فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

سووک کردنی وشە لە کلتوردا

کات 13/11/1394 275 بازدید

فیلسوفی جەزایری ـ فەڕانسی ژاک رانسیەر، سیاسەت تەنیا بە راهێنانی هێز و شەڕ و پێشبڕکێی نێوان هێزەکان نابینێ، بەڵکو سیاسەت وەک چێکردنی ژوورێکی تایبەت یاخود ئەو سوبیەکتانە دەبینێ کە دەتوانن شتە ئۆبیەکتییەکان پێناسە بکەن و بیاندەنە بەر لێکۆڵینەوە. واتە لەم ژوورەدا کۆمەڵێک سوبیەکت کە دانیان پێدانراوە دەتوانن مانابدەنە ئۆبیەکتەکان.* کەواتە لای ئەم فیلسوفە، سیاسەت تەنیا ململانێی هێز نیە.

هەر ئەم فیلسوفە سەبارەت بە مرۆڤ کە لە فەلسەفەی ئەرەستودا وەک ئاژەڵێکی سیاسی پێناسەکراوە دەڵێ مرۆڤ سیاسییە چونکە خاوەنی وشەیە (بە پێچەوانەی ئاژەڵ کە تەنیا خاوەنی دەنگە و تەنیا دەتوانێ ژان و چێژەکانی خۆی پێ دەرببڕێ)، ئەو پێی وایە وشە ئەو دەرفەتە دەدا بە مرۆڤ بتوانێ دادوەری و نادادوەری بکا بە دیاردەیەکی هاوبەشی نێوان مرۆڤەکان.**

ئەم رستە و بۆچوونانەم لەم فیلسوفە هێنایەوە بۆ ئەوەی لە گەڵ بۆچوونێک لە ناو کلتوری خۆماندا بەراوردی بکەم کە بە پێچەوانەی ئەم بیرمەندە “وشە” سوک و سەلیم دەکەن و بە هەندی وەرناگرن. واتە بە پێچەوانەی ژاک رانسیەر کە تەنانەت وشە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەکا بە خاڵی ناوەکیی و سەرەکیی سیاسەتیش (سوبیەکت لە رێگای وشەوە مانا بە ئوبیەکت دەدا)، هەندێ لە کلتوری ئێمەدا کە بە رای من دەنگی زاڵیشن و هەتا ئیستا بەربەستێکی گەورەن لە سەر رێگای گرینگی دان بە وشە و بە دەربڕین وەک ئامرازێکی تەنانەت ململانێ کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیش، رێک بە پێچەوانەی ئەم نەریتە دەجوڵێنەوە و مرۆڤی کۆمەڵگای ئێمەیان لە پێناسەیەکی گرینگ و بنەڕەتیی مرۆڤ کە وشەیە بێ بەری کردووە.

لە فارسی دا هاتووە کە “دو صد گفتە چو نیم کردار نیست!”، لە کوردیش دا هاتووە کە “قسە هەزارە و دووی بەکارە!”

ئەگەر لە روانگەی ژاک رانسیەردا وشە بە گشتی ئەو سەرچاوەیەیە مانا دیاری دەکا و لەم رێگایەوە تەنانەت پێشبڕکێی هێز کە مانای بەکردەوەی سیاسەتە، شکڵ دەدا، ئەوا لەم دوو رستەیەدا بە پێچەوانەوە وشە وەها شوێنێکی لاوەکی و بێ کەڵک و ئەوەندە کەم بایەخی پێدەدرێ کە بە گشتی لە جەغزی دونیای مرۆڤ دەردەهاویژرێتە دەرەوە. هەروەها ئەگەر خاڵی دەستپێک و سەرەتای ژاک لە وشەوەیە، ئەوا لەم دوو رستەیەدا لە کردەوەیە. لە رستەی یەکەم دا ئەوە کردەیە مانای تەواوی هەیە و لە رستەی دووهەمیش دا لە روانگەیەکی کردەگەرایانەوە (پراگماتیزم)، وشەکان گوڵبژێردەکرێن و لە کۆتاییش دا تەنیا دوویانە بەکەڵک دێن (٩٩٨ دانەیان فڕێدەدرێن).

رانسیەر لە درێژەی شیکردنەوەی پێناسەکەی ئەرستو بۆ مرۆڤ، پێ لە سەر وشە دادەگرێ، ئەگەر بمانەوێ لە روانگەی ئەو دوو رستەیی دیکەوە شیکردنەوە بۆ پێناسەکەی ئەرستو بدەین، ئەوا نەک وشە بەڵکو کردەیە دەبێتە خاڵی سەرەکی. مەعلومیش نیە مرۆڤێکی لەم چەشنە چلۆن بە بێ وشە دەتوانێ رێ بکاتەوە و ئەو کردەوەی بۆخۆی مەبەستیەتی بەئەنجامی دڵخوازی بگەیەنێ.

خاڵێکی دیکە کە دەبێ لێرەدا ئاماژەی پێبکەین زۆر و بۆریی وشە و قسەیە کە لە دوو رستەکەدا باسی کراوە. هەم “نیم کردار” و هەم “دوو قسە بەکارەکە” لە راستیدا لە ناو منداڵدانی “دوصد گفتە” و “هەزار قسەوە” پێدەگا و لە دایک دەبێ. واتە بە بێ قسەوباسێکی چڕ لە سەر بابەت ناتوانین ئەو دوو وشەیە پەیدا بکەین وا بەکارمان دێت.

کەواتە با وشە بەکەم نەگرین و وەک دیاردەی دووهەم لە ئاست کردەدا سەیری نەکەین. وشە ئەگەر تەنانەت هەموو شتێکیش نەبێت، لانیکەم بەشێکی یەکجار گرینگی سیناریۆکە پێکدەهێنێ. لەبیرمان بێت زۆرتر ئەو کردانە بە ئاکام گەیشتوون وا رێزی گەورەیان بۆ وشە (واتە بیر) هەبووە.  

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ژێدەر

http://brage.bibsys.no/xmlui/bitstream/id/104625/MasterMFEngen.pdf

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *