فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

تێرکەوتن

کات 26/02/1392 701 بازدید

تێرکەوتن

زستانی ئەمساڵ زۆر تەڕ و تووش بوو. نە هەورەکان رێگایان بە یەکتر دەدا، نە دنکە بەفرەکان شوێنیان بۆ یەکتر چۆڵ دەکرد، نە ئاسمان حەزی خۆدەرخستنێکی تر دایدەگرت و نە مرۆڤەکانیش چیدی تاقەتی بیرکردنەوە لە بەهاریان مابوو. هەموو شتێک زۆر سەیر خووی دابوویە بەستەڵەک و سپیەتیی سەهۆڵ ئاسا و لوورەی ئەو بایەی کە بە قەد گۆرانی بێژێکی دەنگ ناخۆش حەزی بە دەنگی خۆی بوو. جاری وابوو لە ناو تەوژمی بێدرەتانی، بێخەیاڵی و خۆبەدەستەوەدانێکی پڕ لە بێهوودەیی و نائومێدی کە لە هەموو هەستێک داماڵدرابوو، خەمێکی وەها قورس دایدەگرتم کە خۆم وەک سەهۆڵە لووسە رەقەکان دەهاتە بەرچاو، ئەو سەهۆڵانەی زۆر کەسیان خستبوو و بەڵێن بوو هێشتا زۆر کەسی دیکەش بخەن!دەرگای سەیارەکەم ئارام دادەخەم و لە کاتێکدا هەوڵ دەدەم سەر و ملم لە ناو یەخەی پاڵتۆ رەشەکەمدا ون کەم، خۆم لەو چێشتخانەیە نزیک دەخەمەوە کە قەرارە تێیدا جارێکی تر نان بخۆم. چێشتخانەکە، کەبابخانەیە. سەیری دەرگاکەی دەکەم، وێنەی خواردنەکان بزەیەک دەخەنە سەر لێوم. بۆن و تامی گۆشتی برژاو لە زستاندا یەکێک لە بۆنە هەرە بە تام و خۆشەکانە. بێگومان بۆ ساتێکیش بێت لە ژوورەوە دەتوانم زستانی ئەمساڵ لە بیرکەم.هەنگاوەکان دەمبەن. لە شەقامەکە دەپەڕمەوە و دەگەمە شۆستەکەی بەردەم رێستورانەکە. کتوپڕ رادەوەستم. لە ژێر ئەو بەفرەوەی کە کرێکارەکانی چێشتخانەکە خەریکن رایدەماڵن، تەختە سەهۆڵێکی لووس و ئاوێنە ئاسا و ئەستوور خۆی نیشان دەدا. ئارام بە سەریدا هەنگاو دەنێم. ترسی ئەوەی نەگەمە کەبابخانەکە، وەک سەرما لێم دەئاڵێ. لێرە خەڵک جاری وایە بە کەوتن یان دەمرن یان بۆ هەمیشە شوێنێکیان سەقەت دەبێ. لە سەر پێ پلیکانەکان دوو منداڵی وردەواڵە فرۆش دەبینم. جگەرە و شەمچە و بنێشتیان پێیە. بە نایلۆن سەری شتومەکەکانیان داپۆشیوە و تا پێیان بکرێ هاوار دەکەن و باسی جگەرەکانیان دەکەن. بیردەکەمەوە: “هاوارە سەهۆڵ ئاساکان!”ژوورەوە زۆر گەرم نیە. پاڵتۆکەم دادەکەنم و لە سەر کورسییەک لە تەنیشت مێزێک جێگا دەگرم. دەنگی تەلەفزینەکە تەواو ژوورەکەی داگرتووە. کرێکارەکان لە هاتووچۆدان. لێرە بۆنەکە ئەوەندە خەستە کە هەست دەکەم وەک بەتانییەک لێم ئاڵاوە و خەریکە گەرمم دەکاتەوە. داوای خواردن دەکەم و ئیدی دڵنیا چاوەڕوان دەبم. لێرەوە، دەرەوەو بەفر و منداڵە جگەرەفرۆشەکان لە تەمی پشت شووشەکانەوە بە ئاستەم دیارن. جاروبار مندالەکان روخساریان لە شووشەی دەرگاکە نزیک دەخەنەوە و لە ژوورەوە دەڕوانن. رەنگە لە مشتەری یان ئیزنی هاتنە ژوورەوەیەک دەگەڕێن. گەر لە نانخواردن بوومەوە حەتمەن جگەرەیک دەکڕم و دەیکێشم. جگەرە کێشانێکی سەهۆڵ ئاسا!هاتنی خواردنەکە دەخایەنێ. هەربۆیە خۆم بە کەوچک و چەتاڵەکانی سەر مێزەکەوە سەرقاڵ دەکەم. دەیانژمێرم و دیانژمێرمەوە. چەتاڵەکان پانزدە دانەن و کەوچکەکان سیانزەن. کورسییەکانی دەوری مێزەکەی منیش چوار! نازانم لە چەندەمین دەوری ژماردن و بیرکردنەوە لە شتە ئاسنینەکانی دەورووبەرمم کە خواردنەکەم بۆ دێت. کتوپڕ تێدەگەم ئەو ئیشتیایەم نەماوە کە سەرەتا هەمبوو! بێگومان گوناحی زستانە، رەنگی رەش و سپی هەموو شتێک دەکوژێ، تەنانەت ئیشتیهایش!لە نێوان راوەستانەکان و بیرکردنەوەکانی مندا، دەرگا دەکرێتەوە و نەفەرێک دێتە ژوور. باڵا مامناوەندی، کەتە و ئەستوور، ورگێکی گەورەو سەرێکی تاس کە بە دەستماڵ پێچاویەتی. بە بێ ئەوەی سەیری دەورووبەری بکا، یەکەوراست بەرەو فرۆشیارەکە دەچێ. لە کاتێکدا نیگای لە سەر سیخە گۆشت و کەبابەکانە و دەنگی لە لای فرۆشیارەکەیە، دەدوێ:ـ سڵاو بەساقە! حەک ماڵت ئاوا بێت بۆ گۆشت و کەبابت!… ئەهممم… تکایە پێنج کەباب و پێنج گۆشت و چوار شیش جگەر… نا نا،… با گۆشتەکەی شەش بێت!ئەوسا روو وەردەگێڕێ و سەیری لای چەپی خۆی دەکا، ئەو شوێنەی وا سەماوەرەکەی لێیە و بە دەیان پیاڵە چا بە نۆرە بۆ پڕبوونەوە راوەستاون.ـ “حەک ماڵم لە دەورت گەڕێ، چایەکەیشت وەک هەمیشە لە سەر گڕە!”ئەوسا دێت و رێک لە سەر کورسی تەنیشت مێزەکەی بەرامبەری من دادەنیشێ. من کە ماوەیەکە سەرنجم لە سەر کەوچک و چەتاڵ و خواردنەکەم راگوێزراوەو لە سەر ئەم  مشتەرییە تازەیە جێگیر بووە، بە وردی سەیری روخساری دەکەم. لە بەر خۆمەوە دەڵێم: “کوردی گەرمیان!”ئارام ئارام دەست دەکەم بە نان خواردن. یەکەم پاروو دەمجوڵێنێ. دەزانم کە هەڵەم کردووە وەدرەنگم خستووە. تامەکەی وەک هەمیشە لە گەڵ خۆی دەمبا.ئەوەندەی پێناچێ، خواردنەکەی بۆ دێنن. شانزدە شیش لە گەڵ سەوزە و پیاز و لیمۆ و کۆمەڵێک نان. لانیکەم هەشت نۆ نان. ئەو تەماتانەی کە روویەکیان بە تەواوی سووتاون.لە بان سەرە تاسە بە دەستماڵ پێچراوەکەی ئەوەوە، ئاگام لە یەکێک لە منداڵەکانە کە جارێکی تر هەوڵ دەدا لە پشت شووشە تەماوییەکانەوە سەیری ژوورەوە بکا. هەڵمی دەمی، روخساری ئەوەندەی تر لە سەر شووشەکە ون دەکا.تەلەفزیۆنەکە گۆرانییەکی عەرەبی لە سەرە. گەنجێک لە گەڵ کۆمەڵێک کچی جوان کە سەمای بۆ دەکەن و ران و سەرسینیگان دەدرەوشێنەوە، خەریکی گۆرانی وتنە. کچەکان زۆر جوانن. بە پێچەوانەی دەرەوە، ئەوان زۆر رەنگاورەنگن،… وەک بەهار،… وەک هاوین. دڵتەنگییەکی سەیر دامدەگرێ.وەک بڵێی لە بیری چووبێ پاڵتۆکەی دابنێ، بە پەلە هەڵدەستێ و دایدەکەنێ و دەیدا بە سەر کورسییەکەی تەنیشتیدا. ئەوسا سەرقۆڵەکانی هەڵدەداتەوە. لە هیچ کامی ئەم حاڵەتانەدا بۆ یەک چرکەیش چاوی لە سەر خواردنەکە هەڵناگرێ. تەلەفۆنەکەیشی لە تەنیشت خۆی لە سەر مێزی خواردنەکە دادەنێ.نانەکان، خڕ و برژاو و گەرمن. هەر نانی دەکا بە دوو لەت و نیوە شیشێک گٶشت، کەباب یان جگەری لە سەر دادەنێ، دواتر سەوزە و پیازێکی زۆر دەخاتە تەنیشتیانەوە و ئەوسا نانەکە دەپیچێتەوە و دەیخاتە دەمیەوە. پارووەکە زۆر گەوریە، هەربۆیە ئارام ئارام پاڵی پیوە دەنێ و تا جوان جوان لە ناو دەمیدا جێگای بۆ نەکاتەوە، دەستی لێهەڵناگری. کوڵمەکانی وەها دەئاوسێن کە چاوە درشتەکانی ون دەکەن. لەم کاتەدا رەگی ملی و چرچەکانی پشت ملیشی وەها هەڵدەستن کە دەڵێی دەیانەوێ بتەقن! هەر نانەی دوو پارو!کتوپڕ لادەکاتەوە و لە فرۆشیارەکە دەڕوانێ، فرۆشیارەکە سەری قاڵە، بەس ئەم لە کاتێکدا دەمی پڕە و جێگایەک بۆ قسەکردنی تیا نەماوە، شوێنێکی هەر چۆنێک بێت بۆ بەتاڵ دەکا و هاواری لێدەکا:ـ “ئا بەساقە لە بیرم چوو، تکایە پێنج جێگام بۆ ئامادەکە! ئا ئا، دەی خێرا بە ساقە!”تەلەفۆنەکە زەنگ دەدا. ئەم کە هێشتا پارووەکەی تەواو نەپێچاوەتەوە، دەکەوێتە پەلەپەل و هەر کە خستیە دەمیەوە، تەلەفۆنەکە هەڵدەگرێ و دەکەوێتە قسە کردن. وشەکان، ناناوی و تێکەڵ بە بۆنی پیاز و سەوزە و گۆشت و چەوری خۆیان بە دەنگ گرەکەدا دەکەن:ـ سڵاو بەساقە،… ئا ئا خەمت نەبێ، ئەوە سەریان خستووە،… لە گەڵ خۆم ئەیهێنم،… سیانی خۆمە سەگباب،… ها ها ها…، لە ق….خوشک… ، ها ها ها….وردە نانەکان وەک تۆزە بەفر یاخود دنکە بەفر دەردەپەڕن و بە سەر مێزەکەدا دادەبارن. لە تەواوی کاتی نانخواردنەکەی و قسەکردنە بەردەوامەکانی لە ناو تەلەفۆنەکەدا، چاوەکانی لە سەر تەلەفزیۆنەکە و کچە عەرەبەکانن. هەست دەکەم لەم کاتانەدا قایمتر دان بە پارووەکانیدا دەنێ.یەکێک لە منداڵەکان دێت ژوور و ئاگام لێیە لە گەڵ فرۆشیارەکە قسە دەکا. فرۆشیارەکە دەریدەکا. ئیزنی چوونە توالتی خواستووە. کە دەچێتەوە دەرەوە، لە گەڵ منداڵەکەی تر قسە دەکا، شتەکانی لای ئەو دادەنێ و ئەوسا ون دەبێ. بێگومان رووی لە لاکۆڵانەکان کردووە. وەک سەگەبەڕەڵاکان!فرۆشیارەکە هێشتا توڕەیی بەرینەداوە، روو لە شاگردەکانی دەکا و دەڵێ کە بە هێچ جۆرێک نابێ رێگای ئەوخوێڕیانە بدەن بێنە ژوورەوە. یەکێک لە شاگردەکان بە دزییەوە سەری لێ بادەدا. نانەواکەی، بزەیەک دایدەگرێ.وەها توند خۆی لە سەر کورسییەکەی دەکێشێتەوە، کە دەستی بەر پرداخەکە دەکەوێ دەکەوێتە خوار و دەشکێ. یەکێک لە شاگردەکان بە پەلە دێت وردە شووشەکان کۆ دەکاتەوە و لیوانێکی تری بۆ دێنێ.ـ “خەمت نەبێ ماڵم بە ساقەت بێت،… پارەکەی دەدەم.”شاگردەکە میهرەبانانە سەیری دەکا. ئەمیش بە پەرداخە تازەکە دوو ئاوی چاک دەخواتەوە دووای ئەوەی چیلکەیەکی دیان هەڵدەگرێ، هەڵدەستێ.ـ “حەک دەستت خۆش بێ بەساقە! چەنەی کرد؟… نا بە ساقەت بم هەر هی خۆتە،… فەرقی نیە،… ئەهاااا ئە…”پێنج جێ خواردنەکە کە لە ناو عەلاگەیەکی سپیدان، بە دەستەوە دەگرێ و روو لە دەرگاکە دەکا. کتوپڕ دەگەڕێتەوە:ـ “حەک ماڵت کاول نەبێ، خۆ خەریک بوو چاییم لە بیر چێ!”تەلەفزیۆنەکە هەواڵ بڵاو دەکاتەوە. تەقینەوە لە شوێنێک. ئەو گۆشتانەی کە زۆر لەو گۆشتەی دەچن من ئەم مشتەرییە لێرە خواردمان. بێزێک دامدەگرێ.کە ئاخر قوم لە سێهەم چایی دەدا ئاگام لێیە مندالەکەی دەرەوە گەڕاوەتەوە و سەر لە نوێ شمەکەکانی بە دەستەوە گرتووەتەوە.ـ “ماڵەکەم ماڵت ئاوا! خواحافیز!”بەرەو دەرگاکە دەڕوا. ئەو دەرگایەی وا یەکێک لە شاگردەکان سڕیویەتییەوەو ئیستا گەش گەشن. دەرەوە جوان جوان دیارە. مندالەکان ئیستا لە ترسی خاوەن دووکانەکە لە خوار پلیکانەکان راوەستاون.بە دەم رێگاوە چیلکەی دیانەکەی فڕێ دەدا و دەرگاکە دەکاتەوە. چیلکەکە لە شوێنێک لە نێوان قڵشی دوو کاشیی چڵکن دا خۆدەگرێتەوە. لەو دیو دەرگاکەوە، دەست دەکا بە گیرفانیدا و جگەرەیەک دەردێنێ و بە فەندەکە رەشەکەی دایدەگیرسێنێ. نایلۆنە پڕ لە خواردنەکە دەست دەگرێ، لە بەر خۆیەوە یەک دوو جوێن دەدا. یەکێک لە منداڵەکان شتێک دەڵێ. ئەم هەر لایشی لێناکاتەوە. مندالەکە شتەکانی نیشان دەدا، بەس ئەو هەر ئاگای لێ نیە. وەک بڵێی لە تەلەفۆن لە گەڵ کەسێکدا قسەدەکا.هێشتا لە دووا پلیکانە، دوو سێ هەنگاو دوور نەکەوتووەتەوە، لاقەکانی دەڕۆن،… شتێکی ناڕاست روودەدا،… هەڵدەکەوێ. من کە لە یەکەم قوملێدانی چاییەکەمدام، ئاگام لێیە سەرەتا موبایلەکەی دەفڕێ، ئەوسا جگەرەکەی و دوواتر دڵقە پڕ لە خواردەمەنییەکە، لە کۆتاییدا قاچەکانی کە روو لە شوێنێک لە حەوادا دەکەن.مندالەکان کە سەرەتا تەنیا سەیریان دەکرد، روو لەو گۆشە و کەنارانە دەکەن کەباب و گۆشتەکان تێیاندا پرش و بلاو بوونەتەوە. شاگردەکان هەڵدێنە دەرەوە و نانەواکەیش دەکەوێتە پێکەنین:ـ “سەگباب ئەوەندەی خواردووە، لەنگر دەدا!”

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لە کتێبی “تەماتەی ئەهرامی سەلاسە” چاپ کراوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *