فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

بەسەرهاتی نووسەر، بەسەرهاتی دەق

کات 22/12/1390 306 بازدید

*وەک ئەو حاڵەتەى کەوا لە نووسیندا بەرۆکت دەگێرێت و نازانى لە چییەوە دەست پێبکەى، بۆیە منیش ئێستا نازانم لە چییەوە دەست پێبکەم! لەسەرەتاى نووسینت، یاخود سەرەتاکانى خوێندنەوەت، ئایا ئەم دەستپێکەت چۆن بڕى؟

ـ سەرەتاکانی خوێندندەوەی من بۆ تەمەنی منداڵیم دەگەڕێتەوە. لە بیرم دێت ئەو کاتەی منداڵ بووم و لە قوتابخانەی سەرەتایی دەمخوێند، پورم دەستی گرتم بردمی بۆ کتێبخانەی مندالان لە شارەکەمان، کە ئەو کات لە ئیمکاناتی یەکجار کەم بەهرەمند بوو. یەکەم کتێب چیرۆکێکی منداڵانە بوو لە سەر ئاژەڵ و مرۆڤ. پیرێژنێک کە میوانداریی کۆمەڵێک ئاژەڵ دەکا. لەبیرم دێت فەزاو حاڵ و هەوای ناو چیرۆکەکە ئەوەندە سیحراوی و سەرنج راکێش بوو بۆم، کە هەتا ئیستایش سریمەکەی لە مێشک و دەروونمدا ماوە. رەنگە یەکیک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە ئیستایش زۆر سەرقاڵیی پەیوەندیی مرۆڤ لە گەڵ سروشتم لەم کتیبەوە هاتبێ کە ئیستا ئیدی ناوەکەیم لەبیر نیە (ئەها هاتەوە بیرم، ناوی کتێبەکە “مهمان ناخواندە” بوو!) لە بیرم دێت کە کتێبخانەکە و حال و هەوای ناوی، تەواوی سەرنجی راکێشابووم. بە ئیستاشەوە یەکێک لە شوێنە خۆش و سەرنجراکێشەکانی دونیا لەلام کتێبخانەیە. شوێنێکی ئارام و بێدەنگ کە لە بێدەنگیی خۆیدا دونیایەک قسە و رازی لە خۆیدا حەشار داوە. بێدەنگییەک کە هەردەم چاوەڕوانی وشە و رستە و قسەی لێدەکەی. شوێنێکی ئارام کە لە دەروونەوە بێ ئۆقرەت دەکا. ئەو شوێنەی وا هەست دەکەی خاڵی دەستپێکی ناسینی دونیا لەوێوەیە. من عادەتی خۆم بە کتێبخانە، هەتا کاتی ئاوارەبوونیشم راگرت. بەڵام کە لە نیشتمان هەڵبڕام، ئیدی بەو شێوەیە دەرفەتی ئەوە نەبوو کە وەک جاران و وەک ئەوێ بتوانم ئاوێتەی کتێبخانە و دانیشتن لە ژوورە سیحراوییەکانیدا بم. هەڵبەت ئەمە منی لە کتێب خوێندنەوە هەڵنەبڕی، بەڵام جۆرێکی تر لە خوێندنەوە لای من دەستی پێکرد کە ئیتر تام و بۆنێکی تری هەبوو. تام و بۆنی ئاوارەیی و ئێرە و ئەوێ. خوێندەوە لە هەموو شوێنێک، بەڵام ئیدی بە دەگمەن لە کتێبخانە. نازانم هەر لەو کاتەوە ئەو هەستە چی بوو کە لەمندا سەبارەت بە دنیای کتێب و کتێب خوێندنەوە پێک هات. لەوکاتەوە من بوومە هۆگری کتێب و کتێب بوو بە بەشێکی گرنگ لە ژیانی من. دووانەیەک کە لە وڵاتی ئێمە و ماناندا پڕمەترسییە!

ئەمە سەرەتای خوێندنەوە بوو، بەڵام وەک خۆت لە پرسیارەکەتدا باسی “سەرەتاکانی خوێندەوە” دەکەی، رەنگە لە راستیدا خوێندنەوە خاوەنی چەندین سەرەتا بێت. من ئەگەر ئیزنم هەبێ ئەم سەرەتایانە تەنیا بۆ یەک زەمەنی دیاریکراو پێناسە ناگەڕێنمەوە. بە رای منیش “سەرەتاکانی خوێندنەوە” هەن، بەڵام ئەو سەرەتایانەی کە بە سەر قۆناغە جۆربەجۆرەکانی تەمەندا دابەش دەکرێن. ئەگەر خوێندنەوەی ئەو کتێبە، سەرەتای خوێندنەوەم لە تەمەنی منداڵیدا بوو، ئەوە لە بیرم دێت کە لە زەمەنی مێرمنداڵیدا سەرەتایەکی تر دەستی پێکرد. سەرەتایەک کە تێیدا بە گۆڕینی جۆری کتێبەکان، ئەزموونێکی تر دەستی پێکرد. لەبیرم دێت کە لەم قۆناغەدا یەکێک لە تایبەتمەندییەکان ئەوە بوو کە ئیتر چیدی کتێبەکان خاوەنی وێنە نەبوون، یاخود وێنەکان یەکجار کەمیان کردبوو. هەروەها وێنەکان زۆرتر رەش و سپی بوون. کە ئەم رەش و سپی بوونە جۆرێک لە حەماسەتی لە مندا دەجوڵان. وێنە رەش و سپییەکان شتێک بوون لە نێوان راستی و خەیاڵدا. نە وەک ژیانی راستەقینەبوون و نە وەک فەنتازیایەکی رووت. کاتێک بۆ یەکەمجار لەو تەمەنەدا کتێبم بە دەستەوە گرت کە لە قەبارەدا گەورەتر و لە لاپەڕەدا زۆرتر و لە رواڵەتدا بۆ جیهانێکی رەش و سپی پاشەکشەی کردبوو، هەستێکی غەریبم تیا دروست بوو. هەستم کرد کە ئیدی تێگەیشتن لەمە دژوارترە و دەبێ خۆم زیاتر ماندوو کەم، ترسام، بەڵام ترسەکە بە خوێندەوەی پتر رژا. سەرەتایەکی تر دەتوانێ ئەو کاتە بێت کە لە تەمەنی پازدە ساڵیدا دەستم دایە خوێندنەوەی رۆمان. کە ئەویش رۆمانەکانی “ڤیکتۆر هۆگۆ” بوون. (بیرلەوە بکەوە کە منداڵێکی پازدە شازدە ساڵان خەریکی خوێندنەوەی نووسەرێکی رۆمانیتستی ئاوا مەزن و بەناوبانگە!) کەواتە لانیکەم من بە گوێرەی قۆناغ سێ سەرەتام هەیە. هەرچەند دەتوانم باس لە سەرەتاکانی دیکەیش بە گوێرەی ئەزموونە نوێیەکانی دیکەیشم بکەم. بەڵام ئەگەر بمەوێ ئەم سێ قۆناغە هەڵسێنگێنم، دەبێ بڵێم کە لە قۆناغی دەستپێکردنی خوێندنەوەی رۆمان بوو کە یەکجار هەستم بە تەنیایی کرد. چونەک بابەتەکە قورس بوو و کەسیش نەبوو کە یارمەتیت بدا. لە بیرم دێت کە پێشەکییەکی دوورو درێژ لە یەکێک لەم رۆمانانەدا لە سەر رۆمانتیسم نووسرابوو کە هەرچیم دەکرد لێی حاڵی نەدەبووم. بە ئیحتیاتەوە لە هەندێ کەسم پرسی، بەڵام بێ سوود بوو. ئیدی هەر لەوێوە ئەو هەست و بیرە لە مێشکی دام کە رۆمان دەبێ یەکجار گرنگ بێت!

سەرەتای نووسین لای من لە تەمەنی پازدە ساڵییەوە دەست پێدەکا. لەو تەمەنەدا لە ژێر کاریگەریی ڤیکتۆر هۆگۆدا دەستم کرد بە نووسینی یەکەم چیرۆک. کە هەڵبەت قەت بڵاو نەکرایەوە. هەروەها لەبیرم دێت کە هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو کە تێیدا بیرە کتوپڕییەکانی خۆم تێدا دەنووسی. ئەم نۆت هەڵگرتنانە جاری وابوو تەنیا دوو سێ رستە بوون جاری وایش بوو خۆی لە لاپەڕە یاخود زیاتر دەدا. کەمتر بۆ کەسی تریشم دەخوێندنەوە. دواتر دەستم کرد بە نووسینی شیعر. هەڵبەت ئەم نووسینانە لە بەشی هەرە زۆریدا بە زمانی فارسی بوون. ئەوە دواتر لە تەمەنی بیست و سێ ساڵیدا بوو کە نووسین بە زمانی کوردیم بە رێک و پێکی دەست پێکرد. نووسین بە فارسی زەینی منی بۆ ماناکان ئامادەکرد. راهێنانێکی یەکجار باش بوو. هەڵبەت ئیستایش من بە زمانی فارسی هەر دەنووسم. زمانێک کە پێم خوێندووە و لە گەڵی گەورە بووم. بەڵام لە راستیدا من بابەتە ئەدەبییەکانم زۆرتر بە زمانی کوردی دەنووسم. من هەر دووکی ئەم زمانانە وەک زمانی دایک سەیر دەکەم.  

*ئەگەر لەبیرت بێت یەکەم کتێب کە خوێنتەوە، چ کتێبێک بوو؟

ـ لە پرسیاری یەکەمدا وەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە. کتێبەکە ناوی “مهمان ناخواندە” بوو. واتە میوانی ناوادە، میوانێک کە داوەت نەکراوە و خۆی کتوپڕ بە ژوورێدا دەکا. ئیستا، کە بیردەکەمەوە، دەبینم کە هەموو تەمەنی ئێمە و رووداوەکانی وەک ئەو کتێبە وابوون، زۆربەی شتەکان بە ناوادەیی خۆیان بە ژووری ژیانی مندا کرد! رەنگە منیش وەک پیرێژنێکی میهرەبان تەنیا وشەیەک کە لە زارم هاتە دەر ئەوە بوو کە وتم: “بەخێربێن!”

*ئەى یەکەم بەرهەمى بڵاو کراوەت چى بوو؟ لە دوایى بڵاوبوونەوەى هەستت بە چى کرد؟

ـ یەکەم بەرهەمی بڵاوکراوەی من وتارێک بوو کە لە گۆڤاری سروەدا بڵاوکرایەوە. بابەتەکە لە سەر زمانی یەکگرتووی کوردی بوو. ئەم بابەتەم لە کۆنگرەیەکی ئەدەبی لە شاری بانە خوێندەوە کە تێیدا لە زۆربەی شوێنەکانەوە ئەدیب و شاعیر و لێکۆڵەر بانگهێشت کرابوون. دوای خوێندنەوەی بابەتەکە لە کۆنگرەکەدا، یادی بەخێر مارف ئاغایی کە لە ریزی دووهەمدا دانیشتبوو، لەبەرم هەستا و دەستی لە گەڵ لێدامەوەو داوای لێکردم کە نوسخەیەکی بدەمێ. ئەم بابەتە دوواتر لە گۆڤاری سروەدا بڵاوکرایەوە. ئیدی ئەمە دەستپێک بوو. لەوەبەدوا بەردەوام بابەتی من لە سروەدا بڵاودەکرایەوە. بابەتەکانیشم زۆرتر وتار و لێکۆڵینەوەو رەخنە بوون، لە گەڵ یەک دوو شیعرێکیش.

بڵاوبوونەوەی ئەم بابەتە هەستێکی سەیری لە چەند روانگەوە لا دروست کردم: یەکەم ئەوەی کە وەکوو گەنجێک بە دیتنی ناوی خۆم لە گۆڤارێکدا یەکجار خەنی بووم. دووهەم ئەوەی کە زانیم ئیشێکم کردووە کە توانیوومە سەرنجی کۆمەڵگای ئەدەبی و رۆشنبیری بۆ لای خۆم رابکێشم. سێهەم زانیم لەمەبەدووا دەرگام بە رووی ناوەندە ئەدەبیی و رۆشنبیرییەکاندا کراوەتەوە، کە یەکجار بەلامەوە گرنگ بوو. چوارەم ئەوەی کە زانیم ئیتر لەمەبەدووا دەبێ وشیارتر و ئاگادارتر بم و بە هەستێکی پترەوە لەبابەت بەرهەمەکانم بجوڵێمەوە. لە راستیدا ئەوەی کە لەسەردەمی مێرمنداڵییەوە خەونم پێوە بینیبوو، وەدی هاتبوو و ئیدی کەوتمە فاز و قۆناغێکی دیکەوە.

ئەگەر بمەوێ ئەمە بکەمە بیانوو بۆ باسکردن لە پەیوەندێکی کۆنی دۆستانە، دەبێ بڵێم کە لەوەبەدوواوە لە گەڵ مارف ئاغایی پەیوەندیمان زۆر خۆش بوو، وەها کە جگە لە پەیوەندیی تەلەفۆنی، سەردانی یەکتریشمان دەکرد. دەزانی، هەمیشە هەستم دەکرد مارف لە من گەورەترە، بەڵام دووای پەڕیووەبوونم و کۆچی دووایی مارف، زانیم لە یەک تەمەندا بووین! مارف هەمیشە هانی دەدام کە وتار بنووسم و لەم بوارەدا زیاتر خۆم ماندوو بکەم.

*لەبەشێکى زۆرى بەرهەمەکانى تۆدا، بەتایبەت چیرۆک و رۆمانەکانت، کارەئەکتەرێکى هێمن و دوورە پەرێز بوونى هەیە، کە هەمیشە حەز لە ژیانێکى ئارامتر دەکات؟ ئایا ئەمە تاچەند لەگەڵ ژیانى ڕاستەقینە و کەسایەتى تۆدا یەکدەگرنەوە؟

ـ گەر ئیزنمان هەبێ کە مرۆڤەکان بە سەر کاراکتێرە جۆراوجۆرەکاندا دابەش بکەین، دەبێ بڵێم کە کاراکتێری هێمن و دوورەپەرێز، یەکێک لە کاراکتێرە سەرەکییەکانی مرۆڤە و گەلێک مرۆڤ هەن کە ئەم خەسڵەتەیان وەک خەسڵەتیی سەرەکی هەیە. واتە گەر تۆ بتەوێ پێناسەیان بکەی، دەڵێی ئەو کەسە هێمنە. دوورەپەرێزیش رەنگە بە دووای هێمنی دا بێت. چونکە کەسی هێمن خۆی لە هەندێ کیشە دەپارێزێ. بەڵام لێرەدا قسە لەسەر ئەوەیە کە داخۆ کەسی هێمن خۆی لەهەموو کێشەیەک دەپارێزێ، یان تەنیا خۆی لەو کێشانە دەپارێزێ کە پەیوەندیی بە توندوتیژییەوە هەیە؟ من پێم وایە کە کەسی هێمن، دوورەپەرێزە لە توندوتیژی، بەڵام لە خۆتێکەڵکردن بە کێشە سەرەکییەکان کە پەیوەندییان بە بوونی مرۆڤ و دۆخی کۆمەڵگاوە هەیە خۆی ناپارێزێ.

لێرەدا پێم وایە پرسیارەکە کەمێک ئاڵۆزە و هەربۆیە دەبێ کەمێک توخمەکانی لێک جیا بکەینەوە. بۆ وێنە لە رۆماندا چونکە کەسایەتییەکان زۆرن، دەبێ کەسایەتییەکی هێمنیش حوزوری هەبێ. وەک چۆن دەبێ جۆری دیکەش لە کەسایەتی هەبێ. بەڵام ئەگەر مەبەستت ئەوەیە کە کەسایەتییە سەرەکییەکەی ناو رۆمانەکە هێمن و دوورەپەرێزە، ئەوا پێم وابێ لە گەڵ کەسایەتیی سەرەکیی رۆمانی پەڕەسێلکەکانی کۆچ دا نایەتەوە. لەم رۆمانەدا کەسایەتی سەرەکی هێـمنە، بەڵام دوورەپەرێز نیە. لە رۆمانی ساڵەکانی خەونیشدا، کەسایەتیی سەرەکی رۆمانەکە کە رەسوڵ باڵابەرزە، هێمنە بەڵام دوورەپەرێز نیە. ئەو کەسایەتییەکی کۆنسێرڤاتیڤە کە لەم کۆنسێپتەوە خۆی لە قەرەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەدا.

سەبارەت بە چیرۆکەکانیشم دەبێ بڵێم کە کاراکتێری جۆراوجۆر لەم چیرۆکانەدا هەن، هەربۆیە ناکرێ هێمن بوون و دوورەپەرێز بوون بکەین بە دوو خەسڵەتی سەرەکیی هەموویان. رەنگە ئەوەی کە سەرنجی تۆی راکێشابێت کە بە وەها بۆچوونێک بگەیت ئەوەبێت کە کەسایەتییەکانی من لە بەرهەمەکانمدا خەسڵەتێکی رەخنەییشیان هەیە، خەسڵەتێکی رەخنەیی نەک هەر بەرامبەر بە کەسی بەرامبەر یاخود دەسەڵات، بەڵکوو بەرامبەر بە خۆیشیان و بە جۆری ژیانیان و بەرامبەر بە کۆمەڵگاکەیان. واتە رەخنە لە دوو پانتاییدا دەجوڵێ: جووڵەیەک بەرەو دەسەڵات و جووڵەیەک بەرەو خود. کە من پێم وایە ئەم خەسڵەتە جۆرێک لە هێمنی دروست دەکا، بەڵام دوورەپەرێزی دروست ناکا. بە پێچەوانەوە، کەسایەتی تاک لێرەدا ئاڵۆزتر دەبێ و ئیتر تەنیا لە دونیایەکی رەش و سپیدا خۆی نابینێتەوە و پێناسە ناکرێ. کەسێکی لەم شێوە ئیدی تەنیا هۆکارەکان لە دەرەوە نابینێتەوە، بەڵکوو بە شوێن هۆکارە دەروونییەکانی ئاڵۆزییەکانیشدا دەگەڕێ. دیاردەیەک کە کۆمەڵگای ئێمە بە رای من یەکجار پێویستی پێی هەیە. بە بێ وەها بۆچوونێک من پێم وایە ئیمە لە دونیا سادەکەی جاراندا دەمێنینەوەو هەڵنادەینە دۆخێکی پێچاوپێچتر لە دونیای ئەندێشە و فیکردا. جگە لەوە دەبێ لەبیرمان بێت کە فیکر و دونیاش لەچاو جاران یەکجار ئاڵۆزتر بووە (نەک بەمانا نێگەتیڤیەکەی).

باس لەوە دەکەی کە ئەم جۆرە کەسایەتییە حەزی لە ژیانی ئارامترە. بەڵێ گەر مەبەستت ئەوەیە کە ئەم جۆرە کەسایەتییە چیتر تەنیا خۆی لە پەیوەندی ئەویتردا (کەسێک کە لە دەرەوەیە) پێناسەناکا و هەربۆیە ئەمە کارێک دەکا کە ئەو خەسڵەتە هێرشبەرانەیەی جارانی نەبێ، ئەمە راستە. ئەم کەسایەتییە لە راستیدا ئارامتر دەبێتەوە (لە پەیوەندی لە گەڵ ئەوی دی لە دەرەوەی خۆی)، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە کە حەزی لە ژیانێکی ئارامترە. ئەو تەنیا دۆخەکەی گۆڕانی بەسەردا دێت. بە رای من کەسێک کە دەبێ بە خاوەنی هەڵوێستێکی رەخنەگرانە لە ئاست خۆیشی، ئەو جوڵە فیزیکییە کلاسیکییەی نامێنێ، بەڵام جوڵەی دەروونیی پتر دەبێ. نووسینی جیددی بە رای من زۆر پەیوەندیی بە دۆخێکی وەهاوە هەیە.

بەڵام با بێینە سەر دەستەواژەی “ژیانی ئارام”. باشە تۆ پێت وانیە کە هەموو کەسێک حەزی بە ژیانی ئارامە؟ ئەوانەیشی کە تووڕەن و ژیانێکی نائارام هەڵدەبژێرن، ئەو کەسانەن کە ژیانی ئارامیان لێ ئەستێندراوە. نائارام دەبن بۆ ئەوەی ئارامی بە دەست بێننەوە. کەواتە رەنگە سەرنج راکێشترین کاراکتێر ئەمە بێت.

من بۆ خۆم هەم ئینسانێکی ئارامم و هەم وەک هەموو ئینسانەکان حەزم بە ژیانێکی ئارامە. ئەوەی کە ئەم جۆرە کەسایەتییانەی ناو بەرهەمەکانم تا چەندە لە من دەچن، دەبێ بڵێم کە نە تەنیا لە من دەچن بەڵکوو لە زۆربەی هەرە ئینسانەکانی دیکەش دەکەن. بەڵام جۆری ئەم لێکچوونە بە هۆی دۆخی ژیان جیاوازن. هەر کەسێک بە جۆرێک بەرەو ژیانێکی ئارام هەنگاو هەڵدێنێ. یەک تەقەی بۆ دەکا و یەک لە کتێبخانەکاندا بە شوێنیدا وەیلانە. یەک بەرهەڵستکارەو یەک لە گەڵ دۆخدا دەڕوا. بەڵام ئامانج یەکێکە.

*لە رۆمانى (پەرەسێلکەکانى کۆچ) دا ململانێى نێوان ڕەش و سپی و بیرەوەرییە تاڵ و خۆشەکانى کوردستانى رۆژهەڵات بەئاوێتە بوونى ئەو دۆزە ناهەموارەى کەوا لە کوردستانى باشوور تێیکەوتبووى، لە رۆمانەکەدا ڕەنگییان داوەتەوە، ئایا ئەو پرسیارانە چین دەتەوێت لەم رۆمانەدا بیان وروژێنى؟

ـ سەیرکە! دوو شت لەم کتێبەدا بە جۆرێک لە مندا پێکەوە گرێ دەخۆن: ئەزموونی دەسەڵاتداریەتیی ئەوانەی وا لە جنسی ئێمە بوون (ئەمەیان ناڕاستەوخۆ لەم کتێبەدا خۆی دەنوێنێتەوە)، لە گەڵ ئەزموونی دوورەوڵاتی. ژیانی ئەوێ فێری کردم کە ئەوانەی لە جنسی خۆمانن دەکرێ ئەوە نەبن کە کە لەوە پێش خەونمان پێوە دەبینین. سەبارەت بە ئەزموونی دوورە وڵاتیش دەبێ بڵێم کە هەر کەسێک کە بە هەر هۆیەک لە نیشتمانی دادەبڕێ، سەرەڕای دژوارییەکان، بەجۆرێک هومێدێک لە ئایندەدا بەدی دەکا. من ئەم هومێدەم لەوێ مرد. زانیم کە نەدەبا بڕۆی، واتە نیشتمان جێ بێڵێ، چونکە ئەوەی خەونی گەورە بۆ نیشتمانەکەی دەبینێ، تازە ناکرێ دابڕێ. ئەگەریش دابڕێ، لەخۆیشی دادەبڕێ. بە رای من ئەوانەی خەونی گەورە دەبینن، دەبێ هەر لە گەڵ خەونەکانیان بژین (یان هەندێ جار مردن قبوڵ بکەن)، ئەگەر نەژین، پەیوەندیی ئاساییان لە گەڵ دەورووبەر لە دەست دەدەن. قارەمانی سەرەکیی پەڕەسێلکەکانی کۆچ بە جۆرێک ئەمەی لە نەستدا هەیە. هەربۆیە رێگایشی بەفراوییە!

کەواتە ئەو پرسیارەی کە من دەمەوێ لەم رۆمانەدا بیجوڵێنم پێوەندیی نێوان سێ کوچکەی (خەون ـ نیشتمان و کۆچ) ە. هەڵبەت لە سایەی شکستدا. شکستێک کە دوو لایەنی هەیە، شکستێک لەو دیو و شکستێک لەم دیو. شکستی ئەو دیو شکستی هەوڵدانی خەونێکە، شکستی ئەم دیو شکستی خەونێکە کە چیدی هەوڵ نادا. 

*تۆئەم رۆمانەت لە کوردستانى باشووردا نووسیوە، لە شارەدێى (جێژنیکان)، ئایا دەشتاییەکانى جێژنیکان و چیاکانى (پیرمام) و (سەفین) چۆن کارییان بەسەرتەوە هەبوو لە نووسینى ئەم رۆمانەدا؟ ئەم حاڵەتانە تاچەند کۆمەکى تۆیان کردووە؟

ـ دەشتی پان و بەرینی ئەو ناوچەیە بە شاخە دوورەدەستەکانییەوە و بە شەپۆلانی دەریای گەنمەکانییەوە کە لە بەر باران و دزەی هەتاوی پشت هەورەکانەوە تا دوواسنوورەکان بریقەبریقیان دەدایەوە، ئەو شوێنانە بوون کە خەیاڵ و بیری منیان لە گەڵ خۆیان دەبرد. من کە شەوانە تا بەیانی خەریکی نووسینی پەڕەسێلکەکانی کۆچ بووم، بە دەیان جار ئەزموونی ئاسمان و بێدەنگیی ئەو ناوچەیەم لە کاتی شەودا کردووە. رەنگە ئەم حاڵەتە رۆحی و دەروونیانە لە هەر مرۆڤێکدا رووبدەن و لە مرۆڤی نووسەریشدا رەنگە زیاتر. جگە لەوە رەنگە کاردانەوەی ئەم جۆرە ئەزموونە رۆحیانە کە ئاکامی لێک ئاڵانی رۆح و زەینی مرۆڤ لەگەڵ سروەشتە، قوڵبوونەوەی زیاتر بێت لە بوون و هەبووندا. جۆرێک لە میتافیزیای ئەندێشە و رۆح، کە لەززەتی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەسڵەن لەبنەڕەتدا من پێم وایە بە بێ حاڵەتێکی لەم چەشنە، هەرچەند مرۆڤ خوێندەواریش بێت، نووسین لە دایک نابێت. ئەم حاڵەتە جۆرێک لە ئەزموونە کە قوڵاییەک لە رۆحدا دروست دەکا. قوڵاییەک کە وشەکان دەخاتە ناو چوارچێوەیەکی دیکەوە. لێرەدا ئیدی نووسەر ئەزموونێکی تر لە گەڵ بیر و وشە پەیدا دەکا، کە یەکجار پێویستە.

بەڵام نایشارمەوە کە ئەم حاڵەتەی من بە توندی لە ژێر کاریگەریی ئەزموونی کۆچیشدا بوو. ئیستا ئیدی ئەم شاخ و دەشتانە وەک بەشێک لە رێگا دەهاتنە بەرچاوم، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە لەو دیو کاتێک ئەم حاڵەتەم بەسەردا دەهات، شاخ و کێوەکانم وەک بەشێک لە رێگا نەدەهاتە بەرچاو، بەڵکوو زیاتر لە شوێنێکیان دەکرد کە خۆیان لە خۆیاندا تەواو دەبوون. رەنگە ئەوەی کە پەنجەرەی ئەو خانووەی کە تێیدا بووین زیاتر روو لە دەشتەکان بوو، زیاتر ئەم حاڵەتەی لە مندا بەهێز کردبێت. لە کاتێکدا لە بانە تەنیا شاخەکان و کێوەکانن کە پشتیان بە پشتی یەکترەوە داوە.

*ئایا ئەو نووسەرانى پێش کاتى نووسینى دەقێکى ئەدەبی، بیر لە کۆدە نهێنیەکان  و ئامرازەکان دەکەنەوە، دەتوانن بەرهەمێکى سەرکەوتوو و نایاب بەرهەم بهێنن؟

ـ نووسێن هەم پلانە و هەم پلان نیە. پلانە بەو مانایە کە پێش نووسین (باس لە رۆمان دەکەم) دەبێ رۆماننووس بیری لە هەندێک شت کردبێتەوە. تێمی داستان، کورتکراوەیەکی حەدەسە سەرەکییەکانی رۆمانەکە، هەروەها جۆری پێوەندیدانی لە گەڵ ئەو دووا بەرهەمانەی کە خوێندوویەتییەوە گرنگن. ئەمانە زۆرتر ئامرازن کە من باسم کردن. بەڵام لە بواری کۆدەکاندا دەبێ بڵێم کە کۆدەکان زۆرتر لە کاتی نووسیندا لە دایک دەبن. کۆدەکان زۆرتر بەرهەمی لێک گرێدانی چەند حەدەس و چەند وێنەی داستانین. بە رای من بەرهەمی سەرکەوتوو بەرهەمێکە کە ئاکامی لێکگرێدانی ئەم دوو حاڵەتەیە، واتە لێکگرێدانی پلان و ناپلان. 

* بابێینە سەر رۆمانى (ساڵەکانى خەون) کە لەم رۆمانەدا بەرائەتى منداڵى و سەگ و یارى و…هتد بوونیان هەیە، ئایا گەڕانەوە بۆ منداڵى لە رۆماندا تاچ ئەندازەیەک جوانیناسى بە رۆمان دەبەخشێت؟

ـ لەم رۆمانە نوێیەی مندا، تەنیا بەشێکی تەرخان کراوە بۆ سەردەمی منداڵی. لە رۆمانی ساڵەکانی خەوندا من هەوڵ دەدەم کە قۆناغی گواستنەوە بۆ سەردەمی مودێڕن بە گوزەرکردن لە کەسایەتی جۆراجۆرەوە پێناسە بکەم. کە بێ گومان منداڵانیش دەکرێ یەکێک لە پنتە گرنگەکانی کاردانەوەی ئەم رەوتە کۆمەڵایەتییە بن. سەبارەت بە جوانناسیش دەبێ بڵێم کە مرۆڤ لە هەر قۆناغێکی تەمەنیدا دەکرێ بابەتێک بێت بۆ خوڵقاندنی جوانناسی. جا ئەوەی کە ئەندازەی ئەم جوانناسییە لە چ ئاستێکدایە، دەگەڕێتەوە بۆ نووسەر و توانای ئەو بۆ خوڵقاندنی دیاردەیەکی لەم چەشنە. گەر چاوێک لە مێژووی رۆمان و چیرۆک بکەین دەبینین کە گەلێک نووسەر بە ئاوڕدانەوە لە منداڵ یاخود گەڕانەوە بۆ منداڵی، بەرهەمی باش بخوڵقێنن. گارسیا مارکیز، تۆلستۆی، گورکی، چیخۆف و سەمەدی بیهڕەنگی و دەیانی تر دەتوانن نموونەی بەرچاوی ئەم ئاوڕدانەوەیە بن.

من پێم وایە کە سەردەمی منداڵی بە هۆی هەستیاربوونی، یەکێک لە قۆناغە گرنگەکانی تەمەنی مرۆڤە. قۆناغێک کە تێیدا بۆ یەکەم جار یان “چەندین یەکەم جارەکان” مرۆڤ ئەزموونی جیهان دەکا و هەر بە هۆی تازە بوونی ئەم ئەزموونانەوە سریمەیەکی فەرامۆش نەکراو بە سەر زەین و  کەسایەتیی مرۆڤەوە بە جێ دەمێنێ. هەڵبەت ئەم کاریگەریانە لە تەمەنی بەرەوسەرتردا دەکرێ خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ بکرێ. رووداوێکی منداڵی دەکرێ دواتر خوێندنەوەی بەردەوام دیکەی بۆ بکرێ. هەستی ئەو سەردەمە لە گەڵ عەقڵی ئیستا کە لێک دەئاڵێن، ئاکامی تری لێ دەکەوێتەوە، ئەمە خەزێنەیەکی گرانبەهایە. کەواتە بە رای من نووسەر نەک تەنها نابێ منداڵیی خۆی فەرامۆش کات، بەڵکوو دەبێ ئاوڕدانەوەیەکی بەردەوامی لەسەر هەبێ. بیرکردنەوە لە منداڵی، خۆی لە خۆیدا ئاوێتەیەکە لە سیحر و رامان و سەرسوڕمان، ئاوێتەیەکە لە تێکەڵکردنی کات و شوێنە هەنووکەییەکان لە گەڵ کات و شوێنە بزربووەکانی رابردوو.

هەندێ شتی منداڵی هەیە کە مرۆڤ لە تەمەنی بەرەوسەرتردا کەشفیان دەکاتەوە. کتوپڕ تۆ لە خەڵوەتی خۆتدا تێدەگەی کە فڵانە رووداو لە ژیانی تۆدا کە لەو سەردەمەدا تەنیا لە بازنەیەکی بچووکدا دەبینرا، پێوەندییەکی بەربڵاوی بە رووادوەکان و دیاردەکانی دەورووبەرەوە هەبووە، رەنگە بە گشت جیهانەوە. کتوپڕ تێدەگەی ئەو باوکەیەی کە هەیبەتێکی گەورەی لای تۆ هەبوو، ئەکتەرێکی بێ دەسەڵاتی سەردەمی ژیانی خۆی بووە. وەها حاڵەتێک گۆڕانێکی گەورە لای تۆ دروست دەکا. ئەمە ئەو شوێنەیە کە من ناوی دەنێم “شۆکی گەوری ژیان”. ئەم شۆکە دەتوانێ هەوێنێکی گەورە بێت بۆ پێداچوونەوە بە شێوەی هونەری.

* ئایا رۆمانى ترت بە دەستەوەیە، یاخود هیچ بیرۆکەیەکت هەیە بۆ رۆمانى تر؟

ـ راستییەکەی من ئیستا بەرهەمێکی ترم بە دەستەوەیە، بەڵام لە تەواوکردنی دڵنیا نیم. نازانم هۆکارەکەی چییە. جاری وایە سەرقاڵییەکانی ژیانی رۆژانە سەرەداوی بیرە رۆمانیاویەکانت لێ ون دەکەن. جاری وایشە ماندوویت و هەست دەکەی تاقەتت نیە بنووسی، ئەگەرچی وێنەکان لە زەینتدا دێن و دەچن. من بەو قەناعەتە گەیشتووم کە نیازی نووسین دەبێ بگاتە ئاستێک کە لە هەر شتێکی تر لە ژیانی تۆدا بە هێزتر بێت. بەهێزییەک کە دەبێ مەودایەک فراوان لە کاتەکانی تۆ داگیربکا.

تا ئیستا من چەندین جار پلانی نووسینی رۆمانم لە زەینی خۆمدا داڕشتووە، بەڵام نەمتوانیووە دەست بکەم بە نووسینی. هەربۆیە دەستنووسەکان لەولاوە لە سەر میزەکەم کەوتوون و دووای ماوەیەک فەرامۆشم کردوون، بەڵام دوواتر پلانی تر هاتوون. کتوپڕ یەکێک لەم پلانانە لە زەینمدا شکڵی تەواوی خۆیان وەردەگرن و ئیدی دەست دەکەم بە نووسینی یەکجارەکی. نووسینی رۆمان دەبێ بە رای من دوو شتی سەرەکی لە پشت بێت: یەکەم ئەوەی کە تێمە گشتییەکەت لا بە تەواوی روون بێت و دووهەم ئەوەی کە لانیکەم چەند دانە لە کەسایەتییەکان ئیدی لات بەرجەستە بووبێتن. ئاوێتە کردنی ئەم دوو لایەنە دواتر دەتوانێ بە ئاسانی قەڵەمت پێ وەگەڕبخەن.

* ئایا رۆمانى کوردى بەراى تۆ لە کوێى رۆمانى جیهانى دایە؟

ـ ئەم بەراوەردکارییە یاکجار زەحمەتە. هەر کام لە ئێمە دەتوانین باس لە ئەزموونەکانی خۆمان بکەین. لە بەراورەد لە گەڵ رۆمانەکانی تردا شتێک کە من لە رۆمانی کوردیدا ئازار دەدا، زمانە. زمانی رۆمانی کوردی لە ئاستی پێویست دا پوختە و پاراو نیە. هەروەها من هەست دەکەم کە رۆماننوسی کورد توانای شۆڕبوونەوەی بە ناو ناخی پاڵەوانەکانی خۆیدا زۆر بە هێز نیە، کە ئەمەش بۆ ئاستی کەمی زانیاری لە بابەت دەرونناسی و کۆمەڵناسی دەگەڕێتەوە. جگە لەوە بە هۆی لاوازیی ریالیزم لە رۆمانی کوردیدا ئێمە خاوەن ئەو دەقانە نین کە وەسفێکی ئۆبژێکتیڤی بە هێزی لە دونیای واقع کردبێ، وەها کە لە سەر ئەمەوە ئێمە بتوانین بازبدەین بۆ جۆرێکی تر لە نووسین. هەروەها لە نووسینی رۆماندا ئەوەندی کە خۆ جووتکردن لە گەڵ مۆدەکان لای نووسەر گرینگە، قوڵبوونەوە بە سەر کۆمەڵگای خۆدا گرنگ نیە. وەک بڵێی تەنیا فۆڕمە کە دەتوانێ بەرهەمی سەرکەوتوو بخوڵقێنێ!

*تۆ لە ئاستى جیهانیدا زیاتر چى نووسەرێک دەخوێنیتەوە؟ لەهەمان کاتدا لە نووسەرە کوردەکانیشدا زیاتر حەز لە نووسینى کام نووسەر دەکەیت؟

ـ من بە گەنجیەتی رۆمانی زۆرم خوێندووەتەوە. رۆمانەکانی سەدەی نۆزدە، رۆمانە رووسییەکانی دووای شۆڕشی ئۆکتۆبەر (وەک رۆمانی دۆنی ئارام) و رۆمانە ئێرانییەکان. ئیستایش زیاتر هەوڵ دەدەم کە بە نۆرویژی بخوێنمەوە. لە راستیدا زاڵنەبوونی پێویستم بە سەر زمانی نۆروێژیدا کارێکی کردووە کە خوێنەرێکی دەقیق نەبم. بەڵام دەخوێنمەوە. لەم خوێندنەوانەشمدا تێگەیشتووم کە لێرە هیچ فۆڕمێکی رۆمان کۆن نەبووە و کەڵکیان لێ وەردەگیردرێ. ماوەیەکیشە فێربوومە کە بەردەوام سەیری ئەو فیلمانە بکەم کە لە سەر بنەمای رۆمانە گرنگە جیهانییەکان دروست کراون. رەنگە هەموویشی سەیرنەکەم، بەڵام هەندێ لەختە، وەها سەرنجم رادەکێشی کە حەز دەکەم دانیشم و بەس بیری لێ بکەمەوە،… چەندین و چەندین جار.

سەبارەت بە رۆمانی کوردیش دەبێ بڵێم کە خوێنەرێکی باشی رۆمانی کوردی نیم. کە دەست بە خوێندنەوەیان دەکەم بۆم تەواو ناکرێن. رەنگە هۆکارەکەیشی ئەوە بێت کە دیققەت و جوانناسیی زمان لە بەرهەمە خارجییەکاندا وایان لێکردووم. یان رەنگە ئاڵۆزیی رۆمانی کوردی بێت کە ئازارم دەدات، یان رنگە ئەوەی کە کاریگەریی کلتوری دی بە سەرمەوە کارێکی کردووە کە لە بەرهەمدا بە شوێن فرە کلتوریدا بگەڕێم.

رۆمانی کوردی جۆرێک لە ئاڵۆزیی تێدایە کە بەرهەمی زۆرتر بیری پۆست مۆدێڕنە. زۆر شت تێیدا چەپێندراوە کە دەکرێ وەها نەبێ. ئەمە کارێکی کردووە کە بازنەی خوێنەری رۆمان بەرتەسک بێت و هەڵنەداتە ئاستێکی فراوان.

*تۆ لە بوارى فەلسەفە و رەخنەى ئەدەبى و وتارى سیاسى و فیکری دەنووسیت، لەکاتێکدا شیعر و چیرۆک و رۆمانیش دەنووسیت، ئایا بەبرواى تۆ ئەم پەرتەوازەبوونەى نووسەران بۆچى دەگەرێتەوە؟

ـ رەنگە هۆکارەکەی خەزنکرانی مێژووییانەی کۆمەڵێکی فراوان لەو ئازار و دیاردانە بێت کە بە سەر تاکی کوردیدا سەپێندراوە. یان ئەوەی کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا هێشتا بە گوێرەی نەریتێکی مودێڕن، ئەرکەکان دابەش نەکراون و تاک شوێنی راستەقینەی خۆی نەدۆزیوەتەوە. یان رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت کە مرۆڤ لە بنەڕەتدا لە تاکڕەهەندی بوون بێزارە و وەک بوونێکی چەند رەهەند حەزدەکا کە هەموو لایەنەکانی خۆی دەربخا.

من بۆ خۆم دەتوانم لە چەند رەهەنددا کار بکەم و بنووسم. هەڵبەت ئەگەرچی بە شیعر دەستم پێکرد، بەلام راستیەکی شیعر نانووسم و خۆیشم یەکجار کەم لە قەرەی رەخنەی ئەدەبی دەدەم. وتاری فیکری و سیاسی و رۆمان و چیرۆک بوارە سەرەکییەکانی کاری منن. پێشم وایە کە هەموویان پێکەوە گرێ دراون. چیرۆکنووس و رۆماننووس دەبێ شارەزاییەکی باشی لەمەڕ رووداوەکانی ژیانی رۆژانە و فیکری سەردەم و فەلسەفەدا هەبێ. سیاسەت و فەلسەفە شارەزای دەکا بە سەر شتە ورد و گشتییەکاندا و ئەمە دوواتر یارمەتیدەر دەبێ (وەک بنەمایەک) بۆ نووسینی رۆمان و چیرۆک.

تۆ ناوی ئەمەت ناوە “پەرتەوازە بوون”. پەرتەوازە بوون باری نگەتیڤی هەیە و مانای ئەویە کە باڵندەکە نازانێ بەرەو کوێ هەڵفڕی. ئەو لە ئاسماندا هەروا دێت و دەچێ بە بێ هیچ پلانێک. بەڵام لە پشت ئەم فرە رەهەندی بوونەی نووسینەوە، دەبێ سەیر بکەین کە داخۆ نووسەر دەرەقەت هاتووە یان نا. زۆر نووسەر لە دونیادا هەن کە لە بواری جۆربەجۆردا کار دەکەن، بۆ وێنە چامسکی. هەڵبەت لە ئەنجامدا ئەوە یەک بوارە کە دەبێتە پێناسەی سەرەکیی نووسەر. 

* ئایا لە ئەدەبی ئەمڕۆی کوردیماندا ئەدەبێک بوونی هەیە بەناو ئەدەبی سیاسی، بە شێوەیەکی تەندروست؟ ئاسۆی ئەدەبی سیاسی چۆن دەبینیت؟

ـ ئەمە پرسیارێکی کۆنە و زۆری لە سەر گوتراوە و نووسراوە. بە رای من ئەدەب ناکرێ سیاسی نەبێت، بەڵام چۆن سیاسییەک؟ سیاسەت دەکرێ بەشێک لە ناوەڕۆکی ئەدەب بێت، بەڵام فۆڕمی سەرەکییەکەی نەبێت. ناکرێ نووسەر بڵێت دەی باشە ئەرکی من ئەوەیە کە ئیستا دادەنیشم و چیرۆکێک لە سەر چەوساندنەوەی چینی کرێکار یان فڵانە نەتەوە دەنووسم. ئەمە بەرهەمەکە دەکا بە بەرهەمێکی کاڵ و رێکلامەیی و بە تەواوی لەوە پێش داڕێژراو. لێرەدا ئیدی شوێن بۆ گەمەی ئازادانە فکر و وێنە نامێنێ. هەموو شتێک لەوە پێش دیاریکراوە کە چۆن بڕواتە پێش. لێرەدا ئیتر ئێمە لە بەردەم ئەدەبی سیاسیدا نین، بەڵکوو لە بەردەم سیاسیی ئەدەبیداین، یان سیاسەتی بە ئەدەبکراو. ئەدەبی سیاسی رەنگە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا هەبێ و بەشێکی گرنگ لە کلتوریان داگیربکا. چرنیشفسکی لە رووسیا و هیوز لە ئامریکا نموونەی دیاری ئەم جۆرە ئەدەبەن. لە ناو ئەدەبی کوردیشیدا نمونەمان زۆرن. بەڵام ئیدی ئیستا دۆخەکە گۆرانی بەسەردا هاتووە و هەربۆیە ئەدەبی سیاسی ناتوانی بە شێوەی جاران سەرنج راکێش بێت. ئیتر ناکرێ بە زمانی قانع بنووسرێ. پەیامە سیاسییەکان ئیستا گەلێک ئاڵۆزتر بوون و هەربۆیە داوای فۆڕمی دیکەش دەکەن.

بە رای من تا کێشە سیاسیەکان مابن، ئەدەبی سیاسیش دەمێنێ.

* بەبڕواى تۆ پەیوەندییە گشتگیرییەکانى نێوان فەلسەفە و ئەدەبیات لە کوێى نووسیندا یەکدەگرنەوە، بەتایبەت لە بوارى شیعردا؟

ـ سارتروەک فیلسوفێکی گرنگی ئیگزیستیانسیالیست (وجودی)، جگە لەوە خاوەن نووسینی فەلسەفییە، لە رۆمانە بە ناوبانگەکەی خۆیدا بە ناوی “هێڵنج” هەوڵی داوە بنەما فیکرە فەلسەفییەکانی خۆی بە شێوەی ئەدەبی لە فۆڕمی رۆماندا بنوێنێتەوە. باشە ئەوە چی بووە کە وای کردووە سارتر تەنیا بە نووسینی فەلسەفی رازی نەبێت؟ کەسیک گەر بیەوێ لە فەلسەفەی وجودیانەی سارتر ئاگادار بێت، دەتوانی کتێبە فەلسەفییەکانی بخوێنێتەوە و ئیدی لێی شارەزا بێت. بە رای من ئەوەی کە سارتر هان دەدا کە فەلسەفەی ئیگزیستیانسیالیسم لە بەرگی رۆماندا بنوێنێتەوە، کۆنکرێت کردنی باسەکەیە لە فۆڕمی ئەدەبیدا. کە ئەمەش بەشێکی یەکجار گرنگە. سارتر لەم رۆمانەیدا ئیتر فۆرمولەی بیری فەلسەفی لە فۆرمی فەلسەفەدا ناکا، بەڵکوو بە وێنە و بە شێوەی کونکرێت نیشانمان دەداتەوە. سارتر پێی وایە کە بە نووسینی رۆمان ئەو شتەی کە نەیتوانیووە بە تەواوی لە کتێبە فەلسەفییەکەیدا بیڵێ، باسی لێکردووە. وەک دەزانین سارتر پێی وایە کە مرۆڤ مەحکووم بە ئازادییە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم ئازادییە قورسە، قورسییەک کە مرۆڤ بە تووش هێڵنجەوە دەکا. جا چ لەوە باشتر تۆ بتوانی لە قەوارەی کاراکترێک دا بە کونکرێت باسی ئەم حاڵەتە فەلسەفییە لە وجودی مرۆڤدا بکەیت.

* تۆ دوو کۆمەڵە چیرۆکت بەناوەکانى (ئێوارەى شار) و (خۆشترین رۆژى دنیا) بڵاوکردۆتەوە ، ئایا بەنیازنیت چیرۆکەکانى تریشت بەچاپ بگەیەنیت؟

ـ من ئیستا کۆمەڵە چیرۆکێکی ترم ئامادەی چاپە و ئەوەندی نەماوە کە کۆمەڵێک چیرۆکی دیکەیش ئامادەی چاپ بکەم. دووری من لە وڵات بووەتە هۆی کەمێک گیر و گرفت لە لەچاپدانی بەرهەمەکانم بە شێوەی کتێب. کە هیوادارم بتوانم بە سەریاندا زاڵ بم.

*ئایا پەیوەندییە ئیستاتیکییەکانى زمان لەپرۆسەى نووسینى ڕۆمان سەختترە، یاخود لە پرۆسەى نووسینى چیرۆک؟ ئەرکە سەرەکییەکانییان کامانەن؟

ـ بێگومان لە رۆماندا سەختترە. چونکە هەم زەمەنی زیاتری دەوێ و هەم بە هۆی حەجمەکەیەوە و بە هۆی رادەی زیاتری کەسایەتییەکانییەوە و فراوانیی بوونی دیاردەکان تێیدا، لێکئاڵانی پێوەندە ئیستاتیکییەکانی زمان دژوارترە، بەڵام لە هەمان کاتدا بە هۆی مەودای زۆرتر، دەرفەتی زیاتریشت دەداتێ!

رەنگە دژوارترین بەشی ئەم پەیوەندییە ئیستاتیکییە، پێکەوە گرێدانی سەرەتا و کۆتایی بەرهەم بێت. چونکە بەڕای من سەرەتا و کۆتایی ئەو دوو بەشن کە زیاتر لە هەر شوێنێکی تر نووسەر کارتێکەریی ئیستاتیکیانەی خۆی بە سەر زەین و فیکری خوێنەردا بە جێ دێڵێ. سەرەتای بەرهەم دەبێ وەها بێت کە خوێنەر بیەوێ درێژە بە خوێندن بدا و کۆتاییش ئیدی نووسەر دەبێ رۆحی خوێنەری کردبێ بە بەشێک لە جیهانی خۆی. دوواتر، پێکەوە گرێدانی ئەم دوو بەشە، خوێنەر دەخاتە بەردەم بەرهەمێک کە وەک هەر بوونێک سەرەتا و کۆتاییەکی هەیە. دوو بەش کە دەبێ هەر کامیان لە بەر تیشکی ئەوی تردا تا دێت گەشتر و رووناکتر بێ.

*بۆ ئەوەى خوێنەرى تۆ زیاتر لە کۆد و نهێنیی و تەکنیکەکانت نزیک ببێتەوە، چى کۆمەکى دەکات و لە چییەوە دەست پێبکات بۆئەوەى خۆى زیاتر وەک پاڵەوانى چیرۆکەکان ببینێت؟

ـ یەکێک لە جیاوازییەکانی چیرۆک و رۆمان ئەوەیە کە لە چیرۆکدا تۆ زۆرتر لە سەر یەک کەسایەتی یەکانگیری، بەڵام لە رۆماندا چەندین و چەندین کاراکتێر بوونیان هەیە کە نووسەر دەبێ بەردەوام لە جیهانیاندا بێت و جگە لەمە بتوانێ بەردەوام لە گەمەیەکی هونەرییدا لە پاڵ یەکتر و لە بەرامبەر یەکتردا دایانبنێ. ناسینی زیاتر لەسەر کەسایەتییەکان بۆ رۆماننووس دەتوانێ یەکێک لە سەرەکیترین پێداویستییەکانی خولقاندنی فەزای رۆمان بێت، وەها کە بتوانێ سەرنجی خوێنەر بۆ خۆی رابکێشێ. جگە لەمە من لە رۆمانی پەڕەسێلکەکانی کۆچ دا کارێکم کردووە کە دەتوانی لە رێگای هاوچەشن سازی لە وشە یان رستەیەکدا لە کۆتایی هەر بەشێکدا و درێژەدانی هەمان وشە یان رستە لە بەشەکەی تردا خوێنەر بهاویتە ئەم جیهانی “شۆک” ەوە. ئەمە رەنگە یەکێک لە تەکنیکەکان بێت کە دەتوانێ یەکجار یارمەتیدەر بێت. جگە لەمە چڕکردنەوە دەتوانێ ئامرازێکی تر بێت. واتە بە شێوەیەکی بەردەوام فڕێدانی خوێنەر بۆ ناو فەزا سەرەکییەکان. هەڵبەت ئەمە خوێنەر دەتوانێ ماندوو بکات، بەڵام بەردەوام لە پنتی ناوەنددا رایدەگرێ و بەردەوام لە گەڵ کاکلدا خەریکی دەکات. هەروەها ئامرازە کلاسیکیییەکانی وەک لێکچواندن و میتافۆریش دەتوانن ئەو شتانەی بن کە خوێنەر لە دنیایەکی وێنەییدا رابگرێ و مانا چەند رەهەندی بکا.

نابێ لەبیرمان بچێت کە نووسەر دەبێ بەردەوام هەموو رووداوە گچکەکانی ناو رۆمان، یان چیرۆک بە تێمێکی گشتی ترەوە پەیوەندی بدا، چونکە ئەم پەیوەندییەیە کە سەرئەنجام سەرسوڕمان لە خوێنەردا دروست دەکا. رووداوی گچکە نابێ خۆی لە ناو خۆیدا کۆتایی پێ بێت. رووداوی گچکە بە تەماس گرتن لە گەڵ پرسیارە وجودییەکان یاخود پرسیارە گشتییەکان دەتوانن قوڵایی پێویست پەیدا بکەن. واتە پەیوەندی دیالێکتیکیانەی ورد و گشت.

*ئەدەبى پۆست مۆدێرن تاچەند کاریگەریى بەسەر چیرۆکى کوردییەوە دروست کردووە، یاخود چیرۆکى کوردى چۆن خۆى ئاوێتەى ئەدەبى پۆستمۆدێرن کردووە؟ کە دەزانین بەشێک لەچیرۆکى کوردیى پشتى بە گێرانەوە بەستووە؟ ئایا ئەمە چۆن لە ڕۆمانى کوردییدا ڕەنگى داوەتەوە؟

ـ کاکڵی چیرۆک بە رام من هەمیشە گێڕانەوە بووە و گێڕانەوە دەبێ، بەڵام جۆر و زمانی گێڕانەوەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت. جاری وایە گێڕانەوە، گێڕانەوەیەکی ریالیستییە و دیاردەکانی دەرەوەی زەین دەکا بە بابەتی گێڕانەوە و جاری وایە حاڵەتە دەروونییەکان. جاری وایشە لە رێگای فەنتازییەکی رووتەوە وێنەکان دەکا بە بابەتی گێڕانەوە. لە ئەدەبی پۆست مودێڕنیش دا بە رای من حاڵەتی گێڕانەوە بەرجەستەیە.

یەکێک لە تایبەتمەدییەکانی ئەدەبی پۆست مۆدێڕن ئەوەیە کە بەردەوام قاڵب شکێنە، یان خود ئیزن بە خۆی دەدا کە توخمە جۆراوجۆرەکان لە فەزای رۆمان و چیرۆکدا تێکەڵ بکات. هەندێ نووسەر ئیستا لە ئەدەبی کوردیدا ئەمە رەچاو دەکەن. وەک دەزانین یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پۆست مۆدێرنیسم ئەوەیە کە واز لە حیکایەتە گەوەرەکان دێنێ، بەڵام پارادۆکسەکە لێرەدا ئەوەیە کە رۆمان خۆی حیکایەتێکی گەورەیە! یانی گشتییەتێک هەیە کە فەزای رۆمانەکە بە گشتی پێناسە دەکا. رەنگە مرۆڤ وازی لە حیکایەتە گەورە کلاسیکییەکان یان کۆنەکان (ئەم وشانە باری نگەتیڤیان لای من نیە) هێنابێ، بەڵام ناچارە بە چێکردنی حیکایەتە نوێیە گەورەکان! ئایا راوەستان لە بەرامبەر حیکایەتە گەروەکاندا خۆی لە خۆیدا حیکایەتێکی گەورە نیە؟ دەزانی، یەکێک لە پارادۆکسەکانی وتە فەلسەفییەکان ئەوەیە کە خۆیان لە سەر هەمان پرنسیپ راوەستاون کە بۆ خۆیان دەیانەوێ نەفی بکەنەوە. جا پۆست مۆدێرنیش لەمە حاڵەتە بێ بەری نیە. بەڵام با کراوە بین و بێڵین کە ئەوانیش بێن خۆیان تاقی بکەنەوە، بەو مەرجە کە موحتات بین و دەست بەجێ خۆما سەداسەد نەدەین بە دەستەوە.

*ئایا لە فۆرمى نوێى داستاندا شتێک هەیە بەناوى ڕۆمانى هاوچەرخەوە؟ رۆمانى هاو چەرخ چۆن سەرى هەڵدا؟

ـ هاوچەرخ دەکرێ هاوچەرخ بێت بەو مانایەی کە پێوەندیی بە چاخ یان چەرخی ئێمەوە هەیە. کە هەڵبەت لە سەر زەمەنی دەقیقی ئەم چەرخەش دەکرێ مشت و مڕ هەبێ. بەڵام نابێ لە بیرمان بچێ کە بە هۆی خێرایی ئەم سەردەمەوە وتەزای “چەرخ” یان “چاخ” (لێرەدا چەرخ بە رای من هەمان چاخە کە دەیەوێ زەمەنەکە سنووردار بکا) پێناسە کردنەکەی یەکجار دژوار بووە.

هاوچەرخ بەرامبەر بە وشەی “معاصر” ی فارسییە کە لە “عصر” ەوە دێت. لە زمانی فارسی دا عصر بۆ زەمەنێکی پان و بەرین بەکار دەبرێ، بۆ وێنە “عصر آهن”، کە زەمەنێکی دوور و درێژی لە مێژووی کۆنی مرۆڤی داگیر کردووە. جا بۆیە وشەیەکی دەقیق نیە و بە گشتی ناڕوونە، بەڵام لە هەمان کاتدا وەک هەموو وشە و وتەزا ناڕوونەکانی تر بەکار دەبرێ. من نازانم مەبەستت لە وشەی هاوچەرخ چییە، بەڵام دەکرێ هەموو ئەو بەرهەمانەی کە لەم سی ساڵەی دووایدا نووسراون بە رۆمانی هاوچەرخ ناوبەرین، بە هەموو جۆراوجۆرییەکانی خۆیانەوە. بەس سەیر ئەوەیە کە چونکە رۆمانی کوردی مێژوویەکی دوورو درێژی نیە، کەواتە دەکرێ هەموو بەرهەمەکان بخەینە ناو بازنەی ئەم وتەزایەوە، کە ئەمەش غەریب دەنوێنێ. جابۆیە رەنگە وا باشتر بێت کە خۆمان لەم دەستەواژەیە دوور رابگرین و پەلە نەکەین. رەنگە دەبێ زەمەنێک بەسەر رۆمانی کوردیدا بگوزەرێ، ئەوکات بتوانرێ لە وتەزای هاوچەرخ کەڵک وەربگیردرێ. وشەی “هاوچەرخ” وەک لە ناوەکەی دیارە پێویستیی بە زەمەن هەیە، جا با ئەم زەمەنەی بدەینێ. وشەی هاوچەرخ، پێویستی بە دژ یان بەرامبەرێک هەیە کە ئەویش زەمانی “کۆن” ە. شتێک کە هێشتا ئێمە نیمانە.

*ئایا  چیرۆکنووس و ڕۆماننووس بۆئەوەى بە شێوەیەکى ئەکتیف و تەندروست بچێتە ناو ناخى کارە ئەکتەرەکانى، پێویستى بە ڕوانگەیەکى کۆمەڵناسییانە هەیە؟ ئایا کۆمەڵناسى تاچەند پێویستە؟

ـ پێم وابێ لە پرسیارەکانی پێشوودا ئاماژەم بەم خاڵە داوە. بەس حەز دەکەم لێرەدا تێبینییەک زیاد بکەم، ئەویش ئەوەیە کە خاوەن روانگەیەکی کۆمەڵناسیانە بوون بە مانای ئەوە نیە کە رۆماننووس بە مانا ئاکادیمییەکەی دەبێ حەتمەن کۆمەڵناس بێت. کۆمەڵناسی لە بواری ماکرۆ و میکرۆدا کۆمەڵگا وەک فۆڕمی ژیانی مرۆڤ دەخاتە بەر لێکۆڵینەوەوە و لە ژێر تیشکی دا هەوڵ دەدا کە بوونەوەرێک بە ناوی مرۆڤ پێناسە بکا. رۆماننوس تەنانەت ئەگەر لە رێگای دەقە کۆمەڵناسییەکانەوە شارەزای مرۆڤ نەبێ، ئەوا لانیکەم لە رێگای ژیان (ئەزموون) و لە رێگای خوێندنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکانی دیکەوە قوڵبوونەوەی پێویست لە مەڕ کۆمەڵگا و مرۆڤ پەیدا دەکا. ئەمانە بەستێنی ئەو ئاگاییە بنەڕەتین کە بۆ نووسین پێویستن.

هەموو نووسەرە باشەکان گەر بدوێنی دەبینی کە دەتوانن لە سەر کۆمەڵگا و لە سەر مرۆڤ هەندێ باسی گرنگ بوروژێنن. نموونەکانیان دەتوانن مەحموودی دەوڵەت ئابادی و بەختیار عەلی بن.

فەڕۆخ نێعمەتپوور
سازدانى هەڤپەیڤین /غەمگین بۆڵى

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *