فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ژووری چاوەڕوانی

کات 02/04/1392 30 بازدید

ژووری چاوەڕوانی

دادەنیشین. ژووری چاوەڕوانییەکە زۆر گەورە نیە، بەڵام چاوەڕوانییەکان دەڵێی گەورەن. لە سیمای چاوەڕوانەکاندا بێتاقەتی و وەڕزەی دەبینرێ. بیر دەکەمەوە “ئێمەیش وەهامان لێ بەسەردێت” رەنگە هەر لە ئیستایشەوە بەسەرمان هاتبێ، چونکە کە دادەنیشم بە وەڕەزییەوە دادەنیشم. چبکەم؟ چۆن ئەم کاتانە بەڕێ بکەم؟ بە دەوری خۆمدا چاو دەگێڕم. چاو لەو ژنەی دەکەمەوە لە گەڵمدایە. منداڵە شیرەخۆرەکەی بە باوەشەوەیەو خەریکە مەمکی دەداتێ. منداڵەکەی تریشی هەر وەک هەمیشە بە بێ قەراری هەستاوەتە سەرپێ و بە شوێن شتێکدا دەگەڕێ، شتێک کە کاتە وەڕەزاوییەکانی خۆی لە گەڵ بە سەر ببا. منداڵەکە، کە سەرەتا وڕی سیما نەناسراوەکانە، کتوپڕ کەرەسەی یارییەکان لە سوچێکی ژوورەکەدا سەرنجی رادەکێشن و دەستبەجێ بەرەولایان رادەکا. شادییەکی سەیر سیمای دادەگرێ. لا دەکاتەوە و دایکی بە دەنگی بەرز دەدوێنێ. خۆشحاڵ، دەیەوێ ئەم هەستەی خۆی لە گەڵ دایکی دابەش بکا، بەڵام دەنگ تەنیا ئەو دەنگە سەیرانەی کە لە زمان ناچن، ئەو پیتانەی کە تەنیا لە ” ئا” یەکی کێشداردا خۆیان دەبیننەوە. هەربۆیە دایکەکە دەڵێی زۆر مەیلی ئەم دابەش کردنەی نیە. کچەکە کەڕە و وشەکانی سەر زاری خۆی ناناسێتەوە. هەست دەکەم دایکی وەک هەمیشە ناڕازی، بە خەمێکی قووڵەوە وەڵامی کچەکەی دەداتەوە. من کە بۆ ماوەیەک لەم دیمەنە دەڕوانم، سەرئەنجام چاوی لێ هەڵدەگرم و خۆم بە شتەکانی دیکەوە خەریک دەکەم. چوار ژن و دوو پیاو و منداڵێکی دیکە. منداڵێک کەمێک کشاوەتر لە کچەکە، بەڵام ئارام و بێدەنگ کە پاڵی بە باوکییەوە داوە. ئەو منداڵە جاری وایە بە سەرسووڕمانەوە سەیری ئەو کچە دەکا کە لە گۆشەی ژوورەکەدا بە یارییەکانەوە خەریکە. بێگومان یەکەم جارە منداڵی کەڕ و لاڵ دەبینێ، یان رەنگە تەنیا سەری لەوە سووڕماوە کە بۆچی ئەو کچە ئاوا دەدوێ.

دەست دەبەم جانتاکەم دەکەمەوە. جانتایەکی رەش بۆ کۆمپیوتەر کە ئیستاکە تەنیا کتێبی تیایە. ئەم جانتایەم هەمیشە لە گەڵە. لە گەڵمە بۆ کاتی کاتە وەڕەزەکان، یان بۆ بێ تاقەتییەکان، هەروەها بۆ کاتی چاوەڕوانییەکان. ژیان پڕیە لەم سیانە. نازانم جیاوازیی نێوان وەڕەزیی و بێتاقەتی چییە، بەڵام دەزانم جیان… وەڕەزی، بە هێزترە. شتێکە نزیک لەوەی کە پیاو هەستێ و ئیتر پاڵ بە شتێکەوە بنێ، رەنگە پاڵ بە کاتەوە. بەڵام بێ تاقەتی دانیشتنێکی بێهوودەیە بە بێ ئەوەی شتێک بکەی. دەشزانم کە هەوێنی هەردووکیان چاوەڕوانییە. چاوەڕوانیی چی؟ من لە مێژە ئیدی چاوەڕوانی هیچ شتێک نیم. بە بێ چاوەڕوانیش، ژیان هەر دەڕوا، رەنگە باشتریش… کە کتێبەکە لە جانتاکەم دەردێنم، دەزانم کە بە خوێندنەوەی لاپەڕەکان بۆ جارێکی تر وەڕەزی و بێتاقەتی و چاوەڕووانییەکان بۆ چەند چرکەیەکیش بێت فەرامۆش دەکەم. خۆشییەک دامدەگرێ.

خەریکی خوێندنەوەم. دەنگ و پیتە بێ ماناکانی کچەکە ئیستا تێکەڵ بە دەنگی کەرەسەی یارییەکان و جارجارە تەقەی بەرزی ئەو کتری و پیاڵە پلاستیکییە رەقانەی کە لە دەستی بەر دەبنەوە. کتوپڕ دکتۆرێک دێت، ناوێک دەخوێنێتەوە. ناوەکە ناگرم، بەڵام دەزانم ناوە! دانەیەک لە ژنەکان کە لە تەمەنی مام ناوەندیدایە هەڵدەستێ و لە گەڵ دکتۆر دەڕوا. لە یەکێک لە ژوورەکاندا ون دەبێ. لە بەر خۆمەوە دەڵێم خۆزگەم بە خۆی! بیرم دێتەوە کە هاوکارەکەم پێی وتم رەنگە شەش سەعاتێک لەوێ چاوەڕوان بیت. وتی رەنگە منداڵە شیرەخۆرەکە بەرنە ژووری نەشتەرگەری. سەرم هەڵبڕی و سەیری منداڵە شیرەخۆرەکەم کرد. نوستووە. کەچی مەمکەکە هەر وا بە دەرەوەیە. رەش و تۆکمە و سەرنجراکێش.

خەریکی خوێندنەوە دەبم. چیرۆکی منداڵێک کە باوکی فاشیستە و بەرپرسی یەکێک لەو ئوردووگایانەیە کە جوولەکەکانی تیا پەستێوراوە. منداڵەکە کە وەرەز و بێ هاوڕێیە، بە دزییەوە لە گەڵ یەکێک لە منداڵە جوولەکەکان دەبێ بە دۆست. هەفتەی چەند جارێک دچێ و لە پشت تێڵ دڕووەکانەوە بە دزییەوە یەکتر دەبینن. نە ئەم و نە ئەو نازانن بۆ ژیان وەهایە. نە ئەم دەزانێ بۆ ئەو خەڵکە لە پشت تێڵ دڕووەکانەوەن و نە ئەویش دەزانێ بۆچی لێرە وا تێک چەپێنراون. منداڵەکانی دەستی ساتە وەڕەزکان و ساتە بێ تاقەت و پڕ لە چاوەروانییەکان. لە نیوەی کتێبەکە لامداوە و ئیتر بۆیە تەواو بۆم سەرنجڕاکێشە.

کتوپڕ دەنگی دکتۆرێکی تر. ناوێک کە نایگرم، بەڵام دەزانم ناوە. ژنێکی بە تەمەن لە گەڵ دکتۆر دەڕوا. ئەویش لە پشت یەکێک لە دەرگاکانەوە بزر دەبێ. لەم کاتەدا دەزانم کە دوو کەسی دیکە بە خەڵکەکە زیادکراون. دوو چاوەڕوانی دیکە. من کە سەرم لە سەر کتێبەکە هەڵگرتووە، جوان بۆ جارێکی تر سەرنج دەدەمەوە ژوورەکە بە هەموو شتێکییەوە. کچەکە ئیستا ئیتر یەکجار دەنگە دەنگ دەکا. پەیتاپەیتایش کترییە لاستیکییە رەقەکەی لێ دەکەوێتە خوار و دەنگی رەق و ناخۆشی لە سەر موزاییکەکان مێشک دەسمێ. چاو بە سیماکاندا دەگێڕێ. کەس هیچ ناڵێ، بەڵام نیگاکانیان لە نێوان منداڵەکەدا و دایکەکەیدا دێن و دەچن. وەک بڵێی بە چاو دەنگی دەدەن کە زیاتر ئاگای لە منداڵەکەی بێت. بەڵام دایکەکە ئەم نیگایانە نابینێ. بە مەمکێکی بە دەرەوە دانیشتووەو و لە شتێک وڕماوە. دوو دانە لە پیرێژنەکان سرتەیەک لە گەڵ یەکتر دەکەن و دیسان سەیری دایکەکە دەکەنەوە. لە منداڵەکە دەڕوانم. دەم دەکەمەوە شتێک بڵێم، بەڵام نایڵێم. کتێبەکە دەکەمەوەو دیسان دەخوێنمەوە.

منداڵی پیاوە فاشیستەکە بڕیاری داوە بچێتە ناو کەمپەکەوە. هاوڕێکەی جل و بەرگی تایبەتی خۆیانی بۆ هێناوە. جل و بەرگێکی خەتی خەتیی رەش و سپیی تایبەت بە زیندانییەکان. ئەمیش لە بەری دەکا و ئاودیوی تێڵ دڕووەکان دەبێ. ئاودیوی ئەو کەمپەی مرۆڤەکانی تیا دەسووتێنن. دیسان دەنگی تەقەی کەوتنە خوارەوەی کتری و گلاسە رەقە پلاستیکییەکان. سەر هەڵدەبڕمەوە، سیماکانی بەرامبەرم جگە لە ژنێکی تازەی چاوەڕوان کە بە بزەوە لە منداڵە شیرخۆرەکە دەڕوانێ، هەموویان یەکجار گرژ دێنە بەر چاوم. سەر دەخەمەوەوە سەر کتێبەکەم. سەربازەکان دەروری گروپێک دەدەن و بە پاڵەپەستۆ کۆیان دەکەنەوەو لە ژوورێکی یەکجار گەورەیان دەپەستێون. باران دەبارێ و مرۆڤەکان تەڕن. خۆشیی ئەوەی کە سەرئەنجام سەرپەناهێک لە خۆیان دەگرێ، بە جەستەی برسیی و لاوازیاندا دەگەڕێ. ئەو خۆشییەی کە دووای کەمێک، گازی خنکێنەری پیا دەکرێ. لە رۆچنەی سەقفەکانەوە ئەو سیما ماکس پۆشانەی کە هەورێکی رەش دەکەن بە ئاسمانی ژوورەکە. ئاە، چ هەستێک دامدەگرێ. دیسان تەقەی کەرەسەی یارییەکان، دیسان ئەو وشانەی کە وشە نین. رق و تووڕەییەکی سەیر دامدەگرێ. دیسان سەر هەڵدەبڕمەوە. وەڕەز لەوەی نە دایکی کچەکە و نە ئەوانی دی هیچ ناڵێن، بڕیار دەدەم دەنگی بدەم. زار دەکەمەوە. لەم کاتەدا کچەکە لادەکاتەوەو سەیرم دەکا. چاومان لە چاوی یەکتردا. ئەو بێدەنگ و من بێدەنگ. پێش ئەوەی من وشەیەک بدرکێنم، ئەو بە زمانی لاڵی دەدوێ: “ئە، ئا ئا ئا،… ئە ئە ئە… با… با با … بە بەبە…” بیری منداڵە وەڕەزەکانی ناو کتێبەکە دەکەومەوە. منداڵە وەرەزەکانی ناو و دەورووبەری کەمپەکانی سووتاندنی مرۆڤ.

ئارام کتێبەکەم دەبەستم، هەڵدەستم و بەرەو کچەکە دەچم. کتری و گلاسە پلاستیکییەکان هەڵدەگرمەوەو دەیاندەمەوە دەستی. لە کاتێکدا بزەیەک بە روخسارمدا دەگەڕێ، دەست دەکەم بە یاری کردن لە گەڵیدا.

فەڕۆخ نێعمەت پوور

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *