فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

لەوێ

کات 12/10/1391 305 بازدید

لەوێ

سوار فڕۆکەکە دەبم. بەختم هەیە، لە تەنیشت یەکێک لە پەنجەرە گچکەکان دادەنیشم. خەڵکەکە سەرقاڵی خۆ دامەزراندنن. سەرنجیان دەدەم. زوو وەڕەز دەبم. نیگا وەردەگێڕم و سەیری دەرەوە دەکەم، “جیهانێک لە دەرەوە بە قەد پەنجەرە چکولەکە”، بەڵام دەرفەت هەیە، سەیری دووردەستەکان دەکەم. دووردەستەکانی روانین و تێکەڵبوونی زەوی و ئاسمان. کتوپڕ غەمێک دامدەگرێ… ئەوە پەنجەرەکە نیە، بەڵکوو ئەوە شاخەکەی ئەوبەر و دارستانەکەی بەریەتی کە ناهێڵێ ئەودیوی دووردەستەکان ببینم. چاوەکانم دەقونجێنم. رەنگە خەیاڵ بتوانێ بمبا، بمبا بۆ ئەودیو… ئەو دیوی کێوە بێروحمەکە… کۆترێک کە چەند شاخ و دارستان دەبڕی و بەڵام سەرئەنجام لە پانتایی بێکۆتاییەکی بێڕەنگ دەکاڵێتەوە.

فڕۆکەکە دەلەرزێ. دەنگەکەی هێزێکی سەیری تێدایە، هێزی مۆتۆڕێک کە دەتوانێ ئەوەندەت لە زەوی دووربخاتەوە کە لەو بڵینداییە هەست بە خوایەتی بکەی. خوایەکی ترسنۆک! بیرلەوەی رەنگە تەیارەکە هەرکات بکەوێتە خوارەوە. جا بە هەر هۆیەک. خوایەک کە دەکرێ هێشتا نەگەیشتووەتە زەوی، دڵی تۆقیبێ، یاخود لە سەرمای چل دەرەجەدا رەق هەڵاتبێ. قەت لە ژیانمدا لە هیچ دەنگێکدا هەستم بەم هێزە نەکردووە، نە لە دەنگی باوکمدا و نە لە دەنگی مامۆستادا و نە لە دەنگی ئەو گروبانانەی کە بۆخۆشیان نازانن بۆ ئەوەندە تووڕەن! دەنگەکە دەمترسێنێ، گەلێک زیاتر لە ترسە ئاشناکان.

دەنگەکە بەرز دەبێتەوە. فڕۆکەکە وەڕێ دەکەوێ. دەنگ و هێز ئەوەندەی تر دەفڕن. منیش ئەوەندەی تر سەرسام دەبم. بۆ کوێم دەبەن؟ جاری وایە هەست دەکەم ئەوە هێزەکەیە کە مانا بە دەنگەکە دەدات، نەک دەنگەکە بە هێزەکە. بە راست کامیان پێش دەکەون؟ تێیدا ماوم. تا لە بیرم دێت رقم لە دەنگ و لە هێز بووە. پەشیمانم لەوەی سوار فڕۆکە بووم. حەز دەکەم دابەزم. سەیری پێشەوەی خۆم دەکەم. پێم وابێ دەستیش هەڵدەبڕم. موسافیرەکەی تەنیشتم بە گومانەوە سەیرم دەکا. دەپرسێ: “دەتەوێ بچی بۆ توالیت؟” لە سەر وەڵامی من راناوەستێ و، دەستبەجێ دەڵێ: ” تازە ناتوانی، فڕۆکەکە دەبێ بفڕێ و بچێتە ئەو بەرزبەرزانە. لەوێ کاتێک راست بووەوە ئەوسا دەتوانی بچی بۆ توالیت!” بزەیەک دەنیشێتە سەرلێوی و دەڵێ: “دەزانی، ئەویش گەر بەرت کەوێ! … دەزانی خەڵکێکی زۆر دەترسن و هەربۆیە دەستبەجێ دەچن بۆ ئاودەست. سەیرە، نازانم بۆ خەڵکی ترسنۆک میزیان دێت!”

راستی بۆ خەڵکی ترسنۆک میزیان دێت؟ من ئەوەتەی لە بیرم دێت زۆر میزدەکەم. بە ئیستاشیەوە. تەنانەت ئەو کاتانەیش کە لە هەموو کاتێک دڵنیاترم. کە لێیان دەدام، میزم دەهات. کە شەوانە ئیعلامیەم بڵاو دەکردەوە، میزم دەهات. تا تەواو دەبووم جەند جارێک میزم دەکرد. دەمم وشک وشک دەبوو، کەچی لەخوارەوە وەک جۆگەلەئاو خوڕەم دەهات! لە بیرم دێت کاتی بوردمانەکانیش هەروابووم. جارێکیان لە جۆگەلەکانی شاردا سیانزە دەقیقە راکشام. راکشاین، لە گەڵ هاوڕێکانم. هەشت تەیارە بوردمانی دەکرد. شار تەواو چۆڵ. دنیا هاواری دەکرد. دار و بەرد و ئاسمان. هەر لە یەکەم ساتەکاندا هەستم بە میزەکە کرد. دووای بۆمباران، خەڵک هەڵدەهات و من رادەوستام و میزم دەکرد! هەمیشە لە قوژبنێکی کۆڵانەکاندا. کۆڵانە خۆڵاوییەکانی سەردەمی منداڵی و گەنجیەتی.

موسافیرەکەی تەنیشتم خەوی لێکەوتووە. فڕۆکەکە لە ناو هەورەکانەوە گوزەردەکا. ئەوەندە نەرم و لۆکەیین کە هەست و جەستەم جۆرەیەکیان لێ دێت. حەزدەکەم فوویان لێبکەم. یاخود وەک پەشمەک بیانخۆم. بیگومان دەکرێ وەک پەشمەک لە ناو دەممدا بتوێنەوە. ئەم پەشمەکانە بەشی هەموو گەڕەکەکانی منداڵیم دەکەن. بەشی هەموو کۆڵانەکان و بەشی هەموو نیگاکان. تەنانەت مێشەکانیش. مێشەکانی هاوین و وەیلانی بن سێنەری دیوارە گڵینەکان.

 لە شوێنێک گەلێک بەرزتر لە هەورەکان، فڕۆکەکە راست دەبێتەوە. هەورەکان لە نێوان من و زەویدان. رەنگە لە زەوی نزیکتر بن. بیر لەوەی لە کوێم و بە چ خێراییەک دەڕۆم، رامناچڵەکێنێ. ئێرە جۆرەیەکە. شوێنێک لە نێوان هەموو پنتە ترسناکەکانی جیهان و دلەراوکێکان و ئومێدەکان. بیردەکەمەوە: “ئێرە شوێنی خوایە”. سەیری دەرەوە دەکەم. بۆی دەگەڕێم. دەزانم نایبینم، بەڵام نیگام بە شوێنیدا هەر وێڵە. ئەو دەکرێ لە هەموو ئەم شوێنانەدا بووبێ و لە هیچ کامیشیاندا نەبووبێ. شوێنەکانی ئەگەر و رەنگە و دڵنیایی. ئەو لێرەکانە سارد سارد بە بێ هیچ خەمێکی لە چەشنی خەمی ئەوانەی سەر زەوی راکشاوە، خەوتووە، پێکەنیوە، گریاوە و  بیری لە بێکۆتاییەکان کردووەتەوە. یان رەنگە بیر لە بچوکیی مرۆڤ لەو خوارە، کە وەک کرمێک بە شوێن ژیاندا سێوی زەوی کون دەکا.

موسافیرەکەی تەنیشتم لە خەوهەڵدەستێ. دەڵێ: “عادەتێکی سەیرم هەیە، لەوکاتەیدا کە تەیارە هەڵدەستێ و یان دەیەوێ بنیشێتەوە، من خەوم لێدەکەێ. بۆخۆیشم نازانم چۆن. کتوپڕ دێت.” ئەوسا دیسان پیدەکەنێتەوە. دەڵێ: “گەر پێت خۆشە دەتوانی بچی بۆ ئاودەست!” بە ئاستەم ئەژنۆکانیشی خواردەکاتەوە. دەڵێم: “لە ژیانمدا قەت بە قەدەر ئیستا نەترساوم، بەڵام سەیرە، بۆ یەکەم جاریش هەست دەکەم کە میزم نایەت.” بە لاچاو سەیرم دەکا و روو لەولادەکات. حەز دەکەم باسی خوای بۆ بکەم، باسی پەشمەک و … کتوپڕ منداڵێک لە ریزەکانی دوواوە دەستدەکا بە رشانەوە. بۆنێکی یەکجار ناخۆش بڵاو دەبێتەوە. میواندارەکان کە کچە ئەورووپی ناسک ناسکن، دەگەن. بە عەلاگەوە دەگەن. سەیری دەرەوە دەکەمەوە. بۆنەکە لە بێکۆتایی دەئاڵێ، لە پەشمەکەکان و لە خوا. بۆنێکی زۆر خراپ. منداڵەکە زۆر خراپ دەڕشێتەوە. جاری وایە هەست دەکەم لەوانەیە ناوسکیشی بێنێتەوە. بەزەییەک دامدەگرێ. مرۆڤ زۆر بەدبەخت و بێچارەیە، وەرە بێیتە شوێنی خودا و کەچی بڕشێیتەوە! ئای مرۆڤی نەگبەت!

بیر لەو شوێنەی دەکەمەوە کە نەختێکی دی دەیگەمێ. بیر لە موسافیرەکانی دی کە تەنیا لە منەوە کەللە سەریان دیارە. کەللەسەرە جۆراوجۆرەکان. ئەم فڕۆکەیە سەری رووتاوی زۆر تیایە. تێدەگەم کە زۆربەی موسافیرەکان پیاون. ئەم هەموو سەرڕووتاوە بۆ کوێ دەچن؟ هەوڵ دەدەم لێکی بدەمەوە کە خوا بۆچی قژ و مووی دروست کرد. لە ئینجیلدا نووسراوە کە خودا سەرەتا ئاسمان و زەوی دروست کرد، بەڵام زەوی کە وێران و تاریک بوو خودای هان دا کە رووناکی درووست بکا. رۆحی خودا بە سەر ئاوەکاندا فڕی و بیری لە تیشک کردەوە. خودا تیشکی چێکرد. خودا لە رۆژەکانی دیکەدا شتەکانی تری دروست کرد، وەک ئاژەڵ و مرۆڤ، بەڵام رۆژێکی تایبەتی بۆ قژ و موو دانەنا. ئەو کەللەسەرە رووتانەی کە ئیستا لە شوێنی خوداوە تێدەپەڕین، بۆ جاریکیش بیر لەوە ناکەنەوە کە لێرە هەموو داواکان رەواترن لە سەر زەوی. پێم سەیرە ئەوەندە بێ خەیاڵ پالیان لێداوەتەوە، یان خەوتوون. بێگومان دەکرێ خودا ئیستا خۆی بە تەیارەکەدا هەڵواسیبێ و لە یەکێک لە پەنجەرەکانەوە سەیری ناوەوە بکات. ئەی هاوار نەکا خودا بیر لە گەمە بکاتەوە! لەو گەمانەی کە مرۆڤ وەک شارە مێروولە بە بتڵێک نەوت قڕیان تێدەکەوێ. چاو دەقونجێنم و دوعا دەکەم. بیر لە کچەکەم دەکەمەوە کە لەو خوارە لە شوێنێک چاوەڕوانمە. نیگاکانی لە بەرچاومدان. بێگومان خودایش ئەم نیگایانە دەبینێ. چەند مەعسووم و بێگوناهن! بەڵام خودایەک کە ئیستا بە دەستێک خۆی بەم تەیارەدا هەلواسیوەو بە خێرایی هەزار کیلۆمەتر لە سەعاتدا دەڕوا، چلۆن دەکرێ چاو لە چاوی کچەکەم ببڕێ؟ دەست دەبەم بۆ گیرفانم. وێنەکە دەردەهێنم و بە پەنجەرەکەیەوە دەنووسێنم. ئیستا خودا دەتوانێ بە جوانی سەرنجی بدات. شتێک لە ناخمدا پیم دەڵی: “ئارام بە!”. ئارام دەبم.

خواردنەکە وەردەگرم، بەڵام بۆم ناخورێ. ئەو کچە میواندارەی دەیداتە دەستم، بزەیەکی پڕ لە میهرەبانیم ئاراستە دەکا. لە جیاتی خواردنەکە بیر لە بزەکە دەکەمەوە. چاو دەقونجێنم و بە جوانی پاڵ دەدەمەوە. بێگومان کە لە خەو هەستام، خواردنەکەم دەخۆم. ئەوسا بزەیەک دەبینم کە هەموو ئاسمانی لاتەنیشتی فڕۆکەکەی گرتووە. تەنیا بزەیە و بەس، بە بێ هیچ روخسار یاخود هەیکەلێک لە پشتیەوە. بیر لە ئینجیل دەکەمەوە. خودا هیچ رۆژێکی تایبەتی بۆ خوڵقاندنی بزە و خەندە دانەنابوو. ئەی لە کوێوە هاتوون؟ موسافیرەکەی تەنیشتم بە حەسرەت و مەیل و ئیشتیایەکی سەیرەوە خواردنەکەی دەخوا. تا لادەکەمەوە، تەواوی دەکا! زووزوویش داوای ئاو و قاوە و چایی دەکا، کەچی میزیشی نایەت. ناترسێ، بۆیە.

پێم سەیرە میزم نایەت. نا هەڵە ناکەم. تائیستا لە شوێنەکەم نەبزواوم. لە بیرم نایەت بە بەردەم موسافیرەکەی تەنیشتمدا تێپەڕی بم. هیچ روالەتێک لە توالیتی ناو تەیارەکە لە ناو زەینمدا نیە. بیردەکەمەوە. جوانتر و تیژتر. نا لە زەینمدا نیە. لە مێژیشە موسافیرەکەی تەنیشتم دەنگی نەداومەتەوە. رەنگە لەبەر ئەوەی کە ئیستا ئەویش بیر لە خودا دەکاتەوە. دلنیام کە ئیستا هەموویان، هەموو ئەم موسافیرانە لە بیری خودادان. بە دەست خۆت نیە. شوێنە بەرزەکان هەمیشە پیرۆزییەکیان تێدایە. بێهۆ نیە کە مزگەوتی گەڕەکەکەمان لە هەموو خانووەکانی دیکە بەرزترە. ئیتر بڵیندگۆکەی هەر هیچ. ئەوەندە بەرز کە بە چەندین ساڵ ریقنەکانی سەری خاوێن ناکرێنەوە. لێدەگەڕێن باران و بەفر بیشواتەوە، بەڵام کوا؟ چەند ساڵێکیشە کە وەک جاران نابارێ. سەیری هەورەکانی ژێرەوە، ژێر فڕۆکەکە دەکەم.

بۆنی رشانەوەکە هەر ماوە. جاری وایە یەکجار تیژە. لا دەکەمەوە. ئەوجار دەزانم منداڵێکە. رەنگ زەرد و نیگا ماندوو لێم دەڕوانێ. لێی دەگەڕێم. نە من هیچم پێ دەکرێ و نە ئەویش تا نیشتنەوە چاوەڕێی گۆڕانێکی وەهایە.

 ئەوەندەی پێناچێ کە لە ژووری کۆنتڕۆڵەوە کەسێک دەکەوێتە قسە. لێخوڕی فڕۆکەکەیە. باسی ئەوە دەکا کە تا چارەکێکی تر دەنیشنەوە. خێرایی فڕۆکەکە بەرەبەرە کەمدەبێتەوە. لووتی تەیارەکە بەرەو زەوی خواردەبێتەوە. هەموو خۆیان دەبەستن. ئەمیش، یاخود منیش. موسافیرەکەی تەنیشتی خەودەیباتەوە. بیر لە زەوی دەکاتەوە. دەچنەوە ناو هەورەکان. زەوی دەردەکەوێ. دەشت و دەر و کێو و خانووە تاک و تەراو بە کۆمەڵەکان خۆ دەردەخەن. هەست دەکا لە شوێنێک لەو بڵینداییە خودا دەستی لە فڕۆکەکە بەرداوە و لە بێکۆتاییدا جارێکی تر بۆ هەمیشە بزربووە. خودا وێنەکەی بینیبوو. بێگومان بینیبووی. ئەگەرنا ئیستا لە شوێنێکی دیکە بوو، لە شوێنێکی دیکە بوون. نازانێ دەنگی فڕۆکەکە کەم بووە یان زیاد. هەرئەوەندە دەزانێ کە جۆری دەنگەکە گۆڕاوە. هەست دەکا زەوی رایاندەکێشێ. مۆتۆڕ و دەنگ و هێز، چۆک دادەدەن. زەوی بانگیان لێدەکا. موسافیرەکەی تەنیشتی یەکجار خەوی قوڵە، پرخەی دێت! سەر و گەردنیکی شل کە تا دێت شلتر و شلتر دەبێت.

بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوی. بیگومان کە نیشتەوە، لەوێ بۆ کچەکەی باسی دڵەراوکێکانی دەکا، باسی خودا و پووکانەوە لە بێکۆتاییدا. کە لەئاودەستەکەی فڕۆکەخانەکە هاتەدەر، لە بەردەم دەرگاکەدا بەتووش موسافیرەکەی تەنیشتییەوە بووەوە. موسافیرەکە بە بزەوە لە دەستەکانی ئەمی رووانی کە خەریکی بەستنی کەمەرەکەی بوو. راوەستا و بە ئارامی بە گوێیدا چپاندی: “تۆ تەنیا لە سەر زەوی دەترسی، لە جیاتی تۆ بم لە گەڵ ئاسمان باسی ئەمە دەکەم!”

فەڕۆخ نێعمەتپور

ئەم چیرۆکە لە کتێی “لەگەڵ چپەی گەڵاکان” چاپ کراوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *