فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

رەخنە یان کامێنت، سەرنجێک لە سەر بۆچوونەکانی عەزیز مەحموودپوور

کات 10/11/1393 149 بازدید

نووسینێک لەسەر نووسینەکەی کاک عەزیز مەحمودپوور لەسەر رۆمانی “باڵندەیبریندار، ماسی سەرسام”

با پێش هەموو شتێک کورتەیێک لەسەر رۆمانەکە بنووسین کە بەداخەوە هیچکام لەو نووسین و رەخنانەی لەسەر ئەو رۆمانە نووسراون، ئاماژەیان پێ نەداوە.

رۆمانی “باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام” لە نووسینی فەروخ نێعمەتپور، چاپ و بڵاوکردنەوەی دەزگای چاپەمەنیی “مانگ”، ساڵی بڵاوکردنەوەی 1393 لە 104 لاپەڕەدایە کە بەسەرهاتی دوو برای خەیاڵی دەگرێتە خۆی کە سەرەڕای ئەوەی لە دایکێک دەبن، بەڵام هەرکامەو لە یەکێک لە مەمکەکانی دایکیان دەخۆن و ئەمەش چارەنووسیان و رێگای ژیانی ئەم دوو برا جیا دەکاتەوە. رۆمانەکە لەسەر سەفەری ئەو دوو برایە نووسراوە. نووسەر بە جوانی بیرۆکەی فەلسەفی لەسەر ژیان و بوون، لە جل و بەرگێکی شاعیرانەدا دێنێتە نێو رۆمانەکە و بەم شێوەیە رۆمانەکە لە رۆمانەکانی پێش خۆی جیا دەکاتەوە. هەڵبەت بۆ تێگەیشتن لەم رۆمانە پێویستە کۆد و کلیلە سەرەتاییەکانی فەلسەفە و شێعرت پێ بێت تا بتوانیت بە ئاسانی درگاکان بکەیتەوە و بچێتە نێو دونیای پڕ لە خەیاڵ و جوانی رۆمانەکە و، لەگەڵی تا کۆتایی بچیت.

مەبەستی ئەم نووسینە، رەخنە، یان خوێندنەوەی رۆمانی”باڵندی بریندار، ماسی سەرسام” نییە، بەڵکو دەمەوێت سەیرێکی رەخنەکەی کاک عەزیز مەحمودپوور لەسەر ئەم رۆمانە بکەین.

کاک عەزیز پاش سەرەتایێک کە بە گلەیی لە شێوازی نووسینێکی نوێ کە بە رای نووسەر ئەمڕۆکە باوە و لایان داوە لە چوارچێوەی گێڕانەوەوە، دەسپێدەکات. ئەمە یانی ئەوەی کە کاک عەزیز بڕوای بەوەیە کە هەموو نووسینێک دەبێت لەسەر فورم و چوارچێوەیێکی پێناسەکراودا دانرابێت تا بتوانین بەناوی ئەو ژانرە ئەدەبییەوە ناوزەدی بکەین “بە خوێندنەوەی بەشێکی زۆری گێڕانەوەی کوردی لە دوو دەهەی ڕابردوودا بەم ئاکامە دەگەین کە زۆربەی دەقە ڕیواییەکانی ئەم حەوزەیە بە شێوەیەکی تۆخ لە بنەما سەرەکییەکانی گێڕانەوە دوور کەوتوونەوە و...” بەڵام کاک عەزیز هەر دووابەدووای پێشەکییەکەی دەڵێت “ئێستاش دێینە سەر کتێبی “باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام“.

منی خوێنەری رەخنە، پاش خوێندنەوەی ئەو دێڕەی سەرەوە چاوەڕوان بووم کە بە گوێرەی قاعیدە و ئوسولی رەخنە سەرەتا زانیاری لەسەر ڕۆمانەکە و نووسەرەکەی و شوێن و کاتی لەچاپ دانی ئەو کتێبە لەلایەن کاک عەزیزەوە بخرێتە بەردەستم، پاشان لە شێواز و زمان و خۆشی و ناخۆشی زمان و بیرۆکەکانی ئاگادار بکرێمەوە، ئەویش بە شێوەی فاکت ئامێز. بەڵام بەداخەوە کاک عەزیزیش وەک بەشێکی بەرچاوی بەناو رەخنە نووسان تەنیا هەوڵیداوە وەک کامێنت نووسین لە لاپەڕەیەکی فەیسبوکدا، بۆچوون و حەز و ناحەزی خۆی لەسەر رۆمانەکە باس بکات.

بۆ ئەوەی باسەکەم روونتر بکەمەوە باشترە سەرەتا ئاماژە بەو شتانە یان ئەو ئوسولە بدەم کە دەبێت لە رەخنەدا لەبەرچاو بگیردرێت. بۆ هەر رەخنەیێکی ئەدەبی پێویستە ئەم خاڵانەی خوارەوە ئاماژە پێبدرێت:

١/ ناوی کتێب یان بابەت،

٢ـ ناوی نووسەر،

٣ـ ساڵ و شوێنی لەچاپ دان،

۴ـ  کورتەیەک لەسەر شەخسییەتەکان و روداوەکانی نێو چیرۆکەکە،

۵ـ پاشان ئاماژە دەدرێت بە خاڵە لاوازەکان و بەهێزەکانی چیرۆکەکە بە هێنانەوە و نووسینی نەقلی قەول (citat) لە نێو خودی رۆمانەکە بۆ سەلماندنی بۆچوون و روانگەکەت.

لە پەیوەندیی لە گەڵ خاڵی پێنجەم کە ئاماژەم پێداوە، دەبێ بڵێم کە کاک عەزیز لە نووسینەکەیدا قەت خوێنەر بە شێوەی فاکت ئامێز ئاگادار ناکاتەوە بۆچی و لە کوێدا نووسەری رۆمان روانگەی فەلسەفی خۆی بەسەر رۆمانەکەدا سەپاندووە، یان بۆچی زمانی شێعری ئەم رۆمانە باش نییە و رۆمانەکەی ناخۆش کردووە.

بۆ نمونە کاک عەزیز لە پاراگرافی پێش کۆتایی نووسینەکەیدا دەنوسێت “ئەم پارادۆکسە زمانییە، وای کردووە زمان لە هەڵسوکەوتی سروشتی خۆی بکەوێ و حاڵەتێکی مکانیکی بە خۆوە بگرێ. ڕستەکان شاعیرانەن بەڵام لە عەینی حاڵدا مکانیکی و بە دوور لە هەرچەشنە هەستێکی شاعیرانەن” بەڵام هەرگیز بۆ خوێنەری روون ناکاتەوە و فاکت و نەقلی قەولێک لەو کتێبە سەد و چەند لاپەڕەییەدا ناهێنێتەوە کە پارادوکسەکە بسەلمێنێت و، دەستی خوێنەر بگرێت کە بە چاوێکی کراوەتر کتێبەکە بخوێنێتەوە.

نووسەری رەخنە دەبێت هەموو ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگرێت تا خوێنەرانی رەخنەکەی بتوانن بە ئاسانی بە گوێرەی ئادرەس و ناوی نووسەر، رۆمانەکە دەست بخەن و بیخوێننەوە و ئەوکات داوەری دەمێنێتەوە بۆ خوێنەران کە ئایا نووسەری رەخنە تا چەندە راستە لە بۆچوونەکانیدا. ئەگەر ئەو ئوسولە لە نووسینی رەخنەدا بەکار نەهێنرێت ئاستی رەخنەکە دادەبەزێت بۆ قسە و بۆچوونێکی عامیانە و ناکرێت وەک کارێکی ئەدەبی یان مەرجەعێک بۆ ئاماژەپێدان چاوی لێبکرێت. من لێرەدا ناچمە سەر لایەنەکانی تری نووسینەکەی کاک عەزیز، ئەوەندەی کە وەک خوێنەر پێم خۆش بوو کاک عەزیز لە پێڕەوکردنی ئەو پرینسیپانەی بۆ رەخنە لەبەرچاوگیراوە، ئاگاداربکەمەوە بۆ ئەوەی بتوانێ بنەمایێکی زانستی بۆ بۆچوونەکانی خۆی لە سەر رۆمانی “باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام” نیشانی خوێنەران بدات.

رەسوڵ سەفەریانی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *