فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

لەسەر پردێ

کات 17/06/1403 99 بازدید

لەسەر پردێ

بەدەوری سفرەیەکدا پێنج کەس دانیشتوون. چەند شووشە ئارەق بە بەتاڵی کەوتوون. یەکی نیوەپڕ ماوە. چەرەساتی پرش و بڵاو و، جامۆڵکەی پاشماوەی خەیارماست لەو ناوەدان. چەند پاکەت جگەرەی نیوەکراو چاوەڕووانی هەڵگیرسانن، بۆ ئەوەی ببن بە دووکەڵ و بە ئارەزووی خۆیان کە گەیشتن بە ئاسمانە، بگەن.
کە سەرخۆش دەبێ، چاوەکانی یەک و دوو دەوەستن، ئارەق بە لامل و ناوچاوانی‌دا دێنە خوارەوە و دەستەکانی دەکەونە لەرزین. دیارە هەر بەمەیش راناوەستێ. هەناسەی سوار دەبێ. لێوەکانی دەکەونە وردە جووڵە، وەک ماسییەکی بن گۆم کە دڕدۆنگە لە پێوەبوون بە قولاپی ماسیگرێکەوە. رێک لەم کاتەدا پێکێکی تر هەڵدەدا، قامکێک لە ماستەکە رۆدەکا و دەیخاتە دەمییەوە. دەیمژێ. ئەوسا بە دەنگە گڕ و دانەتاشراوەکەی دەست دەکا بە گۆرانی وتن. هەمیشەیش ئەم گۆرانیە دەڵێتەوە:

ـ لەسەر پردێک گرتیان سەنگەر دەستێک نیزامی خۆڵ بەسەر، لنگیان دامێ دەستەو خەنجەر، کۆڵوانەکەی کۆڵی تۆ…

ئەوانی تر وەک هەمیشە هیچ ناڵێن. بە عادەتی شارەزان. سەرخۆش زیاتر لە هەر کەسێکی تر رێزی سەرخۆش دەگرێ. دونیایش بڕووخێ بێ رێزی پێناکا. تەنانەت گەر قسەی خراپیش بکا. قسەی خراپیش لەدڵەوە نیە، بەڵکو تەنیا بۆ دەربڕینی هەستی هاوسۆزییە! سەرخۆشەکان نزیکترین هاوڕێی یەکتر لە ژیاندان. چ بە باشە و چە بەڕواڵەت بە خراپە.
بۆنی ئارەقی سەگی لە هەوادا شەپۆلان دەدا. دووکەڵی جگەرەیش دایناپۆشێ. ئەم هەوڵ دەدا وێنەی ناو گۆرانییەکە بۆ چەندەمین جار (رەنگە سەدەمین جار)، بینێتەوە بەرچاوی خۆی. ئەوسا چەند سەربازێکی تفەنگ بەدەست دێنە بەرچاوی کە سەریان لە خۆڵ هەڵکێشاوە، لەسەر پردێک راکشاون، سێرەی تفەنگیان روو لە شوێنێک گرتووە و چاوەڕووانن. ئەوسا کاکی گۆرانی‌بێژ کە ئاشقێکی سەوداسەرە لەوێوە بە بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێ، تێدەپەڕێ و سەربازەکان لینگی دەدەن. بەڵام سەربازەکان لە تفەنگەکانیان کەڵک وەرناگرن و، لە جیاتی ئەمە دەستدەبەن بۆ خەنجەرەکانیان!
دیسان بۆ سەدەمین جار بزەیەکی دێتەوە و، لەبەر خۆیەوە پێکەنینی بە حەسەن زیرەک دێ.
کە گۆرانییەکە دەگاتە کۆتایی، ئەوەی وا دەیڵێ وەک هەمیشە دەگری. فرمێسکەکانی دنک دنک بەناو ریش و سمێڵی ماش و برینجی‌دا دێنە خوارەوە و بەشێکیان دەچنە ناو دەمییەوە و بەشێکیان بۆ ژێر چەناگەی. ئەوسا وەک هەمیشە دەکەوێتە چیرۆک گێڕانەوە. هەمان بەسەرهاتی هەمیشەیی، بەڵام هەر جارە و بەشێوازێک داڕشتنەوەی.

لە کاتێکدا دەمی بەجوانی گۆ ناکا و پیتەکان لە شوێنێک لەناو دەمیدا ون دەبن، یان باشتر وایە بڵێین خۆیان حەشار دەدەن، دەڵێ:
ـ ئەرێ من ئیستایش هەر ئەو دیمەنەم لەبەر چاودایە، دیمەنی ئەو ساڵە. ئەوەندە ساڵەکان زۆرن و ئەوەندەیان بەسەردا تێپەڕیوە کە لە ژماردن نایەن. هەر کەسێ بتوانێ بۆمی بژمێرێ سوپاسی دەکەم… بگرە زیاتر لەمە خواردنەوەیەکیش میوانی خۆمە… ئا میوانی خۆم. لەبیرمە دووانیوەڕۆ بوو، قرچەی گەرمای هاوین، منداڵ بووم، پێم وابێ زۆر منداڵ بووم، دەستم لەناو دەستی دایکم‌دا، چارشێوی بەسەرەوە بوو، پێکەوە لەو کۆڵانەدا هەنگاومان هەڵدینا و دەڕۆیشتین، بۆ کوێ؟ نازانم! تکایە گەر گەوادێک لەبیری ماوە بۆ کوێ دەڕۆیشتین پێم بڵێ،… بە شەرەفم خواردنەوەیەک دەعوەتی خۆمە! ئا، ئەڕۆیشتین. دایکم وەک هەمیشە شەرمێون و سەرکز، نیگا لەسەر زەوی، زەویی گەوادی قەحبە کە کەس نازانێ بۆ ئێمەی لەسەر لەدایک بووین و بۆچی قەرارە رۆژێکیش بچینەوە بنی. لەبیرمە بنی قاچم گەرم دادەهات، کەوشە لاسیقییە حیزەکانم گەرمای عەرزیان نەئەگەڕاندەوە، بەس وەها نەبوو نەتوانم پێ بە پێی دایکم هەنگاو هەڵنەگرم. ئەڕۆیشتین، تێدەگەن گەوادینە ئەڕۆیشتین، من و دایکم، دایکم و من. ئاخ لەو رۆژە گەرمەی هاوینی ئەو ساڵانە! ئاخخخخ! ئاخ!

لەسەر پردێ


ئەم هەر ئاگای لای گۆرانییەکەیە کە لەمێژە تەواو بووە. هێشتا لە بێنە و بەرەی نێوان دەستەیەک نیزامیی خۆڵ بەسەر و هاوڕێکەیدایە کە بە خەنجەر پەلامار دەدرێ و رادەکا. بە خۆی دەڵێ چ عاشقێ، چ ئاشقێکی حیزی بوودەڵە!
ئەوی تر درێژە بە قسەکانی دەداتەوە و، دەڵێ:
ـ دەستم لەناو دەستی دایکم‌دا بوو. بەری دەستم ئارەقاوی بوو. بۆنی دایکم لەژێر چارشێوەکەیەوە دەهات. تێدەگەن کەرانە! بۆنی جەستەی دایکم! بەس کەری وەک ئێوە تێناگا، تێدەگەن… تێناگا! بەشەرەفم تێناگا. جا ئەگەر ئەوەندە خاوەن ئەقڵ و شعور بوونایە ئیستا لێرە چیتان دەکرد! جاری وابوو چارشێوەکەی دایکم لە دەستم دەدرا، لە قۆل و لە جەستەم، قەت لێم نەپرسی بۆ کوێ ئەچین، قەت قەت،… ئەو ساڵانە تەنیا ئەوەندەی کە لەگەڵا ئەکەوتین و بەڕێ ئەکەوتین و تەواو،… تێئەگەن هەر ئەوەننە! ئەڕۆیشتین بە بێ ئەوەی بەتووش دڵەڕاوکێوە بین، بە بێ ئەوەی بترسین، ئا لەو ناو کۆڵانە بەو نیوەڕۆ گەرمەی هاوین. گەر بە من بێ، گەر من بتوانم کات بگێڕمەوە ئامادەم دیسان بە سەدان و بە هەزاران جاری تر دەست لەناو دەستی دایکما هەر بە هەمان کۆڵانا بڕۆمەوە، ئا، هەمان رێگا و هەمان خۆڵ و هەمان کووچە. بە بێ هیچ خۆگووشین و دڵەڕاوکەیەک. ئا، من ئامادەم هەر لەو کۆڵانەدا بمرم، بە بێ ئەوەی بگەمە ئیستا، بۆ بگەمە ئیستا، ها؟ بۆ بگەم! گەوادێ هەیە جوابم بداتەوە بۆ؟ بگەم بۆ ئەوەی لای کەری وەک ئێوە دابنیشم، لەم گووە بخۆمەوە و قسەی کەرانە و هەڵیت و پەڵیت بکەم!
ئەم سەر هەڵدەبڕێ و لە هاوڕێکەی دەڕوانی کە بێ وچان هەر قسە دەکا. دەزانێ وەک هەمیشە بەم زووانە تەواو نابێ. پێویستیش نیە تەواو بێ. نەک ئەم هەر هەموویان سەرەڕای دووپاتبوونەوەی ئەم قسانە، حەزیان بە گوێ لێگرتنەوەیە. وەک بڵێی باسی دڵی ئەوانیش بکا. تەنیا ئەوەندە کە ئەم ناتوانێ هیچ چەشنە پێوەندێک لەناو ئەم دێرانەی ناو گۆرانییەکە و بەسەرهاتی منداڵیی هاوڕێکەی بدۆزێتەوە. لە لای ئەم پیاوێک کە ئاوەها گیرۆدەی بیرەوەریی دایکی خۆی لەسەردەمی منداڵیدایە کە خەریکن لە نیوەڕۆیەکی گەرمی ئەو ساڵانەدا لە کۆڵانێکەوە تێدەپەڕن، چ کاری بە دەستەیەک نیزامیی خۆڵ بەسەر و خەنجەر و شتی لەم بابەتەوە داوە. پرسیارەکە لەمێژە لەسەر دڵی بووەتە گرێ و، ماساندوویەتی، کەچی جورئەتی نیە باسی لێ بکا. نا، جورئەتی هەیە، تەنیا ئەوەندەی کە نایەوێ جەوی هاوڕێ سەرخۆشەکەی، کە مەعلووم نیە چەندە بە ئارەق سەگییەکە سەرخۆشە و چەندە بەو بیرەوەرییە، تێک بدا. بیردەکاتەوە کە هیچ پرسیارێک بایی ئەوە نیە جەوی دۆستێکی نزیک و کۆن تێک‌بدا. لەبەر خۆیەوە دەڵێ:
ـ لە قوزیایکی هەرچی سەرباز و خەنجەر بەم! بە من چی، خوای ئەکرد هەرچی جوندیی دونیایە لەسەر ئەو پردە سەنگەریان دەگرت و خەنجەریان لەم کەرە هەڵدەکێشا و راویان دەنا!
هاوڕێکەی پێکێکی تر کە دیارە کەمترە، هەڵدەدا و دەمە تەقەیەکی بۆ دەکا و دەڵێ:
ـ بەشەرەفم لە دایک خۆشەویست‌تر و ئازیزتر لە دونیادا نەبووە و نیە، خوا خۆی دەزانێ چی خوڵقاندووە، بەس ئەوەندە حەیف کە کەری وەک ئێمەی لێ بەر دەبێتەوە! تێدەگەن، کەری وەک ئیمە! من لەم بەشەی هەر نەگەیشتم. ئەو نیوەڕۆ گەرمە بۆنی دایکم لەگەڵ بۆنی خۆڵی رێگا تێکەڵ ببوون… تێدەگەم تێکەڵ ببوون. من ئیستایش هەر لە لووتما ماوەتەوە (لێرەدا بە تووندی بەلووتی هەوا هەڵدەمژێ). ئا، ماوەتەوە. دەتوانم چاوم بقونجێنم و دەست رابکێشم و بگەمەوە ئەو دیمەنە، رێک ناو ئەو کۆڵانە.
یەکیان کە پاڵی داوەتەوە و خەریکی جگەرە کێشانە، هێڵنجێک دەداتەوە. بە بێ ئەوەی بهێڵێ بقەومێ و بڕشێتەوە، بە کزی دەڵێ:
ـ برسیمە، خۆ نانتان هێناوە؟
یەکی تریان چاوی لێ دەقرتێنێ. ئەم وا تێدەگا کە یەعنی بەڵێ هەم نانمان هەیە و هەمیش جارێکە سەبر بگرێ با ئەم چیرۆکە کۆنە کۆتایی بێ، جا ئەوسا بە ئاسانی دەچنەوە سەر حاڵ و هەوای خۆیان. ئا، کەمێک دیان بۆخۆدا بگرە!
ئەوەی وا باسی دایکی و کۆڵانەکەی دەکرد، دەنگی هەڵبڕییەوە:
ـ لە دووری تۆ یار غەمگینم، دەمرم دەترسم نەتبینم، چارۆکەکەت گازرە کۆڵوانەکەت گازرە…
ئەم سەرێک هەڵدێنێ و لێی دەڕوانێ. بە خۆی دەڵێ:
ـ ئەها ئیستا دەزانم… ئیستا تێگەیشتم. ئەو پۆلە سەربازە سەرەڕای ئەوەی ئەمان هەڵاتوون، گرتوویانن و بە خەنجەر لەت و پەتیان کردوون. ئا کوشتوویانن.
لێرەدا جوان جوان لە هاوڕێکەی کە گەرمی گوتنی گۆرانییەکەیتی، ورد دەبێتەوە و لەبەر خۆیەوە دەڵێ:
ـ باشە گەر دایکیان کوشتووە، ئەی هەم هەتیوە کەرە چۆن دەرباز بووە! ها، چۆن؟
دڵنیا لەوەی کە دایکی نەیتوانیووە بە هۆی چارشێوەکەیەوە باش هەڵبێ و خۆی دەرباز بکا، ئەو رۆژە گەرمەی هاوینی ئەو ساڵە کە ئەوەندە دوور کەوتووەوەتەوە ئیتر کەس حسێب و کتێبەکەی لەدەستدا نەماوە، دایکیان گرتووە و بە کێرد ونجڕ ونجڕیان کردووە. ئەمیش خۆی دەرباز کردووە بۆ ئەوەی دوواتر ئارەق سەگی بخواتەوە، بگری و خۆی هەڵکێشێ کە گوایا بیری دایکی دەکاتەوە!
لەبەر خۆیەوە سەرێک بادەدا و، دەڵێ:
ـ جا ئەم کەرەیش با هەر بیڵێتەوە و بیڵێتەوە!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سەرچاوە: وانەر ژمارە ١۵

تەگەکان : ،

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *