فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

تەرمێک لە پشت دەرگا

کات 11/11/1393 448 بازدید

تەرمێک لە پشت دەرگا

ئەگەرچی بە شەودا چەکدارەکان لە کۆڵانەکەی ئەوانەوە و رێک لە بەر دەم خانووەکەیانەوە لە کاتێکدا سێبەری چەکەکانیان دەیدایە سەر پەنجەرەکان، تێدەپەڕین و بۆ شەوی دوواتریش تەرمەکانیان بوون دەگەڕانەوە، بەڵام ئەو سەرتاسەری ئەو ساڵە گومانی لە هەبوونی شەڕەکە کردبوو. ئەگەرچی دەنگی تەقەی تفەنگ و دەنگی زرمەی تۆپ و ئاە و ناڵەی بریندارەکان و جەستە پێکراوەکان دەگەیشتنە تاقی ئاسمان، ئەو هەر گومانی لە هەبوونی ئەو شەڕە کردبوو. ئەم گومانە هەتا ئەو شەوەیش درێژەی کێشا وا تەرمێکیان بە هەڵکەوت یان بە ئەنقەست لە بەر دەم دەرگاکەیدا بەجێ هێشت.

تەرمەکەی بە رێکەوت لە بەر دەم دەرگاکەدا بینیبووەوە. ئەو کە سەرەڕای گومانی لە شەڕ، لەو کاتەوە شەڕ هەڵگیرسابوو دەرگای لە کەس نەکردبووەوە، ئەو شەوە دەرگاکەی خستبووە سەر تاقی پشت. هەستێکی نادیار پێی گوتبوو شتێک لەوێ لە پشت درگاکە راوەستاوە و چاوەڕوانی کردنەوەیە. پاش کەمێک راوەستان و گوێ هەڵخستن و هێنان و بردنی خەیاڵەکانی، سەرئەنجام بەو ئاکامە گەیشتبوو کە باشترین رێگا بۆ سڕینەوەی گومانەکانی ئەو شەوی، کردنەوەی دەرگاکەیە. ئیتر کردبوویەوە.

لەو دیو سنوری قاپییەکە بە توش جەستەیەکی خۆڵاوی و خوێناویەوە دەبێ. کە جوان لێی ورد دەبێتەوە، دەبینێ کوڕەکەی خۆیەتی، ئەو کوڕەی وا شەش مانگ لەوە پێش باسی لە جەنگ و لە پێویستیی بەشداریکردنی لە شەڕدا کردبوو. بە دیتنی دادەچڵەکێ. کەمێک دەکشێتەوە و پشت بە دیوارەکەی تەنیشتییەوە دەنێ. بە سەرسوڕمانەوە چاو لە تەرمە راکشاوەکەی بەردەمی دەبڕێ. چەندە دەخایەنێ، نازانێ. سەرئەنجام پاش ئەوەی سەیرێکی ئەم سەراوسەری کۆڵانەکە دەکا، راکێش راکێش مەیتەکە دەباتە ژوورەوە.

پاش کەمێک بیرکردنەوە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە باشترین شوێن بۆ سەر لە نوێ پاڵخستنەوەی تەرمەکە، هەر ئێرە لە ناوەڕاستی ژوورەکە لە سەر فەرشە سوورە گوڵ گوڵییەکەیە. ئەوسا بۆ خۆی لەولاترەوە رادەوەستێ و دەکەوێتە بیرێکی قوڵەوە. بیر لەوی کە ئەم تەرمە لە کوێوە هاتووە. لە شوێنێکدا کە شەڕ نیە، چلۆن جەستەی خوێناوی پەیدا دەبێ؟ بۆ یەکەمین جار گومانەکانی لەهەبوونی شەڕ دەبن بە گومان لە نەبوونی شەڕ. ئارام لێی نزیک دەکەوێتەوە. سەرەتا بە نووکی پێ و پاشان دادەنەوێ و بە پەنجە ئارام دەیەوێ دڵنیا بێت لە هەبوونی ئەو شتە غەریبە لێرەدا. جەستەکە لەوە قیسیچمەترە، بۆی دەچوو. شەڕ ئەگەرچی دەنگی دەهات، بەڵام نە بە دەست و نە بە قاچەکانی جارێکە هەستی پێنەکردبوو. دڵەڕاوکێیەکی سەیر دایدەگرێ. دەبێ رێگا چارەیەک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزێتەوە. ناکرێ شتێک کە نیە هەبووی لێ بکەوێتەوە. یاخود شتێک کە نیە نەبووی لێبکەوێتەوە. لە سەر قەنەفەکەی دادەنیشێ و هەوڵ دەدات زانیارییەکانی لە سەر زانست بێنێتەوە بیر. ئەوەی کە چلۆن زانست لە سەر شتێک بەدەست دەهێنین و چلۆن دەتوانین لەوە دڵنیا بین کە زانستە و ئەویش راستیی زانستی.

هاتنەوە بیرەکان ئاسان نین. مێشکی لە سەر بابەتەکەیە و کەچی پێوەی نالکێ. وێنەی تەرمەکە، وێنەکان لێڵ و نادیار دەکا. بیرەکان دەڵێی دەترسن و خۆیان لە ژوورەکەدا راناگرن. کتوپڕ تیشکێک چاوەکانی روون دەکاتەوە. هەڵدەستێتە سەر پێ و لە تەرمەکە نزیک دەکەوێتەوە.

یەکەم پێناسەی زانستی دێتەوە بیر: “زانست، زانیارییە لە رێگای هەستەکانمانەوە، ئەو شتەیە هەستی پێدەکەین.” دیسان بە ئارامی دەست بۆ تەرمەکە دەباتەوە. هەم بە دەستی و هەم بە چاوەکانی هەستی پێدەکا. بە لوتیش هەست بە بۆنی ئاشنای جەستەی کوڕەکەی دەکا کە لە گەڵ خوێن و خۆڵ تێکەڵ بووە. بۆنێکی تێکەڵ لە شتەکانی رابردوو و لە شتەکانی ئیستا. قوڵپێک گەرووی دەگرێ. وەک گیرە بێ بەزەییانە دەیگوشێ. بەڵام کتوپڕ بیری دەکەوێتەوە کە ناکرێ سەداسەد بە هەستەکان باوەڕ بکرێ. بیری دێتەوە کە هەستەکان خەڵەتێنەرن. بۆ وێنە گەر دارێک تا نیوە بخەیتە ناو ئاو، ئیتر رێک نانوێنێ، دەشکێتەوە. ئەم رەخنەیە خۆشحاڵی دەکا. کەواتە ئەم تەرمە درۆیە. درۆترین مردووی دونیا.

هەڵدەستێ و دەچێتەوە سەر موبلەکەی. جگەرەیەک دادەگیرسێنێ. دووکەڵەی لە سەری دەئاڵێ. بەڵام تەرمەکە هەر لەوێیە. چاو هەر دەیبینێ. حەک لەم چاوە نەگبەتە! دەست لێدان چارەسەر دەکرێ. هەر ئەوەندە بەسە لێی نزیک نەکەویتەوە و دەستی لێنەدەی، بەڵام چاو، چاوی نەگبەت. سەرئەنجام لە دووای مشت و مڕێکی زۆر لە گەڵ خۆی بەو ئەنجامە دەگا کە جەستە راکشاوەکەی بەر دەمی تەنیا دارێکی باریکی تا ناو قەد لە ناو ئاوە و بەس.

دێتەوە بیری کە تیۆری تریش هەن. بۆ وێنە پێناسەی دووهەمی زانست “زانست وێنایەک یاخود تەسەورێکە لە سەر شتێک.” لە مەیتەکە دەڕوانێتەوە. ئەم ئیستا وا تەسەور دەکا کە تەرمێک لەوێدا هەیە، کەواتە هەر ئەوەندەی تەسەور بکا کە تەرمێک لەوێدا نیە، تەواوە، دەتوانێ لە دەستی قوتاری بێت. چاوەکانی دەقونجێنێ و هەوڵ دەدا وێنای تەرمەکە لە خۆی دووربخاتەوە، ئەوەی کە کورتە چیرۆکی ئەو دیو دەرگاکەی تا ئێرە تەنیا کورتە چیرۆکێک بووە لە رەگەزی ئەفسانە و بەس. بەڵام شتێک دەڵێی برژانگ و پێڵوەکانی بە زۆر پێدەکەنەوە. کە چاو هەڵدەهێنێتەوە، ناباوەڕانە تەرمەکە دەبینێتەوە. وێناکە هەر لەوێیە.

شێتانە لە هۆڵەکەیدا دەکەوێتە گەڕان. لە پەنجەرەکانەوە بۆ دەرگاکە و لەوێوە بۆ لای قەنەفەکان و دوواتر بە پێچەوانەوە،… بە چەندین جار. لەم هات و چووانەدا تیۆری سێهەمی زانستی دێتەوە بیر “زانست بریتییە لە وێنایەکی بەڵگەدار. وێنایەک کە بە جوانی بە دیکۆمێنت کرابێ.” لە خۆشیان دادەنیشێتەوە. ئەمجارە دەبێ بە جوانی بیرەکانی کۆبکاتەوە. دێتەوە بیری کە ئەو وێنایەی زانستە، واتە راستەقینەیە کە بە جوانی شیکرابێتەوە و بنەماکانی دیاری کرابێت و لێکدرابێتەوە. پێش ئەوەی دەست پێ بکا، هەڵدەستێ و دەچێ پەرداخێک ئاو دەخواتەوە، کەمێک خۆی دەکێشێ و گەرووی ساف دەکا و، دەچێ لە سەر مۆبلەکە لە بەرامبەر تەرمەکە دادەنیشێتەوە.

ـ “لێرەدا تەرمێک راکشاوە،… نا،… نا، راوەستە! جارێکە نابێ بڵێم تەرم. تەرم دەبێ دووا وشە و دووا تەعبیر بێت. ئا، لێرەدا شتێک یاخود جەستەیەک یان شتێک کە بە پێی ئەزموونەکانی پێشوو لە جەستەی مرۆڤ دەکا، راکشاوە. پرسیار ئەوەیە بۆ راکشاوە؟ وەڵام: حاڵەتی یەکەم ئەوەی کە رەنگە کەسێکە و ماندووە و خەوتووە، ئەگەرچی خوێناوی و خۆڵایشە. ئەم خوێن و خۆڵە دەکرێ ئاماژە بۆ ئەوە بن کە لە راو بووە و ئیتر هیچی تر. حاڵەتی دووهەم ئەوەی کە ئەم کەسە رەنگە بورابێتەوە، واتە بە هۆی هۆکارێکی دەروونی، وەک نەخۆشی، یان بە هۆی وەبەرکەوتنی شتێک بە سەریدا لێرەدا کەوتووە و بوراوەتەوە، حاڵەتی سێهەم، رەنگە مردبێ. بۆ ئەوەی کەسێکیش مردبێ دەبێ هەناسە نەکێشێ و دڵی لێ نەدا، جگە لەمە رەنگە جەستەیشی سارد هەڵگەڕابێت.”

کە دەگاتە ئێرە، جوان لە مەیتەکە ورد دەبێتەوە. ئەم بیرانەی دووایی، دەیترسێنێ. ئەو زۆر ئاسان دەبێ ئیستا بچێ و هەناسە و دڵی جەستەکە تاقی بکاتەوە. شتێک کە نایهەوێ. پاش کەمێک هێنان و بردنی تر، کتوپڕ پێکەنینی بە گەمژەیی و ترسنۆکی خۆی دێت، ئارام هەڵدەستێت و لە کاتێکدا هەوڵ دەدا نەبوونی هەناسە و راوەستانی دڵ تەنیا بە یەکێک لە ئەگەرەکان بزانێ، لێی نزیک دەکەوێتەوە. گوێی بە ئەسپایی لە دەم و لووتی جەستە راکشاوەکە نزیک دەکاتەوە. هیچ هەوایەک نایەت و بڕوات. ئارام مەچەکی پەیکەرەکە دەگرێت و گوێ بە سینگییەوە دەنێ. جوڵە و دەنگ چییە هەست پێناکرێ. ناباوەڕانە و لە کاتێکدا جەستەی لێوڕێژی ترسە، دەکشێتەوە. دەچێتەوە سەر قەنەفەکەی.

دێتەوە بیری شەش مانگ لەوە پێش کاتێک کوڕەکەی باسی لە شەڕ و لە پێویستیی بەشداریکردن دەکرد تێیدا، گۆناکانی سوور هەڵدەگەڕان. کە رۆیشتیش، هەر بە گۆنا سوورەکانییەوە رۆیشت. ئەم هەر چی کرد نەیتوانی کوڕەکەی بەو ئەنجامە بگەیەنێ کە ئەو شەڕە تەنیا وەهمە و هیچی تر. ئەوەی کە شەڕەکان براوەیان لە راستیدا نیە و تەنیا کارەسات ئەنجامیانە. ئەوەی کە سەرکەوتن تەنیا بۆچوونی ئەوانەیە وا تفەنگەکانیان هێشتا دەتوانن تەقە بکەن، زیاتر تەقە بکەن. کوڕەکەی ئەوەندە بە توڕەییەوە رۆیشتبوو و دەرگاکەی ئەوەندە بە توندی پێوەدابوو کە ئەم ئیستایش وێنەکە بە هەمان زیندوویی لە بەر چاویدان.

کەواتە بە پێی تیۆری سێهەم، ئەوەی لەوێدا راکشاوە تەرمە. تەرمی مردوویەک،… کوڕەکەی خۆی. شەڕ درۆ نەبوو،… لانیکەم بۆ کوڕەکەی ئەم.

هەڵدەستێتە سەر پێ و دەچێ لە بەر پەنجەرەکەدا رادەوەستێ. ئەو پەنجەرەیەی ئەم شەو چیدی سێبەری چەکەکان بە سەریدا گوزەریان نەدەکرد. لە ناکاو دێتەوە بیری کە تیۆری سێهەمیش جێگای قسە و باسە. ئەمیش تیۆرێکی فەشەل و زۆر جێگای باوەڕ نیە. بۆ وێنە خودی ئەو وشانەی تێیدا بەکاربراون، خۆیان لە خۆیاندا یەکجار جێگای قسەوباسن، بۆ وێنە “بەڵگە” چییە، یاخود “راستی”. کەواتە پێناسەی سێهەمیش لە سەر کۆمەڵێک دەستەواژەی ناڕوون و لێڵ راوەستاوە.

پێکەنینێکی شێتانە دەیگرێ. ژوورەکە لە قاقاکانی ئەوە دەلەرێتەوە. کەواتە هەموو “بوون” درۆیە. کەواتە ئەو دەتوانێ تا دەمرێ لە گەڵ ئەم تەرمە کە لە راستیدا تەرم نیە لەم خانووەدا بژی. هەتا ئەبەد. ئەگەرچی ئیتر گۆنا سوورە ناسکەکانی یەکجار بۆ هەمیشە بوون بەو خوێن و خۆڵەی کە مەعلوم نین راستن یان ناڕاست.

تەرمەکەیش دەتوانێ وەک شەڕ بۆ هەمیشە گومانێک بێت،… گومانێکی ئەبەدی!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لە کتێی “سێوە گڕاویەکان” چاپ کراوە.

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *