ئینشا
ئینشا
نووسینی: ماریه گرونبورگ ئاوبهرتMarie Grønborg Aubert
وه‌رگێڕانی له نۆروێژییه‌وه: فه‌ڕۆخ نێعمهتپور
کورته چیرۆکی گه‌نجانه (1993)
سه‌رچاوه:Stemmer
دیسان ده‌فته‌ر به ده‌سته‌وه دانیشتبوو. دیسان ده‌با ئینشا بنوسێ. چ ئه‌رکێکی بێ مانا! ئه‌مه سه‌ردێڕی ئینشاکه بوو: “چ شتێک به لاته‌وه خاوه‌نی گه‌وره‌ترین مانایه؟” حه! زۆر چاکه! لانی که‌م له سێ لاپه‌ڕه‌دا و له پێنجیش پتر نه‌بێ. جگه له‌وه پنت و ڤیرگول و پیتی گه‌وره و نیشانه‌کانی دی رسته‌تان له بیر نه‌چێت!
لێوی خۆی کرۆشت. چ ده‌بێ ئه‌گه‌ر درۆیه‌کی بچکۆلانه بکا، یا وه‌کوو هه‌ندێک زمان لووسی! نه، باش نیه. به راست ئیستا چ شتێک به لایه‌وه خاوه‌نی گه‌وره‌ترین مانایه؟ به هه‌ر حاڵ ئه‌وه مۆرته‌ن (morten ناوێکی پیاوانه‌یه) نیه که لای وی خاوه‌نی گه‌وره‌ترین مانایه. نا! بیر له مۆرته‌ن مه‌که‌وه! جانتای قوتابخانه بکه‌وه‌و ده‌ست بکه به نووسین. به سه‌ر ده‌فته‌ره‌که‌یدا ده‌نه‌وێته‌وه. سه‌روبه‌ندی هاتنه‌وه‌ی دایکیه‌تی. دایکی له ئیداره‌یه‌ک کار ده‌کا. ئۆی! خه‌ریک بوو له بیری بچێ! به‌ڵێنی به دایکی دابوو که په‌تاته وه‌سه‌ر بنێ. به‌ڵام ئه‌مه پێش دهمبۆڵهکهیان بوو. دایکی بلوزه خوریه‌که‌ی بۆ نه‌کڕیبوو. گوتبووی زۆر گرانه! پاشان گوتبووی ده‌توانین هه‌ر له‌و بلوزه له شوێنێکی دیکه به هه‌رزانتر بکڕین! نزیک مانگێکیش به سه‌ر کڕینی شه‌ڵواره‌که‌یدا تێپه‌ڕیبوو.
دایکی تێناگات! له شوێنی دیکه بلوزی وا به‌و نه‌قش و نیگاره‌وه په‌یدا نابێت. کوا چوارسه‌د کڕۆن زۆره؟ ئۆی ده‌بێ ئینشاکهی بنووسێ. ده‌یتوانی سه‌باره‌ت به ئیمتحان بنووسێ. یان سه‌باره‌ت به پشیلهکیان که ناوی تینکا Tinkaبوو، که ئێستا له سه‌ر قاچی پاڵ که‌وتبوو و نووستبوو. یان ده‌یتوانی له سه‌ر هه‌ندباڵ یا خود له سه‌ر… نا ئیدی ئه‌مانه به لایه‌وه زۆر گرنگ نه‌بوون. هه‌ستایه سه‌ر پێ. به ئاسته‌م به لاقی، تینکای لاداو چوو بۆ مه‌تبه‌خ.
دیسان هه‌وا به‌ره‌و تاریکی ده‌ڕۆیشت. ویش له پاییز! ویش له ئینشا! ویش له په‌تاته! په‌تاته‌کانی پاک کرد و خستنیه ناو قابله‌مه‌یه‌ک و سه‌ر ئاوری خستن. په‌نجه‌کانی له به‌ر ئاوه‌که‌دا سوور هه‌ڵگه‌ڕان. حه‌زی نه‌ده‌کرد دایکی بێته‌وه. بێگومان ئیستاش هه‌ر توڕه بوو.ده‌نگی سه‌یاره‌یه‌ک. بڵێی ئه‌و بێت؟ نا. دایکی نه‌بوو. بزه‌یه‌کی هاتێ. هه‌ستی به لهشسووکیهک کرد. تینکا له خه‌و هه‌ستا و ئارام به‌ره‌و لای هات. له باوه‌شی گرت و به‌ره‌و لای ده‌فته‌ره‌که‌ی گه‌ڕایه‌وه.
ره‌نگه بیه‌وێ له سه‌ر تینکا بنووسێ. ئه‌وه‌نده‌ی پێ نه‌چوو که ده‌رگاکه که‌وته سه‌ر پشت.
ـ کچم ئانیا Anja! له ماڵی؟
ـ به‌ڵێ!
ـ خه‌ریکی دهرسهکانتی یان شتی دیکه؟
ـ ئینشام هه‌یه.
ـ ئۆۆ، ده‌بێ بابه‌تێکی سه‌رنجراکێش بێت.
هات له په‌نای کچه‌که‌ی دانیشت و ویستی له ئامێزی گرێت. ئانیا کشایه‌وه.
ـ ئه‌وه چیه، بێ تاقه‌تی؟
ـ نا!
ـ توڕه‌ی؟
ـ نا!
ـ یان دیسان به‌زمی بلوزهکهیه؟
ـ نا… نا، گوتم که هیچ نیه!
ـ زۆر چاکه.
دایکی ئه‌مه‌ی گوت و رۆیشت. پشتی دایکی توڕه دیار بوو.
ـ ئاگات له پهتاتهکانه؟
ـ ئا، وابزانه که ئاگام لێیانه!
ـ ئاو له گه‌ڵ من مه‌دوێ.
ئه‌وسا چوو بۆ هۆڵی دانیشتنه‌که، رۆژنامه‌که‌ی هه‌ڵگرت و ده‌ستی کرد به خوێندنه‌وه‌ی.
دیسان ئینشاکه. چ ده‌بێ ئه‌گه‌ر له سه‌ر بلوزه‌که بنووسێ؟ هه‌ر ئیستا ئه‌مه بۆ ئه‌و خاوه‌ن مانایه‌کی گه‌وره‌یه. به‌ڵام که‌مێک منداڵانه ده‌نوێنێ. “ئه‌وه‌ی که به لای منه‌وه خاوه‌نی گه‌وره‌ترین مانایه، ئه‌وه‌یه که که من ئه‌و بلوزهم به‌ر نه‌که‌وت که بۆ خۆم حه‌زم لێی بوو…” نه نه نه! سوکه شه‌قێکی له تینکا سره‌واند. هستی کرد تینکا ترسا. تینکا جگه له‌وه‌ی که له ژێر مێزه‌که دانیشتبوو و قاچی ئه‌وی گه‌رم ده‌کرده‌وه، هیچ تاوانێکی دیکه‌ی نه‌بوو!
ـ ئانیا، ده‌توانی بێی مێزه‌که بچنی؟
ـ به‌ڵام من ده‌بێ ئینشا بنووسم…
ـ ده‌توانی دواتر بینووسی.
ـ نه، ناتوانم. ئه‌وه‌نده کاتم مه‌گره!
ئه‌مه‌ی گوت بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌که‌ی ره‌قتر بێت.
ـ هه‌ر ئیستا دێیت و ئه‌وه‌ی ده‌که‌ی که من پێم گوتی. له دوو ده‌ققه زیاتر ناخایه‌نێ. هه‌روه‌ها ئاگام لێیه که جارێکه هیچت نه‌نووسیوه.
ـ باشه ده‌ی!
ئه‌مه‌ی گوت و راچهنیه سه‌ر پێ. فرمێسکی توڕه‌یی چاوانی لێڵ کرد.
ـ به‌رده‌وام ده‌ڵێی و ده‌ڵێی! قه‌تیش ناتوانم بلوزێک بکڕم! که‌چی ده‌بێ هه‌میشه‌یش یارمه‌تیت به‌م. ئه‌گه‌رچی کاریشم هه‌بێ. ره‌وا نیه! رقم لێته پیره! پیرێژنی زۆربڵێ!
هێشتا قسه‌کانی ته‌واو نه‌بووبوو که په‌شیمانی دایگرت. دایکی بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ لێی راما. دواتر گوتی:
ـ به راستته!
ـ ئا به‌راستمه!
ده‌یزانی درۆ ده‌کا. ده‌یزانی که زیاتر حه‌زی به‌وه‌یه که دایکی له ئامێز گرێ و داوای لێبوردنی لێ بکا.
ـ بڕۆ ئینشاکهت بنووسه.
به‌ڵام نه‌ڕۆیشت. مایه‌وه‌و له عه‌رزه‌که راما. داوای لێبوردن بکا یا نا…؟ ئه‌وسا بیری بلوزه نه‌رم و جوانه‌که که‌وته‌وه که دایکی بۆی نه‌کڕیبوو. ئه‌مه که‌مێک ویژدانی ئاڵۆزی ئارام ده‌کرده‌وه. گه‌ڕایه‌وه به‌ره‌و ژووره‌که‌ی، به‌ره‌و تینکا و ئینشا نه‌نووسراوه‌که‌ی. ده‌نگێک له ژووری دانیشتنه‌که‌وه ده‌هاته گوێی. بڵێی ده‌نگی گریانی دایکی بێت؟
دیسان به دیار ئینشاکهوه دانیشته‌وه. به‌ڵام بێسوود بوو. کاتی ئه‌وه بوو که ته‌له‌فۆن بۆ مۆرته‌ن بکا. ته‌له‌فۆنی بۆ بکا و باسی بلوزه‌که‌ی بۆ بکا و ئه‌ویش دڵنه‌وایی بداته‌وه. به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ته زۆری نه‌خایاند. مۆرتهنی گێژ و وێژ! ئینشای بێ مانا! ئۆف، دنیای نه‌فرین لێکراو!
له ناو جێگاکه‌یدا بوو که دایکی هات. سه‌ری کردبووه ناو سه‌رینه‌که و هه‌وڵی ده‌دا نه‌گری.
ـ ئانیا خه‌وتووی؟
ـ نا نه‌خه‌وتووم.
له‌و گریانه‌ی به‌ربینگی پێ‌گرتبوو، تووڕه بوو. سکی له برسا قۆڕه‌ی ده‌هات. ئه‌م شه‌و هیچی نه‌خواردبوو.
ـ که‌مێک لات داده‌نیشم.
بۆ ماوه‌یه‌ک هیچیان نه‌گوت.
ـ ئانیا ئه‌وه ده‌گری؟
ـ نا ناگریم.
هه‌نیسکی ده‌دا. سه‌ری له سه‌ر سه‌رینه‌که هه‌ڵگرت. دژوار هه‌ناسه‌ی هاته‌وه به‌ر. حه‌زی ده‌کرد دایکی بڕوا.
ـ دایکه؟
ـ به‌ڵێ؟
ـ من… نا له بیری که.
دایکی دانه‌وییه‌وه. باوه‌شی پێدا کرد و ئارام لاواندییه‌وه. وه‌ک منداڵێکی بچووک. ئیستا ئیدی که‌وته گریان و چیدی ده‌ربه‌ستی شاردنه‌وه‌ی نه‌بوو.
ـ دایکه خۆشم ده‌وێی.
ـ منیش خۆشم ده‌وێی.
ـ دایکه رقم لێت نیه. به‌راستم نه‌بوو.
ـ ده‌زانم.
ـ نه پیریت و نه پیرێژنی زۆر بڵێ.
سه‌ری خسته سه‌ر شانی دایکی. له‌ده‌روونه‌وه ده‌کرایه‌وه. دایکی ده‌ستماڵێکی دایه.
ـ ئینشاکهت ته‌واو کرد؟
که‌مێک پێکه‌نی و به ده‌ستماڵه‌که لووتی سڕی.
ـ نه هێشا ده‌ستم پێنه‌کردووه.
هه‌ردوو ده‌ستیان کرد به پێکه‌نین.
ـ دایکه زۆرم برسییه.
ـ که‌مێک ئاوم سه‌ر گازه‌که خستووه.
گوێی لێ‌بوو که دایکی ئاوه‌که‌ی ده‌کرده ناو کترییه‌که‌وه. ده‌فته‌ر و قه‌ڵه‌مه‌که‌ی دیسان هه‌ڵگرته‌وه. ماوه‌یه‌ک راما و بیری کرده‌وه. ئه‌وسا ده‌ستی کرد به نووسین.
17.07.2006
دیدگاهتان را بنویسید