فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

باخەوانی پیر

کات 24/12/1393 625 بازدید

باخەوانی پیر

لە ژوورە خاوێنەکەدا دانیشتووە. سەیری دیوارەکان و سەقف و فەرشەکەی بەردەمی دەکا. سەیری وێنە هەڵواسراوەکان و تابلۆکان. دووای تێپەڕینی ساڵانی ساڵ، شتەکان هێشتا زۆر نەگۆڕاون. جگە لە شێوازی رازاندنەوەی ژوورەکە و ئەو کۆمێدە قاوەییە بچووکەی لە گۆشەیەکی دا دانراوە، هەموو شتەکانی تر ئاماژەن بە ساڵەکانی پێشوو. لە لای، هەم خۆشە و هەم ناخۆش!

بێدەنگیی ژوورەکە هەڵیدەلووشێ. چرپە چییە لە هیچ شوێنێکەوە نایەت. چوارچێوەیەکی تەنگی بێدەنگ. دەڵێی لە هەموو دیوارەکان و قوژبنەکانەوە بێدەنگی دەدەڵێ. وەک تەمێک دێت و ئارام ئارام هەموو شتێک لە خۆدەگرێ. ئەویش پەیکەرێکی دانیشتووی ناو مژ.

ئەو، بەم بێدەنگیانە ئاشنایە. لەوێ لە سەر قوتکەکان لە ژێر ئاسمانی شینی بێ کۆتاییدا چەند ئێستا لەم ژوورە دەچوو. لەوێ دەنگی “با” و جوڵەی گیای تەڕ و وشک و ئەو خشپە و دەنگە بە ئاستەمانەی جاروبار دەهاتنە گوێ و، لێرە، تەنیا دیوار و رابردوو کە بە بێ وشە دەدوێن.

هەڵدەستێ. بە ناو ژوورەکەدا دێت و دەڕوا. ئەگەرچی دەتوانێ بچێتە دەر، بەڵام ناچێ. تەنانەت چەند جارێک دەست دەداتە دەستگیرەکە. بەڵام پەشیمان دەبێتەوە. جارێکە ئەوەندەی ئەم ژوورە بۆ ئەو شتی پێیە، هیچ شوێنێکی تر پێی نییە. ئەو دەبێ لێرە بێت. چەند رۆژ؟ نازانێ. دایکی کە بە دیتنەوەی کوڕەکەی یەکجار خۆشحاڵە، لەم خۆ زیندانیکردنە کەمێک پەرۆشە. لە کاتێکدا تەنیا دیوارێکیان بەینە و خەریکی چنینی گۆرەوەی بەنە، گوێ لە بێدەنگییەکانی کوڕەکەی دەگرێ. ئارەزووی ئەوە دەکا هەر وەک جاران دیسان لە ژوورەکەوەی تەنیشتییەوە دەنگی مۆسیقا و گۆرانی بێتەوە گوێی، دەنگی رادیۆ قاچاخەکان!

لە گەڵ ئەوەی شتەکان بۆی ئاشنان، بەڵام یەکجار دوورە دەستیش دەنوێنن. وەک بڵێی تازە ساڵەکان بەین کەوتوون. شتیکی غەریب کە نابیندرێ، بەڵام هەست پێدەکرێ لە سەریان نیشتووە. دەستیان پیا دێنێ. نیگای ورد ورد بە سەریاندا دەگەڕێ، بەڵام کت و مت خۆیان نین. هەست دەکا شتەکان ئەمیان لە بیرکردووە. نیگایان غەریبە. وەک بڵێی دیسان زەمەنێکی تر پێویستە بۆ ئەوەی بیناسنەوە. بەڵام چەند؟

لەم “چەندە” دەترسێ. ساڵانی ساڵ جەستەی لێرەوە بۆ ئەوێ و لەوێوە بۆ ئێرە بەکێش کردووە. هەر رۆژە و هەر سەعاتە لە شوێنێ. وەک خودی ژیان. ئیستایش پێی سەیرە دووای ئەو هەموو گەڕانە دیسان گەڕاوەتەوە شوێنی ئۆقرە و شوێنی سەرەتا،… بەڵام ئۆقرەیەک کە ئیدی ئۆقرەی جاران نیە.

بۆنی ناو ژوورەکەیش چەند ئاشنا ـ غەریب دەنوێنێ! لەوێ لە شاخەکان هیچ بۆنێکی توند لە کەپۆ نەدەئاڵا. جگە لە بۆنی توندی بەردە داغەکانی بەر هەتاو و بۆنی باروتی سووتاو، چەند هەموو شتێکی تر ئاسایی بوو. کە ئێوارەیان دادەگەڕان و لە قوڵایی دۆڵەکان و لە کوێرە رێگاکانی بەرەو گوند نزیک دەبوونەوە، ئەوجار بۆنە تووندەکە دەهاتەوە،… بۆنی شیاکە و پشکەڵ و تەرس و میز. ئەو بۆنەی لە گەڵ تۆزی رێکردن زیاتر بڵاو دەبووەوە. وە ئیستایش ئەم ژوورە خاوێنە کە یەکجار لە کوێرە رێگاکان دوورە.

هەست دەکا نیوەی لەوێ لە کێوەکان و لە دۆڵەکان بەجێماوە. وەک چۆن نیوەیشی لێرە بەجێمابوو. دوو نیوەی سەرگەردانی یەکتر. دوو نیوە کە بە بەجێهێشتنی یەکتر ناتوانن یەکتر بدۆزنەوە. نیوەکانی هەمیشە نیوە. قەت “یەک” نەبووەکان. دڵی قورس دەبێ. هەناسەی تەنگ. ژوورەکە رازێکە،… ئێستا.

لە دەرگای حەوشێ دەدەن. گوێی لە دەنگی پێی دایکیەتی. شەلەو هەنگاوەکانی دوو و چوار و شەش و… قورس دەکەونە سەر زەوی. وەک رمبە. گوێی بە ئاستەم لە قسەکانە. ئەوسا لە پەنجەرەکەوە کابرایەکی پیر دەبینێ. دێت و لە حەوشەکە دەست دەکا بە کار. دەیەوێ باغە کۆنەکەی مردووی دەستی زستان زیندوو بکاتەوە. دەیناسێ. یەکێک لەو وێنانەی کە بە دیتنی دێتەوە بیری. ئیستا پیرتر بووە. کەمێکیش چەماوەتر. یان رەنگە زیاتر لە کەمێک. بە پشتوێنی گرێدار و توورەکەیەک تووتن و دەمنەیەک لە بنیدا. بوونەوەرێک کە بە بێ ماندوو بوون، خۆی و ساڵەکان دووپات دەکاتەوە،… لە هەمان شوێن. لە دڵەوە بەخیلی پێدا دێتەوە. چ دەبوو لە جیاتی خەونەکان، تەنیا باغەوانێکی پیر بایە؟ هەمیشە ئاشنا بە هەمان شوێن، نەک گەڕۆکێکی نامۆ بە هەموو شوێن!

لەوێ، جاری وابوو لە ناو باغەکاندا مابووەوە. خۆی حەشاردابوو. لەوێ زۆر هەستی بە باغەکان نەکردبوو. هەموو نیگاکان و هەستەکان شتێک بوون وەک ئاراستەیەک بۆ دەرەوەی باغ،… بۆ دەرەوەی خۆی. لەوێ، لە دەرەوە شتێک هەبوو کە دەهات و تۆی قوت دەدا. بۆیە نیگاکان و هەستەکان تەنیا لەو دوورانەوە دەگەڕان. ئەو لەوێ قەت نەیتووانیبوو لە هیچ باغێکدا بیر لە باغ بکاتەوە.

پاش ماوەیەک لێڕوانین، لە پەنجەرەکە دەکشێتەوە. دیسان گوێی لە دەنگی پێی دایکیەتی. ئەمجارە بەرەو مەتبەخ دەچێ. بۆنی پیاز لە کونی قفڵی دەرگاکەوە و لە درزی بنییەوە خۆ بە ژوورێدا دەکا. بۆنێکی تیژی بزوێنەر. وەک بۆنی کوێرە رێگاکان. لە بیری دێ لە گەڵ بۆنی پیاز بیری دایکی دەکەوتەوە. پیاز خەمهێنەر بوو. ئەسڵەن خودی غەمگینی بوو. ئەو لەوێ حەزی بەم بیرە خەمینە بوو. گەر پێی عەیب نەبایە هەمیشە پیازێکی لە کۆڵەپشتییەکەیدا هەڵدەگرت. زەمەنی پیازاوی دەکرد و، ئیتر هەمیشە بە جۆرێک لە جۆرەکان لەوێ دەبوو،… لای نیوەکەی تر.

دەچێتەوە بەر پەنجەرەکە. سەیری باغەوانە پیرەکە دەکاتەوە. دانیشتووەو جگەرە دەکێشێ. پەیکەرێک وەک سەدان ساڵ لەمەو پێش. پشتی لەمە. بەو مێزەرەوە ریشاڵ ریشاڵ هەڵگەڕاوە،… چڵکن و زەرد. وەک مێزەرەکەی خۆی لەوێ،… لە شاخەکان. کتوپڕ هەست بە لێکچوونێکی سەیر لە نێوان خۆی و ئەم پیرەمێردەدا دەکا. گرینگ نیە ئەو هەمیشە لێرە بووە و ئەم لەوێ، یاخود لە هەموو شوێنێ. ئەمیش وەک ئەو باخەوانە، ئەگەرچی دووای ساڵانی ساڵ بۆ یەکەمجار، بەڵام دیسان لە دەرگاکەی دابووەوە. لێرە شتێ هەیە کە هەم لەوێ دەکا و هەم نزیکیشە لەم ژوورە،… باغەکە! باشە بۆ لەوە پێش بەمەی نەزانیبوو؟

لە ئاشپەزخانەکە دەنگی دایکی دێت. قاپ و قاچاخەکان قسەدەکەن. کەوچک و چەتاڵەکان بەر یەک دەکەون و هاوار دەکەن. مەنجەڵەکە کڵاوەکەی لە سەر دەکا.

بۆ یەکەم جار دووای چەند رۆژ، دەرگاکە بە مەبەستی دەرەوە دەکاتەوە. ژوورەکەی، رووبەڕووی مەتبەخەکەیە. دایکی لادەکاتەوەو بە چاوە پڕ لە دڵەڕاوکێ، خۆشەویستی و پڕ لە پرسیارەکانییەوە کە هەر هەموویان لە ژێر سەقفی بزەیەکی شاراوەدا خۆیان شاردووەتەوە، سەیری دەکا. دەیەوێ شتێ بە کوڕەکەی بڵێ، بەڵام پەشیمان دەبێتەوە. ئەمیش ئەگەرچی بۆ چەند ساتێک رادەوەستێ، بەس هیچ ناڵێ و تێدەپەڕێ.

دایکی دەچێتەوە ژوورەکەی. هەموو گیانی پێدەکەنێ. سەرئەنجام وەدەرکەوتبوو. لەوێوە لە بەر پەنجەرەکەوە ئاگای لێیە کوڕەکەی دەچێتە لای باغەوانە پیرەکە. باغەوانەکە لە باڵای دەئاڵێ و، ماچی دەکا. کوڕەکەیش هەر وەها. پاش ماوەیەک، مقاستەکە لە باغەوانەکە وەردەگرێ و دەست دەکا بە قرتاندنی چڵە وشکەکانی پار. بێگومان حەوشەکە ئەوەندە گەورەیە کە بیر لە چاندنی درەختی تر بکەنەوە،… پێکەوە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لە کتێی “سێوە گڕاویەکان” چاپ کراوە.

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *