شۆکی گەورە
شۆکی گەورە
هەموو نووسەرێک دەبێ لە ژیانیدا شۆکێکی گەورەی بەرکەوتبێ بۆ ئەوەی بتوانێ ببێ بە نووسەر. شۆکێکی گەورەی رۆحی کە هەڵدەداتە گۆڕانێکی دەروونی سەیر و لەوێوە وزەیەک لە هەناویدا ئازاد دەکا کە بۆ خۆیشی بەجوانی نازانێ چییە و تەنیا لە رەوتی نووسین و بەردەوامییەتی تیایا دەتوانێ کەمکەم بیناسێ و پێناسەی بکا،… جا چ بۆ خۆی و چ بۆ خوێنەرانی.
لەم رەوتدا دەتوانین بڵێین ناسینی دیاردەکە زۆرتر رووداوێکی دەروونیە لە ناو نووسەردا و، پێناسەکردنیشی رووداوێکی دەرەکییە لە قەوارەی دەقدا بۆ ئەوەی گشتی بەسەرهاتەکە تا ئەو جێگایەی دەکرێ بگاتە خوێنەر. زێدەڕۆیی نیە گەر بڵێین گشتیەتی ژیانی نووسەری، ئیستا چەند ساڵ درێژە بکێشێ یان هەتا کۆتایی ژیانی نووسەر بەردەوام بێ، بریتییە لە خۆخەریککردن بەم شۆکەوە هەتا ئەو جێگایەی خۆی وەک گڵۆڵە بەنێکی ئاڵۆزکاو یاخود وەک جیهانێکی شاراوە دەکاتەوە و ئیتر لە رەمز و رازی خۆی دەکەوێ. هەموو رووداوەکانی تری ژیانیش کە نووسەر ئەزموونیان دەکا دەبنە بیانوو یاخود ئامرازێک بۆ دەربڕینی ئەم حاڵەتە دەروونییە و لێرەوە نووسەر شتەکان و رووداوەکان و کەسەکانی دەرەوەی خۆی وەک خۆیان لەبیر دەکا و هەموویان دەکا بە کەرەسەیەک بۆ دەربڕینی دیاردە دەروونییە سەیرەکەی وا بە تووشییەوە بووە.
هەڵبەت ئەمە نابێ بەو ئاکامەمان بگەیەنێ کە نووسەر تەنیا کەڵکی ئامرازیانە بە تایبەت لە مرۆڤەکان وەردەگرێ، بەپێچەوانەوە ئەو دەکەوێتە گەمەیەکی ئامرازیانە و ئامانجیانە (هەردووکی ئەم حاڵەتانە پێکەوە) لەگەڵ دیاردەکانی دەرەوەی خۆی بۆ ئەوەی سەرئەنجام بمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کە ژیان و دیاردەکانی ناوی، خۆی لە خۆیدا هەموویان ئامانجن و تەنیا کاتێک وەک ئامانج دەتوانین سەیریان بکەین کە لە دیدی ئامرازگەرایانەی رووت رزگارمان بووبێ.
لە راستیدا دەق گەڕانەوەیە بۆ بەئامانجکردنی ‘بوون’.
شۆکە گەورەکان لە ژیانی هەموو نووسەراندا دەبینرێن. بۆ وێنە ئاندرە ژید نووسەری فەڕەنسی لە تەمەنی بیست و چوار ساڵیدا نەخۆش دەکەوێ و دوو ساڵ دەچێ بۆ وڵاتی تونس. لە دووای ئەوەی دەگەڕێتەوە، گۆڕانێکی رۆحیی گەورە تیایا پێک دێت کە هۆکاری سەرەکیی نووسینی ‘خوانە زەمینییەکان’ە کە وەک باشترین بەرهەمی پێناسەدەکرێ.
نەخۆشی، بەریەککەوتنی دوو کلتوری جۆراوجۆر بەهۆی سەفەر و گەلێک دیاردەی رۆحیی تر کە دەکرێ لە دوو توێی ئەم گۆڕانەدا هەبن، ئاندرە دەکەن بە کەسێکی تر.
کەواتە گەر شۆکە گەورەکەت بەرنەکەوتووە، دەست مەبە بۆ قەڵەم! گەر هەست بە داچڵەکانێکی بەهێز ناکەی وەها کە دونیات سەرەرای ئاشنابوونی لێبکاتەوە بە غەریبە بۆ ئەوەی سەر لەنوێ بیناسیتەوە، دەست مەبە بۆ قەڵەم! نووسین گەمەی نێوان دوو چەمکی ئاشنایی و غەریبایەتییە لە پێناوی فراوانکردنی بواری ئاشنابوونەکەی، هەرچەند لەگەڵ هەر ئاشنابوونێک دیسان غەریبییەک خۆی حەشارداوە.
تەنیا کاتێک بنووسین هەست بە پشکووتنی چەکەرەی رووداوێکی گەورە و نائاشنا لە رۆح و لە دەروونماندا بکەین. کە هاتیش پەلەی لێنەکەین. با هەم خۆی بپشکوێ و هم ئێمە لەگەڵیا. هەم خۆی خۆی بداتە دەست خۆی و هەم ئێمە خۆمان بدەینە دەستی. دڵنیا بە ئەویش دەرفەت بۆ ئێمە وەک خۆمان دەهێڵێتەوە لەبەر ئەوەی دەزانێ تەنیا رێگای خۆدەرخستنی ئێمەین. ئەو لە ئێمەوە گوزەردەکا سەرەڕای هەموو یاخیبوونەکانی.
هەڵبەت با ئەوەیش بڵێین کەس نازانێ کێ بەتووش ئەم شۆکە گەورەوە دەبێ کە هەوێنەکەی نووسەرییە. ژیان خۆی هەندێ دیاردە رێکدەخا و کەسێک سەرئەنجام بیتاقەکەی بەردەکەوێ، بەڵام بەو مەرجەی ئەو کەسەیش لە رووداوەکان نەترسێ. گەر لێیان بترسی، شۆکەکە دەگەڕێتەوە و وەک بنیادەمێکی ترسنۆک حسێبت لەسەردەکا و ئیتر بۆ هەمیشە وازت لێدێنێ. شۆک بەرۆک بە مرۆڤە ئازاکان دەگرێ (ئازایەتی نەک لە مانای کلاسیکیدا). ئەو مرۆڤە ئازایانەی نازانن بکوژن نازانن ئازاربدەن، بەڵام ئازان بەو مانایە خۆیان دەدەنە دەست قەدەرە رۆحییە گەورەکان.
نووسەرایەتی ژیانکردن لەناو رووداوە گەورەکانە، جا چ لە شکڵی دەروونیدا و چ لە شکڵی دەرەکیدا. ئەو رووداوە گەورانەی لەگەڵ خۆی هەموو دیاردە بەڕواڵەت ناگرینگەکانیش بەرجەستە دەکەنەوە و قاڵبێکی تریان پێ دەبەخشن.
گەر دەتەوێ ببیە نووسەر، بزانە ژیان تەنیا شەقامی نێوان ماڵەوە و شوێنی کار نیە. ژیان تەنیا گوزەرێکی رۆحی بە سەر بنەماڵەی خۆتدا نیە، بەڵکو ژیان ئەو شەقامەیە جاری وایە لەسەر رێگای نێوان ماڵەوە و شوێنی کار لادەدات و کەس نازانێ دەگاتە چ شوێنێکی تر. ژیان گوزەری رۆحە لەو دیوی دیوارەکانی خانووەکەی خۆمانەوە هەتا پانتایی دونیا.
داخۆ ئامادەی وەها سەفەرێکی!
فەڕۆخ نێعمەتپوور
شۆکی گەورە
دیدگاهتان را بنویسید