فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

دووانیوەڕۆیەکی گەرمی هاوین

کات 14/11/1393 1,914 بازدید

دووانیوەڕۆیەکی گەرمی هاوین

بە شوێن شتێکدا وێڵە. لە مێژە. ئەگەرچی دەڵێن گەڕان و دۆزینەوەی شتێک کە زۆر لە مێژە ونە، مەحاڵە، بەڵام ئەو هەر بە شوێنیەوەیەتی. هۆکاری وازنەهێنان، حەزی خۆیەتی یان لەمێژینە بوونی شتەکە، نازانێ. دەڕوانێ، دەست دەگێڕێ و بۆن دەکا. وەک بڵێی شتەکە هەر لەم دەورووبەرانەدا بێت. ئەو ئەم سێ کردەیەی خۆی ناو ناوە “سێ کردەی سەرەکی”. پێی وایە گەر زیرەک بیت بەم سێ کردەیە هەرچی شتی ونی دونیایە دەتوانی بیدۆزیتەوە. هەر لە دەرزی و سنجاقێکەوە بگرە کە لە ناو کاداندا ونە، هەتا ئەوانەی لە شەوێکی نادیاردا رۆیشتن و قەت نەهاتنەوە.

سەرەتا کەڵک لە چاوەکانی وەردەگرێ. نیگاکانی دەگەڕێن. بە سەر هەموو شوێنێکدا تێدەپەڕن. ورد ورد، جاری وایشە بە گۆترە. بەڵام وەک خودی شتەکەیان لێهاتووە. ناگەنە هیچ،… یان راوەستە! دەگەنێ. تیشکی هەتاو. هەر هەمان هەتاو. هەر هەمان تیشک. بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوەکانی. کەواتە ونەکە هەر لێرەیە،… ئەمەیە. ئەی بۆچی ئاگای لێ نەبووە. بەڵام پاش ماوەیەک هەستێکی ناخۆش رووی تێدەکا. هەتاوەکە و تیشکەکە هەمان نین. جۆرەیەکی ترن. نایبرژێنن،… بۆنەکانی تر لە گەڵ خۆیان ناهێنن، پێست ناسوتێنن، لە دوورەکاندا دونیا ناکەنە تەم، ئاسمان ناکەن بە تەمێکی سپیی چارشێوئاسا، جگە لەمە ئەم لە تاو هەتاو خۆی ناداتە بەر سێبەرەکان. هەتاو، دەڵێی هەتاوی نیگارکێشێکە کێشاویەتییەوەو بە ئاسمانی دا کردووە، رێک بە سەر دیوارەکەیدا، وەک پێشانگایەک بۆ ناساندنی هەستی جوانناسیی بێ تینی خۆی.

ناهومێد، پەنا دەباتەوە بۆ دەستەکانی. دەست دەگێڕێ. لە گەڵ گێڕانی، جوڵەی هەوا هەست پێدەکا. لە ناو هەوادا جێ بە جێ هەست بە شەپۆلە گەرم و ساردەکان دەکا کە جێ بۆ یەکتر لە سەر پێستی چۆڵ دەکەن. بەتاڵایی، بەردەوامە. جوڵەکان دیسان ناگانە هیچ. جگە لە شەپۆلە سارد و گەرمەکان و جوڵەی بێکۆتا هیچ شتێکی تر لە گۆڕێدا نیە. دەست، نە وەک جاران دەگاتە دیوارێکی گەرم و سوورەوە هەڵگەڕاوەی تەنیشتی، نە دەگاتەخۆڵی داغی زەوی و نە ئەو پەنجەرانەی لە تاو گەرما خەمۆک دەڕوانن. شتەکان لە نێوان گەرما و سەرمادا قەتیس ماون.

پەنا بۆ بۆن دەباتەوە. بۆنی گەرمایەکی نەک داغ، بەڵکوو تەنیا گەرم دێت. گەرمێک وەک گەرمای ئەو دەستانەی لێک دووردەکەونەوە. نە بۆنی گەڵا دێت، نە بۆنی چیمەن و گیا و نە تۆزی تێکەڵ بە میز. هەموو شتێک ئەوەندە خاوێنە کە لوت دەڵێی لە ژوورێکی شووشەیی بەرین و بێکۆتادا خەریکی پیاسەیە.

واز لە سێ کردە سەرەکییەکەی دێنێ. بۆ یەکەم جار هەستێکی ناخۆش رووی تێدەکا. بۆ یەکەم جار گومان لە توانایان هەموو جەستەی دەئاوسێنێ. وازدێنێ و لە سەر جێگاکەی دادەنیشێتەوە، بەڵام شتێک لە دەرەوە یان دەروونیدایە و پێی دەڵێ شتەکە ئەوەتا لەم دەورووبەرەیە. هەڵدەستێتەوە. سەیری سەعاتەکەی دەستی دەکا. کاتژمێر، دووی دووانیوەڕۆیە. بیر لە چاو و لە دەست و لە لوتی خۆی دەکاتەوە. چ دەبێ گەر هەر سێکیان پێکەوە تاقی بکاتەوە. ئەم بیرە رایدەتڵەکێنێ. باشە بۆچی تا ئیستا بیری لەمە نەکردبووەوە؟ بۆچی لە تەواوی ئەم ساڵانەدا ئەم سیانەی جیا جیا بەکارهێنابوو؟ چی ئەوانی لێک کردبوو؟ بەڵام نا، درەنگە. ئەو دەبێ هەر چی خێراتر ئەم بیرانە جارێکە لە مێشکی خۆی دەربکا و خەریکی کارە سەرەکییەکەی بێت: “دۆزینەوەی ونەکە”.

هاوکات، چاو و دەست و لوتی دەخاتە جوڵە. هەوڵ دەدا وزەکان لە سەر هەر سێکیان کۆبکاتەوە. سەرەتا زەحمەتە. هەر کامەیان هەوڵ دەدا سەرنج بۆ لای خۆی راگوێزێ و لەوی تری بدزێ. گەر چاوەکانی بقونجێنێ رەنگە یارمەتیدەر بێت. بەڵام بە قونجاندنیان “کردەی سەرەکیی یەکەم” لە دەست دەدا. دیسان هەوڵ دەداتەوە. جاری وایە دووانیان پێکەوە دەگرێ، بەڵام سیان ناکرێ. کتوپڕ تێدەگا (یان بە سەریدا دەکەوێ)، دەست و لوت زیاتر دەتوانن پێکەوە گونجاو و هاوکار بن. بە مەبەستی تاقیکردنەوە، چاوەکانی دەقونجێنێ.

ئیتر پەرجۆوەکە روودەدا. شتە ونەکە سەرەتا لە شوێنێکی نادیارەوە دەکەوێتە جوڵە. ئەوکات بەرە بەرە لە جوڵەیەکی جەغزمەند و دایرەییدا لێی نزیک دەکەوێتەوە. شتێکی گڕاوی و سوورە. دەست هەست بە شەپۆلەکانی دەکا. لە گەڵ هەر جوڵەیەکی، دونیایەک بۆن لە گەڵ خۆی هەڵدەگرێ و دەیانوروژێنێ. بۆنەکان وەک تۆزە هەمەڕەنگەکان لە شتەکە ئاڵاون و هاوکاتیش مەیلی لێ جیابوونەوەیان هەیە. جەستەی دەنیشێتە سەر ئارەق. لە دەست و لە لوتیەوە وێنەکان خۆیان بەرە بەرە بە ژوورێدا دەکەن. چاو، ئەگەرچی قونجاوە، بەڵام بە بێ کرانەوە مەیلی بینینی هەیە. بینینێکی دەروونی. شتەکە نزیک و نزیکتر دەکەوێتەوە، ئەگەرچی جاری وایە لە هەندێ جوڵەیدا وەها لە بازنەی خۆی دەترازێ کە بۆ چەند چرکەیەک دیسان ون دەبێتەوە. وەک بڵێی رابردوو نایەوێ بەرۆکی بەربدا. وشەکان بە ئارامی دەڕژێنە ناو دەمییەوە:

ـ “تکایە،… تکایە،… هەندێکی تر!”

جەغزەکان بەریان کورتتر دەبێتەوە. شتە گڕە سوورەکەی تێکەڵ بە ئەفسانەی بۆنەکان، خۆی دەکاتەوە،… بەرە بەرە. کردنەوەیەکی هێشتا بوومەلێڵ ئاسا و نادیار. بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا تێدەگا کە بینین تەنیا بە کردنەوەی چاوەکان نیە. بۆ بینینی هەندێ شت جاری وایە دەبێ نیگاکان بەرەو ژوورەوە بگێڕیتەوە. هەڵبەت لە گەڵ ئەو هەستانەی وا دەتوانن ئیماژە و ئیشارەتەکانی دەورووبەر بقۆزنەوە.

لە گەڵ هەر نزیکبوونەوەیەکدا شتەکە زیاتر خۆی دەکاتەوە، کرانەوەکە لە چڕەوەیە بۆ بۆش، بۆشێکی یەکجار تراو و لێکترازاو، وەها ئەم ناتوانێ وردەکانی پێکەوە گرێ بداتەوە. رێک وەک دێڕە شیعرێک سەرەتا لە مەودایەکی دوورەوە و ئەوجار دوواتر رێک چەسپاو بە ناو چاوانەوە. چلۆن دەخوێندرێتەوە؟!

هەست دەکا لە نزیکبوونەوەیەکی وەهادا ئیتر دەست و لوت مانایان نامێنێ. هەر بۆیە ئارام دەیانکشێنێتەوە. ئیتر خۆی دەداتە دەست ئەو گەردەلوولە هەڕۆڵەی جەستەی ئەوی بە تەواوی لە خۆ گرتووە. چەند دەخایەنێ نازانێ.

کتوپڕ هەموو شتێ رادەوستێ. دونیا بێدەنگ. هیچ جوڵەیەک نامێنێ. وەک بڵێی هیچ شتێک رووی نەدابێ. ئەوسا وێنەیەک خۆی دەخەمڵێنێ. روون روون،… گەرم گەرم،… لێواولێو لە بۆن. دووانیوەڕۆیەکی گەرمی یەکێک لە رۆژەکانی هاوینی پەنجاکان خۆی دەنوێنێ. کاتێک بە تەنیا لە کۆڵان پشت بە دیوار دانیشتووەو بە چیلکەیەک خۆڵە گەرمەکەی بەر دەمی وەرد دەدا. دووانیوەڕۆیەکی گەرمی هاوین،… لە گەڵ ئەوەی جارجارە سەیرێکی ئەم سەراوسەری کۆڵانە چۆڵەکە دەکا و وەڕەزییەکی منداڵانە لە “بوون” هەموو دەروونی دادەگرێ، بیری ساڵەکانی داهاتوو لە جامۆڵکەی وجوودیدا سەرڕێژ دەکا. ئەو ساڵانەی هێشتا ساڵن، نەک کات.      

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خوێنەری هێژا، ئەم چیرۆکە بە شێوەی دەنگ گوێ بگرە > دووانیوەڕۆیەکی گەرمی هاوین

ئەم چیرۆکە لە کتێی “سێوە گڕاویەکان” چاپ کراوە.

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *