فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

فاتمۆکێ

کات 22/08/1393 1,973 بازدید

فاتمۆکێ هەموو رۆژێ تەماتەکان کە جاری وایە وردن و جاری وایە درشت، جوان جوان بە ئاو دەشوا، بە چەقۆ قاشیان دەکا و ئامادەیان دەکا بۆ خواردنی نیوەڕۆ. بۆنی تەماتە تەواوی ژوورەکە دەتەنێ. چاوەکانی شەوقی سوور دەدەنەوە.

فاتمۆکێ هەر رۆژەی بە جۆرێک سازیان دەکا، جاری وایە لە گەڵ پیازی سووەروە کراو دەیانکوڵێنێ و، جاری وایە لە ناو تاوەدا سووریان دەکاتەوە. مێردەکەی پێی وایە تەماتەی سوورەوکراو لە تەماتەی کوڵاو خۆشترە، بەڵام عەیبەکەی ئەوەیە چونکە ئاوی تێناکرێ، کەمە و بەش ناکا. ئیتر هەر لە تەماتەی برژاو گەڕێ کە خۆی لە خۆیدا کارەساتە.

ـ فاتمۆکێ، کوێستانمان کێلە شینە،… فاتمۆکێ، وەرە حاڵم ببینە!

بەڵام فاتمۆکێ شارەزای ئەم حاڵ و بۆچوونەی پیاوەکەیەتی و قەت تەماتە نابرژێنێ. هەڵەترین کار لە دونیادا بە هەڵمکردنی ئاوی تەماتەیە. ئەو تەنانەت دەزانێ چەندە ئاوی زیایی تێبکا بۆ ئەوەی بتوانرێ نانێکی زۆرتری تیا تریت بکرێ. دۆلکەیەکی گەورەی لە تەنیشت قابلەمەکەدا داناوە و بە جوانی دەزانێ چەندە ئاو دەگرێ، هەر چەند نە بە لیتر، چونکە ئەو قەت نە ناوی لیتری بیستووەو نە دەشزانێ لیتر چییە.

ـ فاتمۆکێ، کوێستانمان قەندیلە،… فاتمۆکێ، لە نێوان بەحراندا دوڕڕی!

فاتمۆکێ دەزانێ کە دەبێ بەشی مێردەکەی گۆشتە تەماتەی زیاتر تیا بێ لە چاو بەشی منداڵەکانی. هەر بۆیە هەمیشە لە کاتی تێکردنیدا بۆ ئەو، ئاوەکەی دەگرێ. مێردەکەی لە کاتی تێگوشیندا زیاتر بە کەوچک و نانە وردەکانەوە خەریکە. دەبێ جوانتر پاڵیان پێوە بنێ بەرەو بنی جامەکە. یەکێک لە خۆشترین دەنگەکانی دونیا، دەنگی خرمەی نانە وردەیە لە بن کەوچکی رۆحدا. لە دڵییەوە بە هەستێکی شاراوەی تاوانبارانە سوپاسگوزاری فاتمۆکێیە.

ـ فاتمۆکێ، کوێستانان خاڵ خاڵ بەفری ناچێتەو،… فاتمۆکێ، بۆت مردم ئەو دڵەم بۆت زەلیلە!

جاری وایە فاتمۆکێ بە هۆی منداڵانەوە، یاخود شتی تر (کەس نازانێ، چونکە قەت نەیتوانی باسیان بکا)، زۆر ئاگای لە چێشتەکە نیە و هەر بۆیە زیاتر لەوەی پێویستە سوێر دەبێ. منداڵەکان زوو زوو ئاوی بە سەردا دەخۆنەوە و مێردەکەی بە ئاستەم بۆڵە بۆڵێک دەکا، بەڵام نەک زۆر. رەنگە لە بەر ئەوەی بەم ئاوخواردنەوانە منداڵەکان زووتر تێر دەبن. مێردەکەی سوپاسگوزارە،… سوپاسگوزاریێکی تاوانبارانە.

ـ فاتمۆکێ، کوێستانان خاڵ خاڵ، هێشتا ماوە کلیلە،… فاتمۆکێ، وەرە حاڵم ببینە،… فاتمۆکێ، جەرگی عالەمت بڕی!

کە شەو دێت، مێردەکەی وەک هەمیشە بۆنی زەوی و ئارەق و هەتاو و بزن دەدا، بەڵام لە ژێر لێفەکەدا زۆرتر، تەنانەت لەوێ بۆنێکی تریشی پێ زیاد دەبێ کە ئەویش بۆنی دەمیەتی. فاتمۆکێ جگە لە بۆنی دەمی پیاوەکەی ئاگای لە بۆنەکانی تر نیە. هەڵبەت ساڵانی ساڵیشە ئیتر لێوی یەکتر ماچ ناکەن. مێردەکەی سەری بە روومەتی و شوێنی ترییەوە قاڵە. فاتمۆکێ لەو کاتانەیش دا بیر لە منداڵەکانی دەکاتەوە، ئەوەی کە  بە نیوەشەو تینوویان نەبێ و داخۆ لە بیری نەچووە دۆلکە ئاویان بۆ دابنێ یان نا. فاتمۆکێ نازانێ کە بۆخۆیشی بۆنی دەمی دێت. نازانێ ناو لەشی هاڵاوێکی توندی لێوە هەڵدەستێ. فاتمۆکێ لە بیری ئاوی بزنەکانیشدایە.

ـ فاتمۆکێ، بە چۆماندا هاتم،… فاتمۆکێ، سینگی تۆ بێستان!

شەوانە تا بەیانی دەنگی وەڕە وەڕی سەگان تەواو نابێ. فاتمۆکێ ئەگەرچی یەکجار ماندووە، بەڵام هەندێ جار خەوی لێناکەوێ. وەک بڵێی کەسێک لە پشت سەرینەکەیەوە دانیشتووە و پێی دەڵێ جار جارە خەیاڵکردنی نیوەشەوان پێویستە. خەیاڵەکانی فاتمۆکێ دەڕۆن. دەڕۆن و دەڕۆن تا وەک دەنگی سەگان لە شوێنێک لە ناو تاریکاییەکاندا ون دەبن. کەس بە قەد فاتمۆکێ بەزەیی بە سەگانی ئاوایی دا نایەتەوە.

ـ فاتمۆکێ، کوێستانمان خاڵ خاڵ، کەوباڕ دەخوێنێ،… فاتمۆکی، جەرگی عالەمت بڕی!

پێش ئەوەی هەتاو هەڵبێ، ئەو لە خەو هەڵدەستێ. سەیرێکی مێردەکەی دەکا کە وەک گڵۆڵە بەن لە خۆی ئاڵاوە، بەیانیان زوو نازانێ بۆچی حەز دەکا بۆ جەستەی بێدەسەڵات و مندال ئاسای مێردەکەی بگری. سەیری تووکە لێک ئاڵاوەکانی سەر سینگی دەکا و قوڵپی هەناسەیەکی قورس گەرووی دەتەنێ. دەست بە دەمییەوە دەگرێ و بە پەلە دەچێتە دەرەوە. ئەوسا دەچێ منداڵەکانی بەسەر دەکاتەوە، جەستە پرش و بڵاوەکانی بەرەکانی شەڕ. دووا پەلەقاژەکانی هێز لە ژیانی بێ ئاگاییدا. ئەوسا دەچێ سەردانی بزنەکان دەکا. ئەوان هەمیشە بە ئاگان. کاوێژی دەمیان ئەمە دەڵێ، لانیکەم بە رواڵەت.

فاتمۆکێ ئەوەندە مەشغوڵ و سەرقاڵە، ئاگای لە هەڵاتنی خۆر لە پشت ئەو تاقە کێوەوە نیە کە ئەوەتەی زەوی هەیە ئەویش لەوێدایە. فاتمۆکێ وەک خودی ئەو کێوەی لێهاتووە، هەڵاتنی خۆر بووە بە عادەت بۆی. رەنگە گەر قەت هەڵیش نەیەت، زۆر بۆی گرینگ نەبێت. هەموو شتێک چەندە بەرە بەرە لە مانا خاڵی بووەتەوە. فاتمۆکێ نازانێ ئەمە رەنگە بە هۆی نیگای بزنەکانەوە بێ کە هەمیشە یەک نیگا بوون و یەک نیگان.

ـ فاتمۆکێ، کوێستانمان هەوارە شینە،… فاتمۆکێ، ماڵ وێران، رەبیی بابت زەرەر کا!

کە باران دەبارێ، هەموو شوێنێک تەڕ و تڵیس دەبێ. دەخوسێ. دیوارە گڵییەکان پەڵە پەڵە دەبن. بزنەکان زیاتر بۆن دەدەن. بەڵام ئەوەی باشە مێردەکەی خاوێن دەبێتەوە. حەمامێکی خودایی. دەموچاوی جۆرێکی تری لێدێت. دەگەشێتەوە. منداڵەکان هەڵدەلەرزن و پێڵاوەکانیان دەکەن بە پاپۆڕی خەیاڵی. رەنگە رۆژێک بگەنە شوێنێکی تر. کە نەخۆش دەکەون، وەک گەڵای پاییز سیس و زەرد هەڵدەگەڕێن. فاتمۆکێ لەم کاتانەدا بە دەستە زبر و بۆن تەماتاوییەکانی لاقە سیسەکانیان دەشێڵێ و نازانێ رقی لە باران بێت یان خۆشی بوێت.

ـ فاتمۆکێ، کوێستانمان کەلی خانە،… فاتمۆکێ، چەند بە بەفر و بە قینە!

بۆ یەکەم جار سەیارەیەک دێتە گوندی. خەڵکی لێی کۆدەبنەوە. دەڵێن ئیتر هاتوچۆ بە کەر و بارگیر بۆ شاری تەواو بووە. سەردەمی نەماوە. دەڵێن ئیستا بە سەعاتێک دەگەییە شاری.

ترۆمبیلەکە سەوزە، بە چادرێک بە سەرییەوە. پیاوەکانی ئاوایی لێی کۆدەبنەوە و ژنەکانیش بۆ دیتنی دەچنە سەر بانەکان. هەموو نیگاکان لە سەر ماشینەکەن، جگە لە نیگای شۆفیرەکە. شۆفیرەکە لە گەڵ پیاوەکان قسە دەکا و چاویشی لە سەر بانەکانە. زیاتر لە هەموویان لە فاتمۆکێ دەڕوانێ. فاتمۆکێ دەکشێتەوە. شەو خەو دەبینێ لە ناو ماشینەکە لە تەنیشت شۆفیرەکە دانیشتووە و دەچێ بۆ شار. ئەو کە نازانێ شار چۆنە، کتوپڕ ترسێکی سەیر رووی تێدەکا،… ترسێکی یەکجار گەورە. رقی لە خۆیەتی کە لە تەنیشت شۆفیرێک دانیشتووە نە دەزانێ کێیە و نە دەزانێ بۆ کوێی دەبا. فاتمۆکێ بە زریکەی خۆی خەبەری دەبێتەوە. جەستەی سەر ئارەق نیشتووە. سەیری مێردەکەی دەکا، سەیری ژوورەکە، گوێی لە هەناسەی منداڵەکانیەتی و لە کاوێژی بزنەکانی. هەروەها گوێی لە دەنگی خۆشی سەگەکانە لە دەرەوەو لە دوورەوە دەوەڕن. فاتمۆکێ نازانێ سوپاسگوزار بێت یان نا.

ـ فاتمۆکێ، کوێستانمان ناوچەی زەڕینە،…فاتمۆکێ، سەر نوقمی خەیاڵ و هەنگاو بێ تینە!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خوێنەری هێژا، ئەم چیرۆکە بە شێوەی دەنگ گوێ بگرە > فاتمۆکێ
ئەم چیرۆکە لە کتێی “سێوە گڕاویەکان” چاپ کراوە.

تەگەکان : ،

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *