فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

خوێندنەوەیەکی خێرای “باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام”

کات 30/10/1393 156 بازدید

بە خوێندنەوەی بەشێکی زۆری گێڕانەوەی کوردی لە دوو دەهەی ڕابردوودا بەم ئاکامە دەگەین کە زۆربەی دەقە ڕیواییەکانی ئەم حەوزەیە بە شێوەیەکی تۆخ لە بنەما سەرەکییەکانی گێڕانەوە دوور کەوتوونەوە و قاڵب و فۆرمی چیرۆک و ڕۆمان بۆتە کەرەستەیەک بۆ دەربڕینی بیر و ئەندێشەی تاکەکەسی نووسەر. نووسەر وەک بەرهەمهێنەری دەق کە دەبێ کەسێکی بێلایەن بێت نەک ئیمپراتوورێکی دەسەڵاتدار، دەبێتە هۆکارێک بۆ بەلاڕێدا بردنی سازمانی گێڕانەوە. هۆکار زۆرن کە بۆچ تاقمێک لە ڕۆمان‌نووسانی کورد وەها شێوازێکیان ڕەچاو کردووە. بەڵام وێدەچێ سەرەکی‌ترین هۆکار بگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگای ئێمە کە کۆمەڵگایەکی داخراو و هەتا ئێسقان دیکتاتۆر زەدەیە. دەرهاویشتەی وەها کۆمەڵگایەک ناتوانێ ئینسانێکی لیبرال و نۆرماڵ بێت. نووسەرێک کە ئەم کۆمەڵگایە بەرهەمی دێنێ نووسەرێکی بێلایەن نییە و قەتعەن پێی خۆشە دەسەڵاتی خۆی لە بەرهەم هێنانی دەقدا نیشان بدا و لێرەدا لە جیات ئەوەی ئەم دەسەڵاتە لە قازانجی دەق و بەرهەمدا بشکێتەوە دەبێتە هۆکارێک بۆ لاواز بوونی دەق. نموونەی بەرچاو و ڕچە شکێنی ئەم جۆرە بەهەمهێنەرانە بەختیار عەلییە و وا دیارە کەم نیین ئەو کەسانەی وەها شێوازێکیان بۆ گێڕانەوەی چیرۆک و ڕۆمان ڕەچاو کردووە. ڕۆمان و چیرۆک قاڵب و فۆرمێکن بۆ گێڕانەوە نەک کەرەستەیەک بۆ بیر و ئەندێشەی تاکەکەسی نووسەر. هەرکاتێکی ئەم فۆرمانە چوونە خزمەت بەرژەوەندی بیر و ئایدیای نووسەر و بوونە کۆیلەی بۆچوونەکانی ئەو لە کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆیان دادەماڵدرێن و لە کارکردی سەرەکییان دوور دەکەونەوە. هەر بۆیەش هەتا ئێستا نموونەیەکی بەرچاو و ئیستانداردمان لە ڕۆمانی کوردیدا نییە. نموونەیەک کە باڵای بە قەد باڵای ڕۆمانێکی ئستانداری جیهانی بێت. هەڵبەت هەنگاوی باشیش نراوە و ناکرێ تەواوی دەسکەوتەکانی گێڕانەوەی کوردی بخرێتە ژێر پرسیار بەڵام وێژمانی زاڵ بەسەر گێڕانەوەی کوردی لە حاڵی حازردا ئەو وێژمانە سەقەتەیە کە برەوی هەیە و زۆری مانۆڕ لەسەر دەدرێ. ئەگینا دەسکەوتی گێڕانەوەی کوردی کەم نین و حەوزەیەکی یەگجار یەگجار پڕ پتانسیلە و داهاتوویەکی گەشی هەیە. ئێستاش دێینە سەر کتێبی “باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام”
یەکەم شتێک کە لە خوێندنەوەی ڕۆمان یان چیرۆک بە خوێنەر دەبڕێ ئەو لەززەتەیە کە گێڕانەوەی ئەو دەقە پێی دەبەخشێ و دەبێ بڵێم وەبیرم نایە قەت ئەوەندەم جەزرەبە دیبێ بە دەست خوێندنەوەوە، بەڕاستی هەست دەکەم کڵاوێکی گەورەم چۆتە سەر. کتێب وەک چیرۆک یان نۆوێل یان کورتە ڕۆمانێک بە خوێنەر ناسێندراوە و ئەوەی نەیبێ تایبەتمەندی ئەو شتانەیە. یانی نە چیرۆکە، نە نۆوێلە و نە ڕۆمان. دەتوانین بڵێین مۆنۆلۆگێکی نووسەرە لەگەڵ خۆی و هیچی دیکە. تەنانەت ناکرێ بڵێی وتارێکی فەلسەفیشە چونکوو زمانەکەی لە نێوان زمانی شێعر و چیرۆک و وتاردا قەتیس ماوە و مەعلووم نییە و مەعلووم نەکراوە کە خوێنەر لەگەڵ چ دەقێک ڕووبەڕووە. بە ڕواڵەت چەندین کەسایەتی تێدایە کە دەبێ ئەو کەسایەتیانە کەسایەتییەکی داستانی بن کە وا نییە و تەنیا ڕووکەشێکن و نێوێک و هیچی دی. گشتییەتی پێکهاتە و ساختاری گێڕانەوە، شتێکی لەرزۆک و بێ‌پاڵپشتە و هیچ مەنتق و پاساوێکی ڕیوایەتی لە پشت نییە. سەلەبەری کەسایەتییەکان حزوورێکی وەهمییان هەیە و نەیان‌توانیوە وەک کەسایەتییەکی داستانی تایبەتمەندی ڕیوایی بەخۆوە بگرن و تەنانەت ناکرێ بڵێی دەڵەمەن و بە باشی نەگووراون، بەڵکوو چەندین بارەبەرن کە شانیان داوەتە بەر زەینییەتی فەلسەفی نووسەر و خەریکی بێگاری کردنن بۆ ئەو. فەزای نووسراوەکە فەزایەکی داستانی نییە و ئەو فەزا سازییەی بۆ گێڕانەوەی داستانێکی درێژ پێویستە ڕەچاو نەکراوە. شوێن شتێکی لێڵ و ناڕوونە و بەو شێوەیە تەوسیف نەکراوە کە خوێنەر تێکەڵ بەو مەکانە داستانییە بێت. زەمانێک لە نێو دەقەکەدا ناکرێ دەست نیشان بکەی کە بڵێی زەمانێکی داستانییە، لە حاڵێکدا زەمان لە وەها چیرۆکێکدا وەک بەنی تەسبێحێک وایە کە هاوسەنگی نێوان ڕوداوی داستانی و کەسایەتی و فەزا و مەکانی چیرۆک ڕادەگرێ و ناهێڵێ شیرازە و ساختاری گێڕانەوە لەبەر یەک بترازێ. بەڕاستی من تەنانەت لە یەک لاپەڕەشدا هەستم بەوە نەکرد کە چیرۆک دەخوێنمەوە و لە دێڕ بە دێڕیدا هەر پێموابوو دەغدەغە فکری و فەلسەفییەکانی نووسەر دەخوێنمەوە و نووسەر خەریکە بیر و بۆچوونی فەلسەفی خۆی سەبارەت بە ژیان و بوون و کاینات بە گوێی مندا دەچپێنێ و بە شێوەیەکی شوعاری و زەق خەریکە ئەو بیر و بۆچوونەی خۆی بەسەرمدا دەسەپێنێ. چیرۆکنووس و ڕۆمان‌نووس مافی ئەوەی نییە بیر و بۆچوونە فەلسەفییەکانی خۆی بەسەر دەقێکدا بسەپێنێ و بە نێوی چیرۆک یان ڕۆمان پێی بناسێنێ. چیرۆک چیرۆکە و ڕۆمانیش ڕۆمان و ئەم بەستێنە شوێنی مانۆڕی فەلسەفی و قسەی فەلسەفی نییە. وەختایەک دەقێک وەک چیرۆک و ڕۆمان بە خوێنەر دەناسێندرێت دەبێ ئەو پێوانانەی بۆ ئەم ژانرانە دانراون ڕەچاو بکردرێ، دەنا باشتر وایە لەسەر ڕووجڵدەکەی نێوی ڕۆمان و چیرۆکی لەسەر نەنووسرێ. بەڵام ئایا چیرۆک و ڕۆمان ناتوانن دەربڕی فکر و ئەندێشەیەکی فەلسەفی بن؟ ناتوانن فەلسەفەی نووسەریان لە خۆدا حەشاردابێ و دەربڕی فەلسەفەی تایبەتی ئەو بن؟ با دەکرێ بەڵام لە چوارچێوەی دیاریکراوی گێڕانەوەدا نەک بە شێوەی شوعاری زەق و ڕستەی ناقۆڵای فەلسەفی. بە زمانی داستان نەک بە زمانی فەلسەفە.
زمان خاڵی هاوبەشی فیلسووف و شاعیر و نووسەری ڕۆمان و چیرۆکە. بەڵام زمان لە لای هەر یەک لەم کەسانە کارکرد و مانای تایبەت بەخۆی هەیە. ئەو زمانەی کە بۆ ڕەعەمەل هێنانی دەقێکی فەلسەفی یان شێعری کەڵکی لێ‌وەردەگیرێ جیاوازە لەو زمانەی بۆ گێڕانەوەی چیرۆک و ڕۆمان لەکار دەکرێ. تەنانەت ئەو هەستەی ئەو زمانانە لە بەردەنگدا دەیخوڵقێنن هەستی جیاوازن. نالوێ و بۆی نییە بە زمانی فەلسەفە شێعر یان چیرۆک بنووسین یان بە پێچەوانە. هەڵبەت دەکرێ تێکەڵاوی لە نێوان ئەم زمانانەدا هەبێ بەڵام وا نییە کە کەسایەتی واقعی ئەم هەرێمە زمانیانە بکەوێتە ژێر پرسیارەوە. کارێک کە لە دەقی«باڵندەی بریندار و ماسی سەرسام» کرابوو. ئەو زمانەی بۆ گێڕانەوە کەڵکی لێوەرگیرابوو زمانێکی بە تەواوەت شاعیرانە بەڵام لە هەمان کاتدا ناشاعیرانە بوو. زمان بە تەواوەت فەلسەفی بوو بەڵام بە هۆی ناشەفاف بوون و شاعیرانە بوونی بە تەواوەت نافەلسەفی بوو. ئەم پارادۆکسە زمانییە لە سەرەتاوە هەتا ئاخر دێڕی نووسراوەکە بەردەوامە. نەک لە زۆر جێگا بەڵکوو لە سەرەتاوە هەتا دوایین لاپەڕە هەست دەکەی شێعر دەخوێنییەوە نەک چیرۆک. ساختاری ڕستەکان بە جۆرێکن کە پتر ساختارێکی شێعرین هەتا ساختارێکی داستانی. تولی مەوج و فرێکانسی ڕستەی داستانی و ڕستەی شێعری لێک جیاوازن و هەر کام لە دەقدا کارکردی تایبەت بەخۆی هەیە.
ئەم پارادۆکسە زمانییە، وای کردووە زمان لە هەڵسوکەوتی سروشتی خۆی بکەوێ و حاڵەتێکی مکانیکی بە خۆوە بگرێ. ڕستەکان شاعیرانەن بەڵام لە عەینی حاڵدا مکانیکی و بە دوور لە هەرچەشنە هەستێکی شاعیرانەن. بە هۆی ئەوەی زمان بۆ مەبەستی تایبەتی نووسەر لە کار کراوە ڕستەکان تەنانەت لە کاسایەتی خۆیان بێبەری کراون و بوونە ئاوردووی نووسەر بۆ ئەو ئاورە فەلسەفییەی لە زەینی دایە. زمان بۆتە کۆیلە و بەردەی بیر و بۆچوونی فەلسەفی نووسەر سەبارەت بە ژیان و بە بوون. بوون و کەسایەتی لە وشە سەندراوە لە پێناو بەرژەوەندی نووسەردا. تەنانەت لە دیالۆگەکانیشدا زمان بە قازانجی بیر و ئەندێشەی نووسەر لەکار کراوە و دیالۆگەکان هاوار و قسەی زەقی نووسەرە کە ئاخنراونەتە زاری کەسایەتییەکانی نێو دەقەکە. ڕستە بە ڕستەی دەق دەستێوەردانی نووسەری پێوە دیارە و لە هەموو ڕستەیەکدا حزووری نووسەر وەک فەیلەسووفێک بەدی دەکەین. چیرۆک و گێڕانەوە فۆنداسیۆن و ساختاری تایبەت بە خۆی هەیە و ناکرێ و نالوێ بە کەیفی خۆمان دەسکاری سازمانی گێڕانەوە بکەین و بەو جۆرەی کە دڵمان دەیخوازێ سلسلە و پلپلەی پێوە هەڵ‌واسین. وەختایەک نێوی چیرۆک دێت دەبێ چیرۆک بگێڕیەوە و ئەگەریش پێتخۆشە باسی فەلسەفی بکەی کاناڵ دیکە هەیە بۆ دەربڕینی. بە داخەوە لەوانەیە هێندێک پێیان وابێ هەتا لە چیرۆکدا قسەی نەستەق و زل زل بکەی باشتر دەیسەلمێنی کە چیرۆکی چاکت نوسیوە لە حاڵێکدا زۆر بە سانایی دەکرێ چیرۆکێکی باش بگێڕیەوە کە بەردەنگ چێژی لێ ببا، کاریگەری دەقێکی ڕیوایی بەوەوە بەند نییە کە چەندت قسەی گەورە گەورە کردووە لەوێدا، بەڵکوو پەیوەستە بەوەوە کە چلۆن توانیوتە واقعێکی داستانی بخوڵقێنی و بیگێڕیەوە کە مەنتقی خوێنەرانەی خوێنەر تووشی شڵەژانی نامەنتقی نەبێ. زۆربەی دەقە کلاسیکەکان لە بەستێنی گێڕانەوەدا هەموو دەربڕی فەلسەفەی خۆیان بوون و توانیویانە فەلسەفە و مەسەلەی بوونی ئینسان بێننە بەر باس و لێی بدوێن، بەڵام ئەم باسە وەها لە نێو دەقەکەیاندا دەروونی کراوە و بۆتە بەشێک لە ساختاری گێڕانەوە کە کەس هەستی پێناکا؛ تەواوی دەقە ڕەسەن و سەرکەوتووەکانی دنیای گێڕانەوە کەسایەتییەک یان چەندین کەسایەتییان نواندووە کە ئەم کەسایەتییانە دەربڕ و نیشاندەری فەلسەفەی خۆیان بوون لە ژیاندا. فەلسەفە و تێڕوانینی خۆیان بووە بۆ مەسەلەی ژیان و بوون. هەر ئەوەش بۆتە هۆکاری ئەوەی کە ئەم دەقانە سنووری زەمان ببڕن و بەردەوام بن لە زەینی خوێنەرانی هەموو چاخەکاندا. کەسایەتی چیرۆکەکانی گۆگۆل و تۆرگنێف و چخۆف و لارێنس ئێستێڕن و … هەموو نموونەی زەقن و دەکرێ دەرسیان لێوەرگرین.
پێمخۆش نییە لەوە زیاتری لەسەر بڕۆم و دەتوانم زۆری دیکەشی بە بەرەوە بڵێم. بەڵام هەر ئەوەندە عەرزی نووسەری بەڕێزی ئەم کتێبە دەکەم کە بۆ نووسینی ڕۆمان و چیرۆک تەنیا زانینی فەلسەفە بەس نییە؛ گێڕانەوە مەیدانی تاقیکردنەوەی بیرە فەلسەفیەکانی نووسەر نییە؛ گێڕانەوە ئەو هەرێمە ئینسانییە کە دەبێ هەموو ئینسانێک بەشێک لە وجوود و رووحی خۆی لە وێدا ببینێتەوە…

عەزیز مەحموودپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *