ئاوی ده‌ریاکان
ئاوی ده‌ریاکان
مه‌یدان چۆڵ بوو، هێشتا باران ده‌باری، تیشکی گڵۆپه‌کان له‌سه‌ر قیره‌تاوی ته‌ڕی جاده‌که له سه‌مادا بوون.
گوتی: ”تێده‌گه‌ی؟ له قسه‌کانم تێده‌گه‌ی؟”
پۆلیسه‌که گوتی: ”ئێ.. ئێ.”
جار ناجار سه‌یاره‌یه‌ک تێده‌په‌ڕی. له‌وبه‌ری مه‌یدانه‌که له‌ناو بینایه‌کدا ژنێک شانی به قه‌راغ په‌نجه‌ره‌یه‌که‌وه نابوو و سه‌یری ده‌ره‌وه‌ی ده‌کرد.
پۆلیسه‌که گوتی: ”دایه پیره، سه‌رمات نه‌بێ.”
گوتی: ”کاتی خۆی چه‌ترێکی حه‌وت ره‌نگم هه‌بوو.” دوو جگه‌ره‌ی داگیرساند، دانه‌یه‌کیانی دا به پۆلیسه‌که‌و سه‌یرێکی ئه‌م لاو ئه‌و لای مه‌یدانه‌کی کرد، له کاتێکدا سه‌یری ژنی پشت په‌نجه‌ره‌که‌ی ده‌کرد، گوتی: ”به‌راست من ناناسی؟”
پۆلیسه‌که گوتی: ”من که‌سم له یاددا نامێنێ، چونکه کاری ئێمه جۆره‌یه‌که.”
گوتی: ”خه‌ڵکی کوێی؟”
پۆلیسه‌که گوتی: ”سه‌بزه‌وار.”
گوتی: ”که له ئه‌نزه‌لییه‌وه هاتم هه‌ڤده ساڵان بووم، سه‌رگورد ئه‌حمه‌دی ده‌ناسی؟ ئه‌م سه‌رگورده له هه‌راوهوریای بیست‌و هه‌شتی گه‌لاوێژدا حه‌زی لێ ده‌کردم، ئه‌و کاتانه که‌سم وه‌رنه‌ده‌گرت، نازانم چۆن بوو که کت‌وپڕ سه‌رم له باغی سه‌لاحه‌دینی ئه‌یووبیه‌وه ده‌رهێنا، نازانم چلۆن بوو پێم که‌وته ئه‌وێ، هه‌ر ئه‌وه‌نده رۆژێک دیتم له‌وێ بووم به که‌سێک، ناویان نابووم تامارا، وه‌ک بولبول به ئینگلیزی ده‌دوام، خانمی به‌ڕێوه‌به‌رمان ده‌یگوت: ”گیانه‌که‌م، ئێره شوێنی ئه‌وینداری نییه، ده‌بێ چالاک بی.” دواتر به تامارا کاره‌با ناوبانگم ده‌رکرد، کچه‌کان ده‌وریان دهدامو ده‌یانگوت چاوانم وه‌ک چاوی پشیله شه‌وو رۆژ بریسکه ده‌ده‌ن. ده‌یانگوت به‌جۆرێک فیری کاره‌که‌م بووم‌و به‌جۆرێک نازان ده‌که‌م که هه‌ر دهڕۆمو خه‌ڵک له دووم شێت ده‌بن. رۆژ به‌رۆژ جوانتر ده‌بووم.
دواتر توانیم خانویه‌ک له ”پۆلی رومی” بکڕم ئیتر له‌وێ بووم تا ئه‌و کاته‌ی له‌ده‌ستم دا. بوو به دووکهڵو چوو به ئاسماندا. دواتریش شۆڕش هاته گۆڕێ‌و ئیتر کاری ئێمه وه‌ک جاران نه‌ما. ماوه‌یه‌ک له‌م لاولا خۆم ون کرد، به‌ره‌به‌ره قاچه‌کانم ئاوسان‌و پێستی دهمو چاوم گنجی تێ که‌وتو بووم به‌وه‌ی که ده‌مبینی. به‌دبه‌ختی له‌سه‌رو پۆته‌ڵاکمه‌وه ده‌بارێ.”
پۆلیسه‌که گوتی: ”گرێوی ئه‌وه ده‌که‌م که سه‌رمات بێ.”
گوتی: ”تۆ به‌ڕاست منت نایه‌ته‌وه یاد؟”
جارناجار ئه‌م پرسیاره‌ی ده‌کرد، که جگه‌ره‌که‌ی ته‌واو ده‌بوو که برسی ده‌بوو خۆشانسی ده‌چووه لای که‌سێک، ده‌یگوت: ”ببووره کاکه، تۆ من ده‌ناسی؟”
_ ”نه”
_ ”گرنگ نیه، ده‌زانم، برسیمه، نیوه‌ڕۆم نه‌کردووه، سواڵکه‌ریش نیم.”
دواتر به‌و پاره‌یه‌ی وه‌ریده‌گرت، ساندویچێکی ده‌کڕی، ئه‌گه‌ر لێی مابایه‌وه جگه‌ره‌شی پێ ده‌کڕی. له‌و هه‌وا سارده‌دا به‌رده‌وام مه‌یلی جگه‌ره‌ی ده‌کرد. دانه‌یه‌کی دیکه، جگه‌ره‌ی به جگه‌ره داده‌گیرساند. له‌به‌ر ده‌می کتێب فرۆشیه داخراوه‌کانی به‌ر زانستگاوه تێپه‌ڕی. له‌سه‌ر چوارڕییانه‌که سه‌یرێکی ئه‌م لاو ئه‌ولای کرد. سه‌یری شه‌قامه به‌ر ته‌سکه‌که‌ی ته‌نیشت زانستگای کرد‌و گه‌لێک شت هاته‌وه یادی، ره‌نگه له‌به‌ر درهختهکانو نه‌رده‌ی زانستگا بووبێت که له کۆنه‌وه هه‌روا بووه، یان له‌به‌رته‌متومانی ئه‌و سه‌ری درهختهکانو بینا چیمه‌نتۆییه مه‌حکه‌مه‌کان. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دروشمی تازه به‌سه‌ر دیواره‌کانه‌وه بایه‌و وێنه‌و لافیته‌کان به‌ده‌م باوه بشه‌کانایه‌وه، ئه‌و هێشتا وێنه‌کانی جارانی له‌به‌ر چاو ون نه‌ده‌بوو. ئه‌مانه‌و بێده‌نگی شه‌وانه‌ی زانستگا -که له جارانی ده‌کرد- به‌ره‌و ئێره‌ی ده‌هێنا. یاده‌وه‌رییه‌کان بێ به‌زییانه دههاتنو که‌س نه‌یده‌زانی به‌ره‌و کوێی ده‌به‌ن. ئه‌وه‌نده باش ئێره‌ی ده‌ناسی که ده‌ڵێی هه‌ر له‌و شه‌قامه‌دا له‌دایک ببوو و مردبوو و ناشتبوویان. سه‌یاره‌یه‌ک تێپه‌ڕی. ده‌نگی رادیۆکه‌ی زۆر به‌رزبوو، له سه‌یاره‌ی سوهرابی ده‌کرد، به‌ڵام ره‌نگه‌که‌ی سپی نه‌بوو.
گوتم: ”سۆهراب!”
گوتی: ”گیانه!”
گوتم: ”زه‌حمه‌ت نه‌بێ بسوڕێیه‌وه به‌ره‌و ده‌رمانخانه‌که.”
گوتی: ”بۆچی؟”
گوتم: ”نازانم، سه‌رم، سه‌رم!”
یه‌خه‌ی فه‌روه‌که‌م کرده‌وه‌و جامی سه‌یاره‌که‌م دادایه‌وه. ئارام به‌فر ده‌باری. گڕی ژان لا جانگمی ده‌سووتان: ”تکایه خێراتر!”
سوهراب خێراتر لێیخوڕی‌و له‌به‌رده‌م ده‌رمانخانه‌که‌دا راوه‌ستا، به‌ده‌م دابه‌زینه‌وه پرسیاری کرد: ”چیت بۆ بێنم؟”
سه‌رخۆش بووم‌و سوهرابم به دووان ده‌دیت، گوتم: ”نازانم، هه‌رچی خۆت حه‌زت لێیه.”
به یه‌کجار دوو حه‌بم خوارد‌و سه‌رم به کورسی سه‌یاره‌که‌وه نا.
سوراب گوتی: ”ره‌نگه فشار خوێنت دابه‌زێبێ!”
گوتم: ”ره‌نگه.”
گوتی: ”حه‌ز ده‌که‌ی بتبه‌م بۆ ئۆرژانس؟”
گوتم: ”ره‌نگه!” له وه‌ڕه‌زی خۆما پێکه‌نیم.
گوتی: ”پێم راده‌بوێری؟”
گوتم: ”داوای لێبوردنت لێ ده‌که‌م.”
گوتی: ”فیره ناز بووی.”
گوتم : ”چی بکه‌م!”
به شوسته‌ی شه‌قامه به‌رته‌سکه‌که‌ی ته‌نیشت زانستگادا تێپه‌ڕی. له نیوه‌ڕۆوه هیچی نه‌خواردبوو، ”با” خۆی به ژێر جل‌و به‌رگه ته‌ڕه‌کانیدا ده‌کردو هانی ده‌دا خێراتر هه‌نگاو هه‌ڵێنێ.
هه‌میشه لێره‌وه تێدهپهڕینو دواتر لامان ده‌دایه کۆڵانی ده‌ستی راستمان. له نزیک کۆڵانێکی لاوه‌کییه‌وه ده‌چووینه نێو بینایه‌که‌وه، ئه‌م بینایه په‌نجه‌ره‌کانی خڕ‌و کۆنینه بوون. شووشه‌کان سێگۆشه بوون‌و یه‌کێک له شوشه‌کانیش سه‌وز ره‌نگ بوو، شه‌وێکیان که لهبههر په‌نجه‌ره‌ی پلیکانه‌کانه‌وه تیده‌په‌ڕیم به سوهرابم گوت: ”راوه‌سته، راوه‌سته!” دواتر تایه‌کی پێڵاوه‌کانم داکه‌ندو به پاژنه‌که‌ی شوشه سه‌وزه‌که‌یم شکاند.
سوهراب چووبووه ژێر باڵم‌و به په‌نجه‌یه‌ک منی به شانییه‌وه راگرتبوو، گوتی: ”به‌ڵا له رێگا دابوو.”
حه‌زی به هه‌موو کاره‌کانم ده‌کرد، ده‌ست قونجاو نه‌بوو، ئاکارێکی زۆر پیاوانه‌ی هه‌بوو. ئه‌مانه بوونه هۆی ئه‌وه که نه‌توانم راسته‌وخۆی پێی بڵێم: ”نه‌ء” تێده‌گه‌ی؟
بارانێکی ناڕێک، ورد‌و خێرا زه‌وی ده‌شوشته‌وه، له‌ژێر لێوه‌وه گوتی: ”ئاخ خودایا!” له‌به‌ر قوتابخانه‌ی ”هه‌ڵکه‌وت” خۆی دایه بن دیوار‌و بۆ چه‌ند ساتێک له‌سه‌ر نه‌رده‌ی پلیکانه‌کان دانیشت، کاتێک به‌ڕێدا ده‌ڕۆیشت ته‌نیا هه‌ستی به لاوازی ده‌کرد، به‌ڵام ئێستا سه‌رماو ئازار به ئێسکه‌کانیدا ده‌گه‌ڕا، برسی بوو. به‌درێژایی ژیانی قه‌ت ئاوا له‌خۆی بێزار نه‌بووبوو، نه‌یده‌زانی چ بکا. جگه‌ره‌یه‌کی داگیرساند‌و روانیه تیشکی ئه‌و ترافیک لایته‌ی که ئیسفاڵته ته‌ڕه‌که ده‌ینواندووه. ”هه‌ڵامه‌ت نه‌گری؟”
”نا، نایگرم، جگه‌ره‌ت ده‌وێ؟”
سوهراب ده‌ه‌گاکه‌ی ده‌کرده‌وه‌و خۆی لانه‌دا، به نیشانه‌ی رێزگرتن ده‌ستی تا نزیک قاچه‌کانم دێنایه خواره‌وه. بزه‌یه‌ک ده‌بوو به میوانی لێوه‌کانی، هه‌میشه، هه‌میشه.
له قادرمه‌کان چوومه سه‌ره‌وه، دهمو چاوم شوشت‌و چوومه ژووره‌وه، جل‌و به‌رگه‌که‌م داکه‌ندو له‌سه‌ر قه‌ڕه‌وێڵه‌که‌م راکشام، چاوه‌ڕوانی سوهراب بووم که به چه‌ند سێوێکه‌وه، یان به دوو په‌رداخ ئاوی پرته‌قاڵ یان که‌مپوتی ئه‌نه‌ناسه‌وه خۆی به‌ژوورێدا بکا، گوتی: ”ئه‌مشه‌و باش بوو، کاتێک دووهه‌م گۆرانیت گوت خه‌ڵکه‌که وه‌ها به‌جۆش هاتبوون که له‌وانه بوو هۆڵه‌که بته‌قێ.”
گوتم: ”وایه، ئێره چه‌ند گه‌رمه.”
گوتی: ”گۆرانیی –گوڵی نازم- له هه‌موو گۆرانییه‌کانی دیکه‌ت پێ باشتره.”
گوتم: ”گوڵه‌کانت بینیوه؟”
گوتی : ”به‌ڵێ، فریوی شتی له‌م بابه‌ته مه‌خۆ!”
گوتم: ” جارێکه تۆ بۆ من به‌که‌ڵکی.”
گوتی: ”بریا بڕیارێکی جدیت دابا.”
گوتم : ”من به‌و جۆره‌م که هه‌م!”
تیشکێکی لاواز له په‌نجه‌ره‌کانه‌وه ده‌هاته ژوورێ. دیمه‌نی بارینی به‌فر ئه‌وه‌نده جوان بوو که مرۆڤ حه‌زی ده‌کرد سه‌یری بکا. سوهراب جل و به‌رگه‌که‌ی داکه‌ندو خزایه ژێر په‌تووکه‌وه، گوتی: ”خۆزگه ده‌مانتوانی به‌بێ دهنگو به‌بێ هه‌راو هوریا بژیاباین، بچین بۆ شوێنێکی وه‌ها دوور که که‌س نه‌تناسێته‌وه.”
گوتم: ”دیسان ده‌ستت پێ کرده‌وه؟”
گوتی: ”من کارم به‌سه‌ر رابردووته‌وه نییه، به‌راستی کارم به‌سه‌ریه‌وه نییه، په‌یماننامه‌کانت هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه.”
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم هه‌ناسه بکێشم، سه‌رم به‌رزتر راگرت، گوتم: ”خه‌ڵکی خۆیان بۆ من به‌کوشت ده‌ده‌ن.”
سوهراب گه‌ردنی کێشا به‌مه‌بستی ئه‌وه‌ی بتوانێ نێو چاوانم ماچ بکا، له چاوانم ورد بووه‌وه: ”دیسان چاوه‌ڕوان ده‌بم، به‌ڵام په‌یماننامه‌ی تازه مۆر مه‌که!”
په‌یماننامه دوای په‌یماننامه، ساڵ دههاتو ده‌ڕۆیشت، تێده‌گه‌ی؟ ئه‌م بیره‌وه‌ریانه هی ئه‌و کاتانه‌ن که من‌و ”سووسه‌ن” له باخی سه‌لاحه‌دینی ئه‌ییووبیدا کارمان ده‌کرد، ئه‌و کاتانه‌ی نێوی ئه‌و ڤیکتۆر بوو، به‌ڵام کاروباری من گرتبووی، کاروبارم زۆر باش بوو… باش تا ئه‌و کاته‌ی له ”شکۆفه‌ی نوێ” خۆم بینیه‌وه، له‌وێ پشکوتم، چووبووینه ”شکۆفه‌ی نوێ؟”
ناوی سوهراب بوو، گوتم: ”تۆ له بارودۆخی مندا نیت، سوهراب، تا هه‌ر کاتێک بته‌وێ له‌گه‌ڵتام”.
گوتی: ”هه‌ندێک کات له‌گه‌ڵ مندا نیت.”
گوتم: ” وایه، نیم، خۆ من ناتوانم له‌گه‌ڵ تۆ په‌یماننامه مۆر بکه‌م.”
گوتی: ”چیم هه‌یه له‌به‌ر پێتا هه‌ڵیده‌ڕیژم.”
گوتم: ”وه‌ی له‌و قسانه! یه‌کێکی تر ده‌یه‌وێ خانووه‌که‌ی پاریسی بکا به‌نێوی من، به‌ڵام ره‌زای سکی گه‌وره‌ی مرێ! یه‌کێکی دیکه‌ش هه‌یه، ده‌وڵه‌مه‌ند نییه، به‌ڵام که ده‌چمه لای له‌به‌ر ده‌ممدا ده‌که‌وێته سه‌رچۆک”.
گوتی: ”مریه‌م!”
گوتم: ”لێم گه‌ڕێ ئیمشه‌و مه‌ستم.”
گوتی: ”تۆ هه‌میشه مه‌ستی.”
گوتم: ”حه‌زم پێ دێ که پێم ده‌ڵێی مریه‌می به‌ڵا لێدراو!”
گوتی: ”خۆزگه ده‌متوانی ئه‌م گوێ بۆ ئه گوێ سه‌رت ببڕم‌و ئه‌وسا بیخه‌مه سه‌ر سینگت.”
گوتم: ”هێشتا باشه، به‌س نییه تا ئێستا ئاره‌زووی ئه‌وه‌ت نه‌کردووه که به ئاگری جگه‌ره‌وه روخسارم بسووتێنی، ئه‌وانه‌ی وه‌ک من وان هه‌موویان برینێکی یادگاریان به روومه‌ته‌وه‌یه.”
گوتی: ”چت له‌گه‌ڵدا بکه‌م؟”
گوتم: ”لێم گه‌ڕێ، خه‌وم دێت.”
خه‌وی ده‌هات، به‌ڵام سه‌رمای بوو و لای روون نه‌بوو که دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه سۆهراب له ماڵه‌وه بێت، بینای تاریکی زانستگا ده‌یترساند، بیری ده‌کرده‌وه که له یه‌کێک له ژووره‌کانی ئه‌م زانستگایه‌دا ته‌رمی مردووه‌کان بۆ خوێندکاران شیده‌که‌نه‌وه‌و ئێستا ته‌رمی مردوویه‌ک له‌وێ که‌وتووه‌و چاوه‌ڕوانی ئه‌و خوێندکاره چه‌قۆ به‌ده‌ستانه‌یه که به‌یانی دێنه وێزه‌ی. بۆیه هه‌وڵی ئه‌وه‌ی دا سه‌یری زانستگا نه‌کات، تا گه‌یشته کۆڵانه‌که جگه‌ره‌یه‌کی دیکه‌ی کێشا، به‌ره‌و ماڵی سوهراب بایدایه‌وه، دڵنیا بوو له‌وه‌ی له ماڵه‌وه‌یه‌و ده‌رگاکه‌ی لێ ده‌کاته‌وه‌و ده‌پرسێ: ”لێره چ ده‌که‌ی؟ بۆ چ وات لێ به‌سه‌رهاتووه؟ مریه‌می بێچاره‌ی من!” چ گرنگیه‌کی هه‌بوو؟
له‌به‌رده‌م خانووه‌که‌دا راوه‌ستا، خانووه‌که نه‌گۆڕابوو ته‌نیا کۆن ببوو. روانیه په‌نجه‌ره تاریکه‌کان. وا ده‌هاته به‌رچاو که که‌سێک تییدا ناژی. له زه‌نگی ده‌رگای دا. پاش که‌مێک چاوه‌ڕوانی سه‌رله‌نوێ له زه‌نگی دایه‌وه.
له قاتی دووهه‌مه‌وه تاکی په‌نجه‌ره‌یه‌ک کرایه‌وه‌یو پیاوێکی قژ سپی سه‌ری هینایه ده‌ره‌وه، تیشکی راسته‌وخۆی عه‌مووده‌که نه‌یده‌هێشت مریه‌م به‌جوانی ئه‌و پیاوه ببینێ، که گوتی: ”به‌ڵێ!” به ده‌نگیا ناسییه‌وه.
مریه‌م له‌سه‌رمانا ده‌له‌رزی، به‌ده‌نگێکی نیوه‌گڕه‌وه گوتی: ”ببووره، بۆ چه‌ند ساتێک وه‌ره خواره‌وه”.
پیاوه‌که گوتی: ”کارت به کێیه؟”
مریه‌م گوتی: ”تکات لێ ده‌که‌م، بۆ چه‌ند ساتێک وه‌ره خواره‌وه.”
پیاوه‌که گوتی: ”تۆ کێی؟ چ کارێکت به منه؟”
پیاوه‌که په‌نجه‌ره‌که‌ی داخست، گڵۆپی سه‌ر پلیکانه‌کان هه‌ڵکراو مریه‌م چاوی به‌و شووشه سه‌وزه سێگۆشه‌یه که‌وت که هه‌ر وا به شکاوی مابوو، چه‌ند ساتێک دواتر پیاوه‌که له‌به‌ر ده‌رگادا راوه‌ستا بوو.
مریه‌م سه‌رنجی دایه، خۆی بوو ”سڵاو، کاکه!”
”سڵاوت لێ بێت.”
نه‌یده‌زانی چ بڵێ، له‌سه‌رمانا هه‌ڵده‌له‌رزی‌و جل‌و به‌رگی به‌ری ته‌ڕو تڵیس بوو. دواجار پێی گوتبوو: ”من که‌سێکی ترم خۆش ده‌وێ، تێده‌گه‌ی؟”
سوهراب گوتبووی : ”هه‌روا؟”
مریه‌م له وه‌ڵامدا گوتبووی: ”هه‌ر ئاوا!”
گوتی: ”ببووره، سه‌رمامه، برسیمه، به‌ڵام سواڵکه‌ر نیم، نه‌ده‌مویست سه‌رو دڵی تۆ بگرم، ده‌زانی؟ هیچ شوێنێکم نییه، غه‌ریبم.”
سوهراب به‌بێده‌نگی سه‌یری ده‌کرد، رۆبێکی ئاماڵ شینی له‌به‌ردا بوو. رێک له‌و ساڵانه ده‌چوو. به‌و جیاوازییه که هه‌نیه‌و ژێر چاوان‌و قه‌راغ لێوه‌کانی چرچ‌و لۆچیان تێ که‌وتبوو، به ئاسته‌میش لاواز ببوو، پێڵاوی نووک تیژی ڤێرنیسی له پێدانه‌بوو، وه‌ک ئه‌و ساڵانه لاجانگی سووتاوییه‌که‌ی پێوه مابوو.
مریه‌م گوتی: ”ته‌ڕم، ده‌توانم بێمه ژووره‌وه؟”
سوهراب به‌سه‌رسوڕماوییه‌وه سه‌یری ده‌کرد. سه‌رئه‌نجام گوتی: ”فه‌رموو!”
ده‌ستی له شیپانه‌ی ده‌رگاکه ههڵگرتو خۆی دایه قه‌راغ.
مریه‌م ورووکاس له هۆڵه‌که دا مایه‌وه. جگه‌ره‌یه‌کی به لالێوه‌وه ناو ویستی دایگیرسێنێ. به‌ڵام ده‌ستی دهلهرزیو شقارته‌که‌ی له‌خۆ نه‌ده‌گرت. سوهراب فه‌نده‌کی لێداو جگه‌ره‌که‌ی بۆ داگیرساند.
گوتی: ”فه‌رموونه سه‌رێ، ژووره‌وه گه‌رمه.”
مریه‌م گوتی: ”نا، سپاس. ناتوانم له پلیکانه‌کان وه‌سه‌رکه‌وم.”
سوهراب گوتی : ”ده‌ته‌وێ یارمه‌تیت بده‌م؟”
مریه‌م گوتی: ”نا زۆر سوپاس”. حه‌زی نه‌ده‌کرد هیچ شتێکی رابردوو بژێنێته‌وه. له‌ژێر چاوه‌وه له سوهرابی روانی، گوتی: ”ئه‌گه‌ر په‌توویه‌کم بده‌یتێ، هه‌ر لێره‌دا ده‌نووم.”
سوهراب گوتی: ”به‌ڵام ئه‌مه جوان نییه، شتی وا چۆن ده‌بێت.”
مریه‌م دیسان بیانووی هێناوه: ”به‌ڵام من ناتوانم له پلیکانه‌کان وه‌سه‌ر که‌وم. تکایه زۆر داوام لێ مه‌که.” ئه‌وجا ئاماژه‌ی کرده قاچه‌کانی.
سوهراب گوتی: ”که واته فه‌رموو ئه‌و ژووره.” به‌خێرایی ده‌رگای ژووره‌که‌ی کرده‌وه. گڵۆپه‌که‌ی هه‌ڵکردو له‌ناوه‌ڕاستی هۆده‌که‌دا وه‌ستا. ده‌سته‌کانی لێک بڵاو کردنه‌وه‌و گوتی: ”به‌ڵام ئێره‌ش سارده، خانم.”
مریه‌م گوتی: ”ئه‌گه‌ر پووتێکی ته‌نه‌که‌ت هه‌بێ، ده‌کرێ ئاورێکی تێدا بکرێته‌وه.”
سوهراب گوتی: ” هیته‌رت بۆ دێنم، زه‌لاته‌ی ئۆلیڤیه‌شی لێیه” به‌ده‌م رۆیشتنه‌وه گوتی: ”مانتۆکه‌ت ته‌ڕه، دایکه‌نه، ئێستا په‌تووت بۆ دێنم.”
مریه‌م له‌سه‌ر سندووقێک دانیشت. دوامژی له جگه‌ره‌که دا‌و قونچکه‌که‌ی به قاچ پلیشانده‌وه. مانتۆکه‌ی داکه‌ندو له‌سه‌ر سندووقێکی دیکه‌ی دانا، هه‌ر به‌و رێزه‌وه که جاران بۆ فه‌روه‌که‌ی هه‌بوو. چاوێکی به ژووره‌که‌دا گێڕا، چه‌ند ته‌گه‌ره کۆن چه‌ند دانه کورسی پۆلۆنی‌و چادرێکی برزنتی سه‌یاره له‌ولاوه له‌سه‌ر یه‌ک که‌ڵه‌که ببوون. له‌م لای ده‌رگاکه‌وه‌ش جلوبه‌رگی جۆراوجۆه هه‌ڵڕژابوو. چه‌ند دانه بتڵی خواردنه‌وه‌ش له‌ناو سندووقێکدابوون. وێنه‌کانی خۆیشی بینیه‌وه. هه‌مان وێنه‌کانی نێو گۆڤاره‌کان که له نێو ستۆدیۆ و له نێو باڕه‌کاندا گرتبوونی. بێگومان دوا وێنه‌شی له‌وێ بوو، ئه‌و وێنه‌یه‌ی وا پاڵی به دره‌ختێکه‌وه دابوو. ئیتر نه‌یده‌ویست سه‌یریان بکا. هه‌ستا. له‌ولاتر له‌سه‌ر قه‌ڕه‌وێڵه‌یه‌کی دارین دانیشت که له نزیک په‌نجه‌ره‌که‌وه بوو، له پشت شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌که‌وه سه‌یری ئه‌و نمه بارانه‌ی کرد که هێشتا ده‌باری.
سوهراب له کۆڵم نه‌ده‌که‌وته‌وه، کاروبارم باش بوو به‌رده‌وام له نێو رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کاندا وێنه‌یان بڵاو ده‌کردمه‌وه. له‌و کاته‌دا دڵم گیرۆده‌ی ”ئه‌میر پێدران” بووبوو. تێده‌گه‌ی! ئه‌و کاتانه ئه‌میر پێدرانی له‌عنه‌تی خاوه‌ن جسمێکی گه‌لێک جوان‌و شاز بوو. ده‌تناسی! ”روح‌ئه‌نگیز”و ”مه‌هوه‌ش” بۆی ده‌مردن، به‌ڵام من بۆڕم دان. خۆم له‌ناو خۆشه‌ویستی ئه‌میردا بینیه‌وه. چاوه خوماره‌کانی ئه‌میر پێدرانی سه‌گباب شێتیان کردبووم. ده‌مزانی موعتاده، به‌ڵام نه‌مده‌توانی ده‌ستی لێ هه‌ڵبگرم. سه‌یاره‌یه‌کم هه‌بوو، بۆم فرۆشت‌و پاره‌که‌یم دایه ده‌ست. به به‌سته پاره‌م ده‌خسته نێو مشتییه‌وه‌و ئه‌ویش به‌که‌یفی خۆی خه‌رجی ده‌کرد. شه‌وانه کاتێک خه‌وتبوو پاره‌که‌م ده‌نایه نێو گیرفانیه‌وه، ته‌نانه‌ت وای لێهات که به ده‌رزی ماده سڕکه‌ره‌کان له خۆی بدا، به‌ڵام هێشتا نه‌متوانی ده‌ستی لێ هه‌ڵبگرم. نازانم حه‌زم له‌چی ئه‌و پیاوه ده‌کرد. نازانم بۆچی خانووه‌که‌ی ”پۆلی رۆمی”م فرۆشت‌و چیم هه‌بوو خستمه به‌رده‌ستی. دواتر رۆژێک زانیم که تیا چووه‌و ئیتر بۆ هه‌میشه که‌س هه‌واڵێکی لێ نه‌زانی.
گه‌لێک شوێنی بۆ گه‌ڕام نه‌مدیته‌وه. سه‌رئه‌نجام به‌ته‌نیا مامه‌وه. خاوه‌ن پیاوێکی بزر بووم، هه‌ر بۆیه دام له شێتیه‌تی. خالتوری. دواجار که له‌گه‌ڵ باڕی مه‌شغه‌ڵ په‌یماننامه‌یه‌کم ئیمزا کرد له‌گه‌ڵ ”حسێنی دڵبه‌خا” په‌یوه‌ندیم هه‌بوو. ئیتر سوهرابیشم له نێو سه‌یرکه‌رانی نێو هۆڵه‌که‌دا نه‌ده‌بینی. له‌م دواییه‌دا، له‌پێش هه‌ڵگیرسانی شۆڕش چووبوومه شانۆی شه‌هرزاد که له کۆڵانی سورپێسته‌کاندا بوو. شه‌وی یه‌که‌م دانیشتوانی کۆڵانه‌که خۆیان گه‌یانده پشتی شوێنی نواندی شانۆکه‌و ئازاریان دام. شه‌وی دواتر پۆلیسێ خۆی گهیاندێو که‌چی نه‌فه‌رێکی سورپێسته‌کان به چه‌قۆ له که‌له‌که‌ی دام.
سوهراب به په‌توو و هیته‌رێکه‌وه خۆی کرد به ژوورێ‌دا. هیته‌ره‌که‌ی له کاره‌با دا‌و ئه‌و سا له‌به‌ر قاچه‌کانی مریه‌م دا داینا، گوتی: ”تا ئێستا له کوێ بووی؟ له‌نێو ئه‌م بارانه‌دا…”
مریه‌م گوتی: ”تا ئێستا؟” سه‌ری داخست.
سوهراب گوتی: ”له‌نێو تاریکی ئه‌م شه‌وه‌دا، له‌نێو ئه‌م سه‌رمایه‌دا”.
مریه‌م گوتی: ”له کۆڵانی سوورپێسته‌کان قڕه‌که وای لێهات که پۆلیس به‌ناچار خۆی گه‌یاندێ.”
سوهراب گوتی: ”سه‌یره!” له ژوره‌که چووه ده‌رێ.
مریه‌م به‌چاوی مۆڵه‌قه‌وه سه‌یری ده‌ره‌وه‌ی ده‌کرد. دواتر بوو به شه‌ڕو ئیتر باناچار له باڕه‌کانی جه‌مشید ده‌ستم کرد به گۆرانی خوێندن. دیسان بوومه‌وه به تومارا، له‌سه‌ر شانۆکه خۆم رووت ده‌کرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم ئه‌و شه‌وه خۆم به که‌سێکه‌وه هه‌ڵواسم، له‌وه پێش وا نه‌بووم، عه‌ره‌به‌کانی کوێت دوو هه‌فته دوو هه‌فته ده‌یانبردم بۆ کوێتو لێم ده‌پاڕانه‌وه ببمه هاوسه‌ریان. سوهراب ده‌یگوت: ”عه‌ره‌بی مارمێلکه خۆر!” منیش قاقا پێده‌که‌نیم. جارێکیش چوومه به‌غدا. له‌وێنده‌ر کابرایه‌کی رادوێ چاککه‌ری ئێرانی حه‌زی لێده‌کردم. به‌رده‌وام بوشوێنمه‌وه بوو. ئه‌و رۆژه‌ی گه‌ڕامه‌وه پێم گوت: ”وازم لێ بێنه منداڵ!”
سوهراب به که‌شه‌فه‌یه‌کی خواردن‌و کۆمپوتێکه‌وه خۆی کرد به ژوورێ‌دا گوتی: ”یه‌خچاڵه‌که هه‌ندێک خواردنی تێدا بوو.” مریه‌م ده‌ستی کرد به خواردن. پارووی گه‌وره‌ی دهگرتو به حرسێکی زۆره‌وه قووتی ده‌دان. جاران ده‌جۆر خواردنم داوا ده‌کردو له هه‌ر کامه‌یان چکێکم ده‌خوارد. سوهراب ده‌یگوت: ”له خواردنه‌که‌ی منیش چکێک بخۆ!” منیش لێم ده‌خوارد.
سوهراب گوتی: ”من شیوم کردووه، ئه‌گینا له‌گه‌ڵتا ده‌مخوارد.” له قه‌راغ قه‌ڕه‌وێڵه‌که دانیشت.
مریه‌م هه‌ستی کرد ناتوانێ جوان هه‌ناسه هه‌ڵکێشێ. خه‌ریک بوو ده‌خنکا. سه‌رئه‌نجام نه‌یتوانی خۆی رابگرێ‌و گریا. هه‌نسکی ده‌داو فرمێسک بهدهمو چاوی پڕ چرچ‌و لۆچیدا ده‌هاته خوارێ. گوتی: ”پۆلیسێکی شپرزه بوو.” سوهراب گوتی: ”کام پۆلیسه؟”
مریه‌م: ”ئه‌وه‌ی مه‌یدانی شۆڕش، خه‌ڵکی سه‌بزه‌وار بوو. ده‌یگوت نه‌فه‌رێک لێره سه‌ری دوو منداڵه‌که‌ی بریوه، دواتر له په‌نجه‌ره‌که‌وه خۆی فڕێ داوه‌ته خوارێ. ده‌یگوت یه‌کیان دوو ساڵان بووه‌و ئه‌وی دیکه‌یان چوار ساڵان. چه‌نده جوان‌و بێگه‌رد بوون!”
سوهراب گوتی: ”ئارام به، نانه‌که‌ت بخۆ، پێم وابێ زۆرت برسیه.”
مریه‌م سه‌ری خسته نێو هه‌ر دوو دهستیو به‌ده‌نگی به‌رز گریا. سوهراب گوتی: ”هه‌وڵ بده ئارام بیت. نانه‌که‌ت بخۆ، منیش موزاحمت نابم.” پێش ئه‌وه‌ی ده‌رگاکه دابخا گوتی: ”ئێره سارده، نایه‌یته سه‌رێ؟” مریه‌م گوتی: ”نه‌ء، ئێره زۆر باشه.”
سوهراب گوتی: ”هیچت ناوێ؟”
مریه‌م گوتی: ”نا. زۆر سوپاس!” که ته‌نیا مایه‌وه دیسان له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا نقوم بوو. هه‌ستا. دانه‌یه‌ک له بتڵه‌کانی له پشت جلوبه‌رگه کۆنه‌کان ههڵگرتو سه‌ره‌که‌ی کرده‌وه. بۆنێکی توندی ئاشنا نێو لووتی ته‌نی. دوو سێ قومی لێداو دیسان خۆی له کۆڵانی سوور پێستهکانو باخی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یووبی‌و شه‌قامی جه‌مشیدو لاله‌زاردا بینییه‌وه. وه‌ها له بیره‌وه‌رییه‌کاندا نقوم ببوو که هه‌ستی کرد حه‌ز ده‌کا بخه‌وێ. دواچۆڕی خوارده‌وه‌و له‌سه‌ر لا، پاڵ که‌وت.
”جگه‌ره ده‌خۆی، دایه پیره!”
”ئا، بۆم داگیرسێنه.”
جگه‌ره‌یه‌کی داگیرساند‌و ئه‌وسا به ده‌نگێکی نیوه گڕو ئارام گۆرانی ”ئاوی ده‌ریاکان”ی خوێند. گه‌رمای هیته‌ره‌که له قاچی ده‌دراو له ده‌ره‌وه باران به‌خوڕتر ده‌باری. قه‌مچی باران په‌نجه‌ره‌کانی ده‌کوتاو ده‌نگی خوڕه‌خوڕی ئاو ژووره چۆڵه‌که‌ی ته‌نیبووه‌وه. پیاوه‌کان هه‌موویان که‌وتنه چه‌پڵه لیدان. چه‌پڵه، چه‌پڵه، چه‌پڵه. فیکه‌شیان لێده‌داو چه‌پکه گوڵێکی جوانیش له‌به‌رده‌می شوێنی شانۆکه‌دا بوو. چه‌پکه گوڵه‌که زۆر جوان بوو، له ژنێک ده‌چوو که به ناوقه‌دێکی باریکه‌وه جلوبه‌رگێکی فشی له‌به‌ردا بێت. که بۆ دووهه‌م جار په‌رده‌که لاچوو، به‌خێرایی کارتی نێو چه‌پکه گوڵه‌که‌م لێکرده‌وه‌و له کاتێکدا جوڵه‌یه‌کم به‌نێو قه‌دو شانم دا، به روانینێکی خێرا خوێندمه‌وه: ”خاتوو مریه‌م، داخۆ شانازیی ئاشنا بوونی تۆم پێ ده‌بڕێ؟ سوهراب، مێزی ژماره دوازده.”
گۆرانی ”ئه‌ی ژن ئه‌ی ژن”م خوێند‌و پیاوه‌کان چه‌پڵه‌یان بۆ لێدام. چه‌پڵه، چه‌پڵه، چه‌پڵه، چه‌پڵه. دواتر به‌ره‌و مێزی ژماره دوازده رۆیشتم له‌سر مێزه‌که پیاوێکی ته‌نیا دانیشتبوو. هه‌ستایه سه‌ر پێ‌و گوتی: ”سوهرابم.”
گوتم: ”خۆشحاڵم به‌ناسینت.” دانیشتم. ئارام‌و جددی. ئاکاری سوهراب هه‌میشه هانی ده‌دام که ئارام بم. له‌و شه‌وه‌وه چوار ساڵ –هه‌ڵبه‌هت نه هه‌موو شه‌وێ- زۆرتری شه‌وه‌کانم له‌م خانووه‌دا رۆژ ده‌کرده‌وه. جاری وابوو سوهراب گوته‌نی خۆم ده‌دزییه‌وه‌و تێکه‌ڵی که‌سانی وه‌ک ”ئه‌میر پیدران” ده‌بووم. ئه‌ویش له‌و ساڵانه‌دا که جه‌نگه‌ی گهنجێتیو جوانیم بوو و سوهراب بۆم ده‌سووتا. که خه‌وی لێکه‌وت بزه‌یه‌ک هه‌موو روخساری گرتبووه‌وه، له خه‌ودا هه‌ستی کرد زۆری گه‌رمایه. قاچه‌کانی مێرووله‌یان ده‌کردو له‌شی ده‌خورا. نه‌یده‌توانی به ئاسووده‌یی بخه‌وێ. داده‌چڵه‌کاو زوو زوو له‌خه‌و راده‌په‌ڕی. هه‌ستا جگه‌ره‌یه‌کی داگرساند و مانتۆکه‌ی له‌به‌ر کرد. هه‌ندێک به‌نێو ژووره‌که‌دا گه‌ڕاو له کاتێکا له ژێر لێوه‌وه گۆرانی ده‌گوت له خانووه‌که ده‌رکه‌وت. شه‌قام چۆڵ‌و هۆڵ بوو. هێشتا هه‌ر باران ده‌باری. خه‌رمانه‌ی تیشک به‌باڵای عه‌مووده‌کاندا شۆڕ بووبووه‌وه، له دووره‌وه له دۆشی حه‌مامی ده‌کرد.
گوتی: ”ئه‌مه‌یان نا، ده‌چمه ژێر ئه‌وی دیکه‌یان.”
چووه ژێر چرای دووهه‌م عه‌موود، گوتی: ”هه‌موو که‌س له حه‌مام گۆرانی ده‌خوێنێ.”
به‌ده‌نگێکی به‌رزو نیوه‌گڕ ده‌ستی کرد به گۆرانی خوێندن، گۆرانی ”ئاوی ده‌ریاکان”ی چڕی.
ن: عباس معروفی
و: باوکی سیا
سه‌رچاوه: گۆڤاری دریچهی گفتگو
ئەم چیرۆکە لە گۆڤاری “قەڵەم ژمارە یەک 1” چاپ کراوە.
دیدگاهتان را بنویسید