چه‌ند واتایه‌ک له‌به‌رده‌م پرسیارێکدا
چه‌ند واتایه‌ک له‌به‌رده‌م پرسیارێکدا
داخۆ رۆشنبیری له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا له ئاستێکی وه‌ها دایه که بتوانێ له ره‌وتی گه‌شه‌ی خۆیدا بزووتنه‌وه‌یه‌کی رۆشنبیری پێک بێنێ؟ ئه‌و پرسیاره به‌ره‌و ئه‌وه ده‌مانباته‌وه که له کۆمه‌ڵی ئێمه‌دا رۆشنبیری هه‌یه تا بتوانرێ له‌سه‌ر بنه‌ماکه‌ی، رۆشبیرییه‌کی ره‌خنه‌گرانه پێک بێت؟
ماکس ڤیبه‌ر بۆ شیکاریی ده‌ستی ده‌دایه دروست کردنی “دیارده نموونه‌ییه‌کان”، ڕه‌نگه له نێوئاخنی ئه‌م وتاره‌دا بتوانین دیارده‌یه‌کی نموونه‌یی پێشکه‌ش بکه‌ین و تا راده‌یه‌ک کۆمه‌ڵگای کوردستانی ئێرانی له‌گه‌ڵ هه‌ڵسه‌نگێنین.
به‌گوێره‌ی پێناسه‌ی هێندێک له بیرمه‌ندان له‌مه‌ڕ رۆشنبیری، هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک خاوه‌ن رۆشنبیری تایبه‌ت به خۆیه‌تی. ئه‌گه‌ر رۆشنبیری بریتی بێت له کۆی کاره زه‌ینیه‌کان له بواره‌کانی شێعر‌و په‌خشاندا (به مانای فراوانی خۆی) ئه‌وا هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک خاوه‌ن رۆشنبیری خۆیه‌تی. که ده‌ڕوانینه مێژووی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک، کۆمه‌ڵێکی بێ‌سنوور له داهێنانه‌کا‌ن له بواری شیعر، په‌خشان و فولکلۆ‌ردا ده‌بینین. ته‌واوی ئه‌م داهێنانه هه‌ڵگری باری چینایه‌تی، کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی و هه‌ر له‌وکاته‌دا هه‌ڵگری باری شێوه‌تێڕوانین و خه‌ونه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک یان کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێکن. ئه‌م داهێنانه رۆشنبیریانه به‌گوێره‌ی قۆناغه مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه. که‌واته کاتێک بۆ پێناسه کردنی رۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌چین، ده‌سبه‌جێ ئاوڕ له‌و وشانه ده‌ده‌ینه‌وه که له‌سه‌ر کاغه‌زو له‌سه‌ر زمان و له نێو سنگی خه‌ڵکیدایه.
به‌ڵام له که‌لتووری بیری نوێ و هاوچه‌رخدا پێناسه کردنی رۆشنبیریی نوێ بۆ سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م له ڕووسیه‌و فه‌رانسه ده‌گه‌ڕێته‌وه. رۆشنبیری موعادلی وشه‌ی “انتلکتوئل”ه. له که‌لتوووری نوێ‌دا رۆشنبیران نیگابان و پارێزه‌ری سووننه‌تی بیری داهێنه‌رانه و ڕه‌خنه‌گرانه‌ن له بواره‌کانی کۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تیدا. که واته به‌گوێره‌ی ئه‌و پێناسه نوێیه، ئێمه له کوردستانی ئێران خاوه‌ن پێناسه‌ی نوێی رۆشنبیری نین. ئه‌گه‌ر به ڕابردووی که‌لتووری رۆشنبیری له‌و به‌شه‌دا بچینه‌وه، ده‌بینین بیری داهێنه‌رانه‌و ڕه‌خنه‌گرانه به مانا باوه‌که‌ی بوونی نیه. واته بیرێک که بتوانێ خاوه‌ن ڕه‌وتێکی داهێنه‌رانه بێت و میکانیزمی ره‌خنه تێیدا به‌رده‌وام روو له سیسته‌مه‌کانی نوێ بکات. ئه‌گه‌ر رۆشنبیری نوێ له سه‌ده‌ی نۆزده‌وه له ئۆروپاوه ده‌ست پێ ده‌کا، ئه‌وا ئه‌وروپای پێش سه‌ده‌ی نۆزده، هه‌ر له سه‌ره‌تاکانی زایین و پێش زایینه‌وه، ده‌قه فه‌لسه‌فی و سۆسیۆلۆجی و ئاکارناسی و زانسته‌کانی دی سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن. ئه‌ره‌ستۆ، ئیفلاتوون، سوقرات، ئه‌پیکور، لوکرسیوس، تا ده‌گاته ئه‌کویناس و گالیلۆ و جۆراندۆ بڕۆنۆ و دیکارت و مۆنتسکیۆ و رۆسۆ و ڤۆڵتێر. ئه‌وروپا له یونانه‌وه ده‌ست پێ ده‌کاو به‌رده‌وام تا ئه‌م ساته وه‌خته‌ش ئاوڕ ده‌داته‌وه سه‌ر ئه‌و ده‌قانه.
“ئه‌وێستا”ی لێ ده‌رچێ که ئه‌وێش ده‌قێکی هاوبه‌شی هه‌ندێک له گه‌لانی ناوچه‌که‌یه، مێژووی کورد تا سه‌ده‌ی پازده هیچ ده‌قێکی ئه‌وتۆ پێشکه‌ش ناکا. ئاوێستا ده‌قێکی ئایینی‌یه که وه‌ک هه‌ر ده‌قێکی ئایینی دیکه هه‌ڵگری چه‌شنێک تێڕوانینی فه‌لسه‌فی و ئاکار ناسانه‌یه. له سه‌ده‌ی پازده‌هه‌م مه‌لای جزیری دێته گۆڕێ که ئه‌ویش به زمانی شێعر ده‌دوێ و مامۆستا سه‌جادی پێی وایه پێغه‌مبه‌ری سه‌ده‌ی پازده‌ی شێعری کوردی بووه. ڕه‌نگه ده‌قه شیعرییه‌کانی مه‌لای جه‌زیری یه‌که‌مینی ئه‌و ده‌قانه بووبێت که تێیدا فه‌لسه‌فه‌و ئیلاهیات دێنه گۆڕێ، به جۆرێک که جه‌زیری پێی وایه جیهان هه‌موو حه‌ده‌سه و بۆ تیاچوون دروست کراوه، نه‌ک بۆ مانه‌وه. ئه‌مه‌ش وا پێ ده‌چێ که له ژێر کاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی یونان دا بووبێت. دواتر ئه‌م نه‌ریته (واته شیعر) راده‌گوێزرێ بۆ سه‌ده‌کانی دواتر و له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م دا و تا ئه‌م سه‌ده‌یه‌ش پێناسه‌ی گه‌وره‌ی رۆشنبیری کوردییه. که واته به درێژایی ئه‌و مێژووه نه خاوه‌نی ده‌قه زانستییه‌کانین و نه خاوه‌ن ده‌قه فه‌لسه‌فی و مه‌عریفییه‌کان.
دواتر ده‌چینه ناو سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه. سه‌ده‌ی بیسته‌م سه‌ده‌ی بچووک بوونه‌وه‌ی جیهان و سه‌رهه‌ڵدانی ته‌کنه‌لۆژیا و ئامرازه سه‌رسووڕهێنه‌ره‌کانی پێوه‌ندییه. سیبرینێتیک و زانستی چاپه‌مه‌نی و سیسته‌می نوێی خوێندن، بواره‌کانی ئاشنا بوون له‌گه‌ڵ مه‌عره‌یفه نوێ و کۆنه‌کانی جیهان ده‌ڕه‌خسێنێ. وا پێده‌چوو که ئه‌م دیارده نوێیانه له ره‌وتێکی لانی که‌م مامناوه‌ندیدا ره‌وتێکی فیکری داهێنه‌ر و ره‌خنه گرانه‌ی پێک هێنانبا. سه‌ره‌ڕای بزووتنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه یه‌ک له دوای یه‌که‌کان و سه‌رهه‌ڵدانی فۆرمه نوێیه‌کانی خه‌بات و ئاشنابوونی پتری خه‌ڵک له‌گه‌ڵ مافه نه‌ته‌وه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، ره‌وتی داهێنه‌رانه و ڕه‌خنه‌گرانه نه‌یتوانی پێک بێت. به‌ڵکو له باشترین حاڵه‌تدا هه‌ندێک وه‌رچه‌رخان له بواره‌کانی شیعر و چیرۆک و گوتاری سیاسی‌دا خوڵقا که بزووتنه‌وه‌یه‌کی فیکری له پشت نه‌بوو. ته‌نانه‌ت نه‌مانتوانی سنووری مه‌عریفی ئه‌و فکرانه ببه‌زێنین و ده‌وڵه‌مه‌ندیان بکه‌ین که وه‌رمانگرتبوو و پێی پشت ئه‌ستوور بووین.
گرنگترین خاڵی وه‌رچه‌رخان له سه‌ده‌ی بیسته‌م دا کۆماری مه‌هاباده که رۆژنامه‌گه‌ری و حیزبی کوردی له‌و به‌شه‌ی کوردستاندا هێنایه گۆڕێ، به‌ڵام له ئه‌نجام دا ئه‌م ده‌سکه‌وته‌ش نه‌یتوانی ده‌ست پێکه‌ری ڕه‌وتێکی فیکری و مه‌عریفی بێت. بۆیه ده‌بینین بۆ وێنه له بواری چیرۆکدا که حه‌سه‌نی قزڵجی داهێنه‌ری بوو، لێک دابڕانێک دروست ده‌بێ و ئه‌م نه‌ریته نوێیه بۆ ده‌یان ساڵ د‌رێژه‌ده‌رێکی جیددی نابێت. له بنه‌ڕه‌تدا وا بیر کراوه‌ته‌وه که پێک هێنانی کیانی سیاسی واتای کاری سیاسی و حیزبی‌یه، نه‌ک کاری رۆشنبیری و مه‌عریفی. که‌وا بیرکرایه‌وه، ده‌کرێ پڕاگماتیزمێکی تۆخ باڵ به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌که‌دا بکێشێ و جڵه‌و‌ی هه‌موو ئیش و کاره‌کان به‌ده‌سته‌وه بگرێ. پڕاگماتیزمێکی وا کایه به نووسین ده‌کا، چونکه نووسه‌ر ئه‌وه ناکا که پڕاگماتیست ده‌یکا. کورتبینی پڕاگماتیست له‌وه ناگات که که‌م و کووڕییه‌کی له چه‌شنه‌م زۆر به خێرایی ده‌توانێ ئه‌ویش بخاته نێو قه‌یرانێکی کوشنده‌وه. به شێوه‌یه‌ک که بواری سیاسیش تا سنووری مردن بڕوا. مێژووی ئێمه، مردنی له پانتایی سیاسی‌دا زۆر تاقیکردۆته‌وه. مردنی سیاسی به گۆێره‌ی باردودۆخه‌کان ده‌کرێ بێته گۆڕێ، بێ ئه‌وه‌ی بنه‌مای بزووتنه‌وه‌که له نێو بچێ، به‌ڵام لێره‌دا کاره‌ساته‌که له‌وه دایه که ئه‌و رۆشنبیری‌یه ڕێژه‌ییه‌ش زۆر به مردنی سیاسییه‌وه گرێ دراوه، به‌شێوه‌یه‌ک که قه‌ت نه‌یتوانیوه پانتاییه‌کی به‌رینتر بێت له مه‌رگی سیاسی.
خاڵی وه‌رچه‌رخانی گرنگی دیکه له‌م بواره‌دا شۆڕشی 1979ی گه‌لانی ئێرانه که ده‌رگای ده‌رفه‌تێکی دیکه‌ی کرده‌وه، به‌ڵام دیسان ئه‌ویش نه‌بووه هۆی ته‌کانێکی جیددی له‌م بواره‌دا. ره‌نگه گه‌وره‌ترین بیرێکی فه‌لسه‌فی نوێ که له هه‌فتاکان و هه‌شتاکاندا هاتبێته کوردستانی ئێران مارکسیزم بێت، که ئه‌ویش به نۆره‌ی خۆی نه‌یتوانی ڕه‌هه‌ندێکی فه‌لسه‌فی له نێو کۆمه‌ڵدا وه‌ربگرێ و زیاتر لایه‌نی سیاسی وه‌رگرت. ئاشکرایه که فه‌لسه‌فه‌یه‌کی واش ناتوانێ ڕه‌هه‌ندێکی فه‌لسه‌فی وه‌ربگرێ، چونکه له‌وه‌پێش ره‌وتێکی فه‌لسه‌فی نه‌بووه تا به گوێره‌ی بوونی خۆی وه‌ریبگرێ و بیرمه‌ندێکی فه‌لسه‌فی له‌م بواره‌دا بخوڵقێنێ.
بۆیه من لێره‌دا ئه‌و جورئه‌ته ده‌ده‌مه خۆم که ئه‌و رۆشنبیری‌یه باوه‌ی کوردستانی ئێران به رۆشنبیرییه‌کی سوننه‌تی (واته نوێ نه‌کراوه) ناو ببه‌م. رۆشنبیرییه‌ک که نه‌یتوانی قاوغه کۆنه‌کانی خۆی جێ بێڵێ و ڕه‌وتێکی داهێنه‌رانه و ره‌خنه‌گرانه له خۆیدا پێک بێنێ. ئێمه له‌وێ نه‌ته‌وه‌یه‌ک بووین که به‌شێکی ئامرازه داهێنراوه‌کانی ژیانمان وه‌رگرت، بێ ئه‌وه‌ی به‌شێکی باسی ئه‌و رۆشنبیری‌یه وه‌ربگرین که له پشت ئه‌م ئامرازه داهێنه‌رانه‌وه بوو. کاتێک ئێمه به‌م پێناسه سووننه‌تیه‌وه له لایه‌ن نوێکاریی دنیاوه ئابڵۆقه دراوین، به‌هۆی خێرایی گه‌شه‌ی مێژوو له سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا ئه‌وه‌نده‌ی دیکه ده‌رفه‌ته‌کانی خێرا پێگه‌یشتنه‌وه‌مان لێ ئه‌ستێندراوه. لێره‌دا ده‌بێ به‌و بیره مارکسیانه بگه‌ین که پێی وایه ڕه‌وتی گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵ و مێژوو له سیسته‌می سه‌رمایه‌داری دا ئه‌وه‌نده خێرا و به‌په‌له‌تره که هه‌ڵسه‌نگاندنی له‌گه‌ڵ چاخه‌کانی پێشوودا ئه‌سته‌مه. واته سه‌رده‌مێک که خێرا خێرا میتوده فه‌لسه‌فیه نوێیه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای “نه‌فی” دێنه گۆڕێ و شته‌کان تا دێ “تخصصی”تر ده‌بنه‌وه.
رۆشنبیری وته‌زایه‌که که به‌رده‌وام و زۆرتر له پانتایی نوخبه‌دا کار ده‌کا. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ وردتر بین و که‌مته‌رخه‌می نه‌که‌ین له ماندوو بوونی هه‌موو مرۆڤایه‌تی بۆ پێک هێنانی بنه‌ما ماددی و مه‌عنه‌وییه‌کانی رۆشنبیریی، ئه‌وا باشتر وایه بڵێین که پرۆژه‌ی رۆشنبیریی له دوا پرۆسه‌ی خۆیدا له نوخبه‌کانه‌وه خۆی ده‌رده‌خا.
نوخبه‌ی کوردی که به‌پێی بۆچوونه‌کانی مه‌ریوان قانیع له قه‌واره‌ی حیزبی نوێ‌دا و بۆ به‌جێ هێشتنی فۆڕمی عه‌شیره‌یی بزووتنه‌وه‌ی میللی هاته گۆڕێ، به تووشی زه‌مینه‌یه‌کی رۆشنبیری ئاواوه هات که پێشتر ئاماژه‌مان پێ‌کرد. واته له‌سه‌ر بنه‌مای رۆشنبیرییه‌کی سووننه‌تی و له ژێر کاریگه‌ریی دیارده ده‌ره‌کییه‌کان فۆرمێکی نوێ هاته گۆڕێ که له راستیدا ئه‌م دیارده‌یه له وڵاتانی دایکی خۆی خاوه‌ن که‌لتوورێکی رۆشنبیریی پێویست بوو. ئه‌مه لایه‌نێکی مه‌سه‌له‌که‌یه. واته ئه‌گه‌ر بنه‌ما بابه‌تیه‌کانی پێکهاتنی رۆشنبیرییه‌کی نوێ له کوردستاندا لاواز بوو و حیزبی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌ما لاوازه راوه‌ستاوه، ئه‌وا خودی پێکهاته‌ی حیزبیش نه‌یتوانی به‌گوێره‌ی پێویست ئیمکاناتی خۆی بۆ رێکخستنی بزووتنه‌وه یا خود پێکهاته‌یه‌کی رۆشنبیریی سه‌رده‌میانه رێک بخا. هه‌ڵبه‌ت وه‌ڵامێکی ئاماده بۆ ئه‌م که‌م و کووڕییه هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که خه‌باتی سه‌خت و روبه‌روو و خوێناوی و هه‌ل و مه‌رجی دژواری کاری عه‌مه‌لی ئیزنی نه‌داوه. به‌ڵام دیسان ئه‌مه‌ش ئه‌م که‌م و کووڕییه پاساو ناداته‌وه. ڕاسته پێکهاتنی بزووتنه‌وه‌یه‌کی رۆشنبیری دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه و ده‌بێ له خودی کۆمه‌ڵه‌وه سه‌ر هه‌ڵبداو قه‌ت حیزبی سیاسی ناتوانێ پێکی بێنێ، به‌ڵام به حوکمی ئه‌وه‌ی دیارده‌کان لای ئێمه له ژێر زه‌بری ده‌ره‌کیدا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و ده‌سه‌ڵات ده‌توانێ رۆڵی سه‌ره‌کیی تێدا بگێڕێ، به حوکمی ئه‌وه‌ی حیزبه‌کان ئاگایان له جیهانی ده‌ره‌وه‌یه، ده‌کرا ئیمکاناتی تایبه‌تی خۆیان بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ته‌رخان کردبا و به داڕشتنی پڕۆژه‌یه‌کی درێژخایه‌ن لانی که‌م له جیهانی ده‌ره‌وه شتێکیان کردبا. دیاره بزووتنه‌وه‌یه‌کی وا ده‌بێ به بزووتنه‌وه‌یه‌کی سه‌ر به حیزب و کاراکتێره‌کانی حیزبی وه‌رده‌گرێ، به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه که ئه‌م رۆشنبیری‌یه حیزبییه‌ش پێک نه‌هات. واته رۆشنبیرییه‌کی حیزبی وا پێک نه‌هات که بتوانێ بیرمه‌ند پێشکه‌ش بکاو زانیارییه‌کانیان چوارچێوه‌ی حیزب و وڵات ببڕێ.
ئاشکرایه ئه‌م داواکارییه له حیزبی سیاسی زۆره. چونکه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر پێناسه نوێیه‌که‌ی ڕۆشنبیریی که ته‌ئکید ده‌کا له‌سه‌ر کاری داهێنه‌رانه و ره‌خنه‌گرانه‌ی به‌رده‌وام، ئه‌وا سیسته‌می حیزبی ناتوانێ به‌ته‌واوی له‌م پێناسه‌یه‌دا جێ بگرێ. چونکه حیزب هه‌میشه ئاراسته‌ی ره‌خنه‌کانی له کۆمه‌ڵگای ئێمه دا روو به ده‌ره‌وه‌یه، واته پێکهاته‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی نه‌قد ده‌کا و نه‌قدی خۆی بۆ ناو خۆی به‌جێ هێشتووه. به‌م شێوه‌یه حیزبی سیاسی به چێ‌کردنی دیوارێکی بڤه له ژیر ناوی هه‌ل و مه‌رجی سه‌ختی خه‌بات و خراپ که‌ڵک وه‌رگرتنی دوژمنان، به‌ر به ره‌وتی ره‌خنه ده‌گرێ و پێکهاته‌ی خۆی مو‌قه‌ده‌س ده‌کا. با وای دابنێین که حیزب مافی خۆیه‌تی، به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه که ئه‌و جۆره حیزبانه ئه‌و ره‌وتانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆشی سه‌رکوت و به‌ربه‌ست ده‌کا که ده‌یه‌وێ ره‌چاوی ره‌خنه بکا. هه‌میشه ئاراسته‌ی ره‌خنه‌یه‌کی ده‌ره‌کی به‌ره‌و شه‌ڕی خوێناوی و کوشتن په‌لکێش کراوه. مێژووی نوێی کوردستان له‌م بواره‌دا خاوه‌نی ده‌یان نموونه‌یه.
لێره‌دا لێکچوونێک هه‌یه له نێوان ره‌خنه‌ی ده‌ره‌کی و ره‌خنه‌ی نێوخۆیی حیزبیشدا. واته ره‌خنه‌ی ده‌ره‌کیی حیزب ئه‌وه‌نده ئاراسته‌ی پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵ نیه تا بتوانێ به جۆرێک بنه‌ماکانی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه بۆ نێو خۆی راگوێزێ. ره‌خنه‌ی ده‌ره‌کی هه‌میشه و تا ئاستێکی زۆر ئاراسته‌ی دوژمن ده‌کرێ و خاڵی ده‌سپێک و کۆتایی هه‌ر له دوژمن‌دا یه‌کانگیر ده‌بێته‌وه. هه‌ر بۆیه ده‌بینین به‌رده‌وام خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ری حیزبی ته‌قدیس ده‌کرێ و وه‌ک پێکهاته‌یه‌کی له‌بار و یۆتۆپی سه‌یر ده‌کرێ. له کاتێکدا پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵ خۆی مکانیزمێکی له‌باری سه‌رهه‌ڵدان و سه‌قامگیربوونی و درێژه‌پێدانی دیکتاتۆرییه. ئه‌مه‌ش بیری ئه‌و بۆچوونه‌ی فۆکۆمان ده‌خاته‌وه که بنه‌مای ده‌سه‌ڵات ته‌نیا له چینی ده‌سه‌ڵاتدار دا نابینێته‌وه و له پانتایی کۆمه‌ڵ دا ئیش ده‌کا. وه‌همی پشتیوانی به‌رده‌وامی خه‌ڵک له شۆڕش چاوی واقع بینانه‌ی حیزب ده‌به‌ستێ له ئاست بینینی دیارده‌کاندا. یان لانی که‌م فێری ده‌کا که خۆی لێ نه‌بان بکا. پشتیوانی خه‌ڵک به‌رده‌وام ده‌توانێ گیانێکی دیکتاتۆریانه‌ی پێ ببه‌خشێ. چونکه خه‌ڵک قه‌ناعه‌تیان هێناوه که ئه‌وه‌ی بن حیزب ده‌یڵێ، که واته ئیتر موناقشه و دیالۆگ له‌گۆڕێ دا نامێنێ. ئیتر له‌مه‌به‌دوا قسه له‌سه‌ر جێبه‌جێ کردنی بریاره‌کانه. له بارودۆخێکی وادا رۆشنبیری ده‌بێ به رۆشنبیرییه‌کی رووتی پراگماتیکی. چونکه قسه له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنه نه‌ک دیاریکردن. وه‌همی پشتیوانی به‌رده‌وامی خه‌ڵک له شۆڕش خه‌ونێکه که به‌رده‌وام حیزب له پاڵیا ده‌وه‌ستێ، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌همی شۆڕشی به‌رده‌وام لای خۆی به زیندوویی رابگرێ. به‌ڵام له راستیدا شۆڕش له باشترین حاڵه‌تدا به‌شێکی خه‌ڵکی له‌گه‌ڵه. ئه‌مه چ بۆ کاتی شۆڕش و چ بۆ کاتی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه. که واته ئه‌و جۆره زمانه ته‌بلیغییه‌ی که به ناوی هه‌موو خه‌ڵکه‌وه قسه‌ده‌کا له راستیدا راستییه دژبه‌یه‌که‌کان نابینێ و هه‌ر بۆیه به‌رده‌وام له وه‌همدا ده‌مێنێته‌وه‌و ئه‌و وه‌همه‌ش بۆ ناو کۆمه‌ڵگا راده‌گوێزێ و هه‌وڵ ده‌دا سه‌قامگیری بکا. لێره‌دا خودی کۆمه‌ڵگه‌ش به‌ره‌وه تاک ڕه‌هه‌ندییه‌ک پاڵ پێوه ده‌نرێ که دیالۆگ تێیدا ون ده‌بێ و حه‌قیقه‌ته مه‌زهه‌بییه‌کان تێیدا زاڵ ده‌بن. به‌م شێوه‌یه گیانی مه‌زهه‌بی دۆنادۆن ده‌کا و به‌رده‌وام کاره‌ساته‌کان ده‌خوڵقێننه‌وه. یه‌کێک له‌و شتانه‌ی که وه‌همی پشتیوانیی هه‌موو خه‌ڵک راده‌گرێ، پێناسه‌ی خوێن و شه‌هیده. پێناسه‌ی خوێن و شه‌هید لای حیزب ده‌بێ به وه‌همێک بۆ به یاسایی کردنی خه‌ونه تۆتالیتارییه‌کان. حیزب به‌رده‌وام به که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م دوو دیارده فشارێکی ده‌روونی بۆ خه‌ڵک دروست ده‌کا، له پێناوی داگیر کردنی سایکۆلۆژیه‌کاندا. خوێن و شه‌هید، هه‌م خه‌ڵک و هه‌م حیزبی پێ ته‌قدیس ده‌کرێ و هه‌م به‌م شێوه‌یه ده‌یانکا به خواوه‌ندێکی ره‌ها که ناکرێ و نابێ ده‌ستی ره‌خنه‌یان بگاتێ. کاتێک حورمه‌تی خوێن و شه‌هید وای لێ بێت که له‌مپه‌رێک له‌به‌ر ره‌خنه‌دا دروست بکا، ئیتر سۆز و عاتیفه ده‌بێ به لایه‌نی زاڵی بزووتنه‌وه‌کان و ئه‌مه‌ش به‌ر به‌و عه‌قڵه هاوچه‌رخه ده‌گرێ که به‌ڵێنه و ده‌بێت لایه‌نی زاڵی هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌ک بێت. خوێن و شه‌هید کاتێک ده‌بێ به به‌ربه‌ستێک له‌به‌رامبه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی پرسیاره‌کاندا، کاتێک خوێن و شه‌هید پرسیاری پێ سه‌رکوت ده‌کرێ، ئیتر ئه‌و حاڵه‌ته ده‌روونناسییه‌ی پێ سه‌رکوت ده‌کرێ که هه‌ر شۆڕشگێڕێک له ره‌وتی شۆڕشدا خۆ به خۆ به هۆی دژوارییه‌کانی رێگا بۆی دێته گۆڕێ. له‌م حاڵه‌ته‌دا قورسایی خوێنی شه‌هید ده‌بێ به بایه‌خی سه‌ره‌کی و ئه‌و گوتاره‌شی که شه‌هید و خوێنی له پێناودا دراوه ده‌بێ به گوتاری نه‌گۆڕ و هه‌تاهه‌تایی و ئیتر ساته‌وه‌ختێکی نه‌گۆڕ له مێژوو بۆ هه‌میشه خۆی به‌سه‌ر ئێستا و داهاتوودا فه‌ڕز ده‌کا و به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه ده‌درێ که ئه‌و ڕابردووه وه‌ک خۆی بۆ داهاتوو به کێش بکرێ. ئه‌مه هه‌ر ئه‌و پیناسه‌یه‌یه که بۆ ساڵانێکی دوور‌و درێژ ئه‌و ئیزنه به خاوه‌ن شه‌هیده‌کان ده‌دا که سه‌ره‌ڕای هه‌ڵه مێژووییه‌کانی حیزب و بۆ ماویه‌کی نادیار هه‌ر به‌و حیزبه‌وه خۆیان بناسێنن. ئه‌مه له کاتێک دایه که بایه‌خی خوێن و شه‌هید به‌و ئامانجانه‌وه پێناسه ده‌کرێ که ئه‌و خوێن و شه‌هیده‌ی بۆ دراوه، نه‌ک ئه‌وه‌ی بایه‌خی ئه‌و ئامانجانه به خوێن شه‌هیده‌وه بێت. واته لێره‌دا هاوکێشه‌که ئاوه‌ژوو ده‌کرێ. هه‌ر بۆیه ده‌بینین زۆر جار ئامانجه‌کان پێشێل ده‌کرێن و خوێن و شه‌هید به‌ڵگه‌و پشتیوانێکی به‌هێزیشه بۆ ئه‌م پێشێلکارییه. لێره‌دا بۆیه ئاوڕمان له نوخبه‌ی کوردی و حیزب دایه‌وه چونکه هه‌ر وه‌ک پێشتر ئاماژه‌مان پێ‌کرد رۆشنبیری له پنتی نوخبه‌دا خۆی ده‌رده‌خا و خۆی وه‌ک سیسته‌م رێک ده‌خا. نوخبه‌ش له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی تا ئاستێکی به‌رچاو رووی له پێکهاته‌ی حیزب کردووه. هه‌ر بۆیه جۆری ئیش کردنی نوخبه له حیزب‌دا و ده‌سکه‌وته رۆشنبیرییه‌کانی ده‌بێ جێگای سه‌رنج بێت.
له درێژه‌ی باسه‌که‌مان دا ده‌بێ بڵێین که حیزب وه‌ک دیارده‌یه‌کی مودێرن له ناو رۆشنبیریی سووننه‌تی کۆمه‌ڵگادا خۆی ده‌رخست. لێره‌دا هاودژێک له نێوان حیزب و کۆمه‌ڵگادا دروست ده‌بێت، واته ئه‌گه‌ر چی حیزب له دژی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی باو دروست ده‌بێ، به‌ڵام هه‌ر له‌و کاته‌دا ده‌که‌وێته‌وه ململانێ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی که دژایه‌تی ده‌که‌ن. لێره‌دا جۆری تێڕوانینی حیزبه‌کان به‌گوێره‌ی ئامانج و نێوه‌رۆکی کۆمه‌ڵایه‌تیان جیاوازه. هه‌ندێک هه‌ن هه‌موو شتێک له پێناوی ململانێ سیاسیه‌که‌دا ده‌که‌ن و هه‌ر بۆیه تا ئاستێکی زۆر هاودژی خۆیان له‌گه‌ڵ پێکهاته سووننه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌بیر ده‌که‌ن و له‌گه‌ڵیا ده‌سازێن. ئه‌مانه ده‌بن به حیزبی گه‌وره. نوخبه‌ی شۆڕشگێر له‌م حیزبانه‌دا هه‌موو کاریان بریتیه له‌وه‌ی له دژی ده‌سه‌ڵاتی به‌رامبه‌ر بن، یان سازکه‌ر و پارێزه‌ری ده‌سه‌ڵاتی خودی بن. ئه‌م رۆشنبیرانه له مانای رووتی ده‌سه‌ڵات گه‌لێک نزیکن، هه‌ر بۆیه گه‌لێک زه‌حمه‌ته که له‌م توێژه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بکرێ نه‌ریتێکی ره‌خنه‌یی له کۆمه‌ڵدا دابمه‌زرێنێ. ئه‌م جۆره ڕۆشنبیره خۆی خۆی سانسۆڕ ده‌کا، دیواره‌کان لای ئه‌و به تۆخی ماون، لای ئه‌و ده‌کرێ نه‌ریته ئینسانیه‌کان پێشێل بکرێن به مه‌رجێک قازانجێکی نه‌ک ستراتێژی به‌ڵکوو تاکتیکیشی تێدا بێت. هه‌میشه به که‌م رازییه و به‌رده‌وام به هێزێکی پراگماتیستییه‌وه خۆی پێناسه ده‌کا، له ته‌نیایی ده‌ترسێ چونکه مه‌عریفه‌ی لاوازه، هه‌موو جۆره باسێکی قووڵ و ره‌خنه‌یی به ئیشی ده‌ست به‌تاڵی ده‌زانێ، بۆ لێکدانه‌وه فیکره‌کان بیر له‌وه ده‌کاته‌وه که داخۆ له شوێنێکی گه‌رمه‌وه هه‌ڵقوڵاون یاخود له شوێنێکی سارده‌وه! کاتێکیش له دیالۆگدا به کۆتایی ده‌گا له ناو و ناتۆره‌و تیر‌و توانج و قسه سووکه‌کانه‌و هه‌ڵده‌داته‌وه.
هه‌ندێک حیزبی دیکه هه‌ن که هه‌موو شتێک له پێناوی ململانێ سیاسییه‌که‌دا ناکه‌ن، هاودژی خۆیان له‌گه‌ڵ پێکهاته سوننه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌بیر ناکه‌ن. ئه‌مانه به مانای باو نابن به حیزبی گه‌وره، به‌ڵام نوخبه‌ی رۆشنبیرییه‌که‌شی به‌هۆی ئه‌و سیسته‌مه دیکتاتۆرییه‌ی که له کۆمه‌ڵگادا هه‌یه ناتوانێ له ناو مه‌یدانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی پێویستدا کار بکا. ئه‌وه‌ی که بینراوه ئه‌وه‌یه که ئه‌م نوخبه‌یه نه‌ریتێکی ره‌خنه‌یی (جارێکه مه‌به‌ستمان جۆری ئاسته‌که‌ی نیه) دامه‌زراندوه، به‌ڵام له چوارچێوه‌ی حیزبی دا ماوه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌رچی خه‌ونی نوخبه‌ی کوردی له‌مه‌ڕ ره‌خنه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به حیزبه‌وه گرێ درا، به‌ڵام ره‌وتی مێژوو نیشانی دا که حیزب ئه‌و شوێنه نه‌بوو که نه‌ریتێکی ره‌خنه‌یی پێویستی لێ بکه‌وێته‌وه، ئه‌مه‌ش ئاساییه، چونکه له‌بنه‌ڕه‌تدا ره‌خنه له پانتایی کۆمه‌ڵدا و له پڕۆسه‌ی زه‌رووره‌تی گۆڕانی کۆمه‌ڵ له بواره جۆربه‌جۆره‌کاندا سه‌ر هه‌ڵده‌دات. حیزب یه‌کێک له‌و پنتانه‌یه که ده‌چێته نێو ره‌وتی ره‌خنه‌وه به‌ڵام پانتایی ره‌خنه داگیر ناکات. که‌واته پێ ناچێت ئیتر خه‌ونی نوخبه‌ی کوردی بێته دی و ده‌بێ نوخبه‌ی کوردی بۆ دامه‌زراندن و به‌ره‌وپێشبردنی ره‌خنه واوه‌تر له سنووره‌کانی حیزب کار بکا و پێکهاته‌ی حیزبیش بخاته نێو چوارچێوه‌ی پڕۆژه ره‌خنه‌ییه‌کانی خۆیه‌وه.
نوخبه‌ی کوردیی یه‌کانگیر له حیزب‌دا، به دوور که‌وتنه‌وه له فکر، هه‌موو ئه‌و به‌هره‌و تواناییانه‌ی کوشت که ده‌یانویست له ڕێگای حیزبه‌وه جیهان بگۆڕن. گرنگی نه‌دان به کاری فکری، خۆبه‌خۆ حیزبی به‌ره‌و پراگماتیزمی تۆخ ده‌برد که هه‌ندێک جار ره‌وتی رووداوه‌کان بێ ئه‌وه‌ی بۆ خۆی له دیاری کردنیاندا ده‌ستی هه‌بێ، به‌ره‌و ئاسۆ نوێیه‌کان په‌ل کێشیان ده‌کرد. هه‌روه‌ها نه‌بوونی رۆشنبیری نوێ، نوخبه‌ی رۆشنبیریی نێو حیزبیشی به‌ره‌و پاشه‌کشه بردووه و به‌رده‌وام شوێنی پێ له‌ق کردووه. کارکردنی به‌رده‌وام له نێو پانتایی رۆشنبیری سووننه‌تیدا نوخبه‌ی رۆشنبیریی نێو پێکهاته‌ی حیزبی له زاوزێ خستووه و متمانه به‌خۆبوونی لێستاندۆته‌وه، به‌جۆرێک که مه‌جبووره له‌و روئیایانه‌دا ئیش بکا که بووه به گۆشت و خوێنی نوخبه‌ی ناڕۆشنبیر. لێره‌دایه که نوخبه‌ی نارۆشنبیریی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌توانێ جۆری هه‌ڵسووڕانی ئه‌و نوخبه‌یه دیاری بکا و به‌رده‌وام ترسیشی لێ نه‌بێت. له پێکهاته‌یه‌یکی وادا ته‌نانه‌ت دژایه‌تی له‌مێژینه‌ی کاری ده‌ست و کاری فیکری، به‌رده‌وام به قازانجی کاری ده‌ست ده‌شکێته‌وه و وشه له نزمترین ئاستی خۆیدا ده‌بێت. له زه‌مینه‌یه‌کی وا دا ئه‌وانه‌ی دێن ده‌یانه‌وێ کتو مت درێژه‌ده‌ری ئه‌وانه‌ی پێشوو بن. قه‌ت له پرۆسه‌ی ژیانی پێکهاته‌یه‌کی وا دا گرێی رۆشنبیری نابیندرێ. پێکهاته‌یه‌کی وا ته‌سلیمی دۆخه سووننه‌تیه‌که ده‌بێته‌وه و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پشت له ئامانجه‌کانی خۆی ده‌کا. ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تاوه دۆخی سووننه‌تی له کۆمه‌ڵگاوه بۆ حیزب ڕاده‌گوێزرێ ئه‌وا دواتر پێکهاته‌ی حیزبی له‌م چه‌شنه خۆی ده‌بێته بنه‌مایه‌کی پۆڵایینی دیارده سووننه‌تیه‌کان. لێره‌دا سه‌رخان سه‌نگه‌رێکی وشیاری دیکه بۆ راگرتنی بنه‌ما دزێوه‌کانی خۆی ده‌دۆزێته‌وه.
ئه‌گه‌ر سه‌یری جۆری تێڕوانینی حیزب یان رۆشنبیریی حیزب بۆ هه‌موو قۆناغه‌کانی پێشوو و موناسه‌به‌ته شانازیداره‌کانیان بکه‌ین، ئه‌م حاڵه‌ته به جوانی ده‌بیندرێ. هه‌موو مه‌راسیمه‌کان و هه‌موو نووسینه‌کان بریتین له پێداهه‌ڵگوتن و رازی بوونێکی له‌خۆباییانه له مێژوو و جۆری چالاکییه‌کان. لێره‌دا که‌م و کوڕیه‌کان پاشه‌کشه ده‌که‌ن بۆ ناو کۆبوونه‌وه‌ی حیزبی، یان ته‌نیا له رسته‌یه‌کی سه‌رزاره‌کیدا ده‌گوترێن بێ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی که‌س رابکێشن. کاتێک ئاوردانه‌وه بۆ مێژوو له گۆشه‌نیگای پێداهه‌ڵگوتنه‌وه بێت، هه‌موو پرسیاره‌کان ده‌مرن و مرۆڤ ته‌نیا ده‌کرێ چه‌پڵه‌لێده‌رێکی هه‌ڵچوو بێت که له خه‌ونی خۆ به‌زلزانیندا نوقم بووبێت و جگه له به ئه‌نجام گه‌یشتنی یه‌کجاره‌کی هیچی دیکه نه‌ماوه نه‌یکا. لێره‌دا ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌ش هه‌بێت، ته‌نیا بریتییه له ره‌خنه‌یه‌ک که ئاراسته‌ی پانتاییه‌کانی دیکه ده‌کرێ جگه له خۆت. گۆیا خۆت په‌یامبه‌ری به‌لێندراوی که بێ هیچ شک و گومانێک هه‌ڵگری خه‌ونێکی دیکه‌ی راسته‌قینه‌ی … ئه‌وه‌ی وا نه‌وه‌کانی پێشوو به‌ڵێنیان دا، به‌ڵام له ئاستیدا نه‌بوون! له بارودۆخێکی وه‌هادا ته‌نانه‌ت له نامیلکه نێوخۆییه‌کانیشدا ره‌خنه‌ی جددی نابیندرێ. هه‌موو شتێک له‌سه‌ر بنه‌مای متمانه به‌خۆبوونێکی رووخێنه‌رانه راوه‌ستاوه که مرۆڤ نه‌ک به‌ره‌و پێش نابات، به‌ڵکوو به‌ره‌و دواوه‌ش ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه بۆ حیزبی سیاسی له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا زۆر ئاسایی ده‌نوێنێ. چونکه شته‌کان له‌سه‌ر قه‌ناعه‌ت به‌ره‌و پێش ناچن، به‌ڵکو له هاوکێشه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاتدا یه‌کاڵا ده‌بنه‌وه. به‌ڵام مه‌ترسییه‌که له‌وه‌دایه که ئه‌م جۆره تێڕوانینه بۆ پانتایی کۆمه‌ڵگاش ده‌گوێزرێته‌وه. کۆمه‌ڵگایه‌ک که له ژێر دیکتاتۆری‌دا ده‌ناڵێنێ و له ململانێیه بێ‌به‌زه‌ییه‌کاندا ده‌رفه‌ته ئاساییه‌کانی لێ ده‌مرێنن. مه‌ترسیه‌که له‌و کاته‌دایه که ئه‌م دیارده‌یه گه‌راکانی بۆچوونی دی له به‌رداشی خۆیدا ده‌هاڕێ و ئه‌وه‌نده‌ی دیکه له‌و وێستاگایانه‌دا ده‌مێنێته‌وه که تا دێ شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئه‌وڕۆ لێیان دوور ده‌که‌وێته‌وه.
مێژووی سه‌خت و دژوار، رێبواری له‌خۆبایی ده‌وێ. رێبوارێکی له‌خۆبایی و ره‌ق که جۆرێک نهیلیزم له خوێنی‌دا ده‌گه‌ڕێ. شان به شانی هه‌موو هه‌ڵوێسته توندوتیژه‌کانی جۆرێک له نه‌رم و نیانی و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی تێدایه که مرۆڤ سه‌رسام ده‌کا. هه‌ر بۆیه مێژوویه‌کی وا زۆر ئاسان له هه‌ڵه و گوناهه گه‌وره‌کانیش ده‌بوورێ. ئه‌و، ئه‌م حاڵه‌ته به دیارده‌یه‌کی مرۆڤانه ناو ده‌با، به‌ڵام چه‌نده خه‌باتی توند‌و تیژ له حاڵه‌تی ئینسانی نزیکه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌م دیارده‌یه لێی نزیکه! بووردن له گوناهه گه‌وره‌کان، ره‌گی له هه‌ر دوو حاڵه‌تی له‌خۆبایی بوون و نهیلیزمدا هه‌یه. له‌خۆبایی، دڵنیایه له سه‌رکه‌وتن و نهیلیست به لایه‌وه فه‌رق ناکا چ سه‌ر‌که‌وێ چ ژێر‌که‌وێ! که‌واته ده‌کرێ له پاڵ رێبوارێکی وادا دۆڕاوه‌کانیش جێگایان بێته‌وه.
ئه‌م حاڵه‌ته ده‌روونناسیانه ئه‌وه‌نده چڕن له مێژووی ئێمه‌دا که زۆر به ئاسانی ده‌ناسرێنه‌وه. کاتێک ئه‌و مێژووه زۆر به ئاسانی پشت ده‌کاته هاوڕێی دوێنێ و له دژی به چه‌ک نه‌بێ ناجه‌نگێ، کاتێک دژی دوێکه زۆر به ئاسانی ده‌بێته دۆستی گیانی به گیانی ئه‌وڕۆ، کاتێک حاڵه‌تێکی مامناوه‌ندی له گۆڕێ‌دا نیه و دیالۆگ بزر ده‌بێ، له راستیدا له به‌رامبه‌ر مرۆڤێکی له‌خۆبایی و هه‌ر هه‌ر له‌و کاته‌دا نهیلیست راوه‌ستاوین، که پێوه‌ری بریتیه له “تۆ یا من!”
رۆشنبیریی ئێمه له‌م که‌ش و هه‌وا ده‌رونناسیانه‌دا مه‌له ده‌کا. به‌و جیاوازییه‌وه که ئه‌و ته‌نیا پراکتیزه‌که‌رێکی ئه‌م راستییه نیه، به‌ڵکوو راڤه ده‌کا و ده‌یانخاته قالبی وشه و رسته‌ی تیوریزه‌کراوه‌وه.
ده‌روونناسییه‌کی وا فۆتۆکۆپیی سایکۆلۆژیه‌تی کۆمه‌ڵگای دیکتاتۆرییه. له راستیدا دیکتاتۆریش هه‌ر وایه. ره‌قه و له‌خۆبایی و هه‌ر له‌وکاته‌دا نهیلیست. به‌و جیاوازییه‌وه که رێبواری دژی دیکتاتۆر، فشاری ئیددیعاکانی خۆشی دێته‌وه سه‌ر. ده‌ربازبوون له حاڵه‌تێکی وا قه‌ت ناکرێ مه‌گه‌ر ئه‌وه که ره‌خنه‌و پرسیار و خوێندنه‌وه‌ی دووباره و چه‌ند باره‌ی رابردوو بێنه گۆڕێ. ئه‌مه‌ش ئه‌و حاڵه‌ته‌یه که رۆشنبیر له وشیارییه‌کی خوددا له پڕۆسه‌یه‌کی سه‌رخانیدا به ئاماده‌بوونی دیارده نوێیه‌کان پێی ده‌گات. لێره‌دا ئه‌نجامی پرۆسه‌که په‌یوه‌سته به خودوشیاریی. کاتێک مێژوو و دیارده‌کان له پڕۆسه‌یه‌کی پرسیار و ره‌خنه و خوێندنه‌وه‌دا بکه‌ونه به‌رده‌م کۆمه‌ڵگا، له تاک ڕه‌هه‌ندیی دیکتاتۆریانه‌ی به‌ڵێنده‌رانی ئازادی رزگارمان ده‌بێ و داهاتوو بۆ ماوه‌یه‌کی نادیار ناچێته ژێر رکێڤی دیکتاتۆرێکی ئازادی په‌رستی! دیکه‌وه.
دیاره سه‌ره‌کیترین هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی رۆشنبیریی له کوردستانی ئێران بۆ بارودۆخی بابه‌تی و مێژوویی ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام ئه‌مه هه‌موو ره‌هه‌نده‌کان له‌خۆ ناگرێ و ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌کی ره‌ها ته‌سلیمی ئه‌م بۆچوونه ببینه‌وه، بۆچوونێکی دترمینیستی‌مان به‌سه‌ر خۆماندا سه‌پاندووه. بۆچوونێک که چاوه‌ڕوانه بارودۆخ پێبگا و ئه‌وسا ئیشی خۆی بکا. ئه‌م روانگه‌یه هێزی کارتێکه‌ری مرۆڤ له‌بیر ده‌باته‌وه‌و ره‌وتی کۆمه‌ڵ وه‌ک دیارده‌یه‌ک سه‌یر ده‌کا که مرۆڤ به‌رئه‌نجامی ئه‌و ره‌وته‌یه، نه‌ک ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ به‌رئه‌نجامی کار‌و ماندوو بوونی مرۆڤ بێت. مارکس ده‌ڵێ مرۆڤه‌کان خۆیان ژیانی خۆیان دیاری ده‌که‌ن به‌ڵام نه‌ک له هه‌لومه‌رجێکی خوازراودا، به‌ڵکو له هه‌لومه‌رجێکدا که له نه‌وه‌کانی پێشووه‌وه بۆیان ده‌مێنێته‌وه. رۆشنبیریی کوردستانی ئێران ده‌کرێ به ناسینی رۆشنبیریی جیهانی و ئه‌رکی خۆی وه‌ک پێکهاتیه‌کی تایبه‌ت له ناو هه‌موو پێکهاته‌کانی دیکه‌دا، به رۆڵی خۆی هه‌ستێ. نابێ نوخبه‌ی سیاسی به رۆشنبیریی سیاسی خۆیه‌وه هه‌موو پانتاییه‌کانی جیهانی رۆشنبیری داگیر بکه‌ن. ته‌نانه‌ت نابێ ئه‌وان خاوه‌نی یه‌که‌م قسه و دوا قسه بن. ده‌بێ ئه‌وان به‌رده‌وام هه‌ست به دیالۆگ و تێڕوانینه سه‌ربه‌خۆییه‌کانی دیکه بکه‌ن و تێبگه‌ن که رۆئیای ئه‌ون خاوێنترین رۆئیا نیه. ته‌نانه‌ت رۆئیای سیاسی ئه‌وان کاتێک ده‌توانێ نێوه‌رۆکی ئاسایی خۆی وه‌ربگرێ که کۆمه‌ڵگا له دیالۆگێکی به‌رده‌وامدا لایه‌نه زبره‌کانی داتاشیبێ و ڕێک و ره‌وانی کردبێت. قسه کردن له رۆئیایه‌کی سیاسی گونجاو و خاوێن نامومکینه ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگا خۆی له پانتایی ئه‌و رۆئیایانه‌دا کاری نه‌کردبێت. له هه‌لومه‌رجی دیکتاتۆری‌دا به‌هۆی نه‌بوونی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌وه کۆمه‌ڵگا ناتوانێ ئه‌م کاره به‌ڕیوه ببا، به‌ڵام نوخبه‌ی رۆشنبیری ده‌توانێ. بارودۆخی ئێستای ئێران ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به جوانی نیشان ده‌دات. ده‌رکردنی ئه‌و هه‌موو گۆڤار‌و رۆژنامه سه‌ربه‌خۆیه ئیمکانی ره‌وتێکی وا ده‌رده‌خه‌ن.
“لۆک فێری” ده‌ڵێ یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی مۆدێرنیزاسیۆن ئه‌وه‌یه که بتوانێ به مه‌به‌ستی ره‌خنه‌گرتن، له خۆمان دوور بکه‌وینه‌وه. ئه‌و پێی وایه که ئه‌مه تایبه‌ت به مرۆڤه، نه‌ک ئه‌وه‌ی تایبه‌ت به که‌لتورێکی تایبه‌ت بێت. له‌م بۆچوونه‌دا به حوکمی ئه‌وه‌ی تایبه‌ت به مرۆڤه، هه‌موو مرۆڤه‌کانی سه‌رزه‌وی ده‌گرێته‌وه. ئه‌م وته‌یه سنووری که‌لتوره‌کان ده‌بڕێ. به‌ڵام هه‌ر له‌و کاته دا هورکهایمر ده‌ڵێ چه‌مکی عه‌قڵ هه‌ر له سه‌ره‌تای گوتاری مۆدیرنیته‌وه هاوکات بوو له‌گه‌ڵ چه‌مکی ره‌خنه‌دا.
له قسه‌کانی “لوک فێری” فیری ئه‌وه ده‌بین که هه‌موو ئه‌و که‌لتورانه‌ی که ده‌چنه نێو پرۆژه‌ی مۆدێرنیزاسیۆنه‌وه ده‌چنه نێو پانتایی ره‌خنه‌گرتنیشه‌وه. گوته‌که‌ی هورکهامریش هه‌ر به‌ره‌و ئه‌و مه‌به‌سته ده‌مانباته‌وه. لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێ که چه‌مکی ره‌خنه له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی مۆدێرنیزاسیۆن دێته گۆڕێ. هه‌روه‌ها بابه‌ک ئه‌حمه‌دی له کتێبی دیالکتیکی رۆشنگه‌ری دا ده‌ڵێ: “بناغه‌ی تیوری کۆمه‌ڵایه‌تی مۆدێرن، ره‌خنه‌یه“.
ئه‌وه‌ی که داخوا کۆمه‌ڵگای مۆدێرن سه‌ره‌تا له کاراکتێره ئابووری و سیاسیه‌کانیه‌وه سه‌ر هه‌لده‌دا، یان له کاراکتێره ره‌خنه‌ییه‌کانه‌وه، ره‌نگه بۆ ئه‌مڕۆی کۆمه‌ڵگای کورد به هیچ ده‌رئه‌نجامێکی یه‌کجاره‌کیمان نه‌گه‌یه‌نێ، به‌ڵام ئه‌وه ئاشکرایه که به گوێره‌ی توانا و ئیمکان له هه‌ر کوێوه که ده‌ست ده‌دا، ده‌ست پێ بکه‌ین له مه‌به‌ست نزیکتر بووینه‌ته‌وه. به‌تایبه‌ت که کۆمه‌ڵگای کوردیش به نه‌وعێک خاوه‌ن گوتارێکی چه‌په له رابردوو و له ئێستا دا و ئه‌م گوتاره ده‌توانێ بناغه‌یه‌کی پته‌وی دامه‌زراندنی پرۆژه‌ی ره‌خنه بێت. به‌ڵام به مه‌رجێک که خودی گوتاری چه‌پیش بکه‌وێته به‌ر ره‌خنه‌وه. ره‌نگه ئێمه ئێستا له سه‌ره‌کیترین نه‌ته‌وه‌کانی جیهان بین که تا راده‌یه‌کی نائاسایی پێویستیمان به‌وه‌یه که له پرۆژه‌ی ره‌خنه‌دا کار بکه‌ین. کۆمه‌ڵگایه‌کی ده‌ست لێ‌نه‌دراوین که ده‌بێ خۆمان بیکه‌ینه‌وه. هه‌ر لێره‌وه‌یه که ترسی گه‌وره‌ی ئه‌وانه ئاشکرا ده‌بێت که له‌سه‌ر بنه‌مای که‌لتوورێکی نارخنه‌یی، ده‌سه‌ڵات و ئۆتۆریته‌ی خۆیان بنیات ناوه. ئه‌وانه‌ی وا ده‌یانه‌وێ ره‌خنه‌کان بۆ ناو چوار دیواری خۆیان په‌لکێش بکه‌ن و له ئاستی کۆمه‌ڵگادا نه‌یهێڵنه‌وه. ئه‌وانه‌ی که جۆری ره‌خنه قۆناغ به‌ندی ده‌که‌ن و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه چوارچێوه و سنووری داتاشراوی بۆ داده‌نێن.
له ئێران‌دا کۆماری ئیسلامی نه‌یتوانیوه به‌ر به‌و ره‌خنانه بگرێ که له پانتایی کۆمه‌ڵگاوه ئاراسته‌ی هه‌موو مه‌یدانه‌کان ده‌کرێن. ئه‌مه خۆی له خۆیدا نیشانه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی پێویستیه‌کانی مۆدێرنیزاسیۆن له ئێران دایه. ئه‌م ره‌وته زۆر به باشی له رۆژنامه‌گه‌ریی و چاپی کتێب‌دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه. به جۆرێک که ئێستا خاوه‌ن راکان بۆ یه‌که‌م جا له مێژووی ئێران‌دا باس له سه‌رهه‌ڵدانی رۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد ده‌که‌ن سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که رێژیمێکی دیکتاتۆر له‌سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵاته، ئه‌مه نیشانه‌ی گۆڕانێکی چلۆنایه‌تیه له قایده‌ی هیره‌مدا. هه‌ر ئه‌م ره‌وته رووی کردۆته کوردستانی ئێرانیش. ئه‌گه‌ر له هه‌شتاکانی زایینی‌دا ته‌نیا چه‌ند گۆڤارێک ده‌رده‌چوون، ئێستا چه‌ند هه‌فته‌نامه‌یه‌کیشان پێ زیاد بووه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه تا ئاستێکی که‌م گۆڕانه له فۆرمدا و بێگومان به‌ره‌و گۆڕانێکی چلۆنایه‌تی له رۆشنبیریی کوردستانی ئێران‌دا په‌لکێشمان ناکا. به‌ڵام ئه‌م گۆڕانه چه‌ندایه‌تییه ده‌کرێ گۆڕانی چلۆنایه‌تی لێ ببێته‌وه. ده‌کرێ ره‌وتی مۆدێرنیزاسیۆن رۆشنبیرانی ئێمه له په‌نا و په‌سیوه‌کان بێنێته ده‌رێ و له پرۆژه‌یه‌کی ره‌خنه‌یی به‌رده‌وامدا دایانبنێن. ده‌کرێ ئیتر رۆشنبیر ته‌نیا به‌و پێناسه‌یه‌وه نه‌ناسرێته‌وه که ئه‌رکی نوێنه‌رایه‌تی چین یان توێژ یان نه‌ته‌وه‌یه‌کی له ئه‌ستۆیه. ته‌نیا له ئه‌ستۆ بوونی ئه‌رکێکی وه‌ها رۆشنبیر له جیهانی تایبه‌تی به خۆی دوور ده‌کاته‌وه و نه‌زۆکی ده‌کا. نوێنه‌رایه‌تی کردنی چین، توێژ، نه‌ته‌وه ته‌نیا یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانه، به‌ڵام ناتوانێ هه‌میشه پێناسه‌ی سه‌ره‌کی و پێناسه‌ی ئه‌به‌دی بێت. چونکه رۆشنبیر خۆی خاوه‌ن جووڵه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیشه که وه‌ک خۆی پێناسه‌ی تایبه‌تیشی ده‌داتێ. ئه‌گه‌ر رۆشنبیر خاوه‌ن جووڵه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت، پانتایی سیاسه‌تیش ناتوانێ به ئه‌رکی گونجاوی خۆی هه‌ستێ. سیاسه‌تی پێشکه‌وتوو له کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا ده‌توانێ ئاراسته‌کانی خۆی پراکتیزه بکا. جووڵه‌ی رۆشنبیرانی سه‌ربه‌خۆیش یه‌کێک له پنته‌کانی پێویستی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه. بێگومان دروست کردنی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی شتێک نیه له سه‌ره‌وه‌ڕا بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت، کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌رییه که ره‌نگه پێش له هه‌ر شتێک خۆی له جموجۆڵی رۆشنبیراندا ببینێته‌وه. رۆشنبیر ده‌بێ خۆی له پاشکۆیه‌تی سیاسه‌ت دوور بخاته‌وه و ئه‌ندامێکی چالاک و له پێشه‌وه‌ی زانستی سیاسه‌ت بێت. رۆشنبیریی نوێ و مۆدێرن ده‌بێ هه‌ر ده‌م سنوورشکێن و رچه‌شکێن بێت. نوێ بوونه‌وه‌ی گوتاری رۆشنبیریی له پڕۆسه‌ی به‌رده‌وامی ره‌خنه‌دایه.
ئه‌مڕۆ له ئێران‌دا بێ ئه‌وه‌ی ڕێژیم وه‌لا بنرێ بزووتنه‌وه‌یه‌کی فه‌رهه‌نگی پێک هاتووه. ئه‌مه ره‌دکردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆچوونه سوننه‌تیه‌یه که خاڵی وه‌رچه‌رخان ته‌نیا له پێکهاته‌ی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌بینێ. ده‌کرێ ده‌سه‌ڵات هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بێت و به‌ڵام هه‌ندێک گۆڕان له هه‌ندێک بواردا بێنێته پێشێ. رۆشنبیریی کوردی له کوردستانی ئێران ئه‌گه‌رچی هه‌لومه‌رجی له‌گه‌ڵ رۆشنبیرانی به‌شه‌کانی دیکه‌ی ئێران جیاوازه، به‌ڵام ده‌کرێ به توانایه‌کی پتره‌وه خۆی بهاوێته‌وه نێو مه‌یدان. قه‌ڵشته سه‌ره‌تاییه‌کانی هیره‌می ده‌سه‌ڵات ده‌کرێ به‌رینتر بکرێته‌وه. هه‌وڵه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی ژماره‌یه‌کی به‌رچاوی رۆشنبیران بۆ پێک هاتنی یه‌کیه‌تی نووسه‌ران ئه‌م بۆچوونه ته‌ئید ده‌که‌ن. چالاک بوونه‌وه‌ی رۆشنبیران بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری قوڵتر و به‌رینتر ده‌کاته‌وه. ده‌کرێ ئیتر له‌م حاڵه‌ته‌دا به‌راستی باس له خه‌باتێکی شارستانیانه بکرێ.
لێره‌وه به‌و ئامانجه ده‌گه‌ین که پێکهاتنی بزووتنه‌وه‌ی رۆشنبیریی مه‌رج نیه به‌ند بێت به کیانێکی کوردی یان خود سه‌رهه‌ڵدانی دیموکراسی به شێوه‌یه‌کی خوازراو. به‌تایبه‌ت که بزوتنه‌وه‌یه‌کی رۆشنبیری له ناخی کۆمه‌ڵگا دا پێویسته بۆ سه‌رهه‌ڵدانی دیمۆکراسی. پێویستیه‌کان له پاڵ یه‌کتری دا هه‌نگاو ده‌نێن.
ئه‌گه‌ر نوخبه‌ی رۆشبیریی حیزبی نه‌یانتوانیوه به‌ره‌و ئه‌م ئاراسته‌یه هه‌نگاو بنێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ش که هه‌بووه به‌رده‌وام به‌رگی حیزبی و سیاسی پۆشیوه (بۆیه راحه‌ت لێدراوه)، ئه‌گه‌ر رۆشنبیریی نێو پانتایی کۆمه‌ڵگا بیانووی بارودۆخی دیکتاتۆری هه‌بووه، ئێستا، که زه‌رووره‌ته‌کان زه‌قتر سه‌ریان هه‌ڵداوه چی؟
لێره‌دا وه‌ک ئه‌لوین تافلێر ناڵێین که له بارودۆخی ئێستای کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا زانایی گرنگترین ئامرازی هێز و ده‌سه‌ڵاته، به‌ڵام خۆ لانی که‌م زۆر به ئاشکرا به‌ره‌و ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه ده‌ڕۆین. هه‌ر چه‌ند ناکرێ زانایی به دوور له ململانێ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان سه‌یر بکه‌ین و پێمان وابێت ده‌سه‌ڵاته سیاسیه گه‌وره‌کان ناتوانن گه‌مه‌ی خۆیان پێ بکه‌ن، هێز ئه‌گه‌ر به تفه‌نگیش چێ بکرێ، ئه‌گه‌ر تایبه‌تمه‌ندیی زانایی نه‌داته خۆی زۆر ئاسان و ساده جێی پێ له‌ق ده‌کرێ. ئه‌و‌ڕۆکه زانایی له‌ده‌ست وڵاتانی پێشکه‌وتوو و گه‌وره‌دا قۆڕخ کراوه. خۆ دزینه‌وه لێی یارمه‌تی دانی ئه‌و قۆڕخ کردنه‌یه.
دوو رووناکبیری فارس “دهخدا” و “معین” پێیان وایه که بیری روون، نیگای نوێ سه‌باره‌ت به جیهان و نوێگه‌ری، پێوه‌ره‌کانی رۆشنبیریین. وه‌رگرتنی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه ره‌نگه زۆر دژوار نه‌بن ئه‌گه‌ر رۆشنبیریی ئێمه له له‌ده‌ستدانی جیهانی ئه‌وڕۆ و دوێکه‌ی زۆر نه‌ترسێ.
فه‌ڕۆخ نیعمه‌تپوور
ئەم وتارە لە گۆڤاری “قەڵەم ژمارە سفر 0” چاپ کراوە.
دیدگاهتان را بنویسید