فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

قەراغەکان

کات 12/10/1391 320 بازدید

قه‌راغه‌کان

ئێوارەیەکی یەکێک لە رۆژەکانی ژیان بوو. باوکی دەستی گرت و لە گەڵ خۆی بردیە دەرەوە. لە حەوشەکەیان تێپەڕین. دایکی خەریک بوو مریشکەکانی لە کولانە دەکرد. لە کۆڵان تێپەڕین. خەڵکی گەڕەک دووانیگاکانیان لە درز و پشتی دەرگاکانەوە بەرەو دیوی دەرەوە، بەرەو کۆڵان بەڕێ دەکرد. لە شار تێپەڕین. خەڵکی شار بۆ دووا جار، ئەو رۆژە لە ئاسمانی رۆژیان رووانی. ئەم بە خۆی گوت: “رەنگە باوکم ئەمڕو نە مریشکەکانی خۆش دەوێ، نە کۆڵان و نە ئاسمان!” بیری ئەو رۆژەی کەوتەوە باوکی بە دایکی گوت: “حەوشە و کۆڵان و ئاسمان بە بوونەوەرەکانەوە جوانن!” ئەم کە لەم قسەیە تێنەگەیشتبوو، ئارام رووی لە دیوی پشتەوەی حەوشەکە کردبوو، بۆ ئەوەی بۆ جارێکی تر سەیری ریزی بێ پایانی ئەو مێرووله‌ ره‌شانه‌ بکا که‌ هەموو ساڵێک رێک بە هەمان رێگادا دەڕۆیشتنەوە.

گەیشتنە قەراغ شار.

یەکەم جار بوو لە ژیانیدا لەم کاتەدا دەچووە دەرەوە. چ بە تەنیا، چ لە گەڵ باوکی یاخود کەسێکی تر قەت نەهاتبووە ئێرە. یەکەم جار بوو قەراغ شاری دەبینی. لای ئەو شار بریتی بوو لەو کۆڵان و خانووانەی ئەم لە پەنجەرەکەیانەوە دەیبینین. ئەو هەمیشە پێی وابوو کە لە پشت خانووەکانی ترەوە هەمیشە خانووی تر هەیە. تەنانەت کێوەکانیش نەیاندەتوانی ریزی بێ پایانی خانووەکان ون کەن. ئەوان لە شوێنێکدا لە پشت کێوەکانیشەوە دەستیان پێدەکردەوە. زەوییەک پڕ لە مرۆڤ!

کتوپڕ ئەمڕۆ هەموو وێنە و وێناکان ئاڵوگۆڕیان بە سەردا هات. بە سەرسوڕمانەوە بینی شار لە شوێنێکدا کۆتایی پێ دێت. دڵەڕاوکێیەکی ترسناک سەرتاپای داگرت. لە ترسانا دەستی باوکی بە هەر دوو دەست گرت. سەری هەڵبڕی و لە باوکی رووانی. بایەکی نادیار گەمەی بە کاکۆڵەکانی دەکرد،… کاکۆڵه‌کانی هه‌ر دووکیان. بێدەنگیی دەرەوە و ورتە ورتی نادیار و لێڵی ئەو دووا دەنگانەی لە ناو شارەوە دەهاتنە گوێ، سەرسامی ده‌کرد. ئەو رێک لە سەر سنووری نێوان شار و سروشت، دەنگ و بێدەنگی و، باوەڕی کۆن و نوێی خۆی راوەستابوو. لە نێوان دوو هەست و دوو تێفکرینی ناسازدا. دوو بوون یاخود دوو بوونەوەری جیاواز.

راوه‌ستان. راوه‌ستان و راوه‌ستان. چاوەڕووانییەکی ئەوەندە قورس کە هەرچی جوڵەیە لەویا کوشت. باوکی هیچی نه‌ده‌گوت. نه‌ سه‌یری ئه‌می ده‌کرد و نه‌ هه‌ستیش به‌وه‌ ده‌کرا که‌ ئاگای له‌ ده‌سته‌ گچکه‌کانی کوڕه‌که‌یه‌تی. ته‌نانه‌ت له‌ لێک ئاڵانی ده‌سته‌کانیش. له‌ گه‌ڵ درێژه‌کێشانی راوه‌ستانه‌که‌یان، پرسیاره‌که‌ی ناو ده‌روونی ئه‌میش تا ده‌هات گه‌وره‌تر و گه‌وره‌تر ده‌بوو. ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ که‌ شار و سروشتی داپۆشی،… “باوکم بۆ منی هێناوه‌ بۆ ئێره‌؟” ئه‌وسا سه‌ری هه‌ڵبڕی و لێی رووانییەوە. باوکی سه‌یری شوێنێکی ده‌کرد. رووی وه‌رگێڕا و هه‌وڵی دا شوێنه‌که‌ په‌یدا بکا. له‌وێ، له‌و دوور دوورانه‌ هه‌م ره‌نگه‌ هەڵبزرکاوەکانی لێبوو، هه‌م په‌ڵه‌ هه‌ورێک و هه‌م ئاسمان و هه‌م زه‌وی. باوکی سه‌یری کامیانی ده‌کرد؟ چه‌ند جارێک نیگاکانی له‌ نێوان سه‌یرکردنی باوکی و ئه‌و شوێنه‌دا ئاڵ و گۆڕ پێکرد. بێگومان باوکی هه‌موو ئه‌مانه‌ی ده‌بینی، به‌ڵام کامه‌یانی زۆرتر ده‌بینی؟… نازانێ. ئه‌وسا باوکی که‌وته‌ دووان:

ـ وه‌ک ده‌بینی ئێره‌ قه‌راغه‌. قه‌راغ، سنووری نێوان دوو شوێنه‌،… دوو شوێنی ته‌واو له‌یه‌ک جیاواز.

ئه‌م ته‌نیا سه‌یری باوکی ده‌کرد.

ـ له‌ قه‌راغه‌کانیشه‌وه‌ ده‌کرێ راوه‌ستی و قه‌راغه‌کانی تریش ببینی. له‌ راستیدا باشترین شوێنی دیتنی قه‌راغه‌کانی تر، راوه‌ستان له‌ سه‌ر قه‌راغه‌. لێره‌وه‌ ئیتر ده‌زانی ئه‌وێ چۆنه‌.

سه‌یری ئه‌وێی کرد. ئه‌و ته‌نیا شته‌کانی ده‌بینی،… ره‌نگه‌کان، په‌ڵه‌هه‌ورێک، ئاسمان و زه‌وی. ویستی بڵێ من دەترسم،… لە راوەستانی سەر قەراغەکان دەترسم. ویستی بڵێ هیچ قه‌راغێک نابینم. حەزی دەکرد بڵێ ئه‌و له‌ ماڵی خۆشیانه‌‌وه ئه‌م شتانه‌ی گه‌لێک جار بینیووه‌، بەڵام قەت هەستی نەکردووە کە ئەمانە پیوەندییان بە بە شتێکەوە بە ناوی قەراغ هەیە.

باوکی ده‌ستەکەی تری به‌رزکرده‌وه‌و به‌ په‌نجه‌ ئاماژه‌ی به‌و شوێنه‌ دا. ئەم، هه‌ستی به‌ ناوله‌پی ئاره‌قاویی باوکی کرد،… گه‌رم و لینج. بیری ئه‌و کرمانه‌ی که‌وته‌وه‌ که‌ له‌ گه‌ڵ منداڵه‌کانی تر گه‌مه‌یان پێده‌کردن. بێگومان ئه‌میش گه‌ر گه‌وره‌ بێت رۆژێک ئاوا له‌ گه‌ڵ کوڕه‌که‌ی ناو ده‌ستی ئاره‌ق ده‌کاته‌وه‌. کوڕه‌که‌یشی ره‌نگه‌ بیر له‌ کرمه‌کان بکاته‌وه‌. له‌ بیری نایه‌ت قه‌ت بیری له‌ ئاره‌ق کردبێته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی جاری وابوو تۆزی گه‌ڕه‌کی جوان جوان به‌ لاجانگه‌کانییه‌وه‌ گرێ ده‌دا. چه‌سپ. چه‌سپێکی تۆزاوی.

ـ من وه‌ک تۆ نه‌بووم. من له‌ دێ گه‌وره‌ بووم. له‌وێ له‌ نێوان گوند و سروشت قه‌راغێک نه‌بوو. سروشت له‌ ماڵه‌که‌مانه‌وه‌ و ماڵه‌که‌مان له‌ سروشته‌وه‌ ده‌ستی پێده‌کرد. ساڵان تێپه‌ڕی تا من به‌ قه‌راغه‌کانم زانی. که‌ پێشم زانین زۆر دره‌نگ بوو، ئه‌وه‌نده‌ دره‌نگ که‌ به‌ ئیستایشه‌وه‌ وێنه‌کانی رابردوو لای من هه‌ر بێ قه‌راغن. وێنه‌ تێکه‌ڵه‌کان.

باوکی لە کاتێکدا دووا تیشکەکانی ئەو رۆژە لە چاوەکانیدا دەدرەوشانەوە، دووا رستەکانی چڕی:

ـ لە راستیدا هەموو شوێنێک پڕی قەراغەکانن. ئەوەی کە پێیان بزانی یان نا قسەیەکی ترە. ئەوەی لە چ تەمەنێکدای، یاخود چ جۆرە ژیانێکت بە سەربردبێ.

ئه‌م که‌ سه‌ری له‌م قسانه‌ سووڕمابوو، حه‌زی ده‌کرد ئیستا له‌ حه‌وشه‌که‌یان بایه‌ و بچووایه‌ سه‌یری مێرووله‌کانی بکردایه‌. بیری ئێواره‌یانی ناو ژووره‌کانی ماڵه‌که‌ی خۆیان که‌وته‌وه‌. قه‌ت بڕوای نه‌ده‌کرد کتوپڕ وه‌ها تامه‌زرۆییه‌ک لێی بنیشێ که‌ ئاره‌قه‌ی نێو ده‌ستی باوکی پێ له‌بیربکا. به‌ حه‌زی پرسیاری گه‌ڕانه‌وه‌وه‌، سه‌ری هه‌ڵبڕییه‌وه‌و له‌ باوکی رووانییه‌وه‌. بینی ته‌نیا شتێک باوکی بیری لێنه‌ده‌کرده‌وه‌، ئێواره‌یانی ماڵه‌وه‌ بوو.

نازانێ چه‌نده‌ی تر راوه‌ستان. باوکی دیسان باسی قه‌راغه‌کانی کرده‌وه. ئەوەی کە هەموو شوێنەکان پڕی ئەوانن. ئەوەی کە ژیان خۆیشی پاڵی بە قەراغێکەوەیە. باسی ئەوەی کە دەگەیتە قەراغێک، یان بیر لە رابردوو دەکەیتەوە یان لەوێوە سەیری قەراغەکانی تر دەکەی. وشەکان لای ئەم لە گەڵ تاریک بوونی هەوا لێڵ و لێڵتر دەبوون. گوێ بگرێ یان نەیگرێ؟ جار جارە بە جووڵەیەکی دەستی دەیویست باوکی وەک هەمیشە لە گوێڕایەڵیی خۆی دڵنیا کاتەوە. باوکیشی دڵنیا لە ئێوارە و لە گوێیەکانی ئەو و لە دەنگی خۆی درێژەی بە باسی قەراغەکان دەدا.

که‌ خولیای گەڕانەوە گرتنی، شه‌و بوو. ئیتر نه‌ ره‌نگه‌کان ده‌بینران، نه‌ په‌ڵه‌ هه‌وره‌که‌ و نه‌ ئاسمان و نه‌ زه‌وی. شه‌و هه‌موویانی ون کردبوو.‌ له‌ دڵی خۆیا بیری کرده‌وه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و شته‌یش باوکم قسه‌ی له‌ سه‌ر ده‌کرد، ون بووبێت. وڕ و گێژی ئەوەی‌ باوکی ده‌بێ بۆچی له‌ سه‌ر شتێک قسه‌بکا که‌ ون ده‌بێ، هەستی بەزەییەکی سەیردایگرت.

که‌ هه‌موو شتێک بزر بوو، ئیتر به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌. باوکی وه‌ک تارماییه‌ک له‌ ته‌نیشتیدا رێی ده‌کرد. تارماییه‌که‌ هه‌روا ده‌ستی ئاره‌قاوی بوو. بێگومان مێرووله‌کانیش ئیستا له‌ تاریکاییدا رێێان ده‌کرد،… خه‌تێکی ره‌شی ناو ره‌شایی. ئەو بە چرا فانووسەکەیان ئەمەی تاقی کردبووەوە.

لە شار تێپەڕین. خەڵکی شار له‌ مێژبوو بۆ دووا جار، ئەو رۆژە لە ئاسمانی رۆژیان رووانیبوو. لە کۆڵان تێپەڕین. خەڵکی گەڕەک له‌ مێژبوو دووانیگاکانیان لە درز و پشتی دەرگاکانەوە بەرەو دیوی دەرەوە، بەرەو کۆڵان بەڕێ کردبوو. لە حەوشەکەیان تێپەڕین. دایکی ده‌مێک بوو مریشکەکانی لە کولانە کردبوو.

گه‌یشتنه‌ ناو ماڵ.

که‌ ده‌ستی له‌ ده‌ستی باوکی بووه‌وه‌، ده‌ستی ته‌واو خووسابوو. ئه‌وه‌نده‌ ته‌ڕ، که‌ چه‌ند قه‌تره‌یه‌کی لێ تکا. ئەو قەترانەی کە قەت لە سەر کەفی گڵینی ماڵەکەیان وشک نەبوونەوە،… تەنانەت لە دووای مردنی باوکیشی. ئیستا له‌و رۆژه‌ ساڵانی ساڵ تێپه‌ڕیوه‌. ساڵه‌کان ئه‌وه‌نده‌ زۆرن که‌ ئه‌و جاری وایه‌ بۆی حسێب ناکرێن، یاخود تاقه‌تی ژماردنیانی نه‌ماوه‌‌. له‌ مێژه‌ یەکەمین وتەکانی سەر قەراغەکان وک ئه‌و ئێواره‌یه‌ ون بوونە‌، که‌چی ئه‌و ده‌ستی به‌رده‌وام ئاره‌قه‌ ده‌کاته‌وه‌. قەترەکانی ئێوارەی حەوشە، ئێوارەی کۆڵان، ئێوارەی شار و ئێوارەی قەراغ شار،… قەترەکانی قەراغ.  

فەڕۆخ نێعمەت پور

ئەم چیرۆکە لە کتێبی “لەگەڵ چپەی گەڵاکان” چاپ کراوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *