ره‌خنه‌ی مارکسیستی
ره‌خنه‌ی مارکسیستی
دوان له بابه‌ت ره‌خنه‌ی ماڕکسیستی له بواری ئهدهبو هونه‌ردا پێده‌چێ که بۆ بارودۆخی ئه‌وڕۆی کوردستان شتێکی پێویست بێت. ره‌نگه پرسیار بکرێ بۆچی؟ بێگومان هه‌ندێک که‌س هه‌ن که لێدوانێکی وا به پێویست نازانن‌و له رووی ئاگاییه‌وه بێت یان خود له رووی نائاگاییه‌وه، ره‌خنه‌ی مارکسیستی وه‌ک ره‌هه‌ندێکی سه‌له‌ف سه‌یر ده‌که‌ن که ئیتر زه‌مه‌نی به‌سه‌رچوو بێت. ئه‌وانه ماڕکسیسم وه‌ک به‌شێک له مێژووی رۆشنبیری ئێمه سه‌یر ده‌که‌ن که ئیتر به گوێره‌ی پێویست کاتی خۆی رۆشنبیری کوردی له‌سه‌ری دواوه‌و ئه‌وه‌ی پێویست بێت پێی شهنو که‌و کراوه‌و ئیتر وه‌ک ئامرازێک پێویست ناکا ئاوڕی لێ بدرێته‌وه. به‌ڵام هیچ دیعایه‌یه‌ک به قه‌د ئه‌م دیعایه‌یه پووچ ده‌رناچێ ئه‌گه‌ر ئاوڕێکی وردبینانه بده‌ینه‌وه سه‌ر رابردووی رۆشنبیری کوردی له بواری ره‌خنه‌ی مارکسیستیدا. ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم ره‌خنه‌ی مارکسیستی له بواری ئهدهبو هونه‌ردا له کوردستان ره‌خنه‌یه‌ک بووه که کاریگه‌ری جۆری ره‌خنه‌ی سه‌ر به‌ڕێچکه‌ی سۆڤیه‌تی له‌سه‌ر بووه، که ئه‌م ره‌خنه‌یه‌ش زیاتر ره‌خنه‌یه‌ک بووه لایه‌نی کۆمه‌ڵناسیى ئه‌ده‌بی ره‌چاو کردووه، تا ئه‌وه‌ی شیکردنه‌وه‌ی لایه‌نی ئه‌ده‌بی بێت به شێوه‌یه‌کی کامڵ، وه‌ک چۆن “تریئیگڵتۆن” ده‌ڵێ: “ره‌خنه‌ی مارکسیستی ته‌نیا کۆمه‌ڵناسی ئه‌ده‌بیات نیه‌و، کاری ته‌نیا بریتی نیه له دوان له‌مه‌ڕ چۆنیه‌تی بڵاو کردنه‌وه‌ی رۆمانهکانو دوان له بابه‌ت چینی کرێکار، به‌ڵکو ئامانجی، شیکردنه‌وه‌ی کاری ئه‌ده‌بیه به شێوه‌یه‌کی کامڵ” ۱ ئه‌گه‌ر ئێمه مارکسیزمان ته‌نیا له بواری سیاسه‌تدا وهرگرتو نه‌مانتوانی بیکه‌ینه پانتاییه‌کی مه‌عریفی قووڵ له رۆشنبیری کوردی‌دا، ئه‌وا له بواری هونه‌ردا لاوازتر له‌باره‌یه‌وه جوڵاوینه‌ته‌وه. بۆ وێنه رۆشنبیری کوردی له بواری کۆمه‌ڵناسی ئه‌ده‌بیات له روانگه‌ی ماڕکسیستیشهوه خاوه‌ن رێچکه‌ی خۆی نیه‌و بگره کۆمه‌ڵناسی ئه‌ده‌بیاتی تا ئاستی ئه‌ده‌بی به‌ره‌نگاری هێنایه خوارێ‌و به راده‌یه‌کی ترسناک ساده‌ی کرده‌وه. هزری کوردی له‌م بواره‌دا روانگه‌ی مارکسیستی ئه‌ده‌بیاتی ته‌نیا له پێناسه‌ی ئایدۆلۆژیادا وه‌رگرت. ئهدهبیاتو هونه‌ر ده‌با چه‌کی خه‌بات بان، ئه‌ویش خه‌بات له شێوازی شه‌ڕێکی خوێناوی‌و جه‌سته‌ی شێعر ئه‌گه‌ر وه‌ک خه‌نجه‌ر سور نه‌بایه، شێعر نه‌بوو. رۆمان‌و چیرۆک ئه‌گه‌ر بۆنی باروت‌و زیندان‌و له‌شی نه‌شۆراوه‌ی لێ نه‌هاتبایه، رۆمان‌و چیرۆک نه‌بوون. ره‌خنه‌ش ئه‌گه‌ر باسی ململانێی چینایه‌تی نه‌کردباو به جیددی‌و ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌م بواره ته‌ئکیدی نه‌کردبا، ئه‌وا ره‌خنه نه‌بوو.
ستاتیکای ئهدهبو هونه‌ری کوردی به شێوازێکی زۆر زه‌ق له ستاتیکای قووڵ‌و مه‌عریفی مارکسی گه‌یشت. له‌م بواره‌دا عه‌قڵی ناسیۆنالیستی کوردی که له ژێر کاریگه‌ری رۆشنبیری مارکسیستیدا بوو ئه‌وه‌نده رۆمانسیانه ئه‌م حاڵه‌ته‌ی قۆسته‌وه که بۆ ماوه‌یه‌کی دوور‌و درێژ وه‌چه‌کانی داهاتووی خسته ژێر رکێفی خۆیه‌وه. عه‌قڵی ناسیۆنالیستی کوردی به خۆشحاڵیه‌وه به‌و مێتۆده ساده‌یه‌وه رووی کرده ستاتیکای ماڕکسیستیو شێواندیو نه‌زۆکی کرد‌و ماڕکسیسته بهدحاڵهکانیش به غروره‌وه پێشوازیان له‌م حاڵه‌ته کرد‌و وه‌ک فراوانبوونی بنه‌ما فیکریه‌کانی خۆیان سه‌یریان کرد. وه‌ها که له نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که عه‌قڵی ناسیۆنالیزمی کوردی توانی خۆی له‌و قاوغه زۆر خێرا ده‌رباز بکا، به‌ڵام له‌ولاوه‌تر چه‌پی کوردی هێشتا له ژێر کاریگه‌ری ئه‌و ڕابردوه نه‌زۆکه‌دا بوو‌و نه‌یده‌زانی چۆن باسی لێ بکاو چۆن به‌ره‌و جیهانی مۆدێڕن بچێ. ئێستاش چه‌پی کوردستان باری ساده‌ی خوێندنه‌وه‌ی مه‌عریفه‌ی ماڕکسیسمی له‌سه‌ر شان قورسایی ده‌کاو ناتوانێ به گوێره‌ی پێویست خۆی لێ ده‌رباز بکا. که بێگومان یه‌کێک له مه‌یدانه‌کان بۆ ئه‌م کاره خوێندنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ ستاتیکای مارکسیستیه به گوێره‌ی ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌م قۆناغه مێژووییه.
زۆر گران نیه ره‌گه‌زه‌کانی کاریگه‌ری ستاتیکای مارکسیستی به‌سه‌ر عه‌قڵی ناسیۆنالیستی کوردیه‌وه له مێژووی نوێی کوردستان په‌یدا بکه‌ینه‌وه. رۆمانی “پێشمه‌رگه”، “ژانی گه‌ل” و کورته چیرۆکه‌کانی “کوێره‌وه‌ری” بۆ وێنه زۆر به ئاشکرا به شێوه‌یه‌کی ساده زاڵبوونی ستاتیکای مارکسیستیان پێوه دیاره. دیارده‌کان له‌م به‌رهه‌مانه‌دا له ململانێیه‌کی روکهشیانهدانو قوڵایی هونه‌ری تیایاندا لاوازه. کاتێ خوێنه‌ر ئه‌م به‌رهه‌مانه ده‌خوێنێته‌وه به جوانی هه‌ست به‌وه ده‌کا ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستی نووسه‌ران نواندنه‌وه‌ی رووداو یان رووداوگه‌لێک بووه به مه‌به‌ستی سیاسی‌و نه‌ته‌وه‌یی، مه‌به‌ست قوڵاییه‌کی رۆحی، مێژوویی‌و کۆمه‌ڵایه‌تیى قۆناغێک له قۆناغه‌کانی ژیانی مرۆڤی کورد نه‌بووه. ئه‌م حاڵه‌ته هه‌رچه‌ند که‌متر به‌ڵام له چیرۆکی “له خه‌وما” ی “جه‌میل سائیب” یشدا هه‌ر ده‌بیندرێ. ره‌نگه تاکه به‌رهه‌م که له‌م گێژاوه نه‌جاتی بووبێ، کۆمه‌ڵه چیرۆکی “پێکه‌نینی گه‌دا” بێ، ئه‌ویش به دوو هۆ: یه‌که‌م به هۆی ئه‌وه‌وه که زمان له‌م به‌رهه‌مه‌دا تۆکمه‌ترو ئهدهبیترهو خاوه‌ن پێکهاته‌یه‌کی یه‌کگرتووه، دووهه‌م ئه‌وه‌ی که ده‌روونی پاڵه‌وانه‌کان به شێوه‌یه‌کی تۆختر له پانتایی چیرۆکه‌کاندا خۆیان ده‌نوێنن
ده‌قی ساده‌ی هونه‌ری، خوێندنه‌وه‌و ره‌خنه‌ی ساده‌ش هه‌ڵده‌گرێ. سیاسی بوونی له راده‌به‌ده‌ری رۆمان‌و چیرۆکی کوردی له رابردوودا، ره‌خنه‌ی سیاسی ساده‌ی دروست کرد، که ته‌نانه‌ت ئه‌م ره‌خنه سیاسیه نه‌شیده‌توانی تێڕوانینێکی کۆمه‌ڵناسیانه‌ی رێک‌و پێک بێت له‌سه‌ر ئهدهبو هونه‌ر. ئه‌م تێڕوانینه سیاسیانه وه‌ها زاڵ بوو که ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌ی سیاسیش نووسرا له‌سه‌ر ده‌قی ناسیاسی.
به‌ڵام ئه‌م کێشه‌یه ته‌نیا وه‌چه‌ی کۆن ناگرێته‌وه. وه‌چه‌ی نوێیش له بارودۆخێکی له‌م چه‌شنه‌دا دێته ئاراوه‌و چاو هه‌ڵدێنێ. وه‌چه‌ی نوێ، وه‌چه‌ی پاش رووخانی یه‌کیه‌تی سۆڤیهتو کۆتایى شه‌ڕی سارده. له کوردستانی عێراق به هۆی راپه‌رینه‌وه فه‌زایه‌کی تا راده‌یه‌ک ئازاد‌و نیوه دیموکراسی دێته ئاراوه‌و به‌م شێوه‌یه ده‌رگا داخراوه‌کان ده‌کرێنه‌وه. لێره‌وه ئیتر به‌ره‌به‌ره ته‌وژمی هزره نوێ‌و نیوه نوێ‌و کۆنه‌کان (ئه‌وانه‌ی نه‌گه‌یشتبوونه کوردستان) سنووره‌کان دهبڕنو دێن. ده‌شێ یه‌کێک له‌م ته‌وژمانه ره‌خنه نیومارکسیستی بێت، به‌ڵام چونکه سه‌رده‌م، سه‌رده‌می دوای شکستی سۆڤیهتهو له باری سیاسیشه‌وه کوردستانی باشوور به شێوه‌یه‌ک به‌رهه‌می پشتیوانیى رۆژئاوایه، ئه‌وا سه‌رنج به‌ره‌و ره‌خنه‌ی نیوماڕکسیستی ناچێ‌و ئه‌گه‌ر ئیشاره‌ت به ماڕکس بدرێ ئه‌وا پچڕپچڕهو ناچێته نێو نه‌هج‌و میتۆدێکی تایبهتو قاوغ دراوه‌وه. بونیادگه‌ری ته‌قریبه‌ن له کوردستان ده‌بێ به رێبازێک له ئه‌ده‌بدا، به‌ڵام نیوماڕکسیسم نا. له حاڵێکدا ده‌با به هۆی مێژینه‌بوونی مارکسیسم له کوردستان (سه‌ره‌ڕای شکستی سیاسی) نه‌هجێکی نوێ حزوری ههباو شان به شانی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی رێبازه ئه‌ده‌بیه‌کان ئیشی خۆی کردبا. جا، رێک ئالێره‌دایه که نافکری بوونی پتری ره‌وتی مارکسیستی له رابردوودا له کوردستان ده‌رده‌که‌وێ.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه لایه‌نی دیکه‌شی هه‌یه بۆ وێنه ئه‌وه پیشان ده‌دا که رۆشنبیری کوردی چه‌نده مۆدێل په‌سه‌نده‌و چه‌نده هێشتا هه‌ر به رۆحێکی ئایدۆلۆژیانهوه ههڵسو که‌وت له‌گه‌ڵ رێبازه فیکری‌و ئه‌ده‌بیه‌کان ده‌کا. له حاڵێکدا ده‌با رۆشنبیری نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م به نه‌فی مه‌عقولی رابردوو بڕوانێته داهاتوو، نه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێکی رابردوو به شێوه‌یێکی ره‌ها ره‌د بکاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گوایه به چاوێکی کراوه‌ترو تیژترهوه بڕوانێته داهاتوو. به تایبه‌ت به‌شێک له‌م رۆشنبیرانه زۆر عه‌مدی پشت ده‌که‌نه ئه‌و رابردووه پڕ له که‌مو کوڕیه به مه‌به‌ستی چێگیر کردنی نه‌هجێکی تایبه‌تی سیاسی.
ئه‌گه‌ر رۆشنبیری ئێمه ده‌یه‌وێ خاوه‌ن رواڵه‌تی زانستی بێت، ده‌بێ خۆی له ههڵسو که‌وتی تۆخی ئایدۆلۆژی بپارێزێ. له‌سه‌ر رۆشنبیری ئێمه پێویسته مامه‌ڵه‌یه‌کی فیکری له‌سه‌ر هه‌موو رێبازه فیکریه‌کانی بواری ئهدهبو هونه‌ر بکا. بۆ وێنه پێویسته له بواری فیمینیستیشدا ئێمه خاوه‌ن موماره‌سه‌و خوێندنه‌وه بین، چونکه خودی ره‌خنه‌ی فیمینیستی ده‌توانێ به مانای به‌رین بوونه‌وه‌ی هاتنه گۆڕێی ژنان بێت له ئهدهبو هونه‌ردا.
###
به‌ڵام کاره‌ساتی رابردووی ره‌خنه‌ی مارکسیستی له کوردستاندا ته‌نیا خۆی له‌م لایه‌نانه‌دا نابینێته‌وه. کاره‌ساته‌که له بوارێکی دیکه‌شدا ده‌رده‌که‌وێ، ئه‌ویش بزر بوونی نه‌هجێکی ئهدهبیو هونه‌ریه له سه‌رکردایه‌تی چه‌پی کوردی‌دا.
هه‌روه‌ک “تریئیگلتۆن” ده‌ڵێ: ” مارکس‌و ئه‌نگێڵس به پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی شۆڕشگێڕان به‌رده‌وام په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ جیهانی ئهدهبو هونه‌ردا هه‌بووه.” مارکس به گه‌نجیه‌تی شێعری دهگوتو چه‌ند پارچه شێعری شانۆیی‌و چیرۆکێکی کۆمێدی ناته‌واوی (که له ژێر کاریگه‌ری لارنسدا بوو) لێ به‌جێ ماوه. ئه‌م به‌رهه‌مانه لێواولێون له چه‌مکه ئه‌ده‌بیه‌کان. مارکس شاره‌زای جیهانی ئه‌ده‌ب بوو، ئه‌م شاره‌زاییه له “سۆڤۆکلیس” ه‌وه بووه تا چیرۆکی ئیسپانی‌و له “لۆکریسۆس” ه‌وه تا چیرۆکی ئینگلیسی. کۆمه‌ڵه‌ی کرێکارانی ئه‌ڵمانی که له لایه‌ن مارکسه‌وه له برۆکسێل دامه‌زرابوو، هه‌ر هه‌فته رۆژێکی بۆ قسه‌و باسی هونه‌ری ته‌رخان کردبوو. مارکس بینه‌رێکی شاره‌زاو به‌رده‌وامی شانۆ بووه. له نامه‌یه‌کدا که بۆ ئه‌نگێڵس نووسیویه‌تی ده‌ڵێ: ” به‌رهه‌مه‌کانی هه‌نگاوێکن به‌ره‌و پێکهێنانی گشتگیرییه‌کی هونه‌ری.
به‌ڵام داخۆ له سه‌رکردایه‌تی چه‌پی کوردی‌دا تا چه‌ند ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه ده‌بینرێن؟ داخۆ نووسینه سیاسی‌و که‌م تا کورت فیکریه‌کانیان تا چه‌ند خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی گشتگیریهکی هونه‌رین؟ چه‌پی کوردی ئه‌م جوانکاریه‌ی له ده‌قی عههرهبیو ده‌قی فارسی‌دا کردوویه‌تی (له گوتاره‌کانیدا) قه‌ت نه‌یتووانیوه له ده‌قی کوردی‌دا بیکا. ئه‌مه له کاتێکدایه که خودی ستاتیکای زمان هه‌م ده‌توانێ که‌ره‌سه‌یه‌کی ته‌بلیغ بێت، هه‌م ده‌توانێ چه‌ند توێیی مه‌عریفه له ده‌قدا بپارێزێ. واته زمان ده‌توانێ هه‌م ببێ به ئامراز‌و هه‌م ببێ به ئامانج. ئه‌گه‌ر دیالیکتیکی ئامراز‌و ئامانج له بواری زماندا له‌به‌ر چاو نه‌گیرێ‌و ته‌نیا گرینگی به لایه‌نێکیان بدرێ، ئه‌وا شێوه رووانینێکی میتافیزیکی‌و دابڕاومان ڕه‌چاو کردووه‌و په‌یوه‌نده ئاڵۆزه‌کانی زمانمان له‌بیر کردووه. “هێردێر” بیرمه‌ندی ئاڵمانی ۱۸۰۳ــ ۱۷۴۴ ئاماژه به‌وه ده‌کا که”زمان ته‌نیا ئامرازێک نیه بۆ بیر، به‌ڵکو چوارچێوهیهکیشه که تێیدا بیر شکڵ ده‌گرێ” ۲ لانی که‌م زمان ئه‌گه‌ر خودی بیریش نه‌بێ، ره‌وتی به‌ره‌وپێش چوونی بیر له زماندا ده‌رده‌که‌وێ، وردبینی مه‌عریفی له زماندا خۆی ده‌رده‌خا، زمان دیقه‌تی تیۆر‌و قوڵایی‌و پانتایی تێروانینه‌کان ده‌رده‌خا، که‌واته گه‌ر گوتارێکی شۆڕشگێڕی له‌م تایبه‌تمه‌ندیانه بێبه‌ری بێت، ئه‌وا به کرده‌وه خۆی له‌و خه‌ونانه بێبه‌ری کردووه که باسیان لێده‌کا.
به‌ڵام ره‌نگه له‌م بواره‌دا حه‌ق به ترۆتسکی بێت که له کتێبی “ئهدهبیاتو شۆڕش”دا باس له‌وه ده‌کا که زۆربه‌ی شۆڕشگێڕان حه‌زیان به زه‌وق نایه‌ت. پێده‌چێ ره‌وتی مێژوو به تایبه‌ت له وڵاتانی دواکه‌وتوودا له گرێ شۆڕشگێڕیه‌کانی خۆیدا ره‌وتێکی رهقو زبر‌و پڕ له توند‌و تیژی بێت، که ته‌نانه‌ت شۆڕشگێڕه‌کان له ته‌نیاییه ئینسانیه‌کانی خۆشیاندا ناگه‌ڕێنێته‌وه سه‌ر ناسک کردنه‌وه‌ی ئه‌و ههستو سۆزانه‌ی که له به‌ربه‌ره‌کانیه دژواره‌کاندا سه‌ربڕاون. ره‌نگه هه‌ر ئه‌مه‌ش یه‌کێک له‌و هۆکارانه بێت که قه‌ت شێعر‌و ئه‌ده‌بی کوردی نه‌یتوانی رۆژێک له رۆژان وه‌ک چه‌کێکی ره‌خنه کاریگه‌ری خۆی هه‌بێ له‌سه‌ر عه‌قڵی سیاسی کوردی.
###
هێنانه‌خواری کۆمه‌ڵناسی ئه‌ده‌بیات تا ئاستی ئه‌ده‌بی به‌ره‌نگاری، ته‌نیا نه‌بووه هۆی بزربوونی لایه‌نه جۆربه‌جۆره‌کانی زانستی کۆمه‌ڵناسی له پانتایی ئه‌ده‌بیاتدا، به‌ڵکو ئاکامێکیتری بریتی بوو له به ئایدۆلۆژیا کردنی رووتی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی. به‌و مانایه که هه‌موو شتێک ده‌با به شێوه‌یه‌کی رووت له خزمه‌ت به‌ره‌و پێش بردنی کێشه‌ی سه‌ره‌کیدا بایه. له‌م نێوه‌دا (سه‌ربه‌خۆیی رێژه‌یی) ئه‌ده‌ب فیدا کرا. ئه‌ده‌ب به چه‌ند پله‌یه‌ک له خواره‌وه هه‌مان گوتاری سیاسی بوو. عه‌قڵییه‌تی سیاسی کوردیش که له شه‌ڕی مان‌و نه‌ماندا بوو، له خه‌ست کردنه‌وه‌ی پتری ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه ده‌وری گرینگی گێڕا. نووسه‌رو شاعیره ته‌نیاکان به دنیای تایبه‌ت به خۆیانه‌وه که نه‌یده‌توانی راسته‌وخۆ ده‌ربڕی دونیای عه‌قڵییه‌تی سیاسی کوردی بێت به‌ره‌و شوێنه بزره‌کان پاشه‌کشه‌یان کرد‌و تووانه‌وه. ئه‌مانه له نێوان به‌رداشی عه‌قلیه‌تی دوژمن‌و عه‌قڵیه‌تی پێنه‌گه‌یشتوی سیاسی کوردی شوێنێکیان بۆ نه‌ما. لای دوژمن مه‌جالی ده‌ربڕین نه‌بوو و لای دۆستیش هه‌م مهجالو هه‌م گوێگری به ئه‌مه‌ک نه‌بوو. دنیا تایبه‌تیه‌کان که ئه‌یانتوانی له ئه‌نجامدا ته‌واوکه‌ری پڕۆسه‌یه‌کی سیاسی پێویست له کۆمه‌ڵگایه‌کی پڕ له کێشه‌دا بن، بوونه فیدای گوتارێکی ئه‌ده‌بی. هه‌موو شتێک به‌سه‌ر به‌ره سیاسیه‌کاندا دابه‌ش کرا.
به‌ڵام داخۆ ئایدۆلۆژیا له ره‌خنه‌و هزری مارکسیدا ته‌نیا به مانای چه‌کێکی رووتی مه‌یدانی شه‌ڕو به‌ربه‌ره‌کانی دێت؟ یان چه‌مکێکی گشتگیری مه‌عریفیه له هه‌موو بواره سهرخانیهکاندا؟ تریئیگلتۆن ده‌ڵێ: “سه‌رخان، هه‌روه‌ها خاوه‌نی چه‌ندین فۆرمی دیاریکراوی وشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی، وشیاری سیاسی، ئایینی، ئاکاری، هونهریو هتد، که مارکس پێی ده‌ڵێ ئایدۆلۆژی” ۳ لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێ که هونه‌ر به‌شێکه له ئایدۆلۆژیا‌و جۆرێک له وشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی. وشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی له بواری هونه‌ردا ته‌نیا به‌و مانایه نایه‌ت که هونه‌ر وه‌ک چه‌کێک راسته‌وخۆ له پاڵ چه‌که مه‌رگهێنه‌ره‌کانی دیکه‌دا خه‌ریکی شه‌ڕ بێت، به‌ڵکو وشیاری به‌و مانایه که ته‌عبیرێکی هونه‌ری له بارودۆخی کۆمهڵایهتیو مێژویی‌و ده‌رونناسانه‌ی سه‌رده‌مێک له سه‌رده‌مه‌کانی مێژووی مرۆڤایه‌تی ده‌کا. ده‌شێ یه‌کێک له‌و ته‌عبیرانه، ته‌عبیر بێت له بارودۆخی شۆڕشگێڕان‌و داخوازیهکانو سهوداکانیان، نه‌ک ئه‌وه‌ی که ئه‌م ته‌عبیره ببێ به تۆتالیتارێزمێکو باڵ به‌سه‌ر لایه‌نه‌کانی ته‌عبیردا بکێشێ.

ئه‌نگڵس ئه‌وه ره‌د ده‌کاته‌وه که ده‌قه ئه‌ده‌بیه‌کان به‌یانی راسته‌وخۆی ئایدۆلۆژی نووسه‌ر یان چینه‌که‌ی بێت. له روانگه‌ی وی‌دا مومکینه ئایدۆلۆژی له زه‌ینی نووسه‌ردا له ئاستی ژێر وشیاریدا subcon scious بێت‌و له‌م شێوازهیدا له ئه‌ده‌بیاتدا خۆی بنوێنێته‌وه. ۴ لێره‌دا زاراوه‌ی “ژێر وشیاری” دوور که‌وتنه‌وه‌یه له‌و بۆچوونه‌ی که ئه‌ده‌ب تا ئاستی ئایدۆلۆژی داده‌به‌زێنێ. لێره‌دا ره‌گه‌زه‌کانی ئایدۆلۆژی له مانای ئاشکرای خۆیان دوور ده‌که‌ونه‌وه‌و پانتاییه‌کی زۆر ئاڵۆز داگیر ده‌که‌ن. فۆرمی هونه‌ر وه‌ک جۆرێکی وشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی، ئایدۆلۆژی ده‌ق یان نووسه‌ر ده‌کا به پاشکۆی خۆی، نه‌ک ئه‌وه‌ی ئایدۆلۆژیا هونه‌ر بکا به تابعی خۆی. واته لێره‌دا له‌گه‌ل دیالێکتیکی هونه‌رو ئایدۆلۆژیا رووبهڕوین. ئایدۆلۆژیا له‌سه‌ر ژێرخان راوه‌ستاوه‌و هه‌ر له‌و کاته‌دا فۆرمی هونه‌ری ئایدۆلۆژیا ده‌بێ به خاوه‌ن سه‌ربه‌خۆییه‌کی رێژه‌یی. رێک له‌م سه‌ربه‌خۆییه رێژهییهدایه که ئهدهبو هونه‌ر ده‌بن به بوونێکی سهربهخۆو پڕۆسه‌ی تایبه‌ت به خۆیان وه‌رده‌گرن له نێو هه‌موو رایه‌ڵه په‌یوه‌ندیه‌کانی دیکه‌دا .جا ئه‌ده‌ب بۆ مرۆڤ شێوازێکی ناسینه. ناسینی سروشت‌و سروشتی مرۆڤایه‌تی (چ وه‌ک تاک چ وه‌ک کۆمه‌ڵگا). ده‌کرێ هونه‌رمه‌ندێکی راسته‌قینه که خاوه‌ن وشیاری هونه‌ریه، سه‌ره‌ڕای په‌یوه‌ندیه چینایه‌تیه‌کانی، ناسینێکی راسته‌قینه‌ی هونه‌ری له کۆمهڵو له مرۆڤ پێشکه‌ش بکا. هه‌ر به‌و شێوه ده‌کرێ هونه‌رمه‌ندێکی که سه‌ر به چینه چه‌وساوه‌کانه سه‌ره‌ڕای ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی نه‌توانێ ناسینێکی هونه‌ریانه له کۆمهڵو له مرۆڤ پێشکه‌ش بکا. ئه‌نگێڵس ئه‌وه نێشان ده‌دا که رۆمانه‌کانی بهڵزاک سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که بهڵزاک به قووڵی لایه‌نگری حوکمی مه‌له‌کی بوو، ده‌توانن راڤه‌یه‌کی ورد‌و به دوور له هه‌ر چه‌شنه مه‌به‌ستێک سه‌باره‌ت به په‌یدا موونی بۆڕژوازی له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا پێشکه‌ش بکه‌ن. ۵
که‌واته قسه له پێداگرتنه له‌سه‌ر ره‌گه‌زه هونه‌ریه‌کانی ده‌قێکی هونه‌ری. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به مانای وه‌رگرتنی روانگه‌ی فۆرمالیستی نیه سه‌باره‌ت به هونه‌ر که شکڵی هونه‌ری به شێوه‌یێکی موتڵه‌ق زه‌ق ده‌کاته‌وه، به‌ڵکو بریتیه له‌و تێڕوانینه‌ی که نوواندنه‌وه‌ی دیارده مرۆڤایه‌تیه‌کان له فۆرمی ئه‌ده‌بیه‌وه ده‌بینێته‌وه. هونه‌ر لێره‌دا فۆڕمێک نیه له پێناوی فۆڕمدا، به‌ڵکو فۆڕمێک به هه‌وێنی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه له پێناوی ناسین‌و گۆڕانی پتردا.
ساده کردنه‌وه‌ی چه‌مکه‌کانی ره‌خنه‌ی ماڕکسیستیو دابه‌زاندنیان تا ئاستی هه‌ندێک بۆچوونی رووکهشانهو به دوور له خوێندنه‌وه‌یه‌کی ورد‌و قوڵی ده‌قه‌کان، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که خودی چه‌مکی ئایدۆلۆژیاش هه‌روه‌ک له‌وه‌پێش ئاماژه‌مان پێ‌کرد ببێ به وێنه‌یه‌کی بهرگریو به‌ره‌نگاری به شێوازی شه‌ڕێکی راسته‌وخۆ. ئه‌مه له کاتێکدایه که خودی (ئایدۆلۆژیاش هیچ کاتێک ره‌نگدانه‌وه‌ی ساده‌ی بیر‌و بۆچوونه‌کانی چینی ده‌سه‌ڵاتدار نیه، به پێچه‌وانه‌وه دیارده‌یه‌کی ئاڵۆزه که ده‌توانێ بۆچوونه جۆراوجۆرهکانو ته‌نه‌نه‌ت دژ به یه‌که‌کانیش له گه‌ڵ یه‌کتر ئاوێته بکا.)۶ ساده‌کردنه‌وه‌ی چه‌مکه‌کانی ره‌خنه‌ی ماڕکسیستیو یه‌ک له‌وان ئایدۆلۆژی ده‌بێته هۆی هاتنه گۆڕی مارکسیسمی عامیانه. تریئیگلتۆن سه‌باره‌ت به مارکسیزمی عامیانه نمونه‌یه‌ک دێنێته‌وه‌و ده‌ڵێ: “ده‌رباره‌ی شێعری سه‌رزه‌مینی وێرانـی ئه‌لیوت، مارکسیزمی عامیانه ره‌نگه وه‌های شی بکاته‌وه که ئه‌م شێعره راسته‌وخۆ به هۆی هۆکاره ئایدۆلۆژیکیو ئابووریه‌کانه‌وه دیاریکراوه” بۆ وێنه بۆشایی رۆحی‌و ماندوویی له ئایدۆلۆژی بۆرژوایی که به هۆی قه‌یرانی سه‌رمایه‌داری له شه‌ڕی یه‌که‌می جیهاندا هاتووه‌ته گۆڕێ. مانای ئه‌م وێنه‌یه ئه‌وه‌یه که ئه‌م سێعره وه‌ک ره‌نگدانه‌وه‌ی راسته‌وخۆی ئه‌و بارودۆخه بێنێته پێش چاومان‌و ئه‌وه له بیر بکه‌ین که له نێوان ئه‌م شێعره‌و ئابووری سه‌رمایه‌داری هه‌زاران بازنه وه‌ک زنجیره‌یه‌کی پێکه‌وه گرێ‌دراو له گۆڕێدان.” ۷
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: “ئه‌م ره‌خنه‌یه هیچ شتێک سه‌باره‌ت به فۆرمه گشتییه‌کانی ئه‌و ئایدۆلۆژییه به ئێمه پێشکه‌ش ناکات، نه له چنراوه‌که‌ی، نه له ناوهروکو ئاڵۆزیی دهروونییهکهیو نه له‌وه‌ی که چلۆن هه‌مووی ئه‌مانه به هۆی په‌یوه‌ندییه چینایه‌تییه زۆر ئاڵۆزه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئینگلیس له‌و کاته‌دا، پێک هاتوون. ئه‌م ره‌خنه‌یه سه‌باره‌ت به فۆڕم‌و زمانی “سه‌رزه‌مینی وێران” بێده‌نگه‌و ناتوانێ ئه‌وه شی بکاته‌وه که بۆچی ئه‌لیوت سه‌ره‌ڕای موحافیزکاری له راده‌به‌ده‌ری شاعیرێکی پێشڕه‌و بوو و له به‌رهه‌مه‌کانی خۆیدا که‌ڵکی له ته‌کنیکه ئه‌زموونییه‌کان “پێشکه‌وتووه‌کان” وه‌رده‌گرت”۸
ئه‌نگڵس هه‌رچه‌شنه تهتبیقێکی میکانیکانیهی نێوان ژێرخان‌و سه‌رخانی ره‌د ده‌کرده‌وه. له راستیدا ماڕکسیزمی عامیانه له شیکردنه‌وه‌کانی خۆیدا له دووی ئه‌م جۆره تهتبیقهدایه. پێده‌چێ ئه‌م جۆره لێکدانه‌وه‌یه، به گوێره‌ی ئاستی وشیاری‌و رۆشنبیری ئێمه باشترین ده‌رفه‌تی بۆ ره‌خسابێت. رۆشنبیرییه‌ک که ده‌قی مه‌عریفی قووڵی نه‌بێت، کاتێک رووبه‌ڕووی مه‌عریفه‌یه‌کی قووڵ ده‌بێته‌وه، به مه‌جبووری یان وازی لێدێنێ یا ده‌یهێنێته ئاستی تێگه‌یشتنی خۆیه‌وه. به تایبه‌ت بۆ نهتهوهیێکیش که به حوکمی جه‌بری مێژوو ده‌رفه‌ته ئاساییه‌کانی گه‌شه‌ی لێ ئهستێندرابێتهوه. کاتێک به‌شێکی به‌رچاوی مێژووی ئێمه بریتیه له به‌رجه‌سته بوونی دوژمن له پڕۆسه‌یه‌کی دوور‌و درێژدا، ده‌شێ به حوکمی بوونی ئه‌م دوژمنه هه‌موو بیر‌و بۆچوونه‌کانیش بچنه هه‌مان قاوغه‌وه. دوژمن له‌ولا وه‌ستاوه‌و ئێمه‌ش له‌م لا، که‌واته ده‌بێ لایه‌نه‌کانی هه‌ر زانستێکی کۆمه‌ڵایه‌تیش هه‌مان ریزبه‌ندییان هه‌بێت. هه‌موو شتێک ده‌بێ به دوو به‌ره… دوو که‌رت… ته‌نانه‌ت ده‌بێ به دوالیزمێک که لایه‌کی لهمبهرهو لایه‌کی له‌وبه‌ر. له‌م جۆره لۆژیکه‌دا پنته جۆراوجۆره‌کانی نێو هه‌ر به‌ره‌یه‌ک بزر دهبنو ئێمه ته‌نیا دوو به‌ره‌ی ساف‌و سۆڵ ده‌بینین، بێ هیچ گرێیه‌ک. کاتێک لایه‌نێکی دوالیزم له ناو خۆماندا بزر ده‌بێت، ئیتر داینامۆی گه‌شه ده‌مرێ،ته‌نانه‌ت ئێمه ئه‌گه‌ر بۆ ناو خۆشمان به دوالیزم بڕوامان بووبێت، ئه‌وا هه‌میشه لایه‌نی نیگه‌تیڤی دوالیزمهکهمان به جۆرێک له جۆره‌کان خستووه‌ته لای دوژمن‌و هه‌میشه پێمان وابووه که لایه‌نی نیگه‌تیڤی دوالیزمی نێوخۆی خۆمان بێ بوونی دوژمن ناتوانێ بوونی هه‌بێت، واته هه‌میشه وامان بیر کردۆته‌وه که هه‌ر شتێکی سه‌لبی له نێوماندا به جۆرێک سه‌ری به دوژمنه‌وه‌یه. به‌م شێوه‌یه دیسان ریزبهندییهکهمان ساده کردۆته‌وه. ئه‌م ساده کردنه‌وه‌یه که بنه‌مایه‌کی مێژوویی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، پهلو پۆی هاویشتۆته نێو هه‌موو بواره مه‌عریفییه‌کانی ئێمه.
به‌ڵام ئه‌م ساده کردنه‌وه‌یه ته‌نیا بۆ رابردوو و ئێستا (واته بۆ بنه‌مای مێژوویی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی) ناگه‌ڕیته‌وه، به‌ڵکوو له‌و پڕۆژانه‌شدا ده‌رده‌که‌وێ که ئاراسته‌یه‌کی داهاتووبینانه‌ی تێدایه. واته له پروژهی خوێندنه‌وه‌ی ئێمه‌دا. ئینگێڵس له نامه‌یێکدا که له ساڵی 1890دا بۆ ’’ژۆزێف بلوک’’ی ناردووه، ده‌نووسێ: “به گوێره‌ی چه‌مکی ماتریالیسمی مێژوویی، له‌دوا شیکردنه‌وه‌دا ره‌گه‌زی دیاریکه‌ری مێژوو بریتیه له به‌رهه‌م هێنانو سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ژیانی راسته‌قینه. نه من‌و نه ماڕکس له‌مه زیاتر هیچ شتێکی دیکه‌مان نه‌گوتوه. ئه‌گه‌ر که‌سێک ئه‌م رسته‌یه به‌م شێوه‌یه بشێوێنێ که هۆکاری ئابووری ته‌نیا هۆکاری دیاریکه‌ره، ئه‌وا مانایه‌کی پووچ‌و بێ که‌ڵکو دابڕاوی پێداوه. بارودۆخی ئابووری بنه‌مایه، به‌ڵام ره‌گه‌زه جۆراوجۆره‌کانی سه‌رخان _ شێوازه سیاسیه‌کانی خه‌باتی چینایهتیو ئاکامه‌کانیان، ئه‌و ئۆرگانه جۆراو جۆرانه‌ی که له لایه‌ن چینه ده‌سه‌لاتداره‌کانه‌وه دامه‌زراون، فۆرمه یاساییه‌کان، ته‌نانه‌ت ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌م خه‌باته راسته‌قینانه له مێشک‌و هزری خه‌باتکاراندا به شێوه‌ی سیاسی، یاسایی‌و تیۆر‌و بیر‌و بۆچوونی فهلسهفیو ئایینی‌و گۆڕانی دواتریان به‌ره‌و سیسته‌می دۆگماـ به نۆره‌ی خۆیان کاریگه‌ریان ده‌بێ له‌سه‌ر ره‌وتی خه‌باتی مێژویی‌و زۆر جاریش رۆڵی سه‌ره‌کی ده‌گێڕن له دیاریکردنی شێوازیاندا. ۹
ئه‌وه‌ی که دیارده سه‌رخانییه‌کان ده‌توانن له دیاریکردنی شێوازی مێژوویی ره‌وتی خه‌باته‌کاندا رۆڵی سه‌ره‌کی بگێڕن، ده‌بێ جێگای سه‌رنج بێت. ره‌نگه ئه‌مه لای هه‌ندێک که‌س وا بکه‌وێته‌وه که هاودژییه‌که له تیۆری مارکسیستیدا، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ئه‌مه هاودژی نیه، به‌ڵکو رێک له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی لۆژیکی ماڕکسیسم راوه‌ستاوه. کاتێک ماڕکس له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه بێ که کۆمه‌ڵگای سۆسیالیستی کۆمه‌ڵگایه‌ک نیه که خۆبه‌خۆ پێک بێت، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌ی فۆرماسیۆنهکانی پێش خۆی له‌سه‌ر وشیاری مرۆڤه‌کان راوه‌ستاوه (له هه‌ناوی کۆمه‌ڵی فیۆدالیدا بنه‌ما ئابوورییه‌کانی کۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌داری خۆیان وه‌ده‌ر ده‌خه‌ن به‌ڵام له کۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌داریدا بنه‌ما ئابوورییه‌کانی کۆمه‌ڵی سۆسیالیستی خۆیان وه‌ده‌ر ناخه‌ن.( ئیتر ده‌بێ سه‌رنجمان به‌ره‌و ئه‌وه راکێشرابێت که ماڕکسیسم قوتابخانه‌یه‌کی دیتیرمینیستی رووت‌و ره‌ها نیه. ئه‌و قسه‌یه‌ی ماڕکس که ده‌ڵێ مرۆڤایه‌تی یان به‌ره‌و سۆسیالیزم ده‌چێ یان له به‌ربه‌ریه‌تدا نوقم ده‌بێ، دیسان ئاماژه‌یه‌کی دیکه‌یه له‌سه‌ر ره‌وتی خودوشیاری مرۆڤ. پێگه‌یشتوویی ماددی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری خۆبه‌خۆ ناتوانێ شۆڕشی سۆسیالیستی بخوڵقێنێ.
کاتێک له بنه‌ماکانی مارکسیسمدا تێڕوانینێکی له‌م چه‌شنه هه‌بێت، ئیتر ئاساییه که بتوانین بڵێین هزری ماڕکسیستی ده‌توانێ چه‌ند رۆڵێکی گرینگ بداته هونه‌ر وه‌ک ده‌رکه‌وته‌یه‌کی ئایدۆلۆژیکی. لێره‌وه گرینگی ئهدهبو هونه‌ر وه‌ک ده‌رکه‌وته‌یه‌کی مه‌عنه‌وی له چهسپاندنو سه‌رخستنی نه‌ته‌وه، مرۆڤ، رێکخراو یا خود هه‌ر هشنه بوونێکی کۆمه‌لایه‌تیدا ده‌رده‌که‌وێ.
به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی دیارده‌یه‌کی سه‌رخانی (بۆ وێنه وه‌ک هونه‌ر) بتوانێ رۆڵی گرینگ ببینێ، دهبێو پێویسته هه‌رده‌م به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی قاوغه‌کانی خۆی هه‌نگاو بنی. ئه‌گه‌ر له ده‌سته‌واژه‌ی دریدا که‌ڵک وه‌ربگرین ده‌بێ بڵێین هه‌رده‌م (بنه‌ما شکێن) بێت، ئه‌م بنه‌ما شکێنییه له‌سه‌ر مه‌عریفه‌یه‌کی قووڵ راده‌وه‌ستێ. خوێندنه‌وه‌و هه‌زم کردن‌و خوڵقاندن، ئه‌مه تاکه ریگای نه‌فی کردنی مێژووه. به‌لام له ناو ئێمه‌دا تا ئێستاش خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ مێژووی مه‌عریفی له گۆڕێ‌دا نییه. له بواری ره‌خنه‌ی مارکسیستیدا نه تانیا ره‌هه‌ندێکی خوێندنه‌وه‌یمان نهخوڵقاندوه، به‌ڵکو له‌سه‌ر چهمکو ماناکانیش به تووشی مشتومڕه‌وه نه‌بووینه. هه‌ر بۆیه ئێستاش چه‌مکێکی گرینگی وه‌ک ئایدۆلۆژی به‌بێ ئه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌یێکی مه‌عریفی له‌سه‌ر بێت، زۆر ئاسان له‌ده‌می ئه‌م نووسه‌رو ئه‌و ره‌خنه‌گره‌وه ده‌بیسین که “ژه‌هری ئه‌ده‌به” ته‌نیا هۆکاریش لای ئه‌وان بریتیه له ئه‌زموونی عه‌مه‌لی سۆڤیه‌ت که ریالیزمی سۆسیالیستی تێدا به زۆر سه‌پێندرا. ئه‌م نووسه‌ره به‌ڕێزانه ته‌نانه‌ت ئاگایان له‌وه نیه که خودی چه‌مکی ئایدۆلۆژیا له‌ناو ماڕکسیهکانیشدا لێدوانی جۆراوجۆری له‌سه‌ره. بۆ وێنه روانگه‌ی ئالتۆسیر له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌کانی زاناکانی ماڕکسیستی پێشوو جیاوازه که پێیان وابوو ئایدۆلۆژی جۆرێکی “شعوری درۆیینه” که سه‌رمایه‌داری پێکی دێنێ‌و ده‌کرێ به ناسینی زانستیانه وه‌لا بنرێ ۱۰
“رامان سلدن” ده‌ڵێ: ” ئاڵتۆسیر نیشانی‌دا که به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیه گه‌وره‌کان حوسنی ژیان به‌سه‌ربردن له ناو هه‌ستی ئایدۆلۆژییه‌کی تایبه‌تدا به‌رجه‌سته دهکهنو هه‌ستی ئایدۆلۆژیه‌کی زیندوو ده‌خوڵقێنن” ۱۱ به‌ڵام رۆشنبیری ئێمه له تێڕوانینی به‌ره سیاسیهکانو شکست‌و سه‌رکه‌وتنه‌کانیان ده‌ڕواننه چه‌مکه مه‌عریفییه‌کان. ناکرێ به کۆتایی ریالیسمی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م بڵێین ئه‌و ریالیزمه شکستی خوارد. هه‌ڵبه‌ت ریالیزمی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م راسته‌وخۆ هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی له پشت نه‌بوو (ریالیزمی سۆسیالیستی له پشتی بوو) به‌ڵام ناکرێ ئه‌ده‌بی ماکسیم گۆرکیش وه‌ک قۆناغێکی گرینگی ئه‌ده‌بی روسی‌و ئه‌ده‌بی جیهانیش سه‌یر نه‌کرێ. ئه‌گه‌ر هزری ئێمه هزرێکی سیاسی نهبێتو مه‌عریفی بێت، ده‌کرێ ته‌نیا له رووی ئه‌زموونی عه‌مه‌لییه‌وه نه‌ڕوانیته رووداوه ئهدهبیو هونه‌ریه‌کان. ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی که به رقه‌وه (رق له مارکسیسمو چه‌پ) ده‌ڕواننه چه‌مکی ئایدۆلۆژی، هه‌ر به هه‌مان گوتاری سیاسیانه‌وه دێنه ناو دنیای ئهدهبو ده‌سته وه‌ستانن له پێشکه‌شکردنی ده‌قێکی قووڵی مه‌عریفی له بواری ئه‌ده‌بدا.
زاڵبوونی ماڕکسیسمی عامیانه به سه‌ر رۆشنبیری کوردی له قۆناغێکدا، یه‌کێک له هۆکاره‌کانی ساده‌یی ئه‌و گۆڕانه بووه که له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانه‌وه له به‌شێکی رۆشنبیری کوردی‌دا روویداوه. ده‌شێ سه‌ره‌ڕای جیاوازی فۆڕم، ده‌ربڕین هه‌ر ساده بێت.
“ئایدۆلۆژی” دیارده‌یه‌ک نیه که مارکسیزم خوڵقاندبێتی، به‌ڵکو له بنه‌ڕه‌تدا ماڕکسیزم ئه‌م چه‌مکه‌ی وه‌ک دیارده‌یه‌کی سه‌رخانی دۆزییه‌وه. ئایدۆلۆژی دیارده‌یه‌که که په‌یوه‌ندی هه‌یه به چۆنیه‌تی . .. . . درێژه‌ی هه‌یه
فه‌روخ نێعمه‌تپوور
دیدگاهتان را بنویسید