فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

لەگەڵ چپەی گەڵاکان

کات 12/10/1391 26 بازدید

لە گەڵ چپەی گەڵاکان

ئەو شەوە دەر و دەشت کێو و لێڕەوارەکان جۆرێکی تر دەهاتنە بەرچاوی. هەر لە نیوەڕۆە ئەم هەستەی تێدا پێک هاتبوو کە ئەم شەوە جۆرێکی تر دەبێ. نازانێ بۆ. ساڵانی ساڵە کە بە رۆژ لێرە لە ناو ئەم چیا و دارستانانەدا خۆی یاخود خۆیان حەشارداوە و دواتر کە رۆژ بەرەو ئاوابوون رۆیشتووە، خۆ، یان خۆیان پێچاوەتەوە و وەڕێ کەوتوون. بۆنی گەڵا و درەخت و خاک کە لە ژێر تیشکی پروکێنەری هەتاودا خۆدەکەنەوە، لە مێژە بۆنەکانی دیکەیان مراندووە. ئەوەندە ئاشنان کە دەڵێی لێرە لەناو ئەواندا لە دایک بووە. رەنگە هەروایش بووبێت. رۆژێک لە رۆژەکانی ژیان دایکی لێرە لە ژێر یەکێک لەم درەختانەدا رەنگە ئەوی لێ بەربووبێتەوە. نازانێ بۆ ئەمەی قەت لە دایکی نەپرسیووە. بێگومان ئەمجارە کە دایکی بینیەوە لێی دەپرسێ. گرنگ نیە کە چەند ساڵە نەیبینیوە، گرنگ ئەوەیە کە ئەو ئەم پرسیارەی لە بیرە و لە بیری دەمێنێ. هەتاهەتایە. تا بینین. تا پرسین و تا وەڵام.

ئەو رۆژە زیاتر لە هەر کاتێکی دی لە سروشت رامابوو. لووتکەکان چەند غەریب دەهاتنە بەرچاوی. درەختەکان لەوێ تەنیاتر لە جاران بوون. ئەو هەموویانی لەمێژ بوو دەناسی. بە زمانیان ئاشنا بوو. گوێی لێدەگرتن و جاروباریش قسەی لەگەڵ کردبوون. درەختەکان هەمیشە باسی وەرزەکانیان دەکرد. باسی خەوتن و هەستانەوە. باسی مردن و ژیانەوە. باسی چرۆکردن و وەرین. ئەوان بە زمانی “با” دەدوان. ئەمیش گوێی بە زمانی “با” ئاشنا بوو. “با” خۆی بە کۆڵانەکانی ناو گەڵاکاندا دەکرد و ئیتر دەنگ لە دایک دەبوو. ئەمیش گوێی دەگرت، بەڵام قەت وا نەبوو کە ئەوان داوای وەڵام بکەن. ئەم بە زۆر خۆی تێدەهاویشت. ئەوجار دەدوا و دڵی درەختەکانی عاجز دەکرد. درەختەکان قەت وا نەدەدوان کە دەرفەت بۆ پرسیار یاخود گفتوگۆیەک بڕەخسێنن. هەمیشە لەوانە بۆ ئەم. رێگایەکی یەک تەرەفە، کە دەکرا هەمیشە لەم سەرەوە تا ئەو سەری خەریکی پیاسەی گوێ لێگرتن بیت. پیاسەیەکی ئەبەدی و گوێ گرتنێکی ئەبەدی.

ئەو رۆژەیش گوێی لێگرتبوون. وتەکان و قسەکان هەر هەمان. کەچی ئەم هەموو شتێکی جۆرێکی تر هاتبووە بەرچاو. یەکەم جارە کە ئاوای لێ بەسەرهاتبوو.

کە خۆر بۆ جارێکی تر داچووبوو، هاوڕێکی بانگی لێکردبوو. ئەمیش ئارام لە درەختەکان جیابووبووەوەو بەرەو لای هاوڕێکەی هاتبوو. کەل و پەلەکانی پێچابووەوە. هەستی بە فێنکایی چەکەکە لە دەستیدا کردبوو. بە دەم رێگاوە لە بەر خۆیەوە گوتبووی: “ئەمشەو باسی ئەم هەستە لای درەختەکان دەکەم”. کە نێزیک ئاوایی کەوتبوونەوە، تەواو تاریکی کردبوو. کە شەو دەهات، درەختەکان زیاتر لە هەر کاتێکی تر دەدوان. دووانێکی فێنک. تەڕ، وەک هەنجیر. هەنجیرەکانی ئاواییەکانی نزیک سنوور.

بە ئارامی خۆیان بە ئاواییدا کردبوو. لێرە گفتوگۆی داربییەکانی تەڕتر دەهاتە گوێ. ئەوان ئیتر یەکجار سکیان پڕی وشە بوو! بە درێژایی کەندڕی قەراغ ئاوایی راکشابوون و هەوڵیان دەدا تاقە وشەیەک چییە لە “با” بەجێ نەمێنێ. کەس بەدەرەوە نەبوو. خەڵکی گوند لە ماڵەکانیان خزابوون و خەریکی خواردنی ژەمی ئێوارە بوون. جارجارەش دەنگی ئەو ژن و پیاوانەی کە خەریکی داکرتنی مەڕوماڵات یاخود دووادۆشینەکان بوون. تیشکی کز و گەشی چرالامپاکان و چراتۆڕییەکان نیگایان دەقۆستەوە. هەوڵیان دەدا تیشکەکان زۆر جەستەیان لەخۆنەگرێ. لە سەری هەر کۆڵانێک سووکە راوەستانێکیان بۆ دەکرد. نیگایان سەرقاڵی دۆزینەوەی سەمای تارماییە نەناسراوەکان بوو. سەمایەکی دۆستانە یان دوژمنانە؟ سەرئەنجام گەیشتنە خانووەکە. چوونە ژوورەوە. بە خێرهاتنێکی دۆستانە و گەرم. وەک هەمیشە. لەوێیش بە پێچەوانەی جاران جاروبار دەهاتە بەر پەنجەرەکەو سەیری دەرەوەی دەکرد. سەیری شاخ و لوتکە و دارستانە رەشپۆشەکان. هاوڕێکەی چەند جار دەنگی دا. ئەو نەدەبا ئەمەی بکردایە. ژوورەوە روون و دەرەوە تاریک. کێ دەزانێ کێ لە ناو کۆڵان راوەستاوە و سەرنج دەدات. بەڵام ئەم زۆر گوێی نەدەدایە. دیسان هەڵدەستا و لە دەرفەتێکدا لەو پەنجەرەوەی کە زۆر روون نەبوو سەیری دەرەوەی دەکردەوە. ئەم شەو ئاشقی دەرەوە بوو. ئاشقی ئەو غەریبایەتییەی کە ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار لە سروشتدا بینیبوویەوە. نەیدەزانی خۆشە یان ناخۆش. نەیدەزانی قورسە یان سووک. تەنیا، شتێک بوو کە لەوێدا بوو، لە دەروونیدا. بیری کردەوە رەنگە لەناو سروشتدا بێت. باشە بۆ ساڵانی ساڵ هەستی بەم شتە نەکردبوو؟

ئەم بەهارە بەهاری باران بوو. خاوەن ماڵەکەیش باسی کرد. باسی نیعمەتی خوای کرد، باسی ئەوەی کە ئەمساڵ دەغڵ و دان باش دەبێ و مەڕ و ماڵات زستانیش خەنی دەبن. باسی چەمەکەی ئەوبەر ئاوایی کە ئەمساڵ لرفەی دێ  و دەخرۆشێ. ئەم کتوپڕ هاتەوە بیری کە ئەمشەو کاتێک بەڕێوە بوون بە ئاستەم گوێی لە دەنگێکی تر بووە. دەنگێک کە تێکەڵ بە “با” و بە چرپەی درەختەکان دەبوو. ئیستا زانی کە دەنگی چەم بووە. ئەو چەمەی کە ئەم ساڵانی ساڵ لێی پەڕیبووەوە. ئەو چەمەی کە هەمیشە بواری دەدا. تەنانەت لە بەهاریشدا. بە دەم ئەم بیرەوە خولیای بینینی دەرەوە تێیدا چەندان بوو. دیسان چووەوە بەر پەنجەرەکە. ئەمجارە گوێی بۆ دەنگی چەمیش هەڵخست. گوێی لێبوو کە ئەویش دەدوا. لووتکەکەی ئەو بەری بینی کە لە پانتایی بە ئاستەم روونی ئاسماندا دەکاڵایەوە. ئاه دەنگەکان و تارماییەکان!

لە نان و چایی خواردن بوونەوە. زەمەن تێپەڕی. پریاسکەیەکی گچکەی نانیان لە گەڵ خۆیان هەڵگرت. لە ناو کۆڵەپشتییەکەدا. کە وەدەرکەوتن ئاوایی لەمێژبوو خەوتبوو. دەنگ تەنیا جارجارە گلەیی ئەو مەڕومالاتانەی کە لە شتێک وەڕەزبوون. رێگاکە بەرەو ناو دارستانەکە بەکێشی کردنەوە. رێگایەک تەنیا بۆ ئەمان رێگا. بەرەو چۆمەکە هەنگاویان هەڵدێنا. بیری کردەوە کە چەم بۆ دووان پێویستی بە “با’ نیە. ئاو، خۆی دەنگە. بێگومان درەختەکانی قەراغ چەم لە درەختەکانی دیکە زووتر فێری زمان بوونە. کە بگاتە قەراغ ئاوەکە دەستبەجێ داوا لە هاوڕێکەی دەکا کە بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت دەبێ لەوێ راوەستن و پشوویەک بدەن. ئەم دەبێ لەوێ بۆ یەکەم جار گوێ لە ئاو بگرێ. نازانێ بۆ ئەم هەموو ساڵە گوێی لە ئاو نەگرتووە. ئەو تەنیا سەیری کردووە و خۆی تێدا شۆردووە. رقی لە خۆی دەبێتەوە.

سەرهەڵدەبڕێ. سەیری تەپۆڵکەکەی ئەوبەری تەنیشت قەبرستانەکە دەکا. بە سەرییەوە ئەو ریزە نوورئەفکەنە دەبینێ کە تەواو لووتکەکەی روون کردووەتەوە. لەمێژە ئێرە دەناسێ. هەمیشە بە بێ کێشە بەلایدا تێپەڕیوون. چوارلوولەکەی سەری تەنیا بۆ ئەو کاتانەیە کە فڕۆکە ئێراقییەکان دێن. بەڵام ئەم هەمیشە رقی لەو سەر تەپۆڵکە بووە. نازانێ بۆ. رەنگە لەبەر ئەوەی کە لە داوێنیدا قەبرستانێک هەیە. قەبرستانێک کە لە ناو جوانترین دارستانی ئەم ناوچەیەدا خۆی مەڵاس داوە.

دەنگی چەمەکە تا دێت جوانتر دەگاتە گوێ. خۆشییەک لە دەروونیدا دەگەڕێ. بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا هەست دەکا کە دەنگی ئاو جۆرێکی ترە. دەنگی درەختەکان ئەم دەخەنە بیرەوەو کەچی دەنگی ئاو دەیبزوێنێ. دەیجوڵێنێ. دەنگی گەڵا راتدەوەستێنێ، کەچی دەنگی ئاو دەتخاتە جوڵە. رەنگە هی ئەوە بێت کە دەنگی ئاو زوڵاڵترە. باشتر لێی حاڵی دەبی. جگە لەوە بۆ گوێ لێگرتنی پێویست ناکا بچیتە ناوییەوە. هەر لە قەراغەوە لێی تێدەگەی. خۆی زیتر لە هاوڕێکەی نزیک دەکاتەوە. دەست دەخاتە سەرشانی و دەڵێ: “لەوێ کەمێک لادەدەین، باشە؟” هاوڕێکەی هیچ ناڵێ. ئەمە نیشانەی رەزایەتە. هەڵبەت زۆرجاران لە قەراخ چەمەکاندا بۆ چەند ساتێکیش بێت لایان داوە. ئاوێکیان بە دەم و چاویاندا کردووە و قاچیان شۆردووە. ئەم شەویش بێگومان وادەبێت. بگرە زیاتریش. ناوچەکە ئارامە و جێی مەترسی نیە.

دەگەن. چەم دەخرۆشێ. ئاوەرەشەکەی لێرەو لەوێ لە بەر تیشکی ئەستێرەکان و تیشکی نوورئەفکەنەکانی تەپۆڵکەی تەنیشت قەبرستانەکەدا پریشک دەهاوێ. هیچ شتێک بە قەدەر ئاو لە خۆی ناچێ. هەمیشە ئەوەیە کە بووە، ئەوەیە کە هەیە و ئەوەیشە کە دەبێ. رادەوەستن. هاوڕێکەی ئاوێک بە دەم و چاوی خۆیدا دەپڕژێنێ و قومێک لە دەمیشی رادەدا. لەو شەوە تاریکەدا پەیکەرەکەی لە بەستێنی ئاوەکەدا لە ماسییەکی غەریب دەچێ. ئەم دڵی چەند تەنگ دەبێ. بۆ یەکەم جار خۆیان وەک ئەو ماسییانە دەێتە بەرچاو کە لەناو چەمە ـ دارستانەکاندا مەلەدەکەن. هاوڕێکەی لادەکاتەوە، ئەم هەروا راوەستاوە. دەجوڵێ. پێڵاوەکانی دادەکەنێ و قاچ لە ئاوەکە دەهاوێ. پێست خۆی دەکاتەوە و دەئاوسێ. لەزەتێک بە لەشیدا دەگەڕێ. چاو لە ئاوەکە دەبڕێ. هاوڕێکەی دەڵێ: “کەمێک زەحمەتە، ئاوەکە بوارنادا.” ئەم گوێی لە چەمەکەیە کە دەنگی دارستانی خنکاندووە. کتوپڕ ترسێک دایدەگرێ. دەنگە ئاشناکان ونن. بە پەلە گۆرەوییەکانی هەڵدەکێشێ، پێڵاوەکانی لەپێدەکا و رادەچەنێتە سەرپێ. دەڵێ دەبێ هەرچی زووتر لیرە بپەڕنەوە. هاوڕێکەی بە سەرسووڕمانەوە سەیری دەکا. ئەم پێی وایە دەنگی چەمەکە تا دێت زیاتر دەبێت، وەها کە بیستنی دەنگی هاوڕێکەیشی زەحمەتە. دەچنە شوێنی بوارەکەی ساڵان. بەردەکان لە ژێر ئاوەوەن. چار نیە دەبێ لە ئاوەکەبدەن. بێگومان تا ئەژنۆ دەگا. ئەم پێش دەکەوێ. هەر لە یەکەم هەنگاودا ئاوەکە دەگاتە ژێر ئەژنۆکانی. لادەکاتەوە و سەیری هاوڕێکەی دەکا. رادەوەستێ. چراقوەکەی دەردێنێ و درێژە بە هەنگاوەکانی دەدا. دەزانێ کە نابێ هەڵیکا. بەڵام بە دەستیەوەیەتی. یەک دوو جار قاچی هەڵدەخلیسکێ. لێرە دەنگی ئاوەکە یەکجار بەرزە. ئەوەندە بەرز کە گوێی لە دەنگی هەناسەکانی خۆی نیە. هەموو شتێک دەنگی ئاو. پشتێنەکەی دەکاتەوەو دەیداتە دەست هاوڕێکەی. ئەو سەرێکی و ئەم سەرێکی. گرێی دەدەن. دوو کەس قورسترە تا کەسێک. لوولەی چەکەکان لە ئاوەکەدا نوقم دەبن. گرنگ نیە. لەم شەوە ئەنگوستە چاو و تەڕ و تووشەدا کێ بە دەرەوەیە، جگە لە درەختە تەنیاکان و چەمە سەرهەڵگرتووەکان؟ جار و بار لادەکاتەوە. هاوڕێکەی لەوێیە. سەرئەنجام دەگەنە ئەوبەر. تەنیا دوو هەنگاوێکیان ماوە. ئاوەکە هاتووەتەوە ژێر کەمەریان. هەست دەکا دەنگی هەڵچوو و بە لرفە و هاواری چەمەکە لێرە یەکجار نەوی بووەتەوە. خۆشحاڵە، لەوێ لەوبەر دیسان دارستانە. دارستانە فێنک بووەوەکانی ژێر ئاسمانی شەوانە.

لە قەراخ چەمەکە لقێکی گەورەی درەختێکی لێیە. ئەم چاوی لێیە. ئاو لە گەڵ خۆی هێناویەتی. خۆشییەک بە دەروونیدا دەگەڕێ. ئەوەتا لێرەن! درەختەکان کەسێکیان بە شوێنیدا ناردووە. کە نزیکتر کەوتەوە دەستی دەداتێ بۆ ئەوەی رەحەتتر بگاتە قەراخ. دەستی دەداتێ. هەست بە باڵای تەڕ و خوساوی لقەکە دەکا. بە گەلاکان کە ئاو سەمایان پێدەکا. کتوپڕ لەتردەدا. قاچی دەخلیسکێ و دەکەوێ. هاوارێکی سەیر. کە هاوڕێکەی لە چەمەکە رایدەکیشێتە دەرەوە، ئەم دەستی بە چاویەوەیە. خوێن روخساری سوور کردووە. هاوڕێکەی هەوڵدەدا بزانێ چی قەوماوە، بەڵام دنیا ئەوەندە تاریکە کە توانای روانین نیە. دەست دەبا چراقوەکەی دەردێنێ و لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدا پشتی لە تەپۆڵکەی چوارلوولەکە بێت، هەڵیدەکا. خوێنەکە لە چاوییەوە دێت. خێرا لایتەکە دەکوژێنێەوە. بەڵام چار نیە هەڵی دەکاتەوە. بەو دەستماڵەی کە لەوبەر چەمەکە چەند جار تەڕی کردبوو و ئارەقەی دەوری ملی پی سڕیبوو، دەیەوێ بەری خوێنرێژییەکە بگرێ و کەویی کات. دەیبەستێ. لەم کاتەدا لە تەپۆڵکەکەی ئەوبەرەوە، ئەو شوێنەی وا گڵۆپەکان شاییان بوو، ریزی گڕەکان بەرەو چەمەکە سەری خۆیان هەڵدەگرن. ئەو گڕانەی وا لە ئاوەکەدا دەخنکان و لە ناو بەردەکانی قەراخ چەمەکەدا دەتەقینەوەو دەبوون بە دەیان گوللە. هاوڕێکەی هەوڵی دا بەرەو تاقە درەختی ئەولاتر ئەم راکێشێ و لەم گڕستانە خۆیان رزگار کا. گەیشتن. لەوێ هاوڕێکەی کەوت. کەوتنێک وەک پاڵ پیوەنانێکی قورس. لێرە دەنگی چەم دوورتر بوو. ئەوەندە دوور کە گوێی لە ناڵەی هاوڕێکەی بوو. گوللەکان دەهاتن و بارانی بەردە تەقاوەکان هەروا دەباری.

نازانێ چەندەی خایاند. کە دەنگ نەما و دنیا ئارام بووەوە، ویستی رابێ و بەرەو پشتی تاقە درەختەکە بڕوات. جەستە لە گەڵی نەهات. لاقەکان نەدەهاتن. وەک بڵێی بە زەوییەوە دوورابێتن. دەستی برد بۆ هاورێکەی. جەستەیەکی گرمۆڵە کە پشتی لەم بوو. پشتێک، تەڕ تەڕ وەک چەمەکە.

سەیری شاخەکەی کرد، سەیری ئەو دارستانانەی کە خەریک بوو بەرەبەرە خۆیان دەردەخست. گوێی لە درەختەکەی تەنیشتی گرت کە لە گەڵ بای دەم بەیان جوانتر دەنگ و چپەی دەهاتە گوێ. گوێی لە دەنگی ئاو گرت. شتێکیان دەگوت. باس باسی تەنیایی لووتکەکان بوو، باسی ئەو درەختانەی کە ئەگەرچی ساڵانی سالە لە گەڵ یەکترن، بەڵام تەنیابوون. تەنیان. باسی ئەو رۆژانەی کە دەکرا هەموو شتێک کتوپڕ بۆ هەمیشە بگۆڕدرێ. بۆ هەمیشە.  

فەڕۆخ نێعمەتپور

ئەم چیرۆکە لە کتێبی “لەگەڵ چپەی گەڵاکان” چاپ کراوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *