فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

شۆک

کات 22/06/1403 44 بازدید

شۆک

تەمەنی لەم رۆژانەدا لە هەفتاد لایدابوو. دەیزانی کە چواردەی ئۆگۆستی هەموو ساڵێ رۆژی لەدایک بوونییەتی. لەبیری بوو، بەڵام ئەمجارە زیاتر لە هەر کاتێکی تر خۆی لێ گێل کردبوو. چیتر حەزی نەدەکرد ساڵەکان بژمێرێ. یەعنی لەمێژ بوو ئەم حەزە تیایا چەکەرەی کردبوو، بەڵام ئەمجارەیان بەهێزتر بوو. بەخۆی گوت بەڵکو هاوسەرەکەی بۆ یەک جاریش بووبێ، لەبیری کردبێ؛ بەڵام رۆژی دوواتر بینی کە بەدوور لە چاوی ئەو بە چەندین هەفتە مشووری مەراسمێکی باشی خواردبوو و، بە دەعوەتی دۆست و برادەر و کەس و کار لە هۆڵێکی باش ساڵگەڕی لەدایکبوونەکەیان بۆ جێژن گرتبوو. ئەمیش ئەگەرچی بەدڵی نەبوو، بەس وەک هەمیشە بە رواڵەتیش بووبێ بەرەوپیری چووبوو و، بەگەرمی سوپاسی هاوسەرە نازەنینەکەی و هەموو دۆستان و خزم ئاشنایانی کردبوو.

مەراسم کە تەواو بوو هەمان هەست، بگرە چڕتر و بەهێزتر گەڕابووەوە لای. لەبیری دێ سێ جاری تر ئەم هەستە لە دەروونیدا سەری هەڵدابوو: کاتێک تەمەنی ببووە چل ساڵ، کاتێک بووە پەنجا و سەرئەنجام لە شەست ساڵیش‌دا، بەڵام قەت وەک ئەمجارەی لێ بەسەر نەهاتبوو. هەفتا! بیری لە هەفتا کردبووەوە. هەستی کردبوو ئیتر لە سنوور بەڕاستی لایدابوو و، لەمە بەدووا هەر چرکەسات و هەر رۆژ و شەوێک نیعمەتێکی زیادە بوو کە بە هۆی خواوە بێ یان سروشت پێی بەخشرابوو، ئەگینا لەراستیدا بێ ماناتر لەوە نیە کە بەردەوام لەژیاندا مابوو و وەک هەمیشە دەتوانێ بخوا، بخەوێ، بچێتە ئاودەست، پیاسە بکا، لەگەڵ دۆست و کەس و کار بدوێ و جارجارەیش گەر ویستی قومێک لە خواردنەوە بدا و جگەرەیەکیشی بۆ بە با بکا.

جارێکی دیکە لای خۆی دووپاتی کردەوە: هەفتا! کۆکی بوو. ژیان چەند کتوپڕ سەرتاسەر لای ببووە ژمارە. ساڵەکان لە هەر تایبەتمەندییەکی تر خۆیان جیا کردبووەوە و، دەربەست ببوونە ژمارە. رووت رووت. حسێبی کرد: یەک، دوو، سێ، چوار،… پەنجا، پەنجاو یەک،… شەست و هەشت شەست و نۆ، هەفتا! ئەوپەڕی لە خولەکێکدا ژماردبووی. ئاە، هەموو ژیانی لە خولەکێکدا! بەڵام نا، شتێک هەڵە بوو. دەیزانی ئەمە راست نیە، کەچی هەرچی دەکرد نەیدەتوانی ژمارەکان وەک ساڵەکان لە رووداوەکان پڕبکاتەوە. راستی ئەو هەموو رۆژ و شەوانە چییان لێ بەسەر هاتبوو و، بەرەو کوێ چووبوون؟ بۆ نەیدەتوانێ وەک خۆیان هەستیان پێ بکاتەوە؟ مەگەر ئەو، ئەوان نەژیابوو؟

دیارییەکان هەروا لە گۆشەی ژوورەکەدا کەوتوون. هێشتا نەیکردوونەوە. هیچ مەیلێکیشی نیە. بیانکاتەوە کە چی! بێتەوە بیری کە لە هەفتا لایداوە!؟ چ گاڵتەجاڕییەکە! هاوسەرەکەی لە نوتقێکی گەرم و گوڕدا سوپاسی ژیانی کردبوو کە دیسان مەودای ساڵیکی دیکەی دابوو. سوپاسی ئەمی کردبوو کە بەردەوام ماوە و لەگەڵیانا لە کەژاوەی ژیاندا بەناو دەریای خۆشەویستی و رووداوەکاندا لێدەخوڕن. بۆ کوێ نازانێ، بەڵام گرینگ ئەوە بوو کە خەریکی ئاژووتن بوون! ئەوسا هەموو میوانەکان بەگەرمی لە چەپڵەیان دابوو و، پیرۆزباییان لێکردبوو. لە ئامێزیان گرتبوو. ئەویش نوقمی جەو، لەبەر خۆیەوە گوتبووی سوپاس بۆ ئێوە… سوپاس بۆ ژیان! ئەوسا سەری لەخۆی سووڕمابوو.

گوێی لە ژنەکەیەتی کە خەریکی ئاودانی گوڵەکانە. وەک هەمیشە بە ئافتاوەیەک بە دەستەوە لەم ئینجانەوە بۆ ئەو ئینجانەی تر. گوڵدانەکان خۆیان دەخەمڵێنن. لە دوێنێوە چەند گوڵی دیکەیشیان پێ زیاد بووە. دەزانێ ئەوانیش ئاودەدا. بە بزەیەکەوە ئاویان دەدا. گوڵەکانی هەفتا ساڵی، گوڵەکانی ژمارە هەفتا، گوڵەکانی فەرامۆشکردنی ناوەڕۆک.

لەسەر کورسییەکە رادەبێ. بەخۆی دەڵێ ئەوەندە سەختی مەگرە. با هەفتایش بێ. بە خۆی دەڵێ هەفتایش وەک هەموو ژومارەکانی تر، مەگەر چ جیاوازییەک هەیە!؟

شۆک

ئەوسا دەچێتە باڵکۆنەکە. هاوسەرەکەی، ئافتاوە بەدەست هەروا خەریکی ئاودانی گوڵەکانە. لادەکاتەوە و لەم دەڕوانێ. بزەیەکی لەسەر لێوە. دەڵێ بیربکەوە هەفتا! ئاە هەفتا… چەند سەیرە… وانیە!؟ ئەم هەڵوێستێکی بۆ دەکا. بەڵام زۆر ناخایەنێ. لەدوواوە لە ئامێزی دەگرێ، بۆن بە گەردن و قژی ماش و برینجییەوەی دەکا. دەڵێ ئەرێ هەفتا… هەفتای سنوور. ژنەکەی دەڵێ سنوور!؟… سنوور زۆری ماوە، وانیە!؟ ئەم کە باش تێناگا، کەمێک رادەمێنێ. ئەوسا دەڵێ ئەها تێگەیشتم… درێژەی دەداتێ کە ئەرێ سنوور زۆری ماوە… زۆر!

ئینجا بیری سنوورەکان دەکاتەوە. سنوورەکانی جاران. ئەو سنوورانەی وا بۆ ئەمان بەربەست نەبوون و، بەڵکو بۆ پەڕینەوە بوون. باڵکۆنەکە لە بۆنی گوڵەکان تەژییە. گوێی لە زاری گڵی ناو گوڵدانەکانە کە چۆن چۆنی ئاوەکە بەتاسەوە هەڵدەمژن. خۆشییەک بە دەروونیدا دەگەڕێ. بە گوێی ژنەکەیدا دەچرپێنێ:

ـ سوپاس کە هەی… سوپاس!

هاوسەرەکەی وەک کچۆڵەیەک خۆی لە باوەشیدا بچووک دەکاتەوە.

ئاسمانی بڵێند، بە پانتایی بێ سنووری خۆی، کەمێک خۆی بۆ دەکشێنێ. هەفتا ساڵی لەوێ، بە پشتی راگوزاری پەڵە هەورێکەوە ئاگای لە دیمەنی باڵکۆنەکەیە.

پێدەکەنێ.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لەگۆڤاری نما ژمارە 58 چاپ کراوە : شۆک
ئەم چیرۆکە لە کتێبی “ژژژ” چاپ کراوە.

تەگەکان : ،

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *