لەگەڵ باوکی، لە تەنیشت چوار رێیانێکدا و بە شاخە هەمیشەییەکەوە لە پشتیانەوە. ئەم جوان سەیری وێنەکە دەکا. جگە لە خانووەکان هیچ شتێکی تر تازە نیە،… بەڵام نا، راوەستە! ئەوان هەر دووکیان وەک جاران نین. بۆ خۆی رواڵەتی پیاوێکی گەورەساڵی گرتووە و باوکیشی پیرتر بووە. لە پشتیانەوە دیسان شتێکی تر دەبینرێ،… ئۆتۆمبیلێک کە بەرەو ئەوان پێچ دەکاتەوە و دەیەوێ تێپەڕێ. جوان لە ناو ئۆتۆمبیلەکە رادەمێنێ. کەس نابینێ، شۆفیرەکە دیار نیە. تیشکی کامێراکە نەگەیشتووەتە ئەوێ. لەوێ هێشتا دونیا تاریکە!

چاوی بە گشتی هەم لە سەر هەموو وێنەکەیە و، هەم لە سەر هەموو وردیلە وێنەکان. سەیرە! نە گشتەکە بە تەنیا مانا دەدا و نە وردیلەکان دانە دانە. هەموویان یەکتر تێر دەکەن و بە یەکەوە وێنەکە تەواو دەکەن. ئەو وێنەیەی وا ئەو لە نێوان رابردوو و ئیستادا دەهێنێ و دەبا. بێشکەی یادەکان و بیرەکان.

کێوەکە، نیوەبەفراوییە. لە چاخی وشکە ساڵیدا بەفر نیعمەتێکی گەورەیە. هەست دەکا لە بەر ئەو بەفرەیەیە وێنەکە گیراوە، نەک لە بەر ئەو. وەک بڵێی وێنەگرەکە و باوکی دەیانەوێ خۆیان لەوە دڵنیا بکەنەوە کە ساڵانی وشکەساڵی بۆ هەمیشە تەواو بووە. ئەوەی کە ئیتر هەوای وشک بووە بە رابردوو، بەڵام کێوەکە زۆر شوێنی رەش هەڵگەڕاوەتەوە. کەواتە ئەمە نیشانەیەکی باش نیە. وشکە ساڵی بەردەوامە. پێکەنینی بە خۆی دێ. باشە بۆ وا بیر دەکاتەوە؟ ئەوان بۆچی دەبێ وێنەیەک بگرن و بە فەیسبووک بۆ ئەو سەری دونیای بنێرن؟ تەنیا بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە سەرەدەمی وشکە ساڵی تەواو بووە؟ نا، ئەم وێنەیە نیەتێکی تری لە پشتە. نیەتی خۆشەویستی و پەیوەندی گرتنەوە. چاوەکان پڕ بە خۆیان هاواری ئەم خۆشەویستییە و ئەم نۆستالۆژیایە دەکەن. ئەوان لە بەردەم کامێراکە راوەستاون بۆ ئەوەی بەم بڵێن دەکرێ زەمەنی دووریش تەنیا بە یەک چرکە بکەن بە مێژوو،… ئەوەی کە خۆشەویستییەکان ون نابن. ئەم چەندە کتوپڕ دڵ و دەروونی پڕدەبێ لە ئەمەگ و پێزانین.

دیسان سەرنجی دەچێتەوە سەر ئۆتۆمبیلەکە، ئەو ماشینە سپییەی کە لە بەفری سپیی کێوەکە دەکا. دیسان دەیەوێ شۆفیرەکە ببینێتەوە. جوان چاوی زوم دەکا. هەست دەکا سێبەری سەر و مل و شانێکی تۆکمە لە سەر بیلبیلەی چاوەکانی دەکەونە سەما. بەڵام نا، تەنیا وەهمە. هەڵدەستێ و دەچێ زەڕەبینەکەی دەهێنێ. زەڕەبینەکەی سەردەمی قوتابخانە. ئەو کەرەسەیەی کە لە گەڵ خۆی وڵات و وڵات هێناویەتی و لە هیچ شوێنێک لێی بەجێنەماوە. سەیر نیە! باشە ئەو ئەم زەڕەبینەی بۆچی بووە؟ ئەو کە هەمیشە بە هەنگاو و قەڵەمبازە گەورەکان تێپەڕیوە، زەڕەبین دەیتوانی چ یارمەتییەکی بدا؟ مەگەر لە سەر سنوورەکان ئەوە دووربینەکان نین کە بە کەڵک دێن؟ پێکەنینی بە ئاکاری خۆی دێ. رەنگە لەبەر ئەوەی هەڵیگرتبێ کە بە ئاسانی لە گیرفانیدا جێی دەبووەوە، یان لە بەر ئەوەی بە زەڕەبین دەیتوانی سنوورەکان بە جوانی ببینێ، ئەو سنوورانەی کە سەرەڕای تێپەڕین بە سەریاندا، قەت نەیبینین. سنوورە ـ ناوەکان.

رەنگە لێرە سەرئەنجام بە کەڵک بێت. ئەی ئەوە نییە بە کەڵکیش دێ! دەیهێنێت و بە وردی دەکەوێتە لێڕوانین لە ئۆتۆمبیلەکە. شوێنەکە کەمێک تاریک و بێ نوورە. هەڵدەستێ و دەچێتە بەر پەنجەرەکە. ئەوسا بە راگواستنی دەستی، هەوڵ دەدا زەڕەبینەکە لە شوێنی گونجاوتر رابگرێ. پەیدای دەکا. بەڵام زۆر یارمەتی نادا. تەنیا ئەوەندەی نەبێت کە وەهمی سەر و مل و شانەکان گەورەتر دەبنەوە. باشە نەدەکرا هەتاو بگەیشتایە ناو سەیارەکە؟ یاخود تیشکی بە ئاستەمی بەفری شاخەکە؟ زەڕەبینەکە کەمێک دەچەرخێنێ. بەم لاو ئەو لادا. دادێک نادا. دەست هەڵدەگرێ. پاش ماوەیەک دیسان هەڵیدەگرێتەوە و ئەمجارە لە شوێن بە شوێنی وێنەکە بە وردی دەڕوانێ. ئەگەرچی وردیلە وێنەکان درشتتر دەبن، بەڵام هەست دەکا چێژ خەریکە ون دەبێ. بیری دێتەوە کە ئەو تەنیا دەبێ بەم کەرەسەیە لە سەیارەکە بڕوانێ و بەس، ئەویش تەنیا لە ناوەکەی. دیسان لێی ورد دەبێتەوە. بۆ خۆیشی پێی سەیرە کە بۆچی لە هەموو شتەکانی ناو وێنەکە زەینی تەنیا چووەتە سەر ئەمە،… تەنیا شتی ناو وێنەکە کە زووتر لە هەر شتێکی تری ناو عەکسەکە ون دەبوو. کە ونیش ببوو. تەنیا بە یەک چرکە دووای گرتنی وێنەکە. پێویست ناکا تەلەفۆن هەڵبگرێ و بپرسێ. هەموو کەس دەتوانێ بۆ ئەم راستیە بچێ!

بۆچوونێک بە ئارامی تێیدا چەکەرە دەکا. هەست دەکا شۆفیرەکە بە ئەنقەست بەرەو کامێراکە بایداوە، ئەگەرچی چوار رێیانە و هەر رێگایەک بە قەدەر ئەوی تر کراوەیە بۆ هەڵبژاردن و لێخوڕین بە ناویدا. وەک بڵێی شۆفیرەکەیش دەیەوێ لە وێنەکەدا هەبێ و دوواتر لە رێگای فەیسبووکەوە بەرەو وڵاتانی دەرەوە بەڕێ بکرێ. وەک بڵێی دەزانێ ئەم وێنەیە بۆ کەسێک دەچێ کە هەموو شتێکی رابردوو و ئیستای زێدی کۆن بۆی بووە بە خاوەنی گەورەترین مانا. رەنگە ئەویش دەیەوێ لەم “گەورەترین مانایە”دا بەشدار بێت. رەنگە ئەویش دەیەوێ ببێ بە بەشێک لە تێپەڕینێکی نۆستالۆژیانە.

سەیری دوو کەسەکە دەکاتەوە. ئەوان بێگومان ئاگایان لە ماشینەکە نیە. تەنانەت لە شەوقی شووشەی کامێراکەیشەوە. نا، ئەوان ناتوانن لە وەها کاتێکدا لە شووشەکەوە سەیری دوواوەی خۆیان بکەن. ئەوان تەنیا سەرقاڵی وێنەی خۆیانن، ئەوەی کە چۆن دێن و چلۆن دەنوێنن. یان رەنگە بیر لەو بەری دەریاکان دەکەنەوە. لەو شوێنەی وا ئەم وێنەیە بەڵێنە بیگاتێ. ئەوان بیر لە شەپۆلەکان دەکەنەوە، بیر لە شەپۆلەکانی رابردوو و ئەو کاتانەی وا زەمەن هێشتا بێمانا بوو. دڵی دەگوشرێ. گەر بەم بێت قەت ناهێڵێ ئەم جۆرە وێنانە لە رێگای ئینتەرنێتەوە سنوورەکان ببڕن. وێنەی لەم چەشنە دەبێ تەنیا هەر لەو گەڕەکە بمێنێتەوە کە لێی کێشراوە. ئەم عەکسانە هی سەفەر نین.

دەچێتەوە سەر ئۆتۆمبیلەکە. هەرچی گڵۆپی ژوورەکەیەتی هەڵیدەکا. تەنانەت شەمعەکانیش. سەیری ئاسمان دەکا و لەو چەند پەڵە هەورە دەپاڕێتەوە کە بە نیازن وەک هەموو هەورەکانی تر سەرئەنجام ئەم ئاسمانە بێکۆتایە بەجێ بێڵن. ئەمجارە کە زەڕەبینەکە دەخاتە سەر وێنەکە، ئیتر ناو سەیارەکە بە تەواوی نیشان دەدا. روون روون. لە خۆشیا بزەیەک دەیگرێ. باوەڕی کۆنی بە کۆڵنەدان دەگەڕێتەوە. بیری ئەو حەقایەتە کۆنەی سەر پاشا و جاڵجاڵۆکەکە دەکەوێتەوە. ئەو پاشایەی کە لە دوژمنی شکست دەخوا و هەڵدێ و پەنا دەباتە بەر غاری ناو دارستانێک. لەوێ بە سەقفی غارەکەوە جاڵجاڵۆکەیەک دەبینێ کە لە کاتی چینینی تاری هێلانەکەیدا بە چەندین و چەندین جار لێی دەپجڕێ و بەڵام واز ناهێنێ. پاشاکە لەمەوە فێری راوەستان دەبێ. بە بێ ئەوەی بە خۆی بزانێ ئەم چیرۆکە لە دەروونی ئەویشدا بووە، ئەگەرچی هەمیشە رقی لە سیستەمی پاشایەتی بووە.

بە سەرسوڕمانەوە دەبینێ کە هیچ کەس لە ناو سەیارەکەدا نیە!… کەس نیە لێی بخوڕێ! ترسێکی وەها دایدەگرێ کە رەپ هەڵدەستێتە سەرپێ. کەواتە بە یەک چرکە دووای وێنەگرتنەکە سەیارەکە پەڕیوەتە سەر دوو کەسەکە و بە ژێرییەوە کردوون و هەر دووکیانی کوشتووە! چ کارەساتێک! بیری دەکەوێتەوە کە لە خۆوە نیە نۆستالۆژیا نۆستالۆژیای تری لێدەکەوێتەوە. ئەو دەبێ تەلەفۆنەکە هەڵبگرێ و دەستبەجێ زەنگ بدا و ئاگاداریان بکاتەوە. ئەوەی کە ئاگایان لە دوواوە بێ و جارێکە کاتی وێنە گرتن نیە. یاخود خێرا پەیامێکی فەیسبووکیان بۆ بنێرێ.

زەڕەبین و وێنەکەی لە دەست دەکەونە خوارەوە و دادەنیشێتەوە. روخساری لە ناو لەپەکانیدا نوقم دەبێ. بێگومان گەر ئیستا هەستێت و بچێتەوە بەر کۆمپیوترەکەی، لەوێ لە سەر فەیسبووک هەواڵی ناخۆشی کوژرانیان دەبینێ. ئەو هەواڵەی تەنانەت هەواڵنێرەکانیشی گەیاندووەتە لای خۆی. باشە چلۆن دەکرێ سەیارەیەک بە بێ شۆفیر بێت؟ بە بێ شۆفیر پێچ بکاتەوە و، تەنانەت بە ئەنقەستیش دوو کەس بکوژێت؟ هەست دەکا پلانێک لە ئارادایە. ئەوانەی وا تەنیا فەیسبووک و تەلەفۆنیان بۆ پەیوەندی هێشتەوە، رەنگە لە پشت فەرمانی ئۆتۆمبیلە بێ شۆفیرەکە بن! ئەوانەی وا ئاشقی نۆستالۆژیا بۆ ئەوانی ترن لەوێ لە کۆڵانێک لەولاترەوە بە کۆنتڕۆڵ لە رێگای دوورەوە خەریکی تۆخترکردنی رەنگی نۆستالۆژیان.

رقی لە خۆیەتی،… رقی لە خۆی دەبێتەوە. ئەو نەدەبوا دەرگای فەیسبووکی بۆ ئەم وێنانە کردبایەوە. ئەو هەر ئەو ساڵانەی وا بە قەڵەمبازی گەورە و بە زەڕەبینی بچووک لە گیرفانیدا لە سنوورەکان پەڕییبووەوە، دەبوا چارەنووسی خۆی لەوێ لە داهاتوودا بینیبایەوە. ئەو دەبوا ئەو کات قاچاخچییەکان دەیانگوت “ئێرە سنوورە!” سنوورەکانی بینیبا.

سوێند دەخوا و بەڵێن بە خۆی دەدا کە یەک جار بۆ هەمیشە باوەڕ بە سنوورەکان بێنێ.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لە کتێی “سێوە گڕاویەکان” چاپ کراوە.

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *