فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

تاکسیی رەش

کات 14/02/1394 504 بازدید

تاکسیی رەش

سۆزانییەکانی شار، لە ئەم بەراوبەری جادەکان لە سەر شۆستەکان بێ منەتانە راوەستاون و، چاوەڕوانی مشتەرییەکان دەکەن. کە دێن، لە دووانیوەڕۆوە دێن. سەرەتا یەکە یەکە و ئەوجار بە گروپ لەو سەیارانەدا کە پیاوەکان شۆفیریانن و ئیدی ژمارەیان تا دێ زیاد دەکا. کە شەو دادێ و دونیا تاریک هەڵدەگەڕێ، تەنیا ئەوانن زیندەوەرەکانی ناو سێبەر و سوچە تاریک و نیوە روونەکانی سەنتەری شار.

بە ئۆتۆمبیلەکەی ئارام بە ناو شەقامەکاندا دەسوڕێتەوە و، چاو دەگێڕێ. دەبینێ هەڵمی دەمیان لە گەڵ دووکەڵی سیگار بە ئاسماندا دەچێ و کە سەرما زۆریان بۆ دێنێ، روو لە باڕەکان دەکەن. نازانێ بۆ، بەڵام دیتنی قەحبەکان هەمیشە هەم خۆشە و هەم ناخۆش!

رێبوار نیە بەرۆکیان پێ نەگرن. گەر ئەم بەرۆکی پێ نەگرت حەتمەن ئەوی تر دەیگرێ. تەواوی شەقام یان شەقامەکانی سەنتەر، لە داوێکی بەرینی نەدیتراو دەچن. بە تایبەت قەحبە رەشەکان. ئەوان هەڵسوڕ و چالاک هەموو رێبوارێک بە سەردەکەنەوە، چ ئەوانەی لە ناو سەیارەکاندان و چ ئەوانەی بە پێ دەڕۆن. بە ئینگلیزییەکی خێرا و بە لەهجەیەکی ئافریقایی دەڵێن:

ـ “هەی خوێن شیرین! حەزت لە پێکەوە بوونێکی خۆشە؟”

جارێکیان کە بەم دەڵێن، لە وەڵامدا دەڵێ:

ـ “ئا، ئەی بۆ نا!”

ـ “دەکاتە هەزار کڕۆن.”

ـ “هەزار کڕۆن! تۆیت داوام لێدەکەیت و، دەبێ من پارەکەی بدەم؟”

قەحبەکە جوێنێک دەدا و دووردەکەوێتەوە. ئەم هەر واز ناهێنێ. بە دەنگی بەرز دەڵێ:

ـ “دەبێ مەمنونیش بی من پارەم ناوێ‌!”

مەودا هەر دوورتر و دوورتر دەبێتەوە.

نازانێ بۆ. لەگەڵ ئەوەی بە یاساکە دەزانێ، بەڵام ئەم قسانە لە دەمی دێنە دەرەوە. ئەسڵەن پێی سەیرە بۆچی ژن ئەوەندە دڵنیایە لەوەی گەر بۆ سێکس روو لە پیاو بکا، دەتوانێ هەڵیفریوێنێ و ئەوە ئەوە کە دەبێ پارە بستێنێ. ئەویش هەزار کڕۆن. حسێبی دەکا گەر کارێکی ئاسایی هەبێت لە دووای هەشت سەعات کارکردن رۆژانە تەنیا رەنگە شەش سەد کڕۆنی بۆ بمێنێتەوە. ئەوی تری حکومەت دەیبا. جا وەرەو بۆ ماوەیەکی کورت هەزارت لێ بستێنن. رەگەزی پیاو بە راستی بێ مێشکن!

سەیارەکە لە شوێنێک رادەگرێ. دەبێ وشیار بێت. گەر پۆلیس بیگرن رەنگە هەم سزای زیندانی بدەن، هەم ئیجازەکەی لێ بستێننەوە و هەم پارەیەکی زۆریشی لە گیرفان دەربێنن. تاکسی رەش قەدەخەیە. رادەوەستێ و چاوەڕوان دەمێنێتەوە. تا رادەیەکی زۆر مشتەری درۆ و راستەقینە لەیەک دەکاتەوە. بەڵام دەبێ هەر وشیار بێت،… یەکجار وشیار بێت.

لەوبەر جادەکە بە دەستی چەپیدا کچێکی سپی پێست راوەستاوە. ئاشنایە! تا ئیستا بە چەندین جار بە تووشییەوە بووە. هەمیشە بە تەنیا رادوەستێ. جگەرە زۆر دەکێشێ. زۆر کەمیش خۆ بە باڕەکاندا دەکا. بە پێڵاوە پاژنە بەرزەکانییەوە و بەو جل و بەرگانەوە کە لە خوری دەکەن، دەتوانێ بە چەندین سەعات لەناو سەرمای تاقەت پڕوکێنەری دەرەوەدا راوەستێ. بەڵام نا، هەر ئەوە نیە. زوو زوو لە گەڵ مشتەرییەکان بزردەبێ. ئەم پێم وایە سەرنجڕاکێش ترین قەحبەی سەنتەری شارە. رەنگە یەکێک لە گەنجتریتیان.

شووشەی پەنجەرەکەی دادەداتەوە و جگەرەیەک دادەگیرسێنێ. چەخماخەی لێدانی لایتەرەکە، سەرنجی کچەکە دەقۆزێتەوە و هەر بۆیە لادەکاتەوە. بەڵام زۆر خێرا نیگا وەردەگێڕێتەوە. وەک بڵێی ئەویش ئەم دەناسێ. جگەرەکەی لە تەواوبووندایە مشتەرییەک کە پیاوێکی تەمەن مامناوەندییە لە کچەکە نزیک دەکەوێتەوە. قسەکان زۆر ناخایەنن. وەک بڵێی زۆر خێرا بە ئاکام گەیشتوون و سازاون. پیاوەکە وەردەسوڕێ و چاو لە شەقام دەکا. بۆ تاکسی دەگەڕێ. بەڵام لەو کاتەدا هیچ تاکسییەک دیار نیە. لەم کاتەدا کچەکە دیسان سەری قسە دەکاتەوە. وەک بڵێی داوای زیاتر دەکا. پیاوەکە سەرەتا کەمێک رادەمێنێ و ئەوسا ملدەدا. بە شێوەی سەر راوەشاندنی وا دیارە. تاکسی هەر دیار نیە. لەم کاتەدا ئەم جگەرەیەکی تر دادەگیرسێنێ. چەخماخەی لێدانی لایتەکە سەنجی پیاو و ژنەکە پێکەوە رادەکێشێ. ژنەکە شتێک دەڵێ و پیاوەکە دەستبەجێ روو لە سەیارەکەی ئەو بەری جادەکە دەکا.

ـ “کاردەکەی؟”

ـ “ئەرێ، ئەی بۆ نا!”

ـ دووسەد کڕۆن تا شوێنی مەبەست، دوور نیە، تەنیا چارەکێکە.”

ـ “سێ سەد کڕۆن.”

ـ “دووسەد و پەنجا. ئیتر لێی مەڵێ!”

ـ “زۆر باشە، سواربن!”

پیاوەکە روو لە کچەکە دەکا و ئاماژەی پێدەکا. کچەکە خەرامان خەرامان دێت. هەنگاوەکانی نادڵنیا دیارن. هەردووکیان دەچنە پشتەوە. پیاوەکە زۆر نزیک لێی دادەنیشێ. قەراخ جەستەی لکاو بە قەراخ جەستەی کچەکەوە. سۆزانییەکە بە ئارامی بەرەو دەرگاکە دەکشێ.

ئەم دەبێ وشیار بێ کە پۆلیس نە لە دەورووبەرە و نە بە شوێنیەوە. لە ئاوێنەکانیشەوە بە وردی دەڕوانێ. ئەوسا بە پەلە ناویان دەپرسێ. بە تایبەت ناوی پیاوەکە. کابرا، سەرەتا تێناگا. ئەم دەڵێ:

ـ “گەر بە رێکەوت بە تووش پۆلیسەوە بووین،… بۆ ئەوەی وا بزاننن هاوڕێین!”

ـ ئەها، ئیستا تێدەگەم. زۆر چاکە. ناوم دەیویدە.”

لە ئاوێنەکەوە بە وردی لە دەیوید دەڕوانێ. لە خەڵکی یەکێک لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا دەکا. بەس بۆ ناوی دەیویدە، نازانێ. پێکەنینی بە گەمژەیی خۆی دێ:

ـ “بێگومان ناوی خۆی نیە!”

ئەوسا نیگای بۆ سەر کچەکە رادەگوێزێ. کچەکە لە دەرەوە دەڕوانێ و بۆ ساتێکیش بێت لە ئاوێنەکە ناڕوانێ. هەموو سۆزانییەکان وەهان. کەسیان لە ئاوێنەی هیچ شۆفیرێک ناڕوانێ. وەک بڵێ هیچ شتێک بە قەد نیگای راستەوخۆ ناتوانێ دەرخەری راستەقینەی کەسەکە بێت. ئەوان راستیی خۆیان لە شۆفیرەکان دەشارنەوە. دەیوید ناوە ناوە بێدەنگە و ناوە ناوەیش هەوڵ دەدا خۆمانی کچەکە بدوێنێ. کەم کەس ئەمە دەکا. بەڵام کچەکە زۆر مەیلی لە قسە نیە. تەنیا چاو لە دەرەوە دەکا.

نیگای قەحبەکان لە لای ئەم هەمیشە نیگایەکی نەخوێندراوە بووە. خەمینن، شادن، بێ دەربەستن، هەمیشە لە بیردا، توڕە، یاخود پڕ لە سووکایەتی،… نازانێ. یان رەنگە هەر هەمووی ئەمانە پێکەوە بن. بەڵام ئەوەی دوواوە ئەمشەو دەڵێی لە جۆریکی ترە. قەحبەی نەبینیوە خۆی لە مشتەرییەکەی دووربخاتەوە.

شەقامەکان تێدەپەڕێنن. لە سەنتەر دوور دەکەونەوە. بەم نیوە شەوە لێرە لە دەرەوەی سەنتەر، هەموو شتێک ئارامتر و بێدەنگتر دەنوێنێ. تاق و تەرا خەڵک بە دەرەوە، لە گەڵ بێ ئەژمار ئۆتۆمبیل کە بە درێژایی شەقامەکان پارک کراون. پەنجەرەی ئاپارتمانەکان لە ئاسمان تاریکترن.

قەحبەکە لە ئەگەری جگەرە کێشانێک دەپرسێ. ئەم کە لە راستیدا پێی خۆش نیە، بەڵام بە پێچەوانەوە پێی دەڵێ گەر شووشەکە کەمێک دابداتەوە، دەکرێ. چەخماخەی لایتەکە بۆ ساتێک ناو سەیارەکە روون دەکاتەوە. ئەم، بۆ ساتێک چاوە جوانەکانی لە رووناکایی تەواودا دەبینێ. چاوە جوانەکانی ونی ناو نیگا پەرتەوازەکان.

دەیوید دەڵێ ئەوەندەیان نەماوە. تەنیا دوو شەقامی تر. ئەم بیردەکاتەوە کە دەیوید سەرەڕای ئینگلیزی قسەکردنەکەی، بەڵام لە مێژە لێرە دەژی و رەنگە هەر لێرەیش گەورە بووبێت. هەوڵ دەدا بە نۆروێژی قسەکردن بیهێنێتە گۆ، بەڵام دەیوید هەر بە ئینگلیزی وەڵام دەداتەوە. لە لای خۆی بیردەکاتەوە: “کەواتە تێدەگا.” بێ ئۆقرەییەک وەک مارێکی لووس دەخزێتە ژێر پێستییەوە. دەیوید دەڵێ ناوە ناوە لێرە دەژی. لە راستیدا بۆ کۆمپانیاییەکی نێودەوڵەتی کاردەکا و هەر بۆیە زۆربەی کات لە سەفەردایە. لە کاتێکدا لە ئاوێنەکەوە چاوێک لە شۆفیرەکە دادەگرێ، بە رستەیەکی جوانی نۆروێژی دەڵێ:

ـ “تازە فێری تامی ژنی وڵاتانم!”

سۆزانییەکە جگەرەکە بە ناتەواوی لە پەنجەرەکەوە فڕێدەداتە دەرەوە و شووشەکە دادەداتەوە. بۆنی توندی جگەرە، کەپۆ ئازاردەدا. دەیوید دەڵێ کە خۆشترین بۆن لە کاتی سێکسدا بۆنی جگەرەی دەمی ئافرەتە! دەڵێ کە ئەم بۆنە شێتی دەکا! ئەم نازانێ بۆ، بەڵام شتێک لە نیگاکان و لە شێوازی قسەکردنی دەیویددا هەیە ئازاری دەدا. شتێکە وەک نیگای قەحبەکان. نا،… راوەستە! دەخوێندرێتەوە. شتێکە وەک بێ دەربەستی و روودارییەکی تەواو. وەک شەقاوەکان. ئەو شەقاوانەی ئەم لەوەتەی هاتووەتە ئەم وڵاتە بە تووشیانەوە نەبووە. شتێک وەک دڵنیایی تەواو لەو کارەی دەیکەن. وەها کە گوێ نادەیتە هیچ شتێک و تەنیا لە سەر کارەکەی خۆت یەکانگیری. ئەم هەست دەکا کچەکە جاروبارە بە لاچاو دەیوید بەسەردەکاتەوە. سپیینەکان لە ئاوێنەکەوە ئەمە دەڵێن.

دەگەنە شوێنی مەبەست. یەکێک لە کۆنترین شەقامەکانی شار. بە خانووە کۆنەکانییەوە. بەو کۆڵانە تەنگانەوە کە کەس نازانێ لەو سەرەوە دەگەنە کوێ. رەنگە نەیشگەنە هیچ کوێ. ئەو کۆڵانانەی کە تەنیا بە رووی کۆڵانی تردا دەکرێنەوە و بەس.

شوێنەکە بەر شۆقەیەکە. بە نیوە دیوارێک بەو نەردانە بەسەریەوە کە دەوری شوێنەکە دەدەنەوە. نیوەدیوارەکە، سپییەکی چڵکنە. نەردەکانیش رەشی کۆن. دەیوید دەڵێ راوەستێ. رادەوەستێ. رێک لەو شوێنەیدا دیوارەکە دەم دەکاتەوە بە بێ هیچ دەرگا یان دەروازەیەک. دەیوید پێنج سەد کڕۆنی دەداتێ. ئەم گیرفانی بۆ دووسەد و پەنجا کڕۆن دەپشکنێ. دەیوید دەڵێ پێویست ناکا و دەتوانێ باقییەکەی هەڵگرێ! دڕدۆنگ و نادڵنیا لە کاتێکدا لە چاوەکانی دەیوید دەڕوانێ، هەڵیدەگرێ. دەیوید و سۆزانییەکە دادەبەزن و بە ئارامی لە ئۆتۆمبیلەکە دووردەکەونەوە. سەر لە سەیارەکە دەردێنێ و دەڵێ دەتوانم راوەستم بۆ ئەوەی کچەکە بگەیەنمەوە سەنتەر هەڵبەت بە پارەیەکی تر. ئەم بەشەی ئاخر بە هێواشی دەڵێ! ئەوان وەڵام نادەنەوە. ئەم بە چاو بەڕێیان دەکا، تا دەگەنە دەروازەکە و لەوێوە بۆ پشت نیوە دیوارە سپییەکە بە لای راستدا. کچەکە دووا دەکەوێ. پێڵاوەکانی تیژ رێناکەن. چاویان لێهەڵدەگرێ و لە پێشەوەی خۆی دەڕوانێ. سەیری سەعاتەکەی دەکا. کاتژمێر سێی نیوەشەوە. پشیلەیەک بە سەر دیوارەکەدا هەڵدەگەڕێ و بازدەداتە ئەو دیوی.

بۆ ئەوەی هەوای ناو ماشینەکەی بدا، شووشەکەی تەنیشت خۆی دادەداتەوە و ئەوسا ئارام وەڕێدەکەوێ. لە سەر جادەکە بادەداتەوە. دەست دەبا رادیۆکەی هەڵبکا کە گوێی دەنگێکی بەرز دەقۆزێتەوە. لادەکاتەوە و لە بە ناو دەروازەکە دەڕوانێتەوە. کچەکە دەبینێ کە ئیستا پاش و پاش دەڕوا و بە دەنگی بەرز قسە دەکا. لە بەرامبەریدا پیاوێکی سپیی باڵابەرز. هەردووکیان بە زمانێکی تر قسە دەکەن. وشە خێراکان دەڵێن عەرەبییە. ئەوسا دەیوید دەبینێ بە دوو مەترێک لە دووای کابراوە. قسەکان زۆر ناخایەنن. قەحبەکە هەوڵ دەدا بە پێڵاوە پاژنە بەرزەکانییەوە هەڵبێ. وەها کە قوتاری ببێ. پێڵاوەکان ناهێڵن. سەرەنگردەدا. ئەوسا ئەم دەمانچەکە دەبینێ. دەمانچەکە دەگاتە سەر کچەکە و لە کاتێکدا بە دەستێکی قژی بەرەودووا رادەکێشێ و بە سەریدا دەقیژێنێ، چەند فیشەک لە سەریدا خاڵی دەکاتەوە. جەستەی کچەکە وەک لاقی سەر پێڵاوەکانی، پێچ و لوول دەخوا و نەرم دەکەوێ،… لە پشت نیوە دیوارە سپییەکە.

ئەم نازانێ راوەستێ، یاخود بەردەوام بێت. قاچی بە بێ ویستی خۆی پێداڵەکە دەگوشێ و ئۆتۆمبیلەکە دەهۆڕێنێ و زۆر خێرا دوور دەکەوێتەوە. جادەکە و خانووەکان چەند بچووک و سێبەرئاسا دەنوێنن. دەستی چەند لە هەڵکردنی مۆسیقاکە دەترسێ.

وێنەی دیانە سپییەکانی دەیوید لە پشت نیوە دیوارەکەوە، ئیستایش دووای ساڵانی ساڵ، هەر کاتێک دەست دەبا بۆ ئەوەی رادیۆکەی هەڵبکا، دێتەوە یاد. ددانە سپییەکانی نێوان شوڵە ئاسنینە رەشە کۆنەکان.  

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *