فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

بووکەڵە

کات 09/01/1401 1,540 بازدید

بووکەڵە

دایکم لەوەتەی منداڵەکانی رۆیشتوون، لە هەر کامەیان بووکەڵەیەکی سازکردووە. بووکەڵەکان پێنج دانەن: سیانیان کچ و دووانیان کوڕ. کچەبووکەڵەکان جلی کوردیی منداڵانەی بۆ دووریون و، کوڕەبووکەڵەکانیش جلی کوردیی منداڵانە.

کە بەیانی دێت، بەیانی باشیان پێ دەڵێت و وەک هەمیشە دەنگیان دەدا کە درەنگە و لە خەو هەستن. بە درێژایی رۆژیش دەیاندوێنێ و وەک جاران باسی هەموو شتێکیان لەگەڵ دەکا، هەر لە چێشت لێنانەوە بگرە تا باسی دراوسێکان و خزمان. ئەو کەسانەیشی وا هەواڵی نەخۆشی و مردنیان هاتوون. کە شەویش دێتەوە دایکم سەرلەنوێ لە تەنیشتیاندا دەخەوێتەوە و، هەتا کاتی خەوبردنەوە چیرۆکی ژیانی رابردوویان بۆ دەگێڕێتەوە. بەم شێوەیە دایکم هەم لە رابردوودا دەژی و هەم لە رابردووی رابردوودا.

من بووکەڵەکانم نەبینیوە. یەعنی پیشانم نادا. کاتێک بە تەلەفۆن قسەدەکەین، دەڵێم کامێراکەی هەڵبکا و بیانخاتە سەریان. بەڵام بێسوودە. زۆر حەزدەکەم بزانم وەک بووکەڵە چۆنم. بزانم چیم لە بەردایە و چۆن لە تەنیشت جێ خەوەکەی دایکم لە تەنیشت خوشک و براکانم راوەستاوم. جگە لەوە زۆر حەزدەکەم بزانم کە من چۆن وەک رابردوو لە ئیستادا دەژیم. بەڵام ئەمە نهێنییە. ئەمە تەنیا دەبێ ئەو بیزانێ،… یەعنی دایکم.

زۆر جار دانیشتووم و هەوڵمداوە بیهێنمە خەیاڵی خۆم بووکەڵەکان چۆنن. دەزانم زۆر سادە سازی کردوون: دوو چیلکەی خاچ ئاسا کە بە پەتێکەوە پێکەوەی گرێداون و ئەوسا کۆمەڵێک لۆکە کە تێوەی پێچاون و پاشان جل و بەرگەکان کە یەکسەر نهێنیی جەستەیانی داپۆشیوە. دەموچاویشیان دوگمەیەکی پارچەی کەتان لێ ئاڵاو کە بە دەزوو دەم و چاوو و لووتیان لەسەر چنراوە. بێگومان هەموومان پێدەکەنین. بڕواناکەم دایکم دەمی ئێمەی بە شێوەی داژەنیو و بە شیوەی راست درووبێتەوە. گۆشەی لێوەکانمان، هی هەر هەموومان روو بە حەوان! ئەو ئێمەی وەها لە بیرە!

دایکم خۆشحاڵە. دەڵێ ئیتر نە گەورە دەبن و نە لە ماڵیش دەڕۆن. دەڵێ لێرە هەمیشە وەک جاری جارانە. هەمیشە پێکەوەین. چ شەڕ بێت و چ گرانی و چ ئاژاوە و نەگبەتی، هیچ لە ئێمە ناگۆڕێ. دەڵێ خوا بەشی ئەوەندەیش دەگەیەنێ کە پەکمان نەکەوێ.

بەڵام خراپی کێشەکە لەوەدایە دایکم بە پێچەوانەی ئێمەی بووکەڵە، خەریکە پیر دەبێ. بە تێپەڕینی رۆژەکان هەتا دێت زیاتر ئاسەوارەکانی تەمەن خۆیان لە سەر روخسار و لە هەیکەلیدا نیشان دەدەن. جگە لەمە ئێمەی راستەقینەیش خەریکە هەر ئەمەمان بەسەردا دێت. بۆیە کاتێک دایکم من لە کامێراکەدا دەبینێ، تووڕە دەبێ کە بۆچی سەروڕیشم سپی کردووە! دەڵی داخۆ عەیب ناکەم!

لەگەڵ ئەوەی دایکم ئێمەی هێشتا هەیە و جێی ناهێڵین، خۆشحاڵم؛ بەڵام هاوکات پەرۆشیشم. ئەمە هەڵەیە کە دایکم پیر دەبێ و بووکەڵەکانی نا. ئەمە هەڵەیە ئێمەی بووکەڵە هەر بە منداڵی دەمێنینەوە و ئەویش رۆژێک دەبێ بمرێ. دەزانم رۆژی مردنی دووجار خەفەت دایدەگرێ: یەکیان بۆ ئێمە و یەکیان بۆ بووکەڵەکان. خەمی بووکەڵەکانیش یەکجار لە خەمی ئێمە گەورەتر دەبێ.

ئارەزوومە وەک پینۆکیۆ کە لە کۆتایی چیرۆکەکەیدا رۆح لە جەستەیدا دەگەڕێ و دەبێ بە کوڕێکی راستەقینە، بووکەڵەکانیش بەیانێک کاتێک دایکم لە خەو هەڵدەستێ، هەر هەموویان ببنە منداڵی راستەقینە. راستە دەبینە دوو دەستە، بەڵام گرینگ نیە. گرینگ ئەوەیە دایکم خەمی ئەوانیش نەخوا. گرینگ ئەوەیە ئەو رۆژەی دەمرێ جیهان لە لای ئەوەندە قەرەباڵغ بێت کە هەست بە تەنیایی نەکا. حەزدەکەم کاتێک دایکم دەمرێ، هەست بکا زەمان هەمان زەمانی جارانە. ئەوەیکە مەرگیشی رووداوێکە هی رابردوو.

شەوێک لە کاتێکدا بارانێکی قورس دەبارێ و هەورەگرمە دونیای کەڕکردووە، کەسێک لە دەرگا دەدا. بەپەلەیە، راناوەستێ. بە هەڵەداوان لە کاتێکدا دەقیڕێنم ئەواهاتم، دەچم دەرگاکە دەکەمەوە. بە سەرسوڕمانەوە دەبینم کەسی لێ نیە. ئەوسا دەنگێک دەبیستم کە دەڵێ “تۆ دەبێ هەر ئیستا لە گەڵما بێیت!”رەهێڵە و هەورەچەخماخە نیگاکانم لێڵ دەکەن. دەنگەکە دەڵێ “سەردانەوێنە لێرەم لە خوارتەوە!” ئەوسا بووکەڵەیەکی تەڕ و خووساوی بەر باران لە بەر پێمدا دەبینم. هاواردەکا “من خۆتم هاتووم پێت بڵێم دایکت(دایکم) خەریکە دەمرێ، دەبێ بگەیتێ!” لێی رادەمێنم. راست دەکا ئەو خۆمم! ئیتر ناپرسم داخۆ چۆن توانیویەتی بە هەزاران کیلۆمتر ببڕێ و بە دەیان سنوور ببەزێنێ و خۆی بگەیەنێتە ئێرە. بە پەلە بە بێ ئەوەی پاڵتۆکەم لەبەر کەم شوێنی دەکەوم. دیسان بە سنوری دەیان وڵات و، بە درێژایی هەزاران کیلۆمتر رێ دەبڕینەوە.

ئاواتەکەم دێتە دی. ئەو شەوە دایکم لە جاری جاراندا مرد. هەموو لەوێ بووین. دایکم کاتی ناشتنیشی بزەکە لە سەر لێوی نەڕەوییەوە.

هەموو شتێک باشە. سوپاس بۆ بووکەڵەکە (خۆم) کە وەها دەرفەتێکی بۆ رەخساندم. هەر ئەوەندەی کە ئیستاکە نازانم (نازانین) لەگەڵ بووکەڵەکان چی بکەین. خوشک و براکانم دەڵێ دەبێ لە ناویان بەرین، جا یان بە فڕێدان، یان بە سووتاندنیان. منیش کە لە مەودای هەزاران کیلۆمتر بەولاترەوە دەژیم، لە بیری ئەوەدام وەک پەنابەر لە هەندەران کارێکیان بۆ بکەم. بە مردنی دایکم، تەنیا ئەوان، بووکەڵەکان دەڵێم، لێیان قەوما.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

یک پاسخ به “بووکەڵە”

  1. سپاسی بی پایان

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *