فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

تەڵقینی شێواو

کات 15/12/1393 174 بازدید

تەڵقینی شێواو

وەک دەڵێن خوا بۆ خۆی رزق و رۆزی هەمووان دەگەیەنێ. بەم شێوەیە بێت یان شێوازێکی تر، گرینگ نیە، گرینگ ئەوەیە دەیگەیەنێ و لە راستیشدا دەگات. تەنیا دەبێ مرۆڤ سەبری هەبێت. وەک چۆن پلانی داڕشتنی دونیا بە میلیارد ساڵی خایاند و کەچی دوواتر لە چەند رۆژێک دا کارەکە بە کردەوە تەواو بوو، هەر ئاواهایش برسیەتی سەرەڕای خایاندنی زۆری، لە چەند چرکەیەکدا سەردەمی بەسەردەچێ و، نان وەک جاران سفرەکان دەنەخشێنێتەوە.

چوار حافزی کوێر بوون بە چاوساخێکەوە. چاوساخەکە وەک هەمیشە لە پێشەوە دەڕۆیشت و، ئەوانی تر وەک قەتار دەست لە سەرشانی یەکتر بە دووایەوە. هەر کامەیش گۆچانێکی پێبوو. ئەوەی دووهەم دڵنیا لە چاو ساخەکە و ئەوەی سێهەمیش دڵنیا لە دووهەم و چوارەمیش دڵنیا لە سێهەم و سەرئەنجام پێنجەمیش دڵنیا لە چوارەم، کۆڵان و کۆڵان، دێهات و دێهات و شارەو شاریان دەکرد. ئەوەی دوواوەوە لە هەر هەموویان گەنجتر بوو.

ماوەیەک بوو ژمارەی حافزەکان یەکجار زیادیان کردبوو. وەها کە بە پێچەوانەی جاران، زۆر زیاتر بە توش یەکەوە دەبوون. ئەمە ببووە هۆی ئەوەی جموجۆڵێکی زیاتریان تێبکەوێ. هەموو بە چاوی رەقیب سەیری یەکتریان دەکرد و، لە دڵەوە گلەییان لە گەردوون دەکرد کە بۆچی دەبێ ژمارەی کوێرەکان وەها روو لە زیادبوون بکا. گەر رۆژێک لە بەر دەم دووکانێکی سەر شەقامدا راوەستابای، دەتبینی کە چلۆن خێرا و وەک تیسکەی تفەنگ دەردەچوون و بەرەو شوێنی مەبەست هەنگاویان هەڵدێنا. کار گەیشتە شوێنێک کە چاوساخەکان کەوتنە پێشبڕکێی یەکتر و حەسوودی پێهاتن.

بەڵام خودا بەخشندەو رزق دەرە. خۆی بۆ خۆی دەرگاکان دەکاتەوە و، دەزانێ چلۆن ئەو سکانەی وا خوڵقاندبوونی، تێریان بکا.

لە رۆژێکی گەرمی هاویندا لە کاتێکدا حافزەکان دەستە دەستە لەم مزگەوت و لەو مزگەوت دانیشتبوون و پشوویان دەدا و وەڕەز لە جەستەی لەڕ و لاوازی خۆیان، گۆچانەکانیان دەهێنا و دەبرد، خەبەر گەیشت شارێکی نزیک سنوور کە تەنیا دوو سەعاتێک لە شوێنەکەی ئەوان دوور بوو، بوردوومان کرابوو و تێیدا خەڵکێکی یەکجار زۆر کوژرابوون. چاوساخەکان هێشتا لە دانی هەواڵەکە بە تەواوی نەببوونەوە کە زۆر خێرا مقۆمقۆ و دەنگەدەنگ کەوتە ناو حافزەکان. وەک عادەت و خووی هەمیشەیی سەرەتا بە هێنانی چەند رستەیەک لە ئایەتەکان و یان لەو وتانەی وا گەورەیی و بەزەیی و قەهاربوونی خودا دەگەیەنن، هەواڵەکەیان لە ناو خۆیاندا قوتدابوو و پاشان دەستبەجێ کەوتبوونە بیری سەفەر بۆ ئەوێ بۆ شارە بوردوومان کراوەکە. بە بێ ئەوەی زۆر لە سەری بدوێن، جوڵابوون. چاوساخەکان بەرەو گاراژەکانی شار بردبوویانن. لە گەڵیان سواری ئەو مینی بووسە کۆن و پەرپووت و بۆگەناویانە ببوون وا بەڵێن بوو ئەوان لە رێگاکان و لە کێوەکان بپەڕێنێتەوە و بیانگەیەنێتە شوێنی مەبەست. زووتر گەیشتن، بە مانای دەستکەوتنی مردووی زۆرتر بوو بۆ دادانی تەڵقینیان.

گروپە چوارنەفەریەکەیش سوار بوون (بە چاو ساخەکەوە پێنج نەفەر)، بەو چاوانەوە کە قووڵ قووڵ رۆچووبوونە روخساری لاواز و تێکقوپاویانەوە. ئەوەندە قووڵ کە منداڵەکان لە سەیرکردنیان دەترسان و زۆر خێرا روویان لێوەردەگێڕان. رێگا دوور و تەپ و تۆزاوی بوو. بۆنی ناخۆشی گازاوڵی نیوە سووتاو، کەپۆی ئازار دەدا. دەنگی تڕە تڕی سەیارەکە، کە قورس قورس لە سەرەوژوورییەکاندا دەجوڵا، گوێی گپ کردبوو. سەری هەر چواریان لە ژێر مێزەرەکانیادا ئارەقەی کردبووەوەو جار جارە بەو دەستماڵە سەوزە رەنگ هەڵبزرکاوانەی وا لە گیرفانی بن باخەڵیاندا بوو، ئارەقەی لامل و لاجانگیان دەسڕی. سەفەری ئەمجارە بە پێچەوانەی سەفەرەکانی تر جۆرەیەکی تر دەهاتە بەرچاو. لە ناو مینی بووسەکەدا نە دەنگی مۆسیقا دەهاتە گوێ، نە خەڵکی زۆر لە گەڵ یەکتر قسەیان دەکرد و نە بۆنی وەیلانی ناو هەوایش لە جارانی دەکرد. شتێکی تاڵ و زبر دەوری مینی بووسەکەی تەنیبوو. شتێک وەک جەستەی لەت و پەت و خوێن و خۆڵ. حافزە گەنجەکە کە یەکەم جاری بوو بۆ سەفەری وەها دوور دەچوو، حەزی پرسیارکردن لە هاوڕێکانی وەک دڕکێک لە ناو جەستەیدا چەکەرەی کردبوو و پەل و پۆی هاویشتبوو، ئەو دڕکانەی لێرە و لەوێ لە ناو گوێ و دەمییەوە هاتبوونە دەر، بەڵام بە هۆی شتە تاڵ و زبرەکەوە دەیزانی دەبێ دان بە خۆیدا بگرێ و، هیچ نەڵێ. ئەو تەنیا دەبا بە شوێنیانەوە بێت و بەس.

کە گەیشتنە شارەکە، شتە تاڵ و زبرەکە هەر بەرۆکی بەرنەدان. تەنانەت وەک بڵێی لەوێ زیاتر و تۆختریش ببوو. گوێی سرکی ئەوان بە جوانی بێدەنگی، یان کەمدوویی دەگمەنی شاریان دەقۆستەوە. وەک پیشەی هەمیشەیی هەر لە ناو مینی بووسەکەوە شانەکانی یەکتریان پەیدا کرد و دەستیان خستە سەریان و بە شوێن یەکترەوە دابەزین. هەڵبەت ئەمجارە رەنگە زیاتر لە هەر جارێکی تر لێک نزیک و پێکەوە ترنجاو. چاوساخەکە لە دەرەوە، پاش کەمێک دەستاودەست کردن وەڕێ کەوت. وەک بڵێی دەیەویست ئەو ترسەی قوت بدا وا لە کاتی بەڕێکەوتنیانەوە ناو قوڕگی تەنیبوو. ئەوانیش بە شوێنیدا جوڵان،… وەڕێکەوتنێکی ئارام و لەسەرەخۆ!

چاوساخەکە شارەزای قەبرستانەکەی شار بوو. چەند ساڵ لەوە پێش رێی تێی کەوتبوو. گۆڕستانێک لە دەرەوەی شار لە ناو دارستانێکی سەرسەوزدا. شوێنێک گەر نەکرایە بە شوێنی مردووەکان، ئەوا بێگومان یەکجار بۆ سەیران دەستی دەدا. بەڵام شتێکی نادیار، وەک دەستی تەقدیر، چارەنووسەکەی گۆڕیبوو. سەیرانگاکە بۆ هەمیشە بە باڵای مردووەکان بڕابوو.

سەرەتا روویان کردە چایخانەیەکی قەراخ شار. لەوێ لە گەڵ پشوودانێکی کورت تووانیان ئاو بخۆنەوە و، ئەوجار سەرلەنوێ بەڕێکەونەوە. دەبا هەتا گۆڕستانەکە بە پێ بڕۆن. رێگا، لانیکەم چل و پێنج دەقیقەیەک دەبوو. دەست لە سەر شان بە قەراخ جادەکەدا کە بە تەنیشت سەربازخانەکەی شاردا تێدەپەڕی، بەڕێکەوتن. کاتێک بە ناو شەقامەکانی شاردا تێپەڕین، ئەوان قەت چاویان بەو خانووە وێران و زەوییە خوێناویانە نەکەوت وا بەشێکی بەرچاوی دیمەنی رێگایان پێک دەهێنا. نە ئەوان پرسیان و نە چاو ساخەکەیش هیچی بۆ باس کردن. رێگا، قەرەباڵغ بوو. ماشین لە دووای ماشین. خەڵک لە دووای خەڵک. ئەو گریانانەی نزیک دەکەوتنەوە و دوواتر دوور. ئەوجا دەنگی گریانی ناو قەبرستانەکە هاتە گوێ. لە گەڵ هەر هەنگاو هەڵێنانێکیان، گریانەکان روون و روونتر دەبوونەوە. هارمۆنیای داماوی و دڵەڕاوکێ قووڵەکانی مرۆڤ.  

کە گەیشتن، لە شوێنێک لە بن سێبەری کۆمەڵێک درەختی مازوودا راوەستان. تا چاو کاری دەکرد، کۆمەڵ کۆمەڵ ئەو خەڵکانەی بە دەوری گۆڕێک، مەیتێک یان کۆمەڵە مەیتێک ئاپۆرایان بەستبوو. گریان و بێدەنگی. سینگ دادڕین و غەم. هەروەها ئەو سێبەرە سەوزانەی وا لە گەڵ ئەو دیمەنە بە هیچ جۆرێک یەکنەدەهاتنەوە. حافزەکان لە بەر خۆیانەوە کەوتنە ورتە ورتە. ئایەت لە دووای ئایەت لە ژێر لێویانەوە. شتە تاڵ و زبرەکە لێرە ئیتر تەواو بە جەستەیانەوە چەسپی. لە کاتێکدا سکیان قۆڕە قۆڕی دەهات، لە خوا پاڕانەوە گوناحەکانی مرۆڤ ببەخشێ.

کتوپڕ یەکێک لە ئاپۆرایەکی بەردەمیان هاتە دەرو بەرەوڕوویان هات. یەکێک لە حافیزەکانی لە گەڵ خۆی برد. لەوێ سێ مەیتی لێبوو. بەو کۆمەڵە کچە گەنج و تەمەن منداڵەوەی وا ئەوەندە گریابوون ئیتر دەنگیان دەرنەدەهات. دوو کەسی دیکە دوو حافزەکەی تریان لە گەڵ خۆیان برد. مابووەوە حافزە جەوانەکە. پاش ماوەیەک ژنێک پەیدا بوو و، ئەویش چووە سەر دوو مەیت. چاوساخەکە کە دەبا ئاگای لە هەر هەموویان بێت، لە گەڵ حافزە گەنجەکە رۆیشت و لەوێ لە شوێنێکی گونجاو راوەستا هەتا جوان ئاگای لە هەر چواریان بێت.

کات گوزەرا. چوار کەسەکە زۆر بە سۆزەوە تەڵقینیان دادەدا. وەها کە چاوساخەکە پێی وابوو کاتی زیادی بە کاردەبەن. ویستی چەند جارێک لێیان نزیک بکەوێتەوە و پێیان بڵێ کە ئەمڕۆ شێوازی کاریان بگۆڕن بۆ ئەوەی فریان قەبری زیاتر بکەون. چاوساخەکە لەوێوە ئاگای لەو حافزانەی تر بوو وا دەستە دەستە دەگەیشتن. نەدەبا کات بە فیڕۆ بدەن. شتی وا قەت هەڵنەدەکەوتەوە!

حافزە گەنجەکە بە یارمەتیی گۆچانەکەی هەڵتروشکا. داوای کرد لە مەیتەکان نزیکی بکەنەوە. دەستی بە کفنەکاندا هێنا. گوێی لە گریانە ئارام و هەنسکە خنکاوەکان بوو. ئاپۆرای جەستەکانی هەست پێدەکرد. لێرە بۆنی ژن زیاتر لە بۆنی پیاو دەهات. لە بەر خۆیەوە گوتی “بیگومان ئەم دوو مەیتە نێرینەن.” لە دەروونەوە دڵی بۆ ئافرەتەکان سووتا. دەنگی هەڵبڕی:

ـ “با بزانین یەکەم شەو لە ناو گۆڕدا گوزەران چۆنە تا خۆی بۆ ئامادە بکەین؟ ئەی برای ژیر و ئیماندار! کە هەڵیان گرتی لە سەر شان ‌و لای گۆڕەکەت دایاننای‌ و دووایش خرایتە ناو قەبرەکەوەو گڵ و خۆڵت بەسەردا کرا و کەس‌و کارت بەجێیان هێشتی، دەزانی چ دەگوزەرێ‌ لەمەو دوا؟… دەزانی چیت پێ‌ دەکرێت؟ تۆ تەنیای لە ناو ماڵە تازەکەتدا، ئەی رۆڵەی ئادەم! بزانە تۆ دەبێ خۆی بۆ ئامادە بکەی،… تۆ وا ئەمڕۆ لە سەر رووی زەویت‌ و بەیانیش لە ناوەوەیدای،… ئاخۆ چیت لێ‌ دەکرێ‌ کە خرایتە ناو گۆڕەکەت؟”

لێرەدا هەستی کرد زیاتر لەوەی ئاگای لە مردووەکان بێت، زیاتر سەرنجی لای ژنەکانە. بۆنەکان لەوە تۆختر بوون وا بۆی دەچوو. درێژەی بە تەڵقینەکەی دا:

ـ “لە شەوی یەکەمی گۆڕدا تاقی کردنەوەیەکی زەحمەت هەیە، هەر کەسێک لێی رزگار ببێ‌ ئەوا لە خۆشی نەبڕاوەدایە و، هەر کەسێکیش لێی دەرنەچێت ئەوا لە ناخۆشی ‌و تاڵایی دۆزەخدا هەتاهەتایە دەناڵێنێت،… زەرەرمەندی دونیاو ئاخیرەتیشە،… ئەو تاقیکردنەوەیەی کاتێک مرۆڤ دەخرێتە ناو گۆڕەکەی ‌و خاک ‌و خۆڵی بەسەردا دەکرێت،… دوو فریشتەی لێ‌ پەیدا دەبن ‌و دایدەنیشێنن‌ و پرسیاری دەربارەی خوادو پێغەمبەر (درودی خودای لێ‌ بێت) ‌و ئیسلام لێ‌ دەکەن.”

یەکێک لەو گریانانەی سەرنجی حافزە گەنجەکەیان دەقۆستەوە، دەنگی ناسکی کچێک بوو بە دەستی راستیدا. کاتێک هەناسەی دەدایە دەر، برووسکەیەک بە ناو شانەکانی حافزەکەدا دەگەڕا. برووسکەیەک وەک خودی گڕ. لە دڵی خۆیدا بیری لەو پیاوە نەگبەتە دەکردەوە کە ئیستا لە ناو گۆرەکەدا بوو و لەو جەستەیە بێ بەری ببوو وا گریان دەیهەژاند.

ـ “ئێستا پرسیارت لێدەکرێت دەربارەی خوداو پێغەمبەر (درودی خودای لێ‌ بێت) وە ئیسلام، تۆیش ئاواو ئاوا بڵێ‌ (لا إله إلاالله و محمد رسول الله)،…”

ئەوەی کە نەک تەنیا مردووەکە، بەڵکوو ژنەکەیش ئەمشەو بە تەنیا دەمایەوە، بیری برد. گۆچانەکەی دەستی زیاتر گووشی.

ـ “من کان آخر کلامە لا الە الا اللە دخل الجنتە.”

پیاوێکی بە تەمەن کە بەرامبەری حافزەکە راوەستابوو، سەری دانەویوی هەڵبڕی و بە سەرسوڕمانەوە لێی رووانی.

ـ “ئەی بەندەی خودا کوڕی کارەکەر
گوێ بگرە لەناو گۆڕی تەنگەبەر
لە دنیای بێ فەڕ کۆچت کردووە
لە ئەو لای بێگەڕ خانووت گرتووە
تۆش وەکو مردووی تر وەک هاو فەردانت
دوو پەری خودا دێنە سەردانت
دووی ددان زەردی سووری چاو شینن
بە گورز و مەتاڵ، بە تەوەر زینن…”

 حافزەکە، وشەکانی “دوو پەری خودا” ی بە تینێکی زیاترەوە گوت. هێشتا نیگاکانی کابرا پیرە عەبەساوەکە نەببوونە گومان کە کتوپڕ دەنگێکی بە سام دونیای داگرت. فڕۆکەکان!… فڕۆکەکان دیسان پەیدا بوونەوە. بوو بە هەرا هەرا و دەنگ وهاوارێک نەبێتەوە. دەنگی بە سامی فڕۆکەکان ئەوەندە زاڵ و بە سام بوون کە دەڵێی قەبرستانەکەی بە مردووەکان و زیندووەکانەوە هەڵلووشی. حافزەکان لە ژیانیاندا قەت شتی وایان نەبینیبوو. بە چەند چرکەیەک دوواتر ئەوسا دەنگی تەقینەوە بە سامەکان هات. دونیا وەک بێشکە دەهات و دەچوو. حافزە گەنجەکە، کە مابوویەوە چی بکا، هەر ئەوەندەی پێکرا رابێتە سەر پێ و بیر لە هەڵاتن بکاتەوە. ئیتر نە ئاسەواری ساردی کفنەکان بە سەر پەنجەکانییەوە مابوون و نە گوێچکەیشی هەناسە نەرم و بزوێنەرەکانیان لە بیر مابوو. لە کاتێکدا گۆچانەکەی بە توندی لە ناو مشتیدا دەگووشی، دەستی کرد بە راکردن. بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا بە بێ بیرکردنەوە لە کەوتن، رایکرد. هێشتا چەند هەنگاوێک دوور نەکەوتبووەوە کە قاچی لە شتێکی رەق هەڵەنگووت و،… بە تووندی بە دەمەوە کەوت. کە کەوت سەری قورس قورس بە کێلێکدا درا و جەستەیشی بە سەر شتێکی یەکجار نەرمدا.

کەس نازانێ حافزە گەنجەکە، پێش مردنی، سەرەتا هەستی بە رەقایی کێلەکە کردبوو، یان بە جەستەی نەرمی ئەو ژنەی وا بۆ چەند ساتێک لەوە پێش، هەناسەکانی، تەڵقینەکەیان لێ شێواندبوو.  

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *