فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

دۆستان! فرە خۆشحاڵم

کات 01/11/1393 145 بازدید

ماوەیەکی کورتە شەپۆلۆچکەکان خەریکن بەستێنی مەندی ئەدەبیاتی داستانی لای خۆمان ئەبزوێنن، چیتر رووپەڕە مەند و وێستاوەکەی وەڕەزم ناکا و پرشنگی شەوقێ ــ هەرچەند کاتی ــ دەروونم دائەگرێ و ئۆخژنێ بە دەمارەکانمدا ئەگێڕێت. هەر لە گێڕانی کۆڕە داستانییەکەی مەریوانەوە بگرە تا زنجیرە کۆڕەکانی ‘رەخنە و لێکۆڵینەوە’ی ئەم دواییانەی سەقز و هەنووکەش دەرکەوتنی تەئویلێکی شەخسی بۆ رۆمانی “باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام”ی فەڕوخ نێعمەت پوور لە لایەن بەڕێز عەزیز مەحموودپوورەوە. هەموو ئەمانەش بە شەماڵن رادەخووشێن و بە گوێماندا ئەچرپێنن کە هەواڵی خۆشی داستانی بەڕێوەن و چیتر شێعر تەنهاداگیرکەری ساحەی ئەدەبیاتی کوردی نابێ و لەمەدوا دەبێ کەمێک خۆی هەڵڵوشێتەوە. هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نایات کە ئەبێ لە قەدر و بایەخی شێعر هەڵگیرێ و بخرێتە سەر چیرۆک و رۆمان، بەڵکوو مەبەست وایە ئەم دوو ژانرە بەرچاوەی ئەدەبیات وەک جووتێکی هاوکەفوو، ببنە رێبواری ئەو بەستێنە بکر و نەناسراوە یان کەم ناسراوە. لەو سێ ئێلێمانەشی کە لە پێشدا ئاماژەم پێداون نووسراوەکەی کاک عەزیز مەحموودپوور ــ کە لە سایتی قەڵەمیشدا هاتووە ــ زیاتر لەوانی‌تر خەنی کردم و بووە مایەی خۆشحاڵیم. هەڵبەت ئەم خۆشحاڵییەم لە بەر ئەوە نییە کە نێوەرکی دەقەکەی ئەو بەڕێزە پڕاوپڕ سەرنجمی پێکابێ و لە گەڵ بۆچوونەکانی مندا وێک بێنەوە، بەڵکو جۆری رچەشکێنی و بوێرییەکەیەتی کە لە گۆڕەپانی پیرۆزکراو و نانبەقەرزدەری ئەمڕۆی ئەدەبیاتی ئێمەدا ئەمهەژێنێ و دەبێتە هۆی وەگەڕخستنی زنجیرەیەک لەرە بۆ راچڵەکاندنی جەستە و زەینە مەییوەکانمان. هەرچەند ئەشکرا ئەو راچڵەکانە پتر بە ئامێری رەخنە بکرێ تا جۆرێک رەتکردنەوە و بە کاربردنی زمانێکی زبر و رووشێنەر. ئەوەش ئەزانم کە ئێمە هاتووین تابۆکان بشکێنین نەک بەرهەمهێنەریان بین و شکاندنی تابۆش، بە دەربڕینێکی سۆزاوی و نەرمە بێژی ناکرێ و گەریش تابۆی دەقێک بشکێندرێ، لە ئان و ساتی یەکەمدا خۆدی نووسەرەکەی سوودی لێ ئەبینێ پاشان رەوەندەکە. نامەوێ لەوە زیاتر زێدەڕۆیی بکەم و دەچمە سەر مەبەستی سەرەکیم لەم نووسینە و، وەک خوێنەرێکی ئەو رۆمانە ــ کە چەند جاریش خوێندوومەتەوە ــ نەک لێکۆڵەر و رەخنەگرێک، بۆچوونەکانی خۆم گەڵاڵە ئەکەم و ئەوەی لێی هەڵدێنجم وەک بێ‌لایەنێک دەیخەمە بەر تیشکی سەرنجی ئێوەی ئازیز.

١ــ ئێمەی رۆژهەڵاتی بە گشتی و کورد بە تایبەتی، تا ئاسۆکانمان بەربڵاو نەکەین و نیگامان نەبەینە دەرەوە و لەو دوورانەوە خۆمان نەبینین ئەستەمە لەم دۆخەی ئێستامان دەرباز و لە بەرخۆری رزگارمان ببێت؛ واتە دەبێ ژاپۆنیانە لە دەرەوەی هەسارەکەمانەوە بڕوانینە گۆی زەوی و پاشان کیشوەر(قارە)ەکەمان و دواتر ناوچەکە و، ئینجا ژینگەی دەروبەرمان، تا ئەوەی وا هەست نەکەین تەنها ئەم جوغرافیا بچووکەی ئێمە لە جیهاندا هەیە و ئەوەی لێرەیە و دەورووبەری ئێمەی تەنیوە هەمان شتگەلن کە لە تەواوی دونیادا بوونیان هەیە. واتە بینینی دونیا بە چاوی ئێرە و لە روانگەی دەقە ساکار و لاوازەکانی خۆمانەوە، غافڵ لەوەی کە لە هەشتاکانی زایینی بەم لاوە شەپۆلێکی ئەدەبی/ فەلسەفی نووسین لە رۆژئاوادا دەستی پێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە و رۆمانی ” دونیای سۆفیا”ی یۆستین گۆڕدێر یەکەیەکی بچووکە لەو خەرمانە.

٢ ــ لەم رۆژانەی ئەخیردا بەرنامەی “ئاپاڕات”ی بی‌بی‌سی، فیلمێکی زۆر جیاوازی نووسەر و دەرهێنەری بە ناوبانگی ئێرانی” موحسێن مەخمەڵباف “ی لە ژێر ناوی ” هاواری مێرووەکان ” بڵاو کردەوە کە جیاواز لە شکاندنی تابۆی سێکسی، بە وتەی خودی موحسین مەخمەڵباف و چەند لێکۆڵەری دی، فیلمەکە شێوازێکی (غیر معمول) هەرە جیاوازی رەوایەتی گرتۆتە بەر و لە گەڵ هیچ پرێنسیبێکی داستانی‌دا ناخوێنێت. ئایا ناکرێ ئەمە لە دەقێکی داستانی لای ئێمەشدا وەدی بێت؟

٣ ــ وەک بەڕێز عەزیز مەحموودپوور لە دەقەکەیدا ئاماژەی پێداوە و ئاراستەی رەخنەکەشی بەرە و هەرێمی تەداعی رەخنەی سوننەتی و کلاسیکی سەدەی هەژدە و نۆزدەیەم دەیبا و وەک شێواز و فۆرمی رەخنەی نوێ ” منطبق ” نییە بە سەر بەستێنی تیۆری‌دا، منیش هەر بەو دابە لە وتەی یەکێک لە ساحەب نەزەرانی سەدەی نۆزدەیەم کەڵک وەردەگرم و لەو بڕوایەشدام ئەو بەڕێزەش وەک نووسەرێکی کلاسیک نووس رێزی بۆی دەبێت: مێتیو ئارنۆڵد، یەکێک لە بەناوبانگترین نووسەرانی سەدەی نۆزدەی ئینگلستان کە لە ئاکسفوردیش مامۆستا بووە و بۆچوون و تیۆرەکانی یارمەتی زۆریان بە پێشکەوتنی ئەدەبیات گەیاندووە لە شوێنێکدا دەڵێ: ” ئەدەبیات جودا لە لایەنە جوانی‌ناسانەکەی و چێژبەخشییەکەی، دەکرێ هەڵگری گەلێک ‘آموزە’ی تریش بێت”. کە ئەم وتەیە پرشنگێکە بۆ رووناک کردنەوەی ئەو هەرێمە تاریکەی پێمان وایە ئەدەبیات تەنها لە چێژ و ئیستاتیکادا چڕ بۆتەوە و نابێ بپەرمێتە سەر لایەنەکانی دیکەی بوون. هەرچەند نکۆڵی لەوە ناکرێ گەر دەقێکی ئەدەبی ئەم دوو فاکتەرەی تێدا نەبێ، بێ گومان ناوازەتریش نابێت.

۴ ــ ئایا دەکرێ دەقێک بنووسرێ و نۆرمی دەقە باوەکانی رابوردوومان بشکێنێ کەچی ئێمەش زۆر بە سانایی لە گەڵیدا پەیوەندی بگرین و چێژ و لەزی خۆمانی لێبەرین؟ تۆ ناڵێی ئەگەر خوێندنەوەمان رەوتێکی عادی بپێوێ و لە گەڵ جاران هیچ جیاوازییەکی نەبێ لە گەڵ دەقێکی ئاسایی تردا بەرەوڕوو نین؟

۵ ــ ئەوەی بزووتنەوە ئەدەبییەکانی خوێندبێتەوە و لە سەر توخمی کات/شوێنی ئەدەبیاتی پۆست مۆدێڕندا هەڵوێستەی کردبێ، بە روونی لای ئاشکرایە کە کات/شوێن هەمان کات/شوێنی کۆنکرێتی دەقە کلاسیکەکان نییە و دەکرێ ــ وەک چۆن خیاڵ و رۆئیا سنوور ناناسن ــ رووداوەکان لە شوێن/کاتێکدا رووبدەن بە هیچ شێوەیەک بۆنی واقعیان لێ نەیێت.

۶ــ وەک خۆم ئەوەی بە زەقی لەو رۆمانەی فەڕوخ نێعمەت پووردا دیبینم و بە بۆچوونم بووەتە هۆی نزمبوونەوەی ئاستی ئەدەبی دەقەکە، لاوازبوونی رەوایەتی داستانییەکەیەتی و نەبوونی گرێچن و رووداوگەلێک کە دەبنە هۆی دەرگیرکردنی خوێنەر و، بەرەو کرانەوەی گرێچنەکان دەیجووڵێنن. جیاواز لەم بۆچوونانە، بە کارێکی جیاوازی ئەزانم و هیوادارم کەسانێکی زیاتری وەک بەڕێز عەزیز مەحموودپوور ببنە هۆی نەکوژانەوەی گڕی ئەو هەڵگیرسانە.

لە کۆتاییدا دووپاتی ئەکەمەوە من رەخنەگر نیم و تەنها بەشێک لە بۆچوونەکانم دەربڕیوە و ئەشزانم ئەو دەقە و تەنانەت دەقە زۆر لاوازەکانیش شیاوی زۆر لەوە زیاترن کە ئاوڕی جیدییان لێ بدەینەوە.

سپاس بۆ عەزیز مەحمودپوور

سپاس بۆ فەڕوخ نێعمەت پوور

رزگار لوتفی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *