فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

“هیچ” ه‌که‌ی ئه‌و سه‌ر

کات 27/02/1392 627 بازدید

“هیچ” ه‌که‌ی ئه‌و سه‌ر

کۆڵانەکەی گەڕەکی ئێمە کە دەگەیشتە ئەو سەری خۆی، کتوپڕ ون دەبوو. کەس نەیدەزانی چی لێ بەسەردێ. هەر ئەوەندە بوو لەوێ دەسڕایەوە! وەک ئەوەی نیگارێک بێت منداڵێک لە سەر کاغەز کێشابێتی و ئەوسا پەشیمان بووبێتەوە و بە پاکونەکەی پاکی کردبێتەوە. بەڵام ئاخر دەگەیشتە کوێ؟ خۆ ناکرێ بگاتە “هیچ”. تەنانەت گەر “هیچ” یش بێت خۆی لە خۆیا دەبێ شتێک بێت. ئاخر “هیچ” یش بۆ خۆی شتێکە. شتێک وه‌ک دونیا و… وه‌ک کۆڵانه‌که‌ی ئێمه‌.
وەک دەیانگوت زەمانی زوو خەڵک لەوێوە گوزەریان دەکرد. دەیانگوت نەک تەنیا کۆڵانەکە ون نەبوو، بەڵکوو دەگەیشتە هەندێ شوێنی دیکەیش، شوێنی وەک گەڕەکەکانی تر و باغەکانی دەورووبەری شار. بەڵام کتوپڕ ساڵێکیان کاتێک هەموو خەڵکی گەڕەک خەوتبوون، باڵندەیەکی سامناک و گەورە، باڵندەیەک وەک دەعبا ترسناکەکانی ناو چیرۆکەکان، بە نیوە شەو دێت و ئەوسەری کۆڵان دەخوا و بۆ هەمیشە قووتی دەدا و ونی دەکا. دەڵێن بۆ سبەی و رۆژەکانی دی وەک هەمیشە هەندێ لە خەڵکی گەڕەک بە بێ ئەوەی بە کارەساتی قووتدانی کۆڵانەکە بزانن، لەوێوە گوزەر دەکەن و ئیدی قەت ناگەڕێنەوە. لەوکاتەوە ترسێکی وەها خەڵکی گەڕەک دادەگرێ کە بۆ هەمیشە هات و چۆ لەوێوە کۆتایی پێدێنن. کۆڵانەکەی ئێمە بۆ هەمیشە بوو بە رێگایەکی بن بەست. رێگای بن به‌ستی به‌ره‌و “هیچ”.
بەڵام کارەساتەکە هەر بەمە رانەوەستا. تەنیشت شوێنی ونبوونی کۆڵانەکە، خانوویەکی لێبوو. تاقە خانووی نزیک ئەوێ. دەیانگووت ئەوانەی لەو خانوویەدا دەژیان، دەیانزانی چ خەبەرە. دەیانگووت ئەوان پەنجەرەی وه‌هایان هەیە کە بە سەر شوێنی ونبوونەکەدا دەڕوانێ و هەر بۆیە هەموو شتێک دەبینن. بەڵام سەیر ئەوە بوو خەڵکی گەڕەکی ئێمە لە جیاتی ئەوەی بچن و لەو ماڵە بپرسن کە لە پشت پەنجەرەکەیانەوە چ دەبینن، رق و ترس و نەفرەتێکی سەیریان لەو خانووە و خێزانەکەی ناوی هەڵگرتبوو و تەرکی هەر جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵا کردبوون. لەو کاتەوە هەم ئەو سەری کۆڵانەکە و هەم خانووەکە بوون بە رازێکی وەها گەورە کە نەدەکرا قەت بکرێنەوە.
من زۆر جار لە تەنیایی خۆمدا له‌ خه‌ڵوه‌تی گه‌ڕه‌کدا دادەنیشتم و بیرم لەو سەری کۆڵانەکە دەکردەوە. هەر وەها بیر لەو تاقەخانووەی کە دەیتوانی بە سەر “هیچ” دا بڕوانێ و هیچه‌کان ببینێ. جاری وابوو کۆڵانەکەم وەک چۆمێک دەهاتە بەر چاو کە کتوپڕ دەگەیشتە قەڵبەزێک. قەڵبەزێکی بەرز و سپی سپی و کەفچڕ. لەو قەڵبەزانەی بە سەرمای جوانیان نەرم نەرم دەتتەزێنن. جاری وایش بوو وەک ئاسمانی پشت کێوەکان دەهاتە بەرچاوم، ئەو بەشەی کە نابیندرێ و کەچی هەیە، هه‌بوونێک به‌ قه‌د هه‌موو بێکۆتاییه‌کان. شتێک لە دەروونمدا پێی دەگوتم کۆڵان نەک تەنیا تەواو نابێ، بەڵکوو لە راستیدا لەوێوە دەست پێدەکا!… کۆڵانی راستەقینە له‌وێ بوو.من دەبا رۆژێک، یان شەوێک بچم و لەوێوە گوزەر بکەم. من دەبا واز لە بیرکردنەوە لە “هیچ” و لەو کەسانەی کە رۆیشتن و قه‌ت نەهاتنەوە بێنم.
سەرئەنجام ئەو رۆژە هات. ئەو رۆژە هەوا شتێک بوو لە نێوان باران و هەتاودا، هەربۆیە سەرتاسەری کۆڵانەکەی ئێمە بە بەشە ونبووەکەیشییەوە بووبوو بە پەلکەزێڕینە.هەموو شتێک وەها رەنگین هەڵگەڕابوو کە من بۆ چەند ساتێک رەنگی رەش و سپیم لەبیرچووەوە. رۆژێکی رەنگین و چۆڵ! ئارام هەنگاوم هەڵگرت و بەرەو ئەوسەری کۆڵان رۆیشتم. نەرم نەرم و بە کاوەخۆ. حەزم نەدەکرد بە جوڵەی زیاد، رەنگەکان بتارێنم. بیری ئەوەی کۆڵکەزێڕینە، “هیچ” یشی رەنگە رەنگین کردووە، بزەیەکی نادیاری ده‌خستە سەر لێوەکانم. بۆ یەکەم جار گەیشتمە بەر تاقەخانووەکە. جوانم لێم رووانی. شتێک بوو وەک هەموو خانووەکانی تری گەڕەک، بەڵام بێدەنگتر و…، نا راوه‌سته‌! خانووه‌که‌ ته‌نیا نیوه‌ خانوویه‌ک بوو! به‌ دڵه‌راوکێیه‌وه‌ لە بەر دەرگا نیوه‌کەیدا راوەستام. من پێش ئەوەی هەنگاو بنێمە ناو کۆڵانە ونبووەکەوە، دەبا لە دەرگای ئەم ماڵە بدەم و لە گەڵ دانیشتووانی قسە بکەم. چەند جار نیوه‌کێلونەکەم راوەوشاند. راوەستام. دیسان راموەشاندەوە. بە بێ ئەوەی دەنگی پێیەک بێتە گوێم، دووای ماوەیەک دەرگاکە کرایەوە. مرۆڤێکی نیوەم بینی،… یەک چاو، یەک دەست، یەک قاچ و یەک گوێ و نیوە روومەتێک. سه‌ر تا پێ، دووله‌ت. من که‌ مه‌حوی ته‌ماشای دراوسێ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌که‌مان بووم، نه‌مده‌زانی داخۆ بترسم، هه‌ڵێم یان…، به‌ڵام مامه‌وه‌ و زۆر ئاسان وشه‌کان له‌ زارم هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌و وشانه‌ی نیوه‌یان ون و نیوه‌یان دیار بوون:ـ من هاتووم بزانم،… بزانم داخۆ کۆڵانه‌که‌مان لێره‌وه‌ ده‌گاته‌ کوێ!
نیوه‌جه‌سته‌که‌ لێی رووانیم. نیوه‌روانین. ئه‌و که‌ پێی سه‌یر بوو دووای ساڵانی ساڵ سه‌رئه‌نجام یه‌کێک له‌ خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک جورئه‌تی پرسیاری تیا دروست بووبوو و رووی کردبووه‌ ماڵه‌که‌ی ئه‌وان، به‌ نیوه‌ لێوه‌که‌ی نیوه‌ بزه‌یه‌کی درکاند. داوای لێکردم بچمه‌ ژوور. چوومه‌ ژووره‌وه‌. به‌ نیوه‌ پلیکانه‌کاندا سه‌رکه‌وتم و چوومه‌ نیوه‌ ژووره‌که‌ و له‌ پشت نیوه‌په‌نجه‌ره‌یه‌ک رایوه‌ستانم. ئه‌وسا وتی نه‌ک له‌ نیوه‌دیاره‌که‌وه‌، به‌ڵکوو له‌ نیوه‌نادیاره‌که‌ی په‌نجه‌ره‌که‌وه‌‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ بڕوانم. روانیم. من له‌وێوه‌ ئه‌و خانووبه‌ره‌ و حه‌وشانه‌م بینی که‌ که‌سیان تێدا نه‌ده‌ژیا. چۆڵ چۆڵ. ئه‌و خانووانه‌ی هیچ ره‌نگێکیان له‌ خۆ نه‌ده‌گرت.ـ ئه‌ی مرۆڤه‌کان له‌ کوێن؟به‌ نیوه‌ئاماژه‌ داوای لێکردم واوه‌تر بڕوانم. روانیم. بینیم ئه‌و سه‌ری کۆڵانه‌که‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌ک جاران بگاته‌ گه‌ڕه‌که‌کانی تر یاخود باخه‌کانی ده‌ورووبه‌ری شار، ده‌گه‌یشتنه‌ هه‌ندێ شوێنی سه‌یر. جوانتر روانیم، ده‌ریاکان، بیابانه‌کان و زنجیره‌ شاخه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانم بینی.ـ که‌واته‌ ئه‌وان له‌وێن؟نیوه‌شانه‌که‌ی به‌ نیشانه‌ی نه‌زانین به‌رزکرده‌وه‌. که‌واته‌ ئه‌ویش نه‌یده‌زانی، ئه‌و ته‌نیا ده‌یتوانی شوێنه‌کانم نیشان بدات. وتی:

ـ ئه‌وان له‌مێژه‌ له‌وێن. هه‌ندێ که‌س بیابان هه‌ڵیگرتن، هه‌ندێ که‌س شاخ و هه‌ندێکی تر ده‌ریا.

پرسیم:

ـ داخۆ شه‌و و رۆژ لێره‌ له‌ خانووه‌که‌ی ئه‌ودا چۆنن؟ـ شه‌و و رۆژ لێره‌ شتێکن وه‌ک خانووه‌که‌ و وه‌ک من،… هه‌میشه‌ نیوه‌!سه‌یرم کرده‌وه‌. ئه‌وسا له‌ ژووره‌ نیوه‌که‌ و له‌وێوه‌ له‌ حه‌وشه‌که‌م روانییه‌وه‌‌. بیرم له‌ بۆنه‌کان کرده‌وه‌. بۆنێک وه‌ک “هیچ” له‌ هه‌ر که‌لێن و قوژبنێکه‌وه‌ ده‌ده‌ڵا و لێم ده‌ئاڵا. سه‌قفی ژووره‌که‌ وه‌ک هه‌ورێکی مه‌خمه‌ڵین له‌ قه‌راخه‌کانیدا ده‌بوو به‌ “هیچ”.بڕیارم دا بڕۆم. هه‌نگاوم هه‌ڵێنا، به‌ڵام رایگرتمه‌وه‌. ئه‌وسا له‌ به‌ر ده‌رگای خانوویه‌کدا له‌ ناو کۆڵانه‌ ونه‌که‌دا منداڵێکی نیشان دام که‌ دانیشتبوو و بیری له‌ شتێک ده‌کرده‌وه‌. جوانتر سه‌رنجم دا. وتی:ـ ئه‌و منداڵه‌ به‌ جێماوه‌. ساڵانی ساڵه‌ له‌وێیه‌. نه‌ گه‌وره‌ ده‌بێ و نه‌ واز له‌ بیرکردنه‌وه‌کانی دێنێ.ـ ده‌کرێ من لێره‌وه‌ له‌م خانووه‌ی تۆوه‌ تێپه‌ڕم و بچمه‌ ئه‌وێ؟ـ نه‌، که‌س ئیتر ناتوانێ. ئه‌وانه‌ی ده‌گه‌نه‌ ئێره‌، ئێره‌ لای خانووه‌که‌ی من، ده‌بن به‌ نیو. گه‌ر ته‌واو دیار بی ده‌بی به‌ نیوه‌ دیار و، گه‌ر ته‌واو ون بی ده‌بی به‌ نیوه‌ ون.کتوپڕ بیرێکی خۆش به‌ مێشکمدا هات:ـ که‌واته‌ ئه‌و منداڵه‌ ده‌توانێ بێته‌ ئێره‌ و پێکه‌وه‌…؟
سه‌یرێکی کردم.
له‌و رۆژه‌وه‌ هه‌موو عه‌سرانێک به‌ دزییه‌وه‌، کاتێک خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک به‌ ده‌ره‌وه‌ نین، من ده‌چم بۆ خانووی سه‌رسنووره‌که‌. له‌وێ من به‌ نیوه‌یی له‌ گه‌ڵ نیوه‌کوڕێک قسه‌ ده‌که‌م که‌ به‌ جوانی شه‌وی ده‌عبا ترسناکه‌که‌ و ونبوونی خه‌ڵکه‌که‌ی له‌ بیره‌. ئه‌و منداڵه‌ی که‌ بیرکردنه‌وه‌کانی بۆنی ده‌ریا و بیابان و شاخه‌ دوورده‌سته‌کان ده‌دن و، که‌چی هێشتا نازانێ خه‌ڵکی کۆڵانه‌که‌ی ئه‌وان چییان لێ به‌سه‌رهاتووه‌و بۆ کوێ چوون. 

فەڕۆخ نیعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لە کتێبی “تەماتەی ئەھرامی سەلاسە” چاپ کراوە.

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *