جیاوازییه‌کانی رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات
جیاوازییه‌کانی رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات
دواکه‌وتویی به مانای بارودۆخ و شێوازی ژیانکردنی کۆمه‌ڵگایه‌ک به نسبه‌ت راده‌ی گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی تر یان رابردوی هه‌مان کۆمه‌ڵگایه و به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م خاڵه، وشه‌ی دواکه‌وتوویی ناتوانێ هه‌ڵگری مانا بێت. به واته‌یه‌کی تر به‌بێ هه‌لسه‌نگاندنی کۆمه‌ڵگایه‌ک له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگاکانی تر یان رابردووی هه‌مان کۆمه‌ڵگا، ناشێ بڵێین که ئایا کۆمه‌ڵگا به دواکه‌وتوویی ماوه‌ته‌وه یا خود پله‌کانی پێشکه‌وتنی بڕیوه.
زۆرکه‌س دواکه‌وتویی و پێشکه‌وتویی به پێوانه‌ی داهاتی وڵات هه‌ڵئه‌سه‌نگێنن و هه‌شن که رێکخراوه مه‌ده‌نیه‌کان (N.G.O) و په‌ره‌سه‌ندنیان به مه‌رج ده‌زانن. هه‌ندێ که‌سیش په‌روه‌رده‌و فێرکردن، ئاگایاری، داڕشتنی سیاسه‌ت و ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ر نه‌هاده کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگا به گرینگ ده‌زانن.
ده‌ستنیشانکردنی هۆکاره‌کانی دواکه‌وتنی ئاسیا به گشتی و ئێران به تایبه‌تی و هه‌روه‌ها پێشکه‌وتنی غه‌رب له هه‌مو بواره‌کانی ئابووری، یاسایی، کۆمه‌ڵایه‌تی و … پرسیارێکه که وڵامی جۆراوجۆری پێدراوه‌ته‌وه.
سه‌رجه‌می تیۆریه‌کان سه‌باره‌ت به هۆکاره‌کانی دوواکه‌وتویی ئێران له‌م سێ خاڵه‌ی خواره‌وه کۆ ئه‌کرێنه‌وه:
1 . هۆکاری ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی به‌رپرسیاری دواکه‌وتویی له ئێرانه.
1 . هاتنی ئیسلام و هێرشی عه‌ره‌ب بۆسه‌ر ئێران.
2 . هێرشی مۆغۆله‌کان بۆ سه‌ر ئێران.
3 . سه‌رهه‌لدانی دیارده‌ی ئیستیعمار و له ئاکامدا زاڵبونی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی ئه‌مپریالیسم.
2 . هۆکاری زه‌ینی و کولتوری و که‌سایه‌تی ئێرانی به‌رپرسیاری دواکه‌وتویی له ئێرانه.
1 . فه‌رهه‌نگی ئێرانی یان نه‌زۆکه یان روخێنه‌ر.
2 . گه‌شه‌نه‌سه‌ندن یان پوکانه‌وه‌ی زانست و عیلم.
3 . هه‌بوونی پێوانه و بایه‌خی نوێ و ئینسانی داهێنه‌ر، مه‌رجی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگایه. ئینسانه‌کان له کۆمه‌لگای پێشکه‌وتوو بڕوایان به‌و بایه‌خه تایبه‌تیانه‌یه که پێکهێنه‌ری په‌یوه‌ندیه‌کانی گه‌شه‌سه‌ندنه. ئه‌م جۆره ئینسانانه له وڵاتانی دواکه‌وتو زۆر که‌من.
3 . هۆکاری ئابووری و په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له کۆمه‌ڵگا هۆکاری سه‌ره‌کیه.
1 . شێوازی تایبه‌تی به‌رهه‌مهێنان له سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی دوای ئیسلام (1153-1038) نه‌یهێشتوه په‌یوه‌ندیه‌کانی سه‌رمایه‌داری له ئێران دروست ببێ و به‌رگری لێکردوه.
2 . ئاماژه به ستراکتۆری عه‌شیره‌یی و کۆچبه‌ری ده‌کات و نیشته‌جێ نه‌بوونی قه‌بیله‌کان به‌رگری له پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگا و گه‌شه‌سه‌ندنی سیاسه‌ت کردوه. هۆکاره‌که‌شی به که‌م بوونی ئاو ده‌زانێ وه‌ها که خێڵه‌کان مه‌جبوور بوون گه‌رمێن و کوێستان بکه‌ن. ئه‌م شێوه ژیانه په‌یوه‌ندییه‌کانی عه‌شیره‌یی به‌هێز ده‌کاو له ئاکامدا فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌تی عه‌شیره‌یی سه‌قامگیر ده‌کات.
3 . سه‌رهه‌ڵنه‌دانی په‌یوه‌ندییه‌کانی سه‌رمایه‌دای پیشه‌سازی و سه‌رئه‌نجام دواکه‌وتوو مانه‌وه‌ی ئێران. شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئاسیایی له کشت و کاڵ‌دا له سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی، یهکانگیرترین شێوه‌ی کشت و کاڵیی له جیهاندایه که بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له ئاسیادا سهههلنهدات و دواکه‌وتو بمێنێته‌وه.
***
ئه‌وه‌ی که جیهانی رۆژئاوای ئیمڕۆی پێکهێنا، جۆری به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری بوو و ئه‌وه‌ی که شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری پێکهێنا په‌یوه‌ندی و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی سه‌رده‌می فێئۆدالیسم بوو. ئه‌وه‌شی که فێئۆدالیسمی (به شێوه‌ی رۆژئاوا) دروست کرد، خاوه‌نداریه‌تی تاکه‌که‌سی به سه‌ر زه‌مین بوو، که ئه‌م سیانه (1- به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری 2- فێئۆدالیسم به شێوه‌ی رۆژئاوا 3- خاوه‌نداریه‌تی تاکه‌که‌سی زه‌مین) هیچیان به گشتی له ئاسیا و به تایبه‌تی له ئێران هیچ کاتێک وجودیان نه‌بووه و پیکنههاتوون.
ته‌نانه‌ت سیسێمی کۆیلایه‌تی که له یۆنان هه‌بوو و له بازاره‌کاندا کۆیله‌کان ئهکڕدران و ئه‌فرۆشران، له ئێران قه‌ت بازاری وه‌ها نه‌بیندراوه. که‌واته نابێ وشه‌ی غوڵام (غلام) یان که‌نیز یان نۆکه‌ر له‌گه‌ڵ کۆیله یه‌کسان بزانین، چونکه سیسته‌می کۆیلایه‌تی داب و نه‌رتی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و بازاری کۆیله و کرین و فرۆشتنی یه‌کێک له سه‌ره‌کیترین داهاتی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و سه‌رده‌مه بووه. ئه‌مه له کاتێکدایه که له ئێران قه‌ت بازاری وه‌ها پیک نه‌هاتووه و ته‌نیا له چوارچێوه‌ی که‌نیز یان نۆکه‌ر ماوه‌ته‌وه. بارودۆخ و په‌یوه‌ندیه‌کانی ئابووری له ئێران سیسته‌می کۆیلایه‌تی دروست نه‌کرد، چونکه ژیان کردن له چوارچێوه‌ی قه‌بیله و سیسته‌می کاست به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا زاڵ بوو و کۆمه‌ڵگای به چوار چین دابه‌ش کردبوو:
1 . ئاگروان : مامۆستا ئایینیه‌کان و بنه‌ماڵه‌ی پاشا
2 . ئهرتهشوانهکان
3 . ده‌بیر یان ئه‌وانه‌ی له دیوان و ده‌وڵه‌ت ئیشیان ئه‌کرد.
4 . جوتیار و پیشه‌وه‌ره‌کان.
له‌و چاخه‌ی که له یۆنان و رۆم، کۆیله، که‌ره‌سه‌ی سه‌ره‌کی تجاره‌ت و ئابووری بوو، ئێران به‌سه‌ر ئه‌م چوار چینه‌دا دابه‌ش ببوو و له هێند هه‌روه‌ک ئێران بگره زیاتریش سیسته‌می کاست به‌هێز بوو و دینی هێندووش وه‌ک دینی زه‌رتۆشت پشتیوانی له‌م سیسته‌مه ده‌کرد. دینی هێندوو و ده‌وله‌ت تێکئاڵان و ده‌وڵه‌ت بوو به ده‌سه‌ڵاتێکی دینی زۆر به هێز. سیسته‌می کاست یه‌کێک له هۆکاره‌کانی دواکه‌وتویی هێند بووه. سیسته‌می کاستی له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یه که هه‌ژاری و فه‌قر دیارده‌یێکی ئاسمانیه‌و ده‌ستکری خودایه و هه‌ربۆیه ئه‌م سیسته‌مه به پیرۆز ده‌زانێ و دینیش پشتیوانی سه‌ره‌کی سیسته‌می کاستی بووه.
ئه‌ساس و بنه‌مای سیسته‌می کاستی، ره‌گه‌ز و خوێنه. ئه‌م سیسته‌مه له ئێران به هێرشی ئیسلام تێکشکا، چونکه له ناو عه‌ره‌به‌کاندا ئه‌م سیسته‌مه وجودی نه‌بوو. هه‌روه‌ها به هاتنی ئیستێعماری ئینگلیس سیته‌می کاستی له هێند بنه‌بڕ کرا. ماڕکس و ئه‌نگێڵس له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌دان که ده‌سه‌ڵات و پاوانی ده‌وڵه‌تی به‌سه‌ر ئابووری له ئاسیادا ئه‌وه‌نده به‌هێزه که ته‌نیا له رێگای هۆکارێکی ده‌ره‌کی وه‌کوو هێرشی غه‌رب ده‌شکێن.
***
راده‌ی ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به ئاو، هۆکارێکی گرینگ له هه‌ڵبژاردنی شوێن و جۆری ژیان کردنی ئینسانه‌کان بووه. که‌م بوونی ئاو له ئاسیا شێوازی کشت و کاڵ و جۆری ئاودانی زه‌وییه‌کانی له‌گه‌ڵ رۆژئاوای تێرئاو، جیا کردۆته‌وه. ئه‌مه‌ش کاری کردۆته سه‌ر په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له جڤاگدا. ئێحسانی ته‌به‌ری له کتێبی (برخی بررسیها درباره جهانبینیها و جنبشهای اجتماعی در ایران) ده‌نوسێت:
“به‌شێکی هه‌ره گه‌وره‌ی بێ ئاوی جیهان له سه‌حرای ئافریقاوه هه‌تا چین ئه‌گرێته‌وه و له‌م وڵاتانه بۆ ڕاگرتن و پاراستنی سیسته‌می ئاویاری ده‌ستکرد، ده‌با گرووپی گه‌وره‌و تایبه‌تی له کرێکاره‌کان –کورپوراسیۆن- لێبڕاوانه هه‌وڵ بده‌ن هه‌تاکو به‌نداوو کارێز و سه‌د و جۆگه‌ی ئاو هه‌ڵکه‌نن” ئه‌م کاره‌ش پێویستی به سیسته‌مێکی به‌هێز و چالاک هه‌بووه که بتوانێت زۆر به رێک و پێکی ئه‌نجامی بدات و پارێزگاری لێبکات و له ئه‌نجامدا ئاو به‌سه‌ر جوتیاراندا دابه‌ش بکات.”
ده‌زگای ده‌وڵه‌ت ده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌م جۆره سیسته‌می ئاویاریهدا گرت و به‌ڕێوه‌بردنی به ئه‌ستۆ گرت. له ئه‌ساسدا ته‌نیا ده‌زگایێکی گه‌وره‌و به‌رین ده‌یتوانی ئه‌م ئه‌رکه ئه‌نجام بدات که ئه‌ویش ده‌وڵه‌ت بوو. به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا چونکا پاشا سه‌رۆکی ده‌وڵه‌ت بوو هه‌روه‌ها زه‌مین به بێ ئاو بایه‌خێکی نه‌بوو، ئیتر پاشا بوو به خاوه‌نی هه‌موو زه‌وییه‌کان. له ئه‌نجامدا خاوه‌نداریه‌تی به‌سه‌ر زه‌میندا له قه‌واره‌ی تاکه‌که‌سی قه‌ت له ئێران‌دا درووست نه‌بوو به‌ڵکوو خاوه‌نداریه‌تی کۆیینه(ده‌وڵه‌ت) وه‌کوو قه‌واره‌ی سه‌ره‌کی له به‌رهه‌مهێناندا پێک هات. یانی له ئاسیادا هۆکاری که‌م بوونی ئاو به‌رگری کردووه له چێ‌بوونی خاوه‌نداریه‌تی فه‌رد و تاکه‌که‌س به‌سه‌ر زه‌میندا. ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ده‌وڵه‌ت به‌سه‌ر سیسته‌می ئاویاری زه‌وی و زارێکی زۆر و به‌رین، ئیستیبدای شه‌رقی به‌هێز کرد و گه‌یاندیه ئه‌وپه‌ڕی خۆی که ماڕکس به ناوی “دیسپۆتیسمی شه‌رقی” ناوی لێده‌با. ئیستیبداد له نه‌وعی رۆژهه‌لاتی ئاکامی ئه‌م بنه‌ما ئابووریه‌ی تایبه‌ت به رۆژهه‌ڵات و ئاسیا بووه.
توندووتیژیی دیسپۆتیسمی شه‌رقی له سه‌رده‌می ساسانیه‌کاندا لایه‌نی دینسالاری –تئۆکراتیک- پێ زیاد ده‌بێت و ئیتر پاشا ده‌بێت به دیارده و مه‌وجودێکی ئاسمانی.
ماده‌کان یه‌که‌مین قه‌ومێکی ئاریایی بوون که توانیان حکومه‌تی یه‌کانگیر له ئێران‌دا دروست بکه‌ن. هه‌موو قه‌ومه‌کانی ئاریایی ئه‌و سه‌رده‌مه هێشتا به شێوه‌ی ئاژه‌ڵداری، شوانی و کۆچبه‌ری ژیانیان ده‌کرد. ماده‌کان به ڕام کردنی ئه‌سپ توانیان هێزێکی گه‌وره‌ی لۆجێستیکی بۆخۆیان بدۆزنه‌وه‌و ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو قه‌ومه‌کانی دیکه‌دا بگرن و له ئاکامیشدا حکومه‌تی ئاشوور بڕوخێنن. له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی ماده‌کاندا بوو که به‌ره به‌ره شێوازی به‌رهه‌مهێنانی ئاژه‌ڵداری و کۆچبه‌ری و شوانی گۆڕاو شێوازی کشت و کاڵی په‌ره‌ی پێدرا. دوای روخانی حکومه‌تی ماده‌کان، حکومه‌تی هخامهنێشیهکان ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرت که 300 سال درێژه‌ی کێشا. له سه‌رده‌می هخامهنێشیهکاندا بوو که بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی که‌م بوونی ئاو یه‌که‌مین کارێز لێدرا. ئیتر کشت و کاڵ گه‌شه‌ی کرد، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت ده‌ستی به‌سه‌ر دابه‌ش کردنی ئاودا گرت. له وڵاتی ئێرانی که‌م ئاوی کۆن، زه‌وی به‌بێ ئاو هیچ بایه‌خێکی نه‌بوو، هه‌ربۆیه دابه‌شکه‌ری ئاو یانی ده‌وڵه‌ت و سیسته‌می حکومه‌تی ئه‌وکات، بوو به خاوه‌نداری هه‌موو زه‌وی و زاره‌کان. له سه‌رده‌می هخامهنێشیهکاندا هه‌موو زه‌وی و زاره‌کان هینی پاشا بوون. ته‌نانه‌ت خاوه‌ن زه‌وییه قهبهکانیش ئه‌و زه‌مینانه‌ی که بوویان به هی خۆیانیان نه‌ده‌زانی و هه‌رکات پاشا بیویستایێ ده‌یتوانی لێیان بستێنێته‌وه. ئه‌و دۆخ و سیسته‌مه به هێرشی عه‌ره‌به‌کان، تورکه‌کانی ئاسیای ناوه‌ندی، مۆغۆله‌کان، ده‌ست بهدهستبونی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست قهومهکانیتری ئێران تێکنه‌شکاو هه‌تا کاتی ره‌زاشا مایه‌وه‌و گۆڕانکاریه‌کی ئه‌وتۆی به‌سه‌ر نه‌هات. ته‌نانه‌ت ره‌زاشا پاش ئه‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و زه‌وی و زارانه‌دا گرت که هی ئه‌ربابه بچوک و گه‌وره‌کان بوو، بوو به گه‌وره‌ترین خاوه‌نی زه‌مین له سه‌رده‌می خۆیدا. له سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی یه‌کانگیری باوکسالاری (پاتریمۆنیال یان شاباوکی)، پاشا باوکی گه‌ل و گه‌لیش ره‌عیه‌تی (فه‌رمانبه‌ر) پاشا له‌قه‌ڵه‌م ده‌درا.
عه‌ره‌به‌کان دوای هێرشی ئیدئۆلۆژیکی ئیسلامی بۆ سه‌ر ئێران، حکومه‌تی ساسانیه‌کانیان روخاند، به‌ڵام بنه‌مای ئابوری یانی شێوازی به‌رهه‌مهێنان له کشت و کاڵ‌دا به هه‌مان شێوه‌ی جارانی مایه‌وه‌و ده‌ستی لێنه‌دراو نه‌گۆڕا. عه‌ره‌به‌کان چونکه له نیشتمانی خۆیان له رێگه‌ی کشت و کاڵه‌وه ژیانیان به‌ڕێوه نه‌ده‌برد و سیسته‌مێکی دیاریکراو و پته‌ویان له کشت و کاڵ‌دا نه‌بوو، کاتێ که ئێرانیان داگیر کرد به‌رنامه‌ی نوێیان بۆ ئه‌و هه‌موو زه‌وی و زاره نه‌بوو که داگیریان کردبوو. ئیتر ناچار هه‌مان به‌رنامه و سیسته‌می ئێرانیه‌کانیان به‌ڕێوه برد و درێژه‌یان پێدا. هه‌روه‌ها عه‌ره‌به‌کانی پێش ئیسلام قه‌ت حکومه‌تێکی یه‌کانگیر و یه‌کده‌ستیان نه‌بوو و ته‌جروبه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت و ده‌زگای حکومه‌تیان نه‌بوو و کاتێ ئیمپێریای ئێران و ده‌وڵه‌ته‌که‌یان داگیر کرد که‌وتن به‌سه‌ر ده‌زگایێکی پان و به‌رینی ده‌وڵه‌ت که نه‌یانده‌زانی و نه‌یانتوانی به شێوه‌ی خۆیان به‌ڕیوه‌ی به‌رن، ناچار زۆر ده‌ستیان تێوهرنهداو هه‌روا هێشتیانه‌وه و “سوڵتان” یان “خه‌لیفه” جێگای “پادشا”ی پر کرده‌وه.1
درێژه‌کێشانی ئه‌م دوو خاوه‌نداریه‌تیه (تاکه‌که‌سی و کۆیی) له رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوادا بۆ دوو داهاتووی جۆراوجۆر رێگای خۆش کرد. دوو جۆر ده‌سه‌ڵات، دوو جۆر سیاسه‌ت، دوو جۆرفهرههنگ که هه‌رکامیان تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه.
***
له‌ناوچونی ئیمپێریای روم (که له‌سه‌ر بنه‌مای ئابووری کڕین و فرۆشتنی کۆیله به‌رێوه ده‌چوو) به هۆی قه‌یرانی هه‌ناوی یانی شۆڕشی کۆیله‌کان و کۆلۆنیاکان، و هێرشی قه‌بیله‌کانی ژێرمه‌ن وه‌کو هۆکارێکی ده‌ره‌کی بۆ جارێکی‌تر په‌یوه‌ندیه‌کانی عه‌شیره‌یی له وڵاته داگێرکراوهکاندا زیندوو کرده‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به جێگای یه‌کیه‌تی قه‌بیله‌کان، سه‌دان قه‌ڵه‌مره‌وی چکۆله‌ی کشت و کاڵی له‌سه‌ر بنه‌مای خاوه‌نداریه‌تی تاکه‌که‌سی زه‌مین چێ بوو. هۆکاری خاوه‌نداریه‌تی تاکه‌که‌سی زه‌مین، پاشماوه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی قه‌بیله‌یی تێکشکاندو په‌یوه‌ندی چینایه‌تی دروست کرد.
پڕژوبڵاوی و زۆری حکومه‌ته‌کانی ناوچه‌یی و بچوک، جێگای حکومه‌تی یه‌کانگیریی سیاسی رومی گرته‌وه و قه‌بیله‌کانی ژێرمه‌ن که له شوماله‌وه هاتبون، هه‌مو زه‌وی و زاره‌کانیان به‌سه‌ر خۆیاندا دابه‌ش کرد و نیشته‌جێ بوون. (واندالهکان له ده‌وروبه‌ری ده‌ریای مه‌دیته‌رانه، گاته‌کان له ئیسپانیا، ئه‌نگێل و ساکسۆنه‌کان له به‌ریتانیا و وانک و گێل و ئێسترۆگێتهکان له ئیتالیا نیشته‌جێ بوون). قورسایی ژیان له‌سه‌ر شانی کۆیله‌کان سوکتر بوو و پارچه زه‌مینێکیان هه‌بوو و ناوی کۆیله له‌سه‌ریان داماڵدراو بوون به “سرف”. زۆربه‌ی جوتیاره‌کان هه‌ر له‌م کۆیلانه بوون و له‌سه‌ر ئه‌و زه‌مینانه‌ی که له حکومه‌تی رومیان سه‌ندبوو کشت و کاڵیان ده‌کرد.
له‌گه‌ڵ چڕوپڕی ئه‌م هه‌موو ئاڵوگۆڕه له ئؤروپا، هیچ کاتێک وشکیی عه‌رد و نه‌بوونی ئاو موشکیله‌ی بۆ جوتیاره‌کان ساز نه‌کرد و به پێچه‌وانه‌ی ئاسیا، له ئۆروپادا زۆری ئاو رۆڵێکیتری گێڕاوه‌و ده‌رفه‌تێکی زیاتری بۆ بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ره‌خساندوه و ئاسه‌واری خۆی له‌سه‌ر پێکهاته‌و بنه‌ما کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به شێوهیێکیتر نیشان داوه.
سیستێمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی (فئۆدالیسم) له ئۆروپا ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی هه‌بوو:
فئۆدالیسم له غه‌رب له سه‌ر بنه‌مای خاوه‌نداریه‌تی تاکه‌که‌سی به‌سه‌ر زه‌میندا راوه‌ستا.
فئۆداله‌کان خاوه‌نی رێکخراوی سیاسی یه‌کانگیر و به‌هێز نه‌بوون، چونکه سیسته‌مه ئابوریهکهشی وه‌کو سیسته‌مه سیاسیه‌که‌ی یه‌کانگیر نه‌بوو.
له رۆژهه‌ڵات زۆرترین وزه‌ی جوتیارا بۆ دابینکردنی ئاو به‌کار ده‌هێندرا، به‌ڵام له رۆژئاوا وانه‌بوو. له شه‌رق بۆ دابینکردنی ئاو پێویستی به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و رێکخراوه و هێزێکی زۆری ئینسانی هه‌بوو (ده‌وڵه‌ت یان خاوه‌نداریه‌تی کۆ). له شه‌رق زه‌مین به بێ ئاو بایه‌خێکی نه‌بوو و خاوه‌نداریه‌تی زه‌مین په‌یوه‌ندی به خاوه‌نداریه‌تی ئاو، یان سه‌رچاوه‌ی ئاوههبوو.
له رۆژهه‌ڵات به پێچه‌وانه‌ی رۆژئاوا له چاخی ده‌ره‌به‌گایه‌تیدا، زه‌میندار و تاجر یه‌ک بوون، یانی ئه‌وه‌ی که تیجاره‌تی ده‌کرد هه‌مان زه‌مینداره گه‌وره‌کان بوون به‌ڵام له ئۆروپادا تاجره‌کان ره‌قیبی فئۆداله‌کان بوون.
له غه‌رب هه‌موو زه‌ویه‌کان به‌سه‌ر فئۆدالهکاندا دابه‌ش ببوو و هینی پاشا نه‌بوون و هه‌ر فئۆدالێک له قه‌ڵای خۆیدا سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی هه‌بوو و له ناوچه‌ی خۆیدا یاسای تایبه‌ت به خۆی به‌ڕێوه ده‌بردو ته‌نانه‌ت هێزی چه‌کداری تایبه‌ت به خۆی هه‌بوو، به‌ڵام له رؤژهه‌ڵات پادشا ده‌یتوانی هه‌ر کات پێی خۆش بێت پارچه زه‌مین بدات به که‌سێک یان لێی بستێنێته‌وه.
ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی فئۆدال له قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆیدا هه‌روه‌ها خاوه‌نداریه‌تی فئۆدال و زه‌مینه‌که‌ی وه‌کوو یاسا له‌لایه‌ن حکومه‌تی ناوه‌ندی رێزی لێ ده‌گیراو پارێزگاری لێده‌کرا.
له رۆژهه‌ڵات په‌یوه‌ندی له نێوان پادشا و چه‌ند “تیولدار”دا هه‌بوو، به‌ڵام له رؤژئاوا په‌یوه‌ندی له نێوان سه‌دان فئۆدال و تیولدار هه‌بوو. (تیول یان فیفfief، یانی زه‌مین سه‌رچاوه‌ی داهات، له‌لایه‌ن فئۆدالهوه ده‌درا به که‌سێک (واسال) که خزمه‌ت و پارێزگاری چه‌کدارانه له فئۆدال بکات).
دابه‌شبوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له نێوان فئۆداله‌کان تایبه‌تمه‌ندی بنه‌ڕه‌تی ده‌ره‌به‌گایه‌تی له رۆژئاوادا بوو، به‌ڵام له شه‌رق، یه‌کانگیر و له ده‌ستی پادشادا بوو.
له شه‌رق خاوه‌نداریه‌تی کۆ یان ده‌وڵه‌تی، به‌رگری له شکانی قه‌واره‌ی نه‌ریتی به‌رهه‌مهێنان ده‌کرد و له لایه‌که‌وه نه‌یده‌هێشت هێزی نوێی وه‌کوو بازرگانی سه‌ربه‌خۆ و سهنعهتگهر سه‌رهه‌ڵده‌ن و له لاکهیتریشهوه پێشی ده‌گرت له ره‌ها بوونی جووتیاره‌کان له زه‌مین یانی کرێکاری ئازاد (ره‌ها له زه‌مین و ئازاد له خاوه‌نداریه‌تی) ده‌کرد.
له ئۆروپا پادشا خاوه‌نی هه‌موو ئیختیارێک نه‌بوو و به گشتی ئه‌توانین بڵێین به هۆی پشتیوانی فئۆداله‌کان درێژه‌ی به پادشاهی خۆی ده‌دا، به‌ڵام له رۆژهه‌ڵاتدا، حاکمه ناوچه‌ییه‌کان هیچ رۆڵێکیان له مانه‌وه یان هه‌ڵبژاردن یان لابردنی پادشادا نه‌بوو و ته‌نانه‌ت له شه‌رق حاکمه ناوچه‌ییه‌کان به فه‌رمانی پاشا ده‌گۆڕدران.
له سیسته‌می فئۆدالیسمی غه‌ربدا، کلیسای کاتولیکیی ده‌وڵه‌تی، وه‌کوو بنکه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ پادشا‌و ئهربابهکاندا به‌ربه‌ره‌کانی ده‌کرد. کلیسا، فئۆداله‌کان، پادشا وه‌کوو سێ به‌ش و سێ هێزی جیا له یه‌کتر له ده‌سه‌ڵاتدا هه‌رده‌م له به‌ربه‌ره‌کانی و هاوکاری و هاوژینی له‌گه‌ڵ یه‌کدا بوون. به واته‌یێکیتر ده‌سه‌ڵات ته‌نیا یه‌ک سه‌رچاوه‌ی نه‌بوو به‌ڵکوو به‌سه‌ر ئه‌م سێ به‌شه‌دا دابه‌ش کرابوو. ئه‌مه‌ش بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که سیستمێکی یه‌کانگیری خاوه‌نده‌سه‌ڵات پێک نه‌یێت، به‌ڵام له شه‌رق تێکهه‌ڵچوونی دین و ده‌وڵه‌ت خوێنمژترین جۆری حکومه‌تی دروست کرد.
***
زێده‌به‌رهه‌م، سه‌رچاوه‌ی دروستبوون و گه‌شه‌سه‌ندنی شارنشینی، پیشه‌سازی و بازرگانیه. به‌ڵام چونکه له ئاسیادا زه‌مین هینی پاشا بوو و هه‌روه‌ها جوتیاریش له به‌رهه‌می کشت و کاڵ‌دا ته‌نیا به‌شێکی هه‌ره که‌می به‌رده‌که‌وت، هه‌مووی ئه‌م خێره یانی زێده‌به‌رهه‌م ده‌که‌وته ده‌ستی زه‌مینداره هه‌ره گه‌وره‌کان و سه‌رئه‌نجام ده‌چووه گیرفانی پادشا یان سوڵتان.
سه‌رمایه‌داری له ئۆروپا له گونده‌وه ده‌ستیپێکرد و له‌گه‌ڵ شار و تجاره‌ت له شار په‌یوه‌ندی گرت. به واته‌یێکیتر بورژوازی، دێهاتی به شاره‌وه نوساند و له هێزی جوتیاره‌کان به‌هره‌ی وه‌رگرت.
تاجره‌کان له سه‌ره‌تادا چه‌رخ یان ده‌زگای رستن و چنینیان له ماڵی جوتیاره‌کاندا داده‌نا، هه‌تا ئه‌و کاتانه‌ی که به کشت و کاڵه‌وه خه‌ریک نین خۆیان به رستن و چنینه‌وه خه‌ریک بکه‌ن (مانۆفاکتۆرهکان). به‌م شێوه‌یه جوتیاره‌کان له پاڵ کشت و کاڵ‌دا داهاتێکیتریان ده‌ست که‌وت. تاجره‌کان هه‌موو ماتریالێکیان بۆ فه‌راهه‌م ده‌کردن و به‌رهه‌م و چندراوهکانیان لێ ده‌کرین و بۆ شاریان ده‌برد.
له هه‌مان کاتدا بازرگان و تاجره‌کان زه‌مینه‌کانیان له فئۆداله‌کان ده‌کڕی هه‌تا مه‌ڕ و بزنی تیا بله‌وه‌ڕێنن و له پاشاندا خوری و پهشمهکانیان بفرۆشن. دوای کڕینی زه‌مینه‌کانی کشت و کاڵ بۆ له‌وه‌ڕی مه‌ڕ و بزن، جوتیارێکی هه‌ره زۆر بێکار و بێزهمین کران. ئه‌م جوتیارانه ناچار هه‌موو هێزی خۆیان له رستن و چنیندا به‌کار هێنا و ئه‌م کاره بوو به کارێکی سه‌ره‌کی بۆیان و جوتیاره‌کان له‌م پڕۆسهدابوون به کرێکار و کرێیان وه‌رده‌گرت. (له په‌رلمانی لۆرده‌کانی ئینگلیس، له‌به‌رده‌م ته‌ختی پاشا، تورهکهیێک پڕ له خوری داندراوه و ره‌ئیسی په‌رلمانی لۆرده‌کان له‌سه‌ر ئه‌م توره‌که داده‌نیشێ. ئه‌م توره‌که خوریه وه‌ک نه‌ریتێکی سه‌رده‌می پادشایی ئینگلیستان ماوه‌ته‌وه و به مانای ئه‌وه‌یه که هه‌ر له کۆنه‌وه به‌خێوکردن مه‌ڕ و چنینی جل و به‌رگ به خوری داهاتێکی سه‌ره‌کی خه‌زانه‌ی پاشا بووه.)
دوای ماوه‌یێک تاجره‌کان هه‌موو ده‌زگاکانیان له ماڵه‌کان گواسته‌وه بۆ یه‌ک ماڵ و به‌م شێوه‌یه کارگه‌ی بچوکیان له دێهاته‌کان ساز کرد و کرێکاره‌کان ده‌چون له‌وێ کاریان ده‌کرد. به‌م شێوه‌یه تاجره‌کان و بازرگانه‌کان توانیان جوتیاره‌کان له زه‌مین هه‌ڵقه‌نن و بیانکه‌ن به کرێکاری خۆیان. له هه‌مان کاتدا زهمینهکانیشیان له ده‌ره‌به‌گه‌کان ده‌کڕی و ئه‌مه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که به‌ره‌به‌ره سیسته‌می فئۆدالی بێ هێز و بێهێزتر بێت.
سه‌ره‌نجام کاتێک مانۆفاکتۆرهکان (به‌رهه‌مهێنانی ده‌ستی) کران به کارخانه، کرێکاره‌کان له هه‌موو خاوه‌نداریه‌تی بێبه‌ش کران و جگه له هێزی کاری خۆیان شتێکیتریان بۆ فرۆش پێنه‌بوو.
پوڵ و دراو هۆکاری لێکهه‌ڵوه‌شاندنی به‌رهه‌مهێنان به شێوه‌ی قه‌دیم بوو، چونکه بازرگانه‌کان و تاجره‌کان به چه‌کی پوڵ ده‌رگای قه‌ڵای فئۆدالهکانیان شکاند‌و بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که کرێکاری ئازاد و بێ هه‌ده‌ف بخوڵقێنێ. ئه‌م ئاڵوگۆڕه یانی بێزهمینکرانی جوتیاره‌کان و ئاواره‌بوونی هه‌ره‌زۆریان به‌ره‌و شاره‌کان، ژان و بێ چارهنووسیهکی دڵته‌زێنی له‌گه‌ڵ خۆی هێنا. کرێکاره‌کان نه‌یانده‌توانی له‌م نیزامه نوێیه‌دا خۆیان رێکخه‌ن، هه‌ربۆیه هه‌ره‌زۆریان تووشی سواڵکه‌ری و چه‌ته‌یی و به‌ره‌ڵڵایی بوون. له ئاخره‌کانی سه‌ده‌ی پانزه 15 و هه‌موو ساڵه‌کانی سه‌ده‌ی شانزه 16، له گشت ئۆروپای غه‌ربی یاسای ره‌ق دژ به به‌ره‌ڵڵایی ئاماده کرا. بۆ وێنه له زه‌مانی پادشا هانری هه‌شته‌مدا لانی که‌م حه‌فتاودوو هه‌زار 72.000 نه‌فه‌ر به تاوانی به‌ره‌ڵڵایی له سێداره دران.
له سه‌ده‌کانی 16 و 17 زایینی‌دا دوای به‌رینبوونه‌وه‌ی کتوپڕی تیجاره‌ت و په‌یدا بوونی بازاڕی جیهانی هه‌روه‌ها په‌ره‌سه‌ندنی به‌رهه‌مهێنانی کاڵای جۆراوجۆر و ره‌قه‌به‌رایه‌تی ئۆرووپاییه‌کان بۆ کۆنترۆڵی کاڵای ئاسیاییه‌کان و هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه‌ی زێر و زیوێکی زۆر له ئامریکا و به‌کارهێنانی سیسته‌می ئیستیعماری2، هه‌مویان ده‌ستیان خسته ناو ده‌ستی یه‌ک و قه‌ڵاکانی فئۆدالهکانیان یه‌ک به دوای یه‌کدا ده‌ڕوخاند و سه‌رمایه‌داری زیاتر و زیاتر په‌ره‌ی ده‌سه‌ند.
کاڕڵ ماڕکس له کتێبی کاپیتال ده‌نووسێ: “له سه‌ره‌تادا تیجاره‌ت پێشمه‌رجی راگواستنی سه‌نعه‌ت و پیشه‌ی ده‌ستی، سه‌نعه‌تی ناوچه‌یی له گونده‌کان و سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی و کشت و کاڵی بۆ سه‌ر بنکه‌ی سه‌رمایه‌داری بوو، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئه‌و تاجرانه یان خۆیان بوون به سهنعهتگهر یان سهنعهتگهره چکۆله‌کانیان له دێهاته‌کان والێده‌کرد که بۆ ئه‌وان کالا به‌رهه‌م بێنن”. ئه‌مه تایبه‌تمه‌ندی گۆڕانی سه‌رمایه‌داری له رۆژئاوا به تایبه‌ت له ئینگلیستان بوو.
له رۆژهه‌ڵات و له ئێرانیشدا وه‌کوو ئۆروپا، دۆخێک پێویست بوو که تاجره‌کان بکات به سهنعهتگهر، به‌ڵام ئه‌م بارودۆخه قه‌ت له ئێران پێک نه‌هات و ته‌نانه‌ت ئێستاش سه‌رمایه‌داره‌کانی ئێران لایان باشتره له بواری ئاڵوگۆڕی شتومه‌کدا بمێننه‌وه، بۆ ئه‌وان هیچ گرینگ نیه که ئه‌م کالایانه له ئێران به‌رهه‌م دێن یان له هه‌نده‌ران یان ئه‌وه‌ی که کالا به‌رهه‌می کشت و کاڵ بن یان که‌ره‌سه‌ی خاو. که‌واته ئه‌شێ بڵێین سه‌رمایه‌ی به‌رهه‌مهێنان ده‌بێ به‌سه‌ر سه‌رمایه‌ی تیجاری سه‌رکه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی که ئاڵوگۆڕیش به‌سه‌ر تیجاره‌تدا بهێنێ. کاڕڵ ماڕکس له کاپیتالدا ده‌نوسێ: “له کۆمه‌ڵگاکانی پێش سه‌رمایه‌داریدا، تیجاره‌ت به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێناندا حاکم و زاڵه، به‌ڵام له کۆمه‌ڵگاکانی مۆدێڕن‌دا ئه‌م پێوه‌ندیه ئاوه‌ژوو ده‌بێته‌وه”.
تێپه‌ڕکردنی دۆخی سه‌رمایه‌داری تیجاری و ئابووری کشت و کاڵی بۆ سه‌ر دۆخی سه‌رمایه‌داری سه‌نعه‌تی و به‌رهه‌مهێنان، مه‌رجی سه‌ره‌کیی گه‌شه له قه‌ڵه‌م ده‌درێ وبه‌هێز نه‌بوونی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگای ئێران له‌م بواره‌دا بۆ رێکخستنی ئه‌م ئاڵوگۆڕیه هۆی سه‌ره‌کی درێژه‌کێشانی دواکهوتوومانهوهی ئێران له‌م سه‌رده‌مه‌دایه.
په‌یوه‌ندیه‌کانی ئابووری له ئێران له‌م سه‌ده‌ی ئاخریهدا له قۆناغی سه‌رمایه‌داری تیجاری ماوه‌ته‌وه‌و نه‌یتوانیوه بگات به قۆناخی سه‌رمایه‌داری پیشه‌سازی. سه‌رمایه‌داری تیجاری هیچ ناکۆکیێکی له‌گه‌ڵ دین و حکومه‌تی پادشایی و ئابووری کشت و کاڵیدا نیه. ته‌نانه‌ت وڵاته خارجیه‌کان هه‌موو کات لایه‌نگریان له ده‌ره‌به‌گه خاوه‌ن زه‌مینه‌کان و پادشا ده‌کرد، که هه‌موو ئه‌مانه بهریدهگرت له په‌ره‌سه‌ندنی سه‌رمایه‌داریی پیشه‌سازی. به‌ڵام له ئۆروپا سه‌رمایه‌داری پیشه‌سازی ته‌نگی به کلیسا، فئۆداله‌کان، وپادشا هه‌ڵچنی و به گژ هه‌موویاندا چووه‌وه، تا راده‌یێک که ده‌سه‌ڵاتی له پادشا که‌م کرده‌وه‌و دینی له ده‌وڵه‌ت وه‌ده‌رنا و سیسته‌می فئۆدالی به یه‌کجاری تێکشکاند و سیسته‌می نوێی خوڵقاند.
ئه‌وه‌ی که به ته‌مه‌دونی رۆژاوا ناو ده‌برێ، لێکدانێکه له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه:
1 . گه‌شه‌سه‌ندنی زانست و فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌قڵی
2 . شۆڕشی پیشه‌سازی
3 . شارنشینی
4 . دموکراسیی سیاسی
5 . به‌هادان به تاک
6 . جیایی دین له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی یان ده‌وڵه‌ت
7 . ده‌وڵه‌تی مۆدێڕنی هه‌ڵبژێردراو و قانونی
8 . کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی
9 . گه‌شه‌ی ئابوری و ژیانی خۆشگوزه‌رانی
10 . به‌ڕیوه‌بردنی مافی مرۆڤ و هه‌روه‌ها مافه‌کانی شارۆمه‌ندی
11 . میلله‌تگه‌رایی و ده‌وڵه‌ت- میلله‌ت
12 . ئاسوده‌تر ژیان کردن زه‌ینی و عه‌ینی به هۆی گه‌شه کردنی تێکنۆلۆژی
13 . پێکهاته و تێکه‌ڵاویێک له په‌یوه‌ندیه‌کانی سه‌رمایه‌داری
سه‌رچاوه: چرا ایران عقب ماند و غرب پیش رفت؟ نوسینی دکتر کاظم علمداری
ئاماده‌کردنی: فه‌رهاد نێعمه‌تپوور
………………………………………………………
1 _ دینی ئیسلام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ئایدیۆلۆژیایه‌کی ئاسمانی بانگه‌شه ده‌کرد, ده‌یویست قه‌بیله‌کانی عه‌ره‌ب یه‌ک بخات و حکومه‌تێکی یه‌کانگیری عه‌ره‌بی چێ بکات. و سه‌رکه‌وتوانه ئه‌م کاره‌ی ئه‌نجام دا. یانی ئیسلام له سه‌ره‌تای شکڵگرتن و سه‌رکه‌وتنیدا هه‌موو هه‌وڵی بۆ به‌ده‌سته‌وه گرتنی ده‌سه‌ڵات بوو و له ئاکامدا توانی حکومه‌تێکی ئیسلامی دروست بکات. له ئێرانیشدا دینی زه‌رتۆشت وه‌ها له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت تێکه‌ڵاو ببوو که مۆغه‌کان نه‌ته‌نیا له ده‌سه‌ڵاتدا ده‌ستێکی باڵایان هه‌بوو به‌ڵکوو زۆر جاریش مۆغه‌کان ده‌بوونه پاشا. ئه‌رده‌شیری بابه‌کان دامه‌زرێنه‌ری حکومه‌تی ساسانی (224 زایینی) مۆغی زه‌رده‌شتی بوو و دینی زهرتۆشتیش مه‌زهه‌بی ره‌سمی ده‌وڵه‌ت بوو. ئه‌م له‌یه‌ک چونه‌ی حکومه‌ت کردنی عه‌ره‌به موسوڵمانه‌کان له‌گه‌ڵ ساسانیه زهرتۆشتیهکان(یانی یه‌ک بونی دین و ده‌وڵه‌ت) بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که دینی ئیسلام ساناتر جێگای حکومه‌تی ساسانیه‌کان پڕ بکاته‌وه.
2 _ ئا. سویان، له کتێبه‌که‌یدا به ناوی: “توسعه ارضی مستعمرات اروپا” ده‌نوسێ: هه‌تا ئاخری سه‌ده‌ی 19 هه‌موو دنیا (ئاسیا، ئامریکای لاتین و ئافریقا، ئۆستورالیا) له‌به‌ینی ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌کانی ئۆروپا و ئامریکا دابه‌ش کرا و کران به کۆلۆنیا. سیاسه‌تی بهکۆلۆنیزه کردن له‌لایه‌ن وڵاته سه‌رمایه‌داریه‌کان، یانی داگیر کردن و دابه‌ش کردنی ئه‌و وڵاتانه‌ی که هێشتا داگیرنهکرابوون له ئاخری سه‌ده‌ی 19دا سه‌رکه‌وتوانه ئه‌نجام دران و داگیرکران و به‌سه‌ر هه‌موو دنیادا زاڵ بوون. له‌و سه‌رده‌مه‌دا که به‌ناوی ئهمپێریالیسم به‌ناوبانگه، دوای ئه‌م داگیرکردن و دابه‌شکردنه هه‌وڵیان ئه‌دا هه‌موو ژێرخان و که‌ره‌سه‌ی خاو تاڵان بکه‌ن و ده‌ستی هه‌زاران کرێکار بڕفێنن و له ئاکامدا به‌سه‌ر بازاری جیهانیدا زاڵ ببن. سه‌رئه‌نجام جگه له کاره‌ساتێکی گه‌وره‌ی سیاسی، ده‌سکه‌وتێکی ئه‌تۆیان به‌جێ نه‌هێشت.
دیدگاهتان را بنویسید