فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

وەهمی وجوود (لە وەڵامی کاک عەزیزدا)

کات 01/11/1393 223 بازدید

چەند تێبینییەک لە سەر نووسراوەکەی بەڕێز عەزیز مەحموودپور لە سەر رۆمانی “باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام”

کاری هیچ نووسەرێکی رۆمان نیە کە بۆ خۆی ئەرکی بەرگری کردن لە بەرهەمەکەی لە ئەستۆ بگرێ. من ئەم نەریتە دەشکێنم تەنیا لە بەر یەک هۆ، ئەویش هەوڵدان بە مەبەستی دیقەت بەخشین بە نووسین.

کاک عەزیز لە نووسینێکیدا بە ناونیشانی “خوێندنەوەیەکی خێرای باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام” کە لە سایتی قەڵەم دا بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێ: “نموونەی بەرچاو و ڕچە شکێنی ئەم جۆرە بەرهەمهێنەرانە بەختیار عەلییە و وا دیارە کەم نیین ئەو کەسانەی وەها شێوازێکیان بۆ گێڕانەوەی چیرۆک و ڕۆمان ڕەچاو کردووە. ڕۆمان و چیرۆک قاڵب و فۆرمێکن بۆ گێڕانەوە نەک کەرەستەیەک بۆ بیر و ئەندێشەی تاکەکەسی نووسەر. “

کەواتە “باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام” لە یەکەم سەرنجی رەخنەگرانەدا بە تۆمەتی شێوازی بەختیار عەلیانە تاوانبار دەکرێت. وەک دەزانین بەختیار عەلی خاوەنی چەندین رۆمانە و من تا ئیستا نووسینێکم لە کاک عەزیز لە سەر ئەو رۆماننووسە نەبینیوە، تا بزانم پێش ئەوەی دەست بدەمە نووسین ئاگام لە خۆم بێت کە بەختیار عەلیانە نەنووسم و گەریش نووسیم بزانم کە هەر لە سەرەتاوە تاوانبارم!

کاک عەزیز دەنووسێ: “یەکەم شتێک کە لە خوێندنەوەی ڕۆمان یان چیرۆک بە خوێنەر دەبڕێ ئەو لەززەتەیە کە گێڕانەوەی ئەو دەقە پێی دەبەخشێ و دەبێ بڵێم وەبیرم نایە قەت ئەوەندەم جەزرەبە دیبێ بە دەست خوێندنەوەوە، بەڕاستی هەست دەکەم کڵاوێکی گەورەم چۆتە سەر. “

من تێناگەم نووسینێک کە نەک چێژ بەڵکو عەزاب ببەخشێ، چلۆنە کە خوێنەرێک دەتوانێ تا سەر بەردەوام بێت لە خوێندنەوەی. لێرەدا یا خوێنەر درۆ لە گەڵ خۆی و دەورووبەری دەکا (واتە بە راستی بە پێچەوانەی قسەکەی خەریکە چێژی لێ دەبینێ) یان لە لە شوێنێکدا وازی لە خوێندنەوە هێناوە و ئیدی بڕیاری نوسینی لە سەر داوە بەو شێوازەی کە هەر لە سەرەتاوە بڕیاری دابوو! واتە لە سەری دەنووسێ بێ ئەوەی خوێندبێتیەوە.

کاک عەزیز دەنووسێ: “یانی نە چیرۆکە، نە نۆوێلە و نە ڕۆمان. دەتوانین بڵێین مۆنۆلۆگێکی نووسەرە لەگەڵ خۆی و هیچی دیکە.”

پرسیار ئەوەیە کە بۆچی بە فەڕزی راست بوونی قسەی جەنابیان، مۆنۆلۆگ ناتوانێ رۆمان بێت؟

نووسەر لە درێژەی وتارەکەیدا دەنووسێ: “زمانەکەی لە نێوان زمانی شێعر و چیرۆک و وتاردا قەتیس ماوە و مەعلووم نییە و مەعلووم نەکراوە کە خوێنەر لەگەڵ چ دەقێک ڕووبەڕووە.”

پرسیار: بۆچی زمانی رۆمان ناتوانێ تێکەڵێک لەم سێ زمانە بێت؟ مەگەر لە رۆمانی کلیدری محمود دولت آبادی دا کەم زمانی شیعری بە کار براوە؟

نووسەر دەنووسێ: “بە ڕواڵەت چەندین کەسایەتی تێدایە کە دەبێ ئەو کەسایەتیانە کەسایەتییەکی داستانی بن کە وا نییە و تەنیا ڕووکەشێکن و نێوێک و هیچی دی.”

تەواوی بەرهەمەکە لە سەر باڵندەی بریندار و ماسی سەرسام سوڕدەخواتەوە. راستە کەسایەتی ئەوان بە شێوازی کلاسیکی روو نەخراوە، بەڵام ئەو هەموو بە سەرهاتە کە بەسەریاندا دێ داخۆ ناتوانێ دارێژەری کەسایتی داستانیی ئەوان بێت؟ داخۆ خوێنەر ناتوانێ لە نێوان رووداوەکانەوە کەسایەتی ئەوان بخوێنێتەوە، یان دەبێ وەک چیرۆکنووسە کلاسیکییەکان لە پێشدا باسی قیافە و رواڵەت و رەنگی چاویان بکرێ؟

نووسەر دەڵێ: “گشتییەتی پێکهاتە و ساختاری گێڕانەوە، شتێکی لەرزۆک و بێ‌پاڵپشتە و هیچ مەنتق و پاساوێکی ڕیوایەتی لە پشت نییە. سەلەبەری کەسایەتییەکان حزوورێکی وەهمییان هەیە”

پرسیار: بەڵگەی لەرزۆک بوونی ساختاری گێڕانەوە کامەیە؟ بەڵام سەبارەت بە کەسایەتییەکان، ئایا کەسایەتی وەهمی بۆ خۆی جۆرێک لە کەسایەتی نییە؟ مەگەر مرۆڤەکان لە ژیانیاندا تا چەندە کەسایەتی غەیرە وەهمی و واقعین؟

نووسەر دەڵێ: “شوێن شتێکی لێڵ و ناڕوونە و بەو شێوەیە تەوسیف نەکراوە کە خوێنەر تێکەڵ بەو مەکانە داستانییە بێت. زەمانێک لە نێو دەقەکەدا ناکرێ دەست نیشان بکەی کە بڵێی زەمانێکی داستانییە، “

پرسیار: کاتێک باسی شوێن و کات دەکرێ، تەنیا قسە لە سەر شوێن و کاتی کۆنکرێت و دیاریکراو نیە، بەڵکوو شوێن و کاتێکیش هەیە کە غەیری کۆنکرێتە. وەک لەم رۆمانەدا کراوە. باشە بۆ رۆمان دەبێ تەنیا خۆی بە کات و شوێنی دیاریکراوەوە ببەستێتەوە؟ ئایا شوێن و کاتی غەیرە کۆنکرێت ناتوانێ مانای شمولیی دەقی رۆمان فراوانتر بکاتەوە؟

نووسەر دەڵێ: “لە سەرەتاوە هەتا دوایین لاپەڕە هەست دەکەی شێعر دەخوێنییەوە نەک چیرۆک.”

با دوو نموونە لە کتێبەکە بێنینەوە: ”وەک هەمیشە کە دەگاتەوە ماڵ، روو لێرە دەکا،… روو لە حەوشەکەیان. رووبەرێکی چوارگوشە بە خانوویەک لە باشووریدا بە دوو پەنجەرەوە، لە گەڵ گچکە باخچەیەک، لوولەیەکی ئاو و سەرئەنجام تاقە درەختێک و چوارپایەکەی ژێری. لە پشت یەکێک لە پەنجەرەکان سێبەری پەیکەرێکە لە ژن،… ژنانە،… چاوەڕوان. بەو چاوانەوە، ئەم ناتوانێ بیانخوێنێتەوە.”  (پەرەگرافی یەکەمی رۆمانەکە)

نموونەی دووهەم: “ئەو رۆژە بۆ دووا جار سەیرێکی دوو گەڵاکە دەکاتەوە و، دەچێتەوە ژوورەوە. دووای ساڵانی ساڵ، بۆنی دایە گەورە ژوورەکە دەگرێتەوە. بۆنی ئەو چیرۆکانەی فریا نەکەوت بیانگێڕێتەوە. هەڵدەستێ،… دەچێتە شوێنی پەیکەرە سێبەراوییەکەی پشت پەنجەرەکەو لەوێوە بۆ یەکەم جار سەیری درەختەکە و چوارپایەکە دەکا. لێرەوە ئەوێ چەند بێ مانایە. درەختێکی رەقەڵەی وشک بە تەنیشت کورسییەکی بێ رەنگ و رووی سەدان ساڵەوە. سەرێک رادەوەشێنێ و دەگەڕێتەوە سەر جێگاکەی خۆی. لە کاتێکدا هەڵمی چاییەکە بە بەر چاوەکانیدا هەڵدەگەڕێ، رستەیەک لە گەڵ قومی گەرم دەڕژێتە ناو جەستەیەوە: ـ “بوون” چەند سەیرە!” (دوواپرەگرافی رۆمانەکە)

کاک عەزیز دەڵێ “هەر لە سەرەتاوە هەتا دووایین لاپەڕە”!!؟؟ ئەی ئەمە رەوایەت نییە ئەی چییە؟

کاک عەزیز دەنووسێ: “کەسایەتی چیرۆکەکانی گۆگۆل و تۆرگنێف و چخۆف و لارێنس ئێستێڕن و … هەموو نموونەی زەقن و دەکرێ دەرسیان لێوەرگرین.”

وەک لەم رستانە دەردەکەوێ زەین و سەواد و هەستی جوانناسیی کاک عەزیز هەستی جوانناسییەکی قەڕنی نۆزدەهەمیانەیە. چونکە ئەو نووسەرانەی ئەو ناویان دەبا هی ئەو سەردەمەن (لارنس تەنانەت هی سەدەی هەژدەهەمە!). کەواتە کاک عەزیز زیاتر لە روانگەی رئالیستییەوە (ئەویش ریالیسمی سەدەی نۆزدەوە سەیری رۆمانەکەی منی کردووە). هەڵبەت ئەمەیش جۆرێک لە خوێندنەوەیە. خوێندنەوەیەک کە لە ناو قەبرستانەکانی مێژووەوە سەر هەڵدێنێتەوە و دەیەوێ دیسان وەهمی وجوودی خۆی بسەپێنێتەوە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *