کۆپلە بیر
کۆپلە بیر
_ رۆحی دیاردە_
کاراکتێری سهرهکی ” ئەدگار ئالێن پۆ” لە چیرۆکی “وێنەیەکی خر” بە توش تابلۆیەکەوە دەبێ کە نیگاری کچێکی جوانە. لە بەسەرهاتی تابلۆکەدا دەگوترێ کە وێنەکێشی ئاشق کاتێک وێنای ئەم کچە دەکاو سیما و هەیکەلی بۆ نآو تابلۆکە دەگوازێتەوە، وردە وردە ژیانی لێ دەستێنێ. سەرئەنجام لە گەڵ تەواوبوونی کارەکەی، لە بەرامبەر تابلۆیەکی هونەریدا لەشی مردووی کچێک دەمێنێتەوە.
پۆ دەیەوێ چ بڵێ؟ رەنگە ئەوەی کە هونەر بریتیە لە گواستنەوەی جەستەو ژیان لە مەیدانە راستەقینەکانی بوونەوە بۆ سەر پەڕەکان. یا خود ئەوەی کە هونەر داگیرکردنی جیهانی دەرەوەیە لە رێگای بە دەروونی کردنیەوە. بەڵام رەنگە بەر لە هەموو شتێک دەیەوێ بڵێ کە هونەر جۆرێکە لە قەتڵ. هونەر، کوشتنە. کوشتنی ئەو راستیانەی کە رقمان لێیانە، یا خود کوشتنی ئەو دیاردانەی کە خۆشمان دەوێن، بەڵام ناتوانین ببینە خاوەنیان. جا داخۆ هونەرمەند بکوژ نیە؟
زۆربەی کورتە چیرۆکەکانی جیهان، بۆ وێنە چیرۆکەکانی چخۆف، لە نەگبەتیو نەهامەتیو بەدبەختی مرۆڤ دەدوێن. لە راستیدا نەهامەتیەکان دەگەنە ترۆپکی خۆیان بۆ ئەوەی بمرن. لێرەدا نووسەرەکان دەبنە بکوژانی مرۆڤ دۆست.
بەڵام داخۆ پۆ لەم چیرۆکەی دا وەک بکوژێکی مرۆڤدۆست دەردەکەوێ؟ بە پێچەوانەوە، پۆ وەک بکوژێکی خۆویست دەردەکەوێ. جوانێکی رئاڵ دەمرێ بۆ ئەوەی لە وێنەیەکی هونەریدا ئەبەدی بکرێت. پۆ جوانیی تەنیا لە هونەردا خۆش دەوێ. لە تابلۆکەدایە کە بۆ هەمیشە ئەو جوانیە لای وی دەمێنێتەوە. لێرەدا نەگبەتیەک ناگاتە ترۆپکی خۆی بۆ ئەوەی بمرێ، بەڵکو جوانیەک دەگەیەنرێتە ترۆپک بۆ ئەوەی لە ژیانی رئالدا بمرێ.
لێرەدا دیسان دەردەکەوێ کە هونەر کوشتنی رئاڵە. رئاڵ دەمرێ بۆ ئەوەی بە ئەبەدی بکرێت. مردنێکی وەها بۆ هەمیشە زیندووی رادەگرێ!
– غەریزەش دەمرێ–
لە چیرۆکی” یەرمولایو ژنی ئاشەوان” لە نووسینی تۆرگێنیوڤ، ژیان وەک ئەوەی کە هەیە دەبینین: سروشت، مرۆڤ، رەنج، درۆو تەندوتیژی. لەم چیرۆکەدا چەندین کەسایەتی دەبیندرێ. لە گەڵ ئەوەی ” یەرمولای” و ژنی ئاشەوانەکە کە ناوی ئارینایە، سەرەکیترین کاراکتێری چیرۆکەکەن، بەڵام دوو کاراکتێری دیکەش دەبیندرێن کە ئەوانیش پانتاییەکی بەرچاو داگیر دەکەن. گەمەی بەردەوامی کاراکتێرەکانی دیکە ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەم چیرۆکە بنەمایەکی بە هێزی بۆ رۆمان تێدایە.
ئارینا لە منداڵیەوە ژنە دەوڵەمەندێک بەو مەبەستە بەخێوی دەکا، کە کاتێک گەورە بوو ببێتە قەرەواشی. یانی زڕدایک دەیخەمڵێنێ بۆ ئەوەی ببێتە کەنیزەکی. وەک دەبینین سەرئەنجام دەبێتە قەرەواشی، تەنانەت لە ناو کەنیزەکەکاندا پلەی یەکەمی پێ دەبخشرێ!
زڕدایک کە دڵێکی خۆشی لە قەرەواشەکانی دیکەی نیە، بیر لە پرۆژەی درێژخایەنی پەروەردەکردنی نۆکەر دەکاتەوە، پەروەردەکردنێک کە هەر لە منداڵیەوە بێت. ئەو قەرەواشی داهاتووی، لە ئامێزی خۆیدا پەروەردە دەکا. دایکایەتی دەکاتە ئامراز. زڕدایک پێی وایە کە ئاوێتە کردنی سۆزی دایکایەتیو ویستی قەرەواشی، بۆ هەمیشە منداڵە قەرەواشەکەی لادەهێڵێتەوەو نۆکەرێکی سەداسەد بە ئەمەگی پێکەش دەکا. بەڵام ئەگەر لای ئەو غەریزەی دایکایەتی لەبەر ویستی پلەو پایەی کۆمەڵایەتی چۆک دادەدا، ئەوا دیسان هەر ویستە غەریزیەکانە کە مندالە قەرەواشەکەی لێ دوور دەخاتەوە. ئارینا ئاشق دەبێو دەیەوێ شوو بکا. ئەمە لای زڕدایک کفرێکی گەورەیە. ئەمە بە ئەمەگ نەناسیو نمەکبەحەرامی لە قەڵەم دەدا. ئەو تەنانەت ئارینا بەوە تاوانبار دەکا کە رێزی هەستی دایکایەتی ئەوی نەگرتووە! گەمەیەکی ترسناکە! تەنانەت هەستی دایکایەتیش نەیتوانی نۆکەری تا سەر بە ئەمەگ پەروەردە بکا. مرۆڤ زۆربەی کات هی خۆیەتیو لە گەڵ خۆیەتی.
– حەقی کوشتن لە پێناوی مافدا –
لە رۆمانی ” دان چەرموو” سکات کە یەکێک لە کاراکتێرەکانی ناو رۆمانەکەیە، تیکە گۆشتێک بۆ دان چەرموو دەهاوێ کە بیخوا، بەڵام یەکێک لە سەگەکانی دیکەی هەوڵی خوارنی دەدا. دان چەرموو لێی خۆش نابێت، بۆیە وەها زەبرێکی لێدەدا کە سەگەکە سەرئەنجام دەتۆپێ. ” مات” هەڤاڵی ” سکات” پێی وایە کە دان چەرموو تەنیا لە سەر مافی خۆی هەڵیداوە، بەڵام سکات دەڵێ: ” بەڵێ، کەس نابێ لە مافی خۆی خۆش بێت، بەڵام مافیش سنووری هەیە.” (لاپەڕەی208 )
لێرەدا سنوور چیە؟ سنوور بریتیە لەوەی کە دان چەرموو مافی ئەوەی نیە لە پێناوی مافی خۆیدا ئەوی دی بکوژێ. لێرەدا بوونەوەر پلەیەکی بەرزتری لە ماڤ هەیە. سکات یاسا ئاکارییەکان بۆ ناو جیهانی ئاژەڵان دەگوازێتەوە. لە راستیدا دەتوانین بڵێین کە سکات مەبەستی ئەوەیە کە مرۆڤ لە پێناوی ماڤدا مافی ئەوەی نیە کە ئەوی دی بکوژێ. ماڤ بە بوونەوەرەوە بەستراوەتەوە، نەک بوونەوەر بە ماڤەوە. ماڤ ئەگەرچی وەک مانایەکی دابڕاو ( انتزاعی) دەکرێ پێناسە بکرێو بوونی خۆی وەربگرێ، بەڵام بە بوونەوەرەوە دوا مانای خۆی وەردەگرێ. کەواتە ماڤ ناتوانێ لە پێناوی خۆی ئەوی دی بسڕێتەوە. لێرەدا مافی ژیان بەرزترین پلە وەردەگرێ لە ناو هەموو مافەکانی دیکەدا.
– جوانی، مانەوەی دوای مەرگە–
لە چیرۆکی “مردن لە دارستاندا” کە لە نووسینی” شرود ئاندرسن” ە، باس لە پیرێژنێک دەکرێ کە ژیانێکی زۆر هەژارانەو پڕ لە گیرو گرفتی هەیە. تا لە ژیاندایە تەنیا ئەرکی خزمەت کردنی سەگو مریشکو ئەسپو مێردو کوڕە نەگبەتو تووڕەکانیەتی. تەنانەت دوای ئەوەی کە لە رۆژێکی ساردو تووشدا لە ناو دارستان دەمرێ، جانتاکەی سەر کۆڵی پڕیەتی لەو خواردنانەی کە لە گوندەکەی تەنیشتیان کڕیونی. شرود دەڵێ ژیانی ئەم پیرێژنە بریتی بوو لە ناندان، تەنانەت دوای مەرگیشی هەر خەریکی ئەم کارە بوو! نووسەر دەڵێ کە لە تەمەنی منداڵیو گەنجیەتی خۆی کاتێک کە مەرگی ئەم پیرێژنە رووێداوە هەستی بەم مەسەلەیە نەکردووە، واتە ”ناندانی دوای مەرگ”، دواتر کە بەرەو تەمەنێکی بەرزتر هەڵکشاوە، لەم مەسەلەیە گەیشتووە.
چیرۆک بردنی رووداوێکە لە گەنجییەتییەوە بەرەو تەمەنی پیریو کامڵی. چیرۆک بیرەوەرییە، سەرلەنوێ ناسینەوەی ناسراوەکانە، دۆزینەوەی ئەوانەیە کە کاتی خۆی نەماندۆزینەوە. چیرۆک، بیرکردنەوە لە مانەوەی دوای مەرگە.
– چیرۆک، لە نزیک روانینە –
” ڤیرجینیا ووڵف” لە چیرۆکی “میرات”دا باس لە ژنێکی مێرددار دەکا کە خۆی دەکوژێ. مێردەکەی لە چۆنیەتی روودداوەکە ئاگادار نیەو نازانێ کە بۆچی هاوسەرەکەی خۆی کوشتووە. تەنیا دووای خوێندنەوەی دەفتەریادداشتەکانە کە تێدەگا خۆشەویستی هۆکاری خۆکوژیەکە بووە. هاوسەرەکەی ئاشق بووەو دوای تێپەڕینی دوو هەفتە بە سەر خۆکوژی دڵدارەکەیدا، ئەویش کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێ.
پیاوێک ساڵانی ساڵ لە گەڵ ژنەکەی دژی بێ ئەوەی قەت لە دەروونی تێبگا، تەنانەت کاتێک کە ئەشقیش دەرگای دڵی دەکوتێو دەبێ بە میوانی، هێشتا هەر تێناگا. داخۆ ئەمە هۆکارەکەی خۆمەشغوڵیە، یاخود فێڵی ئەشقە کاتێک هەست بە مەترسی دەکا؟ یاخود رەنگە عادەت کردن بێ بە ژیانی ئاسایی رۆژانە، کاتێک کە ئیتر مرۆڤ بڕوا بەوە دێنێ کە خۆشبەختەو ئیدی پێویست بەوە ناکا کە بوومەلەرزەیەکی تر روو لە ژیانی بکاتەوە؟
ووڵف دەڵێ کە چیرۆک دۆزینەوەی بوومەلەرزەکانی دوای هەستی خۆشبەختیە، دۆزینەوەی ئەو شتە دیارانەی کە بە هۆی عادەتەوە نادیار دەبن، چیرۆک دژە عادەتبوونە، هەمیشە بینینەوەی یەک دیاردەیە، چیرۆک لە نزیک روانینە.
– بەرزەخی نێوان ژیانی رۆژانەو ئایدیا کۆمەڵایەتییەکان –
” رووداوی دڵتەزێن ” یەکێک لە چیرۆکەکانی “جیمز جۆیس” ە. لەم چیرۆکەدا ” جیمز دوفی” عاشقی خاتوو ” ئیمیلی سیتیکو” دەبێ. ئەم ئەشقە ناکام دەبێتو هۆکارەکەیشی “جیمز” خۆیەتی. سەرئەنجام دوای چەندین ساڵ خاتوو خۆی دەکوژێ. ” جیمز دوفی” ش کە مرۆڤێکی تەنیایە، بەم مەرگە زیاتر لە جاران هەست بە تەنیایی خۆی دەکا.
جیمز دۆفی فرمانبەری بآنکە. هیچ دۆستو ئاشناو رۆشنایەکی نیە، نە دەچێ بۆ کلیساو نە بڕوای بە هیچ دینو ئیمانێک هەیە. تەنانەت کاتی خۆی کە لە کۆبوونەوەکانی حیزبی سۆسیالیستدا بەشداری کردووە، بەردەوام لە ناو کرێکارە جیددیو بە ئیرادەکاندا هەستی بە تەنیاییو غەریبی خۆی کردووە. رەشبینەو پێی وایە کە تا چەند سەدەی دیکەش هیچ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لە دوبلین روونادات. هەروەها لە گەرمەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ خاتوو ” ئیمیلی”دا دەنگێک لە ناخیەوە هاواری لێ دەکا کە: ” ئێمە ناتوانین هی کەسی دیکە بین، تەنیا هی خۆمانین.”
کەواتە کاراکتێری سەرەکی چیرۆکەکە مرۆفێکی تەنیای رەشبینە. نە ئەشق ئەو تەنیاییەی لێ دەستێنێو نە ئایدیای شۆڕشی کۆمەڵایەتی. مرۆڤێکە کە تەنیایی لای وی نەک هەستێک، بەڵکو بیرو جیهانبینیە. تەنیا رێگایەکە کە سەرەتاو کۆتایی ژیانی پەکەوە گرێ دەدا.
کاتێک مرۆڤ تەنیا هی خۆی بوو، ئاشکرایە هەمو ئەو مانایانەی کە دەرخەری پەیوندیە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤن( وەک ئەشقو وەک شۆڕشی کۆمەڵایەتی) بێ ماناو بێ ناوەرۆک دەبن. کاتێک مرۆڤ تەنیا هی خۆیبوو، دەرەوە بزر دەبێ. بۆ مرۆڤێکی وا تەنیا ژیانی رۆژانە مانای دەمێنێ، ئەویش لە ناو هەستێکی کڕو ماتو سەهۆڵ ئاسادا. لە دۆخێکی وادا مرۆڤ دەبێ بە ماشینێکی دووپاتکەرەوە بە درێژایی هەموو رۆژەکان. کە تەنانەت لەم دووپات بوونەوەشدا بەرە بەرە ژیانی رۆژانەش مانای نامێنێ.
جیمز دوفی مرۆڤی بەرزەخی نێوان ژیانی رۆژانەو ئایدیا کۆمەڵایتییەکانە. ئەو نە بە شتی رۆژانە دڵی خۆشەو نە بە ئایدیا کۆمەڵایەتییەکان. ئەو تەنیا هەست بە خۆی دەکا، خۆی وەک زاتو بوونێکی تەنیا.
– بێدەنگیو نووسەری –
خاتوو ” پەرل ئیس باک” چیرۆکنووسی ئامریکایی کە لە ساڵی 1938 خەڵاتی نۆبلی لە ئەدەبییاتدا وەرگرتووە، لە سەر ئەو بڕوایەیە کە نووسەری کردەیەکی ناکۆمەڵایەتییەو مرۆڤ لە بنەماڵەو لە دۆستانی جیا دەکاتەوە. کاتێک نووسەر دەرگا لە سەر خۆی دادەخاو نوقمی بیرکردنەوەو نووسین دەبێ، ئەوانی دی خەریکی درێژەدان بە ژیانی بەختەوەرانەی خۆیانن. بەڵام سەیر ئەوەیە کە هەر لەو کاتەدا پێی وایە کە بە بێ نووسین ئەو ناتوانێ هەست بە خۆشبەختی بکا. کەواتە نووسەری تراژیدیای پێکەوە گرێدانی خۆشبەختیو ناخۆشبەختییە، گەڕانەوەیە بۆ خۆشبەختییەکی تاقانە، پشت کردنە لە رەوتی ئاسایی ژیان.
بەڵام لە سەر ئەوەی کە نووسەری کردەیەکی ناکۆمەڵایەتییە، خاتوو باک دیارە مەبەستی جۆری پەیوەنی جەستەیی نووسەر لە گەڵ ئەوانی دیکەیە. نووسەر زۆرتر تەنیایەو جەستەی کەمتر لە گەڵ ئەوانی دیکەدایە. بەڵام پێدەچێ ئەم وەسفەی خاتوو بۆ بیرو زەینی نووسەر زۆر راست نەبێ. زەینو بیری نووسەر کۆمەڵایەتیترین جۆری بوونە. هەروەک چۆن بۆخۆیشی یەکێک لە باشترین پیشاندەرەکانی ژیانو خەباتی گەلی چین لە پێناوی ئازادیدا بووە.
هەڵبەت نابێ شتێکی دیکەشمان لە بیر بچێت، ئەویش بریتیە لە بێدەنگیو کاتە کڕەکانی زەمەنی نووسین. نووسەر کاتێ کە دەنووسێ( واتە لە کاتی کۆمەڵایەتیترین کردەدا)، ناو بە ناو بێدەنگییەکی سامناک دادەبەزێتە سەریو لە خۆیدا نوقمی دەکا. رەنگە ئەم بێدەنگییە ئەو پنتە بێت کە هەموو دیاردە هەستپێکراوەکانی دەوروبەر وەها بزر دەکا کە خاتوو” باک” بەرەو ئەم مانا ترسناکە دەبا، واتە ئەوەی کە نووسەری کردەیەکی ناکۆمەڵایەتییە.
–رووداو، ناخی هونەر –
لە چیرۆکی ” تابلۆ” ی ” ئاڵدوس هاکسلی” مشتەرییەک بە مەبەستی کرینی تابلۆیەکی بایەخداری کۆن دەچێ بۆ دوکانێک. لەوێ تابلۆی ئافرەتێک دەبینێ. تابلۆکەی زۆر لا پەسند دەبێ، بەڵام لە سەر کڕینی زۆر ساغ نیە. بەڵام دوای ئەوەی کە دووکاندارەکە بە سەرهاتی چۆنیەتی خوڵقانی تابلۆکەی بۆ دەگێڕێتەوە، مشتەرییەکە حازر دەبێ کە بە پارەیەکی باش بیکڕێ.
هونهری چیرۆک لێرەدا هونەری نیگارکێشی دەخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە. نیگارکێشی شەرعییەتی بوونی خۆی لە چیرۆک وەردەگرێ. رووداوە رئاڵی یا خود خەیاڵییەکان وەک خەرمانە دەوری تابڵۆکە دەدەنو گەشی دەکەنو مێژوویەکی پێ دەبەخشن. وێنەی ژنەکە لەرێگای چیرۆکەوە زیندوو دەبێتەوە. ئیتر تەنیا پەیکەرێکی بێ گیان نیە، دەبزوێو بە هەموو هەستو سۆزو گەرمی لەشو خوێنی خۆیەوە، جیهانی مشتەرییەکە داگیر دەکا.چیرۆک دەبێ بە دایک.
ژیان رووداوە. رووداوە ئاسایی یا خود سیحراوییەکان. ئاڵدوس هاکسلی پێمان دەڵێ کە هەر هونەرێک گەر بە جۆرێک ئاماژە بۆ رووداوەکانی ژیان نەبێت ، هونەر نیە. هەموو هونەرێک لە ناخی خۆیدا راگواستنی رووداوە. رەنگە چیرۆکیش نزیکترین هونەر بێت بە رووداو.
– قۆناغی دڵەراوکێو ترس –
” ئالین روپ گریە” و ” دوناڵد بارتلمە” لە سەر ئەو بڕوایەن کە جیهانی چیرۆک چوارچێوە کۆنەکان بە جێ بێڵێو شێوازێکی دیکە چێ بکا. ئەوان شوئن ئەم کارە کەوتنو چەندەها چیرۆکیان لەم بوارەدا پێشکەش کرد. بنەماێ جیهانبینی ئەم ئاڵو گۆڕە ئەوەیە کە جیهانی نوێ ئاڵۆزەو سیستەمێکی پێکەوە گرێدراوو یەکانگیری نیە. مرۆڤ ئیتر نە ناوەند، بەڵکو بوونێکی لاوەکیە. ئەم ئاڵو گۆڕە لە دەیەی 60 و 70 ی سەدەی بیستەمەوە دەست پێدەکا. واتە لەو دەورانەوە کە دیاردەی ئەنفورماتیک دێتە ئاراوە. لەم دۆخەدا ئیتر مرۆڤ تەنیا لە ژێر سریمەی تەنیا شار یا ناوچەی خۆی نیە، بەڵکو لە ئاستی جیهانیدا بومبارانی رووداو دەکرێ. وێنەو رووداو بە پڕتاوو بە لێشاو بە بێ ئەوەی مەجال بە بیرکردنەوە بدەن، خۆ بە ژوورێدا دەکەن. ئیتر هەموو شتێک بە روواڵەت پچڕپچرەو لە سیستەمێکدا کۆ نابنەوە.
بەڵام خودی ئەم دژەسیستەم بوونەش خۆی لە خۆیدا جۆرێک لە سیستەمە، سیستەمێک کە چوارچێوەی چیرۆکی نوێ دیاری دەکاو لەوەش زیاتر دەربڕی شێوە روانینێکی تایبەتە بە دنیا. رووداو و وێنە لێکترازاوەکان لەم جۆرە چیرۆکانەدا خوێنەر بەرەو دەرەوی چیرۆکەکە پەلکێش دەکەنو ئایدیایەکی ئەبستراکتی تێدا چێدەکەن. بەڵام بۆ وێنە لە چیرۆکەکانی چخۆفدا بە هۆی پەیوەندی ئاساییو لێکگرێدراوی رووداوەکانەوە، خوێنەر هەر لە فەزای چیرۆکەکەدا دەمێنێتەوەو لەوێیە کە هەموو شتێک روودەدا.
لێکترازاویی رووداو و وێنە دەتوانێ لە باری دەروونیەوە پەیام هێنەری قۆناغی دڵەراوکێو ترس بێت. وێنە تۆکمەکان بزر دەبنو لە گەڵیا ئەو جیهانە بەرینو باوەڕپێکراوانەش کە هەر کەسێک بە جۆرێک تێیدا هەستی بە جۆرێک لە ئارامیو متمانە دەکرد، بزر دەبن. چیرۆکی نوێ، چیرۆکی قۆناچی دڵەراوکێو ترسە.
– ژیان، رێکەوتە –
” دۆنالد بارتلمە” لە چیرۆکی “قوتابخانە” دا بە شێوەیەکی پچڕپچڕ باس لە درەخت، مار، باغچە، ماسی، سەگو منداڵێک دەکا. هیچ شتێک ئەم رووداوانە پێکەوە گرێ نادەن، جگە لەوەی کە لە قوتابخانەیەک روو دودەنو جگە لەوەی کە سەرئەنجام هەموویان دەمرن. ئەوە تەنیا “شوێن”و “ئەنجام “ە، کە هەموو ئەم دیاردەو رووداوانە پێکەوە گرێ دەدەن.”شوێن” بەو مانایە کە رووداو مەجبوورە لە شوێنێکدا هەبێو “ئەنجام”یش بەو مانایە کە “رووداو” لە زەمەنێکی دیاریکراودا دەژی. کەواتە هۆو هۆکار( علت و معلول) بە شێوەیەکی گشتی تەنیا لە شوێنو کاتدایەو نە لە هیچی دیکەدا. شتەکان لەم دنیایەدا تەنیا لە پاڵ یەکتر دانراون و ئیتر هیچ پەیوەندییەک بوونی نیە. ئەگەر هەشبێ بە رێکەوتە، ژیان رێکەوتە.
2003
پەراوێز-
تەواوی ئەم چیرۆکانە لە کتێبی ” مرگ در جنگل” لە وەرگێڕانی ڵفدر تقیزادە وەرگیراون.
ئەم وتارە لە گۆڤاری “قەڵەم ژمارە پێنج 5” چاپ کراوە.





دیدگاهتان را بنویسید