فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

تیشکی ئاسمان

کات 06/05/1394 561 بازدید

تیشکی ئاسمان

پێش ئەوەی شەڕ لە شارەکەمان دەست پێبکا، شەوێک ئاسمان کونی تێبوو، تیشکێکی شینی تۆخ تێکەڵ بە قاوەیی لێیەوە هاتە دەر و رێک لە حەوشەکەی ئێمە گەیشتە سەر زەوی. تیشکەکە وەک کۆڵەکەیەکی ئەستوور و رەپ لەو بەرزاییە نادیارەوە کشابوو هەتا ماڵەکەی ئێمە. منداڵەکان کە چاویان بەو تیشکە سەیر و سەمەرەیە کەوت، قیژەیەکیان لێبووەوەو لە ترسانا هەڵاتنە ژوورەکانی پشتەوە. باوکم لە سەر شانەکانییەوە بە لاچاو سەیرێکی کرد و بێ دەربەستانە دیسان دەستی کردەوە بە جگەرەکێشان و سەیرکردنی فیلمی شەڕی ستالینگراد. تەنیا دایکم بوو کە شاگەشکە گرتی و بە هەڵەداوان خۆی گەیاندە پەنجەرەکەو لە کەمەر بەرەو ژوور خۆی بەرەو رووی دەرەوە خوارکردەوەو و، بە شادییەکی سەیرەوە سەیری ئەو دیمەنە دەگمەنەی کرد. دایکم پێی وابوو ئەو تیشکە، بەشێک لە رۆحی خودایە کە بە رێکەوت لە سەر حەوشەکەی ئێمە کەوتبووە سەر زەوی.

من کە لە نێوان دانیشتنی باوکم و خۆشحاڵی دایکم و قیژە و هەڵاتنی منداڵەکاندا مابوومەوەو و نەمدەزانی چیبکەم، رێک لە ناو هۆڵەکەدا راوەستام و لە کاتێکدا سەیری وێنەی باوەگەورەم دەکرد کە بە سەر دیوارەکەوە بیری ساڵانی زووی دەخستمەوە، بڕیارم دا لە کاتی وەهادا هەم وەک باوکم بم، هەم وەک دایکم و هەم وەک منداڵەکان. بۆیە کاتێک شەڕ هەڵگیرسا و تەنانەت بە ئیستایشەوە من شتێکم لە نێوان ئەواندا. لە بیرم دێ جاری وابوو لە کاتی تەقەکاندا وەها دەترسام کە دەستم دەکرد بە گریان و جاری وابوو وەک دایکم شاگەشکە دەیگرتم و هەر هەڵدەهاتمە پێشەوە و جاری وایش بوو حەزم دەکرد وەک باوکم دابنیشم و لە جیاتی شەڕی راستەقینە سەیری فیلمی شەڕ بکەم.

تیشکەکە بڕیاری نەبوو بکشێتەوە و، بگەڕێتەوە بەرەو شوێنی هەمیشەیی خۆی. هەربۆیە بەرەبەرە دراوسێکان پێیان زانی و ئەوانیش هاتنە بەر پەنجەرە و ناو کۆڵان و، ئیتر ئارام ئارام دەرورووبەری خانووەکەی ئێمە پڕبوو لە خەڵک، ئەو خەڵکەی لە گەڕەکەکانی تری شارەوە روویان کردبووە ئێرە. ئاپۆرای جەماوەر وەهای لێهات کە لەوانە بوو لە بەر تەوژمیان دیواری حەوشەکەمان بڕۆخێ. بۆیە بە ناچار باوکم لەبەر تەلەفزیۆنەکە هەستایە سەرپێ و چووە دەرەوە، رووی لە خەڵکەکە کرد و گوتی:

ـ “تەلەفزیۆن فیلمی شەڕی ستالینگرادی لە سەرە،… تکایە بڕۆن سەیری بکەن،… سەیری ئەو خۆشترە،… تکایە بڕۆن،… تکایە!”

بەڵام خەڵک نەبزوتن. یەکێکی نادیار دەنگی هەڵبڕی و گوتی:

ـ “دووپاتکراوەیە،… سەدجار بینیومانە،… تکرارە!… نەبڕایەوە شەڕی دووی جیهانی!”

باوکم کە قەت لەم جۆر فیلمانە تێرنەدەبوو، گوتی:

ـ “هەر بە چاو نا، گەر بە ئەقڵ سەیری بکەی، هەتا هەتایە لە بەر تەلەفزیۆنەکە هەڵناستن،… تەنانەت هەر لەوێیش دەمرن! ئەم فیلمە وەهایە،… ئەیچۆن! دەی کاکە بڕۆن ئیتر،… بڕۆن!”

بێفایدە بوو. کەس بەرەو دووا نەدەبزوت. لە گەڵ قسەکانی باوکم هەتا دەهات دەنگی تریقە و پێکەنینەکانی دایکم بەرز و بەرزتر دەبووەوە. وەها، حەشیمەتەکە کتوپڕ بێدەنگ بوو، بەس بۆ ئەوەی ئەم دەنگی تریقانەوەیە باشتر بێتە گوێی. کتوپڕ دایکم دەنگی هەڵبڕی و گوتی:

ـ “نایبینن،… نایبینن؟… ئەم رەحمەتە، ئەم نیعمەتە؟… نایبینن،… نایبینن؟”

من کە پێم وانەبوو رۆحی خودا تێکەڵێک بێت لە شینی تۆخ و قاوەیی، لە ناوەڕاستی خانووەکە جوڵام و هەوڵمدا دایکم بێنمە ژوورەوە، بەڵام شادیی دایکم وەها بە دەوری خۆیدا وەک تریفەی مانگەشەو دەپڕژا کە دەستبەجێ پەشیمان بوومەوە و، لەبەرخۆمەوە بە خۆم گوت:

ـ “مەگەر دایکم چەند جاری ئاوا لە ژیانیدا خۆشحاڵ بووە،… باشتر نیە لێیگەڕێم؟”

لێیگەڕام. راستییەکەی ئەوە بوو فیلمی شەڕی ستالینگراد کارێکی کردبوو باوکم دایکمی لەبیرچووبووەوە. پێم وابێ بە شەویشدا لە کاتی نووستن باوکم لە جیاتی دایکم خەونی بە کچە سوور و سپی و باڵابەرز و گەنجەکانی رووسەوە دەبینی. لە خۆوە ئەمە ناڵێم. لە بیرمە ماوەیەک دایکم ناوێکی کچانەی رووسی خرابووە سەر دەمی کە لە باوکمەوە وەریگرتبوو، کاتێک بە دەم خەوەوە باوکم بەو نیوە شەوە هاواری کردبوو “کاترینا،… کاترینا! ئاگات لە خۆت بێت،… ئاگات لەو سەربازە ئاڵمانییە بێ لە پشت دیوارەکەی تەنیشتتەوە!” دایکیشم تا ماوەیەک بە بێ ئەوەی بیەوێ هەر لە خۆوە لە کاتی قسەکردنەکانیدا “کاترینا” دەهاتە سەر زاری. یان جاری وابوو کچەکانی بەم ناوە بانگ دەکرد. تا رۆژێک بەناچار چوومە تەنیشتی و بە گوێیدا چپاندم:

ـ “ئاگات لە خۆت بێت، حکومەت گەر گوێی لێ بێت، پێی وایە سیخوڕی رووسی و، دێن و دەتگرن! دەتەوێ ئەم ماڵە بە کاولکردن بدەی؟”

دایکم وەها بە ترسەوە سەیری کردم کە من دەستبەجێ لە قسەکەم پەشیمان بوومەوە، بەڵام تازە کار لە کار ترازابوو. بۆ ئەوەی سەرنجی بگوازمەوە، هەرلەخۆوە گوتم:

ـ “شەرت بێ هەر پارەم هەبوو سەفەرێکی ئەوێت پێبکەم!”

لەو رۆژەوە دایکم ئیتر ناوی کاترینا بە دەمیا نەهات، بگرە بەئەنقەست کچەکانی بانگ نەدەکرد، بۆ ئەوەی دیسان هەڵە نەکاتەوە.

من کە نەمتوانی دایکم لە پەنجەرەکە بکشێنمەوە، هەر لەوێوە جارێکی تر سەیری تیشکە سەیروسەمەرەکەم کردەوە. رەنگە شینە تۆخەکە لە گەڵ رەنگە قاوەییەکە بە دەوری یەکتردا سوڕیاندەخوارد، جاری وابوو جێیان بە یەکتر چۆڵدەکرد و، جاریش وایش بوو دەبوون بە یەکتر. وەها تۆخ و خەست بوون کە هەستم دەکرد هیچ شتێک ناتوانێ ئاودیویان بکەوێ، ئاودیوی ئەو دایرەیەی دروستیان کردبوو. لە راستیدا هەتا زیاتر لێی رادەمای، زیاتر هەستت دەکرد کە لە هەموو شتێک دەچێ لە تیشک نەبێ. باشە بە راستی ئەمە چ بوو؟ بۆ رێک ئاسمان کونی تێ ببوو و لەوێوە ئەم تیشکەی راستەوخۆ ئاراستەی حەوشەکەی ئێمە کردبوو؟

خەڵک بەسەر کۆڵی یەکتردا سەردەکەوتن بۆ ئەوەی جوانتر بیبینن. هەندێ کەس داویان دەکرد دەرگایان لێبکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانن جامۆڵکەیەک تیشک لە گەڵ خۆیان ببەنەوە بۆ ئەوەی نەخۆش و پەککەوتەکانیان پێ ساخ بکەنەوە. چوومە دەرەوەو دەرگاکەم کردەوە و هاوارم لێکردن کە دانە دانە و بە ریز بێنە پێشەوە بۆ ئەوەی بتوانم تیشکیان بەش بدەم. ئیتر لەو رۆژەوە هەتا یەک مانگ کاری من بەس ئەمە بوو. نەک هەموو خەڵکی شار، بەڵکوو خەڵکی گوندەکانی دەورووبەریش هەرکامە و بەشی خۆیان بەرکەوت.

باوکم کە ژاوەژاوی خەڵک نەیدەهێشت بە جوانی گوێی لە فیلمەکە بێت، هەتا دەیتوانی دەنگی بە تەلەفزیۆنەکە دەدا و جگە لەوە بۆخۆیشی هەتا پێی دەکرا لە نزیکەوە لە بەریا دادەنیشت. دەنگی تەقە و تەقینەوەی تۆپ و هاوەن و بۆمب جاری وابوو وەها حەوشەکەی لەخۆدەگرت کە خەڵکی پێیان وابوو بەڕاستی بۆمبارانە و هەر بۆیە خۆیان بە زەویدا دەدا. هی وابوو هەر کە جامۆڵکە تیشکەکەی بەردەکەوت، وەها هەڵدەهات کە دەڵێی ئیستا نا ئیستا بە فیشک و بۆمب دەیانپێکا. من کە خەمی ئەوەم بوو خەڵکی شارەکانی تر بەم بەزمە نەزانن، داماوانە داوام لە هەر جامۆڵکە بەدەستێک دەکرد لە لای خەڵکی غەوار باسی نەکەن. ئەوانیش سەد سوێند و تەڵاقیان دەخوارد کە کاری وا ناکەن. هەر وایش دەرچوو! بۆ یەکەمجار لە ژیانیاندا سوێندێکیان راست دەرچوو و قەت هیچ کەس لە هیچ شارێکی ترەوە رووی لە ماڵی ئێمە نەکرد بۆ سواڵی تیشک.

هەر کە لە بەخشینی تیشک بوومەوە، چوومەوە ژوورەوە بۆ ئەوەی دایکم بەو قەناعەتە بگەیەنم کە ئەویش وەک خەڵکی تر دەبێ روو بکاتەوە ژوورەوە و سەرلەنوێ ژیانی ئاسایی خۆی دەست پێبکاتەوە. دایکم بە سەرسوڕماوییەوە سەیری کردم و گوتی:

ـ “تۆ پێت وایە بە هەبوونی وەها تیشکێکەوە دەکرێ سەرلەنوێ ژیانی ئاسایی بگەڕێتەوە؟”

من کە مابوومەوە چلۆن وەڵامی بدەمەوە، کتوپڕ بیری باوکم کەوتمەوە، پەنجەم بۆ ژووری تەلەفزیۆنەکە راداشت و، گوتم:

ـ “ئەی ئەوە نیە هەر لە یەکەم رۆژەوە مێشێک چییە میوانی نیە!”

دایکم وەک بڵێی کارەبا گرتبی، گوتی:

ـ “ئەوانەی سەرقاڵی شەڕن قەت هیچ تیشکێک نابینن!”

لەو رۆژەوە ئیتر بەر پەنجەرەکە بوو بە شوێنی هەمیشەیی دایکم. هەر لەوێ نانی دەخوارد، لەوێ دەخەوت و تەنانەت لەوێیش جلوبەرگی دەگۆڕی. دراوسێکەی ئەوبەرمان کە بەمەی زانیبوو، بە دزییەوە لە پشت پەردە سپییەکەی خۆیانەوە سەیری جەستەی رووتی دایکمی دەکرد و، خەونی بەو کچەوە دەبینی حەزی لێدەکرد.

بەرەبەرە جگە لە دایکم، هەم منداڵەکان و هەم باوکم و هەم هەموو خەڵکی گەڕەک بە تیشکەکە راهاتن و، ئیتر کەس زۆر گوێی نەدەدایە. تا رۆژێکیان کتوپڕ باوکم لە ژووری تەلەفزیۆنەکە دەرپەڕی و چووە حەوشە و هاواری کرد کە بۆچی ئەوەندە گەمژە بووە و لەیەکەم رۆژەوە بیری لەوە نەکردبووەوە دەتوانن لەم تیشکە بفرۆشن و پێی دەوڵەمەند بن! ئەوسا هاتە ژوورەوە و وەها شەپڵاخەیەکی لە بن گوێی من سرەواند کە تا یەک هەفتە سەرم گێژی دەخوارد. من کە تازە دووای یەک هەفتە لە مەبەستەکەی باوکم گەیشتبووم، چوومە لای و گوتم ئیستایش درەنگ نیە. ئەو کە کەمێک دڕدۆنگ بوو، گوتی پەیوەندیی بەوەوە هەیە ئەو جامۆڵکەیە تا چەندە نەخۆشی چاک دەکاتەوە و بەرگەی چەند نەخۆشی تریش دەگرێ. باوکم راستی دەکرد. بە راستی ئەو جامۆڵکە تیشکە چەندە کاریگەری هەبوو؟ من کە قەت هیچ شتێکم نەبیستبووەوە، رقم لە گەمژەیی خۆم دەبووەوە. هەربۆیە هەستام و چووم دەرگای ماڵی دراوسێکەمان کوتا. ژنێکی گەنجی پانتۆڵ لەپێ و چارەکە لە شان دەرگای لێکردمەوە و بە ناز و غەمزەیەکی تایبەتەوە باسی لەوە کرد کە لەو رۆژەوە جامۆڵکە تیشکەکەیان داوە بە باپیرەی کە بە هۆی نەخۆشی و پیریی لەرادەبەدەر لە جێگادا کەوتبوو، گەنج گەنج بووەتەوە و هەستاوەتەوە سەرپێ و بە ناو ژوورەکەدا هاواردەکا و دەنەڕێنێ و، داوای چەک و فیشەک دەکا!  

بە بیستنی ئەمە ترسێکی یەکجار سەیرم لێ نیشت. بیرم کردەوە نەکا هەموو نەخۆش و پەککەوتەکانی شار و گوندەکانی دەورووبەر ئەم بەزمەیان بەسەرهاتبێ. من کە نەموێرا تاقەدەرگایەکی تر چییە لێ بدەم، یەکڕاست گەڕامەوە بۆ ماڵەوە و رێک لەناوەڕاستی خانووەکەدا راوەستام و کەوتمە بیرکردنەوەوە. باشە ئەم دەرمانە تیشکەکە لە گەڵ خۆی هێنابووی، یان هەر لە یەکەم چرکەوە کە گوێی لە دەنگی فیلمەکەی باوکم بووە، وەریگرتبوو؟ باشە دایکم بەو هەموو هەستە ناسک و خەونە جوان و پڕ لە رەحمانەوە کە هەیبوون چلۆن توانیبووی ئاشقی وەها تیشکێک ببێت و، لە ناخی تێنەگا. ئیستا ئیتر حەقم دەدا بە منداڵەکان کە هەر لە یەکەم رۆژەوە ترسابوون و خۆیان بە ژوورەکانی پشتەوەدا کردبوو.

تیشکەکە هەتا ئەو رۆژەی وا شەڕ لە شارەکەی ئێمە دەستی پێکرد، هەر سەرێکی لە حەوشەکەی ئێمەدا بوو و سەرەکەی تری لە ئاسمان. هەر کە یەکەم تەقە دەستی پێکرد، تیشکەکە وەک پەیژەیەکی چەند تیکە کە سەریەک دەخرێتەوە، خۆی سەر خۆی خستەوە و بەرەو ئاسمان کشاو ونبوو، باوکیشم بۆ یەکەم جار دووای ئەو هەموو ساڵە لە بەر تەلەفزیۆنەکە هەستا و چوو لە حەوشە جگەرەیەکی لە شوێنی بەجێماوی تیشکەکە کە پەڵەیەکی شینی تۆخ و قاوەیی بوو داگیرساند و دووکەڵی یەکەم مژی سەرفرازانە بە ئاسماندا کرد، بەو هیوایەی دوکەڵەکەیش وەک تیشکەکە لە کونە جادووییەکەوە ئاودیوی بێکۆتاییەکان بێت.

 لەو رۆژەوە دایکم دایە پڕمەی وەها گریانێکی بەکوڵ کە ئیستایش هەر لێی بەردەوامە. دراوسێکان دەڵێن لە شادیی زۆر، ترسناکتر لە دونیادا نیە.  

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لە کتێی “دراکولا و سەفەر بۆ رۆژھەڵات” چاپ کراوە.

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *