فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

کۆڵانێک پڕ لە خەیاڵ

کات 22/11/1393 429 بازدید

کۆڵانێک پڕ لە خەیاڵ

لە کۆڵانێکدا سێ پیاوی سەرەتانی دەژین. خانووەکانیان بە تەنیشت یەکەوەن. چ رێکەوتێکی سەیر! لە بەرامبەریشیاندا، لە ژێرزەمینێکی ماڵێکدا بێوەژنێک لە گەڵ سێ کچۆڵە ناسکۆڵە کەم تەمەنەکانی دەژین. هەموو رۆژێک سەرەتانییەکان لە پەنجەرەکانیانەوە چاو لەو سێ منداڵە دەکەن وا شەرمنانە و سرک لە بەر دەرگادا یاری دەکەن و خۆزگەیان پێدەخوازن کە هێشتا نە دەزانن نەخۆشی چییە و، نە دەزانن چاوەڕوانیی مردن یانی چی. سێ کچەکەیش خۆزگە بەو سێ پیاوە دەخوازن کە خانووەکانیان بە پێچەوانەی خانووەکەی ئەمان خاوەنی سێ پەنجەرەن بە سەر کۆڵاندا.

پەنجەرەکان لە جنسی دارن. داری کۆن کە جێ بە جێ رەنگە سەوزە خەمگینەکانیان توێ توێ هەڵیداوە. شووشەی پەنجەرەکان ئەوەندە ماتن کە کچەکان گێنگڵ دانی بە دەم ئازارەوەی ئەو سێ پیاوە نە دەبینن و، نە بوونی هیچ پەنجەرەیەکیش لە ژێرزەمینییەکەدا وەهای کردووە کە ئەو سێ پیاوەیش ئەو سێ کچۆڵە ببینن کە جاری وایە بە بێ شیو سەردەنێنەوە. هەر دوو لا لە جیهانی خۆیاندان و بە دڵی پڕ لە خۆزگەوە بۆ جیهانی یەکتر دەڕوانن.

تا رۆژێک کتوپڕ یەکێک لە سەرەتانییەکان سەرئەنجام گیان لە دەست دەدا و، لە هەمان ئان و ساتیش دا یەکێک لە کچەکان بە نەخۆشییەکی سەیر و لە ناکاو زۆر خێرا دەمرێ. ئیتر لەو رۆژەوە هەموو شتێ گۆڕا. ئیتر هەر دوو لا لە جیاتی ئەوەی تامەزرۆی جیهانی یەکتر بن، بە چاوانی پڕ لە خەم و دڵەڕاوکێ لە یەکتریان دەڕوانی. خەم و دڵەراوکێیەکی گەورەساڵانە لەم لاو، خەم و دڵەراوکێیەکی منداڵانەیش لەو لا. کچەکان لە پەنجەرەکان ترسان و، سەرەتانییەکانیش لە دیمەنەکەی بەردەمیان.

رۆژان دێن و دەڕۆن. سەرەتانییەکان دەگەنە بیرێکی نوێ. بڕیاردەدەن لە دووای مردنیان هەرچییان هەیە بە میرات بیدەن بە ژێرزەمینییەکەی بەرانبەریان. ئەمە لە سەر کاغەزێک دەنووسن و لە ژێر سەرینەکانیان دایدەنێن. سەیر ئەوەیە هەر دووکیان ئەم کارە دەکەن بە بێ ئەوەی ئاگایان لە بڕیاری یەکتر بێت. کچەکانیش داوا لە دایکیان دەکەن هەر کاتێک لە دەستی هات دوو جامۆڵکە تەماتاوی گەرم بەرن بۆ نەخۆشەکان. ئەمە درێژەی کێشا تا ئەو رۆژەی سەرەتانییەکان مردن.

جگە لە هەندێک خرت و پرتی ناو ماڵ، بۆ وێنە قاپ و قاچاخی کۆن، کەمێک پول و پارەیش بە کچەکان گەیشت. پارەکە ئەوەندە هەبوو کە تا دوو مانگی تر زۆر خەم لە خواردن نەخۆن.

دایکیان هەتا ماوەیەکی چاک وەک سوپاسێک هەموو هەینییەک دەچووە سەر قەبریان. لەوێ هەم سوپاسی دووبارەی دەکردنەوە و، هەم لە دڵی خۆیشیدا داوای بەخششی لە لای خودای خۆی بۆ دەکردن بۆ ئەو گوناهانەی وا ئەوان رەنگە پێش لە نەخۆش کەوتنیان، کردبێتیان! مردووەکانیش وەک جاران لەو ژێرە ژیانێکی، یاخود مردنێکی پشت دیوارێکی بێ پەنجەرەیان تێدەپەڕاند.

ئەوەندەی پێ نەچوو لە شەوێکی زستانیی سارددا دایکەکەیش مرد. لە کاتی ناشتنی دا لە سەر قەبران، پیاوێکی نائاشنا و قەت نەدیتوو، پەیدا بوو. دەستی کچەکانی گرت و رۆیشت و، لە کۆڵانەکە و لە شار ئاودیو و ون بوو.

کچەکان بە بێ ئەوەی دەرفەتی لاکردنەوەیان هەبێ، بیریان لە خوشکەکەیان و لە دایکیان و لە سێ دراوسێکەیان دەکردەوە. بیری تەماتاوەکان و یارییە سرکەکانیان. ئەو کاتانەی وا بە نزیکبوونەوەی هەر رێبوارێک، یان خۆیان لە پشت دەرگاکە دەشاردەوە، یان پێکەوە وەک جوجکە پاییزی دەلکان.

بە دەم رێگاوە، پیاوەکە دەبا بۆ هێورکردنەوەی هەناسەی تەنگ و سواری، زوو زوو وچانێک بدا. بە ناو چاوێکی گرژەوە، بە بێ هیچ زانیارییەکی ئەوتۆ لە سەر رابردووی کچەکان، بیری لە داهاتوو دەکردەوە. کە لە چەمەکە پەڕینەوە، لە دڵەوە و بە چاوە خەمینەکانی سەیری ئاوە روونەکەی کرد و لە نادیارێک پاڕایەوە کە بە راستی ئەم ئاوە سنووری نێوان رابردوو و داهاتوو بێت. بۆ هەمیشە. لە دەروونەوە بەم بیرەی خۆی خەنی بوو، چونکە پێی وابوو بیرەکان بە بێ هو نایەن و، شتێکی نادیاریان لە پشتەوەیە. کچەکانیش کە یەکەم جار بوو چەمیان دەبینی، شەیدای روونیی ئاوەکە، دڵنیا لەوەی ئاوەکە دەگاتە مردووەکان و لەو ژێرەوە لە کاتی تینویەتیدا حەزیان دەشکێنێ، بە بزەوە لە شەوقی سیمای خەندانی خۆیان لە ناو ئاوەکەیان دەڕووانی. رەنگە ئەوەی کە چەم دەتوانێ ئەم وێنانەیش لە گەڵ خۆی هەڵگرێ و بۆ ئەوانی بەرێ، ئەوەندەی تر خۆشحاڵی دەکردن.

کە گەیشتن، پیاوەکە دووای چەند رۆژ یەکێک لە کچەکانی کردە شوانە بەرخەل و، ئەوی تریانی کردە بەردەستی ژنەکەی.

ئەوەی یەکەم تەواو سەرسامی ژیانی بەرخەلەکان ببوو. ئەوان نە لە پشت پەنجەرەکان بە تەنیایی دەژیان و نە لە ژێرزەمینییە دابڕاوەکان. ئەوەی ماڵەوەیش سەرسام لەوەی کە هەمیشە کارێک هەبوو بۆ ئەنجامدان، پێکەوە و یەکڕا بیریان لەوە دەکردەوە چ دەبوو سێ پیاوەکە و ئەوان پێکەوە ژیابان؟ ئەگەرچی ژیانێکی کورت،… یەکجار کورت.

شەوانە کاتێک لە ژوورێکدا دەخەوتن، تا خەویان لێدەکەوت بە ئەسپایی قسەیان لە گەڵ یەکتر دەکرد. باسی رابردوو، باسی ئاوی روونی چەمەکە و باسی رووداوەکانی رۆژانە، ئەگەرچی زۆر شت رووی نەدەدا و ژیان دووپاتکراوەیەکی هەمەرۆژە بوو. هەروەها باسی ئارەزووەکانیان. ئەوەی یەکەمیان باسی لەوە دەکرد گەر دەسەڵاتی هەبا سێ سەرەتانییەکەی دەهێنایەوە ناو ژیان و، هەموو رۆژێ لە ناو بەرخەلەکان لە باوەشی سروشتدا جێگای بۆ رادەخستن. ئەوەی دووهەمیشیان باسی لەوە دەکرد کە هەموو رۆژێ بە هەر کامەیان لێوانێک شیری گەرم و پڕ لە شەکری دەدا. باسی ئەوەی کە رەنگە دایکیان نەمردبێ و رۆژێک لە رۆژان لە سەر ئەو تەپۆلکەوە پەیدا بێتەوە وا بەرەو ناو گوند دەهات. بە دەم ئەم قسانەوە، ئارام ئارام خەویان لێدەکەوت.

سەرئەنجام ئارەزووەکانیان بەدی هات. ئەوان هاتنەوە. بەڵام نەک لە کەلەکەوە، بەڵکوو لە رێگای چەمەکەوە. ئەمە ساڵانی دوواتر بوو. ئاوەکە ئەوانی هەڵگرتبوو و هێنابوونیەوە. وەک بڵێی ساڵانی ساڵ لەوە پێش کاتێک بە چەمەکەدا گوزەریان کردبوو، ئاو، بیر و ئارەزووی شاراوەی کچەکانی خوێندبووەوە. ئیتر رێک وەک جاران لە هەمان کۆڵاندا. بەڵام ئەمجارە لە جیاتی سێ پەنجەرەی سەوزی کۆنی خەمگین بە شووشە تەماوییەکانیانەوە، سێ پەنجەرەی گەورەی سپی بوون بەو چاوەشووشانەوە وا تیشکی هەتاویان بێ بەزەییانە و بە تەمەحێکی سەیرەوە هەڵدەمژی، بەو ژێرزەمینییانەوە وا تەنیا شوێنی کەل و پەلەکان بوون. کەل و پەلە زیادی و شکاوەکان. ئەو کۆڵانەی وا هەموو رۆژێ چەند جار سەیارەیک تێیدا رادەوەستا و دوو کەس لێی دەهاتنە دەر و سەردانی نەخۆشەکانیان دەکرد، ئەو کۆڵانەی وا دایکیان بەردەام خۆی لێنەدەدزییەوە. ئەو کۆڵانەی وا شەوانە درەنگان سێبەری قورسی پیاوە ناوگەڵ چنۆکەکان پێیدا تێنەدەپەڕی بۆ ئەوەی لە دەرگاکەی ئەمان بە دزییەوە ئاودیو بن.

گوێیان لێبوو. دەنگەکان جوان دەهاتنە گوێ. روون روون. سەرەتانییەکان تا مردن، پێکەنین. پێکەنینێکی شێتانە. پێکەنینێکی پڕ لە ناباوەڕی. دایکیشیان ئیتر تەنیا چاوەڕوانی یەک پیاوی دەکرد. تەنیا یەک پیاو. ئیتر تەنیا بۆنی یەک پیاوی دەدا. ئەو پیاوەی نیگاکانی پڕبوون لە سۆز، کاتێک سەیری کچەکانی دەکرد.

 ئای چەندە سوپاسگوزاربوون، سوپاسگوزاری ئاوی روونی چەمەکە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لە کتێی “سێوە گڕاویەکان” چاپ کراوە.

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *