فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

گەڕانەوە

کات 20/11/1393 443 بازدید

گەڕانەوە

کە گەڕایەوە ئەگەرچی تا خانووی جەللاد مەودایەکی زۆری نەبوو، بەڵام داموکایەوە و چووە سەر چۆک و، خاکی ماچ کرد. ئەگەرچی بۆنی جەللاد دەهات و هەستی بە چاوەکانی لە پشت پەنجەرە تاریکەکاندا دەکرد، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی مشتێک خۆڵ هەڵنەگرێت و لێی رانەمێنێت و تامی نەکا. ئەو لە سەر ئەو شەقامە وایکرد کە سەرێکی دەگەیشتەوە ماڵە پیرەکەی خۆیان و، سەرێکیشی دەگەیشتەوە ئەو رێگایەی وا ساڵانی ساڵ لەوە پێش لێیەوە بەرەو دەرەوە گوزەری کردبوو. خانووی جەللادیش رێک لەم سەری رێگا بوو،… دراوسێی سنوورەکان.

جەللاد لە پشت پەنجەرە لێڵەکانەوە لە کاتێکدا لە گەڵ جەستەی ژنێکی سۆزانی کایەی دەکرد، بزەیەک گرتی و سوپاسی خاکی کرد کە دەتوانێ وەها رۆڵی دژبەیەک بگێڕێ. خاکێک کە مرۆڤەکان هەڵکەنێ و لە گەڵ خۆی وەک تۆزی دەم با بیانبا و دوواتریش وەک بەردێک کە لە ئاسمانەوە دەکەوێتە خوار، دیسان بیانهێنێتەوە. ئەو ئەگەرچی لە سێحری خاک نەدەگەیشت، بەڵام دەیزانی کە بە بێ خاک، گەڕان بە دەوری هەتاودا نەدەکرا و مەحاڵ بوو.

کە هەستایەوە سەرپێ، نەیدەزانی سەرەتا دەبێ سەردانی ماڵی جەللاد بکا، یان ماڵی خۆیان. بە لاچاو سەیرێکی پەنجەرە تاریکەکانی کرد، پاشان لەو سەری رێگای رووانی. بیری کردەوە چ دەبا کە کۆڵان هەمیشە کۆڵان با، بە بێ هیچ تێکەڵاوێک لە بۆنی خوێن و لە بۆنی شەهوەت. دەیزانی جاری وابوو جەللاد بێ هێز دەبوو و بڕستی تێدا نەدەما، بەڵام هی ژنە سۆزانییەکان بوو یان هی قەمچییە قورسەکان، نازانێ. شووشە تاریکەکان زۆر شتیان لە پشتی خۆیان حەشاردابوو.

بڕیاری دا سەرەتا سەردانی ماڵەوە بکا، سەردانی حەوشە پیرەکە و دیوارە سوواوەکان و روخسارە ئاشنا دوورەکان، یاخود روخسارە دوورە ئاشناکان. بە چەند سەعات دوواکەوتن بڕوا ناکا زۆر گرینگ بێت. لە کاتێکدا بە ئەسپایی دانەوییەوەو مشتە خۆڵەکەی خستەوە سەر زەوی، بەرەو ئەو سەری کۆڵان بەڕێ کەوت. با، بۆنەکانی دەهێنا. رێک وەک جاران. هەستی کرد نە تەنیا چەندین و چەندین ساڵ نەگوزەراوە، بگرە رابردوو تەنیا خەونێک بووە و بەس، فیلمێک بووە، لەو فیلمانەی کە دەتجوڵێنێ، دەتگریێنێ، ئارەقەت پێدەکاتەوە و سەرئەنجام داتدەهزرێنێ. ئەوسا بە یەک وشەی لە سەر پەردە “کۆتایی”، رێک وەک ژیان. بە ئەنجامێکەوە،… لە دوو سەعاتدا. خێراتر هەنگاوی هەڵگرت. هێشتا چەند هەنگاوێک لە خانووی جەللاد تێنەپەڕیبوو کە کەسێک دەنگی دا.

ـ “بۆ کوێ؟”

رەپ راوەستا. ئەگەرچی روخسارەکەی هێشتا نەبینیبوو، بەڵام دەیزانی هی کوێیە و لە کوێوە دێت. بە ئارامی وەرگەڕا و لایکردەوە. کەسێکی لە بەر دەرگای جەللاددا بینی. هەیکەلێکی بەرز و زەلام و، ئەستوور. روخسار، تەنیا لە چەشنی روخسار، بە بێ هیچ چاو و دەم و لوت و برۆیەک. هەیکەلەکە ئاماژەی دەرگاکەی پێدا. ئەم، دووای یەک دوو چرکە راوەستان و بەڕێکردنی نیگایەکی تر بۆ ئەو سەری کۆڵان، بەرەو دەرگاکە رۆیشت.

کاتی خۆی بارەها خەوی بەم دەرگایەوە بینیبوو. دەرگایەکی سووری گەورە کە کاتی خۆی هەر بەم ناوە واتە دەرگا سوورەکە ناوبانگی دەرکردبوو. سەیرە لە دووای ئەو هەموو ساڵە هێشتا نە رەنگی تر کرابوو و نە هیچ گۆڕانێکی دیکەی بە سەردا هاتبوو. رەنگە لە بەر هەیبەتی ناوەکەی بووبێ. جەللاد لە گوێگرتن لە قسەی خەڵکی یەکجار زیرەکە! ئەوەی کە ئەمنە سوورەکە لەو دیوی سنوور چی لێبەرسەر هاتبوو، بۆی گرینگ نەبوو. گرینگ ئەوەبوو ناوەکە چ ئەوکات و چ ئیستایش هەر دەمایەوە. وەک چۆن لەو دیو سنووریش مابووەوە. جەللاد، چاک دەزانێ کە سڕینەوەی لە ناو مێژوودا یەکجار زەحمەتە. ئەم، سەرەڕای دووربوونی لەم دەرگایە، کاتێک لەو دیوی سنوورەکان خەوی پێوە دەبینی، ئارەقی دەکردەوە و لە خەو دادەچڵەکا. دەستی دەبرد پەرداخەکەی تەنیشتی هەڵدەگرت و بەو نیوە شەوە ئاوە گەرمەکەی ناوی دەخواردەوە. لە کاتێکدا دەستی بە ناوچاوانیدا دەهێنا، هەوڵیدەدا بە بیرکردنەوە لە ئارەزووەکانی، وێنای دەروازەیەکی پەمەیی لە دەروون و زەینی خۆیدا بکا. دەروازەیەک کە لەو دیوییەوە ئەو منداڵە پەمەیی پۆشانەبوون وا خەریکی گەمەکردن لە ناو گوڵە رەنگاوڕەنگەکاندان.

کە گەیشتە نزیک دەرگاکە، بێ روخسارەکە پاڵێکی پێوەنا بۆ ژوورەوە. ناودەمی تاڵ بوو. جاری وایە تامی خاک تفت و تاڵە. ئەو دیو دەرگاکە بینایەکی لێبوو وەک هەموو بیناکانی دونیا. دیوار و دەرگا و پەنجەرە. بەڵام وەک بڵێی بە هەزاران ساڵە کەسی تێدا ناژی. بێدەنگ و سارد وەک پۆڵا. بردیانە ژوورێک. هەستی کرد بێ روخسارەکە بزەیەک لە سەر لێوە نادیارەکانیەتی. سەری هەڵنەبڕی تا سەیری بکا. لە جیاتی ئەمە لە دیوارەکەی بەرامبەری رووانی. ئەو دیوارەی وا سپی سپی تامەزرۆی وێنەیەکی دەکرد. بێ روخسارەکە بە جێی هێشت. ژوورەکە بەو هاوینە سارد بوو. هەڵمی دەمی بە ژوورەکەدا پڕش و بڵاو دەبووەوە. نازانێ چەندە مایەوە. زەمەن بە ئارامی تێدەپەڕی. سەرئەنجام دەرگاکە دیسان کراویەوە و لێیەوە پەیکەرێک دەرکەوت کە تەنیا پەیکەر بوو، بە بێ هیچ وردەکارییەکی جەستە. خودی جەللاد بوو. پاش ئەوەی کەمێک بە ناو ژوورەکەدا هات و چوو، لە بەرامبەری دانیشت. جگەرەیەکی داگیرساند و دووکەڵی یەکەم مژی بە دەم و چاوی ئەمدا کرد. خاک جاری وایە بۆنی دووکەڵ دەدا.

ـ “چاوم لێبوو ویستت تێپەڕی و بەرەو ئەو سەر کۆڵان بڕۆیت،… بۆ؟”

ئەم کە یەکەم جاری بوو لە گەڵ جەستەیەکی بێ ناوونیشان قسەی دەکرد، پاش راوەستانێکی کەمێک درێژخایەن گوتی:

ـ “دەمزانی دەتزانی بۆ کوێ دەچووم، بۆیە بە خۆمم گوت زۆر گرینگ نیە گەر چەند سەعاتێکیش دووا بکەوم،… چەند سەعات دووای ئەو هەموو ساڵە بڕوا ناکەم زۆر گرینگ بێت.”

جەستەکە هەستایە سەر پێ، گوتی:

ـ “راستە ئێمە تەحەمولمان زۆرە، بەڵام چەند سەعاتیش بۆ خۆی کاتە. بە تایبەت کاتێک کارەکە خەریکە بە ئەنجامی خۆی دەگا.”

ئەم وەڵامی نەدایەوە. هەروا بێدەنگ دانیشت. جەللاد گوتی:

ـ “لە پشت پەنجەرەکەوە هەموو شتێکم بینی. تەقریبەن هەر هەمووتان ئەمە دەکەن، دادەموکێنەوە و خاک ماچ دەکەن. نازانم بۆ تا ئەو سەری کۆڵان راناوەستن و رێک لە تەنیشت ئێرەدا ئەمە دەکەن؟… ئەمە،… ئەمە یەکەم جارە من پرسیارێکی وا دەکەم، نازانم بۆ. بەڵام حەز دەکەم تۆیش یەکەم کەس بیت کە وەڵامی وەها پرسیارێک دەداتەوە.”

ئەم کە نازانێ بۆ لە راستیدا رێک لێرەدا وای کردووە، لە وەڵامدانەوە دەمێنێتەوە. بە راست بۆ لێرە وایکردووە، نەیدەتوانی تا ئەو سەری کۆڵان تا بەردەمی ماڵەکەیان راوەستێ؟

جەللاد درێژە بە قسەکانی دەدا و دەڵێ:

ـ “ئەوەی ئێوە دەهێنێتەوە ئەم خاکە نییە، خانووەکەتانە. ئێوە بە هەڵە خاک و خانووتان تێکەڵ کردووە. ئەوەی خاکی دەوێ جێی ناهێڵێ، بەڵام ئەوەی خانووی بوێ جێی دێڵێ. پارادۆکسێکی سەیرە وانیە! من لە دونیا بە راستی حەزم لە کوشتن و ئەشکەنجەدانی کەسانی وەک تۆیە! یارییەکی سەیردەکەن. ئەکتەرێکی چاکن. حەزدەکەن سەرنجی هەموو خەڵک بۆ کارەکانی خۆتان رابکێشن و کەچی لە راستیدا ترسنۆکترین بوونەوەرەکانی سەر رووی زەوینن. (لێرەدا روخساری نادیاری تەواو لە روخساری ئەم نزیک دەکاتەوە. بۆنی دەمی رۆژەڕێیەک دەڕوا. ئەم هەست دەکا هاوکات بۆنی ناوگەڵی سۆزانییەکان و قەمچی و حەشیش دەدا). ترسنۆکترین پاڵەوانەکانی جیهان ن ن ن ن!”

دێتەوە بیری کە درۆی لە گەڵ خۆی نەکردبوو. کە رۆێشتبوو، بە راستی رۆیشتبوو. جوان لە بیری دێ کە لەم کۆڵانەوە کاتێک ئەو ساڵانە بۆ دوواجار گوزەری کردبوو، چ غرور و خەم و خەونێکی گەورە ناو سینگی پڕکردبوو. دەیەوێ لە جەللاد بپرسێ کە داخۆ ئەویش ئەو رۆژەی لە بیرە. بەڵام پرسیار ناکا. ئەوان رۆیشتنەکانیان لەبیرنییە، تەنیا بە هاتنەوەکان دەزانن. جەللاد تەنیا خەمی هاتنەوە دەخوا. ئەو رۆژە بۆنی خاکی نەکردبوو، بەڵکو تەنیا کاتێک ئەو دیوی سنوور کەوتبوو، لە دوورەوە لێی روانیبوو. روانینێکی خەمناک. هەستی کردبوو خاک بانگی لێدەکاتەوە. گوتبووی بۆ کوێ. ئەمیش تەنیا روانیبووی. بە بێ هیچ وەڵامێک.

جەللاد دەڵێ:

ـ “وەڵام نادەیتەوە،… ها؟ دەزانم. هەمووتان وان. ئەگەرچی بڕیاری هاتنەوەتان داوە، بەڵام بەردەوامیش لێرە نین، هەڵبەت لەوێیش نین. بەزەییم پێتانا دێتەوە! چۆلەکە تەڕەکانی بەر باران و سەرما،… پێت سەیر نیە جەللاد (بە پەنجە ئاماژە بە جەستەی خۆی دەکا) خاوەن بەزەییە؟! رەنگە بە لاتەوە سەیر بێت گەر بڵێم سۆز و بەزەیی ئێمەی کردووە بە جەللاد. جاری وایە دەبێ بە قەمچی خەڵک فێری چۆنیەتی بڕیاردان بکەی. هەموو کەس رێگاکانی پێ هەڵنابژێردرێ.”

روو وەردەگێڕێ، هاوار دەکا و بێ روخسارە بە هەیکەلەکە بانگ دەکا. بە قێزێکی سەیرەوە دەڵێ کە بەڕێی بکا. قونچکە جگەرەکەی بە توندی بۆ سەر دیوارە سپییەکەی بەرامبەری فڕێدەدا.

کە لە دەرگا سوورەکە دێتە دەر، دیسان بۆنی خاک لە لووتی دەئاڵێتەوە. دەبێ بگاتە ئەو سەری کۆڵان و یەک جار بۆ هەمیشە یادی ئەو دیو سنوور و جەللاد و رەنگە خاکیش لە دەروونی دەربکا. ئەو ناتوانێ خاوەنی هەموو دونیا و هەموو ئەم شتانە بێت، تەنانەت گەر لە سەریشی تاپۆ بکەن. ئەو تەنیا دەتوانێ خاوەنی خانوو بێت، تەنانەت ئەگەر لە سەریشی تاپۆ نەکەن. دێتەوە یادی ئەم خاکە هی جەللادیشە، بەڵام خانووەکە نا. جەدللاد دەکرێ بۆنی خاک بدا، بەڵام بۆنی خانووەکەیان نادا.

ئارام لە دەرگا دەدا. دەرگای لێدەکەنەوە. دەبێ بە قرمە و هەرا. بە جەستەیدا سەردەکەون و ماچی دەکەن و دەگرین. ئەم هەر وا مات و بێدەنگە. تەنیا بە چاو دەدوێ. لە حەوشەکە تێدەپەڕێ و دەگاتە ژوورەکان. ماڵ، جەژنێکی ناوادە.

شەو کاتێک هەموو خێزان خەوتوون، دێتە بەر پەنجەرەکە. ژوورەوە تاریک و دەرەوە تاریک. لەوێوە بۆ حەوشە. شتەکان زۆر نەگۆڕاون. چوارچێوە، هەر وەک خۆیەتی. ئەگەرچی شتەکان لە گەڵ مرۆڤەکان کەمێک کۆن هەڵگەڕاون. هەوڵ دەدا وەک جاران نیگاکان، بۆنەکان و شتە وردیلەکان بدۆزێتەوە. ئەو شتانەی وا دەیانتوانی ئەوەندە ئاشنا بن، ئەوەندە خۆیی بن کە ببن بە هەموو دونیا. ئەو شتانەی ئەو یەکجار بێتاقەتیان بوو و تەواوی ئەم ساڵانە بە شوێنیاندا عەوداڵ عەوداڵ دەگەڕا، بەڵام،… بەڵام شتێک ناڕاستە. نایاندۆزێتەوە. بزرن. گەرچی لەوێن، بەڵام ونن. وەک بڵێی ئەوانیش هەر ئەو رۆژە لە گەڵ ئەو رۆیشتبێتن و ئەو دیو سنوور کەوتبێتن. بزەیەکی شیرین و تاڵ دێتە سەر لێوەکانی “کەواتە جەللاد راست ناکا.” کەواتە بۆنەکان و شتە وردیلەکان بە هەموو دونیادا بڵاو بوونەتەوە. چەند هەست بە غەریبایەتی خۆی دەکا!

لە گەڵ تێپەڕینی رۆژەکان و مانگەکان دیسان بیر لەو دیو سنوور دەکاتەوە. چەند جارێک بڕیاردەدا کە دیسان تێپەڕێتەوە. تەنانەت تا نزیک خانووی جەللادیش دەچێ، بەڵام شتێک لەوێ بەری دەگرێ و دەیگەڕێنێتەوە. ئەو تازە لەو دیو سنوورەکانیش ناتوانێ بۆنەکان و شتە وردیلەکان بدۆزێتەوە. ئەوان رێگایان بۆ هەمیشە لێ هەڵە بووەو خوا دەزانێ ئیستا لە کوێن.

جەستەی خۆی تەنیا وەک قاپوڕێک دێتە بەر چاو و بەس. وەک ماڵەوە و وەک ئێرە، تەنیا چوارچێوەکەی لە جاران دەچێ. بەتاڵ بەتاڵ. بەڵام نا، وا نیە! ماوەیەکە کە دەڕوات بۆنێکی تایبەت لە خۆی بە جێ دێڵێ. بۆنێکی غەریب. کە تێدەپەڕێ خەڵک سەیری دەکەن. ئەم نازانێ ئەم سەیرکردنە لە چ جۆرێکە.

ئەو تێکەڵێکە لە بۆنی خاک، لە بۆنی ماڵەوە، لە بۆنی ئەو دیو سنوورەکان و…،… رەنگە چکێک لە بۆنی جەللادیش!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لە کتێی “سێوە گڕاویەکان” چاپ کراوە.

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *