فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

مۆسیقا

کات 10/03/1394 589 بازدید

مۆسیقا

کە جانتای پێچایەوە و بەڵێن بوو بۆ هەمیشە ئەودیو سنوور بکەوێ، بۆ چەند چرکەیەک راوەستا. باشە، چی وەک سەفەرەکەی بۆ هەمیشە لە گەڵ خۆی هەڵگرێ، یادەکان، وێنەکان، خەونەکان یاخود شتێکی تر؟ هەڵبەت گەر شتێکی تری هەبێ. سەیرێکی چواردەوری خۆی کرد، هەمان دیمەن و هەمان دیوارەکانی ساڵان. فێنکاییەک لە دەرگاکەوە خۆی بە ژوورێدا کرد، فێنکاییەک لە گەڵ بۆنی گوڵەکان، هەمان فێنکایی و هەمان گوڵەکانی جاران. جانتاکەی لە کردەیەکی خۆبەخۆ و نەخوازراودا لە شان کرد. کە سەفەر هات خۆی لە گەڵ خۆی دەتبات، تەنانەت گەر رۆح و بیرت لە شوێنێکی تریش بێت، ئەو لە بیری ناکا کە تۆ دەبێ وەڕێ کەوی،… دەبێ بڕۆی، هەر بۆیە وەڕێت دەخا، بە پاڵەپەستۆیەکی نەرم و وەها هاوڕێیانە کە تۆ هەستی پێ ناکەی. ئیتر وەڕێ دەکەوی. تەنانەت ئۆخژن و خۆشییەکی نە چەندان دیاریش دەخاتە بنی دڵتەوە، وەها کە لە گەڵ فرمێسکەکان، بزەیەکیش گۆشەی لێوەکانت دەنەخشێنێ. سەفەر، دەستە غەریب و ئاشناکانی دەکێشێ بە سەر شانتدا و بە ئەسپایی بە گوێتدا دەچپێنێ و دەڵێ “خەفەت مەخۆ،… تەنیا نیت،… منیشت لە گەڵتم،… بۆهەمیشە!” ئەوسا کتوپڕ جەستەی تاساوت غیرەتێکی سەیری تێدا دەگەڕێ، وەها، هەست دەکەی کە ئەفسانەی نەگەڕانەوە ئەفسانەیە و تۆ سبەی و دووسبەی دەگەڕێیتەوە! بۆیە لاناکەیتەوە. تەنیا دەڕۆی،… دەڕۆی و دەڕۆی. چارەنووس سەیرە، ئەگەرچی قەت باوەڕی بە چارەنووس نەبووە.

بەڵام پرسیارەکە هەر لە مێشکیدا ماوەتەوە “چی لە گەڵ خۆی بۆ هەمیشە هەڵگرێ؟” بیردەکاتەوە ئەو دەبێ شتێ هەڵگرێ کە هەمیشە لە گەڵیدا بێت. ئەوە چییە؟ یادەکان؟ نا، نا، ناتوانن ئەوان بن. ئەوان جاروبارە خۆیان ون دەکەن، دەکەونە ژێر هەرەسی رووداوەکان و تەمەن و فرامۆشییەکانەوە،… نا، نا ئەوان نابن. یادەکان ناسکن، جاری وایە دەشکێن، وەک زەرفی چینی، دەبن بە هەزار لەتەوە، هەر لەتەو دەبێ بە دونیایەک بۆ خۆی و ئیتر شتەکان لە ناو یەکتردا یەکتر بزردەکەن. نا، ئەی چی باشە؟ وێنەکان؟ باشە مەگەر گیرفان و جانتاکەی جێگای چەند وێنە دەبێتەوە؟ جگە لەمە کێ چووزانێ چی بە سەر ئەم جانتایە و بە سەر گیرفانەکانی ئەودا دێت. هەروەها وێنەکان کۆن دەبن، دەسوێن و رەنگیان ماندوو و شەکەت دەبێ. وێنەکان، باران دەیانشواتەوە، بەفر رەقیان دەکاتەوە و گەرما دەیانکا بە هەڵم، کاغەزەکەیان چرچ و لۆچ دەبێ و، پیر هەڵدەگەڕێن، وەک خودی مرۆڤ. نا، نا،… ئەوانیش نابن!

خەونەکان چی؟… ئارەزووەکان؟ ئەی ئەوە نیە تەواوی ئەم ساڵانە لە گەڵ ئەوان ژیابوو و لە گەڵ ئەوان رۆژ و شەوەکانی تێپەڕاندبوو؟ بێگومان ئەمان لەو دووانەی تر باشترن،… یەکجار باشتر. خۆشحاڵ لەوەی سەرئەنجام توانیبووی شتەکەی خۆی بدۆزێتەوە، پاژنەی پێڵاوەکانی هەڵکێشا. پشیلە هەمیشەییەکەی ناو حەوشەکەیان بە ئەسپایی بە تەنیشتی دا تێپەڕی، وەک هەمیشە. کتوپڕ حەزی ئەوەی ئەمیش ئاوا بە نەرمی و بە بێدەنگی بیتوانیبایە هەموو رێگای سەفەری تێپەڕاندایە، جەستەی لەخۆی دەگرێ. بێگومان وا باشتر بوو. ئاخر لە غەریبستان وا باشە کەس گوێی لە دەنگی پێی هەنگاوت نەبێ. لەوێ، هەم جۆری هەنگاوەکانی و هەم دەنگیان لە جۆرێکی تر دەبن. وەها خەڵک لات لێدەکەنەوە و بە وردی سەرتاپای ئەندامت بە چاوە پڕ لە پرسیارەکانیان بەسەر دەکەنەوە، وەک بڵێی لە هەسارەیەکی ترەوە هاتبی. لەو هەسارانەی نە ئاوی تێدایە و نە هەوا و نە رووناکایی، ئەو هەسارانەی ئەوەندە بێدەنگە کە کاتێک دادەنیشی، گوێت لە تێپەڕینی هەموو ئەو نێزە ئاگرینانەیە وا شەیتان لە بێ کۆتاییەکاندا دەیانهاوێ. پشیلەکە لە ناو باخچەکەدا ون دەبێ. بە شوێنیدا بۆنی مشک بڵاودەبێتەوە. بۆنەکە پەشیمانی دەکاتەوە. لە بەر خۆیەوە دەلێ “لات لێبکەنەوە باشترە لەوەی هەتا هەتایە بۆنێکی وەها لە گەڵتا بێت.”

بە پێ پلیکانەکاندا دادەگەڕێ و دەگاتە حەوشە. ئاسمانێکی ساماڵ و دونیایەکی گرم و هەوایەکی یەکجار خۆش. باشە ئیستا کەی وەختی سەفەرە؟ ئیستا دەبێ لە سەر کورسییەک لە ناو باخەکەدا دابنیشێ و گوێ بۆ باڵندەکان هەڵپەسێرێ، گوێ بۆ رەنگەکان و هەناسەی گەڵا. هەنگاوەکانی سست دەبن، بەڵام سەفەر لەوێیە، دیسان بە شانەکانیدا دەکوتێ و بە ئەسپایی بە گوێیدا دەچپێنێ و دەڵێ “دیسان منت لە بیر کردەوە،… منی تاقە هاوڕێی لەمە بەدووات؟” لادەکاتەوە و لێی دەڕوانێ. بە چاوەکانی پێی دەڵێ کە نا لە بیری نەکردووە، تەنیا هەندێ خەیاڵ هەڵیانگرتووە و بەرۆکی بەرنادەن،… وەک هەمیشە. کە لە باخەکە تێدەپەڕێ، بیرە پرسیاراوییەکەی خۆی دیسان دەکەوێتەوە یاد “چی لە گەڵ خۆی هەڵگرێ؟” ئەها، ئارەزووەکان. بەڵام،… بەڵام ئەوانیش جاری وایە ژیان لە گەڵ خۆی دەیانبا، دەیانبا بۆ ئەو شوێنانەی هێشتا نەبوون بە ژیان، بۆ شوێنە سێبەراوی و نیوە تاریک و تاریکەکانی رابردوو و داهاتوو. لە بیری دێ لە گەڵ ئەوەی ئەم یەکجار پێیان وەفاداربوو، بەڵام جاری وابوو لە پەنجەرەکانەوە وەک پۆلە پەپوولە هەڵدەفڕین و دەڕۆیشتن. دەڕۆیشتن و،… دەڕۆیشتن. تەنیا بە ئارەزووی خۆیان دەهاتنەوە. ئەمیان بە جێ دەهێشت و وەک پەیکەرێکی بەردین بەرەڵلایان دەکرد. نازانێ بۆچی وابوون،… نازانێ بۆچی ئەوەندە سرک و نەسرەوت بوون. گوناحی مرۆڤ بوو بە گشتی کە نەیدەتوانی بە جوانی رێزیان بگرێ، یان “بوون”ی سەرتاسەر ژیاناوییان؟ ئەوان زیاتر لە وزەیان دەکرد. ئەسڵەن خودی وزە بوون، رووت رووت و خالس. تێکەڵ بە هیچ شتێکی تر نەبوون. هەی مرۆڤی نەگبەت! نا، نا،… راوەستە! گەر ئەوان دەفڕن و جاری وایە جێت دێڵن کەواتە بە کەڵکی سەفەر نایەن. نا، ناتوانێ لە گەڵ خۆی هەڵیانگرێ. ئەم دونیایە پڕی مرۆڤە و ئارەزووەکانیش ئەو بوونەوەرانەی وا هەمیشە بە شوێنیانەوەن. تەنیا ئەوەندە بەسە بگەنە کەسێک لە تەنیشت پەنجەرەیەکدا، یان لە ناو باخێکدا، ئیتر جێی دێڵن و روو لەوان دەکەن. بۆ ئەمێک کە ئیتر لەمە بەدووا نە خاوەن پەنجەرەیەک دەبێ و نە خاوەن باخچە و باخێک، ئارەزووەکان چ بە کەڵکی دێن؟

ئاودیوی درگاکەیان دەبێ. شەقام تێدەپەڕێنێ. ئەمڕۆ یەکێک لەو رۆژانەیە کە سروشت و شار یەکجار تێکەڵ بە یەکتری بوونە. جیاناکرێنەوە. درەخت ئۆتۆمبیلە و، ئۆتۆمبیل درەخت. بیناکان شاخن و، شاخ بیناکان. باڵندەکان رادیۆن و، رادیۆ باڵندەکان. بێگومان ئەمڕۆ دەبێ وەها بێ. رۆژە مێژووییەکان وەهان، گەورەن. شتەکان تێیاندا دەبن بە شتی تر. گەر وا نەبێ ئیتر سەفەرەکەی ئەو یەکجار بێ مانا هەڵدەگەڕێ. دیمەنەکە رۆحی ئامادەتر دەکا. سەفەر دیسان بە ئاستم بە شانەکانیدا دەکێشێتەوەو دەڵێ “ئیستا ئیتر دەزانی خەریکی چیت، قەت لەوەی پەشیمان نابیتەوە کە لە گەڵما بووی بە هاوڕێ.” بە لاچاو سەیرێکی سەفەر دەکا، سەیری ئەو چاوانەی خوێندنەوەیان زەحمەتە، ئەو چاوانەی جگە لە رێگایەکی دوور هیچ دیمەنێکی تری تێدا بەدی ناکرێن. هەناسەیەک هەڵدەکیشێ.

دەگاتە قەراخی شار. سەرەتاکانی ئاهەنگێک تەواوی جەستەی دەتەنن. ئاهەنگێک کە مۆسیقایەکی تایبەت نیە، بەڵکوو شتێکە وەک خودی مۆسیقا خۆی. ئەو مۆسیقایەی کە مۆسیقاکانی تری لێ جیادەبێتەوە. مۆسیقای دایک. زیاتر گوێ هەڵدەخا، دەریایەک کە سەرچاوەی هەموو رووبارەکانە. تەنیا هاژە و شینایی و بێکۆتایی تیشک و رەنگ.

جەستەی گوشراوی ئارام ئارام دەکرێتەوە، شی دەبێتەوە، وەک هەور، هەورێکی سەفەری. سەیرێکی جادە و دوورەدەستەکان دەکاتەوە. بزەیەک لێوەکانی دەتەنێ. کەواتە ئەو شتەکەی دۆزیوەتەوە. لە گەڵیەتی.

***

لە سەر سنوور، بۆ دووا جار سەفەر بە لەپی دەستی بە ئارامی، بەڵام دنەدەرانە و گەرمی بەخش شانی دەکوتێ و دەڵێ “ئیتر من لێرەوە دەگەڕێمەوە! تۆ دووا کەس نیت، کەسی تر هەیە چاوەڕوانمە، تۆ بڕۆ، ئیتر رێگا بۆت ئاسان دەبێ،… تەنیا هەنگاو هەڵبێنە،… تەنیا هەنگاو!”

ئەم دەڕواو بە دەم رێگاوە بیر لە کەسەکانی تر دەکاتەوە. مۆسیقا ئەبەدی و ئەزەلییەکە لە گوێیەکانیدا دەزرینگێتەوە. جەستەی پڕ دەبێ لە سەفەر،… پڕ لە رۆیشتن. پڕ بە دەروونی خۆی دوعا دەکا و دەپاڕێتەوە،… لە مۆسیقاکە، کە خۆزگە ئەوانیش ئەوانەی وا بە شوێن ئەودا دێن، یەکجار بۆ هەمیشە هاوسەفەری خۆیان وەک ئەم بدۆزنەوە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *