فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

جوڵەی بەردەوام، پێناسەی رۆشنبیر

کات 23/08/1391 1,713 بازدید

جوڵەی بەردەوام، پێناسەی رۆشنبیر
کایه‌کانی نێوان رۆشنبیرو ده‌سه‌ڵات له‌ کودستاندا

1– چمکی رۆشنبیر چۆن پێناسه‌ ده‌که‌ی.

ـ بە رای من رۆشنبیر ئەو کەسەیە کە بەردەوام لە گەڵ چەمک و تیۆرە نوێێەکانی تایبەت بە بواری کار و ئیشی خۆی پێوەندیی هەیە، هەوڵ دەدا لە روانگەی خودی ئەم چەمکانە و پێداچوونەوەی بەردەوام پێیاندا لە گەڵ دیاردەیەک بە ناوی “بوون” تەماس بگرێ و سەرئەنجام ئەوەی کە هیچ بەرژەوەندییەک ئەو لە گەمەی ئازادانەی فکر دوورناخاتەوە. کە دەشگاتە بوونەوەرێک بە ناوی مرۆڤ، رۆشنبیر لە گەڵ ئەوەی کە دەتوانێ هەستی هاوخەمییەکی قوڵی لە گەڵ ئەم بوونەوەرەدا هەبێ، بەڵام ئەمە نابێتە کۆسپ لەبەردەم رەوتی بیرکردنەوەی رەخنەییدا.

رەخنە لە راستیدا ئەو چەمکە گرنگەیە کە رۆشنبیر بەردەوام لێیەوە حەرەکەت دەکا و هەربۆیە هەموو دیاردەکان بۆ ئەو هەوێنی دووبارەخوێندنەوەیان تێدایە. لەم روانگەیەوە رەنگە بە تووش کەسانێکی وەک نیچە بین کە هەڵوێستی دژە ژنانەیان هەیە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە کە نیچە رۆشنبیر نیە. گرنگ بیری رەخنەیی و ئەو سیستەمەیە کە رۆشنبیر دەتوانێ دایمەزرێنێ، وەها کە مرۆڤ هەست بکا لە بەرامبەر کۆمەڵێک بیردا راوەستاوە کە قوڵایی و بەرینایی پێویستی تێدایە و دەتوانێ هەندێک شت بوروژێنێ. 


2- تایبه‌تمه‌ندی رۆشنبیری کورد چییه‌؟

ـ سەرەتا دەبێ بڵێم کە ئێمە هێشتا لە مانای پێویستی خۆیدا خاوەن رۆشنبیر نین. واتە لە پێوەرە جیهانییەکانی خۆیدا. ئەوەیشی کە هەمانە بریتییە بە گشتی لە دوو شیوە رۆشنبیر: یەکەم ئەو رۆشنبیرانەی کە ئۆرگانیکی عەمەل دەکەن، واتە لە کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا نوێنەرایەتی لایەنێک یان چەند لایەنێک دەکەن، دووهەم ئەو رۆشنبیرانەی کە دەیانەوێ تەنیا لە پانتاییەکی گشتیدا بجوڵێنەوە، بەدەر لە قەرارگرتن لە قەوارەیەکی ئۆرگانیکی ـ فیکریدا. رەوتی دووهەم مەرجی خۆی هەیە کە بەرای من تا ئیستا ئەم مەرجانە لە ئاستێکی بەرفراواندا غایبن. هەڵبەت قورساییەکە لە نێوان ئەم دووانەدا لە ئاستێکی بەرچاودا بەلای لایەنی یەکەمدا دەشکێتەوە. راستییەکەی ئەوەیە کە ئەوەندە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لای ئێمە کەڵەکە بوون کە خۆبەخۆ رۆشنبیران لە لایەنێکدا (مەبەستم تەنیا لایەنی حیزبایەتی نیە) خۆدەبیننەوە. ئەمەش هەڵبەت تاوان نیە. بەڵام زۆر گرینگە کە رۆشنبیر لەم حاڵەتدا تەسلیمی ترادیسیۆن نەبێ و بتوانێ بەردەوام جوڵێنەر بێت. دیاردەیەک کە لە دۆخی ئێمەدا یەکجار زەحمەتە.

  
3- جیاوازی ده‌وری رۆشنبیر له‌ هه‌رێمی کوردستان و پارچه‌کانی تری کوردستان چییه‌؟

رۆشنبیری هەرێمی کوردستان لە ئەزموونی تەماس لە گەڵ دەسەڵاتێکی ناوچەییەوە حەرەکەت دەکا، لە کاتێکدا کە رۆشنبیری بەشەکانی دیکە لە ئەزموونی تەماس لە گەڵ دەسەڵاتێکی سەرتاسەریی و دان پیانراوی جیهانیدا. ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە رۆشنبیریی ئەو دەڤەرە زیاتر بۆ دیارەکانی ناوخۆی بگەڕێتەوەو و زیاتر رەخنەیی بێت. بەڵام لە هەمان کاتدا کەمایەسییەکی ئەوان ئەوەیە کە خاوەن رێکخراوی مەدەنیی سەربەخۆ و تایبەت بە خۆیان نین و هەر بۆیە ئاستی کارتێکەریان لە سەر کۆمەڵگا بە گوێرەی پێویست نیە. هەروەها ئەوان لە فەزایەکی ئازادتردا حەرەکەت دەکەن، بەڵام ئەم ئازادییە دەتوانێ مەترسیدار بێت ئەگەر رۆشنبیر پێی وابێت کە هیچ تەعەهود و دەربەستییەکی کرداریی سەبارەت بە قسەکانی خۆی نیە.


4– جاران رخنه‌ ده‌گیرا که‌ رۆشنبیر نابیت ئۆرگانی بێت که‌چی ئێستا رۆشنبیران زیاترئۆرگانین و شه‌ری راگه‌یاندنی لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان ئه‌وان ده‌یکه‌ن.

ـ بە رای من رۆشنبیری ئۆرگانی بەو مانایە نیە کە تەنیا شەڕی راگەیاندنی ناو لایەنە سیاسییەکان دەکا. رۆشنبیری ئۆرگانی لەمە زیاتر بریتیە لەو رۆشنبیرەی کە لە پانتاییەکی گشتی تری کۆمەڵایەتیدا، واتە لە ئاستی رەوت و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا خاوەن هەڵوێستە، یاخود خاوەن گوتار و قسەیە. بەم مانایە ئیستاش لە ئەورووپا رۆشنبیران بەجۆرێک ئۆرگانیکین. ئەوەی بە داخەوە لای ئێمە هەیە بچوک کردنەوەی ئەم مانایەیە تەنیا بۆ ناو پانتایی حیزب، کە بەرای من کەمتر پەیوەندیی بە مانای رۆشنبیری ئۆرگانیکییەوە هەیە. گەر باوەڕمان بەوە هەیە کە حیزب بەشێکی بچوکە لە پانتاییەکی گشتیتر، ئەوا دەبێ شتە گشتییەکەمان زیاتر لەبەرچاودا بێت. خاڵی دەستپێک لەوێوەیە.

 
5- دیارده‌یه‌کی تازه‌ که‌ له‌ناو رۆشنبیراندا ده‌بیندرێ ئه‌وه‌یه‌: یا له‌گه‌ل ده‌سه‌لات به‌ته‌واوی یان ره تکردنه‌وه‌ی یه‌کجاری، بۆ؟

ـ ئەم هەڵوێستە بەم شیوەیە باش نیە و لۆژیکی نانوێنێ. لای رۆشنبیر هیچ دیاردەیەک موتڵەق و رەها نیە. بە رای من رۆشنبیر ناچێتە خانەی دوژمنایەتییەوە یان خانەی ملکەجییەوە. ئەو لە شوێنێکدایە کە بەردەوام دەرفەتی ئەوەی هەیە کە بە مانا ئەخلاقی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی هەم شتە باشەکان ببینێتەوە و هەم خراپەکان، جا لەهەر ئاستێکدا بێت. دەسەڵات پنتێکی گرنگ لە کۆمەڵگادایە و هەربۆیە رۆشنبیر دەبێ بەرامبەری لە تێبینی و قوڵاییەکی زیاتر بەهرەمەند بێت. لای ئێمە هەمیشە توڕەییەک هەیە کە رۆحی دۆنادۆن دەکا. جا ئەم توڕەییە هەمیشە بەلایەکماندا دەخا، یان لەگەڵین یان نا. ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆشنبیر شوێنێکی بگۆڕ و سەیالی هەیە.

 
6– هیندیک روناکبیرمان دیوه‌ که‌ گه‌یونه‌ ئاستێک له‌ ده‌سه‌لات خۆیان لێ ونبوه‌و رابردویان له‌بیر چۆته‌وه‌،هۆی ئه‌مه‌ چیه‌؟

ـ رەنگە ناهومێدی بێت، یان وەک وتم توڕەیی یان ماندووی و ترس، یان پێویستیی وچانێک دووای ئەو هەموو بەزم و هەڵایەی ناو کۆمەڵگا. یان رەنگە هەموو ئاواتی ئەوان تەنیا گەیشتن بەم حالەتەی ئیستا بووە و بەس. ئیدی ئەوانەی دیکەی کە باسیان دەکرد تەنیا قسە بوو لە پێناوی قسەدا، واتە مۆدگەرایی. دەزانی، دوژمنی دەرەکی زیاتر هومێد بە گۆڕان دەبەخشێ تا رەقیبی ناوخۆیی. کۆمەڵگای کوردی لە کوردستانی عێراق لە کۆمەڵگایەکی “دوژمن ـ دەرەکییەوە” هەڵیداوەتە کۆمەڵگایەکی “رەقیب ـ دەروونی”. ئەمەش پێویستی بە چێکردنی دۆخێکی دیکەی دەروونی و فیکری هەیە لە رۆشنبیراندا، … کە زەحمەتە و زەمەنی خۆی دەوێ. بە تایبەت بۆ ئەو وەچەیەی کە یەکجار رەگی لە رابردوودا هەیە.

هەروەها ئەوەی کە رۆشنبیر ئیستا هەست دەکا کە راحەتتر لە دەسەڵاتدا جێی دەبێتەوە، خۆی خاڵێکی گرنگی دیکەیە. دەسەڵاتێک کە هەست دەکەن لە رەگەز و لە هەوێنی خۆیانە. یان رەنگە ئەوەی کە ئیتر سەردەمی هەڵوێستە رادیکاڵییەکان بەسەرچووە. دەزانی ئیدی لە مێژە کۆمەڵگا لەو حاڵەتە گوزەری کردووە کە جەماوەر پیرۆز و تەقدیس بکا. جا جۆرێک لە رەشبینی یاخود واقع بینی سەری هەڵداوە، کە هەڵبەت ئەم واقع بینییە جاری وایە بەرای من زێدەرەویی تێدا دەکرێ، وەها کە ئیدی رۆشنبیر پێگەی سەرەکیی خۆی لە بیردەکا. رۆشنبیر، کۆمەڵگا لە گەڵی حەرەکت بکا یان نا، مەجبوور بە جۆرێک تەنیاییە. ئەم تەنیاییەش باجی خۆی دەوێ. ئەم باجەش بریتییە لە ژیانێکی دژوار و ئاڵۆز. لە ئەورووپا کە سیستەمی رفاهی گشتی واتە خۆشگوزەرانیی گشتی هەیە، رۆشنبیر لە هەڵوێستەکانی خۆی ناترسێ. واتە دەسەڵات ناتوانێ مافی شارۆمەندیی لێ بسێنێتەوە. بەڵام لەوێ وانیە. ئەوە دەسەڵاتە کە دیاریی دەکا کێ چی بەردەکەوێ و بەریناکەوێ. مافەسەرەتاییەکانی مرۆڤ کە لە جاڕنامەی جیهانیی ماڤی مرۆڤدا هاتوون، بەداخەوە رەچاو ناکرێن.


7– چمکی “رۆشنبیری ئایینی” “رۆشنبیری حزبی”رۆشنبیری چه‌پ” هه‌یه‌ یان نا وجیاوازیان له‌گه‌ل چمکه‌ گشتییه‌که‌ له‌ چی دایه‌”

ـ بەڵێ ئەم چەمکانە هەن. پۆلین کردنەکان جۆراوجۆرن. جا دەکرێ مرۆڤ لە گەڵیان بێت یان نەبێت، بەڵام هەن. بە رای من جیاوازیی ئەم چەمکانە لەگەڵ چەمکە گشتییەکە ئەوەیە کە ئەم جۆرە رۆشنبیریانە خۆیان لە گرایش و رەهەندێکی تایبەتیی فیکریی و ئایدیۆلۆژیدا دەبیننەوە. هەرچەند ئەم چەمکانەش دەتوانن خاڵی هاوبەشیان هەبێت. بۆ وێنە رۆشنبیری چەپ دەتوانێ رۆشنبیری حیزبیش بێت، یان رۆشنبیری ئایینی رۆشنبیری حیزبیش بێت. رۆشنبیریی بەواتا گشتیەکەیشی دەکرێ لە گەڵ ئەم رۆشنبیرییانەی دیکەدا تەماسی هەبێ. بۆ وێنە رۆشنبیر هەیە کە ئەگەرچی مارکسی نیە بەڵام رەگەزەکانی بیری مارکسی یان میتۆدەکانی ئەم رۆشنبیرییە تێیدا بەهێزن. بە رام من رۆشنبیریی گشتیی زۆرتر لە شوێنێکدا سەرهەڵدەدا کە ئاستی کێشە و دژواری و کێبەرکێ کۆمەڵایەتییەکان یەکجار لاواز بوون و هەربۆیە ئەمە دەرفەت بە رۆشنبیردەدا کە بانتر راوەستێ. دەرفەتی ئەوەی زیاتر دەداتێ کە زیاتر لە چەمکەکان و لە پێناسە و رەگەزی خودی بیرەوە حەرەکەت بکا.


8– ده‌سه‌لات چی له‌ رۆشنبیر ده‌وێ و رؤشنبیر ده‌بێ چۆن مامه‌له‌ی له‌گه‌لدابکات؟

ـ دەسەڵات بە گوێرەی دەروونی دەسەڵاتخوازانەی خۆی داوا لە رۆشنبیر دەکا کە لە گەڵیدا بێت. جا ئەم داوایە دەکرێ بە گوێرەی دیمۆکرات یان نادیمۆکرات بوونی دەسەڵاتەوە کەمێک جیاوازییان لە گەڵ یەکداهەبێ. بە رای من هەر بە گوێرەی ئەم لۆژیکە رۆشنبیریش دەتوانێ داوای لە دەسەڵات هەبێ. وە بە مەرجی جێبەجێ کردنیان، بەرامبەر بە دەسەڵات هەڵوێست بگرێ. لای ئێمە کێشە ئەوەیە کە وەها مامەڵەیەکی دوولایەنە هێشتا شکڵی نەگرتووە و ئەوە لە راستیدا دەسەڵاتە کە شتەکان دیاری دەکا. رۆشنبیر دەبێ داوای جیاکردنەوەی حکومەت یان حیزب لە سیستەمی دەوڵەت بکا، واتە دەوڵەت نابێ قۆرغی هیچ حیزبێک بێت. حیزب دەبێ لە رێگای هەڵبژاردنەوە بچێتە ناو دەوڵەت، واتە حکومەت دروست بکا و دواتر لێی دەربچێ. وەها دیاردەیەک بەر لە دیکتاتۆری دەگرێ و دەرفەت بۆ کارتێکەریی کۆمەڵگا و رۆشنبیران دەڕەخسێنێ. بە بێ هەوڵدان بۆ چێکردنی وەها سیستەمێک، خودی رۆشنبیرانیش دەبن بە بەشێک لە گەمەی ئەوانەی وا دەسەڵات و نانی خەڵکیان بە دەستەوەیە.


9- ئه‌رکی گشتی رۆشنبیر له‌ چی دا ده‌بینی و هێلی سور بۆ ئه‌و ده‌بێ چی بێت وئایا رۆشنبیری کورد له‌و ئاسته‌ دابووه‌؟

ـ پێم وابێ لە وەڵامی پرسیاری هەشتەمدا تا رادەیەک وەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە. بە رای من هێڵی سوور هەمان نەبەزاندنی سنووری سەربەخۆیی و ماڤەکانی رۆشنبیرە. کە ئەمەش بێگومان پێوەندیی بە چۆنیەتیی پێوەندیی کۆمەڵگاوە لە گەڵ دەسەڵاتدا هەیە. رۆشنبیران وەک چۆن لە کاتی خەباتی دژە دیکتاتۆریدا دەوری سەرەکیان هەبوو و ئامادەی هەزینەدان لەم پێناوەدابوون، دەبێ بە رای من هەمان ئەرک لە دۆخی ئیستاشدا بەڕێوەبەرن. بە تایبەت دەبێ لە بیری خۆرێکخستندابن. رێکخراوی سەربەخۆی رۆشنبیران یەکێک لە پنتە گرینگەکانی کۆمەڵگای مەدەنییە. کە تائیستا بە داخەوە رۆشنبیری کوردی توانای وەها کارێکی نەبووە.

                                                                           
10- ده‌وری حزب له‌کاریگه‌ری کردن له‌سه‌ررۆشنبیر له‌م قۆناغه‌دا چۆن لێک ده‌ده‌یه‌وه‌، باش یان خراپ؟ بۆ؟


ـ  بە رای من لەم دەورەدا ئەم کاریگەرییە کاریگەرییەکی پۆزەتیڤ نیە. هەڵبەت دەبێ جیاوازی بخەینە ناو ئەو رۆشنبیرانەی کە سەر بە ئەحزابی دەسەڵاتدارن و ئەوانەی وا سەر بە ئەحزابی نادەسەڵاتدارن، یان لەدەرەوەی ئەحزابن. راستە رۆشنبیران دەرفەتی نووسین و بڵاوکردنەوەیان هەیە، بەڵام واهەست دەکرێ کە ئەم نووسینانە توانای چێکردنی بیروڕای گشتی و هاندان لە مەڕ بابەتە هەستیارەکان لە کۆمەڵگادا نیە. چونکە زۆربەیان تەنیا نووسینن و بەس. واتە هەڵوێستی دیکەیان بە شوێندا نایەت. هەروەها ئەم هەڵوێستانە زۆرتر تاکەکەسیانەن، لە کاتێکدا رۆشنبیران پێویستیان بە هەڵوێستی یەکگرتوو هەیە.

“چەکی رێکخراو” کە دەستەواژەیەکی مارکسیە بە رای من رۆژ لە گەڵ رۆژ زیاتر زەروورەت و پێویستیی خۆی دەردەخا. ئەم چەمکە لە کۆمەڵگا مۆدێڕن و پۆست مۆدێڕنەکانیشدا بە هێز ماوەتەوە. هەڵبەت لەم کۆمەڵگایانەدا وشەی “چەک” یان بە کردەوە لێ داماڵیوە، چونکە چەک مانایەکی توند و تیژیانەی هەیە، بەڵام نێوەڕۆک کە هەمان “رێکخراوە” لە جێگای خۆی بگرە بە هێزێکی زیاترەوە ماوەتەوە. کۆمەڵگا پێویستی بە رێکخستنی خۆی لە بەرامبەر دەسەڵاتدا هەیە، جا چ ئەو دەسەڵاتە بە هی خۆت بزانی یان نەیزانێ. هیچ دەسەڵاتێک بە رای من ناتوانێ جوان بێت ئەگەر کۆمەڵگا خۆی لە بەرامبەردا رێک نەخستبێ. من پێم وایە هەموو دەسەڵاتدارێک پێی وایە کە دەیەوێ خزمەت بە خەڵک بکا، بەڵام لە نەبوونی کۆمەڵگای مەدەنیدا زەحمەتە بتوانێ ئەم خەونەی خۆی وەدی بێنێ. خزمەتگوزاری ئەرکێکی گشتییە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور
لە گەل ئالای ئازادی  

ئەم وتووێژە لە ماڵپەڕی “دەنگەکان” چاپ کراوە.

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *