فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ساڵی مار

کات 10/10/1393 102 بازدید

ساڵی مار

بە هاوڕێکەم دەڵێم:

ـ “من جاری وایە لە خەڵوەتی خۆمدا دەگریم. خەڵوەتی منیش نیوەشەوانە، کاتێک هەموو خەوتوون، یاخود کاتێک لە ناو سەیارەدا لە کارەوە بەرەو ماڵەوە دەگەڕێمەوە، یان ئەو ساتانەی لە ئاودەست زۆرم پێدەچێ! ئیتر هەر لە خۆوە خەمێکی نائاشنا و ئاسمانی کە قەت نەمبینیوەو  قەت نەمناسیوە، دێت و بەرۆکم پێدەگرێ و،… دەگریم. لە ناو بێدەنگیی شەوانەدا، لە ناو دووکەڵ و دەنگە دەنگی سەیارە و بۆق و هۆڕندا و، هەر وەها لە ناو بۆگەنی ئاودەستەکاندا. فرمێسکەکانم تک تک دێنە خوارەوە.”

هاوڕێکەم لە کاتێکدا دڵی یەکجار بە من دەسووتێ و، پەرۆشییەکی هاوڕێیانە دایدەگرێ، دەڵێ:

ـ “هی ساڵی مارە،… هی ئەوەیە لە ساڵی ماردا لە دایک بوویت،…”

بە پەلە قسەکانی پێ دەبڕم و دەڵێم:

ـ “من لە دەروونی خۆمدا سەرەڕای قسە زلەکانی ژیانم و، سەرەڕای ئەوەی سەردەمانێک خۆم بە شۆڕشگێڕ زانیوەو تاڵیی و سوێریی ژیانم زۆر دیتوە،… سەرەڕای ئەوەی بڕوام بە هیچ دین و ئایینێک نەبووە، بەڵام یەکجار گرینۆک بوومە. من لە دەروونی خۆمدا یەکجار وەک مرۆڤێکی ئایینی بوومە، بە بێ ئەوەی بۆ خۆم بزانم!”

هاوڕێکەم لە کاتێکدا هەوڵ دەدا لە شوێنێکی تر بڕوانێ، دەڵێ:

ـ “مرۆڤی لە دایکبووی ساڵی مار هەر هەموویان وان، دڵناسک و هەستیارن،…”

من بە پەلە لە کاتێکدا بیر لە مارە ترسناکەکان دەکەمەوە، دەڵێم:

ـ “رۆمانی تاراس بولبات خوێندووەتەوە؟ لەم رۆمانەدا قەزاقەکان کە قەومێکی رووسین کاتێک کەسێکیان لێدەمرێت، تا بەیانی بە خۆشی گیانی مردووەکەیان شەراب دەخۆنەوە و سەما دەکەن. ئەوان رووانینێکی تریان بۆ مەرگ و بۆ مردووەکان هەیە. ئەوان مەرگ و مردن دەکەن بە بیانوویەک بۆ ژیان و خۆشی، بەڵام لای ئێمە وانیە. من لە شوێنێکەوە دێم کە بۆ مردوو، هەموو ژیان دەمرێنن. من دەزانم هەر زۆر چاک دەزانم هۆکاری گرینۆکییەکەی من و گریانەکانی من ئەمەیە، گوناهی ئەوانەیە وا وەک قەزاقەکان بیرناکەنەوە…”

ئەو دیسان قسەکانم پێ دەبڕێ و دەڵێ:

ـ “وایە ئەوانەیشە،… بەڵام لە راستیدا هۆکارەکەی هی ئەوەیە تۆ لە ساڵی ماردا لە دایک بوویت. ساڵی پشیلە وانیە، خۆ پشیلەت بینیوە کاتێک دەکەوێتە خوار چۆن خۆی دەخاتەوە سەر چوار چنگ؟…”

من لە کاتێکدا بیر لە پشیلە رەش و بۆر و سپی و خۆڵەمێشییەکان دەکەمەوە، دەڵێم:

ـ “من، جاری وایە کاتێک لە بەر کۆمپیوتردا دانیشتووم و کتوپڕ چاوم بە منداڵێکی کوژراو دەکەوێ، یاخود سواڵکەرێکی قەراخ جادە یان وێنە رەش و سپییەکانی کۆنی ناو فەیسبووک، قوڵپی گریانێکی ترسناک بەر بینگم پێدەگرێ،… بۆ ئەوەی چاو بە فرمێسک نەمبینن، هەڵدەستم و دەچم بۆ خوارەوە. لەوێ لە بەر ئاوێنەکەدا دەگریم،… من رقم لە خۆمە. گریان ناهێڵێ و قەت نەیهێشتووە مرۆڤێکی ئاقڵ بم!”

هاوڕێکەم دەڵێ:

ـ “مارەکان تازە بڕیاریان لە سەر کەسایەتی تۆ داوە و ئیتر ناتوانی خۆتی لێدەرباز بکەیت. ئەمەیش خراپ نیە. گرینگ ئەوەیە کە هەستی تۆ تا ئیستا تۆی نەخەڵەتاندووە و توانیوتە بە جوانی لە هەستت بۆ سەرکەوتنی ژیانت کەڵک وەربگری. گەر لە ساڵی پشیلە لە دایک بوویتایە قەت بەم پلە و پایەی ئیستای خۆت نەدەگەیشتی.”

من کە تێیدا ماومەتەوە داخۆ لە ساڵی ماردا لە دایک بوومایە باشتر بوو، یان لە ساڵی پشیلەدا، دەڵێم:

ـ “من لە حەوشە کاتێک لە خەڵوەتی خۆمدا گریاوم، پشیلەی دراوسێکەمان بە دیارمەوە راوەستاوە و سەیری کردووم، بە بێ ئەوەی گاڵتەم پێ بکا، خۆم لێ لابدا یاخود بە پێکەنینەوە بمیاوێنێ. ئەو خۆی نەخستووەتەوە سەر چوار چنگ بۆ ئەوەی خۆی لە پشت شکاندن رزگار بکا!”

ئەو دەڵێ:

ـ “لە بیرت نەچێ ئەوانەی ساڵی پشیلە لە دایک دەبن، ئاقڵ و لە سەرەخۆ و بە تەحەمولن. کاتێک لە گەڵ کەسێک هەڵس و کەوت دەکەن، شرافەتمەندانە هەڵس و کەوت دەکەن و هاوڕێی چاکن و دەزانن لە کوێ و چلۆن بە کەڵکی پیاو بێن.”

من بیر لە چاوی پشیلەی دراوسێکەمان دەکەمەوە. تا ئیستا قەت هەوڵم نەداوە چاوەکانی بخوێنمەوە. من چاوەکانی ئەوەم زیاتر وەک رووانین هاتووەتە بەرچاو و بەس، نە کەم نە زیاد. ئیستا تێدەگەم کە رەنگە لەمە زیاتر لە نیگاکانیدا هەبن. بەڵام هێشتا تێناگەم کە مار چلۆن دەتوانێ ئەوەندە هەستیار بێت.

کتوپڕ دێتەوە بیرم کە من زۆر جاران لە پشت کۆمپیوترەکەم لە سەر یوتوب چاوم لە جیهانی ئاژەڵان کردووە. جاری وابووە سەیری شەڕی مار و پشیلەم کردووە. شەڕە ترسناکەکانی نێوانیان. گوێم لە دەنگی پێکەنین و شادیی ئەو مرۆڤانەیە وا لە پشت کامێراکانەوە بە ئەنقەست مار و پشیلەکان لە یەکتر تێکبەردەدەن، جاری وایشە سێبەرەکانیان دەبینم،… ئەو شەڕانەی وا هەمیشە پشیلەکان تێیاندا دەیبەنەوە. ئەوە مارەکانن سەرەڕای ترسناکتر بوونیان، سەرئەنجام دەیدۆڕێنن. بیری ئەوەی کە هەمیشە مارەکانن دەیدۆڕێنن، دەمترسێنێ. بێگومان گەر هاوڕێکەم رۆیشتەوە و دیسان بە تەنیا کەوتمەوە، دەچم لە سەر کۆمپیوترەکەم بە جوانی لە سەر ساڵەکان دەخوێنمەوە. هەست دەکەم یەکجار هەڵەم کردووە. من نەدەبا بە هیچ جۆرێک باسی خوو و خەدە و دەروونیاتی خۆمم بۆ هاوڕێکەم بکردایە. هەست دەکەم لە قسەکانیدا جۆرێک لە هەستی لە خۆبایی بوون هەیە،… ئەوەی کە ئەو لە دایکبووی ساڵی پشیلەیە (ئەگەرچی راستەوخۆ نەیگوتووە، بەڵام وای دەنواند)و، ئەوە،… ئەوە ئەوە کە سەرئەنجام دەیباتەوە. ئەوە پشیلەکانن دەیبەنەوە! هەمیشە.

لە کاتێکدا رقم لە گەمژەیی خۆمە، لە کاتێکدا بیر لەوە دەکەمەوە کە هۆکاری سەرنەکەوتنی شۆڕش رەنگە ئەوە بووبێت کە ئەوانەی وا شۆڕشیان کرد زۆربەیان لە دایکبووی ساڵی مار بوون، روو دەکەمەوە هاوڕێکەم و دەڵێم:

ـ “سەردەمانێک من ئەم گریانە نهێنیانەم وەک لایەنێکی بە هێزی کەسایەتی خۆم دەهاتە بەرچاو. زۆر جاران هەستم دەکرد وزەم لێوەردەگرتن. کە هەر وایش بوو. لە کۆڵانەکانی ترس بە ورەی فرمێسکەکانمەوە تێپەڕیوم، نەک بە شتی تر.”

کتوپڕ هەست دەکەم کە هەموو تێپەڕینەکانم بێ ئاکام بوونە،… بێ هیچ ئەنجامێک. من تەنیا تێپەڕیبووم. رەنگە بۆ ئەوەی پیشانی بدەم کە دەتوانم تێپەڕم. ئەمە و بەس. رەنگە گەر لە دایکبووەکانی ساڵی پشیلە شۆڕشیان  بکردایە، دۆخ شتێکی تر دەبوو. لە سەر سینگ خشان بە هیچ شوێنێکت ناگەیەنێ، دەبێ رەپ لە سەر چوار چنگان دابەزی و بجوڵێی. لە دڵەوە خەریکە کەم کەم بیر لە قسەی هاوڕێکەم دەکەمەوە.

هاوڕێکەم سەرەداوی قسەکان دەگرێتەوە دەست:

ـ “هەڵبەت با پێت بڵێم کە لە دایکبووەکانی ساڵی مار، جوان و سەرنجڕاکێش و خۆش تەبع و قسە خۆشن. ئەمەیش بۆ خۆت دەزانی کە لە ژیاندا زۆر گرینگە. یەکجار.”

وێنە رەش و سپییەکانم دێنەوە بەرچاو. هی هەموو ئەوانەی رۆیشتن. جوان و،… تا ئەو جێگایەیش دەیانناسم خۆش تەبع و قسە خۆش. تا سنووری پچران لە پێکەنیندا. هۆکاری جوانیی وێنەکانیشیان رەنگە هی جەوانیان بێت،… نازانم. ئەو مارە جوان و قسە خۆشانەی بە سینگە خشێ خۆیان گەیاندە زۆر شوێن، بۆ وێنە کۆشکەکانی دەسەڵات. بەڵام راوەستە! ئەی مەگەر لە چیرۆکە کۆنەکاندا هەمیشە باس لەو مارەی نیە کە لە قەسری پاشادا دەبینرێتەوە؟ کەواتە شۆڕش تەنیا کاری مارەکانە. دوواتر پشیلەکان تەنیا کاریان ئەوەیە کارەکان رێک و پێک بکەنەوە، بیانخەنەوە سەر رێچکەی خۆیان. تەنانەت گەر بۆ ئەم مەبەستەیش پێویست بکا دەست بکەن بە کوشتن و خواردنی مارەکان. رێک لە بەر دەم ئەو کامێرانەدا وا خەڵکانی پشتەوەیان پێدەکەنن. پێدەکەنن بە مێژووی مارەکان و بە سەردەمی شۆڕشگێڕییان.

من، کە هەر لە سەرەتاوە مەبەستم لە کردنەوەی ئەم قسە و باسە لە گەڵ هاوڕێکەم ئەوە بوو پێی بڵێم من دووای ساڵانی ساڵ بە خۆناسییەکی سەیر گەیشتووم و، دەمەوێ ئیتر مرۆڤێکی هەستیار و گرینۆک نەبم، هەست دەکەم کە ئیتر دەبێ تەواو پێ لە سەر ئەم کەسایەتییەی خۆم دابگرم. من دەبێ پیشانی بدەم کە مارەکان سەرەڕای سەرنەکەوتنیان ئەرکیان شۆڕش کردنە و ئەمە لە سەریان تۆمارکراوە و ئیدی ناتوانن خۆی لێدەرباز کەن. لە کاتێکدا بیر لەوە دەکەمەوە کە چلۆن وشە و رستەکانم لە سەر یەک هەڵبچنم و دایانبڕێژم، بیر لە قۆزی و جوان چاکی خۆم و هاوڕێ ماراوییەکانم دەکەمەوە و بەزەییم بەو پشیلانەدا دێتەوە کە بە هۆی ئەقڵ فراوانیان هەمیشە شوێنێکیان هەیە بۆ لێکەوتنە خوارەوە و ئەوسا بە چوار چنگان خۆگرتنەوە تێیدا و،… هەڵاتنی دوواتریش!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.