فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

بۆچوونێک لەسەر رۆمانی ساڵەکانی خەون

کات 10/08/1393 1,187 بازدید

فروید، رۆئیا (خەون) بەوەرگیراو لە بیرەوەرییەکان، حەزە نهێنییەکان و ئەو ئیماژانە ئەزانێ کە بە جۆرێک لە رووداوەکانی رابوردووەوە “هەر لە سەرەتای منداڵییەوە تا ئێستا” رژاونەتە ناو ناخودئاگای زەینمان و لەوێدا جێیان خۆش کردووە. ئەم جۆرە هەویرمایانەیە کە دەبێتە هۆی پێکهاتەی رۆئیا و لە رێگای بە کردەکردنیدا چیرۆکی دەروونی و رەوانمایە دەخۆڵقێنێ. ئەگەر رێگای جووڵەی چیرۆکی دەروونی، دابڕان و یەکگرتنەوەی بەردەوامی پێوە دیار بێ، ئەوا دوو جەمسەری سەرەکی ئەم جۆرە رەوایەتەی تیادا بەرجەستە کراوە و میداڵی ئەم جۆرە دەقانەی لە سینە داوە، ئەوەش راستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ دەروونمایەی سەرەکی ئەمجۆرە دەقانە کە هەڵگری پێشینەیەکی پڕ لە وێنەو رووداوی پچڕپچڕن و کپ بوون و نەپژانی حەزو ئاواتەکانی پێوە دیارە.

بەم پێیە هەر چەشنە دەقێکی ئەدەبی لە سەر ئەم رەوڕەوەیە بەرەپێش چووبێ، ئەوە خۆی لە چوارچێوەی دەقە دەروونییەکاندا دۆزیوەتەوە و بۆ پشکنین و دەرخستنی لایەنە شاردراوەکانی ئەم جۆرە دەقانەش، رەخنەگرانی ئەم بوارە دەستەودامێنی تیوری رەخنەیی رەوانکاوانە دەبن و، لە سەر بنەمایەک بەم کارە هەڵدەستن کە دوو هێڵی سەرەکی لە خۆیان دەگرێ:

یەکەم: لێکۆڵینەوەی بابەتیانەی رواڵەتی دەق

دووەم: لێکۆڵینەوەی بابەتیانەی نهێنییەکانی دەق

بە رای من خاڵی وەرچەرخان و دیاری رەخنەی رەوانکاوانەی دەق لەوێدا خۆی بەرجەستە دەکا و مانایەکی شیاو هەڵدەگرێ کە لێکۆڵینەوەی بابەتیانەی رواڵەتی دەق بە مەبەستی دەرخستنی لایەنە شاراوەکان و بابەتە نهێنییەکانی دەق بێتە ئاراوە و بە ئەنجام بگا. تا رەخنەگر بتوانێ هۆکارە سەرەکییەکانی کردەی ئەکتەرەکانی دەق بدۆزێتەوە و لەم روانگەیەشەوە تەفسیرێکی بابەتیانەی زەمان و مەکانی دەق بکات. لێرەدایە کە رەخنەگر ئەتوانێ لەم رێگایەشەوە سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی زەمان و مەکانی دەق شیکاری بکا و بیخاتە ژێر زەڕەبینی رەخنەوە. هێندێ لە رەخنەگران رایان وابوو کە دەقە دەروونییەکان زۆرتر سەرنجی خۆیان ئاراستەی دەروونمایەی دەقە ئەدەبییەکان دەکەن و لە فۆرم و شکڵیان وریا نین، واتە ناوەرۆکی پچڕپچڕ کە لە وێناکردنی رۆئیاکانەوە بەرهەم هاتووە شکڵ و فۆڕمێکی دیاریکراو لە خۆ ناگرێ و خۆی لە خۆیدا نامەیێ. من بۆچوونم لە گەڵ بۆچوونی رەخنەی رەوانکاوی نوێیەو لە سەر ئەم باوەڕم کە:

یەک: تا کەسێک لە دەرەوەی دەق چاودێر و عەقڵی گشتی بێ و لە زمانحاڵی ئەکتەرەکانەوە تەزریقی رۆئیا لەت و پارەکان بکاتە شادەماری دەق و ئەم کردەیەی هۆشمەندانە و ئامانج دارانە ئەنجام بدا، ئەوا ناکرێ بڵێین دەقێکی ساختارمەندی مەییو نەخوڵقاوە و  شکڵ و فۆڕمی لە خۆی نەگرتووە.

دوو: کۆی چەندین کردەی جۆراوجۆر کە هەڵگری هاڵەیەک بن بە ناوی زەمان و مەکانی دیاریکراو، هەر چەند پچڕپچڕو لەت و پار بن، دەلالەت بە وێکهاتنەوە و شکڵ و فۆڕمێکی یەکگرتوو دەکەن بە ناوی دەق کە ئەمەش شەرعیەت ئەبەخشێ بە دەقە دەروونییەکان کە باوجوودی ئەوەی هەڵقوڵاوی دۆخێکی دەروونی شڵەژاو و ناسەقامگیرن بەڵام بە مەحزی ئەوەی چوونە چوارچێوەیەکی ئامانج‌داری زەمانی و مەکانییەوە ئەوا شکڵ و فۆڕمی خۆیان وەدەگرن.

بەم پێوەرەی لەم کورتە باسەدا هێناومەتەوە، نووسەری ڕۆمانی ساڵەکانی خەون لەم دەروون مایە دەروونییە کەڵکی وەرگرتووە و لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی رەوایەتەکەدا لە چاشنی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی سوودی بینیوە. بە دەرخستنی لایەنی مێژوویی و دەروونی تاکەکانی چەند بنەماڵە، کەرتێکی زەمەنی دیاریکراوی خستووەتە بەر چاوی خوێنەران و زیرەکانە و بە فلاشبەک و دوور لە هەر چەشنە  دادوەرییەک، بەستێنێکی نوێی خوڵقاندووە کە بە زەنگۆڵەی وێنە ئەدەبییەکان رازاوەتری کردووە. هەرچەندە بە روونی دیارە کە نووسەر زوومی خۆی خستووەتە سەر کۆکردنەوەی گەلێک  ئیماژ و وێنەو رووداو، تا بە خوێنەری پیشان بدا کە ڕەوتێکی زەمەنی بەرەو لەدایک‌بوونی شۆڕشێکی گشتگیر چۆن دەست پێدەکا و تێپەڕاندنی هەر قۆناغێکی زەمەنی ئابستەنی چ رووداوگەلێکە، بەڵام نووسەر تەنیا دەتوانێ لە رێگەی پیاچوونەوەی ژیانی رابوردووی کاراکتێرەکان و لە پەنجەرەی دەروونییانەوە دەست بداتە وێناکردن و بەدەق کردنی ئەم دەروونمایەیە، کە لەم رۆمانەدا نووسەر بە زیرەکی تەواو توانیویەتی لە رێگای شۆربوونەوە و قووڵ روانینی دەروونی پاڵەوانەکانی ئەم رۆمانە، زاویەدیدێکی جیاوازی دەروونی بدۆزێتەوە بۆ بەرجەستە کردنی دنیای دەورووبەرییان و خوڵقاندنی فەزای ڕۆمانەکە.

دەسپێکێکی قەوی و نەرم وا لە خوێنەر دەکا بەرەوڕووی دنیایەکی جیاواز ببێتەوە و هەرچەندە لە سەرەتاوە گرێ‌کوێرەیەک ناخاتە بەردەستی خوێنەر تا خوێنەر بە سەرسووڕمانەوە هەڵوەدای کردنەوەی بێ؛ “وەک چۆن کاک عەتا نەهایی لە دەسپێکی رۆمانێکیا کاراکتێری سەرەکی رۆمانەکە دوای چەندین ساڵ ونبوون دەگەڕێنێتەوە و والە خوێنەر دەکا کە بۆ دەرک پێکردنی هۆکاری ونبوونەکەی، بەردەوام بێ لە سەر خوێندنەوەی ڕۆمانەکە”، بەڵام نووسەری ڕۆمانی ساڵەکانی خەون لە چاشنی چێژی ئەدەبی و سەمای وشەکان بۆ ئەم مەبەستە کەلک وەردەگرێ و بە زمانێکی رەوان و بێ گرێ و گۆڵ دەستی خوێنەر بەدوای خۆیدا راناکێشێ، بەڵکوو هاوسارەکە ئەداتە دەست خۆی و لێی دەگەڕێ لە بەستێنی رەنگینی دەقەکەدا ئەسپی خۆی لینگ بداو چێژی خۆی ببا.

ئەم رەوتە ئەدیبانەیە لە درێژەی رۆمانەکەدا بەرزو نزمی پێوە دیارە، تا ئەو شوێنەی نووسەر لە لاپەڕەکانی نزیک بە کۆتاییدا بە، بەتۆکمەکردن و وێکهێنانەوەی سەررشتەی رووداوەکان؛ تۆخکردنەوەی هونەرمەندانەی مانایی و زمانی پێ ئەدا، بەو هیوایەی خوێنەر ئامادە بکا بۆ بڕینی هەورازی بەرەو لووتکە و داگەڕانێکی چێژاوی و گەیشتن بە کۆتاییەکی کراوە. هەروەها خوێنەروا لێبکا هەم حەز بە بەردەوامی زیاتری رۆمانەکە بکات و هەم داواکار بێ بۆ خوێندنەوەی بەشە نەنووسراوەکانی درێژەی ئەم رۆمانە شیرینە.

هەرچەندە من ناتوانم وەک رەخنەگرێک کێشی ئەم رۆمانە بە شێوەی شیاوی خۆی بخەمە بەر باس و لێکۆڵینەوە و خاڵە لاواز و بەهێزەکانی بەرجەستە بکەم، بەڵام وەکوو خوێنەرێک بەوەندە  قەناعەت دەکەم کە ئەگەر لە “فەڕوخی نێعمەتپوور” لە هەر باروودۆخێکدا دەقێکی ترم بەرچاو بکەوێ، بێگومان کاتی خوێندنەوەی خۆمی بۆ دیاری دەکەم. 

رزگار لووتفی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *