فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

فەنتازیا بە تەنیا ناتوانێ جیهان بگۆڕێ

کات 22/04/1390 301 بازدید

دڵخواز فەیزوڵڵا: ئەو ڕێیانە کامانەن، کە دەبنە پردی پێوەندیی نێوان نووسەر و وەرگر؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور: لەم پرسیارەدا دیار نییە، کە مەبەست لە نووسەر، چ جۆر نووسەرێکە، بۆ نموونە: نووسەری سیاسی، فەلسەفی، ئەدەبی، یاخۆ ڕۆژنامەنووس، بەڵام بە گشتی، دەتوانین بڵێین فاکتۆرەکان بۆ چێکردنی وەها پێوەندییەک جۆربەجۆرن، کە دەکرێ بەم نموونانە ئاماژە بکرێ: زاڵبوون بە سەر بابەتی نووسین، شارەزابوون لە میتۆد، هەبوونی ڕۆشنبیرییەکی باش لە بارەی بابەتی دیارکراوەوە، ناسینی کۆمەڵگەی خود لە باری کولتوورییەوە، ڕەچاوکردنی زمانێک، کە بتوانێ هەم هەڵگری توخمەکانی مەنتقی توانای نوێگوتن لە بابەتدا، هەم هەڵگری میراتی زمانی باو بێ. هەروا نووسەر شارەزای سایکۆلۆژیای کۆمەڵگە و ئەو کێشە کۆمەڵایەتی، تاکیانە و فیکرییانە بێ، کە کۆمەڵگە لە دەروونی خۆیدا پێیانەوە‌ سەرقاڵە، ئەگەرچی کۆمەڵگە، یاخود تاک، خۆی ناتوانێ گوزارشتیان لێ بکا.

ئەڵبەت، ئەم فاکتۆرانە ئاراستەکەیان لە نووسەرەوەیە بەرەو کۆمەڵگە، یاخود وەرگر، یانیش خوێنەر، بەڵام کۆمەڵێک فاکتۆری دیکە هەن، کە ئاراستەکانیان لە وەرگرەوەیە بەرەو نووسەر، ئەوانیش بریتین لەوەی، کە لە کۆمەڵگەدا ئاستێکی شیاو بۆ کولتووری خوێندنەوە هەبێ، بەو مانایەی: لە کۆمەڵگەدا، هەم دەبێ خوێنەری نوخبەمان هەبێ، هەم جەماوەرێکی باشی هۆگری خوێندنەوە. لە نەبوونی وەها فاکتۆرگەلدا، زەحمەتی نووسەران بە فیڕۆ دەچێ، سەرەڕای ماندووبوونی زۆریشیان، دەستکەوتی وەهای لێ ناکەوێتەوە، کە بە هۆیەوە شاد بن.

ئەڵبەت، نابێ لە بیرمان بچێ، کە لە دەرەوەی ئەم بازنەیە، هێندێک جار پشێویی نێو کۆمەڵگە لە بارودۆخی ئابووریی و کولتوورییەوە، دەتوانێ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە گشتییەتی ئەم دۆخەدا هەبێ. لە وەها دۆخێکدا، پردی پێوەندییەکان دەپسێ و “پێوەندیی قووڵ” بە تووش کێشەوە دەبێ.

بە ڕای من، ئەم پێوەندییە قووڵە، بە زەمانێک دروست دەکرێ، کە هەم لە کۆمەڵگەدا جۆرێک لە دامەزراوەیی و دڵنیایی هەبێ، هەمیش جۆرێک لە ئومێد بە داهاتوو. لە بەستێنی لێکدراوەییی ئەم دووانەدا، نووسەری باش، دەتوانێ پێوەندییەکی قووڵ لەگەڵ وەرگردا دروست بکا.

دڵخواز فەیزوڵڵا: بۆچی بە شێوەیێک لە شێوەکان کار لە ڕەخنەی ئەدەبی بەراوردکاریی نەکراوە، تاکو لەم بارەیەوە سەرچاوەمان هەبێ، لە کاتێکدا دەبوو ئێستا زیاتر لە جاران بایەخ بەم لایەنە درابا؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور: ڕەخنەی بەراو‌ردکاریی، لە چاو ڕەخنەی ڕۆتینیی [ئەگەر بتوانم ئەم وشەیە بە کار ببەم] پێویستی بە بنەمایەکی فیکریی بەهێزتر و بە خوێندنەوەیەکی فراوانتر هەیە. ڕەخنەگری بەراوردکار، دەبێ توانای ئەوەی هەبێ، دەقی زمانەکانی دی، بە زمانی خۆیان بخوێنێتەوە. لە نەبوونی وەها دیاردەیەکدا، مەترسیی بەراوردێکی خراپ، لە ئارادایە. لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی وەها دیاردەیەک، ئەوە بێ کە ڕۆشنبیرانی ئێمە زیاتر بە ڕەخنەی ڕۆتینییەوە‌ سەرقاڵن، هەتا شتی دیکەی پێویست، یان لەوانەیە نەزانینی زمانی دیکە بێ، وەها کە دەستڕاگەیشتنی ڕەخنەگران گەلێک ئاسانتر بکا، یانیش لەوانەیە ئەوەی ڕەخنەی ڕۆتینی بە جۆرێک چەقبەستن لەسەر یەک دەقە، بەڵام ڕەخنەی بەراوردکاریی لەسەر دوو، یان چەند تێکست‌ بە ئەنجام دەگا، بەم پێیەیش بێ، کاری فراوانتری دەوێ، لەوەی کراوە.

دڵخواز فەیزوڵڵا: ئێستا لە کوردستان، داهێنان و ڕێکلام هاوئاستن لە خستنەڕووی ئاستی دەق، بەڵام ئەو ڕێکلامەی مەبەستمە، بە سەر خوێنەر و ڕاگەیاندن و دەستەڵاتی سیاسیی حیزبەکان، دابەش بووە. نووسەری ئافرێنەر، بۆ ئەوەی پردێکی تەندروست بۆ پێکگەیشتنی داهێنان- ڕێکلام دروست بکا، چی دەبێتە کۆمەککارێکی تەندروستی؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور: وەرامی ئەم پرسیارە ئێجگار دژوارە. بە داخەوە، یان بە خۆشییەوە، هەمیشە دەقنووسین وەک هەر دیاردەیەکی دیکەی کۆمەڵایەتی، لەم جیهانەدا پێوەندییەکی بەهێزی بە جۆری پێوەندییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگەوە هەیە. بە ڕای من، هاوسەنگیی نێوان داهێنان و ڕێکلام، ئەو کاتەیە کە کۆمەڵگە بۆ خۆی خوێنەر و چاوەدێرێکی باشی دەق بێ، کە مەبەست لەمە هەمان بوونی توێژی بەهێزی خوێنەری نوخبە و ڕۆشنبیرییەکی باش لە کۆمەڵگەدایە، لە نەبوونی ئەم دوو فاکتۆرانەدا [هەمیشە بە داخەوە] ئەوە فاکتۆرەکانی دیکەن، بە تایبەت دەستەڵات و ڕاگەیاندن، کە دەوری سەرەکی دەبینن.

دڵخواز فەیزوڵڵا: چی لەو واقیعە تاڵە بکەین، کە خەیاڵ و فەنتازیا ناتوانن بیگۆڕن؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور: خەیاڵ و فەنتازیا ناتوانن جیهان بگۆڕن. جیهان جەستەیەکی فیزیکییە، کە پێویستی بە کەرەسەیەکی فیزیکیی هەیە، بۆ گۆڕینی‌. ڕۆسۆ قسەیەکی جوانی هەیە، کە دەڵێ: دەستەڵات بوونێکی فیزیکیی، واتە جەستەیییە، جا ئەگەر بڕوامان بەوە هەبێ، کە دەستەڵات دنیا دەگۆڕێ، کەواتە بۆ گۆڕینی دنیا دەبێ ببینە دەستەڵاتێکی فیزیکیی. خەیاڵ و فەنتازیا دوو لە پێشمەرجەکانی گۆڕانن، بەڵام خودی گۆڕان نیین. لە خەیاڵ و فەنتازیادا، مرۆڤ کەرەسە دەروونییەکانی گۆڕان چێ دەکا، کە بۆ گۆڕانێکی بنەڕەتیی، ئێجگار پێویستن. جا بۆ ئەوەی واقیعی تاڵ بگۆڕدرێ، دەبێ خەیاڵ و فەنتازیا خۆیان بە کەرەسە ماددیەکانیشیەوە گرێ بدەن.

دڵخواز فەیزوڵڵا: یێک لە ڕوانینەکانی دێرک واڵکۆت وەهایە: “ئەدەب، دەمی زامێک هەڵدەداتەوە، قووڵترە لەو زامەی مێژوو هەڵی دەداتەوە”. دەتوانین بەم شێوەیە بڵێین: لێکۆڵەر و ڕەخنەگری کوردیی، قووڵتر دەچنە نێو پێکهاتەی دەقەکانەوە؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور: ئەم ڕستەیەی واڵکۆت، قسەیەکە وەک زۆربەی قسەکانی دیکه،‌ کە لە بارەی ئەدەبەوە‌ گوتراون. قسەیەک، کە ڕاوەستانێکمان پێ دەکا و دەبێتە هۆی لێڕامانمان. ئەگەر مێژوو بە ڕووداو بزانین، ئەوا بینینی ڕاستەوخۆی ڕووداوێکی مێژوویی، لەوانەیە کەمتر کاریگەریی لەسەر زەینی مرۆڤ نەبێ، لە چاو ڕووداوێکی ئەدەبیی. شتێک کە ئەم ڕووداوە مێژوویییە لە ڕووداوی ئەدەبیی جودا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئێمە لە ئەدەبدا دواتر ئەم ڕووداوە لە گشتییەتێکدا دەبینینەوە. ڕووداوی ئەدەبیی، بە هۆی بەرجەستەبوونی تاکەوە لە دەقی ئەدەبییدا، زۆرتر تایبەتی دەکرێتەوە، هەر بۆیە مەلمووستر و هەستپێکراوتر دەبێ. جا بەم ڕادەیەش کاریگەرییەکەی پتر دەبێ. کەواتە بە پێی ئەم لۆژیکە، دەکرێ ئەدیبی کوردیش، قووڵتر بچێتە نێو پێکهاتەی ڕووداوەکانەوە.

دڵخواز فەیزوڵڵا: ڕۆشنبیرانی کورد توانیویانە بە کەرەسە مۆدێرن و چەمکە جیهانییەکان، دۆخی گشتیی ئێستای کوردستان بخوێننەوە و قەیرانەکان بەرەو چارەسەر پەلکێش بکەن؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور: ئاشکرایە: تاکو ئیستا خویندنەوەی دۆخی گشتیی کوردستان، خوێندنەوەیەکی پتر سیاسییە. هەر بۆیە تاکڕەهەندییە و هیچ خوێندنەوەیەکی تاکڕەهەندییش نابێتە هۆکارێکی بنەڕەتیی، بۆ پەلکێشکردنی قەیرانەکان بەرەو چارەسەرکردن. جگە لەمە، من وا هەست دەکەم، کە جۆرێک میتۆدی نیچەیییانە بە سەر ڕۆشنبیری کوردیدا زاڵە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی لە ئارامش و سەبرێکی زانستی، بۆ خوێندنەوەی کۆمەڵگەکەی بەهرەمەند نەبێ. ڕۆشنبیری کوردی، تا ڕادەیەکی بەرچاو ڕەقە و زیاتر هەست دەکەی: تەنانەت ئەوکاتیش کە دەیوێ زانستی بنووسێ، ڕۆحی سیاسەتی لە پشتەوەیە. دەڵێی هەمیشە دەیوێ هەرچی خێرا شەڕەکەی خۆی ساغ بکاتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، کە زانست نەرم و نیانە و پەلە ناکا. لەوانەیە نەبوونی پێوەندییەکی بە هێز لە نێوان زانستگە و ڕۆشنبیری کوردیدا، سەرەکیترینی هۆکاری ئەم کێشەیە بێ.

دڵخواز فەیزوڵڵا: ڕۆشنبیرانی کورد دەزانن بیر لە چی دەکەنەوە و لە پشت بیرکردنەوەکانیاندا چ مەبەستگەل خۆیان نواندووە؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور: بە ڕای من، هەموو ڕۆشنبیران دەزانن بیر لە چی دەکەنەوە، بەڵام لەوانەیە هەموویان نەزانن چۆن بیری لێ دەکەنەوە و چۆن تێیدا قووڵ دەبنەوە. هەر بەم پێیە: لەوانەیە هەموو ڕۆشنبیران نەزانن چ مەبەستێک لە پشت بیرکردنەوەکانیاندا خۆی حەشار داوە. لەوانەیە لێرەدا هیچ پێویستێکیش بەوە نەبێ، کە چ مەبەستێک لە ئارادایە. بە ڕای من، گرینگتر لەمە، وردبوونەوە لە خودی بابەتی لێکۆڵینەوەکەیە، کە دەبێ سەرنجمان ڕابکێشێ.

ئەرەستوو، بە پێی دیدی تێۆلۆگییانەی خۆی، پێی وابوو کە هەموو شتێک لەم دنیایەدا خاوەن مەبەستێکە، کە دواتر زانستی نوێ ئەمەی ڕەت کردەوە. جا با ئێمەیش زۆر لەم مەبەستانە ورد نەبینەوە، ئەوەندەی مەبەستمان خودی لێکۆڵینەوەکەی ڕۆشنبیر بێ. بە ڕای من، ڕۆشنبیر ئەگەر بتوانێ لێکۆڵینەوەیەکی باش پێشکێش بکا، خۆبەخۆ مەبەستەکەیشی دیارکردووە و پێکاویەتی.

دڵخواز فەیزوڵڵا: لە نێو ڕۆشنبیرانی ئێستای کوردستاندا، کۆمەڵێک گرووپ ئامادەیییان هەیە. دەتوانین بڵێین ئەو گرووپانە بنەمای تەندروستیان هەیە بۆ درێژەدان بە کارەکانیان؟ بۆچی ئەو گرووپانە هەر دەمێک و کەسێک وەک (ڕۆشنبیری گەورەی کورد) دەناسێنن؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور: لە جیهانی ڕۆشنبیرییش دا، وەک جیهانی سیاسیی، دەستەبەندی دەبیندرێ. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە نێوان جۆری ڕوانین و ڕاڤەی ڕۆشنبیراندا، جیاوازی هەیە. بە ڕای من: ئەمە دیاردەیەکی سروشتیە و پێوەندیی بە جووڵەی زاتیی ڕۆشنبیران و جۆری تەماسیان لەگەڵ تیۆرەکان، هەروەها جۆری پێوەندی دانی ئەم تیۆرانە بە دۆخی تایبەتی کۆمەڵگەوە هەیە. بۆ وێنە: ئەو ڕۆشنبیرەی ڕەخنە لە هەموو بوارەکاندا ڕەچاو دەکا (بۆ وێنە لە خوێندنەوەی مێژوودا)، جیاوازیی هەیە ‌لەگەڵ ئەو ڕۆشنبیرەی دیکە، کە لە ڕوانگەی ئیسباتییەوە بۆ دۆخی ئیستا، لە مێژوو دەڕوانێ. هەروەها دەکرێ لە نێو ئەو ڕۆشنبیرانەیشدا کە ڕەخنەیی لە مێژوو دەڕوانن، بیروبۆچوونی جیاواز هەبێ. بە ڕای من ئەمە خۆی لە خۆیدا خراپ نییە، بەڵام نابێ ببێتە هۆی ئەوەی، کە جیاوازیی بیروڕا ببێتە هۆی نەبینینی توانایییەکانی تەرەفی بەرابەر. پانتاییی بیر، ئەوەندە گەورە و بەرینە، کە ئەگەر هەر ڕۆشبیرێک بە قووڵیی بچێتە بواری جێی سەرنجی خۆیەوە، دەتوانێ لە هەمان کاتدا جێی ئەوی دیکەیش بە ناحەق داگیر نەکا. بە ڕای من: شوێنی ڕۆشنبیر، ئەوەندەی ئەستوونی پێناسە دەکرێ، ئاسۆیی ناکرێ. بریا ئێمە لە هەموو بوارەکاندا (بوارە دژ بەیەکەکانیش) ئەوەندە ڕۆشنبیری ڕاستەقینەمان هەبووایە، کە دەستبردن بۆ کار و بەرهەمی هەر کامیان، ببایە جێی سەرسوڕمانی هەموومان. بۆ وێنە: ئەگەر تماشای بیرمەندانی ئەورووپا بکەین، دەبینین کە کانت و هیوم دوو جۆر ڕوانینیان بۆ ئەتیک، واتە ئەخلاق هەیە، بەڵام مرۆڤی لایەنگری هەر کامیان، کاتێک ئەوی دیکەیان دەخوێنێتەوە، بە ئاسانی دەتوانێ سەرنجی ڕابکێشێ و ببێتە هۆی سەرسوڕمانی.

پێم وابێ: هێشتا بۆ ڕۆشنبیری کورد، یان بۆ گرووپەکانی نێو ئەم ڕۆشنبیرییە، زووە خەریکی دەستنیشانکردنی ڕۆشنبیری گەورە بێ. ڕۆشنبیری کورد، تەنانەت هێشتا ئەوەندە دەقە مەزنەکانی جیهانی بە زمانی خۆی لە بەردەستدا نییە تاکو دیعایەیەکی لەم چەشنەی هەبێ. بریا لە جیاتی ئەم کارە، ئەو ڕۆشنبیرانە زیاتر بە کاری ڕاگواستنی ئەم دەقانەوە سەرقاڵ دەبوون.

دڵخواز فەیزوڵڵا: کاتێک بۆ حەفتاکانی ڕۆمان و چیرۆکی کوردی دەگەڕێینەوە، وەک هەبوون، چیرۆکمان هەیە، بەڵام دیدی بیۆگرافییانەی نووسەرەکانیان، هەردەم هەوڵی سەلماندنەوەی بوونی دەقەکان دەدەن، نەک پرسیار، بۆ ئەوەی چیرۆکیش ببێ بە پرسیار لە بەردەم مرۆڤدا، لە ڕوانگەی ئێوەوە: پێویستە ڕەوتەکە چۆن وەربچەرخێندرێ؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور: لە ڕاستیدا، کێشەیەک لە نێوان نووسەرەکانی ئەو سەردەمە و نووسەرانی ئیستادا هەیە، کە بە بەردەوامی خۆی دەنوێنێ. بە ڕای من: خوێندنەوەی ئەو وەچەیە، زۆرجاران تێکەڵ بە زمانێکی نیچەیییانە بووە، کە ئەوانی تووڕە کردووە. بۆ وێنە: نیچە لە کتێبی (سەرچاوەکانی ئەخلاق دا) کاتێک دەروونناسە ئینگلیزییەکان دەخاتە بەر ڕەخنە، لە ڕستەگەلی وەک “ئەو پیرە لێکۆڵەرانەی کە وەڕەزی دەکەن” [ئەم ڕستەیەم لە زمانی نۆروێجییەوە وەرگرتووە، جا نازانم تا چەند تەرجومەکەی دەقیقە] کەڵک وەردەگرێ. ئەو ڕۆشنبیرانەی ئێمەیش، کە لە نەوەدەکانەوە دەستیان پێ کرد، تا ڕادەیەکی زۆر، تێکەڵ بەم‌ جۆرە زمانەن، زمانێک کە لە کۆمەڵگەی تەقلیدی ئێمەدا دەتوانێ لە لایەن وەچەکانی پێشووەوە تووشی بەرهەڵستکارییەکی گەورە بێ. ئەڵبەت، من پێم وایە بە کاربردنی ئەم زمانە نیچەیییانەیش ئیدی کۆنە تەقلیدییە. من پێم وایە، کە ئێمە زیاتر پێویستمان بە زمانێکی کانتییانە هەیە، زمانێک کە لە عەینی ڕاڤەدا، ئارام و لۆژیکی و زانستییانەیە. جا بەم شێوە دەتوانین تەنانەت سەرنجی وەچەکانی پێشوویش بۆ خومان ڕابکێشین.

بەڵێ! دەبێ ڕوانگەکان سەبارەت بە چیرۆکیش گۆڕانیان بەسەردا بێ. بەڵام ئەم گۆڕانە زیاتر لە ڕێی پێشکێشکردنی دەقەوە دەکرێ، هەتا نەفییەکی توندوتیژانە. پێشکێشکردنی دەقی دیکە و نوێ، خۆبەخۆ پانتایییەکە فراوانتر دەکاتەوە و لەم ڕێیەوە پرسیار و ئاسۆی دیکە دەخوڵقێ. بە داخەوە، فەزای ڕەخنەی ئەدەبیی ئێمە زۆر تێکەڵ بە فەزایەکی تووڕەی سیاسییانەیە. ئەمە لە کاتێکدایە، کە زۆربەی نووسەرەکانمان باس لە دوورکەوتنەوە لە ئایدۆلۆجیا دەکەن!

دڵخواز فەیزوڵڵا: ئەگەر ورد لە چیرۆکنووس و ڕۆماننووسەکانی حەفتاکان بڕوانین، دەبینین گەورەترین کێشەیان تەکنیک بووە و لە گوتارەکانیاندا به ‌کارهێنەری زۆرترین وشەی (ئافراندن) و (نوێخوازی)ین و خۆیان بە کۆکەرەوەی هەقیقەت وێنا کردووە، لە کاتێکدا کە وا نین. ئەو گوتارانەی لە ئێستای (ڕۆماننووس و چیرۆکنووسەکان)دا دەیانبینی، تا چەند لە هەقیقەتەوە نێزیکن؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور: چ‌ ئەم ئیدیعایە و چ ئیدیعاکانی وەچەی ئیستا، سەبارەت بە جۆری نیشاندانی خۆیان، بە ڕای من دوورن لە‌ فۆرمێکی باشی پێشکێشکردنەوە. هەردوو ئەم هەڵوێستانە، دژکردەوەیین، نەک کردەوەیی. واتە: وا دەکەن، چونکە تەرەفی بەرابەر، لەوەپێش وای کردووە! تا دێتیش فەزاکە گرژتر دەبێ. لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوە بێ، کە ئەم دوو وەچەیە ئێجگار لە باری زەمەنی و مەکانییەوە لە یێکترەوە نێزیکن (ئیستاش پێکەوە دەژین). هەروەها سەرنەکەوتنی باشی وەچەی نوێ لە باری پێشکێشکردنی دەقەوە و لە باری بە جەماوەریبوونی دەقەکانیان و ئەو ئاڵۆزییانەی کە لە وەچەی نوێدا، لە باری نووسین و زمانییەوە خۆیان نیشان دەدا، وەچەی ڕابردووی ئازاتر کردووە.

سەبارەت بەوەی کە گوتارەکانی ئێستای ڕۆماننووس و چیرۆکنووسان تا چەند لە هەقیقەتەوە نێزیکن، دەبێ بڵێم کە پێناسەکردنی هەقیقەت، هەمیشە یەکێک لە دژوارترینی کارەکانە. بە تایبەت کاتێک قسە لەسەر زانستە هیومانیستییەکانە. دژواریی ئەمە، کارێکی کردووە، کە بەشێکی بەرچاو لە فەیلەسووفەکان باس لەوە بکەن: هەقیقەت لە دەرەی مرۆڤەوە بوونی نییە، ئەوە مرۆڤ بۆ خۆیەتی کە هەقیقەتەکان دروست دەکا و دەیانگۆڕێ. جا بەم پێیە، دەکرێ جۆرەها هەقیقەتمان هەبێ (نیچە باوەڕی بەمەیە). یان دەکرێ وەک ئیفلاتوون باس لە بوونی هەقیقەت لە دەرەوەی مرۆڤەوە بکرێ (تاکڕەهەندبوونی هەقیقەت).

وەچەی نوێ، بێ گومان بە پێی مەنتقی ئاشنابوونی پتری لەگەڵ زانستەکانی سەردەم، خاوەن خوێندنەوەیێکی بەرفراوانتر و دیدێکی فراوانترە‌، تەنانەت لە بواری ڕۆمان و چیرۆکیشدا. جا بەم پێیە، هەقیقەتی ئەوان فراوانتر و قووڵترە. یانی ئەگەر بە دیدێکی نیچەیییانەوە بیڵێم: ئەو هەقیقەتەی ئەوان دروستیان کردووە، هەقیقەتێکی زیندووترە، بەڵام لە هەمان کاتدا خودی هەقیقەتیش نییە! تەنانەت ئەگەر بە زمانێکی پۆستمۆدێرنانەیش بدوێین، دەبێ بڵێم: با لێگەڕێین ئەوانیش مافی ئەوەیان هەبێ، کە لە نێو هەقیقەتی خۆیاندا بژین!

دڵخواز فەیزوڵڵا: ڕۆحی مرۆڤ (بە تایبەت نووسەری ڕۆمان) تەنیا ئاوێنەی خۆیەتی، یان لە نێو مرۆڤدا، هەموو ئەو بەشە بچووک بچووکانە هەن، کە بەشی تایبەت بەو نین، بەڵکوو ئی هەموو مرۆڤایەتین؟ ئایا مرۆڤ جگە لە خۆی، نیشتەجێی هەزاران دیاردە و دەنگی کپکراو و بێدەنگی تر نییە، کە سەرچاوەکانیان دەکەونە دەرەوەی نێو “خود”ەوە؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور: ڕۆمان، تەنیا ئاوێنەی ڕۆح و ئایدیاکانی نووسەر نییە، بەڵکوو ئاوێنەیەکی ناتەواوی هەموو ئەو شتانەیە، کە لە نووسەردا بە جۆرێک لە جۆرەکان، جێیان گرتووە. بە تایبەت لە ڕۆماندا، کە نووسەر دەبێ خاوەنی چەندین کارئەکتەر بێ. نووسەری ڕۆمان، بەردەوام خەریکی گەمەیەکە، کە تێیدا خۆیەتی و خۆیشی نییە! دیالێکتی “من ـ ئەو” یان “من ـ ئەوان” ئەو پرۆسەیەیە، کە تێیدا لەگەڵ حزوری فاکتۆرەکانی دیکە، نووسینی تێیدا لە دایک دەبێ.

مرۆڤ مادام لە کۆمەڵگەدا دەژیێ، ناتوانێ تەنیا خۆی بێ. کەوابوو هیچ مرۆڤێک لە هەموو ڕوویەکەوە خۆی نییە بە تەنیا. ئەگەر بە زمانێکی مارکسیانە بدوێین: مرۆڤ، لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیدا دەردەکەوێ و خۆی نیشان دەدا و پەروەردە دەکرێ. مرۆڤ، وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی (ئەرەستوو)، یان وەک بوونێک کە لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکە پەیمانیی کۆمەڵایەتی ئیمزا دەکا (ڕۆسۆ) بەردەوام لە هاوکێشەیەکی چەند لایەنەدایە. بێ گومان ئەمە نووسەریش دەگرێتەوە. تەنانەت بگرە زیاتر لە مرۆڤەکانی دیکەیش. بەڵام هاوکات ئەم “خۆییبوونە”‌ و “ئەویدیبوونە”‌ لە نووسەردا خەستتر و چڕترە. بەم پێیە: نووسەر، دەتوانێ ئاوێنەی باڵانمای قۆناغێک بێ لە ژیانی کۆمەڵگەدا.

دڵخواز فەیزوڵڵا: کە ڕۆمان دەدوێ، چی دەدوێ؟ ئایا خودێکی ناوازە و تایبەت دەدوێ، یاخۆ ڕۆحێکی گشتی؟ ئەوە منی مرۆڤەکانە قسە دەکا، یان منێکە دەلالەت لە دەنگێک دەکا، لە نێو خودی ڕۆماننووسدا نیشتەجێیە و ڕۆماننووسی کردووەتە ناخود؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور: بە پێی وەرامی پرسیارەکەی پێشوو، دەبێ بڵێم: هەم خودە و هەم بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕۆحێکی گشتییە، کە دەدوێ. ڕۆحی گشتی، بە هۆی قەڵەم، یان بە هۆی زمانێکی تاکەوە دەدوێ و تاکێک بە خۆهاویشتنی لە نێو دەریای گشتدا، لە دەرەوەی خۆی دەدوێ! دەکرێ بەم جۆرەیش فۆرمولەی بکەین: “منێکی گشتی” و “گشتێکی من”.

دڵخواز فەیزوڵڵا: ڕۆمانی کوردی بە دەر لە گوتنی حەرام و حەلاڵەکان، بە نیازە چی بڵێ؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور: ڕۆمانی کوردی بە نیازە وەک هەموو ڕۆمانەکانی دنیا، گەلێک شتمان پی بڵێ! “من” بە هەموو خولیا و ئازار و خەون و دڵەراوکێ و بۆچوونەکانییەوە. “ئەوانیش” بە هەمان ئەو خەسڵەتانەوە. ڕۆمان بە نیازە بڵێ، کە توخمی تاک سەری هەڵداوە، تاکێک کە ئیدی نایوێ چیدی تەنیا لە ڕوانگەی حیکایەتە باوەکانەوە دنیا و مرۆڤ بخوێنێتەوە. ڕۆمان ئەو دەرفەتە دەدا، کە مرۆڤێک بۆ خۆی حیکایەتێکی گەورە چێ بکا. دەیوێ بڵێ، کە هەر مرۆڤێک، دەکرێ حیکایەتێکی گەورە بێ. ڕۆمان، ئەو دەرفەتە دەدا، کە مرۆڤەکان باشتر بناسین (بەم پێیە مرۆڤی کوردیش). فێرمان دەکا لەگەڵ تواناکان و بێ ڕەحمییەکانی مرۆڤ باشتر ئاشنا ببین. دەروازەی توناوتوونەکانی نێو ڕۆحمان باشتر بۆ دەکاتەوە و باشتر بۆمان دەردەخا. بەم پێیەیش بێ، خەسڵەتەکانی مرۆڤبوونمان تێدا بە هێزتر دەکا. ئەگەر ئەدەب شکڵێکی ناسین بێ، ئەوا ڕۆمان زیادکردنی فۆڕمەکانی ناسینە لە کۆمەڵگەی کوردیدا.

دڵخواز فەیزوڵڵا: ڕۆمانی کوردی، تا چەند توانیویەتی سوودی تەندروست لە ئەدەبیاتی جیهانی وەربگرێ و لە بەرژەوەندیی ئەدەب و ئافراندنی کولتووری کوردییدا بە کاری بهێنێ؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور: هەموو ڕۆمانەکانی ئێمە، لە ژێر تیشکی سوودوەرگرتن لە ئەدەبییاتی جیهانیدا لە دایک بوون و نووسراون. ئێمە وەک کۆمەڵگەیەکی بەرخۆرە، ناچاربووین و ناچارین لەم حاڵەتە (لەوانەیە ڕۆژێک حاڵەتەکە پێچەوانە ببێتەوە). بەڵام ئەوەی ئەم سوودوەرگرتنە تا چ ڕادەیەک (خۆت گوتەنی) تەندرووست بووە، ئەوا هەڵسەنگاندنەکەی کارێکی دژوارە.

من، کاتێک هێندێک ڕۆمانی کوردی دەخوێنمەوە، هەست دەکەم کە هەمیشە لە شوێنێکدا زێدەڕۆیییەک، یان کەمڕۆیییەک هەیە. بۆ وێنە: زمان. زمان، هێشتا دەناڵێنێ. کاتێک لەگەڵ بەرهەمێکی دیکەدا بەراورد دەکرێ. یان دەبینی فۆڕم هێشتا بەرگێکی ئاساییی نێوەڕۆک نییە. یاخۆ دەبینی کاریگەرییەکی بە هێز لەسەر خوێنەر بە جێ ناهێڵێ. وشەکان و وێنەکان لاوازن. لە هەمان کاتدا هێندێک ڕۆمانی دیکە دەبینی، کە وێنەی ئێجگار بەهێزی تێدایە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاڵۆزیی زۆری دەق، ئازارت دەدا.

دڵخواز فەیزوڵڵا: خوێنەرانی کورد لە سەروەختی خوێندنەوەی کاریگەرترین و گەورەترین ڕۆمانی دنیادا، بۆ وا هەڕەمەکی پێشوازی لەم ژانرە دەکەن؟ تۆ بڵێی ڕۆمان ئالتێرناتیڤی هەموو بۆشایییەکانی ئەدەب بێ؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور: مودێلگەرایی، بە داخەوە خەریکی ئازاردانی دەقی ئێمەیە. لای ئێمە ناوەکان لە ڕەوتەکان‌ بەهێزترن. ئێمە زیاتر ڕوخسار دەبینین، تا پرۆسەکان. هەروەها: وەکچۆن سەردەمانێک هەموو بە شیعرەوە سەرقاڵ بووین، لەوانەیە بە هەمان شێوەیش، بە نیاز بین، بە ڕۆمان، یان شتی دیکەوە سەرقاڵ بین. ئاشکرایە کە ڕۆمان ناتوانێ ئالتێرناتیڤی هەموو بۆشایییەکانی ئەدەب بێ، بەڵام دەکرێ لایەنی بەهێزی ئەدەبیی وڵاتێک بێ. بەڵام خۆزگە وای لێ هاتبا، کە بە قەدەر شاعیر، ڕۆماننووسمان هەبا! ئاخر نووسینی ڕۆمان پرۆژەیەکی درێژخایەنە و پێم وا نییە نووسینی ڕۆمان لە حەوسەڵەی زۆربەی نووسەرانی ئێمەدا هەبێ. هەروەها ڕۆمانووسی زۆر، نیشانەی ئەوە دەبێ، کە کۆمەڵگەی ئێمە، لە کۆمەڵگەیەکی هەستیارەوە بەرەو ئەقڵ گەشەی سەندووە. ئەگەرچی دەکرێ کە هێشتا زۆربوونی ژمارەی نووسەران، نیشانەی باشی بەرهەم و ئاسەوار نەبێ.

دڵخواز فەیزوڵڵا: ئەو هۆکارانە دەرهاوێشتەی چین، کە بوونەتە پاڵنەر، تاکو خوێنەرانی ئەدەبی کوردی، بە شێوەی بەربڵاو لە دەوری ڕۆمان خوێندنەوەدا کۆببنەوە؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور: لەوانەیە بێزاربوون لە شیعر، یان ئەوەی کە ڕۆمان بوارێکی تازەیە و دەکرێ خێراتر خۆتی تێیدا ببینیتەوە (بە هۆی ژمارەی کەمی نووسەران). یان لەوانەیە ئەوەی کە مرۆڤی ئێمە ئیستا زیاتر بیر دەکاتەوە و تاکگەرایی ئاوڕدانەوە لە ئەقڵ (ئەقڵ بەو مانایە کە مرۆڤ بە نیازە ڕاڤەیەکی ئەقڵانی لە بوون، لە ڕێی ژانری ڕۆمانەوە پێشکێش بکا) تێیدا بەهێزتر بووە. یان لەوانەیە ئەوەی کە ئاڵۆزیی ژیانی ئەم سەردەمە، ئیدی تەنیا لە ڕێی شیعرەوە ڕاڤە ناکرێ. ئیتر ئەوەندە بیر و گرفت چەپێندراونەەتە نێو ڕۆحی ئێمەوە، کە پێویستمان بە پانتایییەکی فراوانتری کاغەز هەیە، بۆ دەربڕینیان.

دڵخواز فەیزوڵڵا: خوێنەرانی کورد ئەو توانایەیان هەیە، کە لەگەڵ ڕەوتە هزررییەکانی ڕۆماندا پتر کۆک بن، تا ئازار و نیگەرانییەکانی؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور: پێم وایە: ڕۆمان، ئیلقای هزرێکە لە ڕێی گواستنەوەیەکی ئیحساسییەوە. خوێنەر، ئەگەر تەماسێکی نێزیکی ئیحساسی و کۆنکرێت لەگەڵ ڕۆمانەکەدا (یاخۆ کاراکتێرەکانی نێو ڕۆمانەکە) بەرقەرار نەکا، ناتوانێ دەرک بە ڕەوتە هزرییەکانی ناو ڕۆمانەکەیش بکا. چونکە: ڕۆمان، فەلسەفە نییە، کە تەنیا لە ڕستە گشتییەکان و بۆچوونە تەجریدییەکان پێک هاتبێ. بەڵام لە هەمان کاتدا، بەرقەرارکردنی تەماسێکی هزری لەگەڵ ڕۆماندا، پێویستیی بە خوێنەری کارامەتر و لێزانتر هەیە. دیاردەیەک، کە هێشتا لای ئێمە لاوازە. بە ڕای من: ئەو ڕۆمانەی کە دەتوانێ هزر و ئازار پێکەوە بە خوێنەر بگەیەنێ، ئەوا سەرکەوتووە. ئەگەرچی وەک گوترا، ئەمەیش پێوەندیی بە خوێنەری چالاکەوە هەیە.

دڵخواز فەیزوڵڵا: کولتووری ڕۆژهەڵات، دەکرێ ببێتە کەرەسەی گەلێک دەق. بەڵام دەبینین ڕۆژهەڵاتییەکان سوودی ئەوتۆیان لێ وەرنەگرتووە، لە بەرابەر ڕۆژئاواییەکان. ئەوە نووسەرانی کوردن، کە جیهانبینییان تەسکە و ناتوانن لەم کولتوورە دەقی ئافرێنەرانە بەرهەم بهێنن، یا بینینی هەر کولتوورێک، لە دوورەوە باشتر قووڵایییەکانی دیار دەکەون؟ یا چی؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور: تا ئیستایش، لە کوردستانی ئێران گەنجینەی کولتوور و کەلەپوور، لە نووسیندا کەڵکی وەهای لێ وەرنەگیراوە. دەکرێ لەم بارەیەوە کاری پتر بکرێ. بڕوایش ناکەم ئەمە پێوەندیی بە تەسکبوونی جیهانبینییەوە هەبێ، ئەوەندەی کە پێوەندیی بە تازەبوونی ڕۆمانەوە لەوێ هەیە. کەس لە پڕێک نابێ بە کوڕێک! جگە لەمە، شەرت نییە بۆ نووسینی ڕۆمان، هەمیشە وەک مارکیز لە “سەدساڵ تەنیایی”دا کردوویە، نووسەر پێویست بێ لە گەنجینەی ڕابردوو کەڵک وەربگرێ. توخمەکانی ئیستای ژیان، لە باری ماددەی خاو بۆ نووسین، لەوانەیە گەلێک دەوڵەمەندتر بن.

دڵخواز فەیزوڵڵا: نووسەران هەمیشە لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ دنیادا، لە سەفەر دان، لەو سەفەرانەدا بە کوێ گەیشتووی؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور: بە هەموو شوێنێک و بە هیچ شوێنێکیش! من، ئەو کاتەی لە ئێران دەژیام، ئەگەر تەنیا دەرفەتی سەفەرم لەگەڵ خۆم هەبوو، ئیدی ئیستا لەمێژە مەجالی سەفەرێکی جەستەییشم لەگەڵ دنیادا بۆ پەیدا بووە. لەوێ، ڕۆحی خۆم هەڵدەگرت و بێ ئەوەی جەستە ببزوێنم، لە سەفەردا بووم. ئیستا، هاوکات هەم ڕۆحم سەفەر دەکا، هەمیش جەستەم. جا بەم پێیە، سەفەرەکانی ڕۆحیشم مەودایان فراوانتر بووە. ئیستا، ئیدی سەفەری خۆم لەگەڵ خۆم، بووەتە سەفەری خۆم لەگەڵ دنیادا، یاخود سەفەری دنیا لەگەڵ خومدا. سەفەری جەستەم لە دنیادا، بەزاندنی نائاسایییانە و نایاسایییانەی ئەو هەموو سنوورە، نەیانتوانی سەفەرەکانی خۆم لەگەڵ خۆم، لێ بستێنن. بۆ ئەوەی نووسەر بی، دەبێ هەمیشە لە سەفەردا بی، جا چ سەفەری دەروونی، چ دەرەکی.

ساڵێک پێش ئەوەی لە ئێران هەڵێم و ڕوو لە کوردستانی ئێراق بکەم، سەفەرێکی لای (مارف ئاغایی)ی زیندەیادم کرد. ئەوکات لە شاری ورمێ، لە گۆڤاری (سروە)دا کاری دەکرد. هاوینێکی گەرم و وشک بوو. دوای کاتی ئیداری، بەرەو ماڵ چووین و پاش خواردنی نانی نیوەڕۆ، سەعاتی دەورووبەری چوار، وەدەرکەوتین:

– کاک مارف بۆ کوێ دەچین؟

ئەوەندە گەرم، کە کەس بە دەرەوە نییە. قیڕەتاو دەکوڵێ و چۆلەکە بەستەزمانەکانی قەراغ گۆلی ورمێ، لە نێو سێبەری گەڵاکاندا، خۆیان لە هەتاو دزیوەتەوە. تەنیا جارجارە وڕەی ماشێنێک.

– هاوڕێیەکی دارتاشم هەیە،‌ دەچین سەردانێکی دەکەین. کە لە کار دەگەڕێمەوە، دوای نانخواردن و حەسانەوەیەکی کورت، دەچمە لای. ئەمە تەقریبەن کاری هەموو ڕۆژێکمە.

دەچین. حەزم لە تیشکی تاقەتپڕووکێنی هەتاو نییە. دەڵێی بە نیازە شار بتوێنێتەوە. سەرگەرمی قسەین. دەگەین. بەڵام دەرگەی دووکانەکە داخراوە. مارف پێی سەیرە. دەگەڕێینەوە.

لێی دەپرسم:

– هەموو ڕۆژێک دێیتە لای؟ یانی ژیانی تۆ ئەمەیە. بەیانیان تا سەعات دوو لە دایرە، دواتر حەسانەوەیەک و ئەوجار سەردانێکی برادەرەکەت. دواتریش ماڵەوە، وا نییە؟

– وایە!

لە بیرم دێ، لەم وەرامەی مارف ترسام. بیرم کردەوە کە نووسەر نابێ ئاوا بژی. ژیانێکی وەها دەیوشکێنێ! بەڵام ئێستا دەزانم: بە جۆرێک لە جۆرەکان هەڵەم دەکرد. مارف لەگەڵ خۆیدا، لە سەفەردا بوو.

جا هەر بەم پێیەیش، پێم وایە گرینگترین سەفەر، سەفەری نووسەرە لەگەڵ خۆیدا. دنیا زۆر گەورە نییە، لەوانەیە چەند سەفەرێک، زوو ببێتە هۆی بێزاریت، بەڵام سەفەر لەگەڵ خۆتدا، قەت وەڕەزت ناکا.

سازدانی گوتوبێژ: دڵخواز فەیزوڵڵا

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *