فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ئازارێک کە قارەمان لە سەری بڕیاردەر نیە

کات 23/02/1391 260 بازدید

ـــ له‌ سه‌ره‌تای رۆمانه‌که‌وه‌ به‌ دوالیزمێک ده‌ستپێده‌کات ”شارێکی چکۆله‌ی به‌رز، به‌ڵام نزم، یه‌کجار نزمتر له‌…” ئه‌ته‌وێت بڵێیت ته‌نانه‌ت له‌ ئاستی سروشتیشدا به‌رز نزمه‌؟

ـ ئەم دەستپێکە لە سەرەتادا ئاماژەیە بە دیاردەیەکی سروشتی. شارێک کە بەرزترە لە ئاستی ئاوی دەریاکان و نزمترە لە کێوەکانی دەورووبەری خۆی. ئەوەی کە ئەمە دوالیزم بێت، کەمێک لە سەری دەبێ راوەستین. دوالیزم بەو مانایە دێت (بۆ وێنە لە فەلسەفەدا) کە “بوون” لە دوو شتی بنەڕەتی پێک هاتووە و ئەم دوو شتە لە یەک جودان. بۆ وێنە دوالیستەکان دەڵێن کە “بوون” بریتیە لە رۆح و لە ماددە کە هەر دووکیان لە یەک جودان و بەڵام دەکرێ بە هۆی شتێکەوە کە هێشتا بە جوانی نەزانراوە چیە لە گەڵ یەکتر لە پەیوەندیدان. مونیسم وەک رێچکەیەکی تری فەلسەفی لە بەرامبەر دوالیزم دا راوەستاوە.

ئەگەر “شار”ی ناو رۆمانەکە وەک “بوون” لە بەر چاو بگرین، دەتوانین بڵێین کە ئەم دوالیزمە شمولی ئەویش دەتوانێ بکا. “بوون” ێک کە لە دوو جەمسەری نەیار و ناتەبا پێک هاتووە: بەرزی و نزمی. دوو جەمسەر کە لە عەینی ناتەباییدا لە گەڵ یەکتردان و دەکرێ و دەبێ بە هۆی شتێکەوە یان شتگەلێکەوە لە گەڵ یەکتر لە پەیوەندی دا بن.

بەڵێ وەک بۆ خۆت لە پرسیارەکەدا ئاماژەی پێدەکەیت دەمەوێ بڵێم کە تەنانەت لە ئاستی سروشتیشدا شار بەرز نزمە، بەلام ئەم بەرز نزمییە وەک دوالیزمێک لە پانتایی ناو رۆمانەکەدا دەتوانێ ئاماژە بە زۆر شتی تریش بکا. واتە بەرزی و نزمی وەک دوو کاراکتێری سەرەکی دەبنە ئەو بەستێنەی کە زۆر دیاردەی تر لێیانەوە گوزەر دەکەن. ئەوەی کە “بوون”ی لای ئێمە دوالیزمترین بوونە. ئەو دوالیزمەی پێکەوە دیاردەیەک بە ناو “بوون” یاخود “شار” پێک دێنن و بەڵام ئەوەی کە چی پێکەوە گرێیان دەدا هێشتا جێگای سەرنج و جێگای خوێندنەوە و لێوردبوونەوەیە.

ـــ لای فرۆیدو لای هه‌ندێک بیریاری پۆست مۆدێرن…ئازار سه‌رێکی له‌ نێو چێژدایه‌… له‌ نێو رۆمانه‌که‌شدا دۆخێکی وا ده‌بینین؟

ـ  بە رای من زەمانێک ئازار پەیوەندی لە گەڵ چێژ پەیدا دەکا کە قەزیەی عەشق و خۆشەویستی بێتە گۆڕێ. لەم حاڵەتەیشدا زۆر جاران ئازار زەمانێک سەرهەڵدەدا کە گرێ یاخود ناهومێدییەک لەم پەیوەندییەدا خۆی دەنوێنێ. بەلام هەندێ جاریش وەها نیە. بۆ وێنە دەگێڕنەوە چخۆف نووسەری رووسی ئاشقی ئافرەتێک دەبێت و بەڵام لەوە خۆی دەبوێرێ کە خۆشەویستییەکەی سەربگرێ و بگاتە یارەکەی (خودئازاری). بۆچوونەکەیشی ئەوە دەبێت کە ئەو پێویستیی بەو ئەشقە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێ بیکا بە هەوێن و هاندەری نووسین. واتە حاڵەتێکی رۆحی کە وزە دەدا بە نووسین و داهێنان. لەم حاڵەتدا ئازار و چێژ پێکەوە چیژی هونەری بەرهەم دێنن.

ئەوەی من لە پاڵەوانەکانی ناو رۆمانەکەی خۆمی دەبینم ئازار لە فۆڕمی یەکەمیەتی. واتە ئازارێک کە لە دەرەوە دێت و خۆسەپێنەرە و پاڵەوانەکان لە سەری بڕیاردەر نین. رەنگە تەنیا کەسێک کە دەچێتە ناو فۆڕمی دووهەمەوە “باقی” بێت کە دەبێ بە شۆرشگێڕ و بەم شێوەیە دەبێتە هەڵگری ئەشقێک کە بۆ خۆی هەڵیبژاردووە و هەر لەم رێگایەشەوە بۆ خۆی خۆی لە قەرەی ئازارێک دەدا کە بە جۆرێک خودساختەیە. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەم جۆرە لە ئازاریش یاخود ئەشقیش بە تەواوی خودساختەیە؟ ئایا ئەمەیش بە جۆرێک لە دەرەوە نایەت؟

بە رای من سروشتی مرۆڤ وەهایە کە بەردەوام خۆی لە ئازار دەبوێرێ و ئەشقیش لە راستیدا رێگایەکە بۆ قوتار بوون لە ئازار. بەڵام چ دەکەی لە کۆمەڵگایەک کە ئەشقیش تێیدا دەبێ بە ئازار؟

هەروەها ئەگەر هەر لەو روانگە دوالیستییەوە بڕوانینە کێشەکە، بە شێوەیەکی سروشتی بەو ئەنجامە دەگەین کە رۆحی دوالیزم کە بە سەر کتێبەکەدا زاڵە، لەم بوارەیشدا ئێمە دەخاتەوە بەر دوالیزمێکی تر بە ناوی ئازار و چێژ. دوالیزمێک کە خۆی لە ژیانی پاڵەوانەکاندا نیشان دەداتەوە و دەبێت هەوێنی راستییەکی تری ژیانیان.  

 ـــ هه‌ندێک دۆخ هه‌یه‌ مرۆڤ توشی دێت ره‌نگه‌ به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گیرابێت له‌ رابردوودا، به‌ڵام له‌ کاره‌ ئه‌ده‌بییه‌کاندا زۆر سه‌رنجی ده‌درێتێ، لای فه‌یله‌سوفانی ئیستاش زۆر سه‌رنجی ده‌درێتێ. بۆ نمونه‌ ره‌سول باڵا به‌رز له‌ نێو سه‌یاره‌که‌و سام و هه‌یبه‌تی بۆ شۆفێرو موسافیره‌کانی تر. به‌رزبونه‌وه‌ی شۆفێر گه‌ر بێت وتوێژێک له‌گه‌ڵی بکات. یان نیگای ره‌سول و کاریگه‌ری له‌سه‌ر شۆفێرو دانی به‌ گێڕی گران… ئه‌م هه‌موو کاردانه‌وانه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام بۆ که‌م ده‌بنه‌ جێی سه‌رنج که‌ ره‌نگه‌ ژیان و بوونی مرۆڤیش به‌شێکی زۆری له‌م دۆخانه‌ سازبووه‌؟

ـ رەنگە تەواوی کارەساتی ژیانی مرۆڤەکان لەوەدا بێت کە ئێمە کەمتر سەرنج دەدەینە یەکتر. ئێمە کەمتر خەریکی خوێندنەوە و قوڵبوونەوە لە کردار و قسەکانی یەکترداین. تەنیا دڵ دەدەینە ئەو بەسانەی کە بە جۆرێک پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە، ئەگینا بەردەوام خۆمان لە بەشەکانی تر گێل دەکەین. رەنگە ئەمە بنەما یاخود هۆکارێکی سروشتیشی هەبێ. هەر مرۆڤێک لە ژیانی رۆژانەی خۆیدا بە حوکمی ئەوەی لە کۆمەڵگادا دەژی، لە گەڵ گەلێک کەس لە پەیوەندییدایە و جگە لەوە هەر مرۆڤێک خاوەنی سەرقاڵییەکانی خۆیەتی و هەر بۆیە قەت بە تەواوی دەرفەتی ئەوە پەیدا نابێ بە گوێرەی پێویست دۆخی دەورووبەری خۆی شیبکاتەوە. جگە لە هەمووی ئەمانە، شیکردنەوە پێویستی بە توانای بیرکردنەوەیەکی بنەڕەتیانە هەیە و ئەمەش رەنگە بۆ هەموو کەس دەست نەدات. جا ئەگەر مرۆڤ بگەشتایەتە ئەو حاڵەتەی کە ئەم دەرفەتە پەیدا بک، ئەوا ئێمە خوێندنەوەیەکی واقعیانەترمان لە سەر یەکتر دەبوو و هەر بەم پێیەیش ژیانمان پڕنێوەڕۆکتر و بەدوورتر لەو کێشانەی کە دەکرا کێشە نەبن.

زۆر جار رووداوەگەورەکان لە ژیاندا لە شتە هەرە بچووکەکانەوە دەست پێدەکەن. بێتاقەتییەکی ژیانی رۆژانە بۆ وێنە دەکرێ ببێتە هۆکاری کردارێکی سەربزێوانەی ترسناک و بەم جۆرە بۆ هەمیشە رەتی ژیانمان بگۆڕێ. بە رای من ئەگەر مرۆڤ بگاتە ئاستێک کە لە کۆمەڵگایەکدا بژی کە کەمتر بە دەست دابینکردنی پیداویستییەکانی رۆژانەی خۆیەوە سەرقاڵ بێت، دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێ کە زیاتر بیر بکاتەوە، بە تایبەت لەو شتانەی کە جەنابت ئاماژەیان پێدەدەیت.

بەلام با شتێکی تریش بڵێین. جاری وایە بیرکردنەوە هەمیشە کردەیەکی تاکەکەسی نیە و مرۆڤەکان لە رێگای گروپەوە یان ئەو رێکخراوانەوە کە ئەندامیانەن ئەو دەرفەتەیان بۆ دەرەخسێ کە بکەونە ناو دۆخ یاخود پرۆسەی بیرکردنەوەوە. کۆبوونەوەی بەردوام و بە نەزم لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا دەتوانن مرۆڤ بگێڕنەوە بۆ ئەو دیاردانەی کە زۆر جاران بە سانایی بەلایاندا تێپەڕیون.

هەر بۆیە با بگەینە ئەم ئەنجامە لە باسەکەماندا کە بیرکردنەوە هەم کردەیەکی تاکەکەسییە و هەم کردەیەکەی گشتی و گروپیانە. لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا لە مێژە دەستیان داوەتە چێکردنی فۆڕمە گشتییەکانی بیرکردنەوە لە قەوارەی بۆ وێنە رێکخراوە مەدەنییەکاندا. با نموونەیەک لە کتێبەکە بێنینەوە. ئەگەر “عەلی سەیزادە” دەرفەتی ئەم بیرکردنەوە گشتییەی لە فۆڕمی رێکخراوەیەکی ئاژەڵ پارێزدا بۆ رەخسابا، داخۆ ژیانی ئەو و سەگەکان بەو ئاقارەدا دەڕۆیشت کە لە رۆمانەکەدا دەڕوا؟

ـــ رێکه‌وت و دیسپلین… ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ی ره‌سول جگه‌ له‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی فه‌لسه‌فییه‌ له‌ رۆمانه‌که‌دا هاوکات ده‌رخه‌ری توانای رۆشنبیری ره‌سول باڵابه‌رزه‌… ئێوه‌ تا چه‌ند مه‌به‌ستتان بووه‌ بیرۆکه‌ی فه‌لسه‌فیش له‌ رۆمانه‌که‌دا هه‌بێت؟

ـ فەلسەفە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە پشت هەموو رووداوەکانەوەیە، جا چ روواوە رۆحییەکان و چ روواوە ماددییەکان. فەلسەفە بریتییە لە پرسیارە گشتییە بنەڕەتییەکان و وەڵامە گشتییە ئارگۆمێنتییەکان. لە ژیانی رۆژانەیشدا ئێمە هەموومان بە جۆرێک هەست بە بوونی ئەم پرسیار و وەڵامە گشتییانە دەکەین، جا چ بتوانین بە وشە دەریببڕین یان نا. واتە تەنانەت پێش وشەیش ئێمە خاوەن هەستێکی فەلسەفین.

بە رای من گەر رۆمان بە جۆرێک نەتوانێ ئەم گشتییەتە هەم لە پرسیاردا و هەم لە وەڵامدا (لە فۆڕمی ئەدەبیدا) پیشان نەدا، رۆمانەکە دەبێ بە هەندێ روودا و رستە و پەرەگرافی ورد ورد کە هیچ “کۆ” یەکی فکری و ئیحساسی لە خۆێنەردا دروست ناکەن. بەڵام بەو مەرجەی کە فەلسەفە بە شوێن ئەدەبدا بڕوات نەک ئەدەب بە شوێن فەلسەفەدا. ئەمە یاسایەکە بۆ هەمیشە دەخوات. تەنانەت لە رۆمانێکی وەک “جیهانی سۆفی” لە نووسینی “یوستەین گۆردێر”ی نۆروێژی دا کە تێیدا فەلسەفە و ئەدەب بە شێوەیەکی زەقتر تێکەڵاو بوون، ئەوا ئەدەبە کە فۆڕمە و فەلسەفە بە شوێن خۆیدا رادەکێشێ.

بەڵام فەلسەفە دەتوانی بە گشتی بە دوو شێوە لە رۆماندا بوونی هەبێ: یەکەم بوونێکی ناراستەوخۆ و دووهەم بوونێکی راستەوخۆ. لە شێوەی یەکەم دا فەلسەفە باکگراوندی رووداوەکان و دەقە و، لە شێوەی دووهەم دا فەلسەفە لە رستەی راستەوخۆی فەلسەفیانەدا بوونی هەیە. من بۆ خۆم ویستوومە لە هەر دوو بوارەکەدا ئەم کارە بکەم، بەلام پێم وابێ مەیلم زیاتر بەرەو شێوازی یەکەمە.

 ــــ سود وه‌رگرتن له‌ فه‌لسه‌فه‌ بۆ کارێکی ئه‌ده‌بی به‌ بۆچونی ئێوه‌ پێویسته‌ یان ئێوه‌ بۆ خۆتان به‌ هۆی ئاگاداری بواری فه‌لسه‌فه‌ن ئه‌مه‌ به‌ رێکه‌وت دروستده‌بێت؟

ـ پێم وابێ بە شێوەیەک وەلامی ئەم پرسیارەم لە وەڵامی پرسیاری سەرەوە دابێتەوە. دەتوانم لێرەدا چەند مەسەلەی تر بەم بوارە زیاد بکەم. فەلسەفە بێگومان گەر نووسەر خۆی سەرقاڵ بێت پێیەوە، ئەوا زیاتر حوزوری خۆی لە دەقی رۆماندا نیشان دەدا. بۆ وێنە سەیری بەرهەمەکانی بەختیار عەلی بکە یان کتێبی “هێڵنج” ی ژان پۆل سارتێر. زەینێک کە بە فەلسەفە زیاتر راهێنراوە، کاتێک دەست دەدا نووسینی ئەدەب ئەوا فەلسەفە زیاتر تێیدا خۆی دەنوێنێ (لە چاو ئەو نووسەرەی کە راهێنراوی فەلسەفە نیە). ئەسڵەن جاری وایە رەنگە تەواوی دەقی رۆمانێک هەوڵ دان بێت بۆ شیکرندەوە یاخود نواندنەوەی ئەدبیانەی رستە یان قوتابخانەیەکی فەلسەفی. هەر بۆیە پەیوەندی نێوان دەقی ئەدەبی و فەلسەفە لەم حاڵەتدا تەنیا “رێکەوت” نیە، بەڵکوو جۆرێکە لە هەڵبژاردن.

ـ له‌ رۆمانه‌که‌دا کاتێک ته‌له‌ڤزیۆن و سینه‌ما دێت وه‌ک شه‌یتان لێی ده‌ڕوانن، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ شتێکی سه‌پاو واته‌ وه‌ک ئایینێکی نوێی لێدێت ده‌توانن له‌و باره‌یه‌وه‌ روونکردنه‌وه‌ بده‌ن؟

ـ له‌ پێشا با بزانین ئایین یاخود تایبه‌تمه‌ندییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ئایین چین. به‌ رای من تایبه‌تمه‌ندییه‌کان بریتین له‌:

ـ ئایین بیروباوه‌ڕه‌،

ـ له‌ ئاییندا ئیمان ده‌وری سه‌ره‌کی ده‌گێڕێ، که‌ له‌ ئیمانیشدا زۆرتر مه‌یلی ده‌روونییه‌ رۆڵی هه‌یه‌ و نه‌ک عه‌قڵ،

ـ هه‌بوونی بوونه‌وه‌رێکی بان سروشتی (هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ له‌ هه‌موو ئایینه‌کاندا نیه‌)،

ـ په‌یوه‌ندی رۆحیی قوڵ له‌ ئایینداردا سه‌باره‌ت به‌و شته‌ی که‌ باوه‌ڕی پێی هه‌یه‌،

ـ نه‌بوونی ده‌رفه‌ت یان قه‌ده‌خه‌ بوونی گومان کردن له‌وه‌ی ئاییندار باوه‌ڕی پێی هه‌یه‌،

ـ داگیرکردنی مه‌ودایه‌کی به‌رچاو له‌ کاته‌کانی ژیان (له‌ رێگای نیایش کردنه‌وه‌، له‌ رێگای بیرکردنه‌وه‌وه‌ و سه‌رئه‌نجام له‌ رێگای به‌سه‌ربردنی کات (حوزوری جه‌سته‌یی له‌ په‌رستگاکاندا). له‌م حوزوری جه‌سته‌ییه‌دا ئاییندار هه‌وڵ ده‌دا به‌رامبه‌ر به‌ په‌رستشکراو دانیشێ،

 ـ هه‌ستکردن به‌ ترسێکی ده‌روونی و گه‌وره لای ئاییندار‌ سه‌باره‌ت به‌ په‌رستشکراو،

ـ باوه‌ڕداربوون به‌وه‌ی که‌ په‌رستشکراو هێزی راسته‌قینه‌ و سه‌ره‌کییه‌ و ئه‌وه‌ ئه‌وه‌ که‌ بڕیاده‌ر‌ و چاره‌نووسسازی سه‌ره‌کییه‌. ئیزنم بده‌ ئاماژه‌ به‌ دوو شتی دیکه‌یش بکه‌م:یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که‌‌‌ هه‌موو ئایینێک له‌ سه‌ره‌تادا وه‌ک قێزه‌وه‌ن له‌ لایه‌ن زۆرینه‌وه‌ چاوی لێکراوه‌و ئه‌وه‌ له‌ راستیدا دوواتر بووه‌ که‌ توانیویه‌تی خۆی بکا به‌ بیروباوه‌ڕی سه‌ره‌کی. دووهه‌م ئه‌وه‌ی که‌‌ من بۆ خۆم ئه‌و ئاینانه‌ی وا‌ “بۆت”ی تیا ده‌په‌ره‌سترێ، به‌ ئایینی مه‌تریالیستی ناوده‌نێم، چونکه‌ “خودا” له‌م حاڵه‌ته‌دا خاوه‌ن جه‌سته‌ی فیزیکیه‌و ئاییندار ده‌توانێ بیبینێ.

 با بچینه‌وه‌ سه‌ر پرسیاره‌که‌. وه‌ک له‌ ده‌قه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێ، ته‌کنۆلۆژیا سه‌ره‌تا وه‌ک شتێکی نه‌شیاو و قێزه‌وه‌ن ده‌رده‌که‌وێ، به‌ڵام به‌ره‌به‌ره‌ جێی خۆی ده‌کاته‌وه‌. شه‌یتان له‌ راستیدا ده‌بێ به‌ خوایه‌کی نوێ! سه‌باره‌ت به‌ ته‌له‌فزیۆن ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌ ده‌توانین ره‌چاو بکه‌ین: ـ مرۆڤه‌کان وه‌ک په‌رستگا، زۆربه‌ی کاته‌کانی خۆیان روو و له‌و و له‌ ته‌نیشت ته‌له‌فزیۆندا به‌سه‌رده‌به‌ن. تازه‌ له‌ په‌رستگا خراپتر، چونکه‌ په‌رستگا جاران له‌ ده‌ره‌وه‌ بوو و ئیستا له‌ ژووره‌وه‌یه‌! ـ ترسێک له‌ ده‌روونی مرۆڤه‌کاندا سه‌رهه‌ڵده‌دا، ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م جه‌عبه و کارتۆنه‌‌ جادووییه‌ چییه‌ و چلۆن ده‌توانێ ئاوا دونیا بنوێنێته‌وه‌. ـ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان نازانن ئه‌م جه‌عبه‌یه‌ چۆن ئیش ده‌کا به‌ڵام باوه‌ڕێکی ده‌روونیان پێی هه‌یه‌. هه‌روه‌ها هه‌ندێ شتی دیکه‌ش که‌ ده‌کرێ بۆ خوێنه‌ر به‌جێ بێڵین. له‌ راستیدا به‌ رای من ته‌کنۆلۆژیا خودایه‌کی نوێیه‌، به‌ڵام له‌ جۆری مه‌تریالیستییه‌که‌ی.

فەڕۆخ نێعمەتپوور
ئامادە کردنی هەرێم عوسمان

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *